كورد خۆی كەركوك تەعریب دەكات
2019-08-28 12:22:21
راپۆرت: درەو میدیا
بە واژۆی بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140، لەماوەی سێ مانگدا زیاتر لە (600) خێزانی پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین , دیالە, ئەنبارو بەغداد، دەگەڕێنرێنەوە بۆ پارێزگای كەركوك، كە ئەمەش شاڵاوێكی رێكخراوی تەعریبە لەو پارێزگایە.
بەپێی نوسراوێك كە واژۆی كاكەڕەش سدیق بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140 و هاوكات ئەندامی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی لەسەرە، بە شەش لیست ناوی ( 600) خێزانی عەرەبی لە ماوەی تەنها سێ مانگدا ( 11/3 -28/6/2019 ) گەڕێنراونەتەوە بۆ پارێزگای كەركوك.
گەڕانەوەی ئەو خێزانە عەرەبانە بۆ كەركوك بەو لێشاوە، گومانی گەورەی دروستكردووە بەوەی لە سەروەختی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە ( 1ی نیسان)ی داهاتوو بەڕێوەبچێت هاوكات بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرژمێری بكرێت، كە ئەمەش گۆڕینی دیمۆگرافیای كەركوكەو لایەنە كوردییەكانیش بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
كورد پێكهاتەی دۆڕاوی كەركوك
لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كورد لە پارێزگای كەركوك دەسەڵاتو پێگەی بەتەواوی لاواز بووە، نەبوونی بەرنامەیەكی رون بۆ چارەنوسی ئەو پارێزگایەو ناكۆكی لایەنە كوردییەكان هێندەی تر پێگەی كوردی لاواز كردووە.
لە دوای راگەیاندنی ناوی ( تەیب جەبار) وەك كاندیدی پارتیو یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك لە 11ی تەموزی 2019 لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك، بەڵام تا ئێستا یەكێتی و پارتی خۆیان نیانتوانیوە ئەندامانی خۆیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رازی بكەن بۆ هەڵبژاردنی كاندیدە هاوبەشەكەیان، بەشێك لە ئەندامانی هەردوو حزب لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناڕازین بە كاندیدكردنی ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك.
لە كۆبونەوەی هەفتەی رابردووی لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لەگەڵ ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لە هەولێر بەڕێوەچوو, بەشێك لە ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناڕەزاییان دەربڕیوە لەسەر دیاریكردنی كاندیدی پارتی و یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك.
بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئەو ئەندامانەی پارتی كە ژمارەیان ( 5 ) ئەندامە لە كۆی ( 12) ئەندامی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایانگەیاندووە " نابێت تەنها یەك كاندید هەبێتو پێویستە 4 كاندید هەبێت و ئەوان یەكێكیان هەڵبژێرن".
هەروەها ئاماژەیان بەوەشكردووە مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی حیسابیان بۆ نەكردون لە دیاریكردنی ئەو كاندیدەو بۆیە ئامادە نین دەنگ بە كاندیدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بدەن.
بۆیە چاوەڕەوان دەكرێت و هەوڵەكانیش بەو ئاراستەیەیە كە تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان (1ی نیشانی 2020) پارێزگاری كەركوك هەڵنەبژێردرێت و راكان جبوری لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە
لە راكان جبوری نزیك دەبنەوە
راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، ئێستا لەرووی ئیعلامییەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دژایەتی خۆیانی بۆ رادەگەیەنن، بەڵام لەپشتی پەردەوە مامەڵەی دیكە دەگوزەرێت.
بە پێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی كەركوكەوە دەستی كەوتووە، بەهۆی ئەوەی راكان جبوری نزیكەی لە ( 600 ملیار) دیناری لەبەر دەستدایە، بەشێكی زۆری سەركردەكانی یەكێتی لە كەركوك مامەڵەی ژێر بە ژێریان لەگەڵی هەیە ئەویش لە پێناو پێدانی پرۆژەو سود مەندبون لەو پارەیەی لەبەردەستیدایە, بۆ نمونەش شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی خەرجكردنی پارە لەلایەن خودی راكانەوە، كە بەشێك لە ئەندامانی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەگەڵ عەرەبەكان 21 واژویان كۆكردەوە بەوەی راكان جبوری خۆی دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی پترۆدۆلار و بودجەی هەرێمیی هەبێت.
هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە تائێستا چەندین كۆبونەوەی نهێنیان لەگەڵ راكان جبوری كردووە، جبوری لەماوەی رابردوودا چەندین جار لە شاری هەولێر كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كردووەو یەكێك لەو كۆبوونەوانە هەفتەی رابردوو لە شاری هەولێر بەڕێوەچووە.