درەو: هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركی بەرێژەی (53%) كەمیكردووەو لە ( دوو ملیۆن و 344) هەزار بەرمیلەوە بۆ (ملیۆنێك و 109 هەزار) بەرمیل دابەزیوە، كەركوك ئێستا نەوت خەزن دەكات و لە (340 هەزار) بەرمیلی بەرهەمهێندراو بە تێكڕا (36 هەزار) بەرمیلی رۆژانەی هەناردەی دەرەوەی كردووە. بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەناردەی نەوتی كەركوك لە نێوان مانگەكانی ( تەموز و ئابی)ی 2022 بەم شێوەیەیە: • هەناردەی نەوتی كەركوك لە مانگی تەمووزی 2022: (2 ملیۆن و 344 هەزارو 536) بەرمیل بووە • هەناردەی نەوتی كەركوك لە مانگی ئابی 2022: (ملیۆنێك و 109 هەزارو 528) بەرمیل بووە لە نێوان مانگی تەموزو ئابدا جیاوازیەكە ( ملیۆنێك و 235 هەزارو 8 )بەرمیلە، بەڕێژەی (53%) بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە: • خەزنكردن و هەڵگرتنی نەوتی بەرهەمهێنراوی كەركوك. • پێداویستی ناوخۆیی و زیادبوونی بەرهەمی پاڵاوگە ناوخۆییەكان. سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی كەركوك بە (درەو)ی راگەیاند: بەرهەمی رۆژی 31/8/2022 نەوتی كەركوك (340 هەزار) بەرمیلە بەمشێوەیە دابەش بووە: • (85 هەزار) بەرمیل نەوتی بەڕێژەی (25%)ی خەزن كراوە لە خەزانەكانی كەركوكدا كە توانای خەزنكردنی (3 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەیە. • (255 هەزار) بەرمیلی بەكارهێندراوە بەرێژەی (75%) بەم شێوەیە: - (49هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەی بەندەری جەیهانی توركی كراوە، واتا لەكۆی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی كەركوك كە (340 هەزار) بەرمیلە (14%) دەكات. - (206 هەزار) بەرمیلی لەناوخۆدا بەكارهاتووە بەم شێوەیە: • (40 هەزار) بەرمیلی بۆ پاڵاوگەی كار. • (39 هەزار) بەرمیلی بۆ پاڵاوگەی بازیان • (52 هەزار) بەرمیلی بۆ پاڵاگەی بێجی • بەشەكەی تریشی بۆ پاڵاوگەكانی تر‌و وێستگەكانی كارەبایە
درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی ئابی 2022 راگەیاند: • داهاتی نەوت لە مانگی ئابی رابردوودا گەیشتوەتە (9 ملیار‌و 784ملیۆن) دۆلار، واتا (14ترلیۆن و 620ملیار) دینار • تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئابی گەیشتوەتە (101ملیۆن‌و 859هەزارو 528هەزار) بەرمیل رۆژانە (3 ملیۆن و 286هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. - تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی ئابی گەیشتوەتە (96) دۆلار. وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی تەموزی 2022 راگەیاند: • داهاتی نەوت لە مانگی تەمووز رابردوودا گەیشتوەتە (10ملیار‌و 608ملیۆن) دۆلار، واتا (15ترلیۆن و 381ملیار) دینار • تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی تەمووز گەیشتوەتە (102ملیۆن‌و 385هەزارو 49هەزار) بەرمیل رۆژانە (3 ملیۆن و 303هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. - تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی تەمووز گەیشتوەتە (103) دۆلار.
درةو: بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای "گه‌نێڵ ئەنێرجی"ی تورکی، لە سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتیانەی هەرێمی کوردستان کە کۆمپانیاکە تێدا پشکدارە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ڕووی لە دابەزین کردووە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی (2021)، بە جۆرێک؛ # ئاستی بەرهەمی نەوتی ڕۆژانە لە کێڵگەی تاوکێ (4.2%) دابەزیوە. # ئاستی بەرهەمی نەوتی ڕۆژانە لە کێڵگەی تەق تەق (33.8%) دابەزیوە. # ئاستی بەرهەمی نەوتی ڕۆژانە لە کێڵگەی سارتا (31.6%) دابەزیوە. # تا ئێستا کێڵگەی قەرەداغ نەگەیشتووە بە بەرهەمهێنان کە کۆمپانیا تورکییەکە (40%)ی پشکەکانی تێدایە. گه‌نێڵ ئەنێرجی له کێڵگه نه‌وتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ کۆمپانیای "گه‌نێڵ ئەنێرجی"ی تورکی هه‌یه له هه‌ر یه‌ک کێڵگه‌کانی (تاوکێ، ته‌ق ته‌ق، سارتا و قه‌ره‌داغ)، سێ کێڵگەی یەکەمیان لە بەرهەمهێناندان، بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی کۆمپانیای "گه‌نێڵ ئەنێرجی" بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی 2022، ئاستی بەرهەمی گشتی هەر سێ کێڵگەی (تاوکێ، ته‌ق ته‌ق و سارتا) ڕووی لە دابەزین کردووە، بە جۆرێک لە هەرسێ کێڵگەی ناوبراودا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەرهەمی ڕۆژانە بە تێکڕا بریتی بووە لە (116 هەزار و 930) بەرمیل نەوتی خاو. ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای بەرهەمی هەرسێ کێڵگەکە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2021دا بریتی بووە لە (124 هەزار و 710) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. به‌م پێیه ئاستی به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی کێڵگەکانی (تاوکێ، ته‌ق ته‌ق و سارتا) به گشتی له (نیوه‌ی یه‌که‌می 2022) دا به‌راورد به (نیوه‌ی یه‌که‌می 2021)، بڕی (7 هه‌زار و 780) به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانە به ڕێژه‌ی (6.7%) دابه‌زیوه. سەبارەت بە وردە کاری هەر کێڵگەیەک بە جیا، زانیارییەکان بەم جۆرەن؛ یەکەم؛ کێڵگه‌ی تاوکێ هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی (DNO)ی نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی (Genel Energy) تورکی لە کێڵگەی تاوکی خاوەن پشکن. کۆمپانیای دی ئێن ئۆ(DNO) خاوەنی (75%)ی پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی (25%)ی پشکەکانە. ناوچەی گرێبەستی تاوکێ لە پارێزگای دهۆکە. بەپێی دواین ڕاپۆرتی گەنێڵ ئەنێرجی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی تاوکێ بە تێکڕا لە نیوه‌ی یه‌که‌می 2022 دا بریتی بووە لە (106 هه‌زار و 700) بەرمیلی ڕۆژانە. پوخته‌ی پشکی کۆمپانیای "گه‌نێڵ ئەنێرجی" له ماوه‌ی ناوبراودا بریتی بووە لە (26 هه‌زار و 680) بەرمیلی ڕۆژانه بەو پێیەی خاوەنی (25%)ی پشکەکانە. هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە به‌رهه‌می ناوچه‌ی گرێبه‌سته‌که له نیوه‌ی یه‌که‌می ساڵی (2021)دا به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی بریتی بووه له (111 هه‌زار و 140) به‌رمیل، پشکی کۆمپانیه‌که بریتی بووه له (27 هه‌زار و 780) به‌رمیلی ڕۆژانه. به‌م پێیه ئاستی به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی ناوچه‌ی گرێبه‌سته‌که به گشتی له (نیوه‌ی یه‌که‌می 2022) دا به‌راورد به (نیوه‌ی یه‌که‌می 2021)، بڕی (4 هه‌زار و 440) به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانی به ڕێژه‌ی (4.2%) دابه‌زیوه. دووەم؛ کێڵگەی تەق تەق ئەم کێڵگەیە ده‌كه‌وێته ناحیه‌ی "ته‌ق ته‌ق"ەوە لە قه‌زای كۆیه، ڕووبه‌ره‌كه‌ی (951) كیلۆمه‌تر دووجایه، پشكه‌كانی کێڵگەی ناوبراو دابەشبوون بەسەر كۆمپانیای "ئەداکس پیترۆلیۆم" کە (36%)ی پشکەکان و "گه‌نێڵ ئەنێرجی" توركی (44%)ی پشکەکان و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای "گەنێڵ ئەنێرجی" بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی "تەق تەق" بە تێکڕا لە نیوه‌ی یه‌که‌می 2022 دا بریتی بووە لە (4 هه‌زار و 850) بەرمیلی ڕۆژانە. پوخته‌ی پشکی کۆمپانیای "گه‌نێڵ ئەنێرجی" له (نیوەی یەکەمی 2022)دا لە کێڵگیە ناوبراودا بریتی بووە لە (2 هه‌زار و 130) بەرمیلی ڕۆژانه بەو پێیەی خاوەنی (44%)ی پشکەکانە. هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە به‌رهه‌می ناوچه‌ی گرێبه‌سته‌که له نیوه‌ی یه‌که‌می ساڵی (2021)دا به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی بریتی بووه له (6 هه‌زار و 490) به‌رمیل، پشکی کۆمپانیه‌که بریتی بووه له (2 هه‌زار و 860) به‌رمیلی ڕۆژانه. به‌م پێیه ئاستی به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی ناوچه‌ی گرێبه‌سته‌که به گشتی له (نیوه‌ی یه‌که‌می 2022) دا به‌راورد به (نیوه‌ی یه‌که‌می 2021)، بڕی (هه‌زار و 640) به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانە به ڕێژه‌ی (33.8%) دابه‌زیوه. سێیەم؛ کێڵگەی سارتا کێڵگەی سارتا دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە، کۆمپانیای "شیڤرۆن"ی ئەمەریکی پشکی (50%) و "گنێڵ ئەنێرجی" (30%)ی پشکەکان و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای "گنێڵ ئەنێرجی" بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی "سارتا" بە تێکڕا لە نیوه‌ی یه‌که‌می 2022 دا بریتی بووە لە (5 هه‌زار و 380) بەرمیلی ڕۆژانە. پوخته‌ی پشکی کۆمپانیای "گه‌نێڵ ئەنێرجی" له (نیوەی یەکەمی 2022)دا لە کێڵگیە ناوبراودا بریتی بووە لە (هه‌زار و 610) بەرمیلی ڕۆژانه بەو پێیەی خاوەنی (30%)ی پشکەکانە. هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە به‌رهه‌می ناوچه‌ی گرێبه‌سته‌که له نیوه‌ی یه‌که‌می ساڵی (2021)دا به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی بریتی بووه له (7 هه‌زار و 80) به‌رمیل، پشکی کۆمپانیه‌که بریتی بووه له (2 هه‌زار و 120) به‌رمیلی ڕۆژانه. به‌م پێیه ئاستی به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی ناوچه‌ی گرێبه‌سته‌که به گشتی له (نیوه‌ی یه‌که‌می 2022) دا به‌راورد به (نیوه‌ی یه‌که‌می 2021)، بڕی (هه‌زار و 700) به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانە به ڕێژه‌ی (31.6%) دابه‌زیوه. چوارەم؛ کێڵگەی قه‌ره‌داغ: دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە لە ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و خۆرهه‌ڵاتی چیای سه‌گرمه و ڕۆژ ئاوای ڕووباری سیروان ده‌گرێته‌وه تا ده‌گاته ده‌ربه‌ندیخان و ڕووبه‌ری ئه‌م بلۆكه (846) كیلۆمه‌تر دووجایه، پێشتر (80%)ی پشكه‌كانی درا بە كۆمپانیای (ئیكسۆن مۆبایل)ی ئه‌مریكی و (20%)ی پشكەکانی بۆ (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستان مایەوە. بەڵام دوای کشانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە (40%)ی پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای "گه‌نێڵ ئەنێرجی"ی تورکی. بەڵام تا ئێستا ئەم کێڵگەیە نەگەیشتووە بە بەرهەمهێنان و کۆمپانیا تورکییەکە بەردەوامە لە کارکردن تێیدا. سەرچاوە؛ - Genel Energy, Half-Year Results 2022, 02/08/2022; https://genelenergy.com/wp-content/uploads/2022/08/Genel-Energy-HY-2022-Results-FINAL.pdf
وەرگێڕانی: درەو (الطاقە) ئەورووپا لە هەوڵی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی غازدایە، لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە كوردستانی عێراق و کشانەوەی چەند کۆمپانیایەک، پرۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر گورزێکی نوێی بەرکەوت. دۆخی ناجێگیری ئەمنی هەرێم و پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەکە، وایکردووە بەڵێندەرانی ئەمریکی لەو پڕۆژەیە بکشێنەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتی بەستووە بەو پرۆژەیە بۆ زیادکردنی داهاتەکانی، وەک جێگرەوەیەکی بچووک بۆ غازی ڕووسی حسابی بۆ کردووە. بەپێی زانیارییەکانی پێگەی (الطاقە) لە کۆتایی حوزەیران و دوای سێ هێرشی موشەکی، پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر کە لەلایەن کۆمپانیای (پیرڵ پێترۆلیۆم)ەوە بەڕێوەدەبرێت و زۆرینەی پشکەکانی کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی خاوەندارێتی دەکات هەڵپەسێردرا. هەناردەکردنی غاز بۆ ئەوروپا کۆرمۆر، یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی غاز لە عێراقدا، پلانی فراوانکردنیشی ئامانجی دوو هێندەکردنی بەرهەمهێنانی غازە لە ناوچەکەدا کە زۆر پێویستی بە غازی زیاترە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و کۆتاییهێنان بەبڕینی رۆژانەی کارەبا. سەرچاوەکان رایانگەیاندووە،لە هێرشەکاندا زیانی بەرچاو بەر پرۆژەکە نەکەوتووە، پرۆسەی کار پەکی نەکەوتووە، بەڵام پڕۆژەی فراوانکردنەکە کە لە قۆاناغی دواتردا دروستکردنی بۆری نوێ بۆ تورکیا لەخۆدەگرێت تا دۆخەکە ئارام دەبێتەوە راوەستاوە، وەک (ئاژانسی رۆیتەرز) ئاماژەی پێداوە. ئامانجی پرۆژه‌كه هه‌نارده‌كردنی غازه بۆ توركیا و ئه‌وروپا لەدوای دابینکردنی پێداویستییه‌كانی بازاڕی ناوخۆیی، لە رێگای رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای تەمویلی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکی بە بڕی (250) ملیۆن دۆلار پرۆژەکە تەمویل دەکرێت، ساڵی رابردوو (2021) حكومه‌تی كوردی گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ کۆمپانیای كار گروپ ئیمزاکرد، بۆ دروستكردنی بۆرییه‌ك له کۆرمۆر له رێگای هه‌ولێره‌وه بۆ پارێزگای دهۆك له نزیك سنووری توركیا، تەریب بە بۆری قائم. کشانەوەی ئێکسترانی ئەمریکی هەندێک سەرچاوە لە حكومەتی هەرێم رایانگەیاند، كرێكارانی كۆمپانیای ئێكستران لە ویلایەتی تەكساسەوە مانگی رابردوو گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی دەست بە كارەكان بكەنەوە، بەڵام لە 25ی تەمموزدا بە دوو مووشەكی دیكە هێرش کراوەتە سەر کێڵگەکە ، كۆمپانیاكە ناچار بووە جارێكی دیكە شوێنەکە بەجێبهێڵێت، بەبێ ئەوەی وادەی گەڕانەوەی دیاری بكات. بە پێی (ئاژانسی رۆیتەرز). لە دوای هەردوو کۆمپانیای بەڵێندەری تورکی (هافاتک وبیلتیک)، کۆمپانیای ئێکستران سێیەم بەڵێندەرە کە لەسەرەتای هێرشەکانەوە بۆ سەر کیڵگەکە لە 21ی حوزەیراندا کارەکانی رابوەستێنێت، دواکەوتنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە قەرزێکی زۆری لەسەرە، غەرامەیەکی زۆری بێتە سەر و پلانی هەناردەکردنی غازی کوردیش بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە. سەرچاوەیەکی حکومی رایگەیاند، ئەگەر تا مانگی ئایاری 2023 ژێرخانی پڕۆژەکە ئامادە نەبێت- وادەی کۆتایی بۆ وەرگرتن یان پارەدان- ئەوا حکومەتی هەرێم دەبێت مانگانە 40 ملیۆن دۆلار بدات بە داناغاز تا پرۆژەکە ئامادە دەبێت. عەلی سەفار، بەڕێوەبەری پرۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاند "لەوە زیاتر زیانگەیشتنە بە ناوبانگ، چونكە هەڕەشە ئەمنییەکان بەشێکی ترە لەو مەترسییانە زیاد دەکات کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر تێچووی سەرمایەو دڵنیایی هەبێت". پلانەکانی دانا غاز دان غاز، مافی بەکارهێنانی دوو گەورەترین کێڵگەی غازی عێراق (کۆرمۆر، چەمچەماڵ) هەیە، هەردوکیان رۆژانە بە نزیکەیی (450) ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەم دەهێنن. کۆمپانیای دانا غاز (گەورەترین بەرهەمهێنەری غازی کوردستان) بەنیازە توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەی کۆرمۆر تا چارەکی دووەمی ساڵی 2023 بۆ 700 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانێتی بۆ ئەوەی لە چەند ساڵی داهاتوودا بگاتە یەک ملیار پێ سێجا لە ڕۆژێکدا ، ئەم بڕەش بەسە بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان. بە هەبوونی 16 ترلیۆن پێ سێجای یەدەگی سەلمێنراو، بەرهەمهێنان دەتوانێت بۆ 1.5 ملیار پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەرزبێتەوە، بڕێکی زۆر بۆ هەناردەکردن بەجێبهێڵێت. كۆمپانیا ئیماراتییەکە سەرقاڵی تەواوكردنی جێبەجێكردنی پرۆژەكە بوو بۆ فراوانكردن و پەرەپێدانی پرۆسێسی غاز لە کۆرمۆر (کۆرمۆر 250) بە تێچووی 600 ملیۆن دۆلار، پێشبینی دەكرا قۆناغی داهاتووی پڕۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە تا ساڵی 2023 بە رێژەی 25% زیاد بکات. کێبڕکێی غازی ئێرانی پلانی هەناردەکردنی غاز لە هەرێمی کوردستانەوە هەڕەشە لە پێگەی ئێران دەکات وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی غاز بۆ عێراق و تورکیا، لە کاتێکدا کە هێشتا ئابوورییەکەی بەدەست گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە دەناڵێنێت. لە مانگی ئازاردا بەرپرسەکان رایانگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران دەیان مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی هەولێر کرد، لە هێرشێکدا کە وا دیار بوو پلانی ناوچەکەی بۆ دابینکردنی غاز بۆ تورکیا و ئەوروپا کردۆتە ئامانج. لە كاتێكدا لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە تا ئێستا هیچ گروپێك بەرپرسیارێتی خۆی لە پێنج هێرشەکەی سەر کۆرمۆر رانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی كورد و دیپلۆماتكاران و سەرچاوە پیشەسازییەكان و شارەزایانی وزە لەو بڕوایەدان هێرشەکان لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام دراون، بەڵام دوو دیپلۆماتکار کە لەعێراق نیشتەجێن پێیان وایە ململانێ ناوخۆییەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە ئەو ناوچەیەی لە ژێر دەسەڵاتی ئەو حزبەدایە، بووەتە هۆی ئەوەی لایەنێک تۆڵە لە لاکەی تر بکاتەوە بۆ ئەوەی گرفت بخاتە بەردەم پرۆژەی فراوانکردنەکە. ململانێی سیاسی کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە نزیک ناوچەیەکی دابڕاوی نێوان سوپای عێراق و هێزە کوردییەکان و میلیشیا شیعەکان، لەوێوە یەکەم هێرشی موشەکی دەستیپێکرد. بەهۆی نەبوونی رێککەوتن لەسەر کۆنترۆڵکردنی خاکەکە چەند ناوچەیەک کە نە سوپای عێراق و نە هێزە کوردییەکان ناتوانن بۆی بچن، بۆشایییەکی ئەمنی بەجێهێشتووە، رێگە بە میلیشیا چەکدارەکان دەدات بە ئازادی چالاکی بکەن، بەڵام دوو هێرشی ئەم دواییە بە مووشەکی گەورەتر کران لە ناوچەکانی نزیک لە شاری کەرکوک کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵیدایە. ئەو هەرەسەی روبەڕووی پلانی غاز بووەوە لە کاتێکدایە سێکتەری نەوت بە دەست کێشەوە گیرۆدەیە، کە سەرچاوەی دارایی ناوچەکەی لەسەر بەندە. یەدەگی نەوت بە زیاتر لە دوو هێندەی تێکڕای جیهانی دەستی بە کەمبوونەوە کرد، دادگای باڵای فیدراڵی لە مانگی شوباتدا بڕیاریدا کە بنەما یاساییەکانی کەرتی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان نادەستوورین، ئەمەش وایکرد بەشێک لە کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان ناچار بە کشانەوە بکرێن. سه‌رچاوه‌كان رایانگه‌یاندووه، دواكه‌وتنی زیاتری وه‌به‌رهێنان له‌و كه‌رته كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، کە هەرێمێکە لە عێراقێکی ناسەقامگیردا و رووبه‌ڕووی قه‌یرانی ئابووری بووەتەوە. دۆخی سەختی ئابووری گەنجانی کورد، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت قەیرانی کۆچبەران لە سنووری نێوان بێلاڕووس و یەکێتی ئەوروپا کە لە ساڵی ٢٠٢١ دەستی پێ‌کرد
درەو: مەسعود بارزانی، لە كتێبی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد دەنوسێت: "من لە 16ی ئابی 1996 وتارێكم پێشكەشكردو دەستپێشخەریەكم بۆ ئاشتی راگەیاند، لە هەمان رۆژدا مام جەلال لە دەربەندیخان وتارێكی پێشكەشكرد و وتی: فاتیحە بۆ پارتی بخوێنن.... سەدام نوێنەری ناردە لامان و وتی ئامادەین هاوكاری پارتی بكەین لە رزگاركردنی هەولێر، ئێمەش كۆبونەوەیەكی سەركردایەتی پارتیمان بەڕٍێوەبرد و بەبێ هیچ دوودڵیەك داواكەمان پەسەندكرد" . مەسعود بارزانی، لە بەرگی پێنجەمی كتێبی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد (291 -305) دەنوسێت: رۆژی 15ی حوزەیرانی 1996 نوینەری (CIA) سەردانیكردم، پێی راگەیاندم كە ئەگەری وەشاندنی گورز یان هێرش هەیە لەلایەن ئێرانەوە، بۆسەر بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆیە، دیاربوو زانیاری پێشوەختەیان هەبوو. رۆژی 31ی تەمووزی 1996 هۆشیار زێباری كە لە واشنتۆن بوو برۆسكەیەكی بۆ ناردم و دەڵێت: ئێران و یەكێتی بەنیازی هێرشی گەورەن لە دژی پارتی. رۆژی 8ی تەموزی 1996 یەكێتی كەسنەزانی بۆردومانكردو بەهۆیەوە سێ پێشمەرگەو شەش هاوڵاتی شەهید بوون. ئێران زۆر بەهێزەوە دژی پارتی و لەبەرژەوەندی یەكێتی هاتە ناو شەڕەكەوە ئێران و یەكێتی پلانێكی جەهەنەمییان داڕشتبوو بۆلەناو بردنی یەكجارەكی پارتی، ئێرانیەكان زۆر بە سەخاوەتەوە چەكو تەقەمەنیان خستە بەردەستی یەكێتی. لە 16ی ئابدا لە یادی یۆبیلی زێرێنی پارتی لە رۆژی 16ی ئابی 1996 ئاهەنگێكی گەورە لە مەسیف سەلاحەدین رێكخراو من وتارێكم خوێندەوەو دەستپێشخەریەكم بۆ ئاشتی و كۆتاییهێنان بەشەڕ راگەیاند. لەهەمانكاتدا مام جەلال لە دەربەندیخان وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند فاتیحە بۆ پارتی بخوێنن. ئێران و یەكێتی جوڵەیان بەهێزەكانیانكرد رۆژی 17ی ئابی 1996 هێرشی بەربڵاویان لە هەموو میحوەرەكانەوە دەستپێكرد. هەوڵی زۆرمان لەگەڵ ئەمریكاو بەریتانیادا بۆ ئەوەی ئاگاداریان بكەینەوە كە ئەمە هێرشی ئێرانە دژی پارتی و پێویستە هەڵوێستیان هەبێت بەڵام هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو. دوای ئەوەی دەركەوت ئێران راستەوخۆ هاتووەتە ناو شەڕەكەوە، سەدام، مانع عەبد رەشید بەرێوەبەری موخابەراتی ناردە كوردستان و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی پارتی دژی دەستوەردانی ئێران. منیش داواملێكرد ژمارەك تۆپی 130ملم و 107 و 122 ملم بە میلاك و ستافەكەیانەوە بنێرن، دواتر وەڵامیان ناردەوە ئامادەن یارمەتی پارتی بدەن و هەولێر رزگار بكەین، ئەوەی راستی بێت بەهیچ شێوەیەك بیرم لەوە نەدەكردەوە كە بەم شێوەیە جدی بن لە كارەكەدا، كۆبونەوەیەكی سەركردایەتی پارتیمان بەڕٍێوەبرد و بەبێ هیچ دوودڵیەك داواكەمان پەسەندكرد. شەوی 31ی ئابی 1996 رۆبێرت پیللترۆ نێردەی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندی پێوەكردم و وتی" جموجوڵی ناسروشتی لە باشوری هەولێر بەدیدەكرێت، ئەگەری دەستوەردانی عێراق هەیە" منیش پێم وت "كاتێك ئێران مافی هەبێت دەستبخاتە ناو بابەتەكانەوە، بۆ عێراق ئەو مافانەی نەبێت" لەرووی پلانی سەربازی و لەرووی سیاسی و راگەیاندنەوە هەمانهەنگیەكی تەواو لە نێوان فەرماندەكانی پێشمەرگەو فەرماندەكانی سەربازییەكانی سوپای عێراق كرا. دیارە قاعیدەیەكی فیقهی هەیە كە دەڵێت " دفع الافسد بالفاسد"واتا لابردنی خراپتر و فاسدتر بە خراپ و فاسد. دواتر داواكرا نامەیەك بۆ سەدام بنوسم، ئێمەش رازی بووین نامەكە بنوسین بۆ ئەوەی بۆ رای گشتی رونبكرێتەوە كە هاوكاری عێراق لەبەرامبەر دەستوەردانەكانی ئێرانە لە شەڕەكەدا. بەر لە هاتنی سوپای عێراق، لە (مانع)م دوپاتكردەوە كە داكۆكێم لەسەر ئەو خاڵە كردەوە هەر كاتێك داوامان كرد پێویستە سوپای عێراق پاشەشكە بكات، ناوبراویش بەڵێنی سەدامی بۆ هێنام كە هەركات داوا بكەم سوپاكە بكشێنێتەوە، لەسەر ئەوەش رێككەوتین كە نابێت كەسیان بێنە ناو هەولێر نە سەربازی و نە موخابەرات، مەرجی عێراقیش ئەوە بوو كە نابێت بەرەو سلێمانی بچین. بەرەبەیانی رۆژی 31ی ئابی 1996، دەستبەجێبەجێكردنی پلانەكە كرا، بۆ نێوەڕۆ یەكێتی بەرگریی پێنەكراو بەتەواوی داڕوخا، كۆسرەت رەسوڵ كە لەناو شاری هەولێر بوو، بەزەحمەت دەربازی بوو، بەرەو بێستانە رۆیشت. لەبەرامبەر ئەو رووداوانەدا، ئەمریكا هیچ كاردانەوەیەكی بەرچاوی نەبوو تەنیا رۆژی 3ی ئەیلولی 1996 بە موشەك چەند خاڵێكی لە شاری كوت لە باشوری عێراق كردە ئامانج، دواتر یەكێك لە دۆستەكانم هەواڵی بۆناردم بارەگاكەم چۆڵ بكەم، چونكە ئەگەری بۆردومانكردنی هەیە لەلایەن ئەمریكاوە، بەڵام هیچ رووینەدا، بە پێچەوانەوە ئەمریكا هەرزوو دەستیكرد بە پەیوەندیكردن لەگەڵمان. دوای رزگاركردنی هەولێر، یەكێتی لەهەموو بەرەكانی شەڕدا داڕوخان و شكستی هەمەلایەنە بەسەر هێزەكانی یەكێتیدا هات، رۆژی 5ی ئەیلول هێزەكانی پارتی گەیشتنە دەروازەكانی كۆیەو رۆژی دواتر كۆیەو هەیبەت سوڵتان رزگاركرا، دواتر هێزەكانی پارتی گەیشتنە دووكان، لەوێ سەردانی پێشمەرگەو فەرماندەكانم كردوو پێم راگەیاندن كە نابێت بەهیچ شێوەیەك لە دووكان زیاتر پێشڕەوی بكەن، بەڵام یەكێتی سلێمانی و قەڵاچوالانی بەبێ هیچ شەڕێك چۆڵكرد‌و تەنانەت كەلوپەلی خۆشیان بەجێهێشتبوو، داڕوخانێكی سەیر و بێوێنە لەناویاندا رووی‌دابوو، هێزەكانی پارتی گەیشتنە سلێمانی، هەموو هێزو سەركردەكانی یەكێتی لە رێگەی سەیرانبەند و شارباژێڕەوە هەڵهاتن بۆ بانەو، ئێران پێشوازی لێ‌كردن و پەنایدان. حكومەتی عێراق لە چوونی هێزەكانی پارتی بۆناو شاری سلێمانی زۆر دڵگران و غەمباربوو گوایە رێككەوتنەكەمان لەسەر ئەوەبوو كە نابێت هێزەكانی پارتی بچنە ناو شاری سلێمانی، سەدام بڕوای نەدەكرد كە بەم جۆرە هێزەكانی یەكێتی داروخابن و بەبێ ئەوەی هێزەكانی پارتی هێرش بكەن ئەوان خۆیان سلێمانیان چۆڵكردووە. دوای ئەم رووداوە، رۆژی 10ی ئەیلولی 1996 سەدام دەستبەجێ (مانع)ی لە رێگەی خانەقین و قەسری شیرینەوە ناردە تاران و دوابەدوای ئەوەیش محەمەدی جێگری ئیتڵاعات سەردانی بەدای كرد، هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتن، كە نابێت كوردستان هەمووی بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی پارتی. دوای داڕوخانی یەكێتی، كوردستان بۆ ماوەی مانگێك بوو بەیەك دەست و یەك ناوەندی بڕیار لە كوردستان هاتە ئاراوە. لەسەر رووداوی 31ی ئاب، زۆر قسەو باس خراوەتە روو لێكدانەوەو هەڵوێستی جۆراو جۆر بینراوە، بەڵام پێویستە بەو كەس و لایەنە ناوخۆیی و دەرەكییانە كە رەخنەیان لە 31ی ئاب هەیە بگوترێت، بەرلەوەی رەخنە لە پارتی بگرن، دەزانن یەكێتی لە 17ی ئابی 1996دا چی كرد؟ هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی شەڕی ناوخۆ، لە ساڵی 1994 ەوە سەدام چەندین جار ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ رهاوكاریكردن و یارمەتیدانی كردەیی پارتی و ئێمەش رەتمان كردەوە هواكارییان لێوەربگرین. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد، بەرگی پێنجەم، لاپەڕەكانی 291 -305.
(درەو): مانگانە لە داهاتی ناوخۆی هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك بڕی (55 ملیار) دینار بۆ خەرجی سیادی دەڕوات، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان. راپۆرتی پەرلەمانی چی دەڵێ ؟ ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵ كاتێك گرفتی نەمانی پارە لە بانكەكاندا بەتایبەتی بانكەكانی سنوری ئیدارەی سلێمانیدا دروستبووە، لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ (دەنگۆی دیارنەمانی پارە لە بانكەكان)دا، لیژنەیەكی بە سەرپەرەشتی پەرلەمانتار (بەڵێن ئیسماعیل) سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی دروستكردووە. بانكە حكومییەكان لە هەرێم راپۆرتی بەدواداچوونی ئەم لیژنەیە كە كۆپییەكی لەبەردەستی (درەو)دایە دەریدەخات: • نزیكەی (92) بانكی حكومی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەمانە كەمترین مەرجی بانكیان تێدایە‌و بەیەكەوە نەبەستراونەتەوە. • لەسلێمانی‌و هەڵەبجە 33 بانكی حكومی هەیە. • لەسنوری هەولێرو دهۆك 59 بانكی حكومی هەیە. • 22 بانك لەسنوری پارێزگای هەولێرو دهۆك خراونەتە سەر سیستەمی (ICBS)، بەڵام لەسنوری سلێمانی‌و هەڵەبجە هیچ بانكێك نەخراوەتە سەر ئەم سیستەمە. • سیستەمی (ICBS) كارئاسانی گەورە دەكات بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی دابەشكردنی موچە‌و ئەنجامدانی چاكسازی لە زۆر بواردا لەوانە: كەشفكردنی موچەخۆری بندیوار. • لە هەرێمی كوردستاندا بەگشتی (هەزار) وەحدەی حسابی‌و (14) خەزێنەی گشتی هەیە. خەرجی موچە لە هەولێرو دهۆك بەگوێرەی راپۆستی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان، كۆی پارەی تەرخانكراو بۆ موچە لەسنوری پارێزگای هەولێرو دهۆك بە ئیدارە سەربەخۆكانیشەوە مانگانە (560 ملیار) دینارە. كۆی داهاتی ناوخۆ لە 2022دا لە هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك مانگانە بڕەكەی (250 ملیار) دینار بووە، لەم رێژەیە بڕی (55 ملیار) دیناری بۆ خەرجی سیادی رۆیشتووە.
نوسینى، هاوڕێ حه‌سه‌ن حه‌مه به‌سیاسیكردنى كه‌رتى گشتى له هه‌رێمى كوردستان: هه‌ڵسه‌نگاندنێك له‌سه‌ر بنه‌ماى سیستمی مێریتۆكراسی پێشه‌كی دابه‌شكردن و پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته حكومی و ئیدارییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌لائی حزبی، وه‌لائی شه‌خسی و خزمخزمێنه یه‌كێكه له گرفته سه‌ره‌كیه‌كانى حوكمڕانى له هه‌رێمى كوردستان. له‌دواى دروستبوونى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان له ساڵى 1991 تا ئه‌مڕۆ، به‌گشتى دامه‌زراندن له كه‌رتی گشتیدا‌و وه‌رگرتنى پۆست و ئیمتیازاته ماددی و مه‌عنه‌وییه حزبی و حكومیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى وه‌لائی حزبی و شه‌خسی بوون، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى لێهاتوویی و لێوه‌شاوه‌یی. ده‌رئه‌نجام، سیستمى دامه‌زراندن و وه‌رگرتنى پۆسته ئیدارییه‌كان له حكومه‌تدا پێچه‌وانه‌ى ئه‌و مه‌قوله‌یه بووه كه‌ده‌ڵێت "كه‌سی شیاو له شوێنى شیاو". به‌پێچه‌وانه‌وه، زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى پۆسته حكومیه‌كانیان له كه‌رتى گشتیدا وه‌رگرتووه كه‌سانى لاوازبوون، شیاوى ئه‌و پله‌و پایه حكومیانه نه‌بوون كه وه‌ریانگرتوه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى خراپی له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارییه گشتیه‌كان و گه‌شه‌ى ئابوورى له هه‌رێمى كوردستان هه‌بووه. سه‌ركه‌وتنى هه‌ر وڵاتێك به‌نده له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئایا كه‌سانى شیاو لێهاتوو به‌توانا پۆسته باڵاكانى ئه‌و وڵاته به‌ڕێوه ده‌به‌ن. له‌م باره‌یه‌وه، لی كوان ی‌و، دامه‌زرێنه‌رو یه‌كه‌مین سه‌رۆك وه‌زیرانی سه‌نگافورا، ده‌ڵێت: " ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت سه‌نگافورا سه‌ركه‌وتووبێت... پێویسته خاوه‌نى سیستمێك بین ڕێگه به به‌تواناترین مرۆڤه‌كان بدات كه ئه‌و پۆست و كارانه وه‌ربگرن كه شیاوی وه‌رگرتنین، كار‌و پۆسته‌كان پێویستیان به‌و كه‌سه به‌توانایانه هه‌بێت، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه كه‌سه‌كان پێویستیان به‌و پۆست و پله‌وپایانه بێت (1). هه‌مان قسه بۆ كوردستانیش ڕاسته، گه‌ر ده‌مانه‌وێت كوردستان سه‌ركه‌وتووبێت، پێویسته كه‌سانێك له پله‌و پایه‌دابن كه لێوه‌شاوه‌و لێهاتوون، پێوه‌ری وه‌رگرتن له حزبی بوون و نزیكایه‌تى سیاسیه‌وه بگۆڕن بۆ پێوه‌رى لێوه‌شاوه‌یی، ئه‌مه‌ش ته‌نها به په‌یڕه‌وكردنى سیستمی مێریتۆكراسی ده‌بێت. سیستمی مێریتۆكراسی واته ئیداره‌دانى وڵات و كه‌رتى گشتى له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ى توانا‌و لێهاتوویی و لێوه‌شاوه‌ییان هه‌یه، هه‌روه‌ها پسپۆڕی و تایبه‌تمه‌ندی وردییان له‌و بوارانه‌دا هه‌یه كه كارى تێداده‌كه‌ن. به‌ڕێوبردنی كه‌رتى گشتى له‌لایه‌ن كه‌سانى به‌هره‌مه‌ند و به‌تواناوه ده‌توانێت باشترین ده‌رئه‌نجامی خوازراوى هه‌بێت، به‌م هۆیه‌شه‌وه خوشگوزه‌رانى گشتى بۆ هه‌مووان دابین ده‌كات. لێره‌وه سیستمى مێریتۆكراسی سیستمێكى دادپه‌روه‌رانه‌یه، تاك و كۆمه‌ڵ به‌هۆیه‌وه سوودمه‌ند ده‌بن، گه‌شه‌ى ئابوورى و خۆشگوزه‌رانى گشتى به‌هۆیه‌وه به‌رهه‌مدێت. ئه‌م كورته توێژینه‌وه‌یه هه‌وڵده‌دات به‌شێوه‌یه‌كى ڕه‌خنه‌یی تیشكبخاته‌سه‌ر پێوه‌ره‌كانى وه‌رگرتنى پۆستی گشتى له هه‌رێمى كوردستان. توێژینه‌وه‌كه له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌ده‌بیاتى سیستمى مێریتۆكراسی باس له‌وه ده‌كات گۆڕینى پێوه‌ره‌كانى وه‌رگرتنى پۆستى گشتى له پێوه‌رى وه‌لائی حزبی و وه‌لائی شه‌خسیه‌وه بۆ پێوه‌رى توانا‌و لێهاتوویی كاریگه‌رى به‌رچاوى ده‌بێت له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردنى كه‌رتى گشتى، گه‌شه‌ى ئابوورى، خۆشگوزه‌رانى گشتى، كه‌مبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی و به‌ره‌وپێشبردنى دادپه‌روه‌رى، دواجاریش له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردنى حوكومڕانى له هه‌رێمى كوردستان. ڕه‌گوڕیشه‌ى هزرى مێریتۆكراسی ڕه‌گوڕیشه‌ى هزرى مێریتۆكراسی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لیبڕاڵیزمى كلاسیكى، به‌تایبه‌تى بۆ بنه‌ماى یه‌كسانی كه لێبڕاڵه‌كان باوه‌ڕییان پێیه‌تى. به‌بۆچونى لێبڕاڵه‌كان پێویسته هه‌موو تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه هه‌مان ده‌رفه‌تى یه‌كسانیان هه‌بێت له كۆمه‌ڵگه‌دا. به‌ڵام ئه‌مه واتاى وانیه لیبڕاڵه‌كان باوه‌ڕیان به یه‌كسانى له ده‌رئه‌نجام یان پاداشته‌كاندا هه‌بێت، به‌و مانایه‌ی هه‌موان یه‌كسان و هاوشێوه‌بن له بارودۆخ و گوزه‌رانی ژیاندا (لیبڕاڵه‌كان باوه‌ڕیان به یه‌كسانى له‌داهاتدا نیه). لیبڕاڵه‌كان باوه‌ڕیانوایه یه‌كسانى كۆمه‌ڵایه‌تى شتێكى نه‌خوازراوه له‌به‌رئه‌وه‌ى خه‌ڵك خاوه‌نى توانا‌و لێهاتوویی جیاوازن، كه‌سانێك ئاماده‌ن له‌وانی تر زیاتر خۆیان ماندووبكه‌ن. به‌واتایه‌كی تر، خه‌ڵكى خاوه‌نى توانا‌و لێهاتوویی جیاوازن، به‌شێكیان ئاماده‌ن له‌وانیتر زیاتر خۆیان ماندوبكه‌ن. لیبڕاڵه‌كان پێیانوایه پێویسته توانا، لێهاتووی و حه‌زی كاركردن پاداشتبكرێت. لێره‌وه، یه‌كسانى بۆ لیبڕاڵه‌كان به‌مانای ئه‌وه دێت تاكه‌كان پێویسته ده‌رفه‌تى یه‌كسانیان هه‌بێت بۆ گه‌شه‌پێدانى توانا‌و لێهاتوویی جیاوازییان. ئه‌مه سه‌ره‌كێشێت بۆ مێریتۆكراسی، كه به‌واتای فه‌رمانڕه‌وایكردن دێت له‌لایه‌ن به هره‌مه‌ند و به‌تواناكانه‌وه. كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مێریتۆكراس واته كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه نایه‌كسانی له داهات و پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى نایه‌كسانیه له دابه‌شبوونى توانا‌و لێهاتویی مرۆڤه‌كاندا، یان له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و فاكته‌رانه‌یه كه له‌ده‌ره‌وه‌ى كۆنتڕۆڵی مرۆڤن (به‌خت و شانس، بۆ نمونه هه‌ندێك مرۆڤ به كوێرى له دایك ده‌بن). كۆمه‌ڵگه‌ی مێریتۆكراس به‌بۆچونى لیبڕاڵه‌كان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ى تاكه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕه‌گه‌ز، ڕه‌نگی پێست، ئاین، یان باگراوه‌ندی خێزانیه‌وه بڕیاریان له‌سه‌ر نادرێت به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌ماى تواناكانیان و خواستى كاركردنیان هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌كرێت. لایه‌نگرانى لیبڕاڵیزمی كلاسیكى پشتیوانى له مێریتۆكراسیه‌كى به‌هێز ده‌كه‌ن به په‌ساوی ئه‌خلاقی و ئابوورى. له‌ڕووى ئابوورییه‌وه، لیبڕاڵه‌كان ته‌ركیزى زۆر ده‌خه‌نه سه‌ر پێویستى بۆ هاندان. نایه‌كسانى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌رفراوان هانده‌رێكى به‌هێزى ده‌وڵه‌مه‌ندو هه‌ژاره‌كانه بۆ كاركردن: ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌یان هه‌یه سامانى زیاتر به‌ده‌ستبهێنن، له‌هه‌مانكاتدا هه‌ژاره‌كان ده‌یانه‌وێت له هه‌ژارى ڕزگارییان بێت. له‌ڕووى ئه‌خلاقیه‌وه، عه‌داله‌ت واده‌خوازێت ڕێز له مافی تاكه‌كان بگیرێت. تا ئه‌و كاته‌ى تاكه‌كان ده‌یانه‌وێت به شێوه‌یه‌كى ڕه‌وا سامان كۆبكه‌نه‌وه، ده‌رئه‌نجامی دابه‌شكردنى سامان ڕه‌وایه، ته‌نانه‌ت نایه‌كسانى له سامانیشدا ڕه‌وایه، له‌به‌رئه‌وه‌ى پێوه‌رى كۆكردنه‌وه‌ى سامان لێهاتووی و خواستى كاركردنه. ئه‌وانه‌ى كه تواناى زۆریان هه‌یه ئه‌وانه‌ن كه زۆر خۆیان ماندوكردوه، به‌م هۆیه‌شه‌وه سه‌روه‌رت و سامانى زیاتر به‌ده‌ستده‌هێنن و شایسته‌ى ئه‌وه‌ن له كه‌سانى ته‌مبه‌ڵ و ته‌وه‌زه‌ل ده‌وڵه‌مه‌ند تربن، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌یه لیبڕاڵیزم پاساو بۆ بوونى خاوه‌ندارێتى تایبه‌ت ده‌هێنێته‌وه. ئه‌م تێزه به تێزى دادپه‌روه‌رى له‌سه‌ر بنه‌ماى ماف ده‌ناسرێت، له‌لایه‌ن جۆن لۆكه‌وه له‌سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌هه‌م گه‌شه‌ى پێدرا، دواتر له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له‌لایه‌ن لیبڕاڵه نوێیه‌كانه‌وه به‌ره‌وپێشبرا به‌زۆریش له‌ژێر كاریگه‌رى بیروبۆچونه‌كانى ڕۆبێرت نۆزیكدا بوو(2). مێریتۆكراسی چیه؟ پێناسه‌و ڕه‌هه‌ندو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى سیستمى مێریتۆكراسی به‌گشتى مێریتۆكراسی پێناسه‌ده‌كرێت وه‌ك سیستمێكى حكومی یان ئیدارى كه تێیدا له‌سه‌ر بنه‌ماى توانا به‌رپرسیارێتى، پۆست، كار و شایسته‌ییه‌كان دابه‌شده‌كرێت، كه له‌ڕێگه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنى بێلایه‌نانه‌وه یان تاقیكردنه‌وه‌وه بڕیارى له‌سه‌ر ده‌درێت(3). مێریتۆكراسی به پسپۆڕی یان تایبه‌تمه‌ندی پێناسه‌ده‌كرێت، به‌م هۆیه‌وه چۆنێنى تێگه‌یشتن لێی ده‌گۆڕێت. ماناى مێریتۆكراسی ده‌شێت به‌ڕوونى دیارى بكرێت، به‌ڵام گرنگه هه‌ندێك پرسیارى قوڵ له‌باره‌یه‌وه بكرێت. چۆن توانا‌و لێهاتویی دیاری ده‌كرێت؟ كێ دیارى ده‌كات؟ پڕۆسه‌ى دیاریكردنه‌كه‌ى چیه؟ ئه‌و بنه‌ماو به‌هایانه چین په‌یوه‌ندییان به سیستمى مێریتۆكراسیه‌وه هه‌یه؟ توانا‌و لێهاتوویی چه‌مكێكى مه‌رجداره، پشت به‌وه ده‌به‌ستێت كه له كۆمه‌ڵگه‌دا چی به باش یان توانا داده‌نرێت. ئه‌گه‌ر مێریتۆكراسی بریتى بێت له گه‌شه‌پێدانى تواناكان و به‌ره‌وپێشبردنیان، ئه‌وا چۆنێتى پێناسه‌كردنى توانا‌و لێهاتوویی خۆى بۆخۆى گرنگه له هه‌ڵسه‌نگاندنى مێریتۆكراسیدا. ئه‌گه‌رچی ئه‌و پرسیارانه گرنگن، به‌ڵام ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك ڕێگاو شێواز دیاری بكرێت بۆ تێگه‌یشتن له مێریتۆكراسی. مێریتۆكراسی سیستمێكى كۆمه‌ڵایه‌تیه كه توانا یان به‌هره‌مه‌ندی بنه‌ماى دابه‌شكردنى پۆست و شایسته‌ییه‌كانه به‌سه‌ر خه‌ڵكدا. واتا، سیستمێكى كۆمه‌ڵایه‌تیه له‌سه‌ر بنه‌ماى توانا یان به‌هره‌مه‌ندی پۆست و شایسته‌ییه‌كان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا دابه‌شده‌كرێن. داكۆكیكه‌رانى سیستمی مێریتۆكراسی جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له سیستمێكى مێریتۆكراسی ڕاسته‌قینه‌دا هه‌مووان ده‌رفه‌تى یه‌كسانیان هه‌یه بۆ گه‌شه‌پێدان و به‌ده‌ستهێنانى شایسته‌ییه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌ماى توانا‌و هه‌وڵ و ماندوبونى كه‌سیان. به‌م شێوه‌یه، مێریتۆكراسی بیرۆكه‌ی یه‌كسانى و لێهاتوویی ده‌سه‌پێنێت، له‌به‌رامبه‌ردا سیستمی پاترۆنیج (دابه‌شكردنى شایسته‌ییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌لائی حزبی) و خزمخزمێنه‌و گه‌نده‌ڵی و بێتوانایی ڕه‌ده‌كاته‌وه. مێریتۆكراسی سیستمێكه كه گرنگی ده‌دات به كێبڕكێ، هه‌ڵبژاردن و دیاریكرانى ئاشكرایانه، هه‌ڵسه‌نگاندنى وردی جۆرێتى تواناكان، هه‌روه‌ها بوونى كۆمه‌ڵێك پێوه‌رى تایبه‌تمه‌ندی جیهانى و پڕۆسه‌ى دامه‌زراندنى تۆكمه‌و جێگیر، له‌برى دیاریكردنى كوێرانه‌و هه‌ڕه‌مه‌كی تاكه‌كان بۆ پۆسته‌كانى كه‌رتى گشتى. ئه‌مڕۆ، سیستمى مێریتۆكراسی له پڕۆسه‌ى دامه‌زراندندا په‌یوه‌ندیداره به ئاستی خوێنده‌وارى (بڕوانامه)، ده‌رچوون له تاقیكردنه‌وه گشتیه‌كان، به‌دیهێنانى هه‌موو مه‌رجه‌كانی پێویست به‌و پۆسته‌وه. له‌زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كاندا، تاقیكردنه‌وه‌ى ده‌روننی و چاوپێكه‌وتن شانبه‌شانى ئه‌و مه‌رجانه پێویسته. سیستمی مێریتۆكراسی چه‌ند سودێكى سه‌ره‌كی هه‌یه: 1- پیاده‌كردنى سیستمى مێریتۆكراسی ده‌بێته‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى گه‌شه‌ى ئابورى له‌به‌رئه‌وه‌ى: - كه‌رتى گشتى له‌لایه‌ن كه‌سانى به‌تواناو شاره‌زاوه ئاڕاسته ده‌كرێت، لێهاتووه‌كان تواناى ئه‌وه‌یان هه‌یه پیلانى تۆكمه بۆ به‌ره‌وپێشبردنى دامه‌زراوه گشتیه‌كان دابنێن. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌هۆى به‌ره‌وپێشچوونى تواناى دامه‌زراوه گشتیه‌كانی وڵات و دواجاریش گه‌شه‌پێدانى ئابوورى. - وه‌رگرتنى شایسته‌ییه ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كان له‌م سیستمه‌دا له‌سه‌ر بنه‌ماى لێهاتووییه، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت سوودمه‌ندبێت ده‌بێت كه‌سێكى لێهاتوو بێت، ئه‌م بنه‌مایه هانى گه‌شه‌پێدانى تواناكان ده‌دات، تاكه‌كان له‌م سیستمه‌دا پاڵنه‌رى زیاترییان هه‌یه بۆ خۆپێگه‌یاندن و به‌م هۆیه‌شه‌وه زیاتر به‌رهه‌مهێنن. 2- جێبه‌جێكردنى سیستمى مێریتۆكراسی ده‌بێته‌هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی، له‌به‌رئه‌وه‌ى دروستكردنى بیرۆكراسێتیه‌كى پڕۆفیشناڵ به‌رژه‌وه‌ندى جیاواز له‌نێوان بیرۆكرات و سیاسیه‌كاندا دروست ده‌كات. كه‌سانى به‌تواناو لێهاتوو كه‌متر ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌رى شه‌خسی و حزبیه‌وه، ملكه‌چی سیاسیان كه‌متره. به‌واتایه‌كى، كاتێك به‌رپرسانى كه‌رتى گشتى له‌سه‌ر بنه‌ماى مێریتۆكراسی داده‌مه‌زرێن له‌به‌رامبه‌ر وه‌زیره‌كانى حكومه‌تدا به‌رپرسیارن، كه ئه‌وانیش له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌ت و په‌رله‌ماندا به‌رپرسیارن و ملكچن بۆ لێپێچینه‌وه‌ى په‌رله‌مان، به‌م هۆیه‌شه‌وه به‌رپرسانى كه‌رتى گشتى به‌رپرسیارانه‌تر ڕه‌فتارده‌كه‌ن. ده‌رئه‌نجام، ئه‌م سیستمه ڕێگه‌خۆشكه‌ره بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی. 3- دامه‌زراندن له‌سه‌ر بنه‌ماى توانا‌و لێهاتوویی و پله‌به‌رزكردنه‌وه له‌سه‌ر هه‌مان پێوه‌ر تواناى كارمه‌ندانى حكومه‌ت باشتر ده‌كات و ئه‌دائیشیان به‌رزترده‌كاته‌وه. 4- پیاده‌كردنى سیستمى مێریتۆكراسی ده‌رفه‌ت ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارییه گشتیه‌كان به باشترین شێوازى خوازراو پێشكه‌ش به هاوڵاتیان بكرێت. ده‌رئه‌نجامیش، خۆشگوزه‌رانى گشتى دێته‌كایه‌وه(4). به‌ڵام ڕه‌نگه پرسیارى سه‌ره‌كی لێره‌دا ئه‌وه بێت چۆن سیستمى مێریتۆكراسی بناسینه‌وه. به‌گشتى سیستمى مێریتۆكراسی به دوو خاسیه‌تێكى سه‌ره‌كی له سیستمه‌كانى تر جیاده‌كرێته‌وه: 1- كێبڕكێی بێلایه‌ن دوور له ده‌ستێوه‌ردانى حزبی، شه‌فافیه‌ت و بێلایه‌نى دوو پێشمه‌رجی سه‌ره‌كین بۆ كێبڕكێی ئازادانه. واته ده‌بێت هه‌مووان مافی كێبڕكێیان هه‌بێت بۆ وه‌رگرتنى هه‌مان پۆست، كار، شایسته‌یی، له‌هه‌مانكاتدا ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندنی دیاركردنى كه‌سی شیاو به شه‌فافی و بێلایه‌نانه ئه‌نجامبدرێت. 2- ده‌رفه‌تى یه‌كسان بۆ هه‌مووان، هه‌مووان به‌یه‌كسانى مافی پێشكه‌شكردنیان هه‌بێت بۆ پۆسته گشتیه‌كان(5). مێریتۆكراسی سیستمێكى ئایدیاڵ نیه كه قابیلی پیاده‌كردن نه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه زۆرینه‌ی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانى جیهان به‌تایبه‌ت وڵاته لیبڕاڵه‌كان په‌یڕه‌ویی له‌م سیستمه ده‌كه‌ن. یه‌كێك له دیارترین ئه‌و وڵاتانه‌ى كه پێشه‌نگه له‌ڕووى شوێنكه‌وتنى سیستمى مێریتۆكراسی وڵاتى سه‌نگافورایه. سیستمى مێریتۆكراسی له سه‌نگافورا به‌شێكی سه‌ره‌كی له بنه‌ماو به‌ها نیشتیمانیه‌كانى سه‌نگافورا پێكده‌هێنێت، بووه به به‌شێك له ناسنامه‌ی نیشتیمانى ئه‌و وڵاته. ئه‌م گرنگیدانه زۆره‌ى سه‌نگافورا له وته‌و لێدوانه‌كانى به‌رپرسانى باڵاى ئه‌و وڵاته‌دا به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت. بۆ نموونه، لی هسین لونگ،سه‌رۆك وه‌زیرانى سه‌نگافورا، له ساڵى 2013دا ڕایگه‌یاند: " مێریتۆكراسی وه‌ك به‌شێكى سه‌ره‌كی و بنه‌مایه‌كى جێگیرى وڵاته‌كه‌مان ده‌مێنێته‌وه. پێویسته خه‌ڵك به به‌شداری و ماندوبونیان بناسینه‌وه، نه‌ك به باگراوند و سه‌روه‌ت و سامان و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیان، پێویسته جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ینه‌وه پاداشتكردن له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌شداری و توانا‌و و ماندووبوونه، پێویسته ئه‌وانه پاداشتبكرێن كه خزمه‌تێك پێشكه‌ش به وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌ن". له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، مێریتۆكراسی بووه به به‌شێك له ستراتیجی ئیداره‌دانى فره‌یی له سه‌نگافورا. پێكهاته جیاوازه‌كانى ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌زی جیاوازییان كار‌و شایسته‌ییه‌كان وه‌رناگرن به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌ماى توانا‌و لێهاتوویی و به‌شدارییان پاداشت ده‌كرێن. هه‌روه‌ها به‌شى مافه بنه‌ڕه‌تیه‌كانى ده‌ستورى ئه‌و وڵاته‌دا به قوڵى پشتیوانى له پاراستنى یه‌كسان و ده‌رفه‌تى یه‌كسان ده‌كات به‌تایبه‌ت له بوارى په‌روه‌رده‌دا. له ده‌ستوره‌كه‌دا هاتووه نابێت جیاكارى له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌زو ئاین له دامه‌زراوه‌كاندا بكرێت. به‌هه‌مان شێوه‌ى سه‌نگافورا، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا پیاده‌ى سیستمى مێریتۆكراسی ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م سیستمه به‌شێكى گرنگه له ناسنامه‌ى نیشتیمانى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان(6). به‌ڵام پێویسته تێبینى ئه‌وه بكرێت، پیاده‌كردنى سیستمی مێریتۆكراسی له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكى تر به‌پێی جیاوازى كلتور‌و كۆمه‌ڵگه‌كان تاڕاده‌یه‌ك ده‌گۆڕێت. هه‌روه‌ها، ته‌نانه‌ت له‌و وڵاتانه‌ى كه به وڵاتى مێریتۆكراسی ده‌ناسرێن، هۆكارو فاكته‌ره نا مێریتۆكراسیه‌كان كاریگه‌رییان هه‌یه. به واتایه‌كی تر، پیاده‌كردنى ئه‌م سیستمه ته‌نانه‌ت له‌و وڵاتانه‌شدا كه ئه‌و سیستمه په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن ڕێژه‌ییه‌و زۆربه‌ى كات ڕه‌گه‌زى نامیریتۆكراسی (بۆماوه‌یی، پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، فاكته‌رى كلتورى) تێكه‌ڵ به ڕه‌گه‌زه مێریتۆكراسیه‌كان ده‌كرێن(7). هه‌رێمى كوردستانى عێراق: دامه‌زراندن له‌سه‌ر بنه‌ماى سیاسی نه‌ك مێریتۆكراسی سێكته‌ره‌كانى كه‌رتى گشتى له هه‌رێمى كوردستانى عێراق به قوڵی به سیاسی و به‌حزبی كراون، له‌به‌رئه‌وه‌ى سیستمى سیاسی و حوكومڕانى له هه‌رێمى كوردستان سیستمێكى ته‌واو حزبیه، سیستمی سیاسی ملكه‌چه بۆ حزبه سیاسیه‌كان، نه‌ك هاوشێوه‌ى وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان حزب ملكه‌چ بێت بۆ سیستمى سیاسی و له‌چوارچێوه‌ى یاسایی سیستمه‌كه‌دا بجوڵێته‌وه(8). ده‌ستێوه‌ردانى حزبی به‌نزیكى له هه‌موو كه‌رت و دامه‌زراوه گشتیه‌كانی هه‌رێمى كوردستانى عێراقدا ده‌بینرێ و هه‌ستى پێده‌كرێت(9). به‌م هۆیه‌وه، دامه‌زراندن له كه‌رتى گشتی و تاڕاده‌یه‌ك له كه‌رتی تایبه‌تیشدا، دابه‌شكردنى پۆسته گرنگ و باڵاكان، هه‌روه‌ها دابه‌شكردنى شایسته ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كان تاڕاده‌یه‌كى زۆر له‌سه‌ر بنه‌ماى وه‌لائی حزبی و سیاسی یان خزمخزمێنه دابه‌شكراون. چه‌ندین ئاماژه‌ى ڕوون و ئاشكرا هه‌ن بۆ سه‌لماندنى ئه‌م بانگه‌شه‌یه. یه‌كه‌م، له هه‌رێمى كوردستان مه‌حاڵه كه‌سێك پۆستێكى باڵای له حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان وه‌رگرتبێت به‌بێ پشتیوانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان یان یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان. له هه‌رێمى كوردستان زۆربه‌ى ئه‌و به‌رپرسانه‌ى پۆستى باڵا‌و گرنگیان له حكومه‌تدا هه‌یه له‌سه‌ر بنه‌ماى حزبی بوون ئه‌و پۆسته‌یان پێدراوه، یاخود به‌پشتیوانى به‌رپرسێك ئه‌و پله‌وپایه‌یان پێبه‌خشراوه. لێره‌وه، پۆسته باڵا‌و گرنگه‌كان له هه‌رێمی كوردستان پێوه‌رێكى حزبیه یان هه‌ندێكجار شه‌خسی یان نزیكایه‌تیه، به‌م هۆیه‌شه‌وه ئه‌م پێوه‌ره له‌گه‌ڵ پێوه‌رى توانا‌و لێهاتوویدا ناگونجێت. به‌پێچه‌وانه‌وه سیستمى مێریتۆكراسی واده‌خوازێت ئه‌و پۆستانه به‌پێى ئاستى لێهاتوویی و شیاوى پڕبكرێنه‌وه، له‌پێناو ئه‌وه‌ى كه‌سی شیاو له شوێنى شیاودا دابنرێت. دووه‌م، نه‌ك ته‌نها پڕكردنه‌وه پۆسته باڵاكان به‌ڵكو سیستمى دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانى ئاسایی به‌هه‌مان شێوه تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاو فۆڕمێكى حزبی یان شه‌خسی و نزیكایه‌تى خێزانى وه‌رگرتووه. به‌پێى ڕاپرسیه‌كى ده‌زگاى ڕاپرسیه‌كى ده‌زگاى جیهانى بۆ ڕاپرسی خزمه‌تى مه‌ده‌نی كه له ساڵى 2011دا ئه‌نجامدراوه، له‌سه‌دا 24ى فه‌رمانبه‌رانى كه‌رتى گشتى له هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تى یان نزیكی خێزانیه‌وه دامه‌زراون، له‌سه‌دا 8ى فه‌رمانبه‌ران له‌كاتى دامه‌زراندا به‌هۆى پشتیوانى حزبه سیاسیه‌كانه‌وه دامه‌زراون. هه‌ر له ڕاپرسیه‌كه‌دا پرسیارى ئه‌وه كراوه كه ئایا گرنگترین هۆكارى دامه‌زراندن له وه‌زاره‌ته‌كه‌ی تۆدا چی فاكته‌رێكه، له‌سه‌دا 27ى ئه‌وانه‌ی به‌شداربوون له ڕاپرسیه‌كه‌دا ئاماژه‌یان بۆ وه‌لائی حزبی كردوه.، له‌سه‌دا 18 به‌شداربووان په‌یوه‌ندى خێزانى و هاورێیه‌تیان ئاماژه پێكردوه، له‌سه‌دا 6ى به‌شداربووان وه‌لائی خێڵ و عه‌شره‌تیان دیاریكردوه. به‌هه‌مان شێوه، ڕاپرسیه‌كی نوسینگه‌ى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی تایبه‌ت به مادده‌ى هۆشبه‌رو تاوان ئه‌وه پشتڕاستده‌كاته‌وه دامه‌زراندن له كه‌رتی گشتیدا له حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به ده‌گمه‌ن له‌سه‌ر بنه‌ماى مێریتۆكراسیه. به‌پێى ڕاپرسیه‌كه زیاتر له نیوه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كه‌رتى گشتى له هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆسه‌یه‌كى تۆكمه‌و مانادارى دامه‌زراندن دانه‌مه‌زراون(10). له‌ڕاستیدا له‌ڕابردوودا شێوازى باوى دامه‌زراند له هه‌رێمى كوردستان پشتى به‌ستبوو به ته‌زكیه‌ى حزبی، كه ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ى سیستمى مێریتۆكراسیه(11). له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، له‌ڕابردودا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى پشتیوانى سیاسی به‌لێشاو فه‌رمانبه‌رێكى زۆرى له كه‌رتى گشتیدا دامه‌زراند، تاڕاده‌یه‌ك به‌شێكی به‌رچاوى دامه‌زراندنه‌كه له‌سه‌ر بنه‌ماى پێویستى نه‌بوون، به‌ڵكو هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌پێناو به‌هێزكردنى پێگه‌ى خۆیان له كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجامدا، كه ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه پێچه‌وانه‌ى دامه‌زراندنه له‌سه‌ر بنه‌ماى توانا‌و لێهاتوویی. سێهه‌م، وه‌رگرتنی خوێنكاران له زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى قبوڵ خاس، كه ته‌واو پێچه‌وانه‌ى سیستمى مێریتۆكراسیه، له‌به‌رئه‌وه‌ی قبوڵ خاس وه‌رگرتنه له‌سه‌ر بنه‌ماى پشتیوانى به‌رپرسێك یان حزبێكى سیاسیه نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى شایسته‌یی و لێهاتوویی، كه‌سێك په‌نا بۆ قبوڵ خاس ده‌بات كه به مافی خۆى ناتوانێت له‌و كۆلێجه بخوێنێت كه به قبوڵ خاس ده‌توانێت لێی بخوێنێت. ئه‌گه‌رچی شێوازى قبوڵ خاس له ئێستادا له زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان حاڵه‌تێكى ده‌گمه‌نه، به‌ڵام له ڕابردودا حاڵه‌تێكى باو بووه له هه‌رێمى كوردستان(12). چواره‌م و كۆتایی، بوونى فه‌رمانبه‌ری بندیوار‌و دوو موچه‌و سێ موچه له كه‌رتی گشتیدا ئاماژه‌یه‌كى ڕوونى كارنه‌كردنه له‌سه‌ر بنه‌ماى سیستمى مێریتۆكراسی. به‌پێى زانیارییه‌كان، زیاتر له سه‌د هه‌زار كه‌س له هه‌رێمى كوردستان له كه‌رتى گشتیدا یان بندیوارن یان دوو موچه‌و سێ موچه وه‌رده‌گرن(13). پێویسته لێره‌دا تێبینی ئه‌وه بكرێت، دامه‌زراندن له‌سه‌ر بنه‌ماى حزبی و په‌یوه‌ندی سیاسی و خێزانی كۆمه‌ڵێك كاریگه‌رى خراپی هه‌بووه: 1- كاریگه‌رى خراپی هه‌بووه له‌سه‌ر گه‌شه‌ى ئابوورى، له‌و ڕووه‌وه‌ى بۆته‌هۆى به‌فیڕۆدانى سامانى گشتى و دروستبوونى بارگرانیه‌كى گه‌وره‌ى دارایی له‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. 2- كاریگه‌رى خراپی هه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌دائی دامه‌زراوه گشتیه‌كان، خه‌ڵكى بێ توانا نه‌شاره‌زا ناتوانێت ئه‌دائێكى باش پێشكه‌ش بكات، سه‌رئه‌نجامیش ئه‌دائی دامه‌زراوه‌كان به‌هۆى لاوازى به‌ڕێوبه‌رو فه‌رمانبه‌ره‌كانیه‌وه لاواز ده‌بێت، ده‌رئه‌نجامیش متمانه‌ى هاوڵاتیان به دامه‌زراوه حكومیه‌كان لاواز ده‌بێت. 3- هه‌ستى ناڕازیبونی له‌نێو كه‌رتی گشتیدا دروستكردوه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێك له فه‌رمانبه‌رو به‌ڕێوبه‌ره گشتیه‌كان به به‌پێوه‌رى حزبی یان به‌هۆى په‌یوه‌ندی سیاسی و خێزانیه‌وه دیاریده‌كرێن ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌مافی خۆیان و به شایسته‌یی خۆیان دامه‌زران هه‌ست به نادادى و سته‌م ده‌كه‌ن، به‌م هۆیه‌شه‌وه له ئیش و كاره‌كانیان ڕازینین، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه كاریگه‌رى خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌دائی كاركردنیان. 4- به‌رژه‌وه‌ندییه حزبی و به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رپرسانى سیاسی له هه‌ندێك حاڵه‌تدا جێگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندی گشتى ده‌گرنه‌وه، ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره گشتیانه‌ى له‌لایه‌ن حزب یان به‌رپرسانى سیاسیه‌وه دیاریكراون ملكه‌چن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزب یان ئه‌و به‌رپرسه سیاسیانه‌ى كه پشتیوانى لێكردون، كاتێك به‌رپرسانى گشتى له‌لایه‌ن حزب یان به‌رپرسانى سیاسیه‌وه دیاری ده‌كرێن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌واندا به‌رپرسیار ده‌بن، ملكه‌چی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان ده‌بن، لێره‌شه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تى جێگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندی گشتى ده‌گرێته‌وه‌و گه‌نده‌ڵی ده‌بیت به سیماى دیارى كه‌رتى گشتى. به‌پێچه‌وانه‌وه كاتێك به‌رپرسان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه دیاری ده‌كرێن، له‌به‌رامبه‌ر وه‌زیره‌كاندا به‌رپرسیارن، كه ئه‌وانیش له‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌ماندا به‌رپرسیارن و په‌رله‌مان ده‌توانێت متمانه‌یان لێوه‌ربگرێته‌وه، ملكه‌چن بۆ چاودێرى و به‌دواداچوونى په‌رله‌مان، به‌م هۆیه‌شه‌وه به‌رپرسیارانه‌تر ڕه‌فتار ده‌كه‌ن. به‌گشتى، له هه‌رێمى كوردستان پۆسته گرنگ و باڵاكان له‌سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كاندا به‌كه‌سانى حزبی پڕده‌كرێنه‌وه، له‌زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كاندا حزبی بوون یان نزیكى له سه‌ركرده‌یه‌كى سیاسیه‌وه پێوه‌رى وه‌رگرتنى پله‌وپایه‌و پۆسته‌كانه. چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی ڕوون هه‌یه ئه‌وه پێشانده‌ده‌ن له هه‌رێمى كوردستان پۆسته باڵاكان له‌سه‌ر بنه‌ماى حزبی بوون یان په‌یوه‌ندی شه‌خسی پڕده‌كرێنه‌وه نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى مێریتۆكراسی، گرنگترین ئه‌و ئاماژانه‌ش بریتین له: 1- به‌شێك له پله‌وپایه‌و پۆسته‌كان هه‌رگیز ئاشكرا ناكرێن تا هه‌مووان به‌یه‌كسانى مافی پێشكه‌شكردنیان هه‌بێت، به‌ڵكو ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حزب یان به‌رپرسانى سیاسیه‌وه له‌سه‌ر بنه‌ماى وه‌لائ نه‌ك توانا كه‌سه‌كان بۆ ئه‌و پۆستانه دیارى ده‌كرێن. كه ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ى ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كیه‌كانى سیستمى مێریتۆكراسیه. 2- هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵسه‌نگاندنێكى ته‌واو لایه‌نگیرانه‌یه، حزب یان به‌رپرسێكی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌ماى نزیكبوون له‌خۆى كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆستانه دیاری ده‌كات، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى توانا. 3- هیچ كێبڕكێیه‌ك له پڕۆسه‌كه‌دا نیه، یه‌ك كه‌س هه‌یه بۆ یه‌ك پۆست ئه‌ویش به نهێنی دیاری ده‌كرێت. له هه‌ندێك حاڵه‌تدا به‌شێك له پۆسته‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نرێن، له‌ڕووكه‌شدا كار به سیڤی ده‌كرێت، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا كێ پشتیوانى سیاسی هه‌بێت ئه‌و ده‌توانێت پۆسته‌كه به‌رێته‌وه. نمونه‌كانی مێریتۆكراسی له هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌رچی شێوازه‌كانی دامه‌زراندن و دابه‌شكردنى پۆسته گرنگ و باڵاكان له هه‌رێمی كوردستان به‌گشتى له‌سه‌ر بنه‌ماى سیستمى مێریتۆكراسی نیه، به‌ڵام ئه‌مه ماناى ئه‌وه نیه سیستمى مێریتۆكراسی بۆ كوردستان سیتسمێكى ته‌واو نامۆبێت. لێره‌دا باس له سێ نمونه‌ى سه‌ره‌كی ده‌كه‌ین له كه‌رتى خوێندنی باڵادا وه‌ك نموونه‌ى سیستمێكى مێریتۆكراسی نمونه‌یی. نمونه‌ی یه‌كه‌م، حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان له ساڵى 2010 له بوارى خوێندنى باڵادا پڕۆگرامی گه‌شه‌پێدانى توانای مرۆیی (تواناسازى) ڕاگه‌یاند وه‌ك ستراتیژیه‌ك بۆ گه‌شه‌پێدان و به‌رزكردنه‌وه‌ى تواناى توێژه‌ران و پێگه‌یاندنى كه‌سانى ئه‌كادیمى له‌سه‌رجه‌م بواره زانستیه جیاوازه‌كاندا له هه‌رێمى كوردستان. ئه‌م پڕۆگرامه پڕۆگرامێك بوو له‌سه‌ر بنه‌ماى سیتسمى مێریتۆكراسی له‌به‌رئه‌وه‌ى: 1- له‌م پڕۆگرامه‌دا هه‌مووان به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى پاشخانى حزبی و ڕه‌گه‌زى و ناوچه‌ى جوگرافی مافی پێشكه‌شكردنیان هه‌بوو، واته ده‌رفه‌ته‌كه بۆ هه‌مووان یه‌كسان بوو. 2- پڕۆگرامه‌كه پڕۆگرامێكى كێبڕكێ ئامێزبوو، هه‌موو ئه‌وانه‌ى پێشكه‌شكاربوون ده‌رفه‌تى وه‌رگرتنى سه‌د له سه‌دیان نه‌بوو. به واتایه‌كى تر، باشترینه‌كان ئه‌وانه‌ى زۆرترین خاڵیان له كێبڕكێكه‌دا كۆكردبۆیه‌وه ده‌یانتوانى كێبڕكێكه به‌رنه‌وه. 3- پێوه‌ره‌كانى وه‌رگرتن له پڕۆگرامه‌كه بریتی بوون له: توانستى زانستی-نمره‌ى به‌كالۆریۆس، نمره‌ى به كالۆریۆس و ماسته‌ر بۆ پێشكه‌شكارانى دكتۆرا، هه‌روه‌ها توانستى زمانى ئینگلیزى (بوونى تاقیكردنه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى باوه‌ڕپێكراو كه ئاستى پێشكه‌شكار دیاری بكات)، بوونی ئۆفه‌رى خوێندن. سه‌رجه‌م ئه‌م پێوه‌رانه پێوه‌رى زیره‌كى و لێهاتووین، پێشانده‌رى حه‌زی كاركردن و خۆماندوكردنن. ئه‌گه‌رچی له پڕۆگرامه‌كه‌دا چه‌ند خاڵێكى كه‌م ده‌به‌خشرا به كه‌س و كارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و قوربانیانى ئه‌نفال، به‌ڵام ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌وه‌ى سیستمى مێریتۆكراسی نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى عاده‌ته‌ن سیستمى مێریتۆكراسی به‌پێى جیاوازى كۆمه‌ڵگه‌و كلتوره جیاوازه‌كان به‌شێوه‌ى جیاواز په‌یڕه‌و ده‌كرێت. ئه‌م میتۆده پێى ده‌وترێت تێكه‌ڵكردنى فاكته‌ره مێریتۆكراسیه‌كان به فاكته‌ره نامیریتۆكراسیه‌كان كه له‌زۆربه‌ى كاتدا وه‌ك حاڵه‌تێكى ئاسایی ته‌ماشا ده‌كرێت. 4- هه‌ڵسه‌نگاندنی پاڵێوراوه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى ڕوون و ئاشكرا‌و بێلایه‌نانه‌بوو، له‌دواى ڕاگه‌یاندنى ده‌رئه‌نجامه‌كان ئه‌وه ڕوونده‌بۆیه‌وه كه بۆچى پاڵێوراوێك توانیوییه‌تى سه‌ركه‌وتووبێت به‌ڵام ئه‌وانى تر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون(14). نموونه‌ی دووه‌م، سیستمى پێشكه‌شكردنی خوێندن له‌ڕێگه‌ی زانكۆلاینه‌وه. ئه‌م سیستمه تاڕاده‌یه‌كى زۆر له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى مێریتۆكراسیه له‌به‌رئه‌وه‌ى: 1- پێشكه‌شكاران له‌سه‌ر بنه‌ماى نمره‌كانیان له زانكۆ‌و په‌یمانگان وه‌رده‌گیرێن، ئه‌مه‌ش واته ڕه‌چاوكردنى لێهاتوویی و زیره‌كی خوێنكاران و ڕێزگرتن له ماندووبوون و شه‌ونوخونیه‌كانیان. 2- وه‌رگرتن له به‌شه جیاوازه‌كان به‌نمره‌و به كێبڕكێیه، ئه‌و خوێنكارانه‌ى به‌رزترین نمره‌یان هێناوه ده‌رفه‌تى وه‌رگرتنیان له باشترین كۆلێژه‌كان هه‌یه، ئه‌و خوێنكارانه‌ى نمره‌ى كه‌میان هێناوه ناتوانن له كۆلێژه باشه‌كان وه‌ربگێرێن. 3- په‌یڕه‌ویی له ده‌رفه‌تى یه‌كسان ده‌كرێت بۆ پێشكه‌شكردن به‌بێ جیاوازى ڕه‌گه‌زو ڕه‌نگ و باگراوندی حزبی. 4- هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان تاڕاده‌یه‌كى زۆر به‌شێوه‌یه‌كى بێلایه‌نانه ئه‌نجامده‌درێن. نموونه‌ى كۆتایی، دامه‌زراندنى سێ یه‌كه‌مه‌كانى كۆلێژه‌كانه له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه. دامه‌زراندنى یه‌كه‌مه‌كانى كۆلێژ و په‌یمانگان به هه‌مان شێوه به‌رجه‌سته‌كه‌رى سیستمى مێرێتۆكراسیه له‌به‌رئه‌وه‌ى: 1- دامه‌زراندنه‌كه ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌ماى نمره‌و یه‌كه‌م بوونه، ته‌نها ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه كه زیره‌ك و به‌توانان و له هه‌موان زیاتر خۆیان ماندوكردوه. به‌م شێوه‌یه پڕۆسه‌ی دامه‌زراندنه‌كه پڕۆسه‌یه‌كى هه‌ڕه‌مه‌كی نیه، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای زیره‌كیه. 2- هه‌موو خوێنكاران ده‌رفه‌تى یه‌كسانیان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كه‌م بن، به‌ڵام دواجار ته‌نها ئه‌وانه ده‌توانن یه‌كه‌م بن كه له‌وانى تر زیاتر خۆیان ماندو ده‌كه‌ن و توانایان له‌وانی تر زیاتره. 3- پێوه‌ری وه‌رگرتنه‌وه له زانكۆ‌و په‌یمانگان پێوه‌رێكى ڕوون و شه‌فاف و بێلایه‌نانه‌یه، ته‌نها یه‌كه‌مه‌كان وه‌رده‌گێرێنه‌وه، ئه‌وانیتر له لیسته‌كه‌دا نین جا هه‌ر پێگه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تی یان سیاسین هه‌بێت. به‌كورتى، ئه‌و نمونانه‌ى سه‌ره‌وه ئه‌وه پێشانده‌ده‌ن كه په‌یڕه‌وكردنى سیستمی مێریتۆكراسی بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته گرنگ و باڵاكان كارێكى حه‌تمی نیه ئه‌گه‌ر به‌رپرسانى سیاسی ویست و ئیراده‌یان هه‌بێت بۆ چاكسازى و باشتركردنى سیستمى حوكمڕانى له هه‌رێمى كوردستان. ده‌رئه‌نجام سیستمی سیاسی و حوكومڕانى له هه‌رێمی كوردستان به‌قوڵی گیرۆده‌ى ده‌ستێوه‌ردانى حزبی و شه‌خسیه. یه‌كێك له لێكه‌وته خراپه‌كانى ده‌ستێوه‌ردانى حزبی یان سیاسی له كه‌رتى گشتیدا بریتیه له به حزبی كردنى كه‌رتى گشتی و ده‌ستێوه‌ردان له ده‌ستنیشانكردنى به‌رپرسانى كه‌رتى گشتى. هه‌روه‌ك له سه‌ره‌وه باسكرا، پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته باڵاكان له هه‌رێمى كوردستان تا ئێستا له‌سه‌ر بنه‌ماى حزبی یان سیاسیه. به‌هه‌مان شێوه له‌ڕابردودا دامه‌زراندنی ئاسایی تاڕاده‌یه‌كى زۆر به‌هه‌مان پێوه‌ربووه. ئه‌گه‌رچی له ئێستادا سیستمى مێریتۆكراسی له چه‌ند سێكته‌رێكى گرنگدا كارى پێده‌كرێت، به‌ڵام تا ئێستا پۆسته گرنگ و باڵاكانى كه‌رتى گشتى له‌لایه‌ن حزب یان به‌رپرسانى سیاسیه‌وه دیاری ده‌كرێت، له‌زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كانیشدا كه‌سانى كه‌م توانا بۆ ئه‌و پۆستانه ده‌ستنیشانده‌كرێن. به‌ره‌وپێشبردنى كه‌رتى گشتى و باشتركردنى ئه‌دائی خزمه‌تگوزارى گشتى پێویستى به‌وه‌یه به‌رپرسانى دامه‌زراوه گشتیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای توانا نه‌ك وه‌لائ دیاری بكرێن. به‌پێچه‌وانه‌وه، كه‌رتى گشتى له هه‌رێمی كوردستان زیاتر دووچارى گه‌نده‌ڵی و چه‌قبه‌ستوویی و ناكارایی ده‌بێته‌وه، تابێت متمانه‌ى هاوڵاتیانیش به‌كه‌رتى گشتى و حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات كه‌مده‌بێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌رتى گشتی خزمه‌تى گشتى پێشكه‌ش ده‌كات ناكرێت له‌ژێر كاریگه‌رى حزبی و به‌رپرسانی سیاسی‌دا بێت، به سیاسیكردنى كه‌رتى گشتى كوردستان له‌ماوه‌یه‌كى دورمه‌ودادا كوردستان دوچارى شكستێكى گه‌وره‌ى سیاسی و ئابوورى و دارایی ده‌كاته‌وه. سه‌رچاوه‌كان 1- Baimenov, Alikhan, and Max Everest-Phillips. "Meritocracy for Public Service Excellence." Global Centre for Public Service Excellence (2015): 4-15. 2- Heywood, Andrew. Political ideologies: An introduction. Macmillan International Higher Education, 2017. 3- Polastri, Massimiliano, and Maria Cristina Truisi. "Meritocracy? Ask yourself." Journal of the Intensive Care Society, Vol. 18(4) 276–278. 4- Baimenov, Alikhan, and Max Everest-Phillips. "Meritocracy for Public Service Excellence." Global Centre for Public Service Excellence (2015): 4-15. 5- Kim, Chang-Hee, and Yong-Beom Choi. "How meritocracy is defined today?: contemporary aspects of meritocracy." Economics & Sociology 10, no. 1 (2017): 112. 6- Teo, Terri-Anne. "Perceptions of meritocracy in Singapore: Inconsistencies, contestations and biases." Asian Studies Review 43, no. 2 (2019): 184-205. 7- Baimenov, Alikhan, and Max Everest-Phillips. "Meritocracy for Public Service Excellence." Global Centre for Public Service Excellence (2015): 4-15. 8- Hama, Hawre Hasan, and Farhad Hassan Abdullah. "Political Parties and the Political System in Iraqi Kurdistan." Journal of Asian and African Studies (2021): 0021909620941548. 9- Hassan, Kawa. Kurdistan's politicized society confronts a sultanistic system. Washington, DC: Carnegie Endowment for International Peace, 2015. 10- Pring, Coralie. "Kurdistan Region of Iraq: Overview of corruption and anti-corruption." U4 Anti-Corruption Centre and Transparency International, last modified July (2015). https://www.u4.no/publications/kurdistan-region-of-iraq-overview-of-corruption-and-anti-corruption 11- Jameel, Hemn Namiq. "A case study of Political Corruption in Conflict-Affected Societies (The Kurdistan Region of Iraq 2003-13)." PhD diss., University of Leicester, 2017 12- بۆ خوێندنه‌وه‌ى زیاتر سه‌ردانى ئه‌م دوو به‌سته‌ره‌ى خواره‌وه بكه: - https://hawlati.co/page_detail?smart-id=7180 - https://www.awene.com/article?no=9957&auther=1382 13- په‌رله‌مانتارێك: زیاتر له100 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری بندیوار دوو موچه‌و سێ موچه وه‌رده‌گرن: https://speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=13573&Jor=1 14- Roadmap to Quality Reform of the Higher Education In Kurdistan: On Route to Quality; The Reformation of Higher Education in Kurdistan Region, Iraq , available at: https://en.calameo.com/read/0004078814633fece2691
(درەو): مانگانە لە داهاتی سلێمانی خەرجی موچەی پەروەردەی كەركوك دابین دەكرێت كە بڕەكەی (6 ملیار) دینارە، هەمان بڕە پارە دەچێت بۆ ئاژانسی ئاسایش، ئەنجومەنی دادوەریش بڕی (ملیار‌و نیوێك) داهاتی مانگانەی سلێمانی دەبات. راپۆرتی پەرلەمانی چی دەڵێ ؟ ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵ كاتێك گرفتی نەمانی پارە لە بانكەكاندا بەتایبەتی بانكەكانی سنوری ئیدارەی سلێمانیدا دروستبووە، لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ (دەنگۆی دیارنەمانی پارە لە بانكەكان)دا، لیژنەیەكی بە سەرپەرەشتی پەرلەمانتار (بەڵێن ئیسماعیل) سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی دروستكردووە. بانكە حكومییەكان لە هەرێم راپۆرتی بەدواداچوونی ئەم لیژنەیە كە كۆپییەكی لەبەردەستی (درەو)دایە دەریدەخات: • نزیكەی (92) بانكی حكومی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەمانە كەمترین مەرجی بانكیان تێدایە‌و بەیەكەوە نەبەستراونەتەوە. • لەسلێمانی‌و هەڵەبجە 33 بانكی حكومی هەیە. • لەسنوری هەولێرو دهۆك 59 باكی حكومی هەیە. • 22 بانك لەسنوری پارێزگای هەولێرو دهۆك خراونەتە سەر سیستەمی (ICBS)، بەڵام لەسنوری سلێمانی‌و هەڵەبجە هیچ بانكێك نەخراوەتە سەر ئەم سیستەمە. • سیستەمی (ICBS) كارئاسانی گەورە دەكات بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی دابەشكردنی موچە‌و ئەنجامدانی چاكسازی لە زۆر بواردا لەوانە: كەشفكردنی موچەخۆری بندیوار. • لە هەرێمی كوردستاندا بەگشتی (هەزار) وەحدەی حسابی‌و (14) خەزێنەی گشتی هەیە. داهاتی سلێمانی چۆن دابەشدەكرێت ؟ • كۆی پارەی تەرخانكراو بۆ موچە لە سنوری ئیدارەی سلێمانی (پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین‌و گەرمیان) نزیكەی (360 ملیار) دیناری مانگانەیە. • لە پارەی داهاتی سلێمانی كە بۆ موچە تەرخاندەكرێت پارەی هەریەكە لە (ئاژانسی ئاسایش- پەروەردەی كەركوك- ئەنجومەنی دادوەریی) دابین دەكرێت. خەرجی موچەی موچەخۆرانی سلێمانی كە مانگانە (360 ملیار) دینارە، بەمشێوەیە دابەشبووە: • (345 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی سنورەكە • نزیكەی (6 ملیار) دینار بۆ موچەی پەروەردەی كەركوك • نزیكەی (6 ملیار) دینار بۆ ئاژانسی ئاسایش • نزیكەی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دینار بۆ ئەنجومەنی دادوەریی • (15 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی سلێمانی مانگانە بۆ خەرجی سیادی (سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی حكومەت) دەڕوات
شۆڕشنامە: تارق عەزیز كە لە (1992 - 2003) جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە، بەم جۆرە باس لە رووداوی (31/ئاب/1996) دەكات: پرۆسەی هەولێر چییە؟ مەسعود بارزانی داوای لێكردین‌و وتی: هەولێر ئێستا كەوتۆتە ژێر دەستی ئێرانییەكان، ئێرانییەكان‌و جەلال كار بۆ لەناوبردنم دەكەن، من داوای پشتیوانی‌تان لێدەكەم. چوینە ناو هەولێرەوەو تاڵەبانی لێی دەرچوو، لە ئابی (1996)دا رادەستی پارتی دیموكراتی كوردستان‌مان كرد‌و هێزە عێراقیەكان گەڕانەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان. جەلال تاڵەبانی پێیوابوو ئێمە دەچینە سلێمانییەوەو پەیوەندیی لەگەڵ ئێمە نەبوو، بەڵكو لە دوژمنایەتیەكی رەهادا بوو لەگەڵ ئێمە. كاتێك هێزەكانی مەسعود پێشڕەوییان كرد بەرەو سلێمانی، ئەوان بەبێ شەڕ بەجێیانهێشت، گروپەكەی هەمووی كشاندەوەو بەرەو سنوری ئێران رۆیشتن، گروپەكەی مەسعود بارزانی بەبێ شەر چوونە سلێمانییەوە. كۆمەڵێكی زۆر لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیانكرد بە قسەكردن لەبارەی ئەوەی كە ئەو پرۆسەیە ئەوان ئەنجامیان داوەو سوپای عێراق هیچ پەیوەندییەكی پێوە نەبووە، بەڵكو كاری سوپای گەورەی كوردستانەو لەو قسانە. كاتێك جەلال تاڵەبانی دڵنیابوویەوە كە سوپای عێراق لە سلێمانی نییە، ووتی بۆچی من نەیگرمەوەو گەڕایەوەو بەبێ شەڕ سلێمانی گرتەوە. كاتێك لە سنور گەڕایەوە مەسعود بارزانی هەڵات، هەروەها هەوڵیدا هەولێر بگرێتەوە، بەڵام ئێمە دەستوەردانمان كرد‌و رێگەمان لێگرت، دەستوەردانی ئێمە راستەوخۆ نەبوو، بەڵام ئاماژەمان نارد ئەگەر بێتە ناو هەولێرەوە ئەوا لێیدەدەین‌و بۆیە جەلال لەوە تێگەیشت. سەرەڕای دوژمنكاری ئەمەریكا لەسەر ئێمەو دەرهاویشتەكانی، بەڵام جەلال ئاستی هێزەكان‌و پێداگری ئێمەی دەزانی. دۆخەكە وەكو خۆی مایەوە، جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی‌و مەسعود بارزانی لە هەولێرو دهۆك. دوای ماوەیەك شەڕ لەنێوانیاندا روویدا، بەشێوەیەكی لێبڕاوانە دەستوەردانمان كرد‌و هەردولامان بانگهێشتی بەغدا كرد، بەڵێ هاتن بۆ بەغداو من چاوم پێیانكەوت. دوو وەفد هاتبوون، وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان. پێموتن: ئێمە ئەگەر خەڵكانێكی مەبدەئی‌و نیشتیمانپەروەر نەبووینایە ئەوا هانمان دەدان بۆ شەڕكردن‌و چەكمان بە هەر لایەكتان دەدا‌و وازمان لێدەهێنان شەڕ بكەن تاوەكو یەكترتان تەواو دەكرد، بەلام ئێوەمان داوەتكردوە چونكە ئێوە عێراقین. هەر عێراقیەك بكوژرێت ئێمە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین، چونكە ناچاردەبین چاودێری منداڵ‌و بێوەژنەكەی بكەین. شەڕ رابگرن چونكە ئەوە چارەسەر نییە، ئایا دەتانەوێت پێكەوە دابنیشن‌و چارەسەر بۆ كێشەكانتان بدۆزینەوە تاوەكو دەگەنە چارەسەرێكی نیشتیمانی گشتگیر، یان دەتانەوێت پێكەوە كۆببنەوەو ئێمە شوێنی كۆبونەوەتان بۆ دابین بكەین، هەروەها ئێمە ئامادەین داوەری لەنێوان هەردولاتاندا بكەین لەبری ئەوەی هێزی بیانی بێت. بەكرداری هێزی توركی هات بۆ ناوبژی لەنێوانیاندا، بەڵام ناوبژی نەكرد. جگەلە ئێمە كەسی تر ناتوانێت ئەوە بكات چونكە وڵات وڵاتی خۆمانەو ئێمە دەیناسین. گەیشتن بە ڕێكەوتنیان لەگەڵ ئێمەدا قبوڵ نەكردو مەرجی مەحاڵیان دانا، گەڕانەوەو رۆیشتن، بەڵام كاتێك مادلین ئۆڵبرایت بانگی كردن چون بۆ واشنتۆن. * سەرچاوە: حمیدە نعنع: طارق عزیز.. رجل و قضیە، چاپی یەكەم، 2000، لاپەڕەكانی (161 و 162).
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) پێدەچێت ھەنگاوە سەرەتاییەکانی جەنگێکی ناوخۆیی خوێناویی لە عێراقدا لەم ساتەدا کۆتاییپێھاتبێت، ئەو خەڵکە زۆر و گروپە چەکدارانەی لەسەر شەقامەکان بوون و لەزیاد لە شوێنێکدا بەریەکدەکەوتن، دوای قسەکانی موقتەدا سەدر خەریکن دەڕۆنەوە ماڵەکانیان. بەشێک لە پێکدادانەکان لەناو شوێنە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەسەڵاتی حکومەتەدابوو، لەبەردەمی پەرلەمان و لەناو زیاد لە شوێنێکی ناوچەی سەوزدا، لە بەعدا. ئەو چەکانەش کە بەکاردەھێنرێن چەکی سوک و نیمچەقورسن، ژمارەیەکیش لە بەشداربووان کوژران و برینداربوون. ئەوەشی لە ئێستادا بەرگوێمان دەکەوێت و دەیبیستین باسکردنی ھەموو لایەنەکانە، چ لایەنە ناوەکیی و چ لایەنە دەرەکییەکان، لە گرنگیی کۆتاییھێنان بەم دۆخە. ھەمووان ھاوار دەکەن پێویستە پەنا بۆ عەقڵ ببرێت و تفونگەکان بێدەنگبکرێن، لایەنەکان بەیەکەوە دابنیشن و کۆتایی بەم بەریەککەوتنە توندوتیژە ناوخۆییە بھێنرێت. گەر واز لەوە بھێنین کە بەشی ھەرەزۆری ئەم ھێزانە درۆدەکەن و قسەکانیان تەنھا بۆ داپۆشینی نیاز و خواستە داپۆشراوەکانیانە، گەر باز بەسەر درۆ یان ڕاستبوونی ئەو داواکارییانەدا بھێنین کە داوای کۆتاییھێنان بەم پێکدادانە چەکداریانە دەکەن، ھێشتا کۆمەڵێک کێشەی بونیادیی و قووڵ دەمێنێتەوە کە ئەم دۆخی جەنگە ناوخۆییەی دروستکردوە و بە ھەمیشەیشی دەکات. کێشەی ژمارەیەکی ئەم دۆخە ئەوەیە لەباتی بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بەتوانا و ھاوبەش کە توندوتیژیی مۆنۆپۆڵکردبێت، چەندان دەسەڵات و بکەری نادەوڵەتیی ھەن و کاردەکەن، کە ھەموویان نەک تەنھا خاوەنی ھێزی چەکداری تایبەت بە خۆیانن، بەڵکو توانای بەگژاچوونەوەی دەوڵەتیشیان ھەیە لەو کاتانەدا کە خۆیان ھەڵیدەبژێرن. ئەم ھێز و بکەرە نادەوڵەتییانە توانای دروستکردنی قەیران و بەگژاچوونەوەی چەکدارانەیان ھەیە، دەوڵەتن لە ناو دەوڵەتدا. دۆخی عێراق دۆخێکی دابەش و پارچەپارچە و داوەشاوە، پڕە لە ھێزی نادەوڵەتیی کە خاوەنی میلیشای تایبەتن. سەدریەکان سەرایای سەلامیان ھەیە کە درێژکراوەی سوپای مەھدییە و لەسەردەمی ھاتنی داعشدا دروستکرا. حەشدی شەعبی لە نزیکەی ٦٠ گروپ و ئۆرگانی چەکدار دروستبووە کە سەر بەم یان بەو ھێزی سیاسین، زۆرینەی ھێزەکانی تریش خاوەنی میلیشیای تایبەتن کە زۆرینەی ھەرەزۆریان ھێزی سەربەخۆن و لەدەرەوەی دەوڵەتدا ھەن و ئامادەن. ھەریەکێک لەم ھێزانەش مافی بەکارھێنانی توندوتیژییان بەخۆیان بەخشیوە و ئەوەی بیانەوێت و بەڕاستیی بزانن و دەسەڵاتیان بەسەریدا بشکێت، دەتوانن لە دەرەوەی دەوڵەتدا، ئەنجامیبدەن و بیسەپێنن. ئەمانە خۆیان حاکمی خۆیانن، خۆیان خواست و ویستی خۆیان، بەبێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەت، دەستنیشان و پیادەدەکەن. ھەر یەکێکیشیان دەیەوێت ماڵ و ھێز و سوپا و دەسەڵاتی تایبەت بەخۆی، ھەبێت. لەشارێکی وەک بەغدادا ئەوەی دەسەڵاتی ژمارە یەکە، ئەوەی حوکمڕانی ڕاستەقینەیە، دەوڵەت و دەزگاکانی دەوڵەت نییە، بەڵکو موقتەدا سەدر و ئەو ھێزە گەورەیەیە کە ئەم پیاوە لە دەوری خۆی و لە دەرەوەی دەوڵەتدا، دروستیکردوە. لەمەش بترازێت عێراق جوگرافیای بوونی چەندان پرۆژە و پلان و بکەری دیکەی دەسەڵاتدارە کە ھەریکەیان ڕوانین و دیدێکی بۆ دەوڵەت و حوکمڕانیی ھەیە و ھەمووشیان دەسەڵاتی تەریب بە دەسەڵاتی دەوڵەتن. مەرجەعیەتی شیعە لە عێراقدا نموونەیەکی ئەو دەسەڵاتەیە کە تەریب بە دەسەڵاتی دەوڵەت ھەیە و ئامادەیە. ئەم مەرجەعیەتە بەسەر دوو لایەنی ناکۆک بەیەکدا دابەشبووە، مەرجەعیەتی نەجەف کە جۆرێک لە دابڕانی دین و سیاسەت داوادەکات، بەڵام بەبێ ئەوەی مەرجەعەکە بەتاڵبکاتەوە لە نفوز و دەسەڵاتی سیاسیی. ئەویتریان پرۆژەی ”ویلایەتی فەقی“ ئێرانییە کە خومەینی داھێنەرەکەی و دەوڵەتی ئێرانیی و مورشیدەکەی، عەلی خامەنەئی، لە ئێستادا نوێنەرەکەین. ڕەھەندێک لە ڕەھەندەکانی ئەم جەنگە ناوخۆییەی ئێستا بەریەکەوتنی دەسەڵات و دیدی ئەو دوو مەرجەعیەتەیە کە لەدەرەوەی دەوڵەتدا ئامادەن. دۆخی ئێستا، لە ئاستێک لە ئاستەکانیدا، ھەوڵدانە بۆ نینۆککردنی ئالی سەدر و لێدان و سنووردارکردنی پێگە سیاسیی و ڕەمزییەکانی و لەوێشەوە سەپاندنی پرۆژەی ویلایەتی فەقی ئێرانی. ھێزی سێھەم کە لە دەرەوەی دەوڵەتدا ئامادەیە و بەھێزە، ھێزی ئەو خێڵ و عەشیرەتە گەورانەیە کە لە ساڵانی نەوەدەوە بە شێوەیەکی سیستماتيک لە عێراقدا بەھێز دەکرێن، سەرەتا سەدام حوسەین بەم کارە ھەستا دوای ئەوەی لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بەعس و حکومەتەکەی سەدام. بڕێکی زۆر لە دەسەڵاتەکانیان دۆڕان، دوای بەعسیش لە چوارچێوەی سیستمێکی تائیفیدا درێژەی پێدراو و بەھێزترکران. ئەم خێڵ و عەشیرەتانەش چەکدارن و لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا، زۆرجار وەک دەوڵەت و لە باتی دەوڵەت بڕیارئەدەن. ھەموو ئەمانە وادەکەن ئەکرێت کێشەکانی ئەمڕۆکە کورتبکرێتەوە بۆ بوونی چەند ناکۆکییەکی سیاسیی سنووردار، نەکرێت بە دەستەواژەکانی لەجۆری ”عینادی سیاسیی“، یاخود ”شکاندنی ئێسقانی یەکتری“ باسبکرێن. ئەوەی ئەمڕۆکە لەبەرچاوماندا ڕووئەدات و دەیبینین، بنکۆڵبوونی خودی دەوڵەت خۆی و داوەشانیەتی وەک تاقە دەزگایەک، کە مافی قۆرخکردنی بەکارھێنانی توندوتیژیی ھەیە. گەورە کۆمەڵناسیی ئەڵمانی، ماکس ڤێبەر، کاتێک باس لە دەوڵەت لە دونیای مۆدێرندا دەکات، باس لە زەرورەتی توانای مۆنۆپۆڵکردنی توندوتیژیی دەکات. باس لەوە دەکات کە دەوڵەت تاقە ھێزێکە مافی بەکارھێنانی توندوتیژیی ھەیە، تاقە ھێزێکە چەکدارە و مافی بەکارھێنانی ئەو چەکەشی ھەیە. بەکارھێنانی توندوتیژییش لەلایەن دەوڵەت خۆییەوە، نابێت بە بەشێوەیەکی ھەڕەمەکیی و گۆترە بێت، یاخود بە ئارەزوی ئەوانەبێت کە دەزگا و پێگە سیاسییە گرنگەکانی ناو دەوڵەتیان بەدەستەوەیە، بەڵکو بەکارھێنانی توندوتیژیی پێویستە ھەمیشە شەرعیەتی یاسایی ھەبێت، تەنھا ئەو کاتەش بەکاربھێنرێت کە ھیچ ئامرازێکی تر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەمابێتەوە. بە مانایەکی تر، دەوڵەت تەنھا کاتێک پەنا بۆبەکارھێنانی توندوتیژیی دەبات کە دەسەڵات و ھەیمەنە و شەرعیەتیی خۆی وەک دەوڵەت ڕووبەڕووی مەترسیی بکرێتەوە، بەجۆرێک ئەگەری ئەوە ھەبێت نەتوانێت ئەرک و کارە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی پیادەبکات. ئەوەی ئێمە لە عێراقدا دەیبینین غیابێکی تەواوەتی دەوڵەتە بەو مانایەی لەسەرەوە باسمانکرد، ھاوکات بوون و ئامادەگیی سەختی دەیەھا گروپ و بکەری نادەوڵەتی چەکدار کە ھەریەکێکیان ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم لەدایکبوونی دەوڵەتدا وەک دەوڵەت، بەو مانایەی باسمکانرد. ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشکرا نیشانی ئەدات چۆن باز بەسەر ئەو ڕاستییە سادانەی سەرەوەدا دەدرێت و کێشە بوونیادەکانی دەوڵەت فەرامۆش دەکات، ئەو زمانە دینییەیە کە بۆ ناونانی ئەو دۆخە ترسناکەی ئێستاکە بەکاردەھێنرێت. ناونانی دۆخەکە و ناونانی بەیەکدادانی ئەم بکەرە نادەوڵەتییانە، بە ”فیتنە“ بازدانە بەسەر مانا ڕاستەقینیەکانی کێشەکەدا. ئەم زمانە دینییە ناھێڵێت بنە مادیی و ڕەگە قووڵەکانی ئەو دۆخە ناھەموارە ببینین کە لە ئارادایە، دۆخی غیابی دەوڵەت وەک دەوڵەت و ئامادەگی لەشکرێک لە بکەری نادەوڵەتیی چەکدار. ئەو زمانی عەقڵەش کە ئەمڕۆ زۆر کەس باسیدەکات بۆ ھەوڵدان بۆ چارەسەکردنی ئەو دۆخە نەخواستراوە، زمانێک نییە تا ئەو شوێنە بڕوات کە بونیادە مادیی و ڕەمزییەکانی کێشەکە ببینێت. زمانی عەقڵ تەنھا ئەوە نییە ئەو لایانانە کۆببنەوە ڕێ لەوەبگرن جەنگی شەقام بە شەقام و کۆڵان بە کۆڵان لە عێراقدا دروستببێت. بەڵکو ئەوەیە دان بەوەدا بنرێت کە شتێک بەناوی دەوڵەتەوە لە عێراقدا بوونی نییە. دەوڵەت وەک دەوڵەت غائیبە و ئەوەی ھەیە چەندەھا دەسەڵاتی ناوچەییە کە بکەرەکانیان بکەری نادەوڵەتین و خەریکی تاڵان‌کردنی وڵاتەکەن، بە بکەرە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانیشەوە.
(دره‌و): رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بانگهێشتنامه‌ی بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان نارد بۆ ئه‌وه‌ی رۆژی پێنج شه‌ممه ئه‌م هه‌فته‌یه به‌شداری له دانیشتنی ژماره (1)ی خولی پایزه بكه‌ن. مانگی 11ی ئه‌مساڵ ته‌مه‌نی یاسایی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كۆتایی دێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌م و چاره‌نوسی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن نه‌گه‌یشتوه‌نه‌ته رێككه‌وتن، په‌رله‌مان ناچاره ته‌مه‌نی یاسایی خۆی درێژبكاته‌وه. به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (دره‌و)، ده‌بێت له‌م خوله‌ی یاساداناندا په‌رله‌مان بڕیار له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خۆی بدات، ئه‌گه‌رنا ده‌كه‌وێته بۆشایی یاساییه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان بۆ مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو دوابخرێت ئه‌وا په‌رله‌مان ته‌نیا بۆ یه‌ك وه‌رزی یاسادانان ته‌مه‌نی خۆی درێژده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بۆ مانگی هه‌شتی ساڵی داهاتوو دوابخرێت، ده‌بێت په‌رله‌مان بۆ دوو خولی یاسادانان ته‌مه‌نی خۆی درێژبكاته‌وه. هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، بڕیاره چه‌ند رۆژی داهاتوو جارێكی تر به‌به‌شداری جینین پلاسخارت نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، لایه‌نه سیاسییه‌كان له باره‌گای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ولێر كۆببنه‌وه. به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڵێنی به خاتوو پلاسخارت داوه له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا به‌چه‌كجاری پرسی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان په‌كلابكرێته‌وه‌و واده‌كه‌ی دیاری بكرێت.
وەرگێرانی؛ ئەنوەر کەریم هەڵئاوسان لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا گەیشتە (52.5%) بەراورد بەساڵی ڕابردوو بە پێی داتا فەرمییەکانی ئێران تەنها لە مانگی ئایارەوە بۆ مانگی حوزەیران نرخەکان بەڕێژەی (13.2%) بەرزبۆتەوە. ئەو دیپلۆماتکارە ئەوروپیانەی کە هەوڵدەدەن جارێکی‌تر رێککەوتنە ئەتۆمیەکە زیندوو بکەنەوە، لاوازی ئابوری ئێران و فشارە توندەکانی سەر بەرپرسانی وڵاتەکە یارمەتیەکی باش دەبێت بۆیان کە سود لەو دۆخە وەربگرن. کە ئاستی بژێوی ئێرانییەکان لە نۆ مانگی ڕابردوودا بەتەواوی خراپبووە. سەرۆکی ئێران (ئیبراهیم رەئیسی) دەستیکردوە بە ووتوێژ بۆ لابردنی سزاکان و وەستانی پیتاندنی یۆرانێوم بە هۆی ناڕەزایی خەڵکی ئێرانەوە. هاوکات توندڕەوە محافیزکارەکان سازشیان لەو خاڵە گرنگەش کرد کە ئەمریکا سەرکردەکانی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆرێستیەکان دەربهینێت. هەرچەندە لە ئێستادا بەربەستی سەرەکی هەیە لەبەردەم رێککەوتنەکەدا، بەڵام ئەمریکیەکان و ئەوروپیەکان زیاتر گەشبینن بەوەی کە بگەنە رێککەوتن. ئەوەی کە گومانی تیانیە ئێرانیەکان زۆر ماندوون بەدەست بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان کە بەشێکی لە ئەنجامی سزاکان و بەشەکەی تری لە ئەنجامی خراپ بەڕیوەبردنی ئابوریەوەیە، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێدا دەڵێت "ئێرانییەکان پێمان دەڵێن گفتوگۆ‌و دانوستانەکان زۆر درێژەیان کێشاوە". ئێران کە خاوەنی دووەم گەورەترین یەدەکی غازی سروشتی و چوارەم یەدەکی نەوتی خاوە لە جیهاندا. کەچی دەسکەوتی نەبوو لە بەرزبونەوەی نرخی ووزە کە بەهۆی داگیرکاری ڕووسیا بۆ سەر یۆکرانیا ڕویداوە. بەڵام نرخی خواردنە سەرەکیەکان کە ئێران هاوەردەی ئەکات زۆر بەرزبۆتەوە بەهۆی ئەو شەڕەوە، لە مانگی ئایارەوە نرخەکان بەرزبونەوەی زیاتریان بەخۆوە دیوە، لەبەرئەوەی حکومەتی ئێران پاڵپشتی بۆ دراوە بیانیەکان وەستاندوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەم پاڵپشتییە لە پێناو سەقامگیرکردنی دراوی ئێرانی لە ساڵی 2018ەوە دەستیپێکردبوو، کاتێک سەرۆکی پێشووی ئەمریکا "ترامپ" لە رێککەوتنە ئەتۆمیەکە هاتبووە دەرەوە. بەڵام ئەو بازرگانانەی پەیوەندی باشیان لەگەڵ حکومەت هەیە دۆلاریان بەهەرزان وەرگرتوە و دواتر قازانجێکی زۆریانکردوە لەو بازاڕە ناڕێکخراوەی ئێران‌دا. لە تاران گوشتی سوور بە رێژەی (90%) بەرزبۆتەوە بەراورد بە ساڵی ڕابردووە، برنجی بەسمەتی بە ڕیژەی (200%) بەرزبۆتەوە بە پێی داتاکانی بلومبێرگ. رێژەی هەڵئاوسانەکەش ئاسێکی بەرزتری تۆمارکردووە بە هۆی دابەزینی بەهای ڕیاڵی ئێرانیەوە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوە لە بازاڕی ناڕێكخراودا کە (25%)ی بەهای خۆی لەدەسەتداوە ئەمەش نزمترین نرخی دراوەکەیە. بەڵام کاتێک کە دیپلۆماتکارە ئەوروپیەکان ئەوەیان ڕاگەیاند وەڵامەکەی ئێران بۆ ڕیکەوتنەکە بودنیادنەوە، نرخی ڕیاڵی ئێرانی کەمێک بەرزبوونەوەی بەخوە بینی. مامۆستا و خانەنشیننان و کرێکارانی پاڵاوگەکانی نەوت و ئەندازیاران و جوتیاران و شۆفێری پاسەکان ناڕازاییان دەربڕیوە بەرامبەر بەزبونەوەی نرخ و بەرزنەکردنەوەی کرێ و موچەوە ئەو گەندەڵیە درێژخایەنەی کە لە ئێران‌دا هەیە. ئاژانسی هەواڵی قوتابیانی ئێران ڕایگەیاند؛"بەپێی راپۆرتەکانی دەزگای پۆلیس و دادگا ژمارەی دزی و تاوان بەرزبۆتەوە، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی خواردنە سەرەکیەکان بە گشتی"، ئەم دۆخە خراپەی ئابوری ئێران نەک تەنها هەڵئاوسان پاڵنەردەبێت بۆ ئێرانیەکان کە بگەنە رێککەوتنێک. ئەمانە لە کاتێکدایە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی گەشەی ئابوری ئێرانی بە (3%) دەستنیشان کردووە بۆ ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرامبەر ووڵاتانی تری نەوت فرۆش ئەو ڕێژەیە زۆر کەمترە. ئابوری ناس و ڕاوێژکارێکی پێشووی (محمد خاتەمی- سەرۆکی پێشووتری ئێران)، (سەعید لەیلاس) ووتی؛ "لە ئێران‌دا پێنج ملیۆن کارمەندمان هەیە، کە ئێمە وەک چینی ناوەڕاست ئەمانبژاردن، بەڵام ئەمانە لە ئێستادا لە هێڵی هەژاریدا ئەژین". ئەو سزایانەی کە لەلایەن سەرۆک ترامپەوە سەپێنرا بەسەر ئێران‌دا، دەماری ئابوری نەوتی پساند و بووە هۆی وەستانی وەبەرهێنانی بیانی. ئێران وەڵامی سزاکانی بە خێراکردنی پڕۆگرامە ئەتۆمیەکەی دایەوە لە مانگی ئابی ساڵی 2020، هەناردەی نەوت و کۆندێسەتی ئێرانی لە (2.5 ملیۆن) بەرمیلەوە دابەزی بۆ (133 هەزار) بەرمیل ڕۆژانە بەپێێ داتاکانی بلومبێرگ کە لەلایەن چینەوە کڕاوە. رەئیسی سەرۆکی ئێران وەڵامەکەی ئەوە بووە کە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕووسیاو چین دا بەهێزبکات و ئێرانیەکان وا دەربخەن کە خۆیان زیاتر پشت بەخۆیان دەستن و خۆ بژێوی بکەن، هەروەها باجی لەسەر بازرگانان زیادکرد، ئەمەش بوە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی لە بازاڕە گەورەکەی تاران. ڕاگرێکی کۆلیج کە ڕاهێنان بە دەرونناسەکان ئەکات و خۆی بە "بەرهەم" ناساندووە کە بۆ میدیای بیانی قسەی کردوە وتویەتی "لەدوای ئیشەکەی خۆمەوە دوو کاری تر ئەکەم کە پەیوەندی بەبوارەکەی خۆمەوە نیە، واش نا‌توانیت بژیت، ووتوشیەتی هەمووی پەیوەندی بەسزاکانەوە هەیە بە هەر رێگایەک بێت". - سایتی بلومبێرگ https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-08-25/a-sick-economy-is-forcing-tehran-s-hand-in-nuclear-deal-talks#xj4y7vzkg
روونبیین هه‌نارده‌ی نەوتی عێراق بۆ وڵاتانی ئه‌وروپی له ماوه‌ی مانگی ته‌موزدا بۆ زیاتر له 22%ی كۆی هه‌نارده به‌رزبووه‌ته‌وه. ئەو بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، هەروەها ئەو سزایانەی کە وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر بە ڕووسیا گرتوویانەتە بەر، لەوانە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا. ئەو نەوتەی عێراق لەو كێڵگە نەوتییانەوە هەناردە كراوە كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە سەرپەرشتی دەكرێت. نزیكەی 23 ملیۆن بەرمیل لە كۆی 101 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل كە لە ماوەی مانگی تەمموزدا هەناردە كراوە بۆ ئەوروپا بووە. تورکیا بە 7 ملیۆن بەرمیل و ئیتالیا 5 ملیۆن بەرمیل و ئیسپانیا 3 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل و یۆنان 3 ملیۆن بەرمیل و هۆڵەندا بە 2 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل لە پلەی یەکەمدا هات. ئەو پاڵاوگانەی کە لە ئیتاڵیا و یۆنان و ئیسپانیا کاردەکەن، بەشێکی زۆری پێویستی نەوتیان لە عێراقەوە هاوردە دەکەن. جێگای ئاماژەیە کە هەناردەی عێراق بۆ وڵاتانی ئەوروپا پێش قەیرانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە 12% تێپەڕی نەکردووە، ئەوەش بەهۆی گرنگیدانی عێراق بە بازاڕی ئاسیا. ئاراستەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بەشێوەیەکی رەها بازاڕی ئەوروپایە و ڕۆژانە بەتێکڕا ٤٢٠ بۆ ٤٣٥ هەزار بەرمیل لە ڕێی بەندەر جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەکات کە نزیکە لەو ڕێژەیەی کە کۆمپانیای بەبازارکرنی نەوتی عێراق “سۆمۆ”لەمانگی تەموزدا زیادی کردووە بۆ کڕیارانی ئەوروپا. ئایا ئەم هەنگاوەی سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێن و فشارانەدایە دایە کە دژی سەکتەری نەوتی هەرێم لە مانگی شوباتەوە لەدوای بڕیاری دادگای فیدراڵ گرتویەتییەبەر؟ کە بەهەڕەشەکردن لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەستی پێ‌کرد و دواهەمین هەوڵیش لە ٢٣ی ئابدا بوو بەوەی هەڕەشەی لە کڕیارانی نەوتی هەرێم کرد کە رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگرێتەبەر، ئەو نەوتەشی کەدەیکڕن بە نەوتی بە قاچاخ براوی عێراق ناوزەدی کرد. ئایا وەزارەتی نەوت سۆمۆ دەیەوێت بەکڕیارانی نەوت لە ئەوروپا بڵێت کێشەی دابینکردنتان بۆ دروست نابێت گەر ڕاستەوخۆ نەوت لەمن بکڕن و دەتوانم ئەو بۆشاییەی هەرێمتان بۆ پڕبکەمەوە؟
راپۆرت: درەو مەرجەعی ئاینیی سەدرییەكان وازهێنانی لە مەرجەعیەت راگەیاند‌و لایەنگرانی سەدری دایە دەست عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمە موقتەدا سەدری توڕە كرد كە خۆی بە شیعەیەكی عێراقی‌و دوور لە هەژمونی ئێران دەناسێنێت. وازهێنانی مەرجەعی سەدرییەكان ! چەند كاتژمێرێك دوای وازهێنانی ئایەتوڵلا (كازم حائیری) مەرجەعی ئاینیی سەدرییەكانی، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر وازهێنانی تەواوەتی خۆی لە كاری سیاسی راگەیاند. لەكاتێكدا سەدر لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021وە هەوڵیداوە وای نیشان بدات كە ئەو بەپێچەوانەی لایەنە شیعەكانی ترەوە لەژێر هەژمونی كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا نییە، كازم حسێنی حائیری وەكو مەرجەعی سەدرییەكان دوای وازهێنانی لە مەرجەعیەت بەبەهانەی باری تەندروستی‌و تەمەنەوە، داوای لە سەدرییەكان كرد گوێڕایەڵیی لە سەماحەتی ئایەتوڵلا (عەلی خامنەیی) رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بكەن، چونكە بەوتەی ئەو تەنیا خامنەیی توانای ئەوەی هەیە سەركردایەتی (ئوممەت) بكات‌و ئیدارەی ململانێكان بدات لەگەڵ هێزی ستەمكار‌و خۆبەزلزان (مەبەستی خۆرئاوایە). لایەنگرانی رەوتی سەدر كە خەڵكە هەژارەكەی پێكهاتەی شیعەی عێراقن، ئەم رۆژانە زیاتر لەژێر كاریگەری موقتەدا سەدردان‌و بەردەوام رووی رەخنەو قسەكانیان لە كۆماری ئیسلامی ئێرانە، پێیانوایە لە ململانێی ناوخۆی شیعەكاندا، كۆماری ئیسلامی پاڵپشتی لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم) كردووە، بۆیە پێناچێت ئەو ئاسانییە خۆیان رادەستی مەرجەعەكەی تاران بكەن. وازهێنانی حائیری لە مەرجەعیەت، حاڵەتێكی دەگمەنە لەمێژووی مەرجەعەكانی شیعەدا رویداوە، ئەمە سەدری شپرزە كردووە، پێیوایە حائیری بە ئارەزووی خۆی وازی لە مەرجەعیەت نەهێناوە، هێرشی توندی كردوەتەسەر حائیری‌و دەڵێ" زۆر كەس لەناویشیاندا سەید حائیری پێیوایە ئەم سەركردایەتییە بەهۆی ئەوان‌و بە فەرمانی ئەوانە، بەڵام نەخێر ئەمە سەرەتا بە فەزڵی خودایە‌و پاشان سەیدی باوك كە دەستی لە عێراق‌و گەلەكەی هەڵنەگرت". حائیری لە پەیامی وازهێنانەكەیدا لە مەرجەعیەت، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هێرشی كردوەتە سەر موقتەدا سەدرو تۆمەتباری دەكات بەوەی هەوڵی پۆست‌و سەركردایەتیكردن دەدات‌و ناكۆكی دەخانە ناو رۆڵەكانی مەزهەبەوە، سەدریش وەڵامی داوەتەوە‌و دەڵێ" سەرباری ئەوەی حائیری دەستیلەكاركێشاوەتەوە، بەڵام وەكو هەمیشە نەجەفی ئەشرەف بارەگای گەورەی مەرجەعیەتە‌و منیش هیچ رۆژێك لە رۆژان بانگەشەی پاكیی‌و ئیجتهاد‌و تەنانەت سەركردایەتیكردنیشم نەكردووە‌و تەنیا فەرمانم بەچاكە كردووە‌و خراپەم رەتكردوەتەوە‌و جگە لە راستكردنەوەی ئەو خوارییەی كە هۆكارە سەرەكییەكەی هێزە سیاسییەكانی شیعە بوون، هیچی ترم نەویستووە‌و تەنیا ویستومە لە گەلەكەیان نزیكیان بكەمەوە‌و وایان لیێبكەن هەست بە ئازارەكانیان بكەن. حائیری كێیە ؟ كازم حسەینی حائیری ساڵی 1938 لە كەربەلا لەدایكبووە، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لەسەر دەستی باوكی دەستی بە خوێندنی ئاینیی كردووە‌و دواتر رووی لە شاری نەجەف كردووە بۆ تەواوكردنی خوێندن، ئەو یەكێك لە دیارترین خوێندكارەكانی سەید (محەمەد باقر سەدر)ی مامی موقتەدا سەدرە‌و ماوەیەكی دورو درێژ هاوەڵی بووە. بەر لە مردنی سەید باقر سەدر، شوێنكەوتووەكانی خستوەتە بەردەم دوو بژاردە بۆئەوەی یەكێكیان وەكو مەرجەعی خۆیان هەڵبژێرن، ئەو دوو كەسەش یەكێكیان سەید (كازم حائیری) بووە كە لە شاری (قوم)ی ئێران نیشتەجێ بووە، ئەوەی تریان سەید (ئیسحاق فەیاز) بووە كە لە نەجەف نیشتەجێ بووە، شوێنكەوتوانی سەدر ئەوكات سەید (كازم حائیری)یان هەڵبژاردووە، چونكە پێیانوابووە حائیری لەو هێڵە شۆڕشگێڕانەوە نزیكە كە سەید (محەمەد سادق سەدر) واتە باوكی موقتەدا سەدر هەڵیگرتووە. سەدرییەكان دوای وازهێنانی حائیری وازهێنانی حائیری لە مەرجەعیەتی سەدرییەكان، دەرفەتی بە موقتەدا سەدر بەخشی لەناو چەقبەستنی سیاسەتەكانی بێتە دەرەوە، ئەو بە راگەیاندنی وازهێنانی لە كاری سیاسی، دەرفەتی بە لایەنگرەكانی بەخشی پەلاماری سەرۆكایەتییەكانی عێراق بدەن. سەدر كە لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2018وە ناكۆكییەكانی بەشێوەیەكی زیاتر لەگەڵ نەیارە ناوخۆییەكانی شیعەدا تەقییەوە، دوای كشاندنەوەی (73) پەرلەمانتارەكەی لە پەرلەمان، دروشمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی بەرزكردەوە، كاتێك لە جێبەجێكردنی ئەم دروشمە شكستی هێنا بانگەوازی بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كرد بەبێ بەشداری هیچ یەكێك لەو حزبە سیاسییانەی كە لەدوای رووخانی رۆژێمی پێشووی عێراقەوە لە 2003وە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی‌دا، ئەم بانگەوازەشی وەكو پێویست وەڵام نەدرایەوە، هەموو ئەو بارودۆخەش توشی پەراوێزخستنی كرد. سەدر یەكەمجاری نییە وازهێنانی خۆی لە كاری سیاسی رادەگەیەنێت، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن لەژێر ناوی خوێدا خۆی بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی ئامادە بكات‌و بەم هەنگاوەی لایەنگرەكانی زیاتر لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە، هەڵبەت ئەگەر بارودۆخەكە سەرنەكێشێت بۆ پێكدادانی چەكداریی لەنێوان لایەنە ناكۆكەكانی شیعەدا. ئەم پەرەسەندنەی ئەمڕۆ لەناو ماڵی شیعەدا رویدا لەكاتێكدا بوو لایەنە عێراقییەكان چاوەڕوانی دەستپێشخەرییەكی مەسعود بارزانی بوون بۆ كۆتایهێنان بە ناكۆكییەكان‌و رێككەوتن لەسەر دەربازكردنی عێراق لەو چەقبەستنە سیاسییەی كە ماوەی لە زیاتر لە (10) مانگە تێیكەوتووە. میدیاكانی پارتی دوێنێ ئاشكرایانكرد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەنیازە سەردانی نەجەف‌و بەغداد بكات‌و دەستپێشخەرییەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بگەیەنێتە لایەنە عێراقییەكان، بەڵام وازهێنانی سەدر لە كاری سیاسی، بەر لە لەدایكبوونی، دەستپێشخەرییەكەی بارزانی لە گۆڕنا. بارزانی هاوپەیمانی بەهێزی موقتەدا سەدر بوو بەر لە كشانەوەی سەدرییەكان لە پەرلەمان، هەندێك لەلایەنە شیعەكان پێشبینی ئەوەیان دەكرد كاریگەری لەسەر هەڵوێستی سەدر هەبێت بۆ چارەسەر.
درەو: ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق كانونی دووەم بۆ حوزەیرانی 2022 لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر بووە لە (75.6 ترلیۆن) دینار، کە (95.8%)ی داهاتی نەوت و(4.2%)ی داهاتی نانەوتی بووە. لەو داهاتەی بەدەستهاتووە زیاتر لە (45.3 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (92.3%)ی خەرجییەکان چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن و تەنها (3.8 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (7.7%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە. هەر بەپێی ئامارەکان دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی، بەڕێژەی (34.5%) و نزیکەی (26.5 ترلیۆن) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. یەکەم: داهاتی گشتی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2022 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڵاوی کردوونەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (75 ترلیۆن و 639 ملیار و 329 ملیۆن و 3 هەزار و 738) دینار، بەجۆرێک بڕی (72 ترلیۆن و 476 ملیار و 471 ملیۆن و 603 هەزار و 97) دیناری بەڕێژەی (95.8%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (3 ترلیۆن و 162 ملیار و 857 ملیۆن و 400 هەزار و 641) دینار، بەڕێژەی (4.2%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری نیوەی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1) دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2022 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) ، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (49 ترلیۆن و 194 ملیار و 107 ملیۆن و 313 هەزار و 572) دینار، بەجۆرێک بڕی (45 ترلیۆن و 382 ملیار و 639 ملیۆن و 257 هەزار و 42) دیناری بەڕێژەی (92.3%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (3 ترلیۆن و 811 ملیار و 468 ملیۆن و 56 هەزار و 530) دیناری بەڕێژەی (7.7%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. سەبارەت بە وردەکاری شەش مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە نیوەی یەکەمی 2022 خەرجییە گشتییەکانی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (3 ترلیۆن و 811 ملیار و 468 ملیۆن و 56 هەزار و 530) دیناری بەڕێژەی (7.7%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ بڕی (49 ملیار و 386 ملیۆن و 497 هەزار و 334) دیناری بۆ خەرج کراوە. 2. کەرتی پیشەسازی بڕی (502 ملیار و 565 ملیۆن و 217 هەزار و 162) دیناری بۆ خەرج کراوە. 3. کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (1 ترلیۆن و 164 ملیار و 89 ملیۆن و 808 هەزار و 696) دیناری بۆ خەرج کراوە. 4. کەرتی بیناسازی بڕی (1 ترلیۆن و 866 ملیار و 284 ملیۆن و 631 هەزار و 538) دیناری بۆ خەرج کراوە. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (229 ملیار و 141 ملیۆن و 901 هەزار و 800) دیناری بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە نیوەی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چارتی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2022 لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (49 ترلیۆن و 194 ملیار و 107 ملیۆن و 313 هەزار و 572) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (75 ترلیۆن و 639 ملیار و 329 ملیۆن و 3 هەزار و 738) دینار. واتە بڕی (26 ترلیۆن و 445 ملیار و 221 ملیۆن و 690 هەزار و 166) دیناری بەڕێژەی (34.5%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری شەش مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (4)). خشتەی ژمارە (4) چارتی ژمارە (4) چوارەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2022 لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 829 ملیار و 736 ملیۆن و 115 هەزار و 106) دینار بووە. بە جۆرێک؛ 1. ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (261 ملیار و 103 ملیۆن و 524 هەزار و 345) دیناری خەرجکردووە، بە جۆرێک تەنها (6) هەزار دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2. سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (23 ملیار و 367 ملیۆن و 520 هەزار و 135) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3. ئەنجومەنی وەزیران بڕی (3 ترلیۆن و 545 ملیار و 265 ملیۆن و 70 هەزار و 626) دیناری خەرجکردووە، بڕی (3 ترلیۆن و 29 ملیار و 184 ملیۆن و 180 هەزار و 39) دیناری لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (516 ملیار و 80 ملیۆن و 890 هەزار و 587) دیناری بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) چارتی ژمارە (5) سەرچاوەکان ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق - حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة شباط 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة اذار 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة نیسان 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة مایس 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة حزیران 2022 للموازنە الاتحادیة