رێككهوتنهكه: بهغداد چاودێری داهاتی نهوتی ههرێم دهكات
2023-03-13 15:26:48
(درەو):
دوای زیاتر لە مانگێك دانوستانو سەردانی وەفدەكانی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی نەوت ئاشكرا كرد لەناو بودجەی 2023ی عێراقدا، بەپێی رێككەوتنەكە، هەموو حساب بانكییەكانی تایبەت بە داهاتی نەوتی هەرێم دەدەخرێتو حسابێكی نوێ دەكرێتەوەو حكومەتی ناوەندی چاودێری دەكات.
دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە پرۆژە یاسای بودجەی 2023ی تێدا پەسەند كرا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لێكتێگەیشتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنی پەسەندكردنی پرۆژەی بودجە بووە". سودانی وتی:" گەیشتوینەتە رێككەوتنێكی گشتگیر لەبارەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغداد".
بەپێی ئەوەی سودانی باسیكرد" حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ رێككەوتوون لەسەر ئەوەی تەواوی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستانو بەرهەمە نەوتییەكانی تر بخرێتە یەك حساب بانكییەكەوە، بەبێ هیچ جۆرە لێبڕینێك بۆ هیچ مەبەستێك، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان یان هەر كەسێك كە ئەو سەرپشكی بكات، دەسەڵاتی خەرجكردنی داهاتەكەی دەبێتو ئەم حساب بانكییە ملكەچ دەبێت بۆ چاودێری حكومەتی ناوەندییو هەموو حساب بانكییەكانی تری تایبەت بە داهاتی نەوتی هەرێم دەدەخرێت".
سەرۆك وەزیرانی عێراق هیچ زانیارییەكی نەخستەڕوو لەبارەی ئەوەی لەبری وەرگرتنی پشكی خۆی لە بودجەدا، هەرێمی كوردستان دەبێت داهاتی چەندێك لە نەوتی خۆی رادەستی بەغداد بكات، ئایا شێوازی لێبڕین "مەقاصە" هاوشێوەی ساڵانی رابردوو لەبارەی بودجە لەنێوان هەرێمو بەغداد بەردەوام دەبێت یاخود نا.
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد" لێكتێگەیشتنەكانی نێوان بەغدادو هەولێر لەسەر خاڵی روونن.. ئەگەر هەرناكۆكییەك لەنێوان هەردوولا دروستبوو، لیژنەیەكی هاوبەش هەیە پێشنیازەكانی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ بەرزدەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت".
"ئەم لێكتێگەیشتنانە لەنێوان هەولێرو بەغداد جەخت لەسەر ئەوە دەكەن كە هەردوولا بە ئاڕاستەی پەسەندكردنی یاسای نەوتو غازدا دەڕۆن".
ئەو پرۆژە بودجەی كە ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندی كرد زیاتر لە (197 ترلیۆن) دینارە، لەمە بڕی زیاتر لە (150 ترلیۆن)ی وەكو بودجەی بەكاربردن دیاریكراوەو بڕی زیاتر لە (47 ترلیۆن) دیناریش بۆ بودجەی وەبەرهێنان.
كورتهێنان لە بودجەكەدا بە بڕی (63 ترلیۆن) دینار دانراوە، بۆ ئەمە تێكڕای داهات بە بڕی زیاتر لە (134 ترلیۆن) دینارو داهاتی نەوتیش بە بڕی (117 ترلیۆن) دینار دانراوە لەسەر بنەمای (70) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، داهاتە نانەوتییەكانیش بڕەكەی زیاتر لە (17 ترلیۆن) دینارە، ئەمانە بەگوێرەی قسەی سەرۆك وەزیران.
هەر لەم پرۆژە بودجەیەدا بڕی زیاتر لە (12 ترلیۆن) دینار تەرخانكراوە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكانی حكومەت.