Draw Media

خانە‌و رێكخەری گشتی چۆن هەڵدەبژێردرێن ؟

خانە‌و رێكخەری گشتی چۆن هەڵدەبژێردرێن ؟

2019-09-03 17:43:03


راپۆرت:  فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف

(15) ساڵ لەمەوبەر لە نامەیەكدا داوا دەكات "جەلال تاڵەبانی" دەست لە پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی بكێشێتەوە بەوپێیەی تەمەنی گەیشتوەتە (70) ساڵ، بەڵام ئێستا خۆی تەمەنی (75) ساڵە‌و جارێكی تر بۆ پۆستی رێكخەری گشتی خۆی كاندید دەكاتەوە، رۆژی 14ی ئەم مانگە بزوتنەوەی گۆڕان سەركردایەتییەكی نوێ هەڵدەبژێرێت، ئەوانەی دەنگ دەدەن خۆیان وادەی یاساییان بەسەرچووە، بەڵام دەیانەوێت دامەزراوەیەكی تری بزوتنەوەكە لە قەیرانی بەسەرچوون رزگاربكەن.  

دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە 
ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە شاری سلێمانی كۆبووەوە، ئەم كۆبونەوەیە بۆ بڕیاردان بوو لەسەر هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنەوەكە.
دوای كۆبونەوەكە، زمناكۆ جەلال رێكخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند:" لە سبەینێوە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەكرێتەوە، دوای داخستنی دەرگای خۆكاندیدكردن، ناوی كاندیدەكان ئاشكرادەكرێت‌و لە وادەی دیاریكراودا كە 14/9/2019 یە، هەڵبژاردنەكە دەكرێت".

دامەزراوەیەكی ماوەبەسەرچوو !
بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، ئێستا وادەی یاسایی هەردوو جڤاتی (نیشتمانی‌و گشتی)، خانەی راپەڕاندن، رێكخەری گشتی بەسەرچووە، بەڵام ماوەی بەسەرچونەكانیان جیاوازە، جڤاتی نیشتمانی كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە ساڵی 2014وە وادەی یاسایی بەسەرچووە، بەڵام خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی لە رۆژی 25ی تەموزی ئەمساڵەوە وادەكەیان بەسەرچووە.

گۆڕان چی دەكات ؟
بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە تەنیا خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی نوێ بكاتەوە، نەك جڤاتی نیشتمانی، ئەمە لەكاتێكدایە جڤاتی نیشتمانی ئەندامانی خانە‌و رێكخەری نوێ هەڵدەبژێرن، واتە دامەزراوەیەكی ماوەبەسەرچوو (جڤاتی نیشتمانی)، ئەندامانی دامەزراوەیەك هەڵدەبژێرن كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجیێكردنە لەناو حزبدا، كە ئەوەش (خانەی راپەڕاندن)ە.

كێ دەنگ دەدات ؟
جۆزیف ستالین سەركردەی كۆچكردووی یەكێتی سۆڤیەتی جاران لەبارەی هەڵبژاردنەوە قسەیەكی بەناوبانگی هەیە كە دەڵێ" ئەو كەسە گرنگ نییە كە دەنگ دەدات، ئەوە گرنگە كە دەنگەكان ئەژمار دەكات".
بزوتنەوەی گۆڕان كێشەی ئەو كەسەی نییە كە دەنگەكان ئەژمار دەكات، چونكە خاوەنی ژورێكە بەناوی هەڵبژاردن‌و ئەو ژورە پرۆسەكە بەڕێوەدەبات، بەڵام كێشەی دەنگدەرەكانی هەیە.
جڤاتی نیشتمانی كە ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرێت ئێستا ژمارەی ئەندامەكانی (49) كەسە، واتە ئەم (49) كەسە سەركردایەتی داهاتووی بزوتنەوەكە دیاری دەكەن، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئەم ژمارەیە وەكو خۆی دەمێنێتەوە‌و هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا ناكرێت.
رۆژی 25ی تەموزی 2017 دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكەمینجار ئەندامانی خانەی راپەڕاندن‌و شوێنگرەوەی رێكخەری كۆچكردووی پڕكردەوە، ئەوكات ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی (56) كەس بوو، واتە لەنێوان هەڵبژاردنی پێشوو‌و هەڵبژاردنی داهاتوودا ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی (7) كەس كەمی كردووە، بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە، دەكرێت ئەندامانی ئەم جڤاتە ژمارەیان تاوەكو (62) كەس زیادبكرێت.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئەو (49) كەسەی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی كە خانە‌و رێكخەری نوێ هەڵدەبژێرن، زۆرینەیان (سیڤی)یان بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان پڕكردوەتەوە، بەڵام هێشتا كەسیان پۆستیان پێنەدراوە.
بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان كە (درەو میدیا) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە قسەی لەگەڵ چەند كەسێكیان كردووە، باسلەوە دەكەن، هەندێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەڕێگەی بەڵێنی پێدانی پۆستە حكومییەكانەوە، دەیانەوێت كاریگەری لەسەر بڕیاری ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی دروستبكەن لەبارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی خانە‌و رێكخەری گشتییەوە، ئەوەش هۆكارەكەیە كە تائێستا (سیڤی) ئەو ئەندامانەی جڤاتی نیشتمانی یەكلانەكراوەتەوە كە داوای وەرگرتنی پۆستی حكومییان كردووە، واتە خانەی راپەڕاندن لەڕێگەی بەڵێنی پێدانی پۆستەوە، دەنگدەرەكانی كۆنترۆڵكردووە كە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانین.

جڤاتی نیشتمانی چییە ؟
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە "بەرزترین دەسەڵاتە لەنێوان دوو هەڵبژاردندا"، ئەندامانی ئەم جڤاتە پێكهاتوون لە:
•    ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، كە بەپێی دەستور ژمارەیان (7) كەسە، ئێستا (5) كەس ماوەتەوە (عوسمان حاجی مەحمودو محەمەد تۆفیق رەحیم دەستیان لەكاركێشاوەتەوە).
•    باژێڕوانەكان، ئەمانە بەرپرسی مەكۆكانی بزوتنەوەكەن لەناوچە جیاجیاكانی كوردستان، گۆڕان (27 بۆ 28) مەكۆی هەیە (چوار باژێڕوان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، باژێروانێك كێشەی هەیە، واتە 5 ئەندامی جڤات شوێنیان بەتاڵە‌و پڕنەكراوەتەوە).
•    تەواوكارەكان، ئەمانە مەبەست لەو كەسانەن كە بەتەواوكاری كراون بە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی، بۆ نمونە لە شارێكی وەكو سلێمانیدا كە شارێكی گەورەیە، لەپاڵ باژێڕوانی سلێمانیدا چەند كەسێكی تر وەكو نوێنەری سلێمانی لە جڤاتی نیشتمانی دانراون، بەهەمان شێوە بۆ هەولێرو دهۆكیش، ژمارەی ئەوانەی بە شێوەی تەواوكار بوون بە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی (7) كەسن، بەڵام ئێستا (6) كەسیان ماوەتەوە.
•    سەرۆكی فراكسیۆنەكانی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق‌و كوردستان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەمانە ژمارەیان (5) كەسە.
•    رێكخەری ژورەكان، بزوتنەوەی گۆڕان (11) ژوری هەیە، ئەم (11) كەسە هەمویان ئەندامی جڤاتی نیشتمانین، بەڵام ئێستا ئەمانەش كێشەیان هەیە‌و (5) پۆستیان بەتاڵە‌و پێشتر رێكخەری ئەو ژورانە یان خۆیان وازیان هێناوە، یان لە پۆستێكی تر دەستبەكاربوون یاخود دورخراونەتەوە.
•    نوێنەری ئەنجومەنەكانی رەوەندی كوردی لە هەندەران، ئەمانە ژمارەیان (3) كەسە، نوێنەرەكانی رەوەندی بەریتانیا‌و دانیمارك‌و هۆڵەندا، ئەمانەش یەكێكیان وازی لە بزوتنەوەی گۆڕان هێناوە‌و ئێستا (2) كەسیان ماوەتەوە.
•    نوێنەری كاروباری رێكخراوەیی ئافرەتان.

رێككەوتنێكی پێشوەختە !
بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا)، بەر لە چەند مانگێك  رێككەوتنێكی پێشوەختە لەنێوان كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا (نماو چیا)‌و رێكخەری گشتی‌و هەندێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كراوە لەبارەی نەخشەی داهاتووی سەركردایەتی بزوتنەوەكەوە.
لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا رۆڵی سەركردەكانی بزوتنەوەكە بەمشێوەیە دابەشكراوە:
•    مستەفا سەید قادر: كاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە (ئێستا چاوەڕێی دەرچوونی مەرسومی سەرۆكایەتییە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لە دەرەوەی وڵاتە)
•    عومەر سەید عەلی: رێكخەری ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان‌و رێكخەری دوو ساڵی داهاتووی بزوتنەوەكە
•    جەلال جەوهەر: كاندید بۆ پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی (ئەم پۆستە هێشتا یەكلانەكراوەتەوە، پۆستەكە پێویستی بە دەركردنی یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان بەوپێیەی پۆستێكی نوێیە‌و لەم كابینەیەدا دروستكراوە)
•    جەمال حاجی محەمەد: پۆستێكی باڵای لە حكومەت پێبدرێت، ئەگەر ئەمە نەكرا، جارێكی تر وەكو ئەندامی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردرێتەوە (لەم چوارچێوەیەدا پێشتر جەمال حاجی محەمەد دەستی لە كاندیدبوونی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كێشایەوە لە بەرژەندی مستەفا سەید قادر)
سێ كەس لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەم رێككەوتنە ژێربەژێرەدا پەراوێزخراون، ئەوانیش بریتین لە هەریەكە لە (شۆڕش حاجی، رەئوف عوسمان، محەمەد تۆفیق رەحیم).
شۆرش حاجی بەمدواییە دەستیكردووە بە نوسینی زنجیرە وتارێكی رەخنەیی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان، رەئوف عوسمان كە سەرۆكی جڤاتی گشتییە، نیگەرانە لە پرۆسەی دیاریكردنی وەزیرەكان، محەمەد تۆفیق رەحیم كە زاوای نەوشیروان مستەفایە، بەهۆی كاندیدنەكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، نیگەرانە‌و چووەتە دەرەوەی وڵات، (محەمەد تۆفیق رەحیم لە كۆنفرانسی نیشتمانی پێشتری بزوتنەوەی گۆڕانیشدا بەهۆی ناڕەزایەتییەوە بەشدار نەبوو).
محەمەد تۆفیق رەحیم كە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا وەكو نوێنەری بنەماڵە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرا، ئێستا لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دوركەوتووەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، دورخستنەوەی محەمەد تۆفیق رەحیم لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە بۆ سێ هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە:
•    هۆكاری یەكەم: دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، محەمەد تۆفیق رەحیم رۆڵی رێكخەری پەیوەندییەكانی لەنێوان كوڕەكانی جەلال تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا دەبینی، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و مەسرور بارزانی رێككەوتنی كردووە‌و بۆ ئەم قۆناغە چیتر پێویستی بە رۆڵی محەمەد تۆفیق رەحیم نییە.
•    لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، محەمەد تۆفیق رەحیم رۆڵی بەهێزی بینی لە روبەڕووبونەوەی ئەو سەركردانەی بزوتنەوەی گۆڕان كە ناڕازی بوون لە سیاسەت‌و چۆنیەتی ئیدارەدانی بزوتنەوەكە، بەدیاریكراوی (عوسمان حاجی مەحمود، قادر حاجی عەلی)، ئێستا ئەم دوو كارەكتەرە وازیان لە بزوتنەوەی گۆڕان هێناوە‌و لەگەڵ خۆیان كۆتاییان بە رۆڵی محەمەد تۆفیق رەحیمیش هێناوە.
•    كوڕانی نەوشیروان مستەفا كە بۆ ئەم قۆناغە كاریان بە محەمەد تۆفیق رەحیم نەماوە، دەیانەوێت بۆ دەرەوەی بزوتنەوەكە وای نیشان بدەن كە بزوتنەوەی گۆڕان نەبووە بە حزبێكی بنەماڵەیی‌و زاوای نەوشیروان مستەفا كە محەمەد تۆفیق رەحیم دورخراوەتەوە‌و كاندیدنەكراوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
رەنگە محەمەد تۆفیق رەحیم دیارترین كارەكتەرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بێت كە لەم هەڵبژاردنە ناوخۆییەدا خۆری بەختی ئاوا ببێت.


خانەی راپەڕاندن چییە ؟
بەپێی دەستوری ناوخۆیی، خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بریتییە لە "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا".
كۆتایی ساڵی 2013 بزوتنەوەی گۆڕان دوای چوار ساڵ لە دروستبوونی، بۆ یەكەمینجار كۆنگرەی كرد، كۆنگرەكە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لەو كۆنگرەیەدا بزوتنەوەی گۆڕان یەكەمین دەستوری كاركردنی خۆی پەسەندكرد، بەپێی ئەو دەستورە بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندن درا، بەڵام ئەم خانەیە تاوەكو دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا دروستنەكرا.
25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی كە ئەوكاتیش وادەی یاسایی بەسەرچوو بوو، بەڵام بە بڕیارێكی رێكخەری كۆچكردووە وادەكەی درێژكرایەوە، (7) كەسی وەكو ئەندامی خانەی راپەڕاندن هەڵبژارد كە ئەمانە بوون:
•    عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە
•    عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەت‌و ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشە‌و بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوە‌و لەوكاتەوە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان شوێنەكەی پڕنەكردوەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە عوسمان حاجی مەحمود بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیانددووە)
•    جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•    جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان
•    محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری ژورەكان (بەمدواییە خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید كرد، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی كە دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكەی لەلایەن جڤاتەوە پێدرابوو، مستەفا سەید قادری كاندید كرد، ئەمە محەمەد تۆفیق رەحیمی نیگەران كرد، بەپێی زانیارییەكانی درەو میدیا، عومەر سەید عەلی بۆ دورخستنەوەی لە پۆستی رێكخەری گشتی مستەفا سەید قادری بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیدكردووە، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی پێشوەختەدا)
•    شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك
•    رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سەرۆكی جڤاتی گشتی
(درەو میدیا) زانیویەتی، رۆژی 12ی ئەم مانگە، جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە دامەزراوەیەكی راوێژكارییە، سەرۆك‌و سكرتێرو بڕیاردەری نوێ بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت، ئەو كەسەی كە لە شوێنی (رەئوف عوسمان) دەبێت بە سەرۆكی جڤاتی گشتی، یەكەمین كەسە كە كورسی خانەی راپەڕاندنی داهاتووی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ خۆی مسۆگەر دەكات.
(6) كورسییەكەی تری خانەی راپەڕاندن، رۆژی (14) مانگ لە دەنگدانێكی جڤاتی نیشتمانیدا یەكلادەكرێتەوە.
بەشێوەیەكی گشتی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بەردەوان لەگەڵ یەكتر ناڕێك بوون لەگەڵ یەكترو پەیوەندییەكانیان بەچەندین هەورازو نشێودا تێپەڕیووە، واتە نەیانتوانیوە وەكو كوتلەیەكی یەكگرتوو بمێننەوە‌و بەردەوام لێكترازان رویداوە.

نامەكەی "سەید" بۆ "مام" 
لە سبەینێوە هەر كەسێك لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان كە دەیەوێت بۆ پۆستە حیزبییەكان خۆی كاندید بكات كە (7) پۆستە، دەتوانێت لە ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەكە فۆرم تایبەت پڕبكاتەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لەسەر فۆڕمەكە خانەی تایبەت بە (7) پۆستەكەی خانەی راپەڕاندن هەیە، بە پۆستی رێكخەری گشتیشەوە، هەر كەسێك كە فۆرمەكە پڕدەكاتەوە دەبێت نیشانەی راست لە یەكێك لەو خانانە بدات كە لەبەردەم پۆستەكانی خانەدا دانراون.
عومەر سەید عەلی كاندیدی بەهێزو بێ ركابەری پۆستی رێكخەری گشتییە، ئەو یەكەم رێكخەری دوای كۆچی نەوشیروان مستەفایە، لە دوو ساڵی رابردوودا روبەڕووی شەپۆلی بەرفراوانی رەخنەی هەڵسوڕاو و ناڕازییەكانی ناو بزوتنەوەكەی بووەوە.
15 ساڵ لەمەوبەر عومەر سەید عەلی لەگەڵ (7) كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناڕازیبوون لە سیاسەت‌و چۆنیەتی ئیدارەدانی حزبەكەیان، ئەوان لەنامەیەكدا بۆ جەلال تاڵەبانی سكرتێری ئەوكاتی حزبەكەیان لە یەكێك لە خاڵەكاندا داوا دەكەن "مام جەلال" دەستبەرداری پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی ببێت بەوپێیەی تەمەنی گەیشتوەتە (70) ساڵ، بەڵام ئێستا "سەید عومەر" خۆی تەمەنی گەیشتووەتە (75) ساڵ‌و بۆ جاری دووەم بۆ پۆستی رێكخەری گشتی خۆی كاندید دەكاتەوە.
"سەید عومەر" دواین كەسی ئەو سەركردانەی یەكێتی بوو كە "مام جەلال"ی بەجێهێشت‌و رووی لە نەوشیروان مستەفا كرد، بەڵام یەكەم كەس بوو دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا متمانەی كوڕەكانی وەرگرت. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand