رێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە (2003 - 2020)
2023-03-12 11:58:49
درەو:
ڕاپۆرتی فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەران
# تۆمارکردنی شێرپەنجە لەڕووی دابەشبوونی جوگرافی بەپێوەری دابەشکردنی دانیشتوان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک، ئەوا؛ پارێزگای کەربەلا پلەی یەکەم دەگرێت بە (107.92) حاڵەت، پارێزگای هەولێر (105) حاڵەت و سلێمانیش پلەی سێیەم دەگرێت بە (102.66) حاڵەت.
# تێکڕای توشبووان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک بۆ ڕەگەزی (نێر) سلێمانی بەرزترین ڕێژەی توشبووی بە جۆرەکانی شێرپەنجەی تێدا تۆمار کراوە، بە پێچەوانەی پارێزگای کەرکوک کەمترین ڕێژەی توشبووی تێدا تۆمار کراوە.
# بەسرە زۆرترین بڕی شێرپەنجەی منداڵانی تێدا تۆمارکراوە، کەمترینیش لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی تۆمارکراوە.
# پیاوان زۆتر توشی جۆرەکانی شێرپرنجەی (سییەکان، پرۆستات، قۆڵۆن و جگەر) دەبنەوە، ئافرەتانیش زیاتر توشی جۆرەکانی شێرپەنجەی (مەمک، خانە شێرپەنجەییەکانی قۆڵۆن، سییەکان و کۆئەندامی زاوزێ) دەبنەوە.
پوختە
شێرپەنجە، یەکێک لە ترسناکترین نەخۆشییەکانی سەردەم، گەورەترین ئاڵنگارییە کە تائێستا پێشکەوتن و گەشەسەندنە زانستی و تەکنۆلۆژییەکانی بواری زانستە پزیشکی و تەندوستییەکان لەبەرامبەریدا دۆشداماون.
تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە یەکێکە لەو گرفتە سەرەکییانەی لە جیهاندا بەشێوەیەکی گشتی و لە عێراق بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دوایدا، لەڕووی رێژەی بەرزبوونەوەو فراوانبوونی ژمارەی توشبووان بۆ نێو سەرجەم ئاست و تەمەنە جیاوازەکان و بەتایبەتیش شۆڕبونەوەی بۆ نێو مناڵان، هەڕەشە لە تەندروستی مرۆڤەکان و کەرتی تهندروستی دەکات.
لەم راپۆرتەدا ئاماژە دەدەین بە ڕێژەی گەشەو دابەشبوونی ئاستەکەی لەڕووی جوگرافییەوە لە پارێزگاکانی عێراق و لەڕووی کات و بەربڵاوترین جۆرەکانی نەخۆشییەکە لەنێو ڕەگەزە جیاوازەکان.
بەپێی داتاکان نەخۆشی شێرپەنجە لەنێو نەخۆشییە نەگواستراوەکان بە دووەم هۆکاری گیان لەدەستدان هەژماردەکرێت لە عێراقدا بەجۆرێک؛ رێژەی (11%)ی ئەوانەی بە نەخۆشی نەگواستراوە گیانیان لەدەستداوە هۆکارەکی شێرپەنجە بووە، بەتایبەتش لە ڕەگەزی مێدا.
لەسەر ئاستی جیهانی دیسان شێرپەنجە پلەی دووەمی نێو نەخۆشییە نەگواستراوەکانی گرتووە، کە بەهۆیەوە مرۆڤەکان گیان لەدەستدەدەن، بەڵام سێ بەشی ئەوانەی بەهۆی نەخۆشییەکەوە مردوون دەکەونە ئەو وڵاتانەی داهاتی تاک تێیاندا نزمە. ئەوەشی جێگەی ئاماژەیە لە ساڵی (2020)دا حاڵەتەکانی مردن (10 ملیۆن) کەسی تێپەڕاندووە، زۆرترین مردنیش لە ڕەگەزی نێر بەهۆی شێرپەنجەی سییەکان و لەنێو ئافرەتانیشدا شێرپەنجەی مەمک بە بەربڵاوترین و کوشندەترین جۆرەکانی نەخۆشییەکە تۆمارکراون.
بۆیە ئامۆژگارییەکان ئەوەن، لەئێستاوە ئامادەکاری بکرێت بۆ داڕشتنی پلان بە دەرکردن و داڕشتن و هەموارکردنی یاساو رێنماییەکان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەو پاراستنی ئاو و خاک و خۆراک لە پیسبوون، کە بەشێکن لە هۆکارەکانی پشت تەشەنەسەندنی جۆرەکانی نەخۆشییەکە. پاشان کاربکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، بە دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ و دابینکردنی ئامرازو کەرەستە پێشکەوتووەکانی بوارەکە، هاوکات پێگەیاندنی کادری شارەزاو ڕاهێنراو و ئاست بەرز بۆ روبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە.
یەکەم؛ توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان (2003 - 2021)
وەک لە چارتی ژمارە (1)دا رونکراوەتەوە بەردەوام ئاستی تەشەنەسەندی نەخۆشی شێرپەنجە لە ساڵانی (2003 - 2020) رووی لە بەرزبوونەوەیە. بە جۆرێک پاڵپشت بە داتاکانی "ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراقی" لە ساڵی (2003)دا ژمارەی توشبووان بە نەخۆشی شێرپەنجە (11 هەزارو 248) حاڵەت تۆمارکراوە، واتە بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوانی عێراق (49.17) کەس توشی نەخۆشییەکە بوون.
بەڵام لە ساڵی (2020)دا ژمارەی حاڵەتەکان بەرزبووتەوە بۆ (31 هەزارو 692) کەس، بەجۆرێک لە هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوانی عێراق (78.93) کەس توشی یەکێک لە جۆرەکانی نەخۆشییەکە بوون.
هەروەک لە چارتەکە دیارە تێبینی ئەوەی دەکرێت کە لە ساڵانی (2007، 2008و 2009) قەبارەی تۆمارکراو توشبووان بە نەخۆشییەکە دابزیوە بۆ (47.8، 44.46 و 48.16) کەس بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوانی عێراق، ئەگەرچی بۆ ئەمە هۆکاری روون بەردەست نیە، بەڵام ڕەنگە حاڵەتەکان لەو ساڵانەدا وەک پێوست تۆمار نەکرابێتن.
بەڵام بەگشتی ئەو بەرزبوونەوانە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی و جۆرێتی خواردن و بەڕێکردنی ژیانێکی ناتەندروست و بەرزبوونەوەی ڕێژەی جگەرەکێشان و بەکارهێنانی ماددە بێهۆشکەرەکان پیسبوونی ئاوو هەواو خاک و ژینگە بەگشتی و لە سەرو هەمووشیانەوە دەڕانەگەیشتن بەچارەسەری پێویستی پێداویستییە پزیشکییەکان.
چارتی ژمارە (1)
دووەم؛ دابەشبوونی جوگرافی توشبووانی شێرپەنجە لە سەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2020)
ئامار و داتا فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لە ساڵی (2020)دا (31 هەزار 692) حاڵەتی نوێی توشبووان بە جۆرەکانی نەخۆشی شێرپەنجە لە پارێزگاکانی عێراق تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش بەڕێژەی (25%)ی لە پارێزگای بەغداد تۆمار کراوەوە لەدوای ئەویشەوە پارێزگای موسڵ بە ڕێژەی (7.92%)و پارێزگای سلێمانیش بە ڕێژەی (7.36%) پلەی سێهەمی گرتووە.
هەر یەک لە پارێزگاکانی (موسەنا، میسان و دهۆک) کەمترین ڕێژەیان تێدا تۆمار کراوە بە (1.55%، 2.32% و 2.46%) حاڵەتەکانی شێرپەنجەیان هەبووە. (بڕوانە چارتی ژمارە (2))
چارتی ژمارە (2)
بەڵام لە رووی دابەشبوونی جوگرافی بە پێوەری دابەشکردنی دانیشتوان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک، ئەوا؛ پارێزگای کەربەلا پلەی یەکەم دەگرێت بە (107.92) حاڵەت، پارێزگای هەولێر (105) حاڵەت و سلێمانیش پلەی سێیەم دەگرێت بە (102.66) حاڵەت بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوانی پارێزگاکانیان.
لە بەرامبەردا پارێزگاکانی (کەرکوک، موسەنا و دهۆک) کەمترین حاڵەتی شێرپرنجەیان تێدا تۆمارکراوە کە بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک (56.80، 57.30 و 57.37) توشبووی شێرپەنجەیان تێدا تۆمارکراوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (3))
چارتی ژمارە (3)
سێیەم؛ دابەشبوونی توشبووانی شێرپەنجە بەپێی "تەمەن" لە سەر ئاستی عێراق لە ساڵی (2020)
پاڵپشت بە داتاکان وەک لە چارتی ژمارە (4)دا رونکراوەتەوە، لەساڵی (2020)دا لەسەر ئاستی عێراق (31 هەزارو 692) حاڵەتی توشبوون بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە تۆمارکراون، بە تێکڕای (78.93) حاڵەت بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک، تێبینی ئەوە دەکرێت لەنێو هەردوو ڕەگەزەکەدا بەتەمەنەکان زیاتر توشی شێرپەنجە بوون، بەتایبەتیش ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان (65 - 70) ساڵیدایە کە (6.11%) یان لە رەگەزی "نێر"و (5.5%)یان لە ڕەگەزی "مێ"ن.
بەڵام بەپێی تۆمارەکان کەمترین حاڵەت لەنێو ئەو توێژەدا بڵاوبووتەوە کە تەمەنیان لەنێوان (10 بۆ 30) ساڵیدایە.
چارتی ژمارە (4)
چوارەم؛ دابەشبوونی توشبووانی شێرپەنجە بەپێی "رەگەز" لە سەر ئاستی عێراق لە ساڵی (2020)
حاڵەتە تۆمارکراوەکانی نەخۆشی شێرپەنجە لەنیو هەردوو ڕەگەزی "نێرو مێ" جیاوازە، بەتایبەت هەندێک لە جۆری نەخۆشییەکە لەنێو ڕەگەزی نێرو چەند جۆرێکشی لەنێو ڕەگەزی مێدا بەربڵاوە. وەک چۆن پیاوان زۆرتر توشی شێرپەنجەی پرۆستات دەبن، ئافرەتان زیاتر ڕوبەڕوی جۆرەکانی شێرپرنجەی مەمک و هێلکەدان و کۆئەندامی زاوزێ دەبن.
بەپێی دواین ئاماری ئەنجومەنی شێرپرنجەی عێراق لە ساڵی (2003 - 2020) زۆرتر ئافرەتان توشی جۆرەکانی نەخۆشی شێرپەنجە بوون تا پیاوان. بڕوانە (چارتی ژمارە (5))
چارتی ژمارە (5)
لەکاتێکدا لەسەر ئاستی پارێزگاکان، پارێزگای بەغداد پلەی یەکەمی گرتووە بەڕێژەی (25.35%)ی توشبووان و لەو ڕێژەیەش (15.25%)ی ئافرەت و (10.10%) لە ڕەگەزی نێرن، لە پارێزگای موسڵ (4.38%)ی مێ و (3.55%) نێرن، لە پارێزگای بەسرە بە ڕێژەی (4.04%) لە ڕەگەزی مێ و (3.34%)ی توشبووان لە ڕەگەزی نێرن، بەڵام بەڕێژەیەکی نزیک لە هاوسەنگ لە پارێزگاکانی موسەنا، دهۆک و میسان توشبوون بە شێرپەنجە تۆمارکراوە. بڕوانە (چارتی ژمارە (6))
چارتی ژمارە (6)
لە کاتێکدا تێکڕای توشبووان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک بۆ ڕەگەزی (نێر) سلێمانی بەرزترین ڕێژەی توشبووی بە جۆرەکانی شێرپەنجەی تێدا تۆمار کراوە، بەپێچەوانەی پارێزگای کەرکوک کە کەمترین ڕێژەی توشبووی بۆ هەردوو ڕەگەزەکە تێدا تۆمار کراوە بە پێوەری دابەشکردنی دانیشتوان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک. بڕوانە (چارتەکانی ژمارە (7 و 8))
چارتی ژمارە (7)
چارتی ژمارە (8)
پێنجەم؛ دابەشبوونی توشبووان بە (10) بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە ساڵی (2020)
زیاتر لە دەیان جۆری نەخۆشی شێرپەنجە لە جیهان بەگشتی و لە عێراق هەیەو (10) بەربڵاوترین جۆریان لە عێراق لە ڕەگەزی نێرەوە بۆ ڕەگەزی مێ دەگۆڕێت، بەربڵاوترینیان بریتین لە شێرپەنجەی مەمک بەڕێژەی (19.74%)و بە تێکڕای (15.58) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. لەدوای ئەویشەوە شێرپرنجەی سییەکان بەڕێژەی (7.86%)و بەتێکڕای (6.2) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. شێرپەنجەی قۆڵۆنیش پلەی سێهەمی هەیە بە ڕێژەی (6.97%)و بە تێکڕای (5.5) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان، دواتریش شێرپرنجەی مێشک و دەمار ڕێژەی (6.21%)و بەتێکڕای (4.9) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. پاشان شێرپەنجەی خوێن دێت بە ڕێژەی (5.34%)و بە تێکڕای (4.22) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. بەدوایدا شێرپەنجەی میزڵدان دێت بە ڕێژەی (4.58%)و بە تێکڕای (3.61) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. ئینجا شێرپەنجەی غودەی لیمفاوی دێت بەڕێژەی (4.06%)و بە تێکڕای (3.21) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. ئەوەشی دەمێنێتەوە شێرپەنجەی پرۆستاتە بەڕێژەی (3.25%)و بەتێکڕای (3.4) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. بڕوانە (چارتی ژمارە (9))
چارتی ژمارە (9)
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پیاوان زۆتر توشی جۆرەکانی شێرپرنجەی (سییەکان، پرۆستات، قۆڵۆن و جگەر) دەبنەوە، ئافرەتانیش زیاتر توشی جۆرەکانی شێرپەنجەی (مەمک، خانە شێرپەنجەییەکانی قۆڵۆن، سییەکان و کۆئەندامی زاوزێ) دەبنەوە.
شەشەم؛ دابەشبوونی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بە جۆرەکانی شێرپەنجە لە ساڵی (2020)
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراقی لە ساڵی (2020)، کۆی ئەو حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەوە گەیشتووە بە (10 هەزار و 622) کەس، واتە لەسەر ئاستی گشتی عێراق (19.83) کەس لەکۆی (100 هەزار) کەسێک بەهۆی شێرپەنجەوە گیانی لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی مردنی پیاوان بە جۆرەکانی شێرپەنجە زیاتر بووە لە ڕێژەی مردنی ئافرەتان، هاوکات لەڕووی گیانلەدەستدان بەپێی تەمەنە جیاوازەکان زۆرتر بۆ کەسانی بەتەمەن کوشندەتربووە، تا ئەوانەی لە قۆناغی گەنجی و مناڵیدان. بڕوانە (چارتی ژمارە (10))
چارتی ژمارە (10)
هاوکات وەک لە چارتی ژمارە (11) ئاماژەی بۆ کراوە، تێکڕای کۆی گیانلەدەستدانی توشبووانی شیرپەنجە بۆ ڕەگەزی نێر (21.26) کەس بووە بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی شێرپرنجەی قوڕگ و سییەکانەوە بووە بریتی بووە لە (5.52) حاڵەتی گیانلەدەستدان بۆ ڕەگەزی نێر لەکۆی هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. هاوکات (2.65) حاڵەتی گیانلەدەستدان بۆ ڕەگەزی نێر لە کۆی هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان بە هۆی شێرپەنجەی خوین و (2.43) حاڵەتی گیانلەدەستدان بۆ ڕەگەزی نێر لەکۆی هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان بەهۆی شێرپەنجەی مێشک و دەمارەوە بووە.
چارتی ژمارە (11)
تێبینی ئەوە دەکرێت تێکڕای کۆی گیانلەدەستدان بەهۆی تووشبوون بە بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لەنێو ڕەگەزی مێدا گەیشتووە بە (20.68) حاڵەت بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە ئافرەتان. تۆمارکردنی رێژەی مردن بەهۆی شێرپەنجەی مەمک بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە بە (6.75) کەس بۆ هەر (100 هەزار کەسێک)، پاشان شێرپەنجەی قوڕگ و سییەکان بە تێکڕای (2.75) بۆ هەر (100 هەزار کەسێک) پاشان شێرپەنجەی مێشک و دەمار دێت بە تێکڕای (2.08) کەس بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە ئافرەتان. بڕوانە (چارتی ژمارە (12))
چارتی ژمارە (12)
لەکاتێکدا دابەشبوونی تێکڕای مردن بەهۆی شێرپەنجەوە بۆ (10) بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە لەسەر ئاستی عێراق، پارێزگای کەربەلا پلەی یەکەمی گرتووە، لە دوای ئەویش پارێزگای نەجەف و پاشان پارێزگای میسان و تا دەگات بە پارێزگاکانی هەولێرو موسەناو کەرکوک کە کەمترین مردنیان تێدا تۆمارکراوە. بڕوانە (چارتی ژمارە (13))
چارتی ژمارە (13)
حەوتەم؛ بڵاوبوونەوەی بە (10) بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لەنێو مناڵاندا لە ساڵی (2020)
کۆی ژمارە حاڵەتە تۆمارکراوەکانی جۆرەکانی شێرپەنجە لەنێو مناڵانی خوار تەمەن (15) ساڵ لەسەر ئاستی عێراق لە ساڵی (2020) گەیشتووە بە (هەزار و 740) حاڵەت بە ڕێژەی (5.49%)ی کۆی توشبووان کە بۆ سەرجەم دانیشتوانی توشبووی نێو تەمەنە جیاوازەکان بریتییە لە (31 هەزار و 692) حاڵەتی تۆمارکراو.
ئەو ژمارەیەش واتە توشبوونی (11.46) منداڵ بە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان بۆ تەمەنی کەسانی کەمتر لە (15) ساڵ، بەشی زۆری ئەو ژمارەیەش لەنێو منداڵانی خوار (5) ساڵ تۆمارکراوە بە قەبارەی (12.13) حاڵەت بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە منداڵانی خوار تەمەن (15) ساڵ.
ئەوەی جێگای ئاماژەیە قەبارەی توشبووانی نێر زیاتر بەراورد بە ڕەگەزی مێ، زۆرترین ڕێژەی توشبوونی بە جۆرەکانی شێرپەنجەی نێو مناڵان بریتین لە شێرپەنجەی خوێن و لەدوای ئەویش شێرپرنجەی مێشک و دەمار لەنێو مناڵاندا پلەی دووەمی گرتووە.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقیش پارێزگای بەسرە زۆرترین بڕی شێرپەنجەی منداڵانی تێدا تۆمارکراوە، کەمترینیش لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی تۆمارکردنی نەخۆشییەکە لە نێو مناڵاندا.
کەمترین حاڵەتەکانیش لە پارێزگاکانی کەرکوک و هەولێرو سەڵاحەدین تۆمارکراون لەنێو مناڵانی خوار تەمەن (15) ساڵ. بڕوانە (چارتی ژمارە (14))
چارتی ژمارە (14)