ده‌بێت (HDP) ده‌نگ به كلیچدارئۆغڵو بدات!
2023-03-16 11:50:40
راپۆرتی: هێمن خۆشناو
له توركیادا سیاسه‌ت زۆر به‌خێرایی و له چه‌ندین گۆشه‌وه به گۆڕانكاری خێرادا تێپه‌ڕ ده‌بێت. ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندیه‌كانی هێز سه‌رله‌نوێ داده‌ڕێژرێته‌وه. هه‌رسێ ئاراسته‌ی سیاسی جیاواز (هاوپه‌یمانی كۆمار/ده‌سه‌ڵات، هاوپه‌یمانی میلله‌ت/ئۆپۆزسیۆنی سیسته‌م و بلۆكی ره‌نج و ئازادیه‌كان كه هاداپ سه‌ركێشی بۆ ده‌كات ململانێ ده‌كه‌ن بۆ دیزاینكردنه‌وه‌ی دۆخی سیاسی و ئابووری.
كاندیدبوونی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو بۆ سه‌ركۆماری!
له‌گه‌ڵ لێدوانی كشانه‌وه‌ی مه‌ڕال ئاكشه‌نه‌ر سه‌رۆكی (İYİ PARTİ) له ئۆپۆزسیۆنی شه‌ش قۆڵیدا ،له‌ناو هاوپه‌یمانی میلله‌ت قه‌یرانێك هاته‌ئاراوه. به‌ڵام كاردانه‌وه‌ی رای گشتی و به تایبه‌تی فشاری ده‌نگده‌ری (İYİ PARTİ) ئاكشه‌نه‌ری ناچار كرد بگه‌ڕێته‌وه ناو هاوپه‌یمانی میلله‌ت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش وه‌كو بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه به ویست و ره‌زامه‌ندی نه‌بووه، به‌ڵكو له‌ناچاری بووه. له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاكشه‌نه‌ر له‌سه‌ر حسابی سه‌نگ و پێگه‌ی ئه‌م سیاسه‌تمه‌داره ژنه نه‌ته‌وه‌په‌رسته ده‌بێت.
دوای كۆتایهاتنی قه‌یرانه چه‌ند رۆژیه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی میلله‌ت، كه‌مال كلیچیدارئۆغڵو سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆمار (CHP) به فه‌رمی بووه كاندیدی هاوپه‌یمانی میلله‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری داهاتووی توركیا. ئه‌مه‌ش گۆڕینی رێزبه‌ندی و كوتله‌به‌ندیه سیاسیه‌كانی له توركیادا زیاتر زه‌ق كرده‌وه. له‌دوای كاندید بوونی كلیچدارئۆغڵوش پێده‌چێت هه‌رسێ لایه‌نه ركابه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن، بۆ ئه‌وه‌ی رێژه و ژماره‌ی ده‌نگه‌كانیان زیاتر بكه‌ن، هه‌موو رێگا و میتۆدێك به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه.
نموونه‌ی یه‌كه‌م: (HÜDA PAR) كه هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ئیسلامی كوردیه، داوای حوكمی شه‌ریعه‌ت ده‌كات، بۆ كورد داوای فیدڕالی ده‌كات و جه‌خت له خوێندن به زمانی دایك ده‌كاته‌وه، له‌سه‌ر داوای ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌چێته پاڵ پارتی بزوتنه‌وه‌ی میللی (MHP) و هاوپه‌یمانی كۆمار. تاكه مه‌رجی ئه‌م پارته‌ش بۆچوونه ناو هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان، ئازادكردنی دوو كه‌سه كه باوك و كوڕێكن، به‌ناوه‌كانی (شێخموس ئاڵپسۆی) و (محه‌مه‌د ئه‌مین ئاڵپسۆی).
ئه‌م دوو كه‌سه له ساڵی 2000 له‌لایه‌ن دادگای ئاسایشی ده‌وڵه‌ت، به تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانی بكه‌ر نادیار له‌گه‌ڵ 32 ئه‌ندامی دیكه‌ی (حزبولڵا) به سزای له سێداره‌دان مه‌حكوم كراون. شێخموس ئاڵپسۆی ته‌مه‌ن 75 ساڵ فه‌رمانده‌ی باڵی ئه‌م حزبه بووه.
نموونه‌ی دووه‌م: پارتی هه‌ره چه‌پی سۆسیالیست و رادیكاڵ، پارتی كرێكارانی توركیا (TİP) به مه‌به‌ستی خستنی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، به‌بێ مه‌رج ده‌چێته پاڵ (CHP) و پشتگیری له كاندیدبوونی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو ده‌كات، كه پارتی سیسته‌می كۆماری توركیایه به هه‌زاران چه‌پخواز و سه‌ركرده‌ی سۆسیالیستی ئه‌م وڵاته له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی (CHP) له سێداره دراون به نامرۆڤانه‌ترین شێوه له زیندانه‌كاندا سه‌ریان ناوه‌ته‌وه.
(HDP) فیگوڕی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی سه‌رۆكایه‌تی كۆماره!
له‌م قۆناغه‌دا ئاساییه ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی چاوه‌كان له‌سه‌ر پارتی دیموكراتی گه‌لان (HDP) بێت. زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه كه به‌بێ ده‌نگی ئه‌م پارته هیچ كام له كاندیده‌كان ناتوانن سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن. له‌م روانگه‌یه‌وه پێگه‌ی (HDP) له په‌یوه‌ندی و هاوسه‌نگیه سیاسیه‌كاندا له جاران زۆر زیاتر به‌هێزتر ده‌بێت. ده‌نگی كورد چ بۆ كاندیدی هاویه‌پمانی میلله‌ت بێ یان بۆ كاندیدی هاوپه‌یمانی كۆمار چاره‌نووسسازه. له‌م روانگه‌یه‌وه بڕیاری سیاسی (HDP) و ئه‌م لایه‌نه‌ی پشتگیری لێ ده‌كات چاره‌نووسی هاوسه‌نگیه‌كان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه.
بڕیاری داخستنی (HDP) له لایه‌ن دادگای ده‌ستووریه‌وه چی به‌سه‌ر دێت!
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (HDP) بۆته كلیلی داخستن و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای سه‌ركۆماری داهاتووی توركیا، زۆربه‌ی نیگاكان ده‌چنه سه‌ر بڕیاری دادگای باڵای ده‌ستووری توركیا له‌مه‌ڕ داخستنی ئه‌م پارته. بڕیاری دادگای ده‌ستووری توركیا له مه‌ڕ (HDP) راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی هه‌یه به دواڕۆژی سیاسی له توركیادا. ئایا دادگای ده‌ستووری له نێوان ركابه‌ری سیاسی و پێوانه یاسایی و مافه‌كاندا چ هاوسه‌نگیه‌ك دروست ده‌كات، كامه‌یان ده‌كاته ئه‌وله‌ویه‌ت. له ئێستادا له‌باره‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا زۆرترین گفتوگۆ ده‌كرێت.
له ئه‌جندای دادگای باڵای ده‌ستووری ده‌رباره‌ی (HDP) دوو مه‌سه‌له‌ی گرنگ هه‌یه، كه پێویسته ئاماژه‌یان پێبكه‌ین:
یه‌كه‌میان: هه‌ڵگرتنی بڕیاری بلۆك كردنی سه‌رچاوه دارایه‌كانی (HDP) بوو، كه له 9 ئه‌م مانگه بڕیاری له‌سه‌ر دراوه.
دووه‌مینیان: دواخستنی رۆژی پێشكه‌شكردنی پارێزبه‌ندی راسته‌وخۆی (HDP) له به‌رده‌م دادگای ده‌ستووری بۆ 11 نیسانی 2023.
ئه‌م هه‌ردوو بڕیاره كه له‌لایه‌ن دادگای ده‌ستووری توركیا ده‌ركراوه، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به دواڕۆژی سیاسه‌تی توركیاوه هه‌یه.
له روانگه‌ی (HDP) دۆخێكی سیاسی نوێ هاتۆته ئاراوه
چ پسپۆرانی بواری ده‌ستوور و یاسا چ پسپۆرانی دۆخی سیاسی پێیانوایه ئه‌گه‌ری داخستنی (HDP) له‌م قۆناغه‌دا به‌ره‌و داكشانه‌وه ده‌چێت و به‌لانی كه‌م تا دوای پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌م پارته داناخرێت.
كه‌چی تا پێش چه‌ند مانگێك زۆربه‌ی چاودێران به‌و كه‌سانه‌شه‌وه كه نزیكن له (HDP) پێیانوابوو كه گوشاره‌كان له‌سه‌ر دادگای ده‌ستووری بۆ داخستنی ئه‌م پارته به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چن و ئه‌گه‌ری داخستنی (HDP) له زیادبوون دایه. به‌ڵام له دۆخی سیاسی ئه‌مڕۆدا تا ئاستێكی به‌رچاو زه‌مینه‌ی داخستنی (HDP) له‌بارچووه. سه‌ردانی چاوه‌ڕوانكراوی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو بۆ لای ئه‌م پارته ئه‌وه‌نده‌ی دیكه پێگه‌ی ئه‌م پارته به‌هێزتر ده‌كات. له دۆخێكی به‌م شێوه‌یه بڕیاری داخستنی (HDP) له (11 مانگی نیسانی) داهاتوودا له‌لایه‌ن دادگای ده‌ستووری بڕیارێكی یاسایی نابێت و وه‌كو بڕیارێكی سیاسی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. له كاتێكدا كه یه‌ك مانگ ده‌مێنێت بۆ هه‌ڵبژاردن كه‌س ناتوانێ به‌رپرسیاریه‌تی بڕیارێكی له‌م شێوه‌یه له ئه‌ستۆدا بگرێت.
ده‌نگده‌ری كورد، به‌شێكی گرنگ بوو له ده‌نگده‌ری پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (AKP)، به‌ڵام هاوپه‌یمانی (AKP) له‌گه‌ڵ (MHP) له ساڵانی رابردوودا، بووه خاڵی ره‌وینه‌ی ده‌نگده‌ری كورد له پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا. به له‌به‌رچاوگرتنی هاوسه‌نگیه سیاسیه‌كان له ئه‌مڕۆدا، داخستنی (HDP) به رێنمایی و گوشاری هاوپه‌یمانی كۆمار له‌سه‌ر دادگای ده‌ستووریدا، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه ده‌نگده‌ری كورد به‌تایبه‌تی له (AKP) ده‌ڕه‌وێنێته‌وه، به گوێره‌ی ئه‌م راپرسیارانه‌ی (AKP) له رێگای كۆمپانیای تایبه‌ت ئه‌نجامیداوه، داخستنی (HDP) كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی ده‌نگ و كورسیه‌كانی ئه‌م پارته له په‌رله‌مانی داهاتووی توركیادا. هه‌روه‌ها لێدوانی به‌رپرسانی (AKP) له‌مه‌ڕ راسته‌وخۆ تاوانباركردنی (HDP) به هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رێكخراوی به‌ده‌ر له یاسا له راستی دووره و ئه‌نجامی نابێت، ئاماژه‌یه به هه‌وڵی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا بۆ ده‌ستگرتن به ده‌نگده‌ری كورد و هه‌ڵمه‌تی رێگرتنه له دووركه‌وتنه‌وه‌ی به‌شێكی دیكه ده‌نگده‌ری كورد له (AKP). له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌گه‌ر (AKP) ده‌رهه‌ق به كێشه‌ی كورد خۆی له قسه‌ی سواوه ده‌رباز نه‌كات و بڕیاری رشت و یه‌كلاكه‌ره‌وه نه‌دات، ئه‌م جۆره لێدوانانه كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ده‌نگده‌ری كورد نابێت.
گرنگ و پێویسته (HDP) به ناسنامه و ره‌نگی خۆی به‌شداری له هه‌ڵبژاردن بكات!
پێویسته (HDP) كه له داڕشتنه‌وه‌ی هاوسه‌نگیه سیاسیه‌كانی توركیادا رۆڵێكی گرنگ له ئه‌ستۆ ده‌گرێت، سیاسه‌ت و ستراتیژی هه‌ڵبژاردن سه‌رله‌نوێ دابڕێژێته‌وه. له‌و كاته‌ی داخستنی ئه‌م پارته ئه‌گه‌رێكی به‌هێز بوو سه‌ركردایه‌تی ئه‌م پارته كۆمه‌ڵێك ئه‌لته‌رناتیفی خسته‌ڕوو، كه ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌یه‌كی ئاساییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ئێستادا دۆخه‌كه وه‌كو جاران نه‌ماوه و ئه‌گه‌ری داخستنی (HDP) كه‌متر بۆته‌وه، به‌ڵام دیسان هه‌بوونی ئه‌لته‌رناتیف له به‌رامبه‌ر هه‌ر دۆخێكی نه‌خوازراودا پێویسته و خۆ لادان لێی غه‌فڵه‌تێكی سیاسیه.
ده‌بێت (HDP) بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان ئاماده بێت، هه‌رچه‌نده زه‌مینه‌ی سیاسی، یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تی پێگه‌یشتووه بۆ ئه‌وه‌ی (HDP) به ناسنامه‌ی خۆی به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بكات و زۆرینه‌ی وزه‌ی خۆی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ته‌رخان بكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌بێ ئه‌وه‌ی كات له‌ده‌ستبدات، ده‌بێت پڵانی (B و C) یشی هه‌بێت بۆ به‌شداریكردن.
له‌وانه‌یه ناوه‌ندی بڕیاری (HDP) گه‌یشتبێته ئه‌و باوه‌ڕیه‌ی كه ئه‌گه‌ره‌كانی داخستنی پارته‌كه‌یان له ئه‌مڕۆدا له‌م په‌ڕی لاوازی دایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانن ئه‌م ریسكه بكه‌ن و بڕیار بده‌ن به‌ناوی (HDP) به‌شداری له هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن.
بێگومان به‌شداری كردن له هه‌ڵبژاردن به‌ناوی (HDP) دینامیكی ده‌نگده‌ر و جه‌ماوه‌ری ئه‌م پارته ئه‌وه‌نده‌ی دیكه به‌هێزتر ده‌كات. له هه‌مان كاتدا به‌شداری كردنی هه‌ڵبژاردن به‌ناویكی جیاواز له ناوی (HDP) ده‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌ك ده‌نگ، به‌ڵام بارودۆخی سیاسی توركیا و ئه‌م گۆڕانكاریه خێرایه‌ی له سیاسه‌تدا رووده‌دات، تا ئاستێكی دیار ناوه‌ندی بڕیاری (HDP) ناچار ده‌كات په‌نا بباته به‌ر بژارده‌ی دووه‌مین كه به‌شداریكردنی هه‌لبژاردنه به‌ناوێكی دیكه.
ئایا سه‌ردانی كلیچدارئۆغڵو ته‌نیا بۆ سه‌ردان كردنه!؟
بڕیاره كه‌مال كلیچدارئۆغڵو كاندیدی سه‌ركۆماری توركیا، رۆژی شه‌ممه (18 ئاداری 2023) سه‌ردانی (HDP) بكات. مه‌ڕال ئاكشه‌نه‌ر سه‌رۆكی (İYİ PARTİ)، پێشتر رایگه‌یاندووه كه ئه‌و دژی سه‌ردانی كلیچدارئۆغڵو نیه بۆ لای (HDP)، به‌ڵام له‌دژی هه‌موو سه‌ودایه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌م پارته ده‌وه‌ستێته‌وه، هه‌روه‌ها له دژی بانگهێشتنكردنی (HDP) ده‌بێت بۆ ناو ئۆپۆزسیۆنی شه‌ش قۆڵی. سه‌ره‌ڕای دۆخی له‌رزۆكی ناو هاوپه‌یمانی میلله‌ت، پێناچێت ته‌نیا بۆ سه‌ردان (HDP) میوانداری له كلیچدارئۆغڵو بكات، به پێچه‌وانه‌وه كورد له رێگای نوێنه‌ره‌كه‌یانه‌وه چه‌ند مه‌رجێك به به‌ر گوێی كلیچدارئۆغڵو ده‌چرپێنن. له دۆخی ئه‌مڕۆی توركیادا كه‌س به ئاشكرا ناوێرێت به ئاشكرا له‌گه‌ڵ (HDP) رێككه‌وتن بكات، (HDP) یش له‌مباره‌یه‌وه كێشه‌ی نیه، ئه‌وه‌ی گرنگه سه‌ودا و قسه‌كردن بێ، ئه‌گه‌ر له پشت ده‌رگا داخراوه‌كانیشدا بێت.
جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ری (HDP) به ئه‌رێنی سه‌یری كه‌مال كلیچدارئۆغڵو و ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئیستانبۆڵ و كاندیدی جێگری سه‌ركۆماری داهاتووی توركیا ده‌كات. ئه‌گه‌ر هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو سه‌ردانی (HDP) بكه‌ن، په‌یامی سه‌ردانه‌كه به‌هێزتر و واتادارتر ده‌بێت. له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه نابێت پشتگیریكردنی (HDP) له كلیچدارئۆغڵو ته‌نیا بۆ خستنی ئه‌ردۆغان بێت، پێویسته داواكاری كۆمه‌ڵایه‌تی، كلتووری و سیاسی ده‌نگده‌ری (HDP) بگه‌یندرێته كلیچدارئۆغڵو. ده‌بێت سه‌ردانی كلیچدارئۆغڵو بۆ لای (HDP) ته‌نیا بۆ نه‌زاكه‌تی هه‌ڵبژاردن نه‌بێت.
له رۆژانی رابردوودا سۆسیال میدیای نزیك له پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا، بانگه‌شه‌ی ده‌كرد كه له‌كاتی سه‌ردانی كلیچدارئۆغڵو (HDP) داوای وه‌زاره‌تێك ده‌كات، به‌ڵام (HDP) ره‌تیده‌كاته‌وه كه داواكاریه‌كی له‌م شێوه‌یان هه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌وان جه‌خت له سازش ده‌كه‌نه‌وه له‌باره‌ی كێشه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا.
به كوورتی، پێكدادان و ناكۆكیه‌كانی ناو سیسته‌می سیاسی و ئیداری ده‌وڵه‌تی توركیا، هێز و رۆڵی (HDP) له‌ناو هاوسه‌نگیه‌كاندا زیاتر ده‌كات. كات كه‌مه و پڕۆسه‌كه به خێرایی ده‌ڕوات. له‌ناو ئه‌م تابڵۆیه‌دا ئایا (HDP) ده‌توانێ به هه‌ڵمه‌تی راست ئیداره‌ی پڕۆسه‌كه و سه‌رده‌مه‌كه بكات؟ بێگومان هه‌ڵومه‌رجی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له به‌رژه‌وه‌ندی (HDP) دایه!