Draw Media

ئەو میللەتانەی كاتەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەردەبەن

ئەو میللەتانەی كاتەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەردەبەن

2019-09-11 16:59:25


راپۆرت: بی بی سی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت

ئەو وڵاتانە كامانەن كە خەڵكەكانیان زۆرترین كاتەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەسەر دەبەن ؟ ئەمە ناونیشانی راپۆرتێكی (BBC)یە لەبارەی زیانەكانی مانەوەی زۆر لەبەردەم شاشەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، بەپێی راپۆرتەكە گەلی فلیپین یەكەم گەلن لەڕووی زۆری ئەو كاتەی كە لە تەماشاكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەری دەبەن، لەبەرامبەردا گەلی ژاپۆن كەمترین كات تەماشای تۆڕی كۆمەڵایەتییەكان دەكەن.


دەقی راپۆرتەكە 
توێژینەوەیەكی نوێ بەوە گەیشتووە، ئەو كاتەی كە بەكاربەران لەسەر ئاستی جیهان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەری دەبەن، لەماوەی ئەم حەوت ساڵەی دوایدا بەرێژەی 60% زیادی كردووە. 
دامەزراوەی "گلۆباڵ وێب ئیندێكس" كە دامەزراوەیەكی بواری توێژینەوەیە لە لەندەن، شیكاری بۆ تۆماری (45) دەوڵەتی گەورە كردووە لە "بازاڕی ئینتەرنێت"دا، بۆی دەركەوتووە ئەو كاتەی كە هەر كەسێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و ئەپلیكەیشنەكانیدا بەسەری دەبات، لە (90 خولەك)ی رۆژانەوە لە ساڵی 2012دا، زیادی كردووە بۆ (143 خولەك) لە سێ مانگی یەكەمی 2019دا.
جیاوازییەكی زۆر هەیە لە بەكاربردندا لەسەر ئاستی ناوچەیی‌و نیشتیمانی: لە ئەمریكای لاتین، كە گەورەترین رێژەی بەكاربەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە لەسەر ئاستی جیهان، ناوەندی ئەو كاتەی كە لە بەكاربردنی ئەو تۆڕانە بەسەردەبرێت رۆژانە (212 خولەك)ە.
لەبەرامبەردا، لەسەر ئاستی ناوچەیی كەمترین كات كە لە بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەردەبرێت، لە ئەمریكای باكورە كە (116 خولەك)ە.
فلیپینییەكان لە ریزی پێشەوەی لیستی ئەو میللەتانەدان كە زۆربەی كاتەكانیان لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەر دەبن، بە تێكڕای (241 خولەك) لە رۆژێكدا، ئەمە بە بەراورد بە (45 خولەك) لە ژاپۆن.

پاشەكشێ
بەڵام پێدەچێت جێگەی سەرسوڕمان بێت كە شیكاركردنی تۆمارەكانی نزیكەی (ملیۆنێك‌و 800 هەزار) كەس دەریخستووە، بەسەربردنی كات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە ئاستی خۆیدا ماوەتەوە یاخود لە نیوەی ئەو (20) وڵاتەدا كەمیكردووە.
دامەزراوەی "گلۆباڵ وێب ئیندێكس" دەڵێ تۆمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن "زۆرێك لە بەكاربەرانی ئینتەرنێت ئاگاداری ئەو كاتەن كە لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەری دەبن".
چیس باكل بەڕێوەبەری بەشی ئاڕاستە سەرەكییەكان لە "گلۆباڵ وێب ئیندێكس" بە (BBC)ی وت:" بەكاربەرانی ئینتەرنێت رۆژانە زیاتر لە شەش كاتژمێر لەناو تۆڕەكە بەسەردەبەن، یەك لەسەر سێی ئەو كاتە تەرخانكراوە بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان".
"تێكڕای تەماشاكردنی رۆژانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتێكە كە بایەخی خۆی هەیە، ئەو ماوەیەی كە رۆژانە لەو شوێنانە بەسەریدەبەین یەكێكە لە گرنگترین ئامرازەكانی ئەو چالاكییە، ئەو گەشەسەندنەی كە موبایلە زیرەكەكان بەخۆوەی دەبینن، یارمەتیدەر بووە بۆ ئاسانكردنی زانینی ئەو بابەتە".
لەناو ئەو وڵاتانەی كە توێژینەوەكە گرتونیەتەوە، (تایلەند) گەورەترین پاشەكشێی لە ئاستی بەكاربردنی رۆژانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەخۆوە بینیوە؛ بەجورێك لە (194 خولەك)ی ساڵی رابردووەوە بۆ (171 خولەك) لەمساڵدا دابەزیوە.
لە (ڤێتنام)یش، بەبەراورد بە ساڵی رابردوو، بەكاربردنی رۆژانە (10 خولەك) كەمیكردووە.
هەروەك هەریەكە لە (ئیندۆنیزیا)‌و (بەلجیكا)‌و (غانا)‌و (ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا) پاشەكشێیەكی سنورداریان لە بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەخۆوە بینیوە.
بەڵام تێكڕای بەكاربردن لە زۆینەی وڵاتاندا كە توێژینەوەكە گرتونیەتەوە، بەرزبونەوەی تۆماركردووە، لە هەندێك لەو وڵاتانەدا بەرزبونەوەكە جێگەی سەرەنجە.

"ئەپلیكەیشنە جەماوەرییەكان"
ئێستا لە چین بەكاربەری ئاسایی لە رۆژێكدا (139 خولەك) كات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەردەبات، بەبەراورد بە ساڵی رابردوو (19 خولەك) زیادی كردووە.  
بەڵام لە سعودیە، تێكڕای كاتی بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان (14 خولەك) زیادی كردووە، لە توركیا (13 خولەك) زیادی كردووە.
چیس باكل دەڵێ:" لە كیشوەری ئاسیا، دیمەنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جیاوازن، ئەپلیكەیشنی سەرەنجڕاكێش هەن كە جەماوەری زۆریان هەیە، كە ئەوانەش ئەپلیكەیشن-ن بۆ پەیوەندی كۆمەڵایەتی‌و ئەو رۆڵە تێدەپەڕێنن كە ئەو تۆڕانە بە مانا خۆرئاواییەكەی هەیانە، لەڕێگەی ئەو ئەپلیكەیشنانەوە دەرفەت بە بەكاربەران دەدرێت پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێكانیان بكەن‌و بە چەندین كاری تری بكەن وەكو پێدانی پسوڵەو، گرتنی ژور لە هۆتێلەكان‌و داواكردنی تاكسی‌و پێدانی پارەی كاڵا لە فرۆشگاكاندا". 
باسی لەوەكرد:" لە چین، ئەپلیكەیشنی (وی چات) هەژمونی بەسەر كەشوهەوای پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا كردووە، ئەپلیكەیشنەكە بەردەوامە لە راكێشانی چالاكی زیاترو زیاتر، ئەمە وادەكات بەكارهێنەران دەست بە بەكاربردنی ئامرازەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتییەوە بگرن وەكو وەفایەك بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی رۆژانەیان".

پێكهاتەی دانیشتوان
پێدەچێت بەرزبوونەوەی كاتی بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پەیوەست بێت بە پێكهاتەی دانیشتوانەوە، بەتایبەتیش ئەو توێژەی كە تەمەنیان لەنێوان (16 بۆ 24 ساڵ)دایە.
ئەو توێژانە لە توێژەكانی تر زیاتر رۆژانە كات لەسەر ئینتەرنێت بەسەردەبەن- بەپێی دامەزراوەی "گلۆباڵ وێب ئیندێكس"، لە ساڵی 2018دا ئەم توێژانە رۆژانە بە تێكڕا لانی كەم (180 خولەك) كاتیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەربردووە.
هەركاتێك تێكڕای تەمەنی دانیشتوان لە وڵاتێك كەم بوبێت، تێكرا بەسەربردنی كات لە بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەو وڵاتەدا زیادی كردووە، بۆیە ئەو وڵاتانی تازە بازاڕەكەیان گەشەی كردووە، لەم بوارەدا لە پێشەوەن.
باكل دەڵێ:" هێشتا گەنج بەرزترین توێژە لەناو ئەوانەی كە بەكاربەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن بەبەراورد بە توێژەكانی تر. لە راستیدا ئەوان هەر بەو شێوەیەش دەمێننەوە".

بەرژەوەندی بەكاربەر
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەبارەی بەسەربردنی كاتی زۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و ئەو شاشانەی كە پەیوەندیدارن بە زنجیرەیەك كێشەی تەندروستی دەرونییەوە.
خاتوو ئاشلی ولیامز كە توێژەرە لە كۆلیژی هارڤارد بۆ كار دەڵێ:" بەگوێرەی توێژینەوە، ئەو كەسانەی كە كاتێكی زۆر لە بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەردەبەن، كەمتر دڵخۆشن، بەكاربردنی زۆری ئەو تەكنەلۆژیایە پێدەچێت كێشەی زۆر بەجێبهێڵێت، كە لە هەندێك حاڵەتدا دەگاتە ئاستی خەمۆكی، خستنەوەی رووداو و، تەنانەت مردنیش".
ئەم مەترسیانە ئەگەری ئەوەیان هەیە گۆڕانكاری لە ئاكاردا بكەن، ئەمە سەرباری زیادبوونی ئەو ئەپلیكەیشنە دیجیتاڵییانەی كە تایبەتمەندن بە سەلامەتی بەكاربەرانەوە، وەكو ئەو ئەپلیكەیشنانەی كە كاتی تەماشاكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سنوردار دەكەن‌و رێگری لێدەكەن.
توێژینەوەكەی "گلۆباڵ وێب ئیندێكس" دەریخستووە كە "ئالودە"بووانی بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر ئارەزووی بەكارهێنانی ئەو ئەپلیكەیشنە نوێیانە دەكەن، لەناویشیاندا توێژی لاوان.
باكلی وتی:" ئەو تەكنەلۆژیا دیجیتاڵە پێشكەوتووانە یارمەتی بەكاربەران دەدەن كاتەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رێكبخەن. زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەو توێژەی كە تەمەنی لە نێوان 16 بۆ 24 ساڵدایە دان بەوەدا دەنێن كە بەشێوەیەكی بەردەوام لەسەر ئینتەرنێتن، ئەمە لەكاتێكدایە زیاتر لە یەك لەسەر سێی ئەو توێژە دەڵێن تەكنەلۆژیا ژیان ئاڵۆز دەكات. هێشتا هۆشیارییەكی روونیش هەیە لەبارەی كاریگەری پێشكەوتنی تەكنەلۆژیان لەسەر ژیانیان". 

كاتی نمونەیی ؟
كاتێكی نمونەیی فەرمی نییە بۆ مانەوە بەشێوەی ئۆنلاین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. بۆ جاری یەكەم، رێكخراوی تەندروستی جیهان لە نیسانی رابردوودا یەكەمین پێشنیازی تایبەتی خۆی لەبارەی بەسەربردنی كات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و تەماشاكردنی شاشە دەركرد، رێكخراوەكە منداڵانی خوارو تەمەن پێنج ساڵی كردوەتە ئامانجی پێشنیازەكەی خۆی.
توێژینەوەیەك كە زانكۆی پەنسلڤانیا لە كانونی یەكەمی رابردوودا كردویەتی‌و 143 خوێندكاری گرتوەتەوە، ئاشكرایكردووە، كورتكردنەوەی كاتی بەكاربردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ 30 خولەك لە رۆژێكدا بوەتەهۆی " پاشەكشێكردنێكی دیار لە تێكڕای هەستكردن بە تەنیایی‌و خەمۆكی".
بەڵام هەندێك لە پسپۆڕان باوەڕیانوایە پرسەكە پڕ گرێوگۆڵە.
ئەندی شیبیلسكی توێژەر لە پەیمانگای ئۆكسفۆرد بۆ ئینتەرنێت دەڵێ:" ئامرازەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی زۆر جۆراوجۆرە؛ سایتی جیاواز بابەتی جیاواز دەخەنەڕوو، ئەمە وادەكات سەخت بێت بتوانرێت گشتاندن بكرێت لەبارەی ئاسەوارەكانی ئامرازی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand