هەرێم و بەغداد لەسەر "نەوت و بودجە" رێككەوتن
2023-01-11 19:59:43
درەو:
هەرێم و بەغداد لەسەر هێڵە گشتیەكانی پرسی (بودجەو نەوت) رێككەوتوون، چاوەڕێن رێككەوتنەكە لەپەرلەمان و لەناو پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق 2023 جێگیر بكرێت، سەرچاوەیەك لە وەفدەكەی هەرێم بۆ (درەو): "پشكی هەرێم بە (14%) جێگیر دەكرێت، هەرێم نەوتەكەی رادەست ناكات، بەڵام بە مەرجەكانی بەغداد رازیە و دەتوانێت چاودێری داهاتەكەی بكات، تا یاسای نەوت و غاز دەدەچێت"
سەرچاوەیەك لە شاندی باڵای حكومەتی هەرێم كە ئەمڕۆ بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم چونە بەغداد، بە (درەو)ی راگەیاند: بەرپرسانی بەغداد نیەتی رێككەوتنیان هەبوو، بەتایبەتیش دەیانویست هەرچۆنێك بێت یاسای بودجە تێپەڕێندرێت، بۆیە سەردانەكەمان بۆ بەغداد سەركەوتوو بوو لەسەر هێڵە گشتیەكانی پرسی نەوت و بودجە رێككەوتین.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد: محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەرلەسەرەتاوە گەشبین بوو بەسەردنەكەو وتی" ئینشائەڵا بەبێ رێككەوتن ناگەڕێنەوە هەولێر، چونكە ئێمە دەمانەوێت رێكبكەوین لەگەڵ هەولێر و كێشەمان نەمێنێت"
مەسرور بارزانیش بە سودانی راگەیاندووە" ئێمە بۆ چارەسەری كێشەكان هاتووین، ئەگەر ئێوە نیازی باشتان هەبێت بۆ رێككەوتن ئەوا رێگای زۆرمان هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان"
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد كە لەدوای كۆبوونەوەكەی نێوان مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی، وەفدێكی حكومەتی هەرێم و عێراق كە لە وەزیرانی (دارایی و نەوت و سامانە سروشتیەكانی) هەردوولا پێكهاتبوون بۆ ماوەی چوار كاتژمێر لەسەر پرسی (نەوت و بودجە) كۆبوونەوەو لە كۆبوونەوەكەدا گەیشتونەتە رێككەوتنی سەرەتایی و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا خاڵەكانی رێككەوتنەكە بڵاوبكرێنەوە:
بە پێی راگەیاندراوی حكومەتی عێراق لە كۆبوونەوەی وەفدی هەردوولا لەسەر دوو تەوەری سەرەكی گفتوگۆیان كردووە ئەوانیش (نەوت و بودجە) بووەو بەتایبەتیش لەسەر پرسی یاسای نەوت و غاز بەپێی دەستور چارەسەر بكرێت.
سەرچاوەیەكەی(درەو) كە هاوكات ئەندامی شاندی باڵای هەرێم بوو لە بەغداد ئاماژەی بەوەكرد:
لە كۆبوونەوەكەدا لەسەر هێڵكە گشتیەكان رێككەوتووین و رێككەوتنی سەرەتایی كراوە لەسەر ئەو دوو فایلە بەشێوەیەك:
- لەسەر فایلی بودجە كابینەكەی سودانی دەیانەوێت لەگەڵ حكومەتی هەرێم رێكبكەون، بەتایبەت سودانی دەیەوێت هەرچۆنێك بێت بودجە تێپەڕێت و هەموو لایەنەكان رازی بكات، بۆیە بە بەشی زۆری داواكارییەكانی هەرێم رازی بوون و جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پشكی هەرێم (14%) كەمتر نەبێت.
- لەسەر فایلی نەوت و غازیش لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتن بەتایبەت هەتا یاسای نەوت و غاز لەپەرلەمانی عێراق پەسەند دەكرێت، دۆخێكی تایبەت هەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ نەوت و غازی هەرێم (لە كۆبوونەوەكان هیچ لایەك باسی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەكرد) لەماوەی ئەو ساڵەدا ئەو یاسایە پەسەند بكرێت.
- سەبارەت بە چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و داهاتەكەشی، لەسەر میكانیزمێكی نوێ رێككەوتوون، كە هەرێم نەوت لە رێگەی سۆمۆوە نافرۆشێت و ئامادەش نیە موڵكیەتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، بەتایبەت لەسەر ئەو خاڵە رێككەوتوون: ئەوەی حكومەتی عێراق دەیەوێت ئەوەیە كە بزانێت داهاتی نەوتی هەرێم چی لێدێت شەفافە یان نا، بۆیە هەرێم رازی بووە حكومەتی عێراق چاودێری داهاتی نەوتی هەرێم بكات و بەتەواوی ئاگاداری داهاتەكەی بێت كە چی لێدێت و چۆن خەرج دەكرێت و بۆ كوێ دەچێت؟
- واتا هەردوولا رێككەوتوون و رازی بوون كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بفرۆشێت و حكومەتی عێراقیش چاودێری داهاتەكەی بكات تا ئەو كاتەی یاسای نەوت و غاز لەپەرلەمانی عێراق دەردەچێت.
- بەهیچ جۆرێك باس لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەكرا سەبارەت بە یاسای نەوت و غازی هەرێم