ئۆتۆمبیلی كارەبایی..داهێنانێكی گەورەو مەترسیيەكى زۆر
2023-01-16 05:55:01
درەو:
ئۆتۆمبیلی كارەبایی شۆڕشێكی گەورەیە لە جیهانی پیشەسازی ئۆتۆمبیلدا, بەڵام هێشتا بەدەست چەندین ئاستەنگەوە دەناڵێنێت, كە دیارترینیان, خۆی لەتێچوون و ژێرخانی بارگاوی كردن و, چالاكی باترییەكەیدا دەبینێتەوە, لەگەڵ زۆری كێشەكەی, چونكە ئۆتۆمبیلە كارەباییەكان, كێشیان زۆر قورسترە لە ئۆتۆمبیلی نەریتی و, ئەوەش هاوكارنییە بۆ هەوڵەكانی ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی كەش و هەوا, لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە, كێشە قورسەكەی ترسی جدی دروستكردووە لەسەر داڕمانی ئەو گەراجانەی چەند قاتێكن, یاخود لەژێر زەویدان.
وردەكاری زیاتر لەبارەی ئەو داهێنانە گەورەیەو مەترسییەكانی, لەم ڕاپۆرتەدا بخوێنەرەوە:
درەو:
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مەترسی لەبارەی كێشی ئۆتۆمبیلی كارەبایی لەهەڵكشاندایە, هۆشداری بڵاوبونەوەتەوە لەبارەی ئەوەی ڕێگاوبانەكان و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلەكان ئامادەی لەخۆگرتنی ئەو كێشە گەورەیە نین.
تائێستا پیشەسازی ئۆتۆمبیلی كارەبایی ڕوبەڕوی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە, سەرەڕای زیادبوونی جەماوەری لەچەند بەشێكی ئەم جیهانەو, ئەو وەبەرهێنانە گەورەیەی لەم كەرتەدا دەكرێت.
لەنێو ئەو كێشانەی كە بەم دواییە سەرنجی ڕاكێشاوە, زۆری كێشی ئۆتۆمبیلی كارەباییە بەبەراورد بەهاوتا نەریتی (تەقلیدی)كەی, كە بەبەنزین كاردەكات.
كێشی ئۆتۆمبیلی كارەبایی دەگاتە نزیكەی دوو هێندەی ئۆتۆمبیلی نەریتی, كە ئەوەش زیانی كارەساتاوی بە ڕێگاكان و, شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبیل لەژێر زەوی و گەراجە باڵەخانەنییەكان دەگەیەنێت.
شۆڕشی ئۆتۆمبیلە كارەباییەكان
ئۆتۆمبیلی كارەبایی شۆڕشێكی گەورەیە لە جیهانی پیشەسازی ئۆتۆمبیلدا, هەندێك لەوڵاتان پلان دادەڕێژن, هاوشێوەی بەریتانیاو ئەمریكاو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا, بۆ كۆتایهێنانی وردەوردە بەو ئۆتۆمبیلانەی كە بە بەنزین و دیزل كاردەكان لەكۆتایی ئەم دەیەیە, یاخود پێش ئەو كاتەش.
لەئێستادا نزیكەی 620 هەزار ئۆتۆمبیلی كارەبایی لەڕێگاكانی بەریتانیا و, 440 هەزار ئۆتۆمبیلی تێكەڵ (كارەباو بەنزین) هەن.
لەكۆی هەر (10) ئۆتۆمبیلێكی نوێ, كە ساڵی (2021) فرۆشراون, كارەبایی بوون, فرۆشی ئۆتۆمبیلی كارەبایی لەساڵی 2022دا گەشەی كردووەو, لە ( 16.6% ) كۆی ئۆتۆمبیلە نوێ فرۆشراوەكانی لەبەریتانیا پێكهێناوە.
هاوكات حكومەتەكانی ئەمریكاو ئەوروپاو چین, كاردەكەن لەسەر ئاراستەكردنی بەكاربەران بۆ دوركەوتنەوە لە ئۆتۆمبیلی نەریتی و, ڕۆیشتن بەرەو ئۆتۆمبیلی كارەبایی.
زۆری كێشی ئۆتۆمبیلی كارەبایی
ئەو ئاستەنگانەی ڕوبەڕوی كەرتەكە دەبێتەوە, خۆی لەتێچوون و ژێرخانی بارگاوی كردنەوەو چالاكی باترییەكەیدا دەبینێتەوە, لەگەڵ لایەنی كێشی ئۆتۆمبیلی كارەبایی.
ئۆتۆمبیلە كارەباییەكان, كێشیان زۆر قورسترە لە ئۆتۆمبیلی نەریتی, كێشی ئێستای هاوكارنییە لەهەوڵەكانی ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی كەش و هەوا.
لەگەڵ ئەوەی ئۆتۆمبیلی كارەبایی بزوێنەرێكی كارەبایی بچوك و كێشێكی سوكی هەیە, بەپێچەوانەی بزوێنەری بەنزین و دیزل, بەڵام چەردەی پاترییە گەورەكانی, كێشەكەی چەند هێندە كردووە, وێڕای كێشی سیستمی هەڵواسین و كەرەستەكانی تری توندوتۆڵكردنی بەستنەوەی تایەكانی, بەپێی پێگەی (All Car News).
لەكاتێكدا ئەو ئۆتۆمبیلانەی بە بەنزین و دیزل كاردەكەن بەسەرفكردنی 60 كیلۆگرام لە سوتەمەنی سەدان میل دەبڕن, ئۆتۆمبیلێكی كارەبایی گەورە, بۆ نمونە تێسلای مۆدێل ئێكس, پێوستە زیاتر لە 500 كیلۆگرام پاتری هەڵبگرێت, بۆ ئەوەی هەمان دووری ببڕێت.
بەگوێرەی كۆمەڵەی شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبیل(گەراجەكان)ی بەریتانیا, ئۆتۆمبیلێكی كارەبایی زیاتر لە 250 كیلۆگرامی زیاترە لەهەمان جۆر ئەگەر بزوێنەرەكەی بە بەنزین كاربكات, بۆنمونە ئۆتۆمبیلی "ئێف_150"ی, نوێی كارەبایی لە كۆمپانیای فۆرد, نزیكەی 700 كیلۆگرامی زیاترە لەمۆدیلەكەی پێشوی كە بە بەنزین كار دەكات.
لەبەرامبەردا, كریس وابلز ئەندازیاری مەدەنی و تەلارسازی و ئەندامی كۆمەڵەی گەراجی ئۆتۆمبیلەكانی بەریتانیا, هۆشداریداوە لەمەترسییەكانی بۆ سەر ژێرخان, لەنمونەی گەراجی ئۆتۆمبیلەكان و گەراجە باڵەخانەییەكان, ئاماژەی بەوەشداوە كە لەتائێستادا ئەو مەترسییانە بەهەند وەرنەگیراوە.
پرسیاری ئەوەشی كردووە, ئاخۆ ئەو پێوەرانەی هەن, بەسن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشی ئۆتۆمبیلەكانی ئێستا .
مەترسی لەسەر گەراجەكانی ئۆتۆمبیل
لەهەمان كاتدا, كۆمەڵەی گەراجی ئۆتۆمبیلەكانی بەریتانیا هۆشداری داوە لە داڕمانی ئەو گەراجانەی چەند قاتێكن, یاخود لەژێر زەویدان بەهۆی كێشی ئۆتۆمبیلە كارەباییەكان.
ڕاشیگەیاندووە: كێشی ئۆتۆمبیلە كارەباییەكان ڕەنگە ببنە هۆی زیانی كارەساتاوی, داواشی لەدەسەڵاتدارە خۆجێییەكان كردووە ڕوپێوی پەیكەری بەپەلە ئەنجامبدەن, وەك ئەوەی ڕۆژنامەی دەیلی مەیل بڵاویكردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە: زۆرینەی گەراجی ئۆتۆمبیلەكانی وڵاتەكە كە ژمارەیان 6 هەزار گەراجە, بەپێی كێشی ئۆتۆمبیلە بەناوبانگەكانی حەفتاكان ئەندازە كراون, جەماوەریترین ئۆتۆمبیلیش لەو سەردەمەدا لە بەریتانیا"فۆردی كۆرتینا ئێم كەی 3" بووە.
بەڵام ئەو ئۆتۆمبیلە كارەباییانەی ئێستا لە بەریتانیا هەن زۆر قورسترن, بۆ نمونە ئۆتۆمبیلێكی تێسلا مۆدیلی 3, كە زۆرترین فرۆشی هەیە, (1819) كیلۆگرامە, كە نزیكەی دوو هێندەی كێشی كۆرتینایە, كە كێشەكەی (980) كیلۆگرامە.
لێكەوتەكانی لەسەر ڕێگاو تایە
بۆچونی جیاواز هەیە سەبارەت بە كاریگەری كێشی ئۆتۆمبیلی كارەبای لەسەر ڕێگاو تایە.
هەندێك لەشارەزایان پێیانوایە, زۆرینەی ڕێگاو تایەكان وا ئەندازە كراون بۆ ئەوەی بەرگەی بارهەڵگرە بازرگانییە گەورەكان بگرن, كە زۆر لە ئۆتۆمبیلی كارەبایی ئاسایی قورسترن.
لەكاتێكدا هەندێكی تر پێیانوایە, ئۆتۆمبیلی كارەبایی هۆكارێكە بۆ داخورانی ڕێگاكان بە بەراورد بەو ئۆتۆمبیلانەی كە بزوێنەرەكانیان بە بەنزین كاردەكات.
شارەزایان دەڵێن, كێشی ئۆتۆمبیلی كارەبایی دەبێتە هۆی زوو لەناوچونی تایەكانی و, زیاتر سەرفكردنی تایە, وێڕای داخورانی چینەكانی سەرەوەی قیری شەقامەكان بەشێوەیەكی خێرا.
كێشی ئۆتۆمبیل هەڕەشە لەسەلامەتی ڕێگاكان دەكات
ئەوەی پەیوەستە بە سەلامەتی لەكاتی ڕوداودا, ئەو كێشە زیادەیە هاوكاری كەسەكان دەكات لەناو ئۆتۆمبیلە كارەباییەكاندا, وەك ئەوەی پێگەی سی ئێن ئێن بڵاویكردووەتەوە.
ئامارەكان ئاشكرایان كردووە, سەرنشینەكان لەناو ئۆتۆمبیلی كارەبایدا كەمتر ڕوبەڕووی برینداربوون دەبنەوە لەكاتی پیاكێشان, بەبەراورد بەهەمان ئۆمبیل كە بەبەنزبن كاربكات.
بەڵام ئەو كێشە زۆرە, دەبێتە مەترسی بۆ سەرنشینانی ئۆتۆمبیلی نەریتی, بەوپێەی لەكاتی بەركەوتنی دوو لاشە بەیەكتردا, لاشە قورسەكە زیاتر بەردەوام دەبێت لەڕۆیشتن بەو ئاراستەی دەڕوات, لەكاتێكدا ئەو ئۆتۆمبیلەی كێشی سوكترە, لەپڕ ئاڕاستەكەی دەگۆڕێت, كە ئەوەش مەترسی لەسەر سەرنشینەكانی دروستدەكات.
سەرچاوە: پێگەی الطاقة