وەزیرەكانی یەكێتی لە وەڵامی مەسرور بارزانیدا: بەردەوام دەبین لە بایكۆت
2023-03-16 10:22:41
(درەو):
مەسرور بارزانی لەرێگەی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە نوسراو داوای لە وەزیرەكانی یەكێتیی كردووە بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت، وەزیرەكانی یەكێتیی وەڵامیان داوەتەوەو دەڵێن" ئەمە هەڵوێستەو بەردەوام دەبین لە بایكۆت تا چارەسەركردنی گرفتەكان".
زیاتر لە پێنج مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانو سەرۆكی تیمی یەكێتیی لە حكومەت نەچوەتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانو (بایكۆت)ی كردووە، لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمیشەوە، واتە ماوەی سێ مانگە وەزیرەكانی یەكێتیی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایكۆتكردووەو تەنیا لە وەزارەتەكانیان دەوام دەكەن.
رۆژی 27ی شوباتی ئەمساڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەرێگەی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوێك داوای لە وەزیرەكانی یەكێتیی كردووە بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، چوار رۆژ دواترو بە دیاریكراوی لە رۆژی 2ی ئەم مانگەدا، وەزیرەكانی یەكێتی بە نوسراوێك وەڵامی نوسراوەكەی ئومێد سەباحیان داوەتەوەو لەبارەی بەشدارینەكردنیان لە كۆبونەوەكانی حكومەت دەڵێن:
• هیچ پێشێلكارییەكی یاساییو پەیڕەویمان ئەنجام نەداوە، بەردەوامین لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانمانو راییكردنی كاروباری وەزارەتو هاوڵاتیان.
• ئامادەنەبونمان لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستە لەبەرامبەر نیگەرانیو سەرەنجەكانمان لەسەر رەچاونەكردنی پرەنسیپی هاوبەشیكردن لەبڕیاردانو شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەتو بەربەست لەبەرامبەر پیادەكردنی دەسەڵاتەكان.. چەندینجار ئەم گلەییانەمان بە نوسراو و لە كۆبونەوە هاوبەشەكانمان لەگەڵ تیمی وزاری پارتی بە پێشنیاری چارەسەرەوە خستوەتەڕوو، بەڵام بێ وەڵام ماونەتەوە.
• بەپێی یاساو دەستور، وەزیرەكان لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسیارێتییان دەكەوێتە ئەستۆ، بۆیە بەردەوام دەبین لەسەر هەڵوێستەكەمان تا چارەسەری گرفتەكان.
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)، یەكێتی جگە لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، ئێستا تەنیا (4) لە وەزیرەكانی یەكێتیی لە وەزارەتەكانیان دەوام دەكەن كە بریتین لە هەریەكە لە (بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ- محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری- ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا- دارا رهشید وهزیری پلاندانان).
وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوەو (رێباز بێركۆتی) بۆ شوێنەكەی كاندیدكراوە، خالید شوانی كە وەزیری هەرێم بوو، پۆستەكەی چۆڵكردو پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت، یەكێتی (ئەحمەد عەسكەری) بۆ شوێنەكەی كاندید كردووە.
بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتیی لەبارەی گۆڕانكارییە وزارییەكانەوە، تائێستا پەرلەمانی كوردستان كۆنەبوەتەوە بۆ متمانەدان بە وەزیرە نوێیەكان، بۆیە یەكێتیی ئێستا دوو پۆستی وزاری چۆڵ بووە.
یەكێتیی بەفەرمی هۆكاری بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ "تاكڕەوی" مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەگەڕێنێتەوە، لەبەرامبەردا پارتیو مەسرور بارزانی هۆكاری نیگەرانییەكانی یەكێتیی بە دۆسیەی ئەمنییەوە دەبەستنەوەو دەڵێن كوژرانی عەقید (هاوكار جاف)و لێكۆڵینەكان لەو كەیسە سەرچاوەی نیگەرانییەكانی یەكێتین.