Draw Media

بارزانی؛ یەکێتیی تۆمەتبار دەکات بە ھەوڵدان بۆ کوشتنی یەکێک لە کوڕەکانی

بارزانی؛ یەکێتیی تۆمەتبار دەکات بە ھەوڵدان بۆ کوشتنی یەکێک لە کوڕەکانی

2023-03-13 11:01:58


 
(درەو):
بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند" لە ئێستادا کرۆکی کێشەی نێوان پارتی و یەكێتی و نیگەرانی (مەسعود بارزانی) لە یەكێتی، پەیوەندی بە هەوڵێكەوە هەیە بۆ كوشتنی كوڕێكی مەسعود بارزانی.
سەرچاوەکە وتی:" بارزانی گومانی لە چەند سەركردەیەكی یەكێتی هەیە"، بەڵام یەكێتیی تێوەگلانی لە ھەوڵێکی لەوجۆرە بەتوندی رەتدەكاتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد" مەسعود بارزانی توڕەو نیگەرانە لە یەکێتیی، ئەمە ھۆکارەکەیە کە ئێستا نایەوێت  سەركردەكانی یەكێتیی ببینێت". 
بەپێی ئەوەی بەرپرسەکەی پارتی بۆ (درەو)ی رونکردەوە، ھەوڵەکە بۆ کوشتنی (وەیسی بارزانی)ی کوڕی مەسعود بارزانی بووە، ئەو کەسەی ئەرکی کوشتنەکەی پێسپێردراوە کارمەندێکی دەزگای (دژەتیرۆری پارتی) بووەو ئێستا دەستگیرکراوە، تەواوی بەڵگەو ڤیدیۆکانی ئەم کەیسە خراوەتە بەردەم مەسعود بارزانی.
لەبەرامبەردا سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتیی کە (درەو) قسەی لەگەڵدا کردووە، باسلەوە دەکات، ئەو بابەتە بەتەواوەتی لە یەکێتییەوە دوورەو بەپێچەوانەوە یەکێتیی ھەمیشە ھەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بارزانیدا ئاسایی بێت.

تا ئەم دواییەش بە گوێرەی لێدوان و قسەی بەرپرسانی باڵای هەردوو حزب بە تایبەتیش مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی وادەركەوت كە كرۆكی كێشەكان پەیوەندی بە كوشتنی هاوكارجافەوە هەیە، بەڵام لەم دواییە كێشەكان سەریان كێشا بۆ ووروژاندنی پرسی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەلایەن دادگایەكی هەولێرەوەو ناكۆكی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لەسەر پرسی داڕشتنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵ و كشانەوەی تیمی یەكێتی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand