سودانی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات
2023-03-12 16:19:24
(درەو):
پێش سەردانەكەی بۆ ئەمریكا، لەم هەفتەیەدا محەمەد شیاع سودانی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بڕیارە لەم هەفتەیەدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر كێشە هەڵوسراوەكانی نێوان هەولێرو بەغداد.
لەسەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە، حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، حكومەتی هەرێمی بانگهێشتكرد بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەبارەی چۆنیەتی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ.
دەرچوونی ئەم یاسایە، یەكێكە لە خواستە سەرەكییەكانی پارتیو یەكێتیی وەكو دوو لایەنی بەشداری كورد لە كابینەی حكومەتی عێراقدا، لەچوارچێوەی رێككەوتنی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت كە ناویان لەخۆیانناوە "ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت"، سودانی بەڵێنی ئەوەی داوە لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوتو غاز دەربكات، كابینەی سودانی (100) رۆژ بەسەر دەستبەكاربوونیدا تێپەڕیوە.
لەسەر بنەمای داواكارییەكەی سودانی، بەمدواییە دوجار وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان چوەتە بەغدادو ئەمڕۆش بۆ هەمان بابەت وەفدی حكومەتی هەرێم گەیشتەوە بەغداد.
وەفدەكە پێشنیازی حكومەتی هەرێمی لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی رەشنوسی یاساكە خستوەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق، بەگوێرەی بەداواداچوونەكانی (درەو)و ئەو بەڵگانەی لەبارەی دانوستانەكانەوە دەستیكەوتووە، وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم نەوت بفرۆشێتو یاسای نەوتو غازو ئەنجومەنی نەوتو غازو بۆری تایبەت بۆ هەناردەی نەوتی تایبەت بەخۆی هەبێت.
دانوستانەكان تائێستا بەردەوامنو هێشتا هیچ لایەك شكستی گفتوگۆكانیای رانەگەیاندووە.
لەبارەی یاسای نەوتو غازەوە
یاسای نەوتو غازی فیدراڵ یاسایەكە كە دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق پەسەند بكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەند لەسەر چۆنیەتی نوسینەوەی ئەم یاسایە، یاساكە تائێستا دەرنەچووە.
محەمەد شیاع سودانی كاتێك لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستبەكاربوو، دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەبارەی چارەنوسی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان دەركرد بوو، لایەنەكانی شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەڵێنیان دا، ئەگەر كورد (پارتیو یەكێتیی) بەشداری حكومەتی نوێ بكەنو پشتیوانی لێ بكەن، ئەوا كابینەی نۆێی حكومەت لەماوەی شەش مانگدا یاسای نەوتو غازیان بۆ دەردەكاتو چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەی نەوتو بودجەی هەرێم دەدۆزێتەوە.
ساڵانی دوای روخانی رژێمی سەددام، كورد زۆر بە تەنگ دەرچوونی یاسای نەوتو غازەوە نەبوو، ئەمەش بەسودوەرگرتن لە ماددەی (115)ی دەستوری عێراق كە دەڵێ" هەر شتێك لە سنوری دەسەڵاتە (حەصری)یەكانی حكومەتی فیدراڵدا ئاماژەی بۆ نەكرابێت، ئەوە دەبێت بە دەسەڵاتی هەرێمو پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، ئەگەر لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی ناوەندیو حكومەتی هەرێمیشدا ناكۆكی دروستبوو، ئەوا ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمە".
بەڵام ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم یەكلاكردەوەو بەپێی ئەو بڕیارە یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو هەرێمی پابەندكرد بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات.
لەدوای دەرچوونی ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵییەوە، حكومەتی هەرێمی بەپێچەوانەی ساڵانی دوای روخانی رژێمی سەددامەوە ئێستا لە لایەنە عێراقییەكان زیاتر خوازیاری دەرچوونی یاسای نەوتو غازی فیدراڵە، چونكە بەبێ دەرچوونی ئەم یاسایە، پرۆسەی نەوتو غازی هەرێم لەبەردەم كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی نەوتو وڵاتانی كڕیاری نەوتدا هیچ كەڤەرێكی یاسایی نامێنێت.
لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا (دوو) رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵی ئامادە كراوە بەبێ ئەوەی هیچ یەكێكیان لە پەرلەمان پەسەندبكرێت:
• یەكەم رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوتو غاز لە رۆژی 15/2/2007دا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشكەشی پەرلەمان كرا، بەهۆی نەبوونی كۆدەنگی لەسەر رەشنوسەكە، بە هەڵپەسێردراوی مایەوە، ئەم رەشنوسە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكانی وڵاتی داوەتە دەست كۆمپانیای نیشتمانی نەوت، بەجۆرێ ئەنجومەنێكی فیدراڵی تایبەت بەو بابەتە سەرپەرشتی بكاتو نوێنەری هەرێمی كوردستانی تێدا بێتو بە هەماهەنگیو راوێژ بڕیارەكان دەربچن.
• دووەم رەشنوسی پێشنیاری یاسای نەوتو غاز لەرۆژی 17/8/2011دا لەلایەن لیژنەی نەوتو وزەی پەرلەمانەوە خرایە بەردەم پەرلەمان، ئەم پرۆژەیەش پەسەند نەكرا. ئەم پرۆژەیەش هاوشێوەی پرۆژەی یەكەم داوای زامنكردنی هەماهەنگییو هاوبەشی دەكات لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنو گەشەپێدانی سەرچاوەكانی نەوتدا، بە هەمان شێوە ئەم پرۆژەیەش داوای پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی نەوتو غاز دەكات بەجۆرێك نوێنەری هەرێم تێیدا ئەندام بێت.
بەرپرسانی عێراقی، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگر بووە لە تێپەڕاندنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، چونكە بەوتەی ئەوان هەرێمی بە سودوەرگرتن لە ماددەیەكی دەستور هەوڵیداوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر نەوتو غازدا بەسەر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدا سەربخات، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان لە ماددەی (115)ی دەستورە.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دەرنەكردنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵی دەخەنە ئەستۆی حكومەتی ناوەندیو ئەمەش بەهۆكاری دەركردنی یاسای نەوتو غازی هەرێم لە ساڵی 2007 دەدانێن.
ئێستا كە دانوستانێكی نوێ لەسەر نوسینەوەی رەشنوسی نەوتو غاز هاتوەتە پێشەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە لایەنێكی خۆرئاوا بێتە ناو گفتوگۆكان، بۆ ئەمەش بەمدواییە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سەردانی پاریسی كردو سەرۆكی فەڕەنسای بینی.
بەم بارودۆخەوە، ئەگەری رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ لەسەر یاسای نەوتو غاز ئەگەرێكی دوورەو رەنگە دەرگا لەسەر قۆناغێكی سەختتری ناكۆكی لەسەر بودجەو نەوت لەنێوان هەردوولا واڵا بكات.