حكومەتێكی ناسەقامگیر.. شەش پۆست پڕنەكراوەتەوە
2019-08-29 16:21:41
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
بەتەنیا خۆی (182 هەزارو 551) دەنگی هێنا، لەسەر ئاستی كوردستان كاندیدی ژمارە یەك بوو، بەڵام چارەنوسی سیاسی لەلایەك كەوتوەتە ناو هەڵدێری ململانێی نێوان ئامۆزاكانەوە (نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی)، لەلایەكی تر ململانێی ناوخۆییەكانی حیزبەكەی، ئێستا جێگری سەرۆكی حكومەتە، بەڵام دەسەڵاتەكانی نادیارن، هەوڵێك هەیە لە كۆنگرەدا بەرپرسیارێتی پاشەكشێی یەكێتی بخرێتە ئەستۆ، ئەمە چیرۆكی قوباد تاڵەبانییە.
كابینەیەكی ناسەقامگیر
ماوەی 50 رۆژی تەواوە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خواردووەو دەستبەكاربووە، بەڵام هێشتا كابینەكە بەتەواوەتی جێگیرو سەقامگیر نەبووەو (6) پۆست هەن كە پڕنەكراونەتەوە، (2) پۆست هەن كە پڕكراونەتەوەو كێشەی دەسەڵاتو ئەركیان هەیە.
پۆستە پڕنەكراوەكان
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) لە كابینەی نوێدا (6) پۆست هەن كە هێشتا پڕنەكراونەتەوە، كە ئەمانەن:
• پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە بەر یەكێتی كەوتووەو (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە.
• پۆستی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، ئەم پۆستە بەر یەكێتی كەوتووەو (عوسمان شوانی)ی بۆ كاندیدكراوە.
• پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین، ئەم پۆستەش بەر یەكێتی كەوتووەو (ئیسماعیل مەحمود) كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی.
• پۆستی سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو هێشتا كاندیدەكەی یەكلانەكراوەتەوە.
• یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو (شوان قلیاسانی و جەلال جەوهەر) كاندیدی بەهێزن بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام هێشتا بە فەرمی یەكلانەكراوەتەوە، ئەم پۆستە پێویستی بە دەكردنی یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان.
• پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەم پۆستە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوو دورخراوەتەوەو كراوە بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێدەچێت لەم كابینەیەدا ئەم پۆستە ناوەكەی بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی نەوت هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق هەیە، هەندێك زانیاری تر هەن باسلەوە دەكەن رەنگە بەیەكجاری پۆستەكە لاببرێتو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی ئیدارەی دۆسیەی نەوت بدات.
پۆستە كێشە لەسەرەكان
جگە لەو (6) پۆستەی كە تائێستا پڕنەكراونەتەوە، چەند (2) پۆستێكی تر هەن لە كابینەی نوێدا كە پڕكراونەتەوە، بەڵام كێشەیان هەیە، كە ئەوانیش بریتین لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت (قوباد تاڵەبانی)و پۆستی وەزیری هەرێم (خالید شوانی).
قوباد تاڵەبانی چارەنوسی نادیارە
قوباد تاڵەبانی كوڕی بچوكی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ جاری دووەم لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتەوە، پۆستێك كە ئێستا كێشەی دەسەڵاتی هەیە.
تاڵەبانی كوڕ لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان براوەی ژمارەی یەك بوو لەسەر ئاستی هەرێم، ئەو كە سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو، بەتەنیا خۆی (182 هەزارو 551) دەنگی هێنا.
قوباد تاڵەبانی دەنگی زۆری هێنا، بەڵام دەسكەوتی كەمی چنییەوە، ئەو ئێستا جێگری سەرۆكی حكومەتە، بەڵام دەسەڵاتەكانی دیارنین، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیكەوتووە، بەپێچەوانەی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزایەوە كە كابینەی پێشوودا دەسەڵاتی زۆری بە قوباد تاڵەبانی دابوو، مەسرور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەت نایەوێت هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆ بە قوباد تاڵەبانی بدات.
(درەو میدیا) زانیویەتی، مەسرور بارزانی پێدانی دەسەڵات بە جێگرەكەی وەكو تۆخكردنەوەی دووئیدارەیی لە هەرێم تەماشادەكات، سەرباری ئەوە قوباد تاڵەبانی خستوەتە لیستی دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانییەوە، كە لەم كابینەیەدا هەمویان دورخراونەتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە لە كابینەی پێشووی حكومەتدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، قوباد تاڵەبانی وەكو سەرۆكی حكومەتی سلێمانی مامەڵەی دەكردو جڵەوی هەموو بڕیارو خەرجیو داهاتەكانی زۆنی سەوزی كۆنترۆڵكردبوو، تەنانەت لێپرسینەوەی لە بەرپرسانی ئیدارەی زۆنی سەوز دەكردو لە ئاستی هەرێمی كوردستانیشدا رۆڵی دیاری لە جموجوڵی دارایدا هەبوو.
بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێك لە سەركردەكانی حزبەكەی (یەكێتی) تۆمەتباریان دەكرد بەوەی كە "تەنیا جانتا بۆ نێچیرڤان بارزانی هەڵدەگرێت"، قوباد تاڵەبانی سودی لە پەیوەندییە دۆستانەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بینی بۆ جڵەوكردنی دەسەڵات لە زۆرنی سەوز، بەڵام پێناچێت لەگەڵ مەسرور بارزانیدا بتوانێت هەمان رێگا تاقیبكاتەوە.
چەند سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، قوباد تاڵەبانی نیگەرانە لەوەی لە كابینەی نوێدا تائێستا لەلایەن مەسرور بارزانییەوە دەسەڵاتەكانی دیارینەكراوە، تا ئەو رادەیەی داوای لە كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری حزبەكەی كردووە، ئەو لە حكومەت بكشێنیتەوەو لە دەرەوەی حكومەت بمێنێتەوە.
سەرچاوەكان لەناو یەكێتییەوە باسلە لەوەدەكەن، قوباد تاڵەبانی نیگەرانەو دەوام ناكات، بەڵام سەمیر هەورامی وتەبێژی فەرمی قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، قوباد تاڵەبانی ئێستا سەرقاڵی كاركردنی خۆیەتی لە ئەنجومەنی وەزیران.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆنگرەی داهاتووی یەكێتیدا كە بڕیارە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ ببەسرێت، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لەڕێگەی قوباد تاڵەبانییەوە لە پێگەی ماڵباتی تاڵەبانی بدرێت، هەندێك لە جەمسەرەكان ناو یەكێتی كادیرانی حزبیان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی لە كۆنگرەدا رەخنەی توند لە ئەدای كاركردنی قوباد تاڵەبانی بگرن لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتو بەرپرسیارێتی پاشەكشێتی یەكێتیو خراپی خزمەتگوزارییەكانو ناڕەزایەتییەكانی زۆنی سەوز دژ بە یەكێتی بخەنە ئەستۆی ئەو.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لەناو یەكێتی هەوڵێك هەیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی بڕیاری پاشەكشێكردن بدات لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، بڕیاری كشانەوەكەی لەلایەن جێگری یەكەمی سكرتێری گشتییەوە دوابخرێت بۆ ساڵێك دوای دەستبەكاربوونی، چونكە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ماوەی ساڵێكی دیاریكردووە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای كاركردنی نوێنەرەكانی یەكێتی لە حكومەت، ئەوانەی ئەم داواكارییە دەكەن دەیانەوێت كشانەوەی قوباد تاڵەبانی لە حكومەت وا لێكبدرێتەوە كە لە هەڵسەنگاندنی ئەدای كاركردنی سەركەوتوو نەبووەو لە پۆستەكەی لابراوە، نەك خۆی داوای كشانەوەی كردووە.
لەناو یەكێتی هەندێك ناڕەزایەتی تر لەبارەی قوباد تاڵەبانییەوە هەیە، هەندێك لە یەكێتییەكان كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون دەڵێن بەهۆی پەڵپگرتنی قوباد تاڵەبانی لەسەر ئەوەی دەبێت سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەبێت، یەكێتی ژمارەیەك پۆستی تری لە كابینەی نوێدا لەدەستداوەو زیانی بەركەوتووە، كەچی ئێستا قوباد تاڵەبانی دەیەوێت دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت.
سەرباری ئەم كێشانە، هێشتا قوباد تاڵەبانیو نێچیرڤان بارزانی دڵیان لای یەكترە، سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پێشتر نێچیرڤان بارزانی بەشێوەی زارەكی داوای لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە، كەسێك بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید بكەن كە زمانزانو دیپلۆماتكار بێت، بەوپێیەی بەهەر هۆكارێك ئەگەر ئەو لە پۆستی سەرۆكی هەرێم نەمێنێت یاخود گەشتی دەرەوەی وڵات بكات، جێگرەكانی لە كوردستان لە شوێنی ئەو پۆستی سەرۆكی هەرێم بەڕێوەدەبەن.
نێچیرڤان بارزانی خوازیار بوو یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم (قوباد تاڵەبانی) یاخود (عومەر فەتاح) كاندید بكات، (عومەر فەتاح) لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمدا جێگری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو، (قوباد تاڵەبانی)ش لەكابینەی هەشتەمدا، واتە هەردووكیان ئەزمونی كاركردنیان وەكو جێگر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا هەبووە.
بەڵام ئەم رۆژی 7ی تەموز، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بەفەرمی لە نوسراوێكدا ناوی (جەعفەر شێخ مستەفا)ی وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی كرد، بۆیە گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی بۆلای نێچیرڤان بارزانی ئەگەرێكی لاوازە، هەرچەندە باسلەوە دەكرێت (جەعفەر شێخ مستەفا) كە كاندیدكراوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم هێشتا دەستبەرداری پۆستی فەرماندەی هێزەكانی (70)ی یەكێتی نەبووەو ئۆفیسەكەی لە فەرماندەیی رادەست نەكردووە، واتە دڵنیا نییە لەوەی پۆستەكەی پێدەدرێت یاخود نا.
خالید شوانی چاوەڕوانە !
پۆستی وەزیری هەرێم كە بەر یەكێتی كەوتووەو (خالید شوانی) پۆستەكەی وەرگرتووە، یەكێكی ترە لەو پۆستانەی كابینەی نوێی حكومەت كە پڕكراوەتەوە بەڵام كێشەی لەسەرە.
هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون دەڵێن بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان یەكێتیو پارتی كراوە، دەبوو ئەم پۆستی ناوی لێبنرایە (وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد)، بەڵام بەرپرسانی پارتی رەتیدەكەنەوە رێككەوتنی لەوجۆرەیان كردبێت.
لەدوای دەستبەكاربوونی حكومەت، وەفدی حكومەتی هەرێم یەكجار سەردانی بەغدادی كردووە، ئەوجارەش خالید شوانی لەناو وەفدەكەدا نەبوو.
لە كابینەی نوێی حكومەتدا (3) پۆستی وەزیری هەرێم هەیە، پارتیو یەكێتیو پێكهاتەی توركمان هەریەكەیان پۆستێكیان وەرگرتووە، بەڵام تەنیا وەزیرەكەی پارتی ناونیشانی بۆ دیاریكراوە كە (ڤالا فەرید)و پۆستی وەزیری هەرێمی بۆ كاروباری حكومەتو پەرلەمان پێدراوە، خالید شوانیو ئایدن مەعروف لە پێكهاتەی توركمان وەزارەتەكەیان هیچ ناونیشانێكی وەزیفی بۆ دیارنەكراوە، یەكێتی داوا دەكات پۆستەكەی (خالید شوانی) بكرێت بە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری نێوان هەولێرو بەغداد، پێدەچێت ئەم ناونیشانە كێشە بۆ پۆستەكە دروستبكات لە داهاتوودا.
پۆستێك لە مەرجی گۆڕاندا
سەرباری ئەو پۆستانەی كە پڕنەكراونەتەوەو ئەو پۆستانەی كە پڕكراونەتەوە، بەڵام كێشەیان لەسەرە، پۆستێكی تر هەبوو كە لە كابینەی نوێدا كێشەی دروستكرد، ئەویش پۆستی (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی) بوو.
ئەم پۆستە بڕیاربوو بدرێت بە (رێباز حەملان) وەزیری داراییو ئابوری كابینەی پێشووی حكومەت، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان دژی دانانی ئەو پۆستەو كاندیدكردنی رێباز حەملان وەستایەوەو پارتی بە مەرجەكەی گۆڕان قایل بوو.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر دوو هۆكاری دژی دانانی رێباز حەملانو پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بووە بۆ كاروباری دارایی، یەكەم: رێباز حەملان پێشتر سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان بووەو وازی لە بزوتنەوەكە هێناوە، دووەم: پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری دارایی لێدانو كەمكردنەوەی دەسەڵاتی وەزیری داراییە كە لەم كابینەیەشدا سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە (ئاوات شێخ جەناب).
بەهۆی ناڕەزایەتی گۆڕانەوە پارتی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری دارایی لابردو پێناچێت تا كۆتایی هیچ كەسێك ئەم پۆستە وەرگرێت، رێباز حەملان هاوشێوەی قوباد تاڵەبانی یەكێكە لە هاوڕێ نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانیو چاوەڕوان دەكرێت وەكو راوێژكاری لە سەرۆكایەتی هەرێم دابنرێت.