پشكی هەرێم لە بودجەی 2023ی عێراقدا
2023-01-11 10:00:35
راپۆرت: درەو
مەسرور بارزانی پێش گەیشتنی بودجە بە پەرلەمان گەیشتە بەغداد، ئەگەر پشكی هەرێم لە بودجەی 2023دا بۆ رێژەی 14% بەرزبكرێتەوە، هەرێم بۆ هەر مانگێك بڕی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت، هەڵبەت دوای چارەسەركردنی كێشەی نەوتو بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، یەكێتیش چاوەڕوانی یەكلابوونەوەی گفتوگۆكانی دەكات لەگەڵ پارتیو ئەگەر نەگەنە رێككەوتن بیرۆكەیەكی بودجەی 2021ی عێراق زیندوو دەكاتەوە بۆ مامەڵەكردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
مەسرور بارزانی لە بەغداد
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغداد، لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران ئەمە دووەمجارە مەسرور بارزانی سەردانی بەغداد دەكات.
كابینەی نۆیەم كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان) هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە یەكێك لە بەڵێنەكانی ئەوە بوو بەغداد بكات بە قوڵایی ستراتیژی خۆی، بەڵام سەرباری ئەمەش جارێكی تر ناردنی موچەی فەرمانبەران لە بەغدادەوە كێشەی تێكەوت.
سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد هاوكاتە لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ رەوانەكردنی بودجەی 2023 بۆ پەرلەمانی عێراق، بەر لە پەسەندكردنی بودجە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پشكی هەرێمو نەوتەوە بگاتە رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ بەغدادو رێككەوتنەكە وەكو بڕگەیەك لەناو بودجەدا دەنگی لەسەر بدرێتو پەسەند بكرێت.
یەكێتی چی دەكات ؟
دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، زۆربەی جارەكان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی وەفدی حكومەتی هەرێمی دەكرد بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە نەوتو بودجە، بەڵام لە وەفدی ئەمڕۆی مەسرور بارزانیدا قوباد تاڵەبانی غیاب بوو.
قوباد تاڵەبانی ماوەی زیاتر لە نزیكەی سێ مانگە ناچێتەوە بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمە پەیوەندی بە ناكۆكییەكانی ئەمدواییەی نێوان پارتیو یەكێتییەوە هەیە لەناو حكومەتو دەرەوەی حكومەت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەناو یەكێتیدا هەوڵێك هەیە بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد ئەگەر هاتوو تا كاتی پەسەندكردنی بودجەی 2023 لەگەڵ پارتی رێككەوتن نەكرێت.
(درەو) زانیویەتی، لە حاڵی شكستهێنانی رێككەوتن لەگەڵ پارتی، یەكێتی دەیەوێت پرۆژەیەكی ساڵی 2021ی زیندوو بكاتەوەو لەناو بودجەی عێراق جێگیری بكات.
ساڵی 2021 كاتێك بودجە پەسەندكرا، ژمارەیەك پەرلەمانتاری گروپی "هیوا" هەوڵیاندا بڕگەیەك لەناو بودجەدا جێگیر بكەن، بەپێی ئەو بڕگەیە ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبوو بە یاسای بودجەو پارەكەی بەغدادی بۆ موچەی فەرمانبەران خەرج نەكرد، هەر پارێزگایەكی هەرێم بتوانێت بەشێوەیەكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بكاتو پشكی خۆی وەربگرێت، ئەوكات یەكێتی بە توندی دژی ئەم بڕگەیە وەستایەوەو پەرلەمانتارەكانی خۆی لەناو ئەو هەوڵە هێنایە دەرەوە، بەڵام ئێستا كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی بە قۆناغێكی گرژدا گوزەر دەكات، دەیەوێت ئەو هەوڵە زیندوو بكاتەوەو دوور لە دەستی پارتیو حكومەتی هەرێم، موچەو بودجەی ناوچەی سلێمانی بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە بەغدادەوە وەربگرێت، بۆ ئەم هەنگاوە بەهێزترین كارتی دەستی یەكێتی غازی كێڵگەی "كۆرمۆر"ە كە دەتوانێت بخاتە سەر مێزی گفتوگۆوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا.
لەبارەی بودجەی 2023وە
ساڵی 2022 حكومەت یاسای بودجەی نەبوو، لەبری بودجە پەرلەمان یاسای پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراكی بۆ حكومەت پەسەندكرد، ئەمە یاسایەكی پڕ لە كێشمەكێش بوو، هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی روسیاو ئۆكرانیا پەسەندكرا كە نرخی خواردەمەنی لەسەر ئاستی جیهان گرانبوونی بەخۆوە بینی.
ئێستا كە كابینەی نوێی حكومەت بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی دەستبەكاربووەو دوای لایەنی سەرەكی كورد (پارتیو یەكێتی) بەشدارن لە ئیئتیلافی حوكمڕانی عێراق، حكومەت ئامادەكاری دەكات بۆ پەسەندكردنی بودجەی 2023 هەرچەندە پەسەندكردنی بودجەكە لە وادەی خۆی دواكەوتووە.
یەكێك لە هۆكارەكانی پەسەندنەكردنی بودجە لە ساڵی 2022دا بۆ ئەو ململانێ توندە دەگەڕێتەوە كە دوای هەڵبژاردن لەنێوان دوو بەرەكەی شیعەدا (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو سەدر) دروستبوو، كە ماوەی ساڵێك پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی دواخست.
سودانی كە سەرۆكایەتی حكومەتی ئیئتیلافی نێوان لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو پارتیو یەكێتیو لایەنە سوننەكان دەكات، یەكێك لە بەڵێنەكانی ئەوەیە بودجەی 2023 پەسەند بكات.
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی 2023ی ئامادەكردووە بۆ ئەوەی بیخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران تاوەكو حكومەت دەنگی لەسەر بداتو رەوانەی پەرلەمان بكرێت بەمەستی پەسەندكردنی.
بەپێی ئەوەی تائێستا زانراوە، بودجەی 2023 بەگەورترین بودجە دادەنرێت لەمێژووی عێراقدا، كە بڕەكەی (140 تریلیۆن) دینارەو بڕی (80 تریلیۆن) دیناری بۆ موچەو خەرجییەكانی حكومەت تەرخانكراوە.
پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمانو دوای خوێندنەوەی یەكەمو دووەم پەرلەمان لە شوباتی داهاتوودا بودجەكە پەسەند بكات.
بەپێی قسەی رۆژنامەی (سەباح) كە زمانحاڵی دەوڵەتی عێراقە، لە بودجەی 2023دا نرخی بەرمیلێك نەوت بە (70 دۆلار) دانراوە، نرخی دۆلاریش بە 1450 دیاریكراوە.
رێككەوتنی هەولێرو بەغداد
ئەگەر بودجەی 2023 وەكو ئەوەی باسدەكرێت (140 ترلیۆن) دینار بێت، ئەوا بڕی نزیكەی (40 ترلیۆن) دیناری بۆ بودجەی سیادیو حاكیمە دەڕوات كە بودجەی سەرۆكایەتییەكانو سوپاو دەستە سەربەخۆكانو كۆبونی خۆراكو چەند بوارێكی ترە، لەم حاڵەشدا بودجەكە بڕی (100 ترلیۆن) دیناری دەمێنێتەوە، پشكی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ناو ئەو (100 ترلیۆن) دینارەوە.
پێشتر پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق (12.67%) بوو، بەڵام بەپێی قسەی هەندێك لە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغداد، پشكی هەرێم لە بودجەی 2023دا بۆ (14%) بەرزدەكرێتەوە، ئەگەر ئەم رێژەیە پەسەندبكرێت پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2023ی عێراقدا بڕەكەی (14 ترلیۆن) دینار دەبێت، واتە هەرێم مانگانە نزیكەی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت.
دواین بودجە كە پشكی هەرێمی كوردستانی تێدا بوو بودجەی ساڵی 2013 بوو، لەم بودجەیەدا پشكی هەرێم زیاتر لە (14 ترلیۆن) دینار بوو، ئەوكات هەرێم مانگانە بڕی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دیناری لە بەغدادەوە بۆ دەهات، بەڵام دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2014 دا سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"ی راگەیاندو دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ، حكومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی بڕی، ئیتر لەوكاتەوە لەبری كێشەی ناوچە كێشەلەسەرەكان، بابەتی فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ بووە بە تەوەری گەرمی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد.
نەوتو بڕیاری دادگا
لە بودجەی ئەم ساڵانەی دوایدا، بەهۆی سیاسەتی فرۆستنی سەربەخۆی نەوتەوە، حكومەتی عێراق بەردەوام پشكی هەرێم لە بودجەدا كەمدەكاتەوەو بڕی داهاتی نەوتی هەرێمی لێدەردەكات.
شوبات ساڵی رابردوو كاتێك پارتیو یەكێتی وەكو دوو لایەنی دەسەڵاتداری هەرێم دابەشبوون بەسەر ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعەدا، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕ حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵایەكەوە دژی هەرێمی كوردستان دەركردو بەپێی حوكمەكەی یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو بڕیاریدا بەوەی دەبێت هەرێم نەوتو غازی خۆی راددەستی بەغداد بكات.
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتاوە پابەندنەبوونی خۆی بە حوكمەكەی دادگای فیدراڵیی راگەیاندو بڕیارەكەی بە سیاسی ناوبرد، وەزیری پێشووی نەوتی عێراقیش دەستیكرد بە هەڵگرتنی چەند هەنگاوێك دژی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان، بەڵام دواجار نامەیەكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشوو رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی لەدژی هەرێم راگرت تا ئەوكاتەی لە بودجەی 2023دا بەغدادو هەولێر دەگەنە رێككەوتن.
ئێستا جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی كوردستان راگیراوە، بەڵام هێشتا وەكو چەقۆیەك وایە لەسەر گەردنی هەرێمی كوردستان بەدەست سیاسییەكانی عێراقەوە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەر لە دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ پەرلەمانتاران، بەنوێنەرانی كوردی وتبوو" من ناتوانم بڕیاری دادگای فیدراڵی رابگرم، چارەسەری ئەم كێشەیە بەوە دەبێت یاسای نەوتو غازی فیدراڵ دەربچێتو لەو یاسایەدا دەسەڵاتی هەردوو حكومەتی فیدراڵو هەرێم بەسەر سامانی نەوتو غازدا یەكلابكرێتەوە بەپێی ئەوەی لەدەستوردا هاتووە".
پارتی وەكو لایەنێكی سەرەكی كە جومگە سەرەكییەكانی حكومەتی لە كوردستان بەدەستەوەیە، بەشدارە لە ئیئتیلافی پێكهێنەری حكومەتی نوێ لە عێراق، ئەم حكومەتە لەبەرنامەی كاری خۆیدا بەڵێنی ئەوەی داوە لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەكاربوونی پرۆژەیاسای نەوتو غازی فیدراڵ ئامادە بكاتو رەوانەی پەرلەمانی بكات بەمەبەستی پەسەندكردنی، بەڵام دوای زیاتر لە دوو مانگ دەستبەكاربوونی هێشتا هیچ ئاماژەیەك لەئارادا نییە سەبارەت بەو پرۆژە یاسایە.
دواین رێككەوتن لەنێوان هەولێرو بەغداد
دواین رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغداد ئەو رێككەوتنە بوو كە لە یاسای بودجەی 2021دا كراوە.
ماددەی (11)ی بودجەی 2021ی عێراق تایبەت بە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە موچەو نەوت، ئەم ماددەیە دەڵێ:
• پاكتاوی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵو هەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ ساڵەكانی 2014 تاوەكو 2020.
• هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕێك نەوت لە كێڵگەكانی بەرهەمدەهێنێت كە كەمتر نەبێ لە (460 هەزار) بەرمیل، بڕی پێویستی ئەم نەوتە تەرخاندەكرێت بۆ دابینكردنی خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەو بەكاربردنی ناوخۆی هەرێمی كوردستانو بڕی تایبەت بە پترۆدۆلاری لێدەردەكرێت، دوای لێدەركردنی ئەم خەرجییانە، هەرێم داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ رادەستی حكومەتی فیدڕاڵ دەكات.
• حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی نانەوتیی خۆی بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵ رادەستی خەزێنەی دەوڵەت دەكات.
• هەرێمی كوردستان قەرزەكانی بۆ بانكی بازرگانی عێراق دەگەڕێنێتەوە، وەزارەتی دارایی ئەم قەرزانەی هەرێم دەكات بە قیستی مانگانەو لە بەشە بودجەی هەرێمی دەبڕێت، پێدانەوەی ئەم قەرزە لەمساڵەوە دەستپێدەكات و بەماوەی (7 ساڵ) تەواو دەبێت.
• دوای جێبەجێكردنی خاڵەكانی سەرەوە، حكومەتی عێراق ئامادەیە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان بدات.
• دەبێت هەرێمی كوردستان لیستی فەرمانبەرانی مەدەنیو سەربازیی خۆی رادەستی بەغداد بكات بە وردەكاری تەواوەتی پلەی وەزیفییانەوە.
• هەرێمی كوردستان پابەندكراوە ئەو پارەیەی لە بەغداد وەریدەگرێت، بەر لە هەر شتێكی تر بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی خەرج بكات.
لە هەموو حاڵەكاندا پەسەندكردنی بودجە دەكەوێتە پێش پەسەندكردنی یاسای نەوتو غاز (هەڵبەت ئەگەر لە بنەڕەتەوە ئەو یاسایە هەر پەسەندبكرێت)، لەم حاڵەدا دەبێت هەرێمو بەغداد چارەسەرێك بۆ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بدۆزنەوەو رێككەوتنێكی نوێ ئیمزا بكەن لەبارەی نەوتی هەرێمو پشكی بودجەی عێراق.