Draw Media

مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   کەم پاڵەوانێتی جیھانیی تۆپی پێ، بە ڕادەی پاڵەوانێتی ئەمجارە، بە سیاسیی و بە دینیی کراوە. کەمیشیان بەڕادەی ئەمجارە پەیوەندیی بە گەندەڵیی و کڕین و بەرتیلبەخشینەوە، ھەبووە. ئێستا ئیتر ئاشکرایە کە خودی بڕیارەکەی فیفا لە ساڵی 2010دا بۆ ئەوەی پاڵەوانێتییەکە لە قەتەر ئەنجامبدرێت، بەناو تونێلێکی تاریک لە گەندەڵیی و ڕەشوەو بەرتیل بەخشیندا، تێپەڕیوە. لە ماوەی پێشوودا، ھەندێک لە ڕووە تاریکەکانی ئەم گەندەڵکارییە ئاشکرابوون و ھەندێک لەناوە گەورەکانی ناو فیفا خۆی و ھەندێک لە ناوە گەورەکانی ناو دونیای فوتبۆڵێن خۆیشیان قسەیان لەسەر ئەم گەندەڵکارییە، کرد. مەسەلەکە ئەوە نییە کە تەنھا وڵاتە ئەوروپییەکان و وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ئەمریکا و ڕوسیا یان چین، مافی ڕێکخستنی ئەم پاڵەوانیەتییە جیھانیەیان ھەبێت، ھەنگاوی گواستنەوەی ڕێکخستنەکە بۆ دەرەوەی ئەوروپا ھەنگاوێکی باش و شوێنی دەستخۆشییە، بەڵام ھێنانی ئەو پاڵەوانیەتە بۆ قەتەر، بۆ وڵاتێکی زۆر بچووک کە نە تۆپی پێ تیایدا بەھێزە، نە لەم بوارەشدا ھیچ دەسکەوت و ئینجازێکی ھەیە، ھەر لەسەرەتاوە شوێنی گومان بوون. قەتەر یەکەم وڵاتە کە ئەم پاڵەوانێتییە ڕێکبخات لەکاتێکدا ھەڵبژاردەکەی ھەرگیز نەیتوانیوە خۆی بپاڵێوێت بۆ بەشداریکردن لەم پاڵەوانیەتیەدا. ھەڵبژاردەی ئەم وڵاتە بە ڕادەیەکی سەرسوڕھێنەر لاوازو بێئاستە. لەم ڕووەوە خاوەنی ھەندێک ڕەقەمی قیاسیی، یان پێوانەییە، بەڵام بەشێوەیەکی سلبی. قەتەر یەکەم وڵاتی ڕێکخەری پاڵەوانێتییەکەیە کە یاری یەکەمی پاڵەوانێتییەکە بدۆڕێنێت. یەکەم وڵاتی ڕێکخەری پاڵەوانێتییەکەیە ھەموو یارییەکانی لە پاڵەوانێتییەکەدا بدۆزێنێت و دوای سێ یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە، تیپەکە بکرێتەدەرەوە. یەکەم وڵاتیشە جگە لە سفرێکی گەورە، یەک خاڵیشی لە پاڵەوانیەتییەکەدا بەدەستنەھێنا. لە کاتێکدا پارەیەکی گەورەیان لە ئامادەکردنی تیپەکەیاندا سەرفکردبوو.  قەتەر وڵاتێکی زۆر بچووکە، بەڵام خاوەنی داھات و سەرمایەیەکی گەورەیە، کە لە فرۆشی غازو نەوتەوە دەستیدەکەوێت. بوونی ئەو سەرمایە زۆرە دۆخێکی تەواو ناوازەی لەو وڵاتەدا دروستکردووە. دانیشتوانی قەتەر نزیکەی 2,6 ملیۆنە، دوو ملیۆن و شەش سەد ھەزار کەسێکە، لەوانە تەنھا ٣١٣ ھەزاریان قەتەرین، ئەوانیتریان کە زیاد لە ڕێژەی 70% خەڵکەکەیە بیانیان، بەتایبەتی کرێکاری کۆچبەرن لە وڵاتە ھەژارەکانی دنیاوە. ئەم لەشکرە گەورەیە لە کرێکاری کۆچبەر کە ھەژارییەکی گەورە بردونیەتیە ئەو وڵاتەوە، بەشی ھەرەزۆری کارەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامئەدەن. لەڕاستیدا ئەوەی ھەیە بریتییە لە بوونی نزیکەی دوو ملیۆن و سێ سەد ھەزار کەسێک کۆچبەرە کە خەریکی خزمەتکردنی ئەو سێ سەد ھەزار قەتەریەن کە خاوەنی وڵاتەکەن. ئەم ژمارە گەورەیە لە کۆچبەری ئیشکەرو ھەژار، ھیچ مافێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان لەو وڵاتەدا نییەو بەھیچ شێوەیەکیش ناتوانن ببن بە ھاوڵاتیی ئەو وڵاتە، گە ھەموو تەمەنیشیان لە کارکردن لەو وڵاتەدا سەرفبکەن. لە ڕاستیدا قەتەر دابه‌شبووە بۆ دوو زۆنی لەیەکتر جیاواز، یەکێکیان ئەو زۆنە دەوڵەمەندو پارەدارەیە کە بە ژمارە ھێجگار کەمن و ژیانێکی سوڵتانیانە دەژین، بەرامبەر بەو ژمارە گەورەیە لە کۆچبەری ھەژار کە لە کۆمەڵێک گەڕەکی پەراوێزیی و بێخزمەتگوزاریدا دەژین. لە دۆخێکدا کە زیاتر لە دۆخی کەمپە زۆره‌ملێکانی ناو مێژوو دەچێت نەک شوێنێک بەلانیکەمی ڕێزگرتن لە مرۆڤەکان و حیسابکردن بۆ کەرامەتی ئینسانیان. بەم مانایە قەتەر وڵاتی سێ سەد یان چوارسەد ھەزار کەسێکە، کە زیاد لە دوو ملیۆن کەسیان ھێناوە لە دۆخێکی پڕ ئیھانەکردن و چەوساندنەوەدا خزمەتیان بکات. ھاوکات ئەم دوو میلۆن کۆچبەرە ھەژارە ڕۆڵێکی سەرەکیی دەبینن لە دەوڵەمەدنبوونی زیاترو زیاتری قەتەرو قەتەرییەکان خۆیاندا، بەوەی بە پارەیەکی ھێجگار کەم بەشی ھەرەزۆری کارەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبەن. بەپێی ھەندێک ئامار ژمارەی ئەو قەتەریانەی لە قەتەردا کاردەکەن، تەنھا ٧٠ ھەزار کەسێکە، لەکاتێکدا ئەو دوو ملیۆن کۆچبەری کە ھاتوون ھەموویان کاردەکەن، زۆرینەشیان بە پارەیەکی کەم کاری قورس و درێژخایەن دەکەن. لە ڕاستیدا 94%، نەوەد و چوار لە سەدی، ھێزی کار لە قەتەردا، کۆچبەرن. تەنھا 6%، شەش لە سەدی ئیشکەران، قەتەرین. قەترییەکان، وەک زۆربەی وڵاتەکانی خەلیج، مامەڵەیەکی ھێجگار خراپی ئەو کرێکارە کۆچبەرانە دەکەن، مامەڵەیەک لە دەرەوەی ھەموو ڕێزو ماف و ھاودەردییەکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیدا. ڕێکخستنی ئەم مۆندیالەش لەو وڵاتە بووە ھۆکاری مردن و گیانلەدەستدانی ژمارەیەک کرێکار کە ژمارەکانیان دیار نییە، ھەندێک باس لە 6 ھەزارو پێنج سەد کەس دەکەن، بەڵام قەته‌رییەکان سەرەتا نکوڵیان دەکرد کە کەس بە ھۆی دۆخی دژواریی کارکردنەوە مردبێت، دواتر دانیان بەوەدا نا کە نزیکی 400 یان 500 کەسێک بەوھۆیەوه‌ گیانیان لەدەستداوە. بەشێکی زۆری کرێکارەکان لە دۆخێکی پڕوکێنەری نائینسانیدا کاریانپێکراوە کە وایکردووە بەرگە نەگرن و بمرن. لە بەرامبەردا کەس و کارو خێزانەکانیان ھیچ قەرەبوویەکیان بۆ نەکراوەتەوە.  من ساڵی 2011 و 2012 لە سعودیە خەریکی ئەنجامدانی توێژینەوەیەک بووم لەسەر پەیوەندیی دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی لە سعودیەدا. چەندجارێک سەرم لەو وڵاتە داو و ھەرجارەشی نزیکەی سێ ھەفتە دەمامەوە. لەگەڵ سەدان کۆچبەری پاکستانی و بەنگلادیشی و یەمەنیدا قسەمکردووە. ئەمانە ھێجگار ھێجگار لە سعودییەکان و دەوڵەتی سعودی توڕەبوون و باسیان لەوەدەکرد وەک کۆیلە مامەڵە دەکرێن. شۆفێری تاکسییەک، کە پاکستانی و موسڵمان بوو، دوای ئەوەی کە زانی من سعودی نیم و لە ھۆڵەنداوە ھاتووم. دڵی خۆی کردوەو لە کاتی قسەکردندا بە منی وت ”دەزانیت ئەم سعودییانە ھێندە خراپن، قۆنەرەی جولەکەیه‌ک سەری ھەزاریان دەھێنێت“. سێ ساڵێک لەمەوبەر من سەرپه‌رشتیاری تێزی قوتابیەکی زانکۆکەی خۆمان بووم لەسەر ئەوەی چۆن میدیای سعودیی باس لە کرێکارە کۆچبەرەکان دەکات: ئەنجامەکە ئەوەبوو بە زمانێکی ڕاسیستیی و دژە-مرۆڤ و دژە- ماف. ئەم جۆرە مامەڵەکردنە نائینسانییانە، لەکاتێکدا ڕووئەدەن کە ھەم قەتەرو ھەم سعودیەو وڵاتەکانی تری خەلیج، خۆیان بە نوێنەری خواداو نوێنەری ئیسلام و نوێنەری پێغەمبەرەکەی ئیسلام دەزانن. لە قەتەردا ھەم بڕێکی زۆر لە سەلەفیزمی وەھابیی خەلیجیی و ھەم شتێکی زۆر لە ئایدیۆلۆژیای ئیخوانی موسلیمین، ئامادەیە. لەڕووی سیاسییەوە قەتەر وڵاتێکی شانشینیی ستەمگەرو دابڕاو لە ئازادیی سیاسییە. وڵاتی کودەتای سەربازیی کوڕەکانە بەسەر باوکەکانیاندا. شێوازی سەرەکیی دەستگۆڕکێی دەسەڵات لەو وڵاتەدا بریتییە لەئەنجامدانی کودەتا، کودەتای کوڕەکان بەسەر دەسەڵاتی باوکەکانیاندا. ململانێی ناو خێزانی حوکمڕانەکان، لەنێوان باوک و کوڕو ئامۆزاو مامدا، تاقە شێوازێکی ململانێی سیاسییە لە وڵاتەکەدا. لە 75 ساڵی ڕابردوودا دەستگۆڕکێی دەسەڵات لەڕێگای کودەتاوە بووە. کوڕەکان کاتێک گەورەدەبن و تەماحەکانیان گەورە دەبێت ئیتر دەسەڵاتی باوکیان قبووڵناکەن و کودەتایان بەسەردادەکەن.  ھەر لە سەرەتاوە ھێنانی ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکە بۆ قەتەر ھیچ ھۆکارێکی عەقڵانیی و وەرزشیی لەپشتەوە نەبوو، جگە لە توانا مادییەکانی ئەو وڵاتە، کە زۆرشتی پێدەکڕێت، لەناویاندا وەلائی فیفاو بەرپرسەکانی.  دیوێکی ئاشکرای ئەم مۆندیالە بە سیاسیکردنی یارییەکان و بەسیاسیکردنی دیمەنەکانی ناویەتی. ئێرانییەکان دروشمی دژە ڕژێمی ئێران و عەرەبەکان دروشمی دژە ئیسرائیل و ئەوروپییەکان دروشمی دژەئازادیی ڕادەربڕینیان بە ئاشکرا تیادا بەکارھێنا.  دیوێکی تری ئەم پاڵەوانێتییە بریتییە لە بەئیسلامیکردنی پاڵەوانێتییەکە لەڕێگای دروستکردنی وێنەیەکی تایبه‌تەوە بۆ قەتەرو بۆ ھەڵبژاردەی ھەندێک لە وڵاتەکان، لەوانەش سعودیەو قەتەرو مەغریب. خاڵی سەرەکیی لەم بەئیسلامیکردنەی پاڵەوانێتییەکەدا نیشاندانی قەتەرە وەک نوێنەری بەھاکانی ئیسلام و وەک بەرگریکار لە کولتوری موسڵمانان. ئەگەرچی ھەر ھێزێک لە ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی ڕوانینی جیاواز بەیەک و تەواو ناکۆکیان بەرامبەر بە پاڵەونێتییەکەو وەرزش و قەتەر خۆیشی وەک وڵات، ھەیە.  ھەندێک لە ھێزو کەسایەتییە سەلەفییەکان، چ لەناوچەکەداو چ لە ھەرێمەکەی خۆماندا، پاڵەوانێتییەکەیان وەک جیھادی ئیسلام دژ بە کوفر، نیشاندا. دروستکردنی وێنەیەک بۆ یارییەکانیش وەک جەنگ لەنێوان ئیسلام و کوفردا. بۆ نموونە، کاتێک ھەڵبژاردەی سعودیە لە ھەڵبژاردەی ئەرژەنتینی بردەوە ئەم سەلەفییانە بردنەوەکەیان وەک جیھادی ئیسلام دژ بە کوفر لێکدایەوەو پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو جیھادە دەربڕی. لەکاتێکدا ھەندێکی تر لە سەلەفییەکان تۆپی پێیان وەک وەرزش. پێ حەرامەو پێینوایە خودا لە قیامەتدا لێپرسینەوە لەگەڵ ھەر موسڵمانێکدا دەکات کە سەعات و نیوێک سەیری یارییەکی تۆپی پێی، کردبێت. ئەمانە پاڵەوانێتییه‌کە وەک کارێکی حەرام سەیردەکەن. ھەرچی ھێزەکانی ئیخوانی موسلیمینە ھەوڵیاندا پاڵەوانێتییە بۆ قازانجی سیاسیی خۆیان بەکاربھێنن. ئەوان لەڕێگای بەئیسلامیکردنی پاڵەوانێتییەکەوە جارێکیتر جەختیان لەو دیدە ئایدیۆلۆژیەی خۆیان کردوە کە ئیسلام دینێکی شمولییەو ھەموو دەرکەوتەکانی ژیان دەگرێتەوە، بە تۆپی پێشەوە. پاڵەوانێتیەکەشیان وەک ھەلێک بۆ بەموسڵمانکردنی چەند کەسێک بە خەڵک فرۆشت. ھەرچی داعشە دیدێکی تەواو جیاوازی ھەیە، ئەمان لە دواھەمین ژمارەی گۆڤاری ”النبأ“دا بەیانێکیان لەسەر پاڵەوانێتییەکە بڵاوکردەوەو تیایدا قەتەریان بە وڵاتی کوفر ناونوسکرد. ھۆکارەکەش ئەوەیە قەتەر وڵاتێکە ”تیورەی حاکمیەتی خودا“ بەوجۆرەی ئەوان تێیگەشتون، پیادە ناکات. ھاوکات داوای پەلاماردانی ئەو وڵاتەیان کرد لە ڕێگای ئەنجامدانی ھێرش و پەلاماردانی چەکدارەوە. داعش پێیوایە ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکە لە قەتەر ھەر لەسەرەتاوە بەرپاکردنی جەنگە دژ بە ئیسلام.   ئەو پرسیارەی ھەموو موسڵمان و دیندارێکی ڕاستەقینە پێویستە لەخۆی بکات ئەوەیە ئایا ئەم فەوزا دینییە چی لێبکەن و چۆن لێیبڕوانین. ئایا ڕاستە دین بۆ ئەو ئاستە ڕۆژانەییە، بەو ھەموو ناکۆکیی و یەکدی بەدرۆخستنەوە، داببەزێنرێت و بە ھەموو شتێکەوە گرێبدرێت. لەمانەش بترازێت ئایا ڕاستە بەھاکانی ئیسلام وەک دین ئەو بەھایانەن کە دەوڵەتی قەتەر نوێنەرایەتی دەکات؟ دەوڵەتێک تێوەگلاو لەشێوازە جیاوازەکانی گەندەڵییەوە، تێوەگلاو لە پڕوکاندن و بە کۆیلەو بێمافکردنی مرۆڤەوە، بەرپرس لە مامەڵەکردنی  نزیکەی دوو ملیۆن کۆچبەری موسڵمان و ناموسڵمان وەک بوونەری کەم و بێنرخ و بێکەرامەتی ئینسانیی. ئایا ئەوەی خەڵکی سادە بە ئیسلامی دەزانێت ئەم جۆرەیە لە ستەم و تاوانی ڕێکخراو و سیستماتیک، کە بە پارەی نەوت و غاز بە جیھان وەک دین و دینداریی ڕاستەقینە دەفرۆشرێت. ئایا ئەوە بەسە خواردنەوەی ئەلکھول لە یاریگادا یاساغ بکەیت، بەڵام لە دەرەوەی یاریگادا بیفرۆشیت و بازرگانی پێوە بکەیت، بۆئەوەی ببیت بە نوێنەری ئیسلام؟ ئیسلامییەکان خۆیان بەمە دەڵێن نیفاق.  وەک پیشەی ھەمیشەییان ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی پەنا بۆ دروشمی لیبرالی ”ئەبێت ڕێز لە کولتورمان بگرن وەکچۆن ئێمە ڕێز لە کولتورتان دەگرین“ دەبەن بۆئەوەی قەتەر وەک وڵاتی بەرگریکردن لە ئیسلام بە موسڵمانان، بفرۆشن. ئەم پرنسیپە لیبرالەو کۆی پرنسیپە لیبرالییەکانی تر، کاتێک مانایان ھەیە کە ڕێز لە ھەموویان بگیرێت و بەشێکبن لە عەقڵیەتی حوکمڕانیی و عەقڵیەتی ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا و لەنێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لەگەڵیەکدا. نەک ئەوەی لە کوێدا بەکەڵکت ھات پەنای بۆببەیت و لە کوێشدا بەکەڵکت نەھات، بیخەیتە ژێرپێتەوە.  بە کورتیی، بەئیسلامیکردنی پاڵەوانێتییەکە ستراتیژەتی سیاسیی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و ستراتیژیەتی حوکمڕانانی قەتەری لەپشتە، وەک حوکمڕانییەکی گەندەڵ و ستەمگەر. ئەم ستراتیژیەش بریتییە لە یاریکردن بە ھەستی دینیی خەڵکی سادەی ناوچەکەو نمایشکردنی ئیسلام وەک دینێک لە جەنگدایە هه‌م لەگەڵ جۆرە جیاوازەکانی ئیسلام لەناوخۆیداو ھەم لەگەڵ ھەموو جیھاندا.


راپۆرت: درەو یەكێتی لەڕێگەی بایكۆتكردنەوە دەیەوێت حكومەت ئیفلیج بكات، حكومەت چۆن هەڵدەوەشێتەوە ؟ ژمارەكان نیشانی دەدەن تەنانەت ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ یەكێتیدا لە حكومەت بكشێتەوە هێشتا لەڕووی یاساییەوە حكومەت ناكەوێت. یەكێتی كارتی حكومەتی تاقیكردەوە، ئەگەر رێككەوتن نەكرێت دوای حكومەت هەوڵی پەكخستنی پەرلەمان دەدات، دۆخەكە گەیشتوەتە دواین ترۆپی خۆی، بەڵام هێشتا مەسرور بارزانی دەڵێ هێشتا تێنەگەیشتووم یەكێتی چی دەوێت؟! وردەكاری زیاتر لەبارەی دواین پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە.  هەوڵی گفتوگۆیەكی نوێ رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی دەكات، بڕیارە لەم كۆبونەوەیەدا تیمی یەكێتی بەشداری نەكات، بەڵام (درەو) زانیویەتی هەوڵێكی نوێ لە ئارادایە بۆ رێككەوتن لەنێوان هەردوولادا‌و ئەگەر سەركەوێت ئەگەری گەڕانەوەی یەكێتی هەیە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت. دوای نزیكەی (دوو مانگ) بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم‌و سەرۆكی تیمی یەكێتی هیچ دەستپێشخەرییەكی لەلایەن پارتییەوە پێنەگەیشتووە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان، بۆیە ئاستی بایكۆتی تیمی یەكێتی لە هەڵوێستێكی (تایبەتی) خۆیەوە بەرزكردەوە بۆ (هەموو) وەزیرەكان‌و لە یەكەم هەنگاویشدا وایكرد وەزیرەكانی یەكێتی لەگەڵ وەفدی حكومەت نەچن بۆ بەغداد (لە دوێنێوە وەفدی حكومەتی هەرێم چوەتە بەغداد بۆ دانوستان لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق). سەرچاوەیەك لە تیمی پارتی لەناو حكومەت بە (درەو)ی راگەیاند" تائێستا تیمی یەكێتی هیچ نوسراوێكیان ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت نەكردووەو بە فەرمی كێشەكانیان نەخستووەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران". سەرچاوەكە وتی" ئەگەر یەكێتی بیەوێت حكومەت پەكبخات، هەرگیز ناتوانێت، چونكە تەنانەت هەموو وەزیرەكانیشی دەستلەكاربكێشنەوە حكومەت هەڵناوەشێتەوەو بریكارەكانیان شوێنیان دەگرنەوە". بەپێی قسەی سەرچاوەكەی پارتی "یەكێتی لەڕێگەی باڵیۆزی وڵاتانەوە پەیام بۆ پارتی دەنێرێت‌و چاوەڕێی ئەوە دەكەن مەسرور بارزانی پەیوەندی بە قوباد تاڵەبانییەوە بكات‌و بانگهێشتی بكاتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت"، بەڵام وەكو ئەو دەڵێ "مەسرور بارزانی ئامادە نییە تەلەفۆن بكات، چونكە پێیوایە كێشەكە لە ئەوەوە سەرچاوەی نەگرتووەو لەدوای روداوی تیرۆركردنی هاوكار جافەوە یەكێتی هەڵوێستی وەرگرتووە". لەبەرامبەردا، سەرچاوەیەك لە تیمی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند" ئەم شێوازە ئیدارەدانەی حكومەتمان قبوڵ نییە‌و تا نیگەرانییەكانمان نەڕەوێتەوە ناگەڕێنەوە بۆ كۆبونەوەكانی حكومەت". ئەو بەرپرسەی یەكێتی باسی لەوەكرد، دۆخەكە گەیشتوەتە ئاستێك پێشبینی ناكەن جارێكی تر قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە‌و لەگەڵ مەسرور بارزانیدا كار بكات.  قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی فەرمانی بە وەزیرو بەرپرسانی یەكێتی كردووە، نەك نابێت بەشداری لە كۆبونەوەكانی حكومەتدا بكەن، بەڵكو نابێت لەمەودوا بەشداری هیچ (مەراسیمێكی حكومی)ش بكەن، ئەمە كاردانەوەیە بەرامبەر بە دوو بڕیار چەند رۆژی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران دەریكردوو ئەمانەن:  • بڕیاری یەكەم: خانەنشینكردنی (سەركەوت حەسەن) ناسراو بە "سەركەوتی كوبە" كە یەكێتی كاندیدی كردبوو بۆ پۆستی بریكاری وەزیری ناوخۆ لە شوێنەكەی (چەتۆ ساڵح)، سەركەوت حەسەن پێشتر لەسەر پشكی گۆڕان بریكاری وەزیری ناوخۆ بوو، كاتێك یەكێتی كاندیدی كردەوە بۆ ئەو پۆستە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ یەكسەر فەرمانی خانەنشیكردنی بۆ دەركرد، یەكێتی دەیەوێت بریكاری وەزیری ناوخۆ بگۆڕێت، دەركردنی ئەم بڕیارە لەم كاتەدا وا لێكدەداتەوە پارتی رێگری بۆ دروست دەكات، یەكێتی بڕیارەكە بە "سیاسی"‌و پارتیش بڕیارەكە بە "یاسایی" ناودەبات.  • بڕیاری دووەم: پێدانی دەسەڵاتەكانی (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی بە (سەربەست لەزگین) بریكاری وەزیری پێشمەرگە لە پشكی پارتی، یەكێتی دەیەوێت وەزیری پێشمەرگە بگۆڕێت، دەركردنی ئەم بڕیارە لەم كاتەدا وا لێكدەداتەوە پارتی رێگری بۆ گۆڕینی وەزیرێكی یەكێتی دروست دەكات.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەرلەوەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی بەتەواوەتی تێكبچێت‌و یەكێتی بەتەواوەتی كۆبونەوەكانی حكومەت بایكۆت بكات، هەوڵێك لە ئارادا بووە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەنێوان هەردوولا‌و تەنانەت لەسەر شێوازی گۆڕینی وەزیرەكانیش لە رێككەوتنی كۆتایی نزیكبونەتەوە (هاوشێوەی یەكێتی، پارتیش دەیەوێت وەزیرێكی خۆی بگۆڕێت كە پشتیوان سادقی وەزیری ئەوقافە، پشتیوان لەدوای كۆنگرەی 14وە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردرا، بەپێی بڕیاری ناوخۆیی پارتی ئەوانەی دەبن بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەبێت دەستبەرداری پۆستە حكومییەكانیان بن لەناو هەرێمی كوردستان).  ئەگەر ئەمجارە نەگەنە رێككەوتن‌و دەستپێشخەرییە نوێیەكان شكست بهێنن، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) رەنگە یەكێتی دوای بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی حكومەت، هەوڵی پەكخستنی كۆبونەوەكانی پەرلەمانیش بدات لەڕێگەی سەرۆكی پەرلەمانەوە.  یەكێتی لە چی نیگەرانە ؟ ئەوەی تائێستا یەكێتی لە میدیاكانییەوە بە فەرمی لەبارەی سەرچاوەی كێشەكانییەوە لەگەڵ پارتی باسیكردووە، ئەمانەن:  •    تاكڕەوی لە دەركردنی بڕیارە ئەمنییەكاندا (لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەست لە كەیسی كوژرانی هاوكار جاف‌و هەندێك بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە‌و راگرتنی موچەی هێزی دژەتیرۆری یەكێتی‌و چەند كەیسێكی تری ئەمنییە).  •    دروستكردنی كێشە بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی یەكێتی لەناو حكومەت (یەكێتی دەیەوێت وەزیری پێشمەرگە‌و بریكاری وەزیری ناوخۆ‌و بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ كە پشكی خۆیەتی بگۆڕێت بە كاندیدی نوێ، لەپاڵ ئەمەدا بەمدواییە پۆستێكی تری یەكێتی لە حكومەت چۆڵ بووە كە پۆستەكەی خالید شوانی وەزیری هەرێمە بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەغداد، خالید شوانی لەسەر پشكی یەكێتی پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت).  •    جیاوازیكردن لە نێوان ناوچەكانی لەلایەن حكومەتی مەسرور بارزانییەوە (یەكێتی دەڵێ سلێمانی پەراوێز خراوە، پارتی دەڵێ یەكێتی داوای لامەركەزیەتی دارایی كردووە‌و ئەو دەسەڵاتەی پێدراوە، خۆی بەرپرسە لە دواكەوتنی دۆخی خزمەتگوزاری‌و ئاوەدانی لە سلێمانی). بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتییە، تائێستا لەلای كەسە نزیكەكانی‌و نێوەندگیرەكان باسی لەوە كردووە داواكارییەكانی یەكێتی روون نین و هەرجارەی بیانوویەك دەهێننەوە. هەندێك لە پارتییەكان دورتر دەڕۆن، پێیانوایە جموجوڵەكانی ئەمدواییەی یەكێتی لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی هەرێمایەتیدایە بۆ دابەشكردنی هەرێمی كوردستان. حكومەت بەبێ یەكێتی ! كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە (23) ئەندام پێكهاتووە، بەم شێوەیە دابەشبووە: •    پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، (11) وەزیری هەیە بە پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە، واتا (48%)ی تێكڕای حكومەتی بەدەستەوەیە •    یەكێتی كە براوەی دووەمی هەڵبژاردنە، (6) وەزیری هەیە بە جێگری سەرۆك وەزیرانەوە، واتا (26%)ی تێكڕای حكومەتی بەدەستەوەیە •    بزوتنەوەی گۆڕان كە براوەی سێیەمی هەڵبژاردنە، (4) وەزیری هەیە، واتا (17%)ی تێكڕای حكومەتی بەدەستەوەیە •    پارتی سۆسیال دیموكرات، (1) وەزیری هەیە‌و دەعوەتی پارتییە لە حكومەتدا، واتا (4.5%)ی حكومەتی بەدەستەوەیە • پێكهاتەكان، (1) وەزیری هەیە كە لای توركمانە، ئەمانیش لەلایەن پارتییەوە دەعوەتی ناو حكومەتەكە كراون، (4.5%) حكومەتیان بەدەستەوەیە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە دەستلەكاركێشانەوەی (50+1)ی وەزیرەكانی بە "هەڵوەشاوە" ئەژمار دەكرێت، ئەگەر سەرجەم وەزیرەكانی یەكێتی كە (6) وەزیرن دەستلەكار بكێشنەوە حكومەت بە هەڵوەشاوە ئەژمار ناكرێت، تەنانەت ئەگەر وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ وەزیرەكانی یەكێتیدا بكشێنەوە هێشتا حكومەت بە هەڵوەشاوە ئەژمار ناكرێت، چونكە بەهەردووكیان (10) وەزیریان هەیەو ئەمە تەنیا رێژەی (44%)ی كۆی گشتی ئەنجومەنی وەزیران پێكدەهێنێت. یەكێتی بەمدواییە لە ماڵەكەی مام جەلال لە دوكان كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكانی كۆكردەوە جگە لە (پارتی‌و نەوەی نوێ) كە بەشدار نەبوون، ئامانجی ئەم كۆبونەوەیە دروستكردنی بەرەیەكی سیاسی نوێ بوو دژ بە پارتی، بەڵام هیچ رێككەوتنێكی تێدا ئیمزا نەكرا.  هاوشێوەی پەرلەمانی كوردستان، پارتی‌و هاوپەیمانەكانی لە ئەنجومەنی وەزیراندا زۆرینەن، پارتی (11)  وەزیری هەیە بە پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە، وەزیرێكی سۆسیال دیموكرات‌و وەزیرێكی پێكهاتەكانیشی لەگەڵدایە، بەمەش بەرەكەی پارتی بە تێكڕا بەرەكەی پارتی (13) وەزارەتی بەدەستەوەیە‌و كە رێژەی (56%)ی ئەنجومەنی وەزیران پێكدەهێنێت، واتە زیاتر لە رێژەی 50+1ی حكومەت بەدەست پارتییەوەیە‌و لەڕووی یاساییەوە یەكێتی ناتوانێت كابینەی مەسرور بارزانی هەڵوەشێنێتەوە.  بەڵام هاوشێوەی هەموو پرسەكانی تر، لەم بابەتەشدا ئەوەی لە كۆتایدا حوكم دەدات ژمارەی وەزارەت‌و كورسییەكان نییە، چونكە لەڕووی كردارییەوە هەرێمی كوردستان دابەشبووە بەسەر دوو زۆنی دەسەڵاتداری پارتی‌و یەكێتیدا‌و هیچ كامیان بەبێ ئەوەی تریان ناتوانن حوكمڕانییەكی سەرتاسەری ئیدارە بدەن.  كابینەی نۆیەم.. سەرەتاو كۆتاییەكی خراپ بەهۆی ئەوەی لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان نەگەیشتنە رێككەوتن، رۆژی 9ی ئۆكتۆبەری رابردوو پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردوەوە، رەنگە ئەم ساڵە جارێكی تریش درێژبكرێتەوە ئەگەر پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی بەمشێوەیە بە گرژی بمێنێتەوە.  بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، حكومەت‌و سەرۆكایەتی هەرێمیش بوون بە دوو دامەزراوەی ماوە بۆ درێژكراوە، چونكە هەردووكیان لە پەرلەمانەوە متمانەیان پێدراوە، بەمشێوەیە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان ماوەی یاساییان كۆتایی هاتووە‌و تەنیا هەڵبژاردن دەتوانێت شەرعیەتی تەواوەتییان بۆ بگەڕێنێتەوە.  هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، دوای نزیكەی مانگێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، خولی نوێی پەرلەمان رۆژی 6ی تشرینی دووەم 2018 سوێندی یاسایی خواردو دەستبەكاربوو، بەڵام كابینەی نۆیەم كە هەڵبژێردراوی پەرلەمانە، رۆژی 10ی تەموزی 2019 دەستبەكاربوو. كابینەی نۆیەم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات‌و كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، دەستبەكاربوونی (8) مانگ لەوادەی دیاریكراوی خۆی دواكەوت، ئەمە بەهۆی سەختی دانوستانەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتی بوو، چونكە هەردوو لایەنەكە لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان رێكنەدەكەوتن، پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، بەر لە یەكێتی رێككەوتنی سیاسی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئیمزا كرد، ئەمە یەكێتی وەكو براوەی دووەمی هەڵبژاردن نیگەران كرد، لە لایەكی ترەوە یەكێتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا بابەتی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكی هێنایە پێش‌و ئەمەش زیاتر پێكهێنانی كابینەكەی دواخست.  كابینەی نۆیەم بە (8) مانگ پێكهێنرا، ئێستاش كە لە كۆتایی تەمەنی یاسایی خۆیدایە‌و ماوەی درێژكردنەوەی تەمەن بەڕێدەكات بارودۆخی لە رۆژانی سەرەتا باشتر نییە، ئەمە لەكاتێكدایە سەرۆكی ئەم كابینەیە مەسرور بارزانییە كە ماجستێری لەبواری (ئاشتی‌و چارەسەری ناكۆكییەكاندا) هەیە.  سەرەتاو كۆتایی ناكۆكییەكان رۆژی 7ی ئۆكتۆبەر واتە دوو رۆژ بەر لەوەی پەرلەمانی كوردستان لەچوارچێوەی رێككەوتنی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)دا تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، بۆمبێكی لێكێندراو بە ئۆتۆمبیلی ئەفسەرێكی دەزگای زانیاری یەكێتی بەناوی عەقید (هاوكار جاف) تەقییەوە‌و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.  كەیسی كوژرانی ئەم ئەفسەرە هەر لەسەرەتاوە بوو بە كارتێكی بەهێز بەدەست پارتییەوە دژ بە یەكێتی، پارتی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەم روداوە‌و دانپێدانانی دەستگیركراوەكانی رۆژی 12ی ئۆكتۆبەر بڵاوكردەوە، واتە رۆژێك بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار گەیشتبووە لوتكەی خۆی.  یەكێتی لە بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكان ناڕازی بوو، چونكە سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆرەكەی‌و چەند بەرپرسێكی تری دەزگاكە تۆمەتباركران لە تێوەگلان لە پلانی كوشتنی عەقید (هاوكار جاف)دا، بەرپرسانی یەكێتی پێیانوایە پارتی لە یەكلاكردنەوەی ئەم كەیسەدا (تاكڕەوی) كردووە‌و گوێ لە یەكێتی نەگرتووە، بەڵام لەبەرامبەردا بەرپرسانی پارتی كە  (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون باسلەوە دەكەن لە رۆژی رووداوی كوژرانی ئەفسەرەكەدا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی رووداوە، لەم پەیوەندییە بافڵ تاڵەبانی ئامادەیی دەربڕیوە هەر كەسێك لەو كەیسە تێوەگلابێت رادەستی دادگای بكات.  هەر لەسەروبەندی ئەو رووداوەدا، یەكێتی داوای لیژنەی لێكۆڵینەوەی بێلایەنی كرد، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم كە لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە وەڵامی دایەوە‌و ئامادەیی نیشاندا لایەنی سێیەم یاخود لایەنی نێودەوڵەتی بێتە ناو كەیسەكە. بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە كرد، دانپێدانانەكانی روداوی كوژرانی عەقید هاوكار جاف رێكخراون بەمەبەستی تۆمەتباركردنی یەكێتی، ئەو بە ئاشكرا رەتیكردەوە سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆرەكەی رادەستی دادگا بكات، چونكە پێیوایە دادگای هەولێر بێلایەن نییە.  رۆژی 12ی ئۆكتۆبەر دواینجار بوو كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكی تیمی یەكێتیی بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد، چونكە لە شەوی 12ی ئۆكتۆبەردا ئەنجومەنی ئاسایش دانپێدانانی دەستگیركراوانی كەیسی (هاوكار جاف)ی بڵاوكردەوە.  رۆژی 25ی ئۆكتۆبەر، رووداوێكی تر لە هەولێر روویدا كە قوباد تاڵەبانی زیاتر توڕە كرد، هێزێكی سەربە (ئەژی ئەمین) بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاریی گەمارۆی ماڵەكەی دا لە گوندی (ئینگلیزی) شاری هەولێر، ئەمە كاردانەوەی ئەژی ئەمین بوو بەرامبەر بە رۆشتنی هێزەكانی یەكێتی بۆ سەر ماڵەكانی خۆی‌و دایكی لە شاری سلێمانی.  دوای نیگەرانییەكانی لە بڵاوكردنەوەی دانپێدانانی گیراوانی كەیسی عەقید هاوكار جاف، رووداوی گەمارۆدانی ماڵەكەی لە هەولێر،  قوباد تاڵەبانی زیاتر لە پارتی نیگەران‌و توڕە كرد، بەتایبەتی لەكاتێكدا وەكو ئەوەی خۆی لە كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتیدا باسی كردووە، نەك سەرۆكی حكومەت‌و نە هیچ بەرپرسێكی تری حزبی‌و حكومی پارتی لەو رووداوەدا پەیوەندییان پێوە نەكردووە لەكاتێكدا ئەو جێگری سەرۆكی حكومەتە‌و هەولێریش لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە، بەرپرسانی پارتی دەڵێن كێشەی ئەژی ئەمین‌و قوباد تاڵەبانی كێشەیەكی ناوخۆیی یەكێتییە بۆیە ئەوان دەستوەردانی تێدا ناكەن. لەدوای بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكانی كەیسی هاوكار جافەوە، قوباد تاڵەبانی نەگەڕاوەتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، واتە ماوەی نزیكەی (دوو مانگ)ە حكومەتی بایكۆتكردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوەتە دابڕانی تەواوەتی‌و زۆربەی كاتەكانی لە هەولێر دەمێنێتەوە.  ئەمە جاری یەكەم نییە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ مەسرور بارزانی دەكەوێتە ناكۆكییەوە، سەرەتای پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، قوباد تاڵەبانی بەنیگەرانی دەستی بە كاركردن كرد لەگەڵ مەسرور بارزانیدا، ئەو نیگەران بوو لەوەی هاوشێوەی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی، دەسەڵاتەكانی لە كابینەی مەسرور بارزانی وەكو جێگری سەرۆك وەزیران دیاری نەكراوە، ئەم ناڕەزایەتییەی گەیاندە سەركردایەتی حزبەكەی‌و دواجار خۆی لە كۆبونەوەیەكدا كێشەكەی لەگەڵ مەسرور بارزانی چارەسەر كرد‌و پێكهاتن، بەڵام ئەمە كۆتایی ناكۆكی نێوان سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەی نەبوو.   لە كەمپەینی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا كە ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، جارێكی تر گرژی كەوتەوە نێوان سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەی. قوباد تاڵەبانی كە حزبەكەی بەهۆی رووداوەكانی 8ی تەموزەوی دوچاری پەرتبوون هات، خۆی سەركردایەتی كەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی عێراقی كرد، لەم كەمپەینەدا بۆ مەبەستی گەڕاندنەوەی یەكێتییەكان بۆسەر سندوقەكانی دەنگدان هێرشی توندی دەكردە سەر پارتی‌و بە "تاكڕەو" ناوی تیمی پارتی لە حكومەت هێنا، ئەمە مەسرور بارزانی توڕە كرد، داوای لێكرد لەناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا روونكردنەوە بدات لەبارەی قسەكانییەوە، بەڵام قوباد تاڵەبانی ئەوكاتیش هاوشێوەی ئێستا چەند كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران نەچووە ژورەوە‌و بەمە خۆی دزییەوە لە هەر جۆرە قسەكردنێك لەسەر بابەتەكە لەناو حكومەتدا.  قوباد تاڵەبانی دوای گەڕانەوەی لە ئەمریكاوە بۆ كوردستان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت دەستی بەكاركردن كرد (ئەوكاتیش هەر جێگری سەرۆك وەزیران بوو)، پەیوەندییەكانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بەهێزبوو، چونكە دەسەڵاتی پێدابوو وەكو سەرۆك وەزیرانی ناوچەی سەوز مامەڵە بكات. قوباد تاڵەبانی‌و نێچیرڤان بارزانی سەرباری ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی، هێشتا پارێزگارییان كردووە لە پەیوەندییە باشەكەی نێوانیان، قوباد تاڵەبانی هەرجارێك لەگەڵ مەسرور بارزانی دەگاتە بنبەست، بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی لە دەرگای نێچیرڤان بارزانی دەدات، بەڵام ئێستا ئیتر بارودۆخەكە لەناو پارتیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە‌و نێچیرڤان بارزانی ناتوانێت رۆڵەكەی جاران بۆ قوباد تاڵەبانی بگێڕێت، چونكە كۆنگرەی 14ی پارتی مەسرور بارزانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هاوتا كردووە‌و هەردووكیان لە قۆناغێكی هەستیاردا جێگری سەرۆكی پارتین‌و نێچیرڤان بارزانی نایەوێت بە پاڵپشتیكردن لە قوباد تاڵەبانی هەر لە ئێستاوە پەیامی ئەوە بە مەسعود بارزانی مامی بدات كە دژایەتی مەسرور بارزانی دەكات.  


 درەو: ئەمڕۆ وەزیرو بەرپرسانی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەوامی ئاسایی خۆیانكرد، هەڵوێستەكەی یەكێتی تەنیا بەشدارینەكردن بوو لە مەراسیم و كۆبونەوە فەرمییەكان، وەك یەكەم هەنگاوی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی تیمی یەكێتی، ئەندامانی یەكێتی لە وەفدی دانوستانەكانی بەغداد كشانەوەو بەشدار نەبوون.   ماوەی نزیكەی دوو مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی نەكردووە نیگەرانە، رۆژی پێنج شەممەش قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت بڕیاریدا تیمی یەكێتی بەشداری هیچ كۆبوونەوەو مەراسیمێكی فەرمی نەكەن، لەبەرامبەر دوو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران،  •    خانەنشینكردنی سەركەوت حەسەن ناسراو بە (سەركەوتی كوبە) بۆ شوێنگرەوەی چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ، كە پێشتر یەكێتی بە نوسراوی فەرمی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی كردبوو بۆ رەزامەندبوونی دەستبەكاربوون بۆ (سەركەوت حەسەن)، بەڵام وەزیری ناوخۆ بڕیاری خانەنشینبوونی بۆ دەركرد، ئەگەرچی بڕیارەكە یاساییە، بەڵام یەكێتی بە بڕیارێكی سیاسی دەبینێت و پێی وایە لە دژی بڕیارەكەی یەكێتیە بۆ گڕینی بریكاری وەزیری ناوخۆ. •     پێدانی بڕیاری بەكارهێنانی تەواوی دەسەڵاتەكانی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی لەلایەن سەربەست لەزگین بریكاری وەزیری پێشمەرگە لە پشكی پارتی، كە یەكێتی دەیویست كەسێكی تر لە بری شۆڕش ئیسماعیل كاندید بكات بەڵام پارتی بەو بڕیارە رازی نیەو ئامادە نیە دەستلەكاركێشانەوەی شۆڕش ئیسماعیل قبوڵ بكات. بڕیارەكەی سەرۆكی تیمی یەكێتی تایبەت بوو بە بەشدارینەكردنی وەزیرو بەرپرسانی یەكێتی لە هیچ كۆبوونەوەو مەراسیمێكی فەرمی حكومەتی هەرێم، واتا بەشداری كۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران ناكەن. وەك یەكەم هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی تیمی یەكێتی، ئەندامانی یەكێتی لە وەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغداد (د. دارا رەشید وەزیری پلاندانان و د. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بەشدار نەبوون و كشانەوە.  لە ئێستادا یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ناكۆكن، یەكێتی دەڵێت ئەو جۆرە لە حوكمۆڕانیەیان قبوڵ نیەو هاوبەشی دەسەڵات نین، پارتیش دەڵێت بڕیارەكانی یەكێتی سیاسین و یەكێتی كێشەی ناوخۆیی هەیە،       


درەو: ئەمڕۆ لە شاری كەلار ئەنجامی پێشبڕكێی رۆژنامه‌وانی مافه‌كانی مرۆڤ راگەیەندرا کە (رادیۆی ده‌نگ) به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسی (NED ) ساڵانە ئەنجامی دەدات. راپۆرتەكەی بنكۆڵكارییەكەی (درەو) بەناوی (مروارییەك لەناو قوڕو لیتەی ژیاندا .. موئمین لەكاتی نوێژدا دایكی كوشت و كۆتایی بە ژیانی خۆشی هێنا) لە ئامادەكردنی رۆژنامەنووس (فازڵ حەمەرەفعەت) بوو.   لینكی راپۆرتەكە.. https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11429


درەو: ئەمڕۆ وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغداد، تیمی یەكێتی لە وەفدەكە كشانەوەو بەشداریان نەكرد لە وەفدەكەدا، وەفدەكەی حكومەتی هەرێم لە ئەندامانی پارتی و گۆڕان پێكهاتووە.  بە پێی زانیارییەكانی (درەو) ئەمڕۆ ئەندامانی تیمی یەكێتی (د. دارا رەشید وەزیری پلاندانان و د. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بەشدار نەبوون لە وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد، ئەویش وەك بەشێك  لەو هەوڵوێستەی كە قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی بڕیاری لێداوە كە تیمی یەكێتی نابێت بەشداری بكات لە هیچ كۆبوونەوەو مەراسیمێكی فەرمیدا. هەفتەی رابردوو وەفدی حكومەتی هەرێمی بەسەرۆكایەتی دارار رەشید لە پشكی یەكێتی گەیشتە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی بودجەو نەوت و كێشەكانی نێوان هەرێمی و بەغداد. ماوەی نزیكەی دوو مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی نەكردووە، رۆژی پێنج شەممەش قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت بڕیاریدا تیمی یەكێتی بەشداری هیچ كۆبوونەوەو مەراسیمێكی فەرمی نەكەن، ئەویش لەبەرامبەر دوو بڕیاردا، ئەویش خانەنشینكردنی سەركەوت حەسەن ناسراو بە (سەركەوتی كوبە) بۆ شوێنگرەوەی چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ، پێدانی بڕیاری بەكارهێنانی تەواوی دەسەڵاتەكانی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی لەلایەن سەربەست لەزگین بریكاری وەزیری پێشمەرگە لە پشكی پارتی، كە یەكێتی دەیویست كەسێكی تر لە بری شۆڕش ئیسماعیل كاندید بكات بەڵام پارتی بەو بڕیارە رازی نیەو ئامادە نیە دەستلەكاركێشانەوەی شۆڕش ئیسماعیل قبوڵ بكات. لە ئێستادا یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ناكۆكن، یەكێتی دەڵێت ئەو جۆرە لە حوكمۆڕانیەیان قبوڵ نیەو هاوبەشی دەسەڵات نین، پارتیش دەڵێت بڕیارەكانی یەكێتی سیاسین و یەكێتی كێشەی ناوخۆیی هەیە.  سەردانی پێشو دارا رەشید سەرۆكی تیمەكە بووە


درەو: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی بەخشی بە سەربەست لەزگین بریكاری وەزیری پێشمەرگە لەسەر پشكی پارتی. بە پێی نوسراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە كە لەلایەن سەربەست لەزگینەوە واژۆكراوە، هاتووە: لەلایەن سەرۆكایەتی ەئنجومەنی وەزیرانەوە ئاگاداركراوین بە پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی بەرێز وەزیری پێشمەرگە لە ماوەی نەهاتنی بەڕێزیان بۆسەر كارەكەیان تا ئەو كاتەی بەڕێزیان دەگەڕێنەوە، ئەویش بەمەبەستی بەردەوامبوونی كاروباری رۆژانەی وەزارەتی پێشمەرگە و درووست نەبووتی هیچ كێشەیەك و بەربەرستێك لەبەردەم راییكردنی كارەكانیدا. ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران هاوكاتە لەگەڵ بریارێكی وەزیری ناوخۆ بۆ خانەنشینكردنی سەركەوت حەسەن بۆ جێگرەوەی چەتۆ ساڵ بریكاری وەزیری ناوخۆ لە پشكی یەكێتی، ئەم دوو هەنگاوە تیمی یەكێتی لە حكومەت نیگەران كردوو دوێنێ قوباد تاڵەبانی بە توندی تیمی یەكێتی (وەزیرو  بەربرسانی لە حكومەت) ئاگاداركردووەتەوە بەشداری كۆبوونەوەو مەراسیمە فەرمیەكان نەكەن و باس لەوەش دەكرێت كە بەتەواوی بایكۆتی دەوامیش بكەن، بەڵام (درەو) زانیویەتی رۆژی یەكشەممە یەكێتی بەتەواوی بڕیار دەدات تیمەكەی بەتەواوی بایكۆتی دەوام بكەن یان تەنیا بەشداری كۆبوونەوەو مەراسیمە فەرمییەكان نەكەن.   لە كۆتایی مانگی رابردوودا شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە بەهۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی، سلێمانی بەجێهێشت‌و گەیشتە هەولێر، بڕیارە گەشتی دەرەوە بكات لەدوای دواین كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە رۆژی 8ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بافڵ تاڵەبانی هەریەكە لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە‌و چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانی بانگهێشت كرد‌و ئاگاداری كردنەوە لەوەی نابێت بگەڕێنەوە بۆ هەولێر، ئەمەی وەكو فەرمانی یەكێتی پێ راگەیاندن. (درەو) زانیویەتی، شۆڕش ئیسماعیل نیگەرانە لە بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی‌و پێیوایە بیانوی پێدەگرن لەبارەی ئەو هەنگاوانەی كە بۆ رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە گرتویەتییە بەر.  


درەو: 🔹 لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر بووە لە (136.26 ترلیۆن) دینار، کە (95.3%)ی داهاتی نەوت و(4.7%)ی داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 لەو داهاتەی بەدەستهاتووە زیاتر لە (79.73 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (92.4%)ی چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن. تەنها (6.59 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (7.6%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە. 🔹 هەر بەپێی ئامارەکان دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (36.3%) و زیاتر لە (33.71 ترلیۆن) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. 🔹 خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بریتی بووە لە (6.5 ترلیۆن) دینار و بە جۆرێک؛ ئەنجومەنی وەزیران (6 ترلیۆن) دینارو ئەنجومەنی نوێنەران نزیکەی (429 ملیار) دینار و سەرۆکایەتی کۆمار زیاتر لە (40 ملیار) دینار، خەرجیان هەبووە. یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2022 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە بۆ دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڵاوی کردوونەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (136 ترلیۆن و 262 ملیار و 85 ملیۆن و 482 هەزار و 91) دینار، بەجۆرێک بڕی (129 ترلیۆن و 945 ملیار و 398 ملیۆن و 980 هەزار و 835) دیناری بەڕێژەی (95.3%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (6 ترلیۆن و 316 ملیار و 686 ملیۆن و 501 هەزار و 256) دینار، بەڕێژەی (4.7%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری دە مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2022 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (86 ترلیۆن و 330 ملیار و 376 ملیۆن و 650 هەزار و 331) دینار، بەجۆرێک بڕی (79 ترلیۆن و 738 ملیار و 531 ملیۆن و 191 هەزار و 216) دیناری بەڕێژەی (92.4%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (6 ترلیۆن و 591 ملیار و 845 ملیۆن و 369 هەزار و 115) دیناری بەڕێژەی (7.6%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر دە مانگی ساڵەکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2022 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (6 ترلیۆن و 951 ملیار و 845 ملیۆن و 369 هەزار و 116) دیناری بەڕێژەی (7.6%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (90 ملیار و 182 ملیۆن و 185 هەزار و 915) دیناری بۆ خەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (792 ملیار و 835 ملیۆن و 526 هەزار و 915) دیناری بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (2 ترلیۆن و 95 ملیار و 740 ملیۆن و 721 هەزار و 784) دیناری بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی بڕی (3 ترلیۆن و 501 ملیار و 957 ملیۆن و 291 هەزار و 990) دیناری بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (471 ملیار و 129 ملیۆن و 642 هەزار و 512) دیناری بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە دە مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2022 لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (86 ترلیۆن و 330 ملیار و 376 ملیۆن و 560 هەزار و 331) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (136 ترلیۆن و 262 ملیار و 85 ملیۆن و 482 هەزار و 91) دینار. واتە بڕی (33 ترلیۆن و 714 ملیار و 609 ملیۆن و 280 هەزار و 104) دیناری بەڕێژەی (36.3%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری دە مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). خشتەی ژمارە (4) پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2022 لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 499 ملیار و 907 ملیۆن و 702 هەزار و 551) دینار. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (428 ملیار و 996 ملیۆن و 666 هەزار و 435) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (10) هەزار دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە.  2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (40 ملیار و 166 ملیۆن و 924 هەزار و 773) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (6 ترلیۆن و 30 ملیار و 744 ملیۆن و 111 هەزار و 343) دیناری خەرجکردووە، بڕی (5 ترلیۆن و 217 ملیار و 192 ملیۆن و 187 هەزار و 369) دیناری بە ڕێژەی (87%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (813 ملیار و 551 ملیۆن و 923 هەزار و 974) دیناری بە ڕێژەی (13%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە.  بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) سەرچاوەکان ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق -    حساب الدولە لغایە کانون الپانی 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە شباگ 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە اژار 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە نیسان 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە مایس 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە حزیران 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە تموز 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە ‌‌ێ‌ب 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە ایلول 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە تشرین الاول 2022 للموازنە الاتحادیە


(درەو): یەكێتی بڕیاریداوە وەزیرو بەرپرسەكانی بەشداری كۆبوونەوەو مەراسیمە فەرمییەكان نەكەن، هێشتا پرسی دەوام نەكردن و بایكۆت یەكلا نەكراوەتەوە، یەكشەممە یەكێتی بڕیاری كۆتایی دەدات. بڕیاری خانەنشینكردنی سەركەوت حەسەن، و فشاری بەشێك لە بەرپرسانی پارتی لەناو حكومەت، بەرپرسانی یەكێتی تۆڕەو نیگەران كردووە، تیمی یەكێتی بڕیار دەدات بەشداری كۆبوونەوەكانی حكومەت نەكات. (درەو) لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی قسەی كرد، ئەوان رایانگەیاند: یەكێتی لەسەرەتای مانگی رابردووەوە بەرەسمی نامەی دیاریكردنی سەركەوت حەسەن (سەركەوتی كوبە)ی پێشكەركردووە لەشوێنی چەتۆ ساڵح، بەڵام وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبری رەزامەندی، بڕیاری خانەنشینكردنی بۆ سەركەوت حەسەن دەكرد، یەكێتی بڕیارەكە بە نایاسایی دەزانیت، چونكە پێیوایه‌ دەبێت مەرسومی هەرێمی دەرچوێندرێت بۆ خانەنشینكردنی. لەگەڵ هەندێك بڕیاری تر كە تیمی پارتی لە یەك دوو رۆژی رابردوو داویەتی و بەرپرسانی یەكێتی تۆڕەكردووه‌و تا ئه‌و راده‌ی بڕیاریانداوه‌ بەشداری هیچ كۆبوونەوەو مەراسیمێكی فەرمی ناكەن، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی ئەوە نەدراوە وەزیر و بەرپرسانی یەكێتی بایكۆتی تەواوەتی بكەن و نەچنەوە دەوام. ئەو بەرپرسانەی یەكێتی ئاماژەیان بەوە كرد" یەكێتی چاوەڕێی دەكرد تیمی پارتی دۆخەكە ئارام بكاتەوەو كەشێك بڕەخسێنێت نزیكبوونەوە درووست بێت و بەشێك لە گلەییەكانی یەكێتی چارەسەر بكات، بەڵام فشارەكانی لەسەر یەكێتی توندتر كردووەتەوە، ئەمەش ئەوەندەی تر تیمی یەكێتی توڕە دەكات". (درەو) زانیویەتی هەوڵێ گفتوگۆو نێوەندگیری هەبووە لەنێوان یەكێتی و پارتی، بەتایبەت لە گۆڕینی هەندێك وەزیرو بەرپرس لەڕێگەی پەرلەمانەوە، بەدیاریكراوی پڕكردنەوەی شوێنی (پشتیوان سادق)و (خالید شوانی)، هەروەها یەكێتی دەیویست لەو پرۆسەیەدا دەستلەكاركێشانەوەی (شۆڕش ئیسماعیل)ی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ لەگەڵ وەزیرەكەی پارتی و هێمن هەورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌ماندا تێپەڕێنێت، بەڵام خانەنشینیەكەی سەركەوت حەسەن دۆخەكەی توندتر كردووە. چاوەڕوان دەكرێت یەكشەممە بڕیاری كۆتایی بدرێت، ئەگەر پارتی نەرمی بنوێتێت، ئەوا وەزیرو بەرپرسانی یەكێتی دەوامی ئاسایی خۆیان دەستپێده‌كه‌نه‌وه‌و پرسی گۆڕینی وەزیرەكانیش لە پەرلەمان جێبەجێ دەكرێت، خۆ ئەگەر پارتی نیگەرانییەكانی یەكێتی نەڕەوێنێتەوە، ئەوا چاوەڕوان دەكرێت بەتەواوی وەزیرەكانی یەكێتی بایكۆتی حكومەت بكەن و پەرلەمانیش كارەكانی هەڵپەسێریت و كۆبونەوەی تایبەت بە گۆڕین و متمانەدان بە شوێنگرەوەكانیان نەكات. ماوەی نزیكەی دوو مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بەشداری كۆبوونەوە فەرمییەكانی حكومەت ناكات، تا ئێستا مەسرور بارزانی هیچ هەڵوێست و قسەیەكی نەكردووە لەسەر بەشدارینەكردن و نیگەرانییەكانی كەسی دووەمی كابینەكەی.  


درەو: مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی چەند رۆژێكە هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووەو لەدەرەوەی وڵاتن، وێنەو دیداری كۆنیان بە تازە بڵاودەكەنەوە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەفتەی رابردوودا سەردانی دەرەوەی وڵاتی كردووەو لە ئێستادا لە وڵاتی نەمسایەو سەردانەكەی بەمەبەستی پشكنینی پزیشكیە. (درەو) زانیویەتی ماوەی چەند رۆژێكە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، هەرێمی كوردستانی بەرەو ئەوروپا بەجێهێشتووەو دیدارە كۆنەكانی بە تازە بڵاو دەكەنەوە. ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە كە پێشوازی لە مەحمود سەنگاوی لێپرسراوی میحوەری گەرمەسێری ھێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەو دیدارە هی رۆژی یەكشەممە 4/12/2022 ەیە، مەحمود سەنگاوی هەمان رۆژ و بە هەمان جلوبەرگەوە مەحمود سەنگاوی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆری كوردستانی كردووە ( بڕوانە وێنەی هەواڵەكەی مەحمود سەنگاو لە پەیجی تایبەتی خۆی) دوێنی بافڵ تاڵەبانی، بڵاوی كردەوە كە پێشوازی لە  ماتسومۆتۆ فوتۆشی، باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق كردووە لە دەباشان، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پێشوازیەكەی بافڵ تاڵەبانی لە باڵیۆزی ژاپۆن هی رۆژی هەینی 2/12/2022 ە چونكە لە هەمان رۆژ سەردانی بەرهەم ساڵح سەرۆكی كۆماری پێشوی عێراقی كردووە لە مێرگەپان. هاوكات پەیجی رەسمی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق رۆژی 4/12/2022 سەردانەكەی بڵاوكردووەتەوە كە لە دەباشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی كۆبووەتەوە، لە كاتێكدا بەڵام بافڵ تاڵەبانی دوێنێ بڵاویكردووەتەوە.  هاوكات دوێنێ لە دەباشان قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە ئەیاد عەلاوی كرد، بەهۆی ئەوەی بافڵ تاڵەبانی لەدەرەوەی وڵاتە.  


* بەهرۆز جەعفەر بەشێکی زۆر لە شیکەرەوەکان و ئاژانسە جیهانییەکان، وای دەرئەخەن کێبڕكێ و ململانێکە لە نێوان گازپرۆمی ڕووسی و کۆمپانیا ئەمریکییەکاندایە، بەڵام لە ڕاستییدا کێبڕکێکە لە نێوان غازی بە بۆڕی هەناردەکراو (Piped gas) و غازی سروشتی شلکراوە (LNG) یە. ئەگەر، ببینین بە بەراورد بە مارسی ٢٠٢٢ لە ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ دا ڕێژەی پشت بەستنی ئەوروپا بە گازی ڕووسیا تەنها (١٠٪) زۆر کەمی کردووە. بەڵام ئەوە گازی سروشتی بە بۆڕی هەناردەکراوە. لە (LNG) دا ڕێژەی پشت بەستنی ئەوروپا بە گازی ڕووسیا وەکو خۆیەتی. غازی سروشتی شلکراوە (LNG) گازی سروشتییە لە شێوەی شلەکەیدا. LNG بە پاککردنەوەی گازی سروشتی و سوپەر ساردکردنەوەی بۆ -260 (واتە دووسەت و شەست پلە لە ژێر سفرەوە) بەرهەم دێت بۆ ئەوەی ببێتە شلە. لە کاتی ئەو پرۆسەیەی کە بە شلکردنەوە ناسراوە، گازی سروشتی لە خوار خاڵی کوڵانییەوە سارد دەکرێتەوە، زۆربەی ئەو پێکهاتە دەرەکیانەی کە لە سووتەمەنیدا دەبینرێن، لادەبرێن. ئەم غازە ڕاستە غازی سروشتییە، بەڵام ناتواندرێت بە بۆڕی بگوێزرێتەوە، چونکە دۆخێکی ناجێگیری هەیە. بەڵام غازی سروشتی بۆری (PNG) - غازی سروشتیە لە ڕێگەی تۆڕێکی بۆرییەوە دابەش دەکرێت کە دەرچەی سەلامەتی هەیە بۆ پاراستنی پەستانەکە، دڵنیایی دەدات لە دابینکردنی سەلامەت و بێ پچڕان بۆ کەرتی ناوخۆیی بۆ چێشت لێنان، بەکارهێنانی گەرمکردنەوە / ساردکردنەوە و ...تادوایی. ئەوروپا هێشتا گیرۆدەی غازی ڕووسیایە. بەڵام نەک جۆری بۆری غاز. ئەوە LNG – غازی سروشتی شلە زیاتر کە هێشتا ئەوروپای کردۆتە پاشکۆی ڕووسیاو ئەوانی تر... ڕۆڵە سەرەکییەکان، کۆمپانیای تایبەتمەندو زەبەلاح و کێبڕکێکار ئەیبینن، کە دەیان پسپۆڕ و ناوەندی توێژینەوە کۆمەکیان ئەکات، بەتایبەت لە ڕووی تەکنیکی و، زانستی کیمییاوییەوە تا دۆخێک دروست بکەن بۆ کاری بازرگانی و وەرچەرخانی ئابوریی و سیاسیی زیاتر دەست بدات (ژینگە لای کۆمپانیاکان و زلهێزەکان بە ڕواڵەت پرسێکی گرنگە) وەک دیارە، بازرگانی و کۆمپانیاو ڕاکێشانی بۆڕی، واتە بەریتانیاو ئەمریکا. یەکەمجار بەریتانیا بو گازی بە بۆڕی لە میانەی یەکەمین جەنگی جیهانی دا لە ساڵی (١٩١٧) ڕاکێشاو ئەو مۆدێلەی داهێنا. ئەوکاتانە نزیکەی (١٠٠٪) ئەو کۆمپانیایانەی لە جیهاندا لە بواری نەوت و ئینجا گازدا لە جیهاندا ئۆپەرەیشنیان ئەکرد بەریتانی و دوایی فەڕەنسی و ئەمریکی بون. ئێمە دەزانین کە ئەمریکا دابینکەرێکی سەرەکی نەوت و گازە لە جیهانداو، بە پلەی یەکەمیش دێت، بەڵام هەر ئەمریکا خۆی لە ئاستی ناوخۆدا هەمیشە بە پلەی یەکەم یان دووەم دێت لە سەرفکردن یان بەکاربردنی گاز و نەوت و سوتەمەنی دا. ئەمریکا گاز دابین ئەکات لە ڕێگەی بۆڕییەوە بۆ کەنەدا، مەکسیک، بۆلیڤیا و باشوری ئەمریکا. دوای ئەمریکا قەتەر بە پلەی دووەم دێت بۆ خستنە ڕووی گازی سروشتی شلکراوە LNG بۆ جیهان. ڕووسیاش لە نێوان ئەم دوو وڵاتە دادەنیشێت و هەر لە پلەی دووەمدایە. بۆیە لە کاتێکدا ڕەنگە ئێستا ڕووسیا کەمتر لە 10%ی دابینکردنی غازی ئەوروپا پێکبهێنێت، بەڵام هاوردەکردنی LNG کەمی نەکردووە. بەتایبەت بەرزبوونەوەی خواست لە فەرەنسا و بەلجیکا پشتگیری لەم ڕەوتە کردووە.لەگەڵ ئەوەی قەیرانی تێچووی ژیان لەم زستانەدا لە ئارادایە، ڕەنگە ئەوروپا هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبێت جگە لە بەردەوامبوون لە کڕین. هەر بەڕاستی، گازی سروشتی نەک ئابوریی بەڵکو شارستانییەتی خۆرئاوای خستە ژێر پرسیارەوە. دەردێکی بێوێنەی پێدان. لە ناوەند مەودادا، واتە لە دوو بۆ سێ ساڵی ئایندەدا، ئەوروپاو ئەمریکا ئەتوانن زاڵ بن بەسەر گرفتی وزەو جێگرەوەی دیکە بە ڕێگەی جیا-جیا بدۆزنەوەو، خۆیان لەو پاشکۆیەتییەی ڕووسیاو هەندێ وڵاتی دیکە ڕزگار بکەن. بەڵام لە ئێستادا وەک ئەو گۆرانیەی لێ دێت کە هونەرمەندی کورد سەید عەلی ئەسغەری ئەڵێت " ئەی نابێ- نابێ چاوجوان وا نابێ بەم دەم و دەستە یار پەیدا نابێ ." ئینجا هەر "سەید" لە گۆرانییەکەی تریدا ئەڵێت: غەمگین و دڵ پەشێوم بڕوانە باری لێوم حەیرانی خاڵی لێوم جەرگم سووتاوە وەک قاوە پایزی سەردی گیان زەردی کردە سەری من زمستانی فیراقت پێچیدە بە سەری من بۆ تۆ شێت و شەیدا بووم بۆ تۆ دەیری و ڕسوا بووم بۆ تۆ زەنگی زەریا بووم بۆچی تۆ ڕەحمت نەماوە بۆچ دەمکوژی خۆ قوربان پردی سیڕات نەپساوە لە دەردی بێ دەرمانی کەوتومە سەرگەردانی بۆچ دەمکوژی ماڵ وێران جەرگم بۆچی بڕاوە لە دەردی بێ دەرمانی کەوتومە سەرگەردانی بەجوابی لەنتەرانی چیبکه م جه رگم براوه لە بۆ هیجری دووری دۆست جەرگ و ڕۆحم نەماوە چیبکەم لە دووری دۆستم هۆش و فکرم فه وتاوه.


شیكاری: درەو # شەپۆلی بارانی چەند رۆژی رابردوو، کاریگەری بەرچاوی لەسەر زیادبوونی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، هەبووە، بەڵام لە ئاوی ژێر زەویدا هیچ زیادبوونێک تۆمار نەکراوە. # لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی (50 هەزار و 257) بیرەوە ئاو لە ژێر زەوی دەردەهێنرێت، لەم بڕە تەنها (24 هەزار و 257) یان بە یاسایی هەڵکەندراون. # بیرە یاساییەکان (51%)ی بۆ خواردنه‌وه‌و (45%)ی بۆ کشتوکاڵ و (4%)ی بۆ پیشەسازی بەکاردەهێنرێت. # بیرە یاساییەکان (38%)ی لە هەولێر، (34%) لە سلێمانی، (20%)ی لە دهۆک و (7%) لە ئیدارەی گەرمیان لێدراون. # ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە ماوەی (20) ساڵدا (500) مەتر دابەزیوە. قەبارەی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆر ئاوی ژێر زەوی هەن، یەکێکیان ئەوانەن کە نزیکن لەسەر زەوی کە راستەوخۆ کاریگەرن بە بڕی دابارین، واتە دابارینی کەم و زۆر کاریگەریی خێرا دەکاتە سەر بڕەکانیان، بەڵام ئەوانەی کە لە قوڵاییدان کەمتر کاریگەر دەبن بە بڕی دابارینی ساڵانە، لەم بارەیەوە شارەزایان بەم جۆرە ئەوە روون دەکەنەوە؛ "ئەگەر کۆی رووبەری کوردستان بە (40 هەزار) کیلۆمەتر هەژمار بکەین، هەروەها تێکڕای بارانی ساڵانەش (500) ملیمەتر بێت، ئەوا ساڵانە نزیکەی (20) ملیار مەتر سێجا ئاو دەکات، لەو بڕەش (30 - 35٪)ی دادەچۆڕێتە خوارەوەو کۆگا ئاوییەکان پاراو دەکات".  بەڵام ئەگەر ئەو بڕی بارانە کەمبکات بۆ نموونە ببێتە (400) ملیمەتر باران، ئەوا بڕی ئاو (4) ملیار مەتر سێجا کەمدەکات، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەکەی کەمتر ئاو بگاتە ژێر زەوی و کۆگاکانی ئاوی ژێر زەوی پاراو بکات. ئەم داچۆڕینەش بەپێی شوێن جیاوازە، ناوچەی شاخاوی (30 - 35٪) دادەچۆڕێتە خوارەوە، بەڵام ناوچەکانی نیشتەجێ و ناوچە پیشەسازییەکان (5 - 10٪) دادەچۆڕێتە خوارەوە. لە هەرێمی کوردستان لەو شوێنانەی کە چالاکیی پیشەسازییان تێدایە، یان ئەو شوێنانەی کە ئاستی ئاوی ژێر زەوی نزیکە، یان نزیکی پرۆژەی کشتوکاڵین، یان بەهۆی تێکچوونی ئاوەڕۆی ماڵانەوە، ئاوی ژێرزەوی پیسبووە، بە تایبەت ئەو شوێنانەی کە پاڵاوگه‌و چالاکیی نەوتیی تێدان. پرۆژەکانى ئاودێریى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لەڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیی گشتى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، دەستى کردووە بە جێبەجێکردن و تێستکردنى چەندین پڕۆژەى گرنگ کە کاریگەرییان لەسەر زیادکردنى ئاوى سەرزەوی و ئاوى ژێر زەوی و گلدانەوەى ئاو هەیە. بەپێی داتاکانى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو کە تا (4) مانگ بەر لە ئێستان، له‌ كه‌رتی سه‌رچاوه‌كانی ئاو، چه‌ندین پرۆژەی جۆراوجۆر ئه‌نجام دراون، كه‌ به‌شێكیان كاره‌كانیان ته‌واو بووه‌و به‌شێكیشیان كاره‌كانیان ته‌واو نه‌بووه. واتە بە‌كۆی گشتی (٧٦) پرۆژە بە گوژمەى (٥١٤ ملیارو ٨٩٣ ملیۆن) دیناره هەبووە کە بەم شێوەیە دابەش کراوە: -    پڕۆژەی ئاودێری تەواوکراو: (٤) پرۆژە‌، به‌ گوژمه‌ی (٢ ملیار و ٨٩٣ ملیۆن) دینار. -    پڕۆژەی تەواونەکراو کە (١-٩٩%)یان تەواوکراوە: (٢٤) پڕۆژە‌، به‌ گوژمه‌ی (٧١ ملیار) دینار. -    پۆند (حەوز)ی تەواوکراو: (٥) پۆند، به‌ گوژمه‌ی ملیارێک دینار. -    پۆندی تەواونەکراو کە (٢٠-٧١%) یان تەواوکراوە: (١٣) پڕۆژە. -    نەخشەسازی پۆند: (٣٠) پڕۆژە‌ به‌ گوژمه‌ی (٤٤٠ ملیار) دینار. هەرێمى کوردستان خاوەن (١٥٥) پۆند (حەوز)ى ئاوە دکتۆر کاروان سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتیى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، لەسەر پۆندەکان بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە: ''لە ساڵى ١٩٩١ـەوە تا ٦ مانگى ڕابردوو، (١١٨) پۆند لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان هەبووە، بەڵام لەم شەش مانگى ڕابردوو، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندى لەسەر دروستکردنی (٣٧) پۆند لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان بە دوو قۆناغ داوە، کە نزیکەى (٢٦ ملیار) دیناریان تێ دەچێت کە بریتین لە: قۆناغى یەکەم: دروستکردنى (٢٣) پۆند کە (١٣ ملیار) دیناریان تێچووەو بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان: -    پارێزگاى هه‌ولێر: (٨) پۆند. -    پارێزگاى سلێمانی: (٣) پۆند. -    پارێزگاى دهۆك: (٩) پۆند. -    ئیدارەى سەربەخۆ گه‌رمیان: (٣) پۆند. قۆناغی دووەم: دروستکردنى (١٤) پۆند بۆ پارێزگاى هەولێر، کە (١٢.٦ ملیار) دیناریان تێ دەچێت و زۆربەیان لە دەوروبەرى شارى هەولێر دروست دەکرێن، بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى لافاو کە لەو دوو ساڵەى ڕابردوو کاریگەریی خراپیان لەسەر خەڵک و دانیشتوانى پایتەخت هەبوو و ئەمانە تواناى گلدانەوەى (٤ بۆ ٥ ملیۆن) مەتر سێ جا ئاویان هەیە. ئامارەکانی بیری ئاوی (فەرمی) لە هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لەسەر ئامارى بیرەکانى سەرانسەرى هەرێمى کوردستان، تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ئاماری بیره‌ هه‌ڵكه‌ندراوه‌كان بریتی بووه‌ له‌ (٢٤ هه‌زار و ٣٥٧) بیری جیاواز له‌ سێكته‌ره‌كانی ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌، كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، بە جۆرێک؛  بیرەکانى تایبەت بە ئاوى خواردنەوە کە (١٢ هەزار و ٤٢١) بیرن، بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان:  -    پارێزگاى هه‌ولێر: (٤ هەزار و٣٢٠) بیر. -    پارێزگاى سلێمانی: (٦ هەزار و ١١٧) بیر. -    پارێزگاى دهۆك: (هەزار و ٤٧٧) بیر. -    ئیدارەى سەربەخۆی گه‌رمیان: (٥٠٧) بیر. بیرەکانى تایبەت بە ئاوى کشتوکاڵى کە (١٠هەزار و ٩٨٦) بیرن، بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان: -    پارێزگاى هه‌ولێر: (٤ هەزار و ٨٣١) بیر. -    پارێزگاى دهۆك: (٢ هەزار و ١٧) بیر. -    پارێزگاى سلێمانی: (٣ هەزار و ٢٨) بیر. -    ئیدارەى سەربەخۆی گه‌رمیان: ( هەزار و ١١٠) بیر. بیرەکانى تایبەت بە ئاوى پیشەسازی کە (٩٥٠) بیرن، بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان: -    پارێزگاى هه‌ولێر: (١٦٤) بیر. -    پارێزگاى دهۆك: (١١٩) بیر. -    پارێزگاى سلێمانی: (٤٨٨) بیر. -    ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: (١٧٩) ئامارى بیرە فەرمییەکانى سەرانسەرى هەرێمى کوردستان لێدانی بیری ئاوی (نایاسایی) لە هەرێمی کوردستان ئەگەر چی ئامارێکی فەرمی لەبارەی بیرە نایاساییەکانەوە بەردەست نیە، چونکە ئەو بیرانە تۆمار نەکراون، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە (50) هەزار بیر لێدراون، کە (24.35) هەزاریان مۆڵەتیان هەن ، ئەوانی دیکە کە (25.9) هەزارن بە نایاسایی لێدراون، بەم پێیەش (52%) بیرەکان نایاسایین و (48%)ی بیری ڕێوشوێنی یاساییان هەیە. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا لەو بیرانەی کە یاسایین؛ (12 هەزار و 421) بۆ خواردنەوە، (10 هەزار و 986)  بۆ کشتوکاڵ و هەروەها (950) بیریشیان بەمەبەستی پیشەسازیی لێدراون. سەبارەت بە كاریگەریی بێبارانی و هەڵكەندنی بێشووماری بیری نایاسایی لە ساڵانی ڕابردوودا (عەباس عەلی – بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی سلێمانی) پێی وایە؛ باران سەرچاوەی یەكەمی پاراوبوونەوەی ئاوی ژێر زەوییە، جگە لە فاكتەرەكانی دیكەی سەر زەوی، كە باران نەبوو كێشەی پاراوبوونەوەی ئاو دروستدەبێت. هەڵكەندی بیر ئەگەر بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بێت شێوازێكی زانستی وەردەگرێت، كە دووریی بیرەكان و قوڵایی و شوێنەكەی بەپێی حەوزە ئاوییەكان و بەپێی پێداویستیی خەڵك دیاریدەكات، كاریگەرییان نابێت لەسەر دابەزینی ئاستی ئاو. ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەی ئاشکرا کردووە "بیری نایاسایی لەبەرئەوەی نایاساییە، شوێنی پاراوبوونەوە ئەگرێتەوە، ڕێژەی دەرهێنانی چاودێری لەسەر نییە، باڵانس لەنێوان پاراوبوونەوە و دەرهێنانەوە تێكدەدات، ئەمیان كاریگەری لەسەر ئاستی ژێر زەوی دەبێت". لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ساڵی 2016ەوە هەڵكەندنی ئەو جۆرە بیرانە بەڕێژەی (40 تا 45%) كەمیكردووە. سەرەڕای بیری نایاسایی چەندین مەترسیی دیكە لەسەر ئاوی ژێر زەوی هەن، کە بریتین لە، گۆڕانكاریی ئاووهەوا، هەروەها پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی یەكێكی دیكەیە لە مەترسییەكان بەهۆی هەندێك لە چالاكییە مرۆییەكان، بەتایبەت لەناو شارەكان و ئەوانەی زۆر نزیكن لە سەرچاوە ئاوییەكانەوە. دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "لە ماوەی (20) ساڵدا ئاستی ئاوی ژێر زەوی (500) مەتر دابەزیوە"، له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فەرمانگەی میدیاو زانیاری هاتووه‌: لە 2022 نزیکەی (300) بیری ئاو وشکیان کردووە، کابینەی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كورستانیش بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان (138) بیر لێ دەدات، هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە سەرچاوەکانی ئاو لە هەولێر دوو جۆره‌، ئاوی سەر زەوی 35% و ئاوی ژێر زەوی 65% ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئاستی قوڵیی بیرەکانی ئاو تادێت زیاد دەبێت، ئاستی قوڵیی بیرلێدان بەپێی ساڵ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌: -    ساڵی 1996: قووڵی بیرلێدان 120 مەتر بووه‌ -    ساڵی 2003: قووڵی بیرلێدان 200 مەتر بووه‌ -    ساڵی 2010: قووڵی بیرلێدان 300 مەتر بووه‌ -    ساڵی 2021: قووڵی بیرلێدان 500 مەتر بووه‌ -    ساڵی 2022: قووڵی بیرلێدان 700 مەتر بووه‌ لە نوێترین ڕاگەیەندراودا (به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان) ده‌ڵێ "شەپۆلی بارانی چەند رۆژی رابردوو، کاریگەری بەرچاوی لەسەر زیادبوونی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئاوی سەر زەوی، هەبووە، بەڵام ئاوی ژێر زەوی هیچ زیادبوونێک تۆمار نەکراوە". هه‌روه‌ها هاتووه‌: "بارانی باریو بەشێکی گەورەی پێداویستی ئاوی ئاودێری بەرووبوومە زستانییەکانی دابینکرد.... ئەو زیادبوونە کاتییە و ئەگەری گۆڕانكاری تێدا هەیە". بڕی زیادبوونی ئاستی سه‌رزه‌وی لە دواین شەپۆی باران باریندا سەرچاوەکان؛ 1.    فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 20 ساڵدا ئاستی ئاوی ژێر زەوی 500 مەتر دابەزیوە؛ https://fb.watch/hczZMCtR0O/ 2.    فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان،هەرێمى کوردستان لە بوارى ئاو پێدەنێتە قۆناغێکى نوێ؛ https://gov.krd/dmi/activities/news-and-press-releases/2022/november/%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%D9%89-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D9%84%DB%95-%D8%A8%D9%88%D8%A7%D8%B1%D9%89-%D8%A6%D8%A7%D9%88-%D9%BE%DB%8E%D8%AF%DB%95%D9%86%DB%8E%D8%AA%DB%95-%D9%82%DB%86%D9%86%D8%A7%D8%BA%DB%8E%DA%A9%D9%89-%D9%86%D9%88%DB%8E/?fbclid=IwAR0FKWHlSzjeXwxPGZ2prL5T8P3tOu9wCCUM0a8902M_ZyIhjIYll1KCnJQ 3.    ڕاگەیەندراوی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان.  4.    سامانی ساڵانەی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان 4 ملیار مەتر سێجایە؛ https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2204202119 5.    بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی: ئاستی ئاو زۆر بەخێرایی لە دابەزیندایە؛ https://esta.krd/190715/  


درەو: ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم    ئابوری تورکیا لە  کێشەدایە ، بەرزبونەوەی هەڵئاوسان و   داڕمانی لیرەی تورکی پاڵی توركیای  بەرەو قەیرانی  دارایی بردووە و زیانی گەیاندوە بە کارگەکان و  جووتیارەکان  لەسەرتاسەری تورکیا .  دوو لەسەرسێی خەڵکی تورکیا   هەوڵ دەدات بۆ  ئەوەی پارەی نان پەیدا بکات لە گەڵ پارەی کرێێ ئەو شوینەی تێیدا ئەژی. بە پێێ ( سەنتەری یۆنیلیم ) بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی ، ئەم دۆخە بۆتە هۆی ئەوەی  کە خەڵك تووشی قەرزێکی زۆرببن . بەڵام هەموو کات وانەبووە،  ئابوری تورکیا لە دوو دەیەی ڕابردوودا هیواشبۆتەوە بەڵام دوای بازی داوە لە ساڵی (2002-2021 ) تێکڕای گەشەی ناوخۆ (5.8%) بووە گەشەیەکی زۆر باشبووە.  کەواتە كێشەكە لە كوێدایە؟     شكاندنی پێچاوپێچی لیرەی تورکی. Devaluation Spiral لە هەرکەسێک بپرسیت کە  ساڵانە ئەچیت بۆ تورکیا،  ئەڵێت لیرەی تورکی کێشەی هەیە ، کە لەساڵی2013 ەوە لەسەرخۆ دەستیپێکردوە و بەرەو خوارەوە دەچێت، لە مانگی ئۆکتۆبەری 2021دا  (1) دۆلاری ئەمریکی نزیکەی ( 8 )لیرە بووە، بەڵام لە   ئۆکتۆبەری 2022 دا نزیک بۆتەوە لە (19 ) لیرەی تورکی واتا بە زیاتر لە (100%) دابەزیوە، یەکێک لەئەنجامە سەرەکییەكانی ئەم دابەزینەی لیرەی تورکی ( هەڵئاوسانە) لە گەڵ هۆکاری تردا.  لە کاتیکدا کە بەهای دراوی ووڵات دائەبەزێت ئەو شتومەکانەی کە لەدەرەوە هاوردە ئەکریت  گرانتر ئەکەوێت لە بازاری توركیدا .  هاوردە وەک ووزەو  کەرەسەی خاو تەکنەلۆژیا،  ئەمەش بۆتە هۆی  بەرزبونەوەی هەڵئاوسان ، كە بەرزترین هەڵئاوسانە لە ئەوروپادا .   دەزگای ئاماری تورکیا لە  ڕاپۆرتی مانگی ئۆکتۆبەردا بەرزترین ڕیژەی هەڵئاوسانی تۆمارکرد کە گەیشتە  (85.51%) كە ئەوەش بەرزترین ڕیژە بوو لە 24 ساڵی ڕابردوودا .   دەزگایەکی شیکەرەوەی سەربەخۆبە ناوی (ENGA ) ڕایگەیاند:  ڕێژەی هەلئاوسانی ئەمساڵ لەڕاستیدا( 176%)  بووە لە مانگی پێشوودا.   بیزنسی تورکی  زەبری قورسی بەرکەوتوە  بە هۆی دابەزینی  لیرەوە . ئەمەش بۆتە هۆی بەرزبونەوەی تێچووی بەرهەم ، لە کاتێکدا  کرێی کارکردن  لەکاتی  خەرجکردندا بە هۆی نرخە بەرزەکانەوە کەمتر شتومەک دەکات بۆ کڕێن  .     دۆخەکە خراپترە بۆ ئەو کەسانەی کە پڕۆفێشناڵن  دکتۆر ( سیم ئۆیڤات ) مامۆستای ئابوری  لەزانکۆی ( گرینچ ) ووتی ئەمە کارەسات دروست ئەکات و ئەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەقڵەکان و کەمبونەوەی   مێشکە باشەکان ، ئەبێتە هۆی  زیانی گەورە بە ئابوری تورکیا دەگەیەنێت لەداهاتوودا .  لە کاتێکدا کە  کار لەدەست ئەدرێت و بیزنسەکان  دائەخرێن  ئەم ئەقڵە باشانە دەیان توانی کار بڕەخسێنن.  ئابوری زۆر گەرم    دکتۆر (ئۆیڤات)  ئاماژەی بەوەدا  لە سەرەتاوە  ئەو گەشە ئابوریەی  کە لە دەیەی رابردوودا درووست بوو، لە بنچینەدا ڕاست نەبوو .  چونکە کێشەی قوڵ هەیە لە پەیکەرەی ئابوری  تورکیادا ، ئەمەش بەردەوام  كورتهینانی  دروستکردوە لە  (هەژماری  جاری) حکومەتی تورکیادا، هەروەها ( ڕێژەی سوودی بانکی )  لە کاتێکدا کە ئابوری بەخێرای گەشەی ئەکرد  بانکی ناوەندی سوودی  بانکی بەرزدەکردەوە بەخێرایی  بۆ ئەوەی ئابوری  خاوبێتەوە ،  بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی واتە کەمکردنەوەی چالاکی   ئابوری ، لە تورکیادا هەندێ جار پێچەوانەکەی ڕویداوە ،  ڕێژەی سوودی بانکی  نزم  بووە  لە لایەن بانکی ناوەندیەوە  وایکردوە ئابوری لە  کۆنتڕۆل دەربچێت .    (تیمەسی ئاش ) شارەزا  لە ئابوریە  تازە پێ گەیشتوەکاندا   لە دەزگای دارایی ( Blue Bay ) ئەڵێت ئابوری تورکیا  هەمیشە  ئابوریەکی زۆر گەرم بووە .   گەشەی زۆر  . داخوازی زۆر  وە هەروەها هاوەردەی  زۆر ،  هەموو  شتێک  زۆر گەرمە، ئابوری  تورکیا بەرەو داڕمان  ڕۆیشت ئەنجامەکەی  بەهۆی ڕاکێشانی   پارەی بیانی و  پارەی ناوخۆ ، هاتنە دەرەوەی وەبەرهێنەران لە بازاڕی تورکیا بەهۆ  دابەزینی زۆری لیرەی تورکیەوە .  ڕێژەی سوودی بانکی نزم  کە بە  تێگەیشتنی ئەردۆگان  داوای ئەکات پێچەوانەی یاسای ئابوریە بۆ ( Monetary Policy ) واتە (پۆڵیسی نەختینە  و  سوودی بانکی)  ئەردۆگان لە پێشوودا  هەڵبژاردنەکانی بردووە بە هۆی ئەوەی کە پارەیەکی زۆری خستە بازاڕەوە ، بە ڕیژەیەکی سوودی بانکی نزم  بەڵام لە کۆتاییدا ئەبێت  باجەکەی بدات.   ڕێژەی سوودی بانکی نزم  ئەمە بەقازانجی خاوەنی  پڕۆژەکانی بیناسازی بوو  کە  پشتیوانی  (ئاک پارتیان )  دەکرد، ئەمەش بۆتەهۆی قازانجی گەورە بۆ  خاوەن پڕۆژەکان  لە ئەنجامی قەرزە هەرزانەکانەوە کە وەریاندەگرت. وە هەروەها  باگراوندی ئیسلامی کە  ئەردۆگان هەیەتی  (تیمسی  ئاش ) ووتی .  یەکەم  کەس بوو کە  قوتابخانەی خویندی ئیسلامی کردەوە وە هەروەها  کلتوری ئیسلامی وەرگرت  بەرامبەر( بەسوو) واتە پارەدان بەسوو .  کەوابیر دەکاتەوە کە  پارەدان بەقەرز بەرامبەر بەسوو وەگرتن حەرامە .   لە کۆتایدا  ئەم شتانە وایان کردوە بەیەکەوە کە ئەم دۆخە ڕووبدات .   بۆ چی شتەکان ناگۆڕێن .   بەرپرسەکان   ئەزانن چی ڕوو ئەدات ، بە بەردەوامی ڕەخنەیان گرتوە  لە بارەی  دۆخەکەوە ،  هەرچەندە لە  هیچ ووڵاتێکی تری ئابوری پێشکەوتودا ئەمە ڕوو نادات . بانکی مەرکەزی تورکیا سەربە خۆ نیە ،  بۆ بەرپرسەکانی بانکی ناوەندی زەحمەتە بتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن ، ئەردۆگان  دۆخەکەی خراپترکردوە    تائێستا چەند وەزیرێکی دارایی و بە ڕێوبەری بانکی ناوەندی  دەرکردوە لە پۆستەکەیاندا ،  لە بنچینەدا ئەو بەرپرسانە بەرامبەر  بە سیاسەتی دارایی و ئابوری ئەردۆگان   وەستاوەنەتەوە.     ئەردۆگان خەڵکی تر تاوانبار دەکات ، وە کۆمەڵیک خەڵک دەوری ئەردۆگانی داوە  کە ئەوانە  تەنها ( بەڵی ) ئەکەن بۆ ئەردۆگان وەک سوڵتانێک وایە  بەڵام لە جلو بەرگی نوێدا .   مەرکەزیەتی دەسەڵات لە دەستی ئەردۆگاندا بۆتە دڵی کێشەکە ،  لە   10 ساڵی یەکەمی  بەرێوبەرایەتی ( ئاک پارتی) دا پۆڵییسی (ئەرسۆدۆکسیان) هەبوو واتە لاسایکردنەوەی  سیاسەتی ئابوریان  بەڕێوە ئەبرد ،  هەموو شتێک باش بوو  ( تیمەسی ئاش ) ووتی  بەڵام ئێستا تەنها ئەردۆگان هەموو شتێکە دەسەڵاتەکانی تر کراونەتە دەرەوە  و بێدەسەڵات کراون .   ئێستا بەرپرسیاریەتی و لێپرسینەوە نەماوە.   ئەردۆگان و  ئاک پارتی لەو راپرسیانەی كە لە ئێستادا دەكرێن، دەنگەکانیان زۆر دابەزیوە،  بە هۆی ئەوەی کە ئابوری تورکیا  دۆخەکەی زۆر خراپە .  وە لەدەستدانی دوو شاری زۆر گەورە ( ئەستەنبوڵ و ئەنکەرە) لە هە ڵبژاردنەكانی  ساڵی2019دا،   دیارە کە خەڵك زۆر بێزارە . ئەبینن کە چۆن  ستاندەری ژیانیان دائەبەزێت ڕۆژانە  ( تیمسی  ئاش ) ووتی .  بڕیاردان لەسەر ئەردۆگان  ئەوەندەی نەماوەو لەساڵی 2023دایە،   لە تورکیا  ئەبێت هەڵبژاردن بکرێت ،  ئیستاش ئەردۆگان  ئەتوانیت  دۆخەکە هەڵگێڕیتەوە  بە بەکارهێنانی  خەرجیە گشتیەکان . ئەوەش  وە ک پارە زیاترکردن بۆ خانەنشینان و ئەوانەی کە  بەرنامە کۆمەڵایەتیاکان دەیانگرێتەوە   وە هەروەها  زیادکردنی موچەی فەرمانبەرانی  کەرتی گشتی ،  بە دڵنیایەوە ئەردۆگان بودجەی گشتی بەکار  ئەهێنێت بۆ ئەو چین و توێژانەی  کە دەنگی پێئەدەن  بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان  بەرێتەوە.    لە مدوایەدا  بە یاسا کە مترین  موچەو هەقدەستی کارکردنی لە کاتژمێرێکدا  بەرزکردەوە لە نجامی بەرزبونەوەی ئەو هەڵئاوسانە زۆرەی کە هەیە لە تورکیادا .   ئیستاش  هیچ ئاماژەیەكی باش  نیە بۆ هەڵبژاردنەوەی ئەردۆگان ئەگەر پۆلێسی ئابوری نەگۆڕێت.   کارێکی قورسە بۆ پێشبینیکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن  بەڵام  هەڵبژاردنی ئەمجارە   وەک شەڕێکی قورس وایە بۆ ئەردۆگان  بە بەراورد بە 20 ساڵی ڕابردوو، نیشانەکان زۆرن ئەردۆگان دەنگی زۆر لەدەست ئەدات . ( تیمەسی ئاش ) ووتی  دۆخەکە سەرنج ڕاکێشئەبێت .   ڕیسکی  بۆشایی بازرگانی  گەورەترئەبێت    کورتهێنانی بازرگانی تورکیا  گەورەتر بووە لە مانگی  تشرینی دووهەمی ئەمساڵدا . ئەمەش زیاتر فشار ئەکاتە سەر  ئەردۆگان  کە  گۆڵی ئەو پشتبەستنە بە زیادکردنی  هەناردە بوو تا کێشە ئابوریەکەی چارەسەر بکات .  بەپێی داتە سەەرەتایەکانی وەزارەتی بازرگانی تورکیا بۆ مانگی تشڕینی دووهەمی ئەمساڵ  هەناردە بەڕێژەی ( 1.9%)  بەرزبۆتەوە  بۆ (21.9 ) ملیار دۆلار، رێژەی  گەشە هێواش بۆتەوە لە 5 مانگی ڕابردوودا   کە ژمارەی پاپۆڕە  بار هەڵگرەکانی هەناردەی  شتومەکی تورکیا بۆ بازاڕەکانی دەرەوە  کەمیکردوە.  بەڵام لە هەمانکاتدا هاوردە زیادیکردوە  بە ڕیژەی (14%)  بۆ (30.7) ملیار دۆلار  بە هۆی هاوردەیەکی زۆری نەوت و گازەوە لە ڕوسیا  کە سەرچاوەی  ووزەی تورکیایە،   بەمەش  کورتهینانی بازرگانی   لە مانگی تشرینی دووهەمی ساڵی 2022 گەیشتۆتە (8.8) ملیار دۆلار  واتە ئەگەر بەروارد بکرێت بەساڵی ڕابردوو  کورتهینانی بازرگانی  بە ڕێژەی( 62%)  بەرزبۆتەوە بەبەروارد  بەهەمان مانگی ساڵی ڕابردوو. لە 11 مانگی رابردوودا  بە رێژەی (154%) بەرزبۆتەوە کورتهینانەکە گەیشتۆتە ( 99.9 ) ملیار دۆلار   هێواشبونەوەی   مە کینەی دروستبونی شتومەک  بۆ هەناردەی تورکیا وای لە بیزنسەکانی تورکیا کردوە  کە  گلەیی بکەن لە ئەردۆگان .  دیارە ئەردۆگان چەند ڕێگایەکی گرتۆتە بەر بۆ ئەوەی لیرەی تورکی لەوە زیاتر دانەڕمێت، (  مستەفا  گوڵتیپ) سەرۆکی ئەنجومەنی هەناردەکاران ووتی:  ئەبێت  بەهای لیرەی تورکی هاوتەریب بڕوات لە گەڵ  ڕێژەی هەڵئاوسان  کە (85.5%) ، واتە زیاتر بە های لیرەی تورکی دابەزێت.   ( ماریک ڕاسکۆ) یەکێک لە شیکەرەوەکانی دراو لە  بانکی (Barclays Plc) ووتی  تا کۆتایی  ساڵی 2022   پێویستە لیرەی تورکی (11%) دابەزێت تاکو بتوانێت بەربەرەکانی بازرگانی بکات .   https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-12-02/erdogan-s-goal-of-turkey-export-boom-at-risk-as-trade-gap-widens#xj4y7vzkg https://www.euronews.com/2022/11/09/everything-is-overheating-why-is-turkeys-economy-in-such-a-mess#:~:text=%E2%80%9CGrowth%20is%20too%20hig


 (درەو):  یەكێتی بەبێ پارتی وەفدی ئەمنیی خۆی دەباتە بەغداد، بەڵام بۆ هەنگاریا بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی دەڕوات، پارتی ژمارەیەك بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی تۆمەتباركردووە‌و داوای رادەستكردنیان دەكات، بەڵام بۆ هەنگاریا ئامادەیە دەزگای پاراستن‌و زانیاریی پێكەوە گەشت بكەن.  وەفدی باڵای سەربازی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی دووەمی (دانوب) گەیشتە هەنگاریا، بەڵام شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ وەفدەكەدا نەرۆیشتووە.  شۆڕش ئیسماعیل لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە داوای لێكراوە نەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتەكەی، ئەمە پەیوەندیی بەو ناكۆكییانەوە هەیە كە بەمدواییە لەنێوان پارتی و یەكێتی سەریهەڵداوە، بەپێی زانیارییەكان شۆڕش ئیسماعیل سلێمانی بەرەو هەولێر بەجێهێشتووەو هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەت بۆ سەر كارەكەی، باسلەوە دەكرێت بەنیازە بچێتە دەرەوەی وڵات. یەكێتی لەكاتێكدا لەسەر ئاستی وەزیری پێشمەرگە كاركردنی خۆی لەگەڵ پارتی لەڕووی سەربازییەوە راگرتووەو ئەمدواییە بافڵ تاڵەبانی وەفدێكی سەربازی‌و ئەمنی یەكێتی بەبێ ئاگاداری حكومەت‌و پارتی بردە بەغداد، بەڵام لە وەفدەكەی هەنگاریادا بەهاوبەشی لەگەڵ پارتیدا بەشداری وەفدە ئەمنییەكەی كردووە.  لە وەفدەكەی هەنگاریادا ئەوەی جێگەی سەرەنجە جەلال شێخ ناجی سەرۆكی دەزگای زانیاری یەكێتی‌و نوێنەری دەزگای پاراستنی پارتی پێكەون، ئەمە لەكاتێكدایە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، فەرماندەی دژەتیرۆری یەكێتی كە سەربە دەزگای زانیارییە تۆمەتبار كردووە بەتێوەگلان لە كوشتنی عەقید (هاوكار جاف)‌و داوای رادەستكردنی دەكات بە دادگا.  سەرباری ئەمە مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم هێشتا بە فەرمی دانانی جەلال شێخ ناجی وەكو سەرۆكی دەزگای زانیاری یەكێتی لە شوێنی (ئەژی ئەمین) پشتڕاست نەكردوەتەوە‌و سەرباری ناڕەزایەتییەكانی یەكێتی، رێگەی داوە بەوەی ئەژی ئەمین وەكو سەرۆكی دەزگای زانیاری لە هەولێرەوە جموجوڵ بكات.   ئەندامانی وەفدەكەی هەنگاریا كە خۆیان وەكو وەفدی باڵای سەربازی هەرێم ناساندووە ئەمانەن:  •    جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیی- یەكێتی •    لیوا بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە- یەكێتی •    جەلال شێخ ناجی بەرپرسی دەزگای زانیاریی- یەكێتی •    سیروان بارزانی بەرپرسی میحوری گوێر- مەخمور/ پارتی •    دكتۆر غازی نوێنەری دەزگای پاراستن/ پارتی •    فەریق روكن عیسا عوزێری سەرۆكی ئەركانی پێشمەرگە/ پارتی لوتكەی دووەمی دانوب تایبەت بوو بە بابەتەكانی (جیۆپۆلۆتیك، ئاسایش، بەرگریی). سیروان بارزانی كە یەكێك لە ئەندامەكانی وەفدەكەیە دەڵێ" دیدارو چاوپێكەوتنی گرنگمان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتی هەنگاریا ئەنجامداوەو پابەندبوونی خۆیان بۆ بەردەوامیی پشتگیری لە شەڕی دژی داعش دووپات كردەوە". جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیی لە پشكی یەكێتیی كە بەمدواییە رەخنەی توندی لە پارتی گرت، لەگەڵ وەفدەكە چووە بۆ هەنگاریا، وێنەیەكی خۆی لەگەڵ (ڤاكلاڤ كلاوس سەرۆك وەزیرانی پێشووی كۆماری چیك، تۆنی ئابۆت سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئوسترالیا و جۆن سولیڤان نووسەر و ڕاوێژكاری سەرۆكی لوتكەی دووەمی دانوب) بڵاوكردوەتەوە.  


درەو: 🔻ئەحمەد كانی بۆ شوێنی پشتیوان سادق. 🔻لیزا كاكەیی یان زانا مەلا خالید بۆ شوێنی هێمن هەورامی. 🔻عەبدولخالق باپیری بۆ شوێنی سەربەست لەزگین.بە پێی بڕیاری كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هەر كەسێك پۆستی ئەندامی مەكتەبی سیاسی وەرگرت دەبێت دەست لە پۆستە حكومیەكەی هەڵبگرێت و دەستلەكاربكێشێتەوە. 🔹پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف كراوە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارێزگای دهۆك، دەستلەكاردەكێشێتەوەو ئەحمەد كانی دەچێتە شوێنەكەی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ئەوقاف. 🔹هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كراوە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی، دەستلەكار دەكێشێتەوەو (هەولێك هەیە كە لە شوێنەكەی بمێنێتەوە ئەم ساڵە) لیزا كاكەیی تاكە ئەندامی سەركردایەتی ناو فراكسیۆنی پارتی شوێنەكەی دەگرێـتەوە، بەشێكیش پشتیوانی لە دانانی زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەكەن بەو پێیەی لە كۆنگرە بۆ ئەندامی سەركردایەتی دەرنەچووە، تەعویزی بۆ بكرێتەوە. 🔹سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە دەسلەكار دەكێشێتەوە لە پۆستەكەی چونكە كراوەتەوە ئەندامی مەكتبەی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی هەولێر، بڕیارە عەبدولخالق باپیری بكرێتە شوێتەكەی، هەرچەندە وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی ماوەی نزیكەی مانگێكە نەچووەتە دەوام. 🔹زاگرۆز فەتاح بریكاری وەزارەتی پلاندانان كراوەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسیم ەكتەبی دارایی پارتی، دەستلەكار دەكێشێتەوەو كەسێكی تر دەكرێـە شوێنەكەی. شوێنەكەی پشتیوان سادق و هێمن هەورامی پێویستیان بە دەنگدان و متمانە پێدانی پەرلەمانی كوردستان هەیە.


درەو: ئامادەكردنی: رێكخراوی روونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆژەكانی نەوت دوای ئەوەی دامەزراوەی درەو میدیا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە  لەنووسینی بەڕێز ئەنوەر کەریم کە  چەند زانیارییەکی وردی تێدایە سەبارەت بە داهاتی هەرێم و لە ناویشیدا  هەناردەی نەوت و داهاتی نەوت بۆ مانگی تشرینی دەەومی ٢٠٢٢. لە ڕاپۆرتەکەدا دەردەکەوێت هەناردەی نەوتی هەڕێم کەمی کردووە. بەپێی ئەوخشتەیەی لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە  هەناردەی نەوتی هەرێمە لە لایەن کەشتییەکانەوە لە بەندەری جەیهانی تورکی بارکراوە، هەناردەی هەرێم کەمی کردووە بۆ ١٠ملیۆن و ٣٤٥ هەزار بەرمیل کەبەتێکڕا  ٣٤٤.٨ هەزار بەرمیل دەکات.  چەندین کەس پرسیاری ئەوەیان کرد کە ئایا بۆچی بەرهەمی نەوتی هەرێم هێندە کەمی کردووە؟ ئایا بەرهەم کەمی کردووە یان هەناردە؟ جیاوازی بەرهەم و هەناردە چییە؟ لە بەر ئەوە ئەم روونکردنەوەمان بە پێویست زانی. بڵاو کردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە گرنگ و پێویستن، بە تایبەت کە حکومەت لەکاتی خۆیدا مانگانە بڵاویان ناکاتەوە. بەڵام ئەم زانیاریانە و ئەوانەی ئێمەش لە روونبین  پێشتر بڵاومانکردووەتەوە تەنها سەبارەت بە ئەو بارە نەوتانەیە  کە لە  بەندەری جەیهان بارکراوە لە لایەن کەشتییە نەوتییەکانەوە. بەمانایەکی تر  هەموو بەرهەمی هەرێم نییە  چونکە ئەو بڕەی تیا نییە کە بە تورکیا فرۆشراوە( ئەگەر لەو ماوەدا هیچ بڕێک فرۆشرابێت) هەروەها فرۆشی ناوخۆ و ئەو بڕەشی تێدا نییە کە دراوە پاڵاوگەکانی ناوخۆ.  هەروەک دەزانین بەپێی راپۆرتەکانی دیلۆیت کە حکومەت بڵاوی کردووەتەوە بڕێک بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ و بڕێکیش لە ناوخۆدا فرۆشراوە، کۆی بەکاربردنی ناوخۆ و پاڵاوگەکان و هەناردە دەکاتە کۆی بەرهەمی هەێم.  بەپێی زانیارییەکانی ئێمە و بەدواداچونمان لەم ماوەیەدا تەنها کێڵگەی سەرقەڵا بەرهەمی بەشێوەیەکی بەرچاو  کەمی کردووە  لە ٣٢ هەزار بەرمیلی رۆژانەوە ئێستا تەنها ١٤ هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت واتە  ٥٦٪ بەرهەم کەمی کردووە و هۆکارەکەشی بۆ دزەکردنی رێژەیەکی زۆر ئاوە بۆ ناو حەشارگەکە بەپێی هەندێ سەرچاوە ٥٠٪ ی تێپەڕاندووە.   کێڵگەکانی تر هەندێکیان بەئەندازەیەک بەرهەمیان زیادی کردووە بەراورد بە مانگەکانی پێشو لەوانە ( هەولێر و سەرسەنگ) ئەوانی دیش گۆڕانێکی وا بەسەر بەرهەمیاندا نەهاتووە. بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەردەستی روونبیندایە و لەم خشتەیەی خوارەوەدا ڕوونکراوەتەوە لە کۆی ١١ کێڵگەی بەرهەمهێنی نەوتی هەرێم تێکڕای بەرهەمی رۆژانە بریتیە لە ٤٢٦ هەزار بەرمیل، تەنها بەرهەمی کێڵگەی عین سفنی بە گریمانەیی دانراوە بە ٥ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا . لە بەر ئەوەی هیچ زانیارییەکی فەرمی و نیمچە فەرمی لە بەردەستی ڕوونبیندا نییە بۆ ئەو کێڵگەیە بۆیە بە سور دیاری کراوە . کەواتە گەر ئاستی (هەناردە نەک بەرهەم ) کەمی کردبێت ئەوا دەکرێت لێکدانەوەی ئەوەی بۆ بکرێت کە  وەرزی زستانەو بەرهەمە نەوتییەکان زیاتر پێویستن، دەبێت هەرێم ئەو بڕەی دەیدات بە پاڵاوگەکان و فرۆشی ناوخۆ  زیادی کردبێت. لەساڵانی رابوردوودا ئەو بڕەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ بەکار هاتووە لە نێوان٣٠  بۆ ٢٧ هەزار بەرمیلی رۆژانەدا بووە. کەواتە ئێستا دەبێت ئە بڕە بەرزبووبێتەوە بۆ نزیکەی ٩٠ بۆ ١٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە، لەو کاتەدا دەبێت نرخی سوتەمەنی دابەزێت و پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی خێراتر و هەرزانتربێت. گەر ئەمە نەکرابێت و هەناردەش کەمی کردبێت ئەوا ئەوکاتە پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕوونکرنەوە بدات.     راپۆرتی پەیوەندیدار      



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand