لەیەك مانگدا 71 دیدارو پێشوازی و 11 وتاری پێشكەشكردووە
2019-09-01 20:16:23
راپۆرتی: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ
ماوەی ساڵێك و 10 مانگە دەست بەكاربووە، بە وتەی خۆی لەماوەی "تەنها 11 مانگیدا 11 هەزار ئیشی كردووە"، پارێزگاری سلێمانی هەموو جوڵەو پێشوازی و ئیمزاو بینینێكی بە كارو چالاكی ئەژماركردووە، بێ ئاوییو خراپی رێگاوبانەكان و وشكبونی باخچەكان و فەوزای سیاسی و ئابوری لە وێنەكانی پارێزگاردا بوونی نیە.
بەپێی بەدواداچونێكی( درەومیدیا) لە ماوەی یەك مانگدا پارێزگاری سلێمانی 71 دیدارو پێشوازی ئەنجامداوەو لە 11 كۆڕ و چالاكیدا وتاری هەبووە، بەڵام هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژی لەكۆی وێنەی چالاكییەكانی پارێزگاردا نیە.
وێنەی زۆر و كرداری كەم
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە رۆژی 5ی كانونی یەكەمی 2017 وەك پارێزگاری سلێمانی سوێندی خوارد، كە ماوەی ساڵێك و 10 مانگە لە پۆستەكەیدایە، رەنگە لە مێژووی پارێزگارەكانی سلێمانیدا هیچ پارێزگارێك هێندەی ئەو وتار و لێدوان و وێنەی بڵاونەكردبێتەوە، بەڵام بەردەوام خۆی بە پارێزگارێكی چالاك و ئیشكەر دادەنێت، بەردەوام باس لە پرۆژەو كارو چالاكییەكانی دەكات، كەم بۆنەو مەراسیم هەیە وتاری تێدا نەدات و وێنەی چالاكی و پێشوازی و وتارەكانی بڵاونەكاتەوە، كە زیاتر چالاكی تەشریفاتی و پێشوازی و سەردانی كۆمەڵایەتین كەمترین پرۆژەی ستراتیژی و درێژخایەن لە چالاكییەكانیدا دەبینرێت.
پارێزگار بە گوێرەی یاسای ژمارە(6)ی وەزارەتی ناوخۆ كە ساڵی 2009 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەركراوە، فەرمانبەری یەكەمی جێبەجێكردنە لە پارێزگاو بە وەزارەتی ناوخۆوە دەبەسترێتو پێویستە ئەو یاساو پەیڕەو رێنماییو فەرمانانە جێبەجێ بكات كە لە وەزیرەكانەوە دەردەچنو سەبارەت بە مافو خزمەتی وەزیفیش بە پلەی تایبەتی ( بریكاری وەزارەت) دەبێت.
پارێزگار لەیەك مانگدا
بە پێی بەدواداچوونێكی (درەو میدیا) بۆ كارو چالاكییەكانی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كە تەنها مانگی ئابی 2019ی وەك نمونە وەرگرتووە،لە ( 1/8 -31/8/2019) لەو ماویەدا كە تەواوی كارو چالاكیەكانی پارێزگار لە ( پرۆژە، وتار ، پێشوازی، سەردان، كردنەوەی پێشەنگا، سوپاسنامەو رێزلێنان......هتد) لە پەیجی رەسمی پارێزگاری سلێمانی و پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بوك بڵاوكردوەتەوە، بەم شێوەیە بووە.
- 11 وتاری پارێزگار لە كۆڕو كۆبونەوەو مەراسیم و كردنەوەی پێشانگاو چالاكی جۆراو جۆر
- 71 سەردان و پێشوازی لە هاوڵاتیان و چالاكان و هەندێك لە بەرپرسان.
پارێزگاری سلێمانی هەموو چالاكییەكی بە ژمارەیەك وێنە لە پەیجی رەسمی پارێزگار بڵاوكردوەتەوە، بەڵام تەواوی ئەو سەردانو چالاكیانەی كە لەماوەی یەك مانگدا ئەنجامی داون، پرۆژەیەكی ستراتیژی تایبەت بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی تێدا نابینرێت،جگە لە سەردان و پێشوازی و بەسەركردنەوەو بەشداریكردن لە چالاكی و پێشەنگا كە كاری ئاسایی رۆژانەی هەر بەرپرس و هاوڵاتییەكە، هیچ كاریگەریەكی لەسەر بەرەو پێشچوونی كار و پرۆژەكانی پارێزگای سلێمانی نەبووە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر كە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2014دا زیاتر لە (240 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا.
وێنە راستەقینەكانی سلێمانی
پارێزگای سلێمانی لە پارێزگایەكی گەشەسەندووی زیندووەوە بەرەو پارێزگایەكی پشتگوێخراوی بێ ساحێب هەنگاو دەنێت، خراپی خزمەتگوزارییەكان و نەبوونی پرۆژەی ستراتیژی و خراپی رێگاوبانەكان و زۆربوونی ژمارەی قوربانیانی هاتوچۆ بوەتە وێنەیەكی راستەقینەی ئەو پارێزگایەی كە پارێزگاكەی وێنەی چالاكییەكانی خۆی رۆژانە نمایش دەكات، بەپێی وێنەكانی پارێزگاربێت، سلێمانی كەمترین كێشەو زۆرترین خزمەتگوزاری و پێشكەوتنی هەیە.
• خراپی رێگاو بانەكان هۆكاری سەرەكی روداوەكانی هاتوچۆیەو رۆژانە قوربانیانی هاتوچۆ لە زیادبوندایە، بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی تەنها لە ماوەی هەفتەی رابردودا 24 ڕوداوی هاتوچۆ رویانداوە و بەهۆیانەوە(5 ) كەس گیانیان لە دەستداوەو( 53 )كەسیش برینداربوون.
• شاری سلێمانی و شارۆچكەكانی دەوروبەری بەدەست كەمی و خراپی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هەفتەی رابردوو رایگەیاند" بەهۆی شكانی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاو لە قولەرەیسی بەشێكی زۆر لە گەڕەكەكانی سلێمانی بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بێ ئاو دەبن".
• بەشی زۆری باخچەكانی سلێمانی زەردبوون و بەرەو وشكبون دەچن بەهۆی ئاونەدان و بێئاویەوە بەپێی ئامارە رێكخراوەكانی ژینگە تا ساڵی (2018) لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكانی سلێمانی (564) باخچە و دوو ملیۆن و 500 هەزار درەخت بونی هەبووە، هاوكات لەسەر ئاستی عێراق، شاری سلێمانی زۆرترین باخچەو سەوزایی تێدایە، بەڵام بەهۆی بێ خزمەتیەوە لە دوو ساڵدا دوو هەزار درەخت وشكبوون و مەترسییەكان لەسەر ژینگە و سەوزایی سلێمانی بەرەو زیاتریش دەچێت، چونكە بەهۆی ئاونەدانی دارەكانەوە، لە ساڵی (2016) و (2017) دا ( 2000) دوو هەزار بنەدار وشك بوون.
• حزب بەزەقتر لە پێشوو دەستی خستوەتە ناو تەواوی كایەكانی زانكۆ و دامەزراوەكانی حكومەتەوە، ئێستا لەبەرامبەر لاوازی پێگەی پارێزگار، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی رۆڵ دەگێڕێت لە دانان و لابردنی بەرپرسی دامو دەزگاكان.
• فەوزایەكی ( سیاسی، كۆمەڵایەتی ، خزمەتگوزاری، ئەمنی..هتد) لە سلێمانیدا هەیە، لەدەستی پارێزگار دەرچووە.
ئەرك و دەسەڵاتەكانی پارێزگار
لە مادەی 18ی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پارێزگار بەرپرسی یەكەی جێبەجێكردنە لە پارێزگاداو لەبەردەم ئەنجومەنی پارێزگادا بەرپرسە لە رووی مافو خزمەتی فرمانییەوە بە پلەی تایبەتی ( وەكیلی وەزارەت) دەبێو لەرووی كارگێڕییەوە بەستراوەتەوە بە وەزارەتی ناوخۆوەو ئەم ئەركو دەسەڵاتانەی خوارەوە پیادەدەكات:
یەكەم: ئامادەكردنی پرۆژەی بودجەی پارێزگا بە بەشدارییكردن لەگەڵ سەرۆكەكانی فەرمانگە خۆجێییەكانو بەرزكردنەوەی بۆ ئەنجومەن.
دووەم: جێبەجێكردنی سیاسەتی گشتی حكومەتی هەرێم لە سنوری پارێزگادا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.
سێیەم: جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی كە ئەنجومەنی پارێزگا بەپێی یاسا جێبەجێكراوەكان دەیاندات.
چوارەم: نوێنەرایەتی پارێزگا دەكات لەو كۆنگرەو كۆڕو سیمینارانەی كە بۆیان بانگ دەكرێت.
پێنجەم: سەرپەرشتیكردنی بەڕێوەچوونی شوێنە گشتییەكان لە پارێزگاداو پكشنینیان جگە لە دادگاكانو یەكە سەربازییەكانو پاسەوانی هەرێم ( پێشمەرگە)و زانكۆو كۆلیجەكانو پەیمانگاكانی فێركردنی باڵاو توێژینەوەی زانستی.
شەشەم: 1- دەچواندنی فەرمانی دامەزراندنی فەرمانبەرانی كارگێڕییە خۆجێییەكانو تەنسیبكردنیان لەسەر ئاستی پارێزگا، لەوانەی كە لەپەی حەوتەمو بەرەو خوارەوەن لە پەیژەی پلەكانی فەرمانبەریەتی كە لە یاسادا هاتووە لەونەی كە دەپاڵێورێن لە فەرمانگە تایبەتمەندەكانی بەپێی پلانی ئەو میلاكەی لەلایەن پەیوەندیدارەكانەوە پەسەندكراوە.
2- چەسپاندنی فەرمانبەرە خۆجێییەجان لە پارێزگادا لە نێو پەیژەی پلەكانی فەرمانبەریەتی كە لە یاسادا هاتوون.
حەوتەم: وەرگرتنی رێكاری كارگێڕییو یاسایی دەرحەق فەرمانبەرانی كارگێڕییە خۆجێییەكان لەسەر ئاستی پارێزگا.
هەشتەم: بەرپرسیاریەەتی دابینكردنی ئاسایشو نیزام لە پارێزگاداو بۆی هەیە فەرمان بدات بە پۆلیسو دەزگاكانی ئاسایش بەپێی یاسا لێكۆڵینەوە لەو تاوانانەدا بكەن كە لە سنوری پارێزگاكەدا روودەدەن، بەو ناوەی كە سەرۆكی لیژنەی ئاسایشە لە پارێزگادا.
نۆیەم: داواكردنی كردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی بنكەكانی پۆلیس، دوای پەسەندكردنی ئەنجومەن بەزۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامانی.
دەیەم: پاراستنی ئاسایشو نیزامو مافی هاوڵاتیانو گیانو ماڵو موڵكیانو لەباری نەتوانینی دەزگاكانی ئاسایش لە بەدیهێنانیدا، ئەم كارە دەخرێتە بەردەم وەزیری ناوخۆو بڕێكی پێویست لە هێز بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەركانە داوادەكات.
یازدەیەم: یەكەم: ناڕەزایەتی دەربڕین لە بڕیارەكانی ئەنجومەن لەم بارانەی خوارەوە دەبێت:
1- ئەگەر سەرپێچی دەستور یان یاسا كارپێكراوەكان بوو.
2- ئەگەر لە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەندا نەبوو.
3- ئەگەر سەرپێچی پلانی گشتی حكومەتی هەرێم یان بودجە بوو.
دووەم/ پارێزگا بڕیارەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەنجومەن لەماوەیەك لە 15 رۆژ زیاتر نەبێت لە مێژووی پێڕاگەیاندنی لەگەڵ هۆیەكانی رەخەنە گرتنەكەیو تێبینییەكانیدا.
سێیەم: ئەگەر ئەنجومەن پێی داگرت لەسەر بڕیارەكەی خۆی بەبێ لابردنی ئەو سەرپێچییەی كە پارێزگار دەریخستووە دەبێ بینێرێت بۆ دادگای كارگێڕی بۆئەوەی بڕیاری لێبدات.
دوازدەیەم: پارێزگار بۆی هەیە هەندێك لە دەسەڵاتەكانی خۆی بە جێگرەكانی یان قایمقام یاخود بەڕێوەبەری ناحیە بدات، هەریەك لە كاروباری یەكە كارگێڕییەكەیدا.