Draw Media

"مارشاڵ" لە سلێمانی دەستبەكاربوو

"مارشاڵ" لە سلێمانی دەستبەكاربوو

2023-01-10 08:08:17


راپۆرت: دره‌و

لە مەڵبەندی یەكێتیییەوە لە شاری سلێمانی، سەرۆك‌و جێگرو ستافی نوێی (كۆمەڵەی رۆشنبیری موختارەكان) دەستبەكاربوون، سەرۆكی كۆمەڵەكە ناوی "مارشاڵ"ە، موختار چییە‌و ئەركەكانی چین، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

مارشاڵ ده‌ستبه‌كاربوو

كۆمەڵەكەی رۆشنبیری موختارەكان رۆژی 3ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو كۆنگرەی خۆی بەست، ستافێكی نوێی هەڵبژارد. سەرۆكی نوێی كۆمەڵەكە كەسێكە بەناوی (مارشاڵ مەحمود).
مەراسیمی دەستبەكاربوونی ستافی نوێی كۆمەڵەكە لە مەڵبەندی یەكێتیی لە سلێمانی بەڕێوەچوو، جەزا سەید مجید لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتیی وتی" كۆمەڵەی رۆشنبیری موختارەكان ئەڵقەی یەكەمی نێوان هاوڵاتیان‌و فەرمانگە حكومیەكانن".
ئۆفێسی سەرەكی ئەم كۆمەڵەیە دەكەوێتە بەرامبەر گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان. 

چیرۆكی "موختار"
موختار لە بنەڕەتەوە بەو كەسە دەوترا كە خەڵكی گوندێك یان شارۆچكەیەكی بچوك لەناو خۆیاندا هەڵیاندەبژارد، بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان سەرەتای بەكارهێنانی ناوی "موختار" بۆ سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەكان دەگەڕێتەوە، توركە عوسمانییەكان یەكەم كەس بوون لە ناوچەكەدا كە ناوی موختاریان ناوە لە نوێنەری گوندەكان لە فەلەستین.
لەسەردەمی عوسمانییەكاندا موختار ئەلقەی پەیوەندی نێوان خەڵكی گوندەكان‌و دەسەڵاتداران بوو، لە 8ی نۆڤێمبەری 1864دا دەوڵەتی عوسمانیی سیستمی كارگێڕی خۆی راگەیاند، بەپێی ئەم سیستمە دەوڵەت دابەشكرا بەسەر چەند (ولایەت)ێكدا، پاشان چەند لیوایەك "سەنجەق"‌و دواتریش (قەزا)و (ناحیە)‌و (گوندەكان)، ئیتر لەوكاتەوە هەموو گوندێك موختارێكی بۆ دانراو موختارەكە سەربە بەڕێوەبەری ناحیە بوو. 
سەرباری ئەوەی ژیان گەشەی كردووەو شێوازی نوێنەرایەتی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هێشتا موختارەكان كاری خۆیان لەدەستنەداوە، ئەمانە ئێستا چاودێرن بەسەر دانیشتوانی گەڕەكانەوە لەناو شارەكاندا، بەبێ پاڵشتی ئەمان زۆرجار فەرمانگەكان ناتوانن كاروباری هاوڵاتیان رایی بكەن، بەتایبەتیش لە بابەتی پشتگیری نیشتەجێبووندا. 
ساڵی 2015 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا چیتر كار بە نوسراوی پشتگیری نیشتەجێبوونی موختارەكان نەكرێت‌و لەبری ئەوە تەنیا كار بە (كارتی زانیاریی) بكرێت. 
بەڵام ساڵی 2021 وەزارەتی ناوخۆ رێنماییەكی نوێی دەركرد‌و تێیدا ئەركەكانی موختاری بەمشێوەیە دیاریكردووە: 
•    كۆكردنەوەی ئاماری وردی دانیشتوانی گەڕەك یان گوند‌و هەڵگرتنی زانیارییەكان لە تۆمارێكدا بەشێوەی "نهێنی".
•    ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار لە:
-    هەر جموجوڵ‌و كارێكی گوماناوی كە هەڕەشە لە بارودۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بكات.
-    زێدەڕۆیی لەسەر موڵك و ماڵی گشتی، كارە نا یاسایی و نامۆكان وەك ئەو كارانەی كەوا دوورن لە رەوشتی باش و رەوشتی گشتی.

ئەركەكانی موختار چین ؟
لە عێراقی سەددام‌و دوای روخانی سەددامیشدا موختارەكان بەپێی یاسا شێوازی كاركردنیان بۆ دەستنیشان كراوە، پارێزەر (ئارام رەزا سەعید) لەبابەتێكدا رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی لەبارەی ئەركەكانی موختار بەمشێوەیە روون كردوەتەوە: 
1- پەڕاوی ئاگاداركردنەوە، لەڕێی موختارەكان دەنێردرێت بۆ شاهیدەكان بۆ ئەوەی لەبەردەم دادوەر یان لێكۆڵەر ئامادە بن، لەو رووداوەی لەبەردەمیان خراوەتەڕوو. (ماددە 59 یاسای یاسای شێوازەكانی دادبینیكردنی سزایی).
2- ماڵی تۆمەتبار بە ئامادەبوونی تۆمەتبار یان خاوەن ماڵ لەگەڵ دوو شاهیدو موختار دەپشكێندرێت. واتە ئەو كاتەی تاوانێك روودەدات‌و پێویست دەكات ماڵێك بپشكێندرێت، پێویستە موختاری گوند یان گەڕەك ئامادە بێت لەگەڵ دوو شاهید. (ماددە 82 هەمان یاسا).
3- موختار بە یەكێك لە ئەندامانی رێكخستنی دادوەری دادەندرێت‌و پێویستە موختار دەسەلاتی پەیوەندیدار لە روودانی تاوان ئاگادار بكاتەوەو تۆمەتبار دەستگیر بكات‌و ئەو كەسانەش بپارێزێت كە هەڕەشەیان لەسەرە یان مەترسییەكیان لە ئەنجامی تاوانێك لەسەرە. (ماددەی 39 لە ھەمان یاسا). 
بەپێی رێنمایی ساڵی 2013 ی وەزارەتی ناوخۆ، رێنمایی تایبەت بە كاری موختارەكان
4- جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی، یاسای شێوازەكانی دادگاییكردنی سزایی بە موختاری سپاردووە.
5- پێویستە لەسەر موختار، دوای راسپاردنی وەك موختار، ئامارێكی وردی دانیشتووان كۆبكاتەوە و زانیارییەكان لە تۆمارێكدا هەڵبگرێت بە شێوەی نهێنی. 
6- ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار لە: 
ا- هەر جموجۆڵ و كارێكی گوماناوی، كە هەرەشە لە ئاسایشی هەرێمی كوردستان بكات.
ب- زێدەڕۆیی لەسەر موڵك و ماڵی گشتی، وە كارە نا یاسایی و نامۆكان وەك ئەو كارانەی كەوا دوورن لە رەوشتی باش و رەوشتی گشتی.
ج- هەستپێكردن و هەبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ترسناك و گواستراوەو میكرۆبییەكان. 
د- لە كاتی كۆچكردنی یەكجارەكی یان هاتنی یەكجارەكی هەر خێزانێكی نوێ بۆ گەڕەك یان گوند. 
ھ- لە كاتی نیشتەجێبوونی هەر خێزانێكی ئاوارەی غەیرە عێراقی.
7- رێكخستنی پشتگیری نیشتەجێبوون و بەڵگەنامە پێویستەكان و پەسەندكردنی لە سنووری كارەكەی. 
8 - پێویستە موختار ئەو تۆمارانەی لا هەبێت:
ا - تۆماری دانیشتووانی سنووری كارەكەی، بە ژمارەی گەڕەك و كۆڵان و خانوو و كاری هەر ئەندامێكی هەر خێزانێك. 
ب- تۆماری نیشتەجێبوونی نوێی خێزان لە سنوورەكەی و ئەو خێزانانەی كە لێیەوە دەردەچن. 
ج- تۆماری خێزانە بیانییەكان.
د- تۆماری لەدایك بووان و مردووان. 
9- پابەند بێت بە ئەخلاقیاتی پیشەكەی و دەست وەرنەدات لە لایەنی سیاسی دانیشتووان و پاراستنی نهێنییەكان كە لەكاتی پەیڕەوكردنی كارەكەی دەستی دەكەوێت. 
10- هەر ئەركێكی تر كە لە یاسا كارپێكراوەكان دیاریكراوە یان هەر ئەركێك لە لایەن پارێزگا پێی دەسپێردرێت. 
بۆ زانیاریش، بەپێی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ، موختار بڕە پارەیەك مانگانە وەردەگرێت كە 500 هەزار دینارە ئەگەر موختاری پارێزگاكان بێت، موختاری نێو گەڕەكەكانی قەزاكان 400 هەزار دینار وەردەگرێت‌و موختاری گوندو گەرەكەكانی ناحیەكانیش 350 هەزار دینار وەردەگرێت. و بۆی هەیە لەبری هەر مۆرێك كە بۆ پشتگیریكردنی هاوڵاتییان دەیدات، تەنیا 1000 دینار وەربگرێت.

پێكهاته‌ی نوێی كۆمه‌ڵه‌ی موختاره‌كان


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand