Draw Media

ئیسرائیل لە عێراق‌و سوریا‌و لوبنان هێرشدەكاتە سەر ئێران

ئیسرائیل لە عێراق‌و سوریا‌و لوبنان هێرشدەكاتە سەر ئێران

2019-08-26 19:36:56


(درەو میدیا):
ئۆپەراسیۆنەكانی ئیسرائیل سوریا‌و عێراقی تێپەڕاند‌و گەیشتە لوبنان، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان هەڕەشەی وەڵامدانەوەی كرد لە ئیسرائیل كە ئەگەر كەشێكی پڕ لە نیگەرانی‌و ئاڵۆز بخوڵقێنێت، ئایا بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە لە نێوان ئیسرائیل لەلایەك‌و ئێرانو هاوپەیمانەكانی تری لەلایەكی ترەوە سەردەكێشێت بۆ بەرپابوونی جەنگێكی گشتگیر؟
سێ‌ تەقینەوەی ناوچەی بیقاعی ناوەڕاستیان لە لوبنان هەژاند، دەركەوت كە لەلایەن فڕۆكەكانی ئیسرائیلەوە ناوچەكە بۆردومانكراوە، تەلئەبیب دەڵێت لەو هێرشەدا چەند بنكەیەكی بەرەی میللی رزگاریخوازی فەلەستین سەركردایەتی گشتی كراوەتە ئامانج، پێش ئەم هێرشەش ئیسرائیل بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشیكردەوە سەر بنكە‌و بارەگاكانی حزبوڵای لوبنان لە باشووری ئەو وڵاتە كە پێگەی سەرەكی ئەو حزبەیە.
ئەم هێرشە حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حزبوڵای هێنایە قسە، نەسروڵا هەڕەشەی ئەوەیكرد كە باجەكەی هەرچییەك بێت وەڵام دەدەنەوەو هەر فڕۆكەیەكی ئیسرائیلی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلی ئەگەر لە ئاسمانی لوبناندا بفڕێت دەیخەنە خوارەوە.

یەكەم هێرش نیە
هێرشەكەی ئەمداوییەی سەر لوبنان، سێیەم هێرشی لەو جۆرەیە كە ئیسرائیل بنكە‌و پەناگەی ئەو هێزانە دەكاتە ئامانج كە ناڕاستەوخۆ سەربە ئێرانن، لە عێراق ئیسرائیل – بەوتەی رۆژنامەیەكی ئەمریكی- كۆگای چەك‌و تەقەمەنی تایبەت بە هێزەكانی حەشدی شەعبی كردە ئامانج كە لەلایەن ئێرانەوە هاوكاری دەكرێنن لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سوریاش وەك خۆی دەڵێت ئیسرائیل بنكەیەكی سەر بە فەیلەقی قودسی ئێرانی بە ئامانج گرتووە.
ئیسرائیل دەڵێت لەو هێرشەدا دوو كەس كوژراون كە هەوڵیانداوە كردەوەی تێكدەرانە لەدژی  ئەنجامبدەن لە خاكی سوریاوە، ئەفسەرێكی باڵای سوپای ئیسرائیل‌و ئەفیخای ئەدرعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێن هێزەكانی سەر بە فەیلەقی قودسی ئێران لە ئامادەكاریدا بوون بۆئەوەی لەرێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە هێرشبكەنە سەر باكوری ئیسرائیل‌و هەر فڕۆكەیەك لەوانە چەندین كیلۆگرام تەقەمەنی هەڵگرتووە، بەڵام ئیسرائیل ئەو پلانەی لەباربرد.
بەوتەی ئەدرعی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە لە ئێرانەوە لەگەڵ چەند كەسێكی ئێرانیدا گەیەنراونەتە فڕۆكەخانەی دیمەشق، پاشان گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەك كە فەیلەقی قودس بەڕێوەدەبات.
بەڵام موحسن رەزایی فەرماندە لە سوپای پاسدارانی ئێران ئەو گێڕانەوەیەی ئیسرائیل رەتدەكاتەوە‌و دەڵێت:" ناوەندە راوێژكارییەكەیان هیچ زیانێكی پێ نەگەیشتووە"

بۆچی ئێستا؟
لێكدانەوەكان دەربارەی ئامانجی راستەقینەی ئیسرائیل لەم هێرشانەدا جیاوازن، هەندێك لە چاودێرە سیاسییەكان وایدەبینن كە پێویستییەكی كاتییە بە لەبەرچاوگرتنی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل.
ئەیاد ئەبو شەقرا، چاودێری سیاسی لوبنانی لەگەڵ ئەم بۆچونەدایە‌و خاڵێكی تریشی دەخاتەسەر و دەڵێت ململانێی نێوان ئیسرائیل‌و ئێران ململانێیە لەسەر سنوری هەژمویان لە ناوچەكەدا‌و هێرشەكانی ئیسرائیل هیچ نین جگە لە ئاگاداركردنەوەیەك بۆ ئێران كە سنوری خۆی تێنپەڕێنێت. 
ئەبو شەقرا لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی " DW" ی ئەڵمانی دەشڵێت:" هەوڵێك هەیە بۆ دیاریكردنی سنوری هێز‌و هەژمونی نێوان هەردوو وڵات كە لە چوارچێوەی گشتی پێكەوەژیان دەرنەچێت.
وادەرناكەوێت كە ئێران هەوڵبدات خۆی لە بیرۆكەی فراوانتركردنی سنوری هەژمونی ئیقلمی بدزێتەوە، بۆیە بە بۆچونی ئەبو شەقرا ئەمە ئیسرائیلی ناچاركردووە دەست بە جوڵە بكات بۆئەوەی جموجوڵی فراوانخوازی ئێران رابگرێت، بەهۆی ئارەزووی ئێرانەوە بۆ پتەوتركردنی هەژمونی خۆی كە وادەردەكەوێت زیاترە لەوەی دەكرێت رێگەی پێ بدرێت، ئاماژەبەوەشدەدات كە رەزامەندییەكی نێودەوڵەتی هەیە بۆ هەژمونی ئێران لە ناوچەكەدا بەڵام لە سنورێكی دیاریكراودان ئەوەش بە روونی دەركەوت كاتێك محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە فەرەنسا‌و لە پەراوێزی كۆبوونەوەی لوتەكەی گروپی حەوتدا لەگەڵ هەندێك لە سیاسییەكاندا كۆبوەوەو ئەمڕۆش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە " روخاندنی رژێمی ئێران ئامانجی ئەمریكا نیە‌و ئەو دەیەوێت ئێران دەوڵەتێی بەهێز بێت، بەڵام رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵیدا رێككەوتنێكی خراپ بوو".
لای خۆشیەوە ئیال علیما چاودێری سیاسی‌و سەربازیی لە رادیۆی ئیسرائیل بەپێویستی دەزانێت بۆ تێگەیشتن لە جموجوڵەكانی ئەمداوییەی ئیسرائیل دەبێت بگەڕێینەوە بۆ لێدوانی چەند مانگێك لەمەوبەری یەكێك لە گەورە ئەفسەرانی ئیسرائیل لە دەستەی هەواڵگری كە رایگەیاند ئێران كار دەكات بۆئەوەی چەند بنكەو دامەزراوەیەكی ستراتیژی لە سوریاوە بگوازێتەوە بۆ عێراق لەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆسەریان.
دەشڵێت سوربووونی جیهان‌و ئیسرائیل لە رێگەگرتن لە جێگیربوونی ئێران لە سوریا‌و ناوچەكە لانیكەم بە بۆچونی ئیسرائیل پاساوی ئەوەی پێ دەدەن چالاكییە سەربازییەكانی لە عێراق‌و سوریا‌و لوبنان فراوانتر بكات.
بەڵام یۆهانسك بێگ مامۆستا لە زانكۆی توێژینەوە یەهودییەكان لە هایدلبێرگ لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ DW دەڵێت:" نیگەرانی ئیسرائیل زیاتر بووە لە بڕ‌و قەبارەی جەنگی بەوەكالەت كە لە ناوچەكەدا ئەنجامدەدرێنو ئێرانیان لە پشتەوەیە، ئەوەش وایكرد ئیسرائیل دەست بە جوڵە بكات".

هێرشەكان دەبنە جەنگێكی گشتگیر؟
بەشێكی زۆر لە چاودێران ترسی خۆیان  ناشارنەوە لە ئەگەری تەشەنەسەندنی رووبەڕوبونەوەكانی ئەمداوییەی نێوان ئێران‌و باڵەكانی لە ناوچەكەدا لەگەڵ ئیسرائیل بۆ بەرپابوونی جەنگێكی ئیقلیمی، بە تایبەتیش دوای لێدوان‌و هەڕەشە راستەوخۆكانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵا.
ئەیاد ئەبوشەقرا چاودێری سیاسی لوبنانی لەگەڵ ئەو ترسەدایە، بەڵام باوەڕیشی وایە " ئەگەر جەنگ بەرپا ببێت ئەوا لە سنورێكی دیاریكراودا دەبێت، چونكە چوارچێوەیەكی پێكەوەژیان‌و رەزامەندیی هەیە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكەدا كە وای لێدەكەن ئامادەیی تێدابێت هێزی ئەتۆمیی ئێران بگۆڕێتەوە بە بوونی هەژموونی لەسەر خاك‌و زەوی لە ناوچە عەرەبییەكاندا.
ئەبو شەقرا لە وتاكانی نەسروڵادا رەهەندێكی مەترسیدار دەبینێت‌و جەخدەكاتەوە كە هەڵەی زمانەوانی یان خراپ خەمڵاندن نەبوو كاتێك نەسروڵا وتی بەرپەرچدانەوە‌و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لە لوبنان دەبێت‌و نەی وت لە لوبنانەوە دەبێت، كەواتە نەسروڵا چ پلانێكی هەیە بۆئەوەی لەناو لوبناندا جێبەجێی بكات ئەگەر هێرشی ئیسرائیل دووبارە بووەوە؟ كەس نازانێت، ئەمەش مایەی نیگەرانییە، ئاماژە بەوەشدەدات كە هەڵوێستی ئەوروپا بەرامبەر بە ئێران لەگەڵ هەڵوێستی چین‌و روسیا كە بە تەواوەتی شكاندنی ئێران رەتدەكەنەوە هەموو كارگەلێكن كە ئاماژە بەوەدەدەن رەزامەندییەك هەیە بۆ بوونی هەژموونێكی ئیقلیمی ئێران بەڵام بە شێوەی ناڕاستەوخۆ.
بەوتەی ئیال عەلیما چاودێری سیاسی ئیسرائیلی هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل هەڵگیرسانی رووبەڕبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ حزبوڵا یان باڵەكانی تری ئێران لە ناوچەكەدا بە دوو دانانێن‌و دەڵێت:" هەڵسەنگان بۆ هەڵوێستێك دەكرێت كە باس لە ئەگەری تێكچوونی بارودۆخەكە دەكات یان رووداوێكی لاوەكی كە لەسەر سنور رووەدات‌و دواتر فراوان دەبێت بۆ شەڕێكی چەند بەرەیی، ئەوەش بەواتای ئەوە دێت كە مەترسیی هەیە".
بەڵام ئەم چاودێرە ئیسرائیللە رونیشیدەكاتەوە كە ئەگەری تێوەگلانی هەردوو وڵات لە رووبەڕبوونەوەیەكی گشتگیردا بەمزوانە بە ئەگەرێكی دوور دادەنێت‌و دەڵێت هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەكان پابەندن بە رێگەگرتن لە بەرپابوونی جەنگێك بەڵام هەندێك بەریەككەوتن‌و ئاڵۆزیی بەردەوام دەبنە هۆی زیاتربوونی دۆخەكە‌و دیمەنی توندتری ئەم بەریەككەوتنە دەبینین، بە تایبەت لەدوای سوربونی ئیسرائیل لەسەر گەڕانەوەی ئێران بۆ پێگەكانی لە ناوچەكەو لە بەرامبەریشدا ئێران سورە لەسەر بەردەوامیدان بە ستراتیژی فراوانتركردنی هەژمونی لە ناوچەكەدا".
هەمان نیگەرانی لای یۆهانس بێگ مامۆستای زانكۆی هایدلبێگر هەیە كە دەڵێت لە جەنگی 2006ەوە حزبوڵا‌و ئیسرائیل خۆیان بۆ رووبەڕووبونەوەیەكی گشتگیر ئامادەدەكەن‌و حزبوڵا بوەتە خاوەنی بنكە‌و سەكۆی تەقاندنی موشەكە مەودا مامناوەند لەناو لوبناندان كە ئەوەش رەنگە پاڵ بنێت بە ئیسرائیلەوە بۆئەوەی توندتر بێتە ناو لبونانەوە‌و رەنگە ئەمە ببێتە جەنگی سێیەمی لوبنان.
یۆهانس بێگ رونیشیدەكاتەوە كە هاتنەدی ئەم سیناریۆیە ئێستا دوورە، بەڵام كێشەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە كە قورسی هەڵسەنگاندنی بە شێوەیەكی سنوردار بۆ بكرێت، لە جەنگە لوبنانی ساڵی 2006ەوە ئاڵۆزییەكان زۆریان نەخایاندووە هەتا گەیاندویانەتە شێوەی جەنگێكی تەواوەتی.

ئیسرائیل هێڵی سوری بەزاندووە؟
جوڵەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئیسرائیل بۆ قوڵایی ناو لوبنان مایەی سەرسوڕمان بوو، لەبەرئەوە تەلئەبیب زۆر بەجدیی دەڕوانێتە لێدوانەكانی حەسەن نەسروڵا، ئەمەش بەوتەی ئیال عەلیما چاودێری سیاسیی ئیسرائیلیی.
عەلیما دەڵێت رەنگە بەو هەنگاوە ئیسرائیل هێڵی سوری بەزاندبێت، " پێشتر بنەمای گەمەكردن هەبوو لە نێوان حزبوڵا‌و ئیسرائیل دەربارەی ئەو كۆت‌و بەندانەی كە دەبێت پابەندی بن، لەبەرئەوە حزبوڵا هیچ وەڵامێكی هێرشەكانی ئیسرائیلی لە ناو خاكی سوریادا نەدایەوە هەرچەندە گۆڕەپانی سوریا بەشێكە لە بەرژەوەندییەكان حزبوڵا، هەتا ئیسرائیلیش لە هیچ ئاماندێكی لەناو خاكی لوبناندا نەداوە، بەڵام هێرشی دوو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە خاڵی وەرچەرخانە و هەموو ئەو بنەمایانەی شكاند كە هەردوو لایەن پەسەندیان كردووەن لەبەرئەوە ئەم رووداوە لەلایی زۆربەی لایەنەكان نیشانەی پرسیارە".
لە وتارەكەیدا نەسروڵا جەختیكردەوە كە هێرشەكە "هێرشێكی خۆكوژی پلان بۆداڕێژراو" بووە، بەڵام عەلیما دەڵێت رەنگە كارەكە بەهەڵە ئەنجامدرابێت، چونكە قورسی پێشبیی ئەوەی بكرێت كە ئیسرائیل قوڵایی لوبنان بكاتە ئامانج، مەگەر ئامانجێكی گرنگ هەبێت، بەڵام هیچمان دەربارەی ئەوە نەبیستووە.؟
ئەم پسپۆرە ئیسرائیلییە دەشڵێت:" ئەمە وایكردووە كە ئیسرائیل وەڵامی حزبوڵا بۆ ئەم هێرشە بەدوور نەزانێت، بەڵام كەس كات‌و شێوەكەی نازانێت".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand