Draw Media

پەروەردە چۆن دەچێتە ساڵی نوێی خوێندنەوە؟ 

پەروەردە چۆن دەچێتە ساڵی نوێی خوێندنەوە؟ 

2019-08-27 15:04:36


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ – محەمەد رەئوف
 وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی شەممە 21ی ئەیلولی داهاتووی دیاریكرد بۆ كردنەوەی دەرگای خوێندگەكان‌و دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2019-2020، ئێستا كەرتی پەروەردە لەبەردەم كۆمەڵێك قەیران و ئاڵنگاری گەورەدایە بەو پێیەی ژێرخانی پەروەردە بەشێكی داڕوخاوەو رەنگە چارەسەركردنیان پێویستی بە پلانی درێژخایەن بێت، 60%ی قوتابخانەكان پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە 100 قوتابخانە هەر كارەبای نیە، 30 قوتابخانە لە بینای گڵدایە،( هەزارو 785) قوتابخانە دوودەوامیەو ( 134 ) قوتابخانە سێ دەوامیە.


ژینگەی قوتابخانەكان
ژینگەی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا ژینگەیەكی نالەبارەو گونجاو نیە بۆ خوێندن و لەگەڵ سیستمی نوێی خوێندندا یەكناگرێتەوە, ژمارەیەكی بەرچاوی بینای قوتابخانەكان كۆن و داڕزیون و بەكەڵكی خوێندن نایەن‌و تەنانەت هەندێكیان مەترسی روخانیان لێدەكرێت.
لە ساڵانی رابردوودا ئەمە روویداو خوێندكارو مامۆستا كەوتنە ژێر دارو پەردووی ئەم بینا داڕزیوانە و خوێندكارێكیش گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ئاماری خودی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان لەم سەدەی بیست و یەكەدا، ئێستا(30)  قوتابخانە بیناكانیان لە گڵ و قوڕ دروستكراون، هەروەها 60%ی قوتابخانەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، هاوكات ( 1785 ) قوتابخانە دوودەوامییەو ( 134 ) قوتابخانە سێ دەوامییەو ( 5 ) قوتابخانە چوار دەوامییەو ( 194 ) قوتابخانە لە بینای كرێدان و (100) قوتابخانەش كارەبای نیە. 
-    لە ساڵی خوێندین 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە ( 3162 ) قوتابخانەی پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە بەڕێژەی (60%).
-    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (501) قوتابخانەی شورا( دیوار)ی نیە بەرێژەی ( 9%).
-    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 6635 )دەوامی قوتابخانە ( 4705) قوتابخانە یەك دەوامیە ( 1785) قوتابخانە دوو دەوامیە( 134) قوتابخانە سێ دەوامیە ( 5) قوتابخانە چوار دەوامی و پێنج دەوامیە
-    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لە كۆی ( 5234 ) قوتابخانە (194) قوتابخانەی لە بینای كرێدان.
-    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (1395) قوتابخانەی میوانن.
-    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (30) قوتابخانەی لە بینای گڵدان‌و تا هیچ تایبەتمەندییەكی قوتابخانەی تیا نیە.
-    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 317 هەزارو 619 ) رەحلەی یەك كەسی ( 36 هەزارو 84 ) رەحلە پێویستی بە چاككردن هەیەو ( 30 هەزارو 583) رەحلە خراپە .
-    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 650 هەزارو 82 ) رەحلەی دوو كەسی (78 هەزارو 86) رەحلە پێویستی بە چاككردن هەیەو ( 53 هەزارو 483) رەحلە خراپە.
-    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (2411) قوتابخانەی باخچەی نیە بەرێژەی ( 46%)
-    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (100) قوتابخانەی كارەبای نیە.
-    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (350) قوتابخانە تەوالێتی مامۆستای نیەو (159) قوتابخانە تەوالێتی قوتابی نیە.
-    لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (716) قوتابخانە تۆڕی ئاوی پاكی خواردنەوەی نیە.
ژمارەی مامۆستا لەگەڵ میلاكدا یەكناگرێتەوە
لە هەرێمی كوردستاندا (128 هەزارو 424) مامۆستا هەیە، كە (54 هەزارو 110 ) مامۆستای لە رەگەزی نێر بەرێژەی ( 42%) و (74 هەزارو 311) مامۆستا لە رەگەزی مێن بە رێژەی ( 58%)
لەگەڵ ( 11 هەزارو 136 ) مامۆستای وانەبێژ، لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 ( 11 هەزارو 379) مامۆستا مۆڵەتیان وەرگرتووە.
ئەوەش رێژەیەكی كەم نیە ئەگەر زیاد نەبێت, بەڵام هۆكاری ئەوەی كە هەندێك قوتابخانە بەدەست بێ مامۆستایی و كەمی مامۆستاوە دەناڵێََنن ئەوەیە كە ناڕێكی لە دابەشكردنی مامۆستادا هەیە، قوتابخانە هەیە رێژەی زیاد لە پێویستی مامۆستای هەیە، قوتابخانە هەیە ژمارەی مامۆستاكانی ئەگەر بەقەد خوێندكارەكانی نەبێت هیچی وای كەمتر نیە، قوتابخانەش هەیە بە نزیكەی (700) خوێندكارەوە (10) مامۆستای هەیە، لە هەرێمدا هەر مامۆستایەك 17 خوێندكاری بەردەكەوێت.


  وازهێنان لە خوێندن 
دیاردەی وازهێنان لە خوێندن دیاردەیەكی خراپ‌و مەترسیدارە لە هەرێمی كوردستاندا، بەپێی ئامارەكانی خودی وەزارەتی پەروەردە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان واز لە خوێندن دەهێنن، ئەمە جگە لەوانەی كە هەر پەیوەندیان بە خوێندنەوە نەكردووەو ناونوس نەكراون كە ئەمانە هیچیان لەم ئامارانەدا نین
ژمارەی ئەو قوتابیانەی وازیان لە خوێندن هێناوە لە ساڵی خوێندنی 2017-2018 لەكۆی ( ملیۆنێك و 741 هەزارو 762 ) قوتابی (34 هەزارو 527) قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە، لەگەڵ ئەوەی بەشێكیان فاكتەری ئابوری كۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام بەشێكیشی پەیوەستە بە ژینگەی قوتابخانەوە كە ژینگەیەكی نەگونجاوە لەگەڵ خواست و ویستەكانیانداو زۆرێك لە قوتابخانەكان وەك سەربازگە یاخود زیندانێك وان بۆ قوتابیان، بۆیە هەست بە خۆشی و ئاسودەیی ناكات لە ناو بینای قوتابخانە، كەمی و نەبوونی وانەكانی ( وەرزش، میوزیك، هونەر..هتد) كاریگەری زۆری لەسەر 
وازهێنانی قوتابی هەیە.


چارەسەر
وەزیری نوێی پەروەردە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ماوەی زیاتر لە 40 رۆژە دەستبەكاربووە، ئەو وەزارەتێكی وەرگرتووە كە بەدەست ئەو كێشە كەڵەكەبووانەی سەرەوە دەناڵێنێت.
لە دەستپێكی كارەكانیدا وەزیری نوێ چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ چارەسەركردنی هەندێك لەو كێشانە كە بریتین لە:
* هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی هەردوو بابەتی ( بیركاری‌و زانست) بە زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانە بنەڕەتییەكاندا، كە ئەمە لە رابردوودا كێشەیەكی زۆری بۆ خودی خوێندكاران‌و كەسوكاریان‌و تەناتەت مامۆستایانیش دروست كردبوو.
* قەدەغەكردنی وتنەوەی وانە لە خوێندنگە ئەهلییەكاندا لەلایەن مامۆستایانی قوتابخانە حكومییەكانەوە، ئەوەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچوانی زانكۆ‌و پەیمانگاكان كە چەند ساڵێكە دامەزراندن لە كەرتی حكومییدا وەستاوە.
*پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ڕێكخستنەوەی میلاكاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری شارەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2019- 2020).
* ڕێگەنەدان بە كردنەوەی خولی بەهێزكردن و وتنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوە.
ئەم بڕیارانەی وەزیری پەروەردە ئەگەرچی بۆ  پرۆسەی پەروەردە‌و فێركردن لە هەرێمدا گرنگن، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی كێشە قوڵە‌و گەورەكانی ئەو پرۆسەیە ناكات، چونكە چارەسەری كێشەكانی پەروەردە پێویستی بە بودجەی باش‌و پلانی ستراتیژی هەنوكەیی‌و درێژخایەن هەیەۆ بەشێك لەو كێشانە بەمشێوەیە چارەسەر دەبن:
* كەرتی پەروەردە بەدەست كەمی بینا‌و خراپی بیناوە دەناڵێنێت، بۆیە پێویستە حكومەت‌و وەزارەتی پەروەردە لەم بوارەدا بودجەیەكی تایبەت تەرخان بكەن بۆ بونیاتنانی خوێندنگەی نوێ‌و نۆژەنكردنەوە‌و چاككردنی بیناكان‌و گونجاندنیان لەگەڵ سەردەمدا.
* دابینكردنی كەلوپەل‌و پێداویستییەكانی تایبەت بە پرۆسەی پەروەردە‌و فێركردن كە ئێستا تەكنۆلۆژیای پێشكەتوو رۆڵی بەرچاو دەبینێت لەو پرۆسەیەدا.
* رێكخستنەوەی میلاكی خوێندنگەكان لە مامۆستا‌و فەرمانبەر‌و كارگوزار‌و باخەوان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، چونكە كێشە لە كەمی میلاكدا بەو شێوەیە نییە بەڵكو كێشەكە لە رێكخستنی میلاكاتدا هەیەو هەندێك خوێندنگە میلاكی زۆرە‌و هەندێكیش میلاكی زۆر كەمە.
* چاوخشاندنەوە بە بابەتەكانی خوێندن‌و گونجاندنیان لەگەڵ سەردەم‌و دۆخی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا.
* بایەخدان بە مامۆستایان، كە بڕبڕەی پشتی پرۆسەی پەروەردە‌و فێركردنن‌و گۆڕانكاریكردن لە دەستەی بەڕێوەبردنی خوێندنگەكاندا بەشێوەیەك كە ئەوانەی خوازیارن لەو بوارەدا خزمەت بكەن بواریان بۆ بڕەخسێت‌و ئەوانەشی چەندین ساڵە لەو ئەركەدان‌و ماندووبون پشوو بدەن‌و بگەڕێنەوە‌و خوێندكاران‌و پەروەردەش سود لە ئەزمونیان وەربگرن.


وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێم لە 1992 دامەزراوەو بە یاسای ژمارە (4) ساڵی (1992) وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، كاری خۆی دەكات. 
بەپێی ئەو زانیاریانەی كەلە سایتی فەرمی وەزارەتی پەروەردەدا بڵاوكراوەتەوە(https://moe-krg.com) لە دیوانی وەزارەت ( 5 ) راوێژكار هەیە، لەناو دیوانی وەزارەتدا ( 12 ) بەرێوەبەری گشتی هەیە، سەرەڕای بەرێوەبەری گشتی پەروەردەكان، لەگەڵ ( 7) بەرێوەبەرایەتی لەناو دیوانی وەزارەتی پەروەردە. 

 

* سود لە راپۆرتی ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان وەرگیراوە 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand