Draw Media

سەرۆك لەماڵ نییە

سەرۆك لەماڵ نییە

2019-08-31 08:24:01


 راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕفعەت
زیاتر لە 20 رۆژە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی وڵاتە، كەسە نزیكەكانی دەڵێن "بە گەشتێكی خێزانی چوەتە دەرەوە"، بەڵام تائێستا نە سەرۆكایەتی هەرێم‌و نە میدیاكانی خۆی‌و حزبەكەی هیچ زانیارییەكیان لەبارەی گەشتەكەیەوە بۆ رایگشتی بڵاونەكردوەتەوە.
دواین دەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی لە رۆژی 6ی ئەم مانگە بوو، كە بەشداری چالنجی نەمامناشتنی كرد، یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەو دەكەن، بۆ ئەوەی مەرسوم بۆ دەستبەكاربوونی دوو جێگرەكەی دەربكات.

كورتەیەك
ئەمڕۆ نزیكەی (100) رۆژە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردراوە، لەدوای مەسعود بارزانی مامییەوە، دووەم سەرۆكە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا.
رۆژی 29ی ئۆكتۆبەری 2017 مەسعود بارزانی دوای (12 ساڵ) كورسی سەروكایەتی هەرێمی چۆڵكرد‌و دەستی لەكاركێشایەوە، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسایەك لە پەرلەمان دابەشكرا بەسەر (سەرۆكایەتی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری)، ماوەی نزیكەی دوو ساڵ دوای دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود بارزانی، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردرا، تا ئەو كاتەی 28ی ئایاری ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم هەڵبژێردرا.
دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لە ساڵی 2005 دروستكرا، لەوكاتەوە تاوەكو دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی، هەرێمی كوردستان تەنیا یەك سەرۆكی هەبوو كە ئەویش مەسعود بارزانی بوو، ئەمە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بوو لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەهۆی هەمان رێككەوتنەوە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمدا، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووە یەكێتی بۆ ماوەی دوو خول پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت.
دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە بەراورد بە دامەزراوەكانی تر لەدوای دروستبوونییەوە زۆرترین كێشمەكێش‌و مشتومڕی لەسەر بووە.

كێ سەرۆكە ؟
شكستهێنانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلولی 2017 كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، تەنیا پێگەی سیاسی هەرێمی لە ئاستی عێراق‌و ناوچەكە نەگۆڕی، بەڵكو كاریگەریشی لەسەر بارودۆخی ناوخۆیی پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی دروستكرد.
لەدوای ریفراندۆم مەسعود بارزانی بەڵێنەكەی جێبەجێكرد كە وتی:" ئەگەر ریفراندۆم سەركەوتوو نەبوو ئامادەم سەری خۆمی لەسەر دابنێم"، بارزانی سەری سیاسی خۆی دانا‌و دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشایەوە.
تاوەكو رۆژانی پێش ریفراندۆم، بارەگاكەی مەسعود بارزانی شوێنی كۆبونەوە‌و پێشوازیكردن بوو لە وەفدی وڵاتان، دوای ریفراندۆم بەرپرس‌و نوێنەری وڵاتان ئاڕاستەی سەردان‌و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیان گۆڕی بەرەو بارەگاكەی نێچیرڤان بارزانی، لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا كەناڵی (رووداو) كە سەربە نێچیرڤان بارزانییە دەستەواژوەی "سەرۆك بارزانی" بەكاردەهێنێت لە روماڵكردنی هەواڵەكانی تایبەت بە مەسعود بارزانیدا، ئەمە لەكاتێكدا ئێستا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نییە‌و هیچ یاسایەكیش نییە كە رێگەبدات بە بەكارهێنانی پێشگری " سەرۆك" بۆ ئەو كەسانەی كە رۆژانێك سەرۆكایەتی هەرێمیان كردووە، هاوشێوەی ئەوەی لە ئەمریكا هەیە.
رەنگە كەناڵی (رووداو)‌و نێچیرڤان بارزانی لەڕێگەی بەكارهێنانی ئەو دەستەواژەیەوە بۆ مەسعود بارزانی، بیانەوێت خۆیان لە شەڕ‌و توڕەیی بارزانی مام بپارێزن، میدیا فەرمی‌و سێبەرەكانی تری پارتیش هەمان دەستەواژە بۆ بارزانی بەكاردەهێنن.
ئێستا بەپێی ئەوەی لە میدیاكانی پارتیدا دەردەكەوێت، هەرێمی كوردستان دوو سەرۆكی هەیە.

بەراوردكارییەك
دوای سوێندخواردنییەوە، ماوەی (80) رۆژە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم دەستبەكاربووە، بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا)، لەم ماوەیەدا ئەوەی لە میدیای فەرمییەوە بڵاوكراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی تەنیا (25) چالاكی‌و دیداری سیاسی هەبووە كە زۆرینەیان نوێنەرو كونسوڵی وڵاتان بوون‌و دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم بۆ پیرۆزبایی سەردانیان كردووە، لە هەمان ماوەدا مەسعود بارزانی كە هیچ پۆستێكی فەرمی حوكمی نییە‌و تەنیا سەرۆكی پارتییە (27) دیدارو سەردانی سیاسی هەبوو.
بەپێچەوانەی رۆژانی دوای شكستی ریفراندۆمەوە كە ئەستێرەی بەختی نێچیرڤان بارزانی درەوشایەوە، لەسەرەتای ئەمساڵ بەر لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، مەسعود بارزانی "بارەگای بارزانی" راگەیاند، لەوكاتەوە ئەم بارەگایە شوێنی بارەگای سەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە‌و هەموو وەفدە سیاسییە باڵاكان لەكاتی هاتنیان بۆ هەرێم كوردستان دەبێت سەردانی پیرمان بكەن‌و لەو بارەگایە لەنگەر بگرن، واتە لەپاڵ دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمدا بارەگای بارزانی بووە بە دامەزراوەیەكی تر كە هیچ چوارچێوەیەكی یاسایی نییە، بەڵام بەپێی بەدواداچونێكی (درەو میدیا) كە پێشتر لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، هەوڵ هەیە لە داهاتوودا بارەگای بارزانی بەپێی یاسا بكرێت بە بارەگایەكی فەرمی (سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی هەرێم).

سەرۆكێكی بێ بارەگا
نێچیرڤان بارزانی ماوەی دوو مانگ‌و 20 رۆژە وەكو سەرۆكی سوێندی یاسایی خواردووە، بەڵام تائێستا بارەگای نییە‌و كۆبونەوەی دیدارەكانی لە ماڵەكەی خۆیدا دەكات لە شاری هەولێر.
مەسعود بارزانی دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشاوەتەوە، بەڵام هێشتا نە دەستبەرداری دەستەواژەی "سەرۆك" بووە‌و نە "بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم"ی رادەستكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نێچیرڤان بارزانی بینای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی لەناو شاری هەولێر نۆژەنكردوەتەوە‌و دەیەوێت دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بباتە ناو ئەو بینایەوە، پرۆسەی نۆژەنكردنەوە لەگەڵ دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانییەوە دەستیپێكردووە، بەڵام نازانرێت بۆچی تائێستا بارەگای سەرۆكایەتی نوێی هەرێم نەكراوەتەوە.
بەپێی هەمواری نوێی یاسایی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی نوێی هەرێم دوو جێگری دەبێت، یەكێكیان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە (مستەفا سەید قادر)، ئەوی تریان سەربە یەكێتییە (جەعفەر شێخ مستەفا)، تائێستا هیچ یەكێك لەم دوو جێگرە بەفەرمی دەستبەكارنەبوون‌و مەرسومی سەرۆكایەتییان بۆ دەرنەچووە، واتە ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی لە دەرەوەی وڵاتە لە هەرێمی كوردستان هیچ شوێنگرەوەیەكی یاسایی نییە.

نێچیرڤان لە كۆنگرەی 14 دا
پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای دروستبوونی لە ساڵی 1946 تاوەكو ئێستا تەنیا (13) كۆنگرەی كردووە، دواین كۆنگرەی پارتی لەساڵی 2010 دا بوو واتە كۆنگرەی حزب زیاتر لە دوو خول دواكەوتووە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمساڵ هەموو ئەو حزبانەی ئاگاداركرد كە كۆنگرەیان دواكەوتووە، دەبێت كۆنگرەی بكەن، ئەگەرنا ناتوانن بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بكەن.
لە كۆنگرەی (13)دا بە بێ دەنگدان‌و بە تەزكیەی مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی كرا بە (جێگری سەرۆكی پارتی)، بەڵام هەر لەو كۆنگرەیەدا هەموو دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانی دورخرانەوە.
دیارنییە پارتی بەمزوانە كۆنگرەی (14) دەكات یاخود نا، بەڵام بەتەماشاكردنی هاوكێشەی نوێی دابەشبوونی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانی، دەردەكەوێت كۆنگرەی داهاتوو كۆنگرەیەكی ئاسان نابێت بۆ نێچیرڤان بارزانی.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand