Draw Media

حزبی شیوعی: (10) كورسی بە (یەك بازنەیی) یەكلابكرێتەوە

حزبی شیوعی: (10) كورسی بە (یەك بازنەیی) یەكلابكرێتەوە

2023-03-13 14:19:37


(درەو): 
پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بە (چوار بازنە) بەڕێوەبچێت، پێكهاتەكان دەڵێن 11 كورسییەكەی ئێمە دەبێت بە شێوەی (یەك بازنەیی) هەڵبژاردن یەكلابكرێتەوە، حزبی شیوعیش پێشنیازێكی كردووە‌و داوا دەكات (10) كورسی تری پەرلەمان تەرخان بكرێت بۆ شێوازی (یەك بازنەیی) بۆ ئەوەی دەنگی لایەنەكانی تریش لە شێوازی فرەبازنەیدا نەفەوتێت، یەكگرتوو و كۆمەڵ لە پەرلەمان كشاونەتەوە‌و ئامادەنین بەشداری كۆبونەوەكانی پەرلەمان بكەن لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەڵام لە دەرەوەی پەرلەمان بەشداری كۆبونەوەكان دەكەن لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی و دواجار هەمواری یاساكەش دەبێت لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. 
گفتوگۆی نێوان لایەنەكانی لەسەر چۆنیەتی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان كوردستان چڕبووەتەوە. 
پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو لایەنی سەرەكی لەسەر ئەوە رێككەوتوون هەڵبژاردن بەشێوەی (چوار بازنە) بەڕێوەبچێت، واتە هەر پارێزگایەكی هەرێم بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت.
بەڵام هەندێك لایەن دژی فرەبازنەیی  هەڵبژاردنن بەدیاریكراویش (شیوعی- سۆسیال دیموكرات- زەحمەتكێشان- پارتی رەنجدەرانی كوردستان).
ئەم لایەنانە ترسیان هەیە بەهۆی فرەبازنەییەوە دەنگەكانیان بەسەر بازنەكاندا دابەش ببێت‌و كورسی لە پەرلەمانی داهاتوو بەدەست نەهێنن. 
ئەبو كاروان ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی حزبی شیوعی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند" ئێمە پێشنیازمان كردووە 10 كورسی پەرلەمانی داهاتوو بەشێوەی یەك بازنەیی هەڵبژاردن یەكلابكرێتەوە‌و لەم بازنەیەدا (ماوەی بەهێز- باقی الاقوی) كورسییەكان بباتەوە".
حزبی شیوعی كوردستان لە گفتوگۆی ژوری هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی چۆنیەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن كشایەوە، كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی دەڵێ" پارتی‌و یەكێتی خۆیان رێككەوتوون‌و پرسە خەسوانە بە ئێمە دەكەن، بۆیە ئێمە لە كۆبونەوەكان كشاینەوە". 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بڕیارە لە نزیكترین كاتدا سێ پارتە چەپەكە‌و حزبی سۆسیال دیموكرات كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەپارەی پێشنیازەكەی حزبی شیوعی سەبارەت بە تەرخانكردنی 10 كورسی بۆ شێوازی یەك بازنەیی هەڵبژاردن. 
لەپاڵ كێشەی ئەم لایەنانەدا، پرسی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان هێشتا لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا مشتومڕی لەسەرە، ئەمڕۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و نوێنەری پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ حزبە توركمانی‌و مەسیحییەكان كۆبونەوە. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا سەرجەم پارتی توركمان‌و مەسیحییەكان جەختیان لەسەر ئەوەی كردووە (11) كورسی پێكهاتەكان بەشێوەی (یەك بازنە)ی هەڵبژاردن یەكلابكرێتەوە. 
ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی داوای ئەوە دەكات كورسی پێكهاتەكان هاوشێوەی كورسییە گشتییەكان دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، بەڵام پارتی ئەم داواكاریە رەتدەكاتەوە‌و دەڵێ دەبێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بدەن. 
یەكێتی‌و لایەنەكانی تر پارتی تۆمەتبار دەكەن بەوەی لە دەرەوەی دەنگدەرانی سەر بەو پێكهاتانە دەنگ بۆ كاندیدی پێكهاتەكان دەدات‌و لەم رێگەیەوە دەنگی پێكهاتەكانی لەبەرژەوەندی خۆی كۆنترۆڵكردووە، بۆیە ئێستا پێشنیازێك هێنراوەتە پێشەوە كە داوا دەكات لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگ بۆ كاندیدی پێكهاتەكان نەدرێت، لەمەشدا هەڵبژاردنەكانی پێشتر لەبەرچاوگیراوە كە تێیدا كاندیدی پێكهاتەكان لەناو هێزە ئەمنییەكاندا دەنگیان بەدەستهێناوە‌و ئەم لایەنانە پێیانوایە لە دەنگدانی تایبەتدا بەدیاریكراویش لەناو هێزە ئەمنییەكاندا پارتی دەتوانێت دەنگدەران ئاڕاستە بكات بۆ دەنگدان بە كاندیدێكی دیاریكراو. 
ئەمڕۆ لەبارەی هەڵبژاردنەوە دوو كۆبونەوە كراوە، یەكەمیان كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و نوێنەری پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان بوو لەگەڵ حزبە توركمان‌و مەسیحییەكان، دووەمیش كۆبونەوەی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی لایەنەكان بوو لە بارەگای پارتی لە هەولێر، ئەم كۆبونەوەیە بۆ گەڵاڵەكردنی ئەو رێككەوتنە بوو كە تائێستا لەنێوان لایەنەكان كراوە.
لە كۆبونەوەی یەكەمدا لەگەڵ نوێنەری حزبە توركمان‌و مەسیحییەكان، نوێنەرانی (كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی) بەشدار نەبوون، ئەم دوو لایەنە یەكەمیان (بایكۆت)ی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كردووە‌و دووەمیشیان فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمان (دەستی لەكاركێشاوەتەوە) ئەمە وەكو ناڕەزایەتی دژی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. 
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە، هەردوو لایەنەكە واتە (كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی)، نوێنەرەكانیان بەشداری كۆبونەوەی دووەمی ئەمڕۆیان كرد كە كۆبونەوەی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی لایەنەكان بوو لە بارەگای پارتی. 
كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم پشكیان هەیە‌و دەیانەوێت پارێزگاری لە پۆستەكانیان لەو دامەزراوە هەستیارەدا بكەن، بەتایبەتیش كە ئێستا پەرلەمانی كوردستان دەیەوێت كۆمسیۆنەكە كارا بكاتەوە‌و ئەركی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی پێ بسپێرێت. 
كۆمەڵ‌و یەكگرتوو دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بایكۆت‌و كشانەوەیان لە پەرلەمان راگەیاندووە‌و پەرلەمان بە ماوە بەسەرچوو ناودەبەن، بەڵام بەشدارن لە گفتوگۆی پرۆژەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، هەموارێك كە دەبێت دواجار لە پەرلەمانە "ماوە بەسەرچوو"ەكەدا دەنگی لەسەر بدرێت‌و پەسەند بكرێت‌و ببێت بە بنەما بۆ سازدانی هەڵبژاردنی نوێ.  


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand