مەسرور بارزانی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی پڕدەكاتەوە
2023-03-17 08:29:30
(درەو):
مەسرور بارزانی بەنیازە شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی پڕبكاتەوەو دەڵێ" ئیش واناڕوات، ناچارین خەڵكی دیكە بخەینە شوێنیان".
سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیراندا وتویهتی:" چەندجارێك بەفەرمی و بە نافەرمی پهیامم بۆ وەزیرەكانی یەكێتیی ناردووە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام ئەوان وا دیارە بەنیاز نین بگەڕێنەوە، بۆیە ئیش واناڕوات ناچارین شوێنەكانیان پڕبكەینەوە بە خەڵكانی تر".
زیاتر لە پێنج مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانو سەرۆكی تیمی یەكێتیی لە حكومەت نەچوەتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانو (بایكۆت)ی كردووە، لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2022شەوە، واتە ماوەی سێ مانگە وەزیرەكانی یەكێتیی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایكۆتكردووەو تەنیا لە وەزارەتەكانیان دەوام دەكەن.
رۆژی 27ی شوباتی ئەمساڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەرێگەی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوێك داوای لە وەزیرەكانی یەكێتیی كردووە بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، چوار رۆژ دواترو بە دیاریكراوی لە رۆژی 2ی ئەم مانگەدا، وەزیرەكانی یەكێتی بە نوسراوێك وەڵامی نوسراوەكەی ئومێد سەباحیان داوەتەوەو لەبارەی بەشدارینەكردنیان لە كۆبونەوەكانی حكومەت دەڵێن:
• هیچ پێشێلكارییەكی یاساییو پەیڕەویمان ئەنجام نەداوە، بەردەوامین لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانمانو راییكردنی كاروباری وەزارەتو هاوڵاتیان.
• ئامادەنەبونمان لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستە لەبەرامبەر نیگەرانیو سەرەنجەكانمان لەسەر رەچاونەكردنی پرەنسیپی هاوبەشیكردن لەبڕیاردانو شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەتو بەربەست لەبەرامبەر پیادەكردنی دەسەڵاتەكان.. چەندینجار ئەم گلەییانەمان بە نوسراو و لە كۆبونەوە هاوبەشەكانمان لەگەڵ تیمی وزاری پارتی بە پێشنیاری چارەسەرەوە خستوەتەڕوو، بەڵام بێ وەڵام ماونەتەوە.
• بەپێی یاساو دەستور، وەزیرەكان لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسیارێتییان دەكەوێتە ئەستۆ، بۆیە بەردەوام دەبین لەسەر هەڵوێستەكەمان تا چارەسەری گرفتەكان.
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)، یەكێتی جگە لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، ئێستا تەنیا (4) لە وەزیرەكانی یەكێتیی لە وەزارەتەكانیان دەوام دەكەن كە بریتین لە هەریەكە لە (بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ- محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری- ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا- دارا رەشید وەزیری پلاندانان).
وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوەو (رێباز بێركۆتی) بۆ شوێنەكەی كاندیدكراوە، خالید شوانی كە وەزیری هەرێم بوو، پۆستەكەی چۆڵكردو پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت، یەكێتی (ئەحمەد عەسكەری) بۆ شوێنەكەی كاندید كردووە.
بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتیی لەبارەی گۆڕانكارییە وزارییەكانەوە، تائێستا پەرلەمانی كوردستان كۆنەبوەتەوە بۆ متمانەدان بە وەزیرە نوێیەكان، بۆیە یەكێتیی ئێستا دوو پۆستی وزاری چۆڵ بووە.