Draw Media

هەناردە، نرخ، داهات، خەرجی و نەوتی بارکراوی هەرێم لە ساڵی 2022

هەناردە، نرخ، داهات، خەرجی و نەوتی بارکراوی هەرێم لە ساڵی 2022

2023-01-07 17:29:37


شیكاری:درەو
 
بەپێی زانیارییەکان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا؛
# زیاتر لە (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە فرۆشتووە.
# بە تێکڕای ڕۆژانە (398 هەزار 704) بەرمیل نەوت فرۆشراوە.
# تێکڕای بەهای بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان (100.79) دۆلار بووە، بەڵام هەرێم نەوتی بە (87.85) دۆلار فرۆشتووە.
# کۆی داهاتی نەوتی هەرێم نزیک لە (12 ملیار و 784 ملیۆن 354 هەزار) دۆلار.
# بڕی (7 ملیار و 159 ملیۆن و 238 هەزار) دۆلار بەڕێژەی (56%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە.
# بڕی (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار) دۆلار بەڕێژەی (44%) کە بەرامبەرە بە (8 ترلیۆن و 156 ملیار و 417 ملیۆن) دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم.
# نەوتی هەرێم لە لایەن کەشتی (12) وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و (30%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە، لە دوای ئەویش کەشتییە یۆنانییەکان بە ڕێژەی (22%)، ئیسرائیلییەکان (15%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە.

یەکەم؛ بڕی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆرییەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (1/1/2022 – 31/12/2022)، بڕی (145 ملیۆن و 511 هەزار 745) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە لە بەندەری جەیهانی تورکی فرۆشتووە.
بەرزترین ئاستی فرۆشتنیش لە مانگی تەموزدا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (13 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل.
کەمترین بری نەوتی فرۆشراویش لە تشرینی دووەم بووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (10 ملیۆن و 345 هەزار) بەرمیل.
هاوکات بەتێکڕای ڕۆژانە لە ساڵی (2022)دا بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی بووە لە (398 هەزار و 704) بەرمیل نەوت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))


دووەم؛ نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان
بە تێکڕا لە ساڵی ڕابردوودا هەر بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان نرخەکەی بریتی بووە لە (100.79) دۆلار. بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ هەردوو چارەکی یەکەم و دووەمی ئەمساڵ بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە کەمتر لە (12.94) دۆلار لە نرخی جیهانی فرۆشراوە. واتە بە تێکڕا لە ماوەی ڕابردوودا هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (87.85) دۆلار فرۆشراوە.
بەرزترین ئاستی نرخی نەوتی هەرێمیش لە مانگی حوزەیران تۆمار کراوە، کە بریتی بووە لە (108.25) دۆلار، نزمترین ئاستیش لە مانگی کانونی یەکەمدا بووە کە بەهاکەی بریتی بووە لە (68.06) دۆلار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))

سێیەم: داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە 1/1/2022 – 31/12/2022
1.    کۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا بڕی (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی بە (87.85) دۆلار فرۆشراوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە بۆری بەدەستهاتووە، بریتی بووە لە؛ (12 ملیار و 748 ملیۆن و 353 هەزار و 956) دۆلار، زۆرترین داهاتیش لە مانگی ئایاردا بەدەستهاتووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ (1 ملیار و 346 ملیۆن و 889 هەزار و 426) دۆلار، کەمترین داهاتیش لە مانگی تشرینی یەکەم دا تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە؛ (811 ملیۆن و 875 هەزار و 600) دۆلار. 
2.    خەرجی نەوتی هەرێم
بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوو (56%)ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە دەڕوات، بۆیە  کۆی ئەو داهاتەی لە ساڵی ڕابردوودا لە پرۆسەی نەوتدا بە خەرج دراوە، بریتی بووە لە؛ (7 ملیار و 159 ملیۆن و 238 هەزار و 215) دۆلاری ئەمریکی، بە جۆرێک؛ بەرزترین ئاستی خەرجی لە مانگی ئایاردا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ (754 ملیۆن و 258 هەزار و 79) دۆلار.
کەمترین خەرجیش لە مانگی تشرینی دووەمدا بووە، کە بریتی بووە لە؛ (454 ملیۆن و 650 هەزار و 336) دۆلار. 
3.    داهاتی ماوەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت (44%)ی داهاتی نەوت لە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەکە بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ساڵی (2022)دا لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە کەمترە لە کۆی خەرجییەکانی پرۆسەکە و بریتییە لە (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە (8 ترلیۆن و 156 ملیار و 417 ملیۆن و 823 هەزار) دیناری عێراقی.
بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
خشتەی ژمارە (1)

چوارەم: نەوتی بارکراوی هەرێم لە 1/1/2022 – 31/12/2022
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا بڕی (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، ئەو بڕە نەوتەش لە لایەن کەشتی (12) وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و (30%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە، لە دوای ئەویش کەشتییە یۆنانییەکان بە ڕێژەی (22%)، ئیسرائیلییەکان (15%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە.
بە دوای ئەوانیشدا کرواتییەکان (9%)، رۆمانییەکان (4%)، ئیسپانییەکان (3%)، کەشتی وڵاتانی تورکیا و تایوان و سەنگاپورەو چین (2%) و ئەمریکییەکانیش (1%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە. (6%)ی نەوتی بارکراوی هەرێم ناسنامەی کەشتییەکان دیار نییە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (1)).
خشتەی ژمارە (2)

چارتی ژمارە (1)

سەرچاوەکان
-    ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و داهات لە 1ی کانونی دووەمی 2022 تاکو 31ی ئاداری 2022 (وەرزی یەکەم)، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
-    ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و داهات لە 1ی نیسانی 2022 تاکو30ی حوزەیرانی 2022 (وەرزی دووەم)، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
-    نەوتی بارکراوی هەرێم لە نیوەی یەکەمی 2022؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10621
-    درەو میدیا؛ هەناردەو نەوتی بارکراوی هەرێم لە چارەکی سێیەمی 2022؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11255
-    ئەنوەر کەریم؛ كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگەکانی (تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم، کانونی یەکەم)ی 2022، درەو میدیا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11352
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11546
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11773
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand