Draw Media

چەتۆ ساڵح دەوام دەكات و ئامادەنیە دەستلەكاربكێشێتەوە

چەتۆ ساڵح دەوام دەكات و ئامادەنیە دەستلەكاربكێشێتەوە

2023-01-05 20:06:06


 (درەو):
چوار ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی چوونەتە بەغداد، لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وتەیان لێوەرگیراوە، بڕیاربوو قوباد تاڵەبانی و چەتۆ ساڵح لە هەولێر كۆببنەوە، بەڵام كۆبونەوەكە بەھۆی گومانەكانی چەتۆ ساڵحەوە نەكرا.
بەپێی بەدوادچوونەكانی (درەو)، بەمدواییە چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆی ھەرێم و سێ ئەندامی تری سەركردایەتی یەكێتی چونەتە بەغداد، لە فەرمانگەی حزبە سیاسیەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وتەیان لێوەرگیراوەو لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی سەبارەت بە "هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی و گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتی و دەركردنی ھاوسەرۆك و ئەندامانی سەركردایەتی لە حیزب" شایەتیان داوە.
(درەو) زانیویەتی، لیژنەیەك لە فەرمانگەی پارتە سیاسیەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەسەر بنەمای وتەی ئەو چوار ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی راپۆرتێكیان بەرزكردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران و بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی كۆمسیاران دەنگی لەسەر بدەن، چەتۆ ساڵح وەك جێگری سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگرەی چوار وتەی لێوەرگیراوە، هەوڵی ئەو چوار ئەندامەی سەركردایەتیەی یەكێتی سەرۆك و كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیگەران كردووەو چاوەڕوان دەكرێت فەرمانی دەركردنیان لەیەكێتی بۆ دەربكرێت. 
بڕیار بوو دوێنێ قوباد تاڵەبانی و چەتۆ ساڵح كۆببنەوەو گفتوگۆ بكەن، بەڵام كۆبوونەوەكە نەكرا، سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند" نوسینگەی قوباد تاڵەبانی پەیوەندییان بە چەتۆ ساڵحەوە كردووە، بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە كاتژمێر (٢:٠٠)ی پاشنیوەڕۆ لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی كۆببێتەوە، بەڵام چەتۆ ساڵح لەكاتی دیاریكراودا نەچووە بۆ كۆبوونەوەكە، گومانی هەبووە لە كۆبوونەوەی هەندێك هێز لەدەوروبەری بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر،  بۆیە بە نامەیەك نوسینگەی قوباد تاڵەبانی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی ناتوانێت بچێتە بارەگای مەكتەبی سیاسی و داوای كردووە كۆبونەوەكە لە ماڵەكەی خۆی بەڕێوەبچێت.
چەتۆ ساڵح گومانی هەبووە، ئەو هێزە لە دەوروبەری بارەگای مەكتەبی سیاسی بووە ئامادەكاری بوو بێت بۆ دەستگیركردن و گەڕاندنەوەی ئەو بۆ سلێمانی، بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بابەتەكە بە (درەو)ی راگەیاند، هێز لەو ناوچەیە نەبووەو تەنیا پاسەوانی بارەگای مەكتەبی سیاسی و پاسەوانەكانی قوباد تاڵەبانی لەوێ بوون. 
بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئێستا چەتۆ ساڵح وەكو بریكاری وەزیری ناوخۆ دەوامی خۆی دەكات لە وەزارەت و ئامادەنیە پابەبەند بێت بە بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە.
لە دوای دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بە (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگەو (چەتۆ ساڵح) بریكاری وەزیری ناوخۆی راگەیاند چیتر نەچنەوە بۆ دەوامكردن لە وەزارەتەكانیان لە ھەولێر، دوای نزیكەی مانگێك لە پابەند بوون بە بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی، شۆڕش ئیسماعیل چووەوە هەولێرو لەوێوە بۆ دەرەوەی وڵات، چەتۆ ساڵحیش چووە دەرەوەی وڵات و لەوێوە گەڕایەوە بۆ هەولێر.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، چەتۆ ساڵح ئامادەنەبوو دەستلەكاربكێشێتەوەو لای كەسە نزیكەكانی وتوویەتی"هیچ بیانوویەك نیە تا دەستلەكاربكێشێتەوە"، لەبەر ئەوە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی نەنوسیوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆش ئامادەنییە دەستلەكاركێشانەوەی بۆ بكات.
سەبارەت بەوەی بۆچی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەستلەكاركێشانەوەی شۆڕش ئیسماعیلی پەسەندكردووە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیران بە (درەو)ی وت:"شۆڕش ئیسماعیل پێشتر خۆی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكردووە، ئەگەر خۆی دەستیلەكارنەكێشایەتەوە مەسرور بارزانی ئامادەنەدەبوو دەستی پێ لەكاربكێشێتەوەو نامەی بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی نەدەنوسی بۆ پەرلەمانی كوردستان.
سەرچاوەیەكی نزیك لە شۆڕش ئیسماعیل بە (درەو)ی راگەیاند، دەستلەكاركێشانەوەكەی شۆڕش ئیسماعیل ئارەزوومەندانە نەبووەو لەژێر فشاری سەرۆكی یەكێتی و بارودۆخی ناوخۆی یەكێتیدا بووە، هەرچەندە لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەییدا ئاماژەی بە هیچ فشارێك نەكردووە.
لە رۆژی 9/8/2022 شۆڕش ئیسماعیل نامەی دەسلەكاركێشانەوەی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی كردووەو تیایدا نوسیویەتی" رێگرییەكان گەورەتر بوون لە هەنگاونان بەرەو هێزی نیشتمانی و نیزامی، بۆیە داوای لێبوردن دەكەم و دەستلەكار دەكێشمەوە".
رەنگە ئەو رێككەوتنەی كە باس دەكرێت لە نێوان یەكێتی و پارتی كراوە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی پۆستەكان، پێناچێت وەك خۆی جێبەجێبكرێت، بەتایبەتیش گۆڕانكارییەكان تەنیا دانانی شوێنگرەوەكانی (شۆڕش ئیسماعیل و خالید شوانی) دەبێت لەپەرلەمانی كوردستان.
ئەم گۆڕانكارییانە لە كاتێكدایە تا ئێستا قوباد تاڵەبانیش ئامادە نیە بگەڕێتەوە بۆناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشتر سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بە (درەو)ی راگەیاند، قوباد تاڵەبانی هیچ بڕیارێكی نوێی نەداوە لەبارەی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.
ئەمەش پێچەوانی ئەو لێدوان و قسەوباسانەیە كە باس لەوە دەكرێت یەكێتی و پارتی رێككەوتنی كۆتاییان كردووەو چاوەڕێی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولاو  پەرلەمان دەكەن جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand