شیكاری: درەو پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بە ناکۆکییەکی سەختی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمدا تێپەڕدەبێت، چارەسەرنەکردنی بنەڕەتی بۆ پرسەکانی پەیوەند بە هەڵبژاردن (چارەسەرنەکردنی نادادی جوگرافی، پاکژنەکردنەوەی تۆماری دەنگدران، کورسی پێکهاتەکان، پێکهێنانەوەی کۆمسیۆن لە سەر بنەمای پشک پشکێنەی حیزبی...)، چەندین ئاستەنگی دیکەن لەبەردەم هەڵبژاردن و ئەگەری قوڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکان دێنێتە ئاراوە. دەستپێک لە رۆژی (21/5/2022) کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەکان دوای کۆبوونەوەکە (هێمن هەورامی – جێگری سەرۆکی پەرلەمان) دەچێتە پەرلەمانی کوردستان و بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ کارنامەی پەرلەمانی کوردستان زیاد دەکات. لە ڕۆژی (22/5/2023) دانیشتنی ژمارە چواری ئاسایی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکە (رێواس فائق - سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان) وەک هەڵوێستەیەک بەرامبەر بەو کارەی جێگرەکەی، رایگەیاند؛ "لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان، بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە ڕەها و تاکانەیە بەکاربهێنم، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی دیکە تا بەرنامەیەکی دیکەی کار دوابخەم". دواتر (هێمن هەورامی - جێگری سەرۆک پەرلەمانی کوردستان وتی؛ "ئیمە پێمان وایە ئەمە تەعەسوفە". پاشان گرژی و پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارانی هەردوو حزب ڕوویدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند بە دەنگی (58) پەرلەمانتار، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە. لە هەمان رۆژدا لە سایتی فەرمی پەرلەمانی کوردستان ئەوە بڵاوکراویەوە کە "ئهمڕۆ دووشهممه 22/5/2023، بهسهرۆكایهتیی د. ڕێواز فائق، سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان و ئامادهبوونی د. هێمن ههورامی، جێگری سهرۆكی پهرلهمان، منی نبی قههوهچی، سكرتێری پهرلهمان، دانیشتنی ژماره (٤)ی ئاسایی خولی بههارهی ساڵی پێنجهم له خولی پێنجهمی ههڵبژاردنی پهرلهمان، بهڕێوهچوو. سهرهتا د. ڕێواز فائق، سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان، بهناوی خوا و گهلی كوردستانهوه دانیشتنهكهی كردهوه و بڕیاری دواخستنی دانیشتنهكهی بۆ كاتێكی تر دواخست. پاشان د. هێمن ههورامی، جێگری سهرۆكی پهرلهمان سهرۆكایهتیی دانیشتنهكهی گرتهئهستۆ بهخستنه دهنگدانهوه بهردهوامیی به دانیشتنهكهدا و ههر بهدهنگدانیش ئاڵوگۆڕی له ڕیزبهندیی خاڵهكانی بهرنامهی كاری دانیشتنهكه كرا و بهمجۆره بهپێی خاڵی یهكهمی بهرنامهی كار، د. هێمن ههورامی، كاراكردنهوهی ئهنجوومهنی كۆمیسیارانی خسته دهنگدانهوه و به دهنگی (٥٨) پهرلهمانتار پهسندكرا و پاشان ناوی ههریهك له بهڕێزان (عهلی ساڵح مهحمود وكامهران نهشئهت بهكر)ی وهك دوو پاڵێوراو بۆ ئهندامیهتیی ئهنجوومهنی كۆمیسیاران خسته دهنگدانهوه و به دهنگی (٥٨) پهرلهمانتار پهسەندكران و بهمجۆره كۆتایی بهدانیشتنهكه هێنا". پاش دوو ڕۆژ لەو دانیشتنە، ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ (عهلی ساڵح مهحمود وكامهران نهشئهت بهكر) وهك دوو پاڵێوراو بۆ ئهندامیهتیی ئهنجوومهنی كۆمیسیاران لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری سوێندی یاساییان خوارد. ئەگەرچی ئەم پرسە بە ناکۆکییەکی سەختی نێوان پارتی و یەکێتیدا تێپەڕدەێت. چارەسەرنەکردنی بنەڕەتی بۆ پرسەکانی پیوەند بە هەڵبژاردن، وەک؛ (چارەسەرنەکردنی نادادی جوگرافی، پاکژنەکردنەوەی تۆماری دەنگدران، کورسی پێکهاتەکان و نەدانی بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان و پێکهێنانەوەی کۆمسیۆن لە سەر بنەمای پشک پشکێنەی حیزبی...)، چەندین ئاستەنگی دیکەن لەبەردەم هەڵبژاردن و ئەگەری قوڵبوونەوەی زیارتری ناکۆکییەکان دێنێتە ئاراوە. یەکەم؛ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992) حەوت جار هەموارکراوەتەوە، پێنج خولی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای یاساکە بەڕێوەچووە، بەڵام ئێستا زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان ناکۆکن دەربارەی یاساکە، هەوڵی هەموارکردنەوەی یاساکە لە ئارادایەو هەندێ جار لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکان زیاتر دەڕۆن و باس لە یاسایەکی نوێ دەکەن، هەرچۆن بێت (هەموار یان گۆڕینی یاساکە) چەند پرسێکی سەرەکی نزیکە یاخود هەوڵ هەیە گۆڕانکاری تێدا بکرێت ئەوانیش؛ 1. هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی لەگەڵ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (7) جار هەموارکراوەتەوە، بەڵام لەسەرجەم هەموارکردنەکاندا ئەوە وەک خۆی ماوەتەوە کە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت..." ئەم دەقەش لە ماددەی نۆیەمی یاساکە جێگیر کراوە. بەڵام لە ئێستا فشارێکی زۆر هەیە خولێکی نوێی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، ئەو دەقەی سەرەوە یەکێک بووە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێو لایەنەکان، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانی دیکە، "هەرچەندە وا نیشان دەدرێت کە لە ئێستادا ئەو ناکۆکیانە لەم بارەوە رەویوەتەوەو پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕەزامەندبووە بە هەموارکردنی دەقی ناوبراو". بەپێی ئەو دەقە، سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە سەرجەم ناحیەو قەزاو پارێزگاکانییەوە لە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتووە، گرفتی سەرەکی "یەک بازنەی هەڵبژاردن" بەڕای زۆربەی چاودێرانی بوارەکە، لە قوڵایدا نادادپەوەری جوگرافی لێدەکەوێتەوە، لە ڕووی بوونی نوێنەر لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا. بەپێی پەیڕەو کردنی سیستمی یەک بازنەیی، سەرجەم ناوچە جوگرافییە جیاوازەکان نوێنەریان بە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان ناگات. ئەمە چۆن؟ بۆ نمونە "بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن" لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆی (135) قەزاو ناحیەی هەرێمی کوردستان، (114) قەزاو ناحیە هیچ نوێنەرێکیان لە پەرلەمانی کوردستان نیە. بە پێچەوانەوە لە کۆی (111) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان (74) ئەندامیان بەڕێژەی (67%) نوێنەری (3) قەزاکەی ناوەندی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)ن. لە کاتێکدا (132) قەزاو ناحیەکەی دەرەوەی ئەو سێ شارە تەنها (37) نوێنەریان بە ڕێژەی (33%) لە پەرلەمانی کوردستانە. بۆ چارەسەرکردنی یاخود لانی کەمی کاڵ کردنەوەی ئەو نادادپەروەرییە جوگرافییەی کە لە یەک بازنەیی دەکەوێتەوە، چەند بژاردەیەک لە ئارادایە، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها تیشک دەخەینە سەر هەموارکردن دەقی ماددە یاساییەکەو گۆڕینی کە (یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن) وەک ئەوەی لە ئێستادا زۆربەی لایەنە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکەنەوە. ئەگەر هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پارێزگانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) بکرێت بە (4) بازنەی هەڵبژاردن، بەمانای کۆتایی هاتن نییە بە نادادپەوەری جوگرافی، چونکە بەهۆی ڕێژەی بەرزی دانیشتوان لە شارە گەورەکان، نادادپەرەوەییەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان دووبارە دەبێتەوەو ڕوودەداتەوە. بە بەڵگەی ئەوەی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا پارێزگانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)، کە هەر یەکەو بازنەیەکی هەڵبژاردن بوو. بۆ نمونە لە پارێزگای سلێمانی لە کۆی (14) قەزای سنوری پارێزگاکە (6) قەزایان بەڕێژەی (43%)ی قەزاکانی سنورەکە هیچ نوێنەرێکیان سەرنەکەوتووە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کە بریتین لە قەزاکانی (پێنجوێن، دەربەندیخان، کفری، قەرەداغ، شارباژێڕ و ماوەت)، بەڵام تەنها لە ناوەندی قەزای سلێمانی (16) کاندید سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. ئەمەش ئەو ڕاستییە رووندەکاتەوە، کە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، مەرامی سیاسییان هەیە بە گۆڕینی یاساکە لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، زیاتر لەوەی لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو نادادپەروەرییە بێت کە لە سیستمی یەک بازنەیی دەکەوێتەوە. بۆ نمونە پاڵپشت بە ئەنجامی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانەی عێراق، سەنگی لایەنە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان و دواتر گریمانە کردنی هەموای یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی لێکەوتەکانی لەسەر پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کورستان، بەو شێوەیە دەبێت کە لە(چارتی ژمارە (1))دا نیشان دراوە. چارتی ژمارە (1) دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین، کە ئایا لەسەر چ بنەمایەک ژمارەی کورسی بۆ هەر بازنەیەک تەرخان دەکرێت، ئەگەر ژمارەی دانیشوانی سنوری هەر بازنەیەک بە پێوە بگیرێت _کە دەبێت هەر واش بێت_ کام پێوەری سەرژمێری تەبەنی دەکرێت، چونکە بە گوێرەی هەردوو ئاماری وەزارەتەکانی پلاندانانی (هەرێم و و عێراق) جیاوازی گەورە هەیە لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی سنوری پارێزگاکانەوە، لەم بارەیەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). 2. تۆماری دەنگدەران هەر بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1) ساڵی (1992)ی هەموارکراو، پاڵپشت بە ماددەی شەشەمی یاساکە "بەیاسایەک، دەستەیەکی باڵای سەربەخۆ پێکدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان و بەڕێوەبردنی کارەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان – عێراق، خشتەی دەنگدەران ئامادە دەکات..." ئەم دەقە یاساییە ئامادەکردن و ڕێکخستنی تۆماری دەنگدەران دەخاتە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان. سەربارەی ئەوەش وەک لە یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (4)ی ساڵی (2014) ماددەی چوارەم بڕگەی پێنجەمدا هاتووە؛ (بهڕێوهبردنی پرۆسهی تۆماركردنی دهنگدهران و رێكخستن و نوێ كردنهوهی تۆمارهكانیان بۆ مسۆگهر كردنی مافی ههڵبژاردنیان) دەخاتە ئەستۆی کۆمسۆن. هاوکات لە ماددهی شهشهم، بڕگەی یەکەم، خاڵی (1)دا هاتووە "دامهزراندن و نوێ كردنهوه و بژارد كردنی تۆماری دهنگدهران له رێی ههموو جۆره شێوازێكی تازهی بهردهست، لهسهر لایهنی پهیوهندیداریش پێویسته هاوكاری و ههماههنگی لهگهڵ ئهنجوومهندا بكهن بۆ گهیشتن بهو مهبهسته". ئەم دەقە یاساییانەش دەسەڵاتی ئامادەکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم یەکلا دەکاتەوە. بەڵام زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان خشتەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بە ناخاوێن دەزانن، داوای هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد دەکەن. دەکرێت بوترێت ئەم خواستەش ڕەوایەتی تێدایە، بۆ نمونە بەپێی ڕاپۆرتێکی ئێنستتیوتی پەی کە لە ساڵی (2018)دا بڵاوی کردووەتەوە، تێدا ئاماژە بەوە دراوە زیاتر لە (932 هەزار) ناوی گوماناوی ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە بەجۆرێک: - لیستی دهنگدهرانی تایبهت كه دووباره ناویان ههیه (184 هەزار) کەسە. - دووباره بووهوهی نێو خودی ههرێم (100 هەزار) کەسە. - دووباره بووهوهی نێوان ههرێم و ناوچهكانی مادهی 140 (94 هەزار و 567) کەسە. - ژمارهی مردووان (218 هەزار و 965) کەسە. - لهدایك بووانی ساڵی 2000 كه تهمهنیان بهر لهوادهی دهنگدانهو نهگهیشتوونهته 18 ساڵ (60 هەزار) کەسە. (بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لە ساڵی (2018)دا بڵاو کراوەتەوە، چونکە لە ئێستادا لەدایکبووانی ساڵی (2005) مافی دەنگدان بەدەست دەهێنن). - جیاوازی لهنێوان تۆماری بایۆمهتری عێراق و تۆماری ههرێم (275 هەزار و 423) کەسە و كۆی گشتی (932 هەزار و 964) هەزار ناوی گوماناوی دەکات. ئەگەر ئەو ژمارانە بە ڕێژەی (50%)یش ڕاستبن و ئەوا دەتوانن کاریگەری گەورە لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردن جێبهێڵن، بە تایبەت ئەگەر لایەن یان چەند لایەنێکی سیاسی بە مەبەست ئەو ناوانەیان خزاندبێتە نێو لیستی تۆماری دەنگدەرانەوەو بتوانن بە قازانجی خۆیان بەکاری بهێنن. ڕاپۆرتەکەی ئێنستتیوتی پەی ئاماژەی بەوەش داوە تۆماری دەنگدەران لە هەرێم پشت بە فۆرمی خۆراک دەبەستێت و ئەم فۆرمەش لەساڵی (1996)ەوە دروستکراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو کەسانەی کە مردوون لە ساڵی (1996)ەوە بە دەگمەن نەبێت ناویان لە تۆمارەکە نەسڕاوەتەوە، کە بە سەدان هەزار کەس دەخەمڵێنرێت. سەرباری ئەو کەموکورتیانەی نێو تۆماری دەنگدەرانی هەرێم، ئەگەر لایەنێک یان چەند لایەنێکی سیاسی داوای جێبەجێکردنی تۆماری دەنگدانی کومسیۆنی عێراق بکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوا پێویستە هەردوو یاسای (هەڵبژاردن و کۆمسیۆن)ی هەرێم هەموار بکرێتەوە، ئەمەش بە ئاسانی لە پەرلەمانی کوردستان تێناپەڕێت (ئەگەر لایەنەکان لە بابەتی دیکەدا سازش بۆ یەکتر نەکەن) و ڕەنگە لە رووی واقعیشەوە گونجاو نەبێت کۆمسیۆنی هەرێم بەتەنها پشت بە تۆماری دەنگدەرانی کۆمسیۆنی عێراق ببەستێت. بۆیە ڕێگاچارەی گونجاو داڕشتنی تۆمارێکی پاک و بێگەردی تایبەت بە کۆمسیۆنی هەرێمە، کە ئەمەش پێویستی ڕێ و شوێن قورس و کاتی زۆرە. بەڵام پێویستە لێرە ئاماژە بەوەش بدەین بە پێچەوانەی ئەو دەرەنجامەی لە ئامارەکانی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووەتەوە، جیاوازی گەورە هەیە لە نێوان هەردوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق، سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان مافی دەنگدان و بەشدارییان لە هەڵبژاردن هەیە، چونکە بە پێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق، لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021)، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لەم سێ پارێزگایە مافی دەنگدانیان هەبوو بریتی بوو لە (3 ملیۆن و 85 هەزار و 461) هاوڵاتی. بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا و پاڵپشت بە داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، کە لە سایتی فەرمی دەستەکە بڵاوکراوەتەوە (3 ملیۆن و 277 هەزار و 551) کەس مافی دەنگدانی هەیە لە سێ پارێزگاکەو بەم پێیەش جیاوازییەکە بە ڕێژەی (6%) و (192 هەزار و 90) کەس کەمترە بەراورد بە داتاکانی کۆمسیۆنی عێراق. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). 3. پشکی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان پشکی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان یەکێکی دیکەیە لە خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەندێکش بە "گرێکوێرەی هەڵبژاردن" ناوی دەبەن. هەر بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەموارکراو ماددەی (سی و شەشەم)؛ یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان سریان ئاشوری تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. لە یەکەم خولی هەڵبژاردن لە یاسای ژمارە (١) ساڵی ١٩٩٢ ماددەی یەکەم (١٠٠) کورسی گشتی تەرخان کرا لە سەر بنەمای هەر نوێنەرێک (٣٠) هەزار کەس بێ ، کە ئەو کات ڕێژەی دەنگدەر نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی بوو، ڕێژەی (٥) کورسی بۆ (مەسیحیەکان) پێکهاتەی کلدان، سریان، ئاشووری دابین کرا."لەسەر پێشنیازی مام جلال "، دواتر ڕیژەی پێکهاتەکان لە (٥) کورسی زیاد کرا بۆ (١١) کورسی. پرسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان خاڵێکی دیکەی جەوهەری ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانە بە تایبەت پارتی بەرامبەر یەکێتی و ئۆپۆزسیون و سەربەخۆکان، کە ئەویش بریتیە لە دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان و تۆماری دەنگدانی تایبەت بە پێکهاتەکان. هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن لەسەر ئەو بنەمایەی "نوێنەری ئێستای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکەن ژمارەی کورسی پێکهاتەکان زیاد بکرێ، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٩٢ کە (١) ملیۆن دەنگدەر هەبوو ژمارەی کورسی گشتی (١٠٠) کورسی بوو، لە ئێستادا ڕێژەی دەنگدەری گشتی زیاد لە (٣) ملیۆن دەنگدەرە، هیچ داواکاریەک نیە بۆ زیادکردنی ڕێژەی کورسی گشتی، کە جیاوازی لە نێوان ساڵی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٢٢ سێ سەد هێندەیە". لە پاڵ ئەم گۆڕانکاریە گەورەی ڕێژەی دەنگدەر هیچ لایەنێک لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی پێکهاتەکان نیە داوای زۆرینەی لایەنە ناکۆکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتییە لەوەی کە کورسی پێکهاتەکان دابەشی سەر بازنەکان بکرێت و تۆماری تایبەتی دەنگدەرانی خۆیان ببێت، تەنها بەئامانج ئەوەیە کە پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن، له ژێر گوشاردا نهبن به پاشكۆی سیاسهتی تهسكی هیچ لایهنێك، دهیانەوێت ههڵبژاردن و پشتیوانیكردنیان به جۆرێك بێت كه سهربهخۆیی و بههای نوێنهرایهتییهكهیان، له دهست نهدهن. بۆ ئهمهش، كورسیی پێكهاتهكان پێویسته ئهوهنده ئازاد بێت كه بتوانێت له سێبهری پاشكۆیهتی و بهرژهوهندیی حیزبت رزگار بكرێن. هەر لە بارەی کورسی پێکهاتەکانەوە (ئارام جەمال – بەرپرسی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن) پێی وایە؛ "ئەو یانزە کورسییەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکان تەرخانکراوە، بۆ یەکەمجارە بۆتە کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام نابێت ئەو کێشەیە بەوە چارەسەربکرێت کە بەشێک لە یانزە کورسییە کە لە دەست یەکەمیان بسەنرێتەوە و بەشی دووەمی لێبدرێت، بەڵکو چارەسەری دروست ئەوەیە و کە ئەو پێکهاتانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، چونکە ڕەگی کێشەکە ئەوەیە هەتا ئێستا هاوڵاتیانی ئەو پێکهاتانە بەناوی نوێنەرایەتیەوە قەیرانی نوێنەرایەتیان هەیە". ئەگەر هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (یەکێتی و پارتی) ئەوەندە بە تەنگ مافی پێکهاتەکانەوەن بۆچی کاندیدی کلدۆ سریانی و ئاشوری و تورکمان و کاکەیی و ئێزیدی ناخەنە نێو لیستەكانیانەوە؟، بۆ چارەسەری گرفتی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانیش (3) ڕێگە پێشنیار دەکات؛ 1. جیاکردنەوەی چەند کوردسییەک بۆ پێکهاتەکان، لەنێو خۆیاندا هەڵبژاردن بکەن و کاریگەری دەنگدانەی پێکهاتەی زۆرینەیان بەسەرەوە نەبێت. 2. شێوازی جێکردنەوەی کاندیدانی پێکهاتەکان لەنێو حزبە زۆرینەکاندا (باشترین نەبراوەی کاندیدی پێکهاتەکان) 3. لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی پێکهاتەکان لە داڕشتنی بازنەکانی هەڵبژاردندا. دووەم؛ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (8 ساڵ و نیوی) تەمەنی خۆیدا سەرپەرشتی ڕاپرسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25/9/2017، و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە لە 30/9/2018 دا. لە ئێستاشدا زیاتر لە (3 ساڵ و نیو) بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا تێپەڕیوە و (2) لە ئەندامەکانی ساڵانێکە لە پۆستەکانیان نەماون. لایەنە سیاسییەکان بۆچونی جیاوازیان لەبارەی شێوازی کاراکردنەوەو پڕکردنەوەی هەبوو. لە 23/7/2014 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 بەناوی (یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان - عێراق)ی پەسەند کرد. لەماددەی دووەمی یاساکەدا هاتووە: "بە گوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەک دادەمەزرێ لە ژێر ناوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاکە دەسەڵات کە ڕێکاری هەموو هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسییە گشتییەکان ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان – عێراق". بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کۆمسیۆن پێکدێت لە؛ یەکەم: ئەنجومەنی کۆمسیاران: لە خاڵی (1)ی ماددەکە هاتووە: ئەنجومەنی کۆمسیاران لە (9) ئەندام پێک دێ کە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن و دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە کە پەرلەمان پێکیدەهێنێ و پێشنیاز دەکرێن، بە مەرجێک دوو ئەندامی ئەنجوومەن بەلانی کەمەوە یاساناس بن، هەروەها دەبێ نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێ و ماوەی کارکردنی ئەنجومەنەکەش (5) ساڵی رۆژ ژمێرییە. لەم چوارچێوەیەدا پارتە سیاسییە سەرەکییەکان کاریان بۆ ئەوە کرد ئەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە نێوان خۆیان بەش بەش بکەن و سێ ئەندامی درا بە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتیش لەپشکی خۆی ئەندامێکی دا بە تروکمان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکی دوو ئەندام و هەر یەک لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەندامێکییان پێدرا. ئەندامەکانیش لە ڕۆژی 3/12/2014 لە پەرلەمانی کوردستان و 23/12/2014 لهلایهن ئهنجومهنی دادوهری ههرێمی كوردستان متمانهی پێدرا. وەک ئاشکرایە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران ماوەی یاساییان تەواو ببوو، هاوکات دوان لە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو ئەنجومەنەکەدا نەمابوون، لەم بارەیەوە لە رۆژی (21/5/2022) کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەکان دوای کۆبوونەوەکە (هێمن هەورامی – جێگری سەرۆکی پەرلەمان) دەچێتە پەرلەمانی کوردستان و بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ کارنامەی پەرلەمانی کوردستان زیاد دەکات. لە ڕۆژی (22/5/2023) دانیشتنی ژمارە چواری ئاسایی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشینەکە (رێواس فائق - سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان) وەک هەڵوێستەیەک بەرامبەر بەو کارەی جێگرەکەی، رایگەیاند "لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی نیشتیمانی و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان، بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە ڕەها و تاکانەیە بەکاربهێنم، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی دیکە تا بەرنامەیەکی دیکەی کار دوابخەم". دواتر (هێمن هەورامی - جێگری سەرۆک پەرلەمانی کوردستان وتی؛ "ئیمە پێمان وایە ئەمە تەعەسوفە". پاشان گرژی و پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارانی هەردوو حزب ڕوویدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند بە دەنگی (58) پەرلەمانتار، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە. لە هەمان رۆژدا لە سایتی فەرمی پەرلەمانی کوردستان ئەوە بڵاوکراویەوە کە "ئهمڕۆ دووشهممه 22/5/2023، بهسهرۆكایهتیی د. ڕێواز فائق، سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان و ئامادهبوونی د. هێمن ههورامی، جێگری سهرۆكی پهرلهمان، منی نبی قههوهچی، سكرتێری پهرلهمان، دانیشتنی ژماره (٤)ی ئاسایی خولی بههارهی ساڵی پێنجهم له خولی پێنجهمی ههڵبژاردنی پهرلهمان، بهڕێوهچوو. سهرهتا د. ڕێواز فائق، سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان، بهناوی خوا و گهلی كوردستانهوه دانیشتنهكهی كردهوه و بڕیاری دواخستنی دانیشتنهكهی بۆ كاتێكی تر دواخست. پاشان د. هێمن ههورامی، جێگری سهرۆكی پهرلهمان سهرۆكایهتیی دانیشتنهكهی گرتهئهستۆ بهخستنه دهنگدانهوه بهردهوامیی به دانیشتنهكهدا و ههر بهدهنگدانیش ئاڵوگۆڕی له ڕیزبهندیی خاڵهكانی بهرنامهی كاری دانیشتنهكه كرا و بهمجۆره بهپێی خاڵی یهكهمی بهرنامهی كار، د. هێمن ههورامی، كاراكردنهوهی ئهنجوومهنی كۆمیسیارانی خسته دهنگدانهوه و به دهنگی (٥٨) پهرلهمانتار پهسندكرا و پاشان ناوی ههریهك له بهڕێزان (عهلی ساڵح مهحمود وكامهران نهشئهت بهكر)ی وهك دوو پاڵێوراو بۆ ئهندامیهتیی ئهنجوومهنی كۆمیسیاران خسته دهنگدانهوه و به دهنگی (٥٨) پهرلهمانتار پهسەندكران و بهمجۆره كۆتایی بهدانیشتنهكه هێنا". پاش دوو ڕۆژ لەو دانیشتنە، ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاوکردەوە. بڕیار وایە ههریهك له (عهلی ساڵح مهحمود وكامهران نهشئهت بهكر)ی وهك دوو پاڵێوراو بۆ ئهندامیهتیی ئهنجوومهنی كۆمیسیاران رۆژی (28/5/2023) لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری سوێندی یاسایی بخۆن. رۆژی (29/5/2023) بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کۆمسیاران بکەن. تایبەت بە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە ڕابردوو و ئێستادا (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))؛ سەرچاوەکان 1. درەو میدیا، هەڵبژاردنی كوردستان بە ئاماری هەرێم دەكرێت یان بەغداد، 16/6/2022. 2. درەو میدیا، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێم لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، 7/6/2022. 3. درەو میدیا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم لە پشک پشکێنەی حیزبی ڕزگاری نابێت!، 25/1/2021. 4. عەونی بەزاز؛ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992) بە سەرجەم هەموارەکانییەوە. 5. یاسای ژماره (4)ی ساڵی 2014 یاسای كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردن و ڕاپرسی. 6. ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، تۆماری دەنگدەران لە نێوان بێگەردی و ساختەکاریدا، تشرینی دووەمی (2017). 7. هاوڕێ تۆفیق، لە کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت کێشەکان چی بوون و کامیان چارەسەر بوون؟ (دەرەو میدیا) 8. ڕاپۆرتی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن (ئیفۆ گرافیک)، واڵی ئارام جەمال. 9. سەركۆ گەڵاڵی (ئەندامی پەرلەمانی کوردستان – فراکسیۆنی یەکێتی)، گرێ کوێرەی هەڵبژاردن بە ئاسانی ناکرێتەوە، پەڕەی تایبەتی نوسەر، 24/1/2023. 10. ئارام جەمال، رێگەچارەی قەیرانی نوێنەرایەتی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستاندا، ئەیلولی 2022. 11. ڕاگەیەندراوی هابەشی کۆبونەوەی بەشی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە 28/2/2023 12. سایتی پەرلەمانی کوردستان؛ بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کارا کرایهوە. 13. سایتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان. 14. سایتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق.
راپۆرت: درەو لەدوای پەرلەمانی كوردستان، ئەنجومەنی دادوەریش كەوتە ناو كێژاوی ململانێی پارتیو یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنەوە، دادوەرەكانی هەولێرو دهۆك بەبێ دادوەرەكانی سلێمانی كۆبونەوەو سوێندخواردنی دوو ئەندامی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان پەسەندكرد، یەكێتیی دەڵێ نیسابی كۆبونەوەكە تەواو نەبووە، ئەنجومەنی دادوەریی چییە؟ دادوەرەكانی چۆن دابەشبوون ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریدا بێ گوێدانە ناڕەزایەتییەكانی یەكێتیی نیشتمانی، پارتی دیموكراتی كوردستان سورە لەسەر ئەوەی كۆبونەوەی رۆژی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم كۆبونەوەیەكی دروستە، بۆیە ئەمڕۆ لەڕێگەی ئەنجومەنی دادوەرییەوە بڕیارەكەی پەرلەمانی جێبەجێكرد. دوای كۆبونەوە كێشەلەسەرەكەی 22ی مانگ، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پارتی نوسراوی ژمارە (10)ی ئاڕاستەی وەزارەتی داد كرد، تێیدا رایگەیاند، پەرلەمان كۆمسیۆنی كاراكردوەتەوەو متمانەی بە دوو كەس داوە بۆ پڕكردنەوەی شوێنە بەتاڵەكانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، هاوكات رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتییە نوسراوی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە كۆبونەوەی 22ی مانگی پەرلەمان هەڵگیراوەو كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوە. لەنێوان ئەم دوو نوسراوەدا، فەرسەت ئەحمەد وەزیری دادی هەرێم كە سەربە پارتییە، نوسراوەكەی هێمن هەورامی پەسەندكردو لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاویكردەوە. لەسەر بنەمای نوسراوی ژمارە (10)ی وەقایعی كوردستان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم كۆبووەوە، لە كۆبونەوەكەدا دەستبەكاربوونی دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد. (عەلی ساڵح مەحمود)و (كامەران نەشئەت بەكر) وەكو كۆمسیاری نوێی كۆمسیۆن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریی سوێندی یاساییان خوارد. نیسابی ئەنجومەنی دادوەریی.. كێشەیەكی تر لەكاتێكدا هێشتا پارتیو یەكێتیی ناكۆكییەكانیان لەبارەی كۆبونەوەكەی 22ی مانگی پەرلەمانی كوردستان بەلادا نەخستووە، ئەمڕۆ كێشەیەكی تر هاتە پێشەوە كە كێشەی نیسابی یاسایی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمە. بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی (33) لە یاسای ژمارەی (23)ی ساڵی 2007ی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستانو بەگوێرەی بڕگەی (ا) لە مادەی 3ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی دادوەریی، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەریی پێویستی بە ئامادەبوونی (3/4) ئەندامانی ئەنجومەنەكە هەیە. ئێستا ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم لە (8) ئەندام پێكدێت، واتا بۆ تەواوكردنی نیسابی كۆبونەوە، دەبێت لە كۆی (8) ئەندام (6) ئەندام ئامادەبن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، 8 ئەندامەكەی ئەنجومەنی دادوەریی بەمشێوەیە دابەشبوون: • 3 ئەندام لە سنوری سلێمانیی • 5 ئەندام لە سنوری هەولێرو دهۆك سێ ئەندامەكەی سنوری سلێمانی ئەمڕۆ بەشداری كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی دادوەرییان نەكرد تایبەت بە سوێندخواردنی دوو ئەندامەكەی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ئەوانەی بەشدار نەبوون بریتین لە هەریەكە لە: • دادوەر (لەتیف عوسمان شەریف) جێگری سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان (تەمەنی یاسایی بەسەرچووە، بەپێی زانیارییەكان دوێنێ بۆی درێژكراوەتەوە بە ئومێدی ئەوەی ئەمڕۆ بەشداری كۆبونەوەكە بكات، بەڵام بەشداری نەكرد) • دادوەر (جاسم جەزا جافر هەورامی)- سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی • دادوەر (ئاوات حاجی)- سهرۆكی دادگای تێههڵچوونهوهی كهركوك/ گهرمیان لەبەرامبەردا ئەو (5) دادوەرەی هەولێرو دهۆك كە بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆیان كرد بریتی بوون لە هەریەكە لە: • دادوەر (عەبدولجەبار عەزیز حەسەن)- سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی كردووە) • دادوەر (محەمەد مستەفا مەحمود)- جێگری سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم • دادوەر (كاوە فەتحی مەعسوم)- سەرۆكی داواكاری گشتیی • دادوەر (فاخر سابر بایز)- سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر • دادوەر (بەهزاد فەتحی عەلی)- جێگری سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی دهۆك (لەبری سەرۆكی دادگاكە بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی كردووە) یەكێتیی نیشتمانی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەریی بە كۆبونەوەیەكی نایاسایی دەزانێت، چونكە دەڵێ نیسابی كۆبونەوەكە تەواو نەبووە، لەبری (6) ئەندام تەنیا (5) ئەندام بەشدارییان كردووە، ئەمە بەواتای ئەوەدێت ئەنجومەنی دادوەریی بەبێ نیساب بڕیاریداوە لەسەر دەستبەكاربوونو سوێندخواردنی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن. ئەمڕۆ كاری یەكێتیی قورستر بوو، ئەگەر سكاڵا لەسەر كۆبونەوەكەی 22ی پەرلەمان تۆمار بكات، دەبێت سكاڵاش لەسەر كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەریی تۆمار بكات. هەموو ئەم كێشانە وا دەكەن پێشبینی ئەوە بكرێت پارتیو یەكێتیی لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەگەنە رێككەوتنو بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی دوابكەوێت كە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە. لەبارەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئەنجومەنی دادوەریی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی كوردستان، دەسەڵاتی سێیەمە لەپاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)و دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت). تاوەكو ساڵی 1992 دەسەڵاتێكی دادوەریی سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان نەبووە، كاری سەرجەم دادگاكان بە یاسای ژمارە (160)ی ساڵی (1979) رێكدەخراو دادگاكان سەر بە وەزارەتی دادی بەغداد بوون. لەدوای راپەرینی ساڵی 1991و كشانەوەی دامودەزگاكانی رژێمی بەعس لە كوردستان دۆخەكە وەكو خۆی ماوەیەوە، واتا دەسەڵاتی سەربەخۆی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان دروست نەكرا، چونكە یاسای دەسەڵاتی دادوەریی ژمارە (14)ی ساڵی 1992 كە یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە، دادگاكانی بەستوەتەوە بە وەزارەتی دادەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت دادگاكان راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت)و سەربەخۆ نەبوون. دۆخی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا روخا، ساڵی 2005 عێراق دەستورێكی نوێی نوسییەوە، لە دەستورەكەدا مافی ئەوە بە دەسەڵاتی هەرێمەكان درا مومارەسەی دەسەڵاتی دادوەریی خۆیان بكەن، لەسەر ئەم بنەمایە پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارەی (23)ی ساڵی 2007ی دەركرد، ئیتر لێرەوە بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان دادگاكان لە وەزارەتی دادو دەسەڵاتی جێبەجێكردن جیاكرانەوەو خرانە سەر ئەنجومەنی دادوەریی وەكو دەسەڵاتێكی سەربەخۆ لەپاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)و دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت). بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەریی، سەرۆكی دادگای پێداچونەوە هاوكات سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریشە، ئەم كەسە پۆستەكەی هاوتای پۆستی سەرۆكی پەرلەمانو سەرۆكی حكومەتە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە بەپێی ماددەی (38)ی یاساكە:" سەرۆكی دادگای پێداچونەوە پلەكەی وەزیرەو موچەو دەرماڵەی وەزیر وەردەگرێ"، واتا بەپێی پلەی وەزیفی نەخراوەتە ئاستی سێ سەرۆكایەتییەكانی هەرێم. ئەو دادگایانەی كە سەربە ئەنجومەنی دادوەرینو بە دادگا مەدەنییەكان ناودەبرێن، بریتین لەم دادگایانە: • دادگای پێداچونەوە (التمییز) • دادگای تێهەڵچونەوە (استئناف) • دادگاكانی تاوان • دادگاكانی نەوجەوانان • دادگاكانی باری كەسایەتی • دادگاكانی كەتن • دادگاكانی كار • دادگاكانی لێكۆڵینەوە • دادگاكانی تایبەت بە ماددەكانی كەسایەتی بۆ مەسحییەكانو ئێزدییەكانو ئاینەكانی تر دەسەڵاتی سێیەم كێیە ؟ ئەنجومەنی دادوەریی كە دەسەڵاتی سێیەمە لە هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی ئەو یاسایەی كە كاری پێدەكات، ئەندامەكانی بریتین لەو كەسانەی كە ئەم پۆستانەیان هەیە: • سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەو جێگرەكانی • سەرۆكەكانی دادگاكانی تێهەڵچوونەوە (هەولێر- دهۆك- سلێمانی- كەركوك/گەرمیان) • سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەریی (تا ئێستا یاسای بۆ دەرنەچووە) • سەرۆكی داواكاری گشتی ئەم ئەنجومەنی سەرباری ئەوەی سەربەخۆیەو بەپێی یاساكەی دەبێت دادوەرەكانی حزبی نەبن، بەڵام وەكو هەموو دامەزراوەكانی تر ئەندامەكانی ئەم ئەنجومەنە دابەشبووە بەسەر پارتیو یەكێتیدا، دادوەرەكانی سنوری سلێمانی لەلایەن یەكێتییو ئەوانەی سنوری هەولێرو دهۆكیش لەلایەن پارتییەوە دانراون، بۆیە كاتێك كێشە لەسەر پرسە یاساییەكان لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دروست دەبێت، دادوەرەكانیش دابەش دەبن، باشترین نمونە بۆ ئەم دابەشبوونەی دادوەرەكان كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەرییە. پارتی لە ئەنجومەنی دادوەریی (5) ئەندامو یەكێتیش (3) ئەندامی هەیە، واتا جگە لە سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەتو زۆرینەی پەرلەمانیی، پارتی دیموكرات جڵەوی دەسەڵاتی سێیەمیشی لەدەستدایە كە دەسەڵاتی دادوەرییەو دەتوانێت لەڕێگەیەوە سیاسەتەكانی خۆی سەربخات. ئەنجومەنی دادوەری بەپێی یاسا دەبێت مانگانە لانی كەم جارێك كۆبونەوە بكات، لەپاڵ ئەمەدا سەرۆكی ئەنجومەنەكە بۆی هەیە لەكاتی پێویستدا داوای كۆبونەوە بكات، ئەگەر سەرۆك یان ئەو كەسەی كە نوێنەرایەتی سەرۆك دەكات لەگەڵ سێ لەسەر چواری ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری ئامادەی كۆبونەوەیەك نەبن، كۆبونەوەكە بەڕێوەناچێت، بڕیار لەناو ئەم ئەنجومەنەدا بەزۆرینە دەدرێت واتە (50+1)ی ئەندامانی ئەنجومەن. بەپێی یاسا ئەنجومەنی دادوەریی ئەم تایبەتمەندیانەی پێدراوە: • ئامادەكردنی پلانو نەخشە بۆ دەزگای دادوەرییو وتووێژ لەسەركردنیو دەربڕینی تێبینییەكانی لەبارەیەوە. • سەیركردنی كاروباری دامەزراندنو بەرزكردنەوەو پایەپێدانو گواستنەوەو گەڕاندنەوەی دادوەرەكانو لێكۆڵینەوە لە رەوشتو توانایانو سەرپەرەشتیكردنی سەربەخۆیی دادوەریی. • ئامادەكردنی بودجەی ئەنجومەنو بەرزكردنەوەی بۆ پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی. • رێكخستنی كارگێڕیو دادگاكان بەكاروباری خزمەتی كارمەندانو بەرزەفتكردنیان. • دیاریكردنی میلاكاتی دادگاكانو دامەزراندنی فەرمانبەران كە ئەو میلاكانە پڕدەكەنەوەو ئەوانی دیكە لەچوارچێوەی تەرخانكراوەكانی بودجەی ئەنجومەن دەبن. • دانانی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ ئەنجومەن. بودجەی دەسەڵاتی سێیەم ئەنجومەنی دادوەریی وەكو دەسەڵاتی سێیەم لە هەرێمی كوردستان بودجەی تایبەت بەخۆی هەیە، بەپێی ئەو یاسایەی كاری پێدەكات، بودجەی ئەم دەسەڵاتە سەربەخۆیە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە ئامادە دەكرێتو دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان بۆئەوەی وەكو پاشكۆی بودجەی گشتی ساڵانەی هەرێمی كوردستان پەسەندی بكات. بەگشتی بودجەی ئەنجومەنی دادوەریی لەم دوو سەرچاوەیەوە دابین دەكرێت: • رەسمو غەرامەی دادوەریی كە لەلایەن دادگاكانەوە وەردەگیرێن. • ئەو پارەیەی كە ساڵانە حكومەتی هەرێم بۆ ئەنجومەنی دادوەریی تەرخان دەكات. بەگوێرەی دواین پرۆژەی بودجەی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2013 دەرچووە، بودجەی ئەنجومەنی دادوەریی بۆ ساڵەكە (46 ملیارو 787 ملیۆن) دیناربووە، لەو ساڵەدا ئەنجومەنی دادوەریی رێژەی (0,4%)ی كۆی گشتی بودجەی هەرێمی بردووە. بەپێی یاسای بودجەی 2013ی هەرێم، ئەنجومەنی دادوەریی (3 هەزارو 468) كارمەندی هەبووە، ئێستا خەرجی موچەی ئەنجومەنی دادوەریی مانگانە بڕەكەی (3 ملیارو 769 ملیۆن) دینارە. هەیكەلی كارگێری ئەنجومەنی دادوەریی
مهریوان وریا قانع یەکێک لەو چەمکە سەرەکییانەی ناو دونیای ئێمە کە قسە و باسێکی کەمی لەسەرکراوە و لەسەردەکرێت، چەمکی ئەخلاقە، ئەگەرچی دەستەواژەی ئەخلاق و بەدئەخلاقیی بەشێکی بەرچاوی زمانی قسەکردنی ناو ژیانی رۆژانەیە. ئەگەرچی ھەڵسەنگاندن و نرخاندنی ئەوەی مرۆڤەکان دەیکەن و ئەنجامی ئەدەن بە باش و خراپە بەشێکی دانەبڕاوی ناوی ژیانی کۆمەڵایەتییە. ھاوکات حوکمدانیش لەسەر شتەکان و دیاردەکانیش بە باش و بە خراپ، بە ئینساف و بە بێئینسافیی، لەو شتانەیە کە بەشێکی زۆری خەڵک ڕۆژانە ئەنجامیئەدەن، کەچی تێڕامان لە چەمکەکە وەک چەمکێکی تیوریی و فیکریی، وەک چەمکێکی ئاڵۆز و گرفتئامێز، لە دونیای ئێمەدا لاواز و پەراوێزییە. ئەخلاق، کە لێرەدا بە مانای ئەتیک بەکاردێت، پەیوەندیی بە جۆر و شێوازیی ژیانەوە ھەیە، بە شێوازی ھەڵسوکەوتی تاکەکەس و گروپەکانەوە لەناو کۆمەڵگادا. جەوھەری ئەخلاق ئەوەیە پێمانبڵێت چی راستە بیکەین و چیش ھەڵەیە لێی دووربکەوینەوە، چی دادپەروەرانەیە پەیرەوی بکەین و چیش بێدادییە لێی بەدووربین. بەڵام شتەکان بەو سادەییە نییە کەو ئەو دوو رستەیەی سەرەوە پێماندەڵێن. با لەو خاڵەوە دەستپێبکەم کە چەمکی ئەخلاق بۆ کەسەکان و بۆ ھێزە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان مانای جیاواز و لەیەکنەچویی ھەیە. لای کەسێکی دینیی، لای سەلەفییەک، لای کەسێکی سەر بە ئیسلامی سیاسیی، لای سۆفیەک، چەمکی ئەخلاق شتێک دەگەیەنێت، جیاواز لای کەسێکی لیبرال، یان نادینیی، یان کەسێکی دیموکرات لە دڵەوە باوەڕی بە جیاوازیی و لێکنەچونی مرۆڤەکان و مافی جیاوازبوون ھەبێت. ئەم تێگەیشتنە جیاوازانە بۆ ئەخلاق بەشێکە لە ژیانی کۆمەڵایەتیی و بەشێکە لەو راستییە کە مرۆڤەکان ناتوانن کۆپی یەکتربن و کەسانی جیاوازیش تێگەیشتنی جیاوازیان بۆ ھەڵە و راستیی و ئەشێ و ناشێ و باش و خراپ و دادپەروەریی و نادادپەروەریی، ھەیە. زۆرجاریش تێگەیشتنی ئەمیان بۆ ئەو شتانە، تێگەیشتنی ئەویتریان بە بەد یان نائەخلاقیی یان نەشیاو، ناودەبات. لە پشتی چەمکی ئەخلاقیشەوە چەمکەکانی وەک ”مرۆڤی باش“، ”کۆمەڵگای باش“ و ”ژیانی باش“ ئامادەن. بەزۆر مانا ئەخلاق وەک رێگای گەیشتن بە بەختەوەرییش نیشانئەدرێت. بە شێوەیەکی گشتیی ئەخلاق کاریگەریی گەورە لەسەر پەیوەندیی مرۆڤ بە مرۆڤەکانی تر و بە کۆمەڵگا و بە سروشتەوە بەجێدەھێڵێت و ئاراستەی تێگەیشتنی مرۆڤاکانیش بۆ چەمکەکانی ”ئازادیی“ و ”بەرپرسیارێتی“ و ”دادپەروەریی“ و ”بێدادی“ش دەکات. ھەر یەکێک لەو چەمکانەش رەھەندی ئەخلاقیی گرنگیان ھەیە و دیدگای ئەخلاقیی جیاواز بە شێوازی جیاواز، لەناو ھەریەکێکیاندا ئامادەیە. ئەخلاق لە جیھانی ئەمرۆدا ھیچ مانایەکی نابێت گەر مافە سەرەکیی و بنەرەتییەکانی مرۆڤ نەپارێزێت، ھەرچی ھێرشکردنێک بۆسەر ئەو مافانە، لەژێر ھەرناو و بەپێی ھەر بەھانەیەک بێت، کارێکی نائەخلاقییە. ھیچ حوکمدانێکی ئەخلاقیی، لەژێر ھەر ناو و بەھانە و بەناوی ھەرچییەکەوە بێت، نابێت بتوانێت بچێتە دەرەوەی سنوورەکانی پاراستنی مافە سەرەکیی و بنەرەتییەکانی مرۆڤەوە، دەنا دەگۆڕێت بۆ حوکمدانێکی نائەخلاقیی. لە ڕاستیدا ئەخلاق بەر لەوەی پەیوەندیی کەسێک بێت بە دەوربەر و ژینگە و ئەو ناوەندە کۆمەڵایەتییەوە کە لەناویدا دەژیی، واتە بەر لەوەی پەیوەندییەک بێت کە مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا دروستیدەکات، ئەو پەیوەندییەیە کە مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا، دروستیدەکات. ئەو پەیوەندییەیە کە وا لە مرۆڤێک دەکات لە خەمی دروستکردنی خۆیدابێت وەک بوونەوەرێکی عەقڵانیی و نرخێنەر و بەرپرسیار. مرۆڤ بۆئەوەی بتوانێت لەگەڵ کەسانیتردا لە پەیوەندییەکی ئەخلاقیدا بێت، پێویستی بەوەیە سەرەتا لەگەڵ خۆیدا لە پەیوەندییەکی ئەخلاقیدا بێت. بەم مانایە ئەخلاق، لە ھەنگاوی یەکەمدا، پەیوەندیی کەسەکانە بە خودی خۆیانەوە، پەیوەندەیی خودە بە خود خۆیەوە، ئەو پەیوەندییەیە وا لە کەسێک دەکات خۆی وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی بەرپرسیار، ببینێت و لە رێزگرتنی خودەوە بپەرێتەوە بۆ رێزگرتنی ئەوانیتر. بەم مانایە ئەخلاق، بە پلەی یەکەم، ئیشکردنی ھۆشیارانە و ئامانجدارانەی مرۆڤە لەسەر کەسایەتی خۆی. لەمەشدا کەسایەتی خۆی دەخاتە ژێێر رکێف و چاودێری کۆمەڵێک پرنسیپی ئەخلاقییەوە کە ئەو وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی دروستدەکەن. بەم مانایە ئەخلاق لەیەکەمیان ھەنگاویدا چالاکییەکی بەرپرسیارانەی تاکەکەسە بۆ دروستکردن و داھێنانی خودی خۆی وەک بوونەوەرێکی عەقڵانی و بەرپرسیار، وەک کەسێک خەمخواردنی لە خودی خۆی ھەنگاوی یەکەم و سەرەکیی خەمخواردنی بێت لە ئەوانیتر و لە کۆمەڵگا، نەک پەیڕەویکردنی ئەو یاسا ئەخلاقییە دەرەکییانە کە ئەوانیتر دروستیدەکەن و چاوەڕواندەکەن ھەمووان لە کۆمەڵگادا پیادەیبکەن. ئەمجۆرە لە ئەخلاق، کە لە دەرەوەڕا دێت و بەسەر کەسەکاندا دەسەپێنرێت، ئەخلاقێکە دابڕاو لە ئازادیی تاکەکەس، لە ئازادیی ھەڵسەنگاندن و بیرکردنەوە و نرخاندنی کەسەکان بۆ پرنسیپەکان و بریاردانی سەربەخۆیان لەسەر راستیی و دروستی ئەو پرنسیپانە، یاخود لەسەر ھەڵەبوون و بەرجەستەکردنی رۆحیەتی سەپاندنی یەکجۆر لە مرۆڤ و کۆپیکردنی ھەمووان لەسەر ئەو جۆرە تایبەتە پێشنیارکراوە. لە ڕاستیدا ئەخلاق مانایەکی نامێنێت کاتێک پیادەکردنی ئازادیی بنەما سەرەکیی و کۆڵەکە ھەرە سەرەکییەکەی، نەبێت. ئەخلاق ئەگەر کۆمەڵێک یاسا و بەھا بێت و بەزۆر بەسەر مرۆڤەکاندا بسەپێنرێت، مرۆڤ ناچاربکرێت پەیرەویان بکات و نەتوانێت و ئەگەری لێدەرچونیانی لەبەردەمدا نەبێت، لەوە دەکەوێت ئەخلاق بێت. ئەخلاق کاتێک ئەخلاقە کە کەسەکان لە بڕیار و ھۆشیاریی و ھەڵبژاردنی تاکەکەسیی خۆیانەوە ھەڵیدەبژێرن و پێیدەگەن و پیادەیدەکەن، نەک ئەوەی کورتکرابێتەوە بۆ یاسا و ڕێسا و بەھای کۆمەڵێک چاوساغی دیاریکراو لە کۆمەڵگادا و لە دەرەوەڕا و بەزۆر و نائازادنە بەسەر مرۆڤەکاندا سەپێندرابێت. دۆخی سەپاندن و ناچارکردن، مانایەک بۆ ئەخلاق، وەک پەیوەندی ئینسانیی مرۆڤەکان بە خودی خۆیان و بە دەوروبەرەکەیانەوە، ناھێڵێتەوە. ئەخلاق کاتێک دەبێت بە ئەخلاق کە مرۆڤ توانای ھەڵبژاردنی ھەبێت و ئازادانە و بە مەبەستی دروستکردنی خودی خۆی وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقی، پەیڕەویان بکات. بەم مانایە ئەخلاق پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئازادییەوە ھەیە، پەیوەندیی بەوەوە ھەیە مرۆڤ نەترسێت لەوەی ئەوەی بە ڕاستی دەزانێت، بیڵێت. ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی بەو شێوەیە وەسفبکات و بناسێنێت، کە ئەو باوەڕی وایە بەوشێوەیەیە. مرۆڤ کاتێک دەبێتە بوونەوەرێکی ئەخلاقیی کە ژینگەی ناشیرن و خراپ بە ناشیرین و خراپ ناوبنێت و ژینگەی خنکێنەر وەک ژینگەیەکی خنکێنەر بناسێنێت و بەھای سوکایەتیکەر بە مرۆڤ وەک بەھای سوکایەتیکەر پێناسبکات. ئەوەی لە ئەخلاق چاوەڕواندەکرێت ئەوەیە مرۆڤ بەردەوام ڕاستیی بڵێت، ئەوە ئەنجامبدات کە بەڕاستیی دەزانێت، بوێربێت و ھەقیقەت بڵێت، نەک عەقڵ و تواناکانی بیرکردنەوە و ھەڵسەنگاندنی بداتە دەستی ئەو چاوساغانەی پێیدەڵێن ھەقیقەت چییە و ئەخلاق چییە و مرۆڤ کێییە و خودا چییە و ئەمیش وەک مرۆڤ چۆن لەژێر سێبەری ئەو ئەمرانەدا، بژیی. ھەڵسەگاندن و ڕەخنەکردن و دەسکاریکردنی ئەو سنوورانەی کە ساتەوەختێکی مێژووی لەبەردەم ئازادییەکانی مرۆڤ و لەبەردەم گەشەکردنی ئازادانەی کەسەکاندا دروستیدەکات بۆئەوەی خۆیان خۆیان بەو شێوەیە دروستبکەن و دابھێنن کە پێیانوایە بوونی ڕاستەقینە و قووڵی ئەوان بەرجەستەدەکات، ئەرکی ھەرە سەرەکیی و ھەرە گرنگیی ئەخلاقە. ئەخلاق کاتێک دەبێت بە ئەخلاق کە ئەو کارانەی بۆ مەیسەرببێت. ئەمڕۆکە، لەناو ئەو ھەموو فشارە ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینییەی لە دونیای ئێمەدا ھەیە، ئەگەری دروستبوونی بوونەوەری ئەخلاقیی بەو مانایانەی لەسەرەوە باسمکرد، ئەگەرێکی لاواز و پەراوێزییە. لە دونیای ئێمەدا ھەم رای گشتیی و ھەم سیاسەت و ھەم رێگاکانی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی رۆژانە و ھەم دین و بەشێکی گەورەی بانگخوازەکانی، مرۆڤی ئێمە ناچاردەکەن ئازاد نەبێت، بچووک و بێدەسەڵات و گێرایەڵ بێت، لەژێر فشاری ئەو ھێزانەدا بژیی کە دەیانەوێت مرۆڤەکان کۆپیبکەن و ھەموویان بکەن بە یەک کەس: ئەو کەسەی ئەوان دەیانەوێت.
درەو: بڕیارە ئەمڕۆ كاتژمێر (9) ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان كۆببێتەوەو سوێندخواردنی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەبەرنامەی كاری دانیشتنەكەیە، بەڵام تا ئێستا نیسابی كۆبوونەوە تەواو نەبووە، لەبەر ئەوەی پێویستی بە ئامادەبوونی (3/4) واتا لەكۆی (8) ئەندامی ئەنجومەنی دادوەری (6) ئەندام دەبێت ئامادەبێت، لە ئێستادا پێكهاتەی ئەنجومەنی دادورەی لە (8) ئەندام پێكدێت كە (3) ئەندامیان لە سنروی سلێمانین و (5) ئەندامیان لە سنوری هەولێرو دهۆك. لەدوای دانیشتنەكەی رۆژی 22ی ئایارو درووستبوونی پشێوی لەناو هۆڵی پەرلەمانی كوردستان و هەڵگرتنی دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نوسراوی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و دەستبەكاربوونی دوو ئەندامی كۆمسیۆنی (عەلی بەندی و كامەران نەشئەت بەكر)ی رەوانەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان كردووە بۆ سوێندخواردن، لە بەرنامەی كاری ئەمڕۆی سوێندخواردنی ئەو دوو ئەندامەی كۆمسیۆنی تێدایە، بەڵام بە پێی زانیارییەكانی (درەو) تا ئێستا نیسابی كۆبوونەوە تەواو نەبووە، چونكە كۆبوونەوە پێویستی بە ئامادەبوونی (3/4)ی ئەندامانی هەیە. بە پێی بڕگەی دووەمی مادەی (33) لە یاسای ژمارەی (23)ی ساڵی 2007ی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەری پێویستی بە ئامادەبوونی ئەندامانی (3/4) هەیە لە ئێستادا ئەنجومەنی دادوەری (8) ئەندامی هەیە، واتا بۆ كۆبوونەوە دەبێـت (6) ئەندامی ئامادەبێت، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لەو (8) ئەندامەی ئەنجومەنی دادوەری (3) ئەندامی لە سنوری سلێمانیەو (5) ئەندامی لە سنوری هەولێر و دهۆكە، تا ئێستا ئەو (3) ئەندامەی سنوری سلێمانی نەچوون بۆ كۆبوونەوەكە، بۆیە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی دادوەری نیسابی یاسایی پێتەواوناكرێت. هەروەها بە پێی بڕگەی (ا) لە مادەی 3ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانیش "كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەری ناكرێت تا 3/4ی ئەندامانی ئامادە نەبێـت" بۆیە تا ئێستا ئەنجومەنی دادوەری نەیتوانیوە كۆبوونەوەكەی رێكبخات و ئەو دوو ئەندامەی كۆمسیۆنیش سوێندی یاسایی بخۆن.
(درەو): گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە توركیا دەستی پێكرد، 8 ملیۆن دەنگدەر كە لە گەڕی یەكەمدا بایكۆتیان كردووە، چەقی ململانێی ئەردۆغانو كلیچدارئۆغلۆیە، ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت دەنگی بایكۆتچییەكان لە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، بەتایبەتیش كە دواین راپرسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەردۆغان لە پێشەوەیە، ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆ بۆ هەر سندوقێك 5 چاودێری داناوە. دووەم روبەڕووبونەوەی ئیسلامیو سۆسیال دیموكرات بۆ جاری دووەم، بەیانی ئەمڕۆ لە توركیا بنكەكانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا كرایەوە. ئەمە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە، ئەنجامی دەنگدانی ئەمڕۆ دەریدەخات ئایا ئەردۆغان دەڕوات یان بۆ ماوەی پێنج تری لە پۆستی سەرۆكایەتی توركیادا دەمێنێتەوە. لە كاتژمێر 8:00 بەیانییەوە دەرگای بنكەكان كرانەوەو كاتژمێر 5:00 ئێوارە دادەخرێن، دەست بە جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان دەكرێت. ئەردۆغان كە ماوەی 20 ساڵە لە دەسەڵاتدایە، لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆشدا چانسی زیاتری سەركەوتنی هەیە بەبەراورد بە ركابەرەكەی كە كەمال كلیچدارئۆغلۆی سۆسیال دیموكراتە. ئەمڕۆ دەنگدەرانی توركیا كە ژمارەیان (60 ملیۆن) كەسە، لەنێوان دوو تێڕوانیندا بۆ داهاتووی وڵاتەكەیان هەڵبژاردن دەكەن، دەنگ بە بەردەوامبوونی ئەردۆغانی ئیسلامی كۆنەپارێز دەدەن كە تەمەنی 69 ساڵەو هێشتا لە دەسەڵات تێرنەبووە یاخود دەنگ بە كەمال كلیچدارئۆغلۆی تەمەن (74 ساڵ) دەدەنو دیموكراتیەتێكی ئارام هەڵدەبژێرن، ئەمە وەكو ئەوەی كلیچدارئۆغلۆ دەیڵێت كە پێشتر فەرمانبەرێكی گشتی بووە. ئەردۆغان لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا رێژەی 49,5%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە سەرباری ئەو هەڵاوسانە ئابورییە گەورەی كە لە توركیا هەیەو دۆخی ژیانی خێزانەكانی قورس كردووە، هێشتا دەنگدەرانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرفراوان پاڵپشتی لە ئەردۆغان دەكەن. ئەم پشتیوانییە بۆ بەردەوامبوونی ئەردۆغان لە دەسەڵات، لە گەڕی یەكەمدا تەنانەت لەو ناوچانەش بینرا كە شوباتی ئەمساڵ بومەلەرزە لێیداو لانی كەم 50 هەزار كەسی كوشتو نزیكەی سێ ملیۆن كەسی بێ مالو حاڵ كرد، دەنگدانی خەڵكی ئەم ناوچانە بۆ ئەردۆغان پێچەوانە پێشبینییەكانی بەر لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن بوو. ئەمڕۆ كەمال كلیچدارئۆغلۆ ركابەرایەتی ئەردۆغان دەكات، كەمال كە پسپۆڕێكی ئابورییە، حەزدەكات وەكو "باوە گەورەی دیموكراتیەت لە توركیا" خۆی بناسێنێت، ئەم پیاوە لە گەڕی یەكەمدا نەیتوانی بە باشی پرسی قەیرانی ئابوری مەترسیداری توركیا بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بەسەر سەرۆكی ئێستادا سەركەوێت. كلیچدارئۆغلۆ كە سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی (جەهەپە)یەو پارتەكەی لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری توركیاوە دروستكراوە، بەڵێنی ئەوە دەدات "بەهار بهێنێت بۆ توركیا"، دەیەوێت سیستەمی پەرلەمانی بگەڕێنێتەوەو سیستەمە سەرۆكایەتییەكەی ئەردۆغان هەڵوەشێنێتەوە، لەپاڵ ئەمەدا بەڵێنی سەربەخۆكردنی دادگاو میدیاكان دەدات. بەر لە دوو هەفتەو لە گەڕی یەكەمدا كلیچدارئۆغلۆ رێژەی 45%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، سەرباری ئەوەی جارێكی تر پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) وەكو نوێنەری زۆرینەی كورد لە توركیا پشتیوانی خۆی بۆ راگەیاندووە، بەڵام هێشتا چانسی سەركەوتنی كلیچدارئۆغلۆ لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا لاوازە. راپرسییەكان دەریدەخەن بە جیاوازی 5 پۆینت لەدوای ئەردۆغانەوەیە. یەك ملیۆن چاودێر كلیچدارئۆغلۆ توشی شۆك بوو كاتێك لە گەڕی یەكەمدا هەڵبژاردنی نەیبردەوە، چونكە ئەمە پێچەوانەی پێشبینی كەمپەكەیو زۆربەی راپرسییەكان بوو. بەهۆی ئەوەی میدیاكان لە توركیا زۆربەیان تەرخانكراون بۆ هەڵمەتی ئەردۆغان، كلیچدارئۆغلۆ بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن پەنای بۆ تویتەر برد، لایەنگرەكانیشی هەڵمەتی دەرگا بە دەرگایان رێكخست بۆ دووبارە كۆكردنەوەی دەنگدەران. ستراتیژی كلیچدارئۆغلۆو لایەنگرانی بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆ (8 ملیۆن 300 هەزار) دەنگدەرە كە لە گەڕی یەكەمدا بایكۆتیان كردووەو نەچونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان. گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی ئاستی بەشداری دەنگدەران گەیشتە 87%، چونكە لە یەك رۆژدا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیو پەرلەمانی بەڕێوەچوو، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیە، رەنگە ئەمە كاریگەری لەسەر ئاستی بەشداری هەبێت. لەبەرامبەردا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، ئەردۆغان قسەكردنی لەناو كۆبونەوە جەماوەرییەكاندا زیاتر كرد، ئەمەش پاڵپشت بەو گۆڕانكارییانەی كە لە توركیا روودەدات لەوكاتەوە كە ئەو دەسەڵاتی گرتوەتە دەست، سەرەتا وەكو سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2003و دواتریش لە 2014وە وەكو سەرۆكی وڵات. ئەردۆغان كە لەماوەی ساڵێكدا سێجار ئاستی كەمترین موچەی بەرزكردوەتەوە، بۆ گەڕی دووەم لەپێناو مانەوەی لە دەسەڵاتدا بەخشندە تر بووەو بەڵێنی ئەوەی داوە دەرماڵەی تایبەت بەو خوێندكارانە بدات كە بەهۆی بومەلەرزەكەوە كەسوكاریان لەدەستداوە. دوێنێ ئەردۆغان وتی:" یەكشەممە رۆژێكی تایبەتە بۆ هەموومان. سەردەمی كودەتاو حوكمی سەربازی بەسەرچووە". لەدواین چالاكی خۆیدا بەر لە هەڵبژاردنی گەڕی دووەم، ئەردۆغان سەردانی گڵكۆی مەرجەعە سیاسییەكەی كرد كە (عەدنان مەندەریس) كە سەرۆك وەزیرانی ئیسلامی- نەتەوەپەرەستی توركیا بوو، ساڵی 1961 دەسەڵاتی سەربازی كودەتای بەسەردا كردو لەسێدارەی دا. ئەمڕۆ كە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیا بەڕێوەدەچێت، هاوكات یادی 10 ساڵەی خۆپیشاندانەكانی "غیزی"یە كە لە ئیستانبوڵ دەستیپێكردو دواتر سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە، ئەم خۆپیشاندانانە یەكەم شەپۆلی ناڕەزایەتی بوون دژ بە حوكمڕانییەكەی ئەردۆغان، بەڵام بەتوندی سەركوتكرا. بۆ دەنگدانی ئەمڕۆ، ئۆپۆزسیۆن بڕیاریداوە "بۆ هەر سندوقێكی دەنگدان 5 چاودێر دابنێت" واتا بە تێكڕا (1 ملیۆن) چاودێر. نێردەی هاوپەشی رێكخراوی ئاسایشو هاریكاری ئەوروپاو ئەنجومەنی ئەوروپا لە راپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن لە توركیا دەڵێ: هەڵبژاردنەكە لە كەشێكی پڕ لە كێبركێدا بەڕێوەچووە. میدیاكانی توركیا بێ پاساو پێشڕەوییان بە ئەردۆغان بەخشیوە. هاوپەیمانەكانی توركیا بە دیاریكراویش پەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" بەچڕی چاوەڕوانی دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكات كە پێشبینی دەكرێت ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامە بەراییەكانی بڵاوبكرێتەوە.
درەو: كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی رۆژو مانگی دیاریكراوی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەسەر سایتەكەی دیاریكرد. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام تا ئێستا یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكراوەتەوەو كۆمسیۆنیش بەو شێوەیە كاراكراوەتەوە كە سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت دانیشتنەكەی پەرلەمان ناپەیڕەوی و نایاساییەو كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوەو جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش دەڵێت كاراكراوەتەوە، سەرۆكی كۆمسیۆن دەڵێت "كاراكراوینەتەوە" و جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن دەڵێت "كارا نەكراوینەتەوە"، كۆمسیۆن دەیەوێت كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بكات، بەڵام ئەندامانی (یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو) ئامادەنین بەشداری لە هیچ كۆبوونەوەو چالاكیەكی كۆمسیۆن ناكەن، بەوەش كۆمسیۆن ناتوانێت نیسابی خۆی تەواوی بكات. كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە سایتی فەرمی خۆی رۆژ و مانگی دیاریكردووە بۆ وادەی هەڵبژاردن كە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە. لە ئێستادا (174 رۆژ و 9 كاتژمێر و 29 خولەك و 29 چركە)ی ماوە. لەسەر سایتی پەرلەمانی كوردستان ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە كە (3 ملیۆن و 85 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەیە بەم شێوەیە: • هەولێر: 1,109,072 • سلێمانی: 1,196,980 • دهۆك: 711,218 • هەڵەبجە: 68,191 • كۆی گشتی: 3,085,461
درەو: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ كۆبوونەوە، كۆبوونەوەی كۆمسیۆن پێویستی بە ئامادەبوونی (5) ئەندامە لەكۆی (9) ئەندامی كۆمسیۆن، ئەوەی تا ئێستا یەكلا بووەتەوە، سێ ئەندامی (پارتی)یە كە دوانیان سوێندی نەخواردووە ، شەش ئەندامی (كۆمەڵ، یەكگرتوو، گۆڕان، یەكێتی) یەكلابوونەتەوەو بەشدار نابن لە كۆبوونەوەی كۆمسیۆن. لە دانیشتنی رۆژی 22/5/2023 پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كردووە بەدوو بەشەوە، ئەندامانی كۆمسیۆن لە پشكی پارتی، پشتیوان لە نوسراوەكەی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەكەن و پێیان وایە كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە، دوو ئەندامەكەی پشكی یەكێتی پشتیوانی لە نوسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و پێیان وایە كارانەكراونەتەوەو "ماوە بەسەرچوون" دوو ئەندامەكەی (یەكگرتوو كۆمەڵ)، بەشداری هیچ چالاكی و كۆبوونەوەیەك ناكەن و دەڵێن" بەشێك نابین لەو ململانێ و كێشانە". بە پێی بەدوادچوونەكانی (درەو) بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ كۆبوونەوەی فراوانی كردووە بە ئامادەیی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆن، تیایدا بڕیاریانداوە نەبنە بەشێك لەو ململانێ و كێشانەی نێوان یەكێتی و پارتی و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیش دەبێت بە یاسایی و پەیڕەوی بێت، ئەوان بڕیاریان داوە بەشدار نەبەن لە هیچ كۆبوونەوەو چالاكیەكدا. كۆبوونەوەی ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن (دەنگۆی ئەوە هەیە كە رۆژی دووشەمە كۆببنەوە)، كۆبوونەوەكە پێویستی بە (5) ئەندام هەیە لە كۆی (9) ئەندامی كۆمسیۆن، واتا زۆرینەی رەها (50+1)، بە پێی هەڵوێستی تا ئێستای حزبەكان بێت، كۆمسیۆن ناتوانێت كۆببێتەوە تەنیا بە سێ ئەندامەكەی پارتی. بەپێی دابەشكارییە، پشكی حزبەكان لەناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەمشێوەیە: • پارتی: 3 ئەندام • یەكێتی: 2 ئەندام • گۆڕان: 2 ئەندام • كۆمەڵ: 1 كورسی • یەكگرتوو: 1 كورسی بڕیارە سبەینێ شوێنگرەوەی دوو ئەندامی كۆمسیۆن سوێندی یاسایی دەخۆن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان: • عەلی ساڵح بەندی لە شوێنی (جوتیار عادل) كە ئێستا وتەبێژی حكومەتی هەرێمە دەبێتە ئەندامی كۆمسیۆن و سوێندی یاسایی دەخوات لەسەر پشكی پارتی. • كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنی (سەیاح عەبدوڵا قاسم) ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانەو لەلایەن پارتییەوە دانراوە. ئەگەر ئەو دوو ئەندامەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی سوێندی یاسایی بخۆن پێكهاتەی كۆمسیۆن بەم شێوەیەی لێدێت: • هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە • رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە • سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە • شیروان زرار- كۆمسیارو وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە • ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە • عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە • جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمەو ئەگەر دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا عەلی ساڵح مەحمود لە شوێنەكەی دانراوە) • نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانەو سەربە یەكێتییە • سەیاح عەبدوڵا قاسم- كۆمسیار، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانەو لەلایەن پارتییەوە دانراوە (ئەم پیاوە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، ئەگەر دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنەكەی دانراوە)
درەو: بڕیارە سبەینێ دوو ئەندامە نوێیەكەی كۆمسیۆن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری سوێندی یاسایی بخۆن. لە دانیشتنی رۆژی 22/5/2023 دوای درووستبوونی پشێوی و شەڕی نێوان فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی لە پەرلەمان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نوسراوی ئاراستەی كۆمسیۆن و ئەنجومەنی دادوەری كردووەو بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و دانانی دوو ئەندامی نوێی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی پێڕاگەیاندوون، هەرچەندە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڕیارەكە بە نایاسایی و ناپەیڕەوی لە قەڵەم داوە بەڵام بڕیارەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوەكرایەوە. سبەینێ شوێنگرەوەی دوو ئەندامی كۆمسیۆن سوێندی یاسایی دەخۆن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان: • عەلی ساڵح بەندی لە شوێنی (جوتیار عادل) كە ئێستا وتەبێژی حكومەتی هەرێمە دەبێتە ئەندامی كۆمسیۆن و سوێندی یاسایی دەخوات لەسەر پشكی پارتی. • كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنی (سەیاح عەبدوڵا قاسم) ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانەو لەلایەن پارتییەوە دانراوە. ئەگەر ئەو دوو ئەندامەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی سوێندی یاسایی بخۆن پێكهاتەی كۆمسیۆن بەم شێوەیەی لێدێت: • هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە • رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە • سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە • شیروان زرار- كۆمسیارو وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە • ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە • عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە • جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمەو ئەگەر دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا عەلی ساڵح مەحمود لە شوێنەكەی دانراوە) • نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانەو سەربە یەكێتییە • سەیاح عەبدوڵا قاسم- كۆمسیار، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانەو لەلایەن پارتییەوە دانراوە (ئەم پیاوە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، ئەگەر دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنەكەی دانراوە)
راپۆرت: درەو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پرۆژەیاسای بودجەدا هەردوو كێڵگەی (خورمەڵە)و (كۆرمۆر)ی لەدەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەندەوە، بەرهەمی ئەم دوو كێڵگەیە رێژەی 40%ی تێكڕای نەوتی بەرهەمهێنراوی كوردستان پێكدەهێنن، واتا لە كۆی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە، نزیكەی (160 هەزار) بەرمیل لەم دوو كێڵگەیە بەرهەمدەهێنرێن. حوزەیرانی ساڵی رابردوو كێڵگەی (كۆرمۆر) كە دەكەوێتە ناوچەی ژێردەسەڵاتی یەكێتیی چەندجارێك موشەكباران كرا، لەولاشەوە حەشدی شەعبی هێزی جوڵاند بۆ گرتنی (خورمەڵە) لەژێر ناوچەی دەسەڵاتی پارتیدا، ئەوەی حەشدی بەشێوەی سەربازی نەیكرد، لە پەرلەمانی عێراق بە بڕگەیەكی یاسایی ئەنجامدرا، پارتیو یەكێتیی لەسەر ئەم بابەتە بۆچونیان جیاوازە، حكومەت دەڵێ" قبوڵی ناكەین"، كەرتی نەوتی هەرێم بەبێ (خورمەڵە)و (كۆرمۆر) چییە ؟ بەر لە دادگا، بودجە حوكم دەدات راپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بودجەی 2023 پەسەندكرا، بڕگەی (10) لە ماددەی (14)ی پرۆژە یاسای بودجە كە لەلایەن لیژنەی داراییەوە پەسەندكراوە دەڵێ:" حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم پابەندن بە رێگریكردن لە دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی كەركوكو نەینەوا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە ئێستادا". ئەم بڕگەیە بەواتای ئەوەدێت، حكومەتی هەرێم چیتر بۆی نییە نەوت لە هەردوو كێڵگەی (خورمەڵە)و (كۆرمۆر) دەربهێنێت، چونكە هەردوو كێڵگەكە سەربە كۆمپانیای نەوتی باكۆرن لە كەركوك و نەینەوا، ئەمە جگە لە راگرتنی كاركردنی حكومەتی هەرێم لە هەندێك كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای نەینەوادا كە بە تانكەر نەوتەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازرێتەوە. كۆمپانیای نەوتی باكور لەدادگای فیدراڵی سكاڵای كردووەو داوای ئەم دوو كێڵگەیە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام بەرلەوەی دادگا بڕیار بدات، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە (4) ئەندامی فراكسیۆنە كوردیەكانی تێدایە (پارتی، یەكێتی، یەكگرتوو)، ئەم دوو كێڵگەیەی لەدەستی حكومەتی هەرێم سەندەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەم بڕگەیە زۆر توڕەیەو هەڕەشەی كشانەوە لە حكومەتی عێراق دەكات ئەگەر لە پەرلەمان ئەم بڕگەیە پەسەند بكرێت. راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (خورمەڵە)و (كۆرمۆر) چ واتایەكی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە لە بواری نەوتدا ؟ بەرهەمی ئەم كێگانە چەندەو چ كاریگەرییەكی لەسەر پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەبێت ؟ خورمەڵە.. شادەماری نەوتی هەرێم بلۆكی خورمەڵە دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای هەولێر، ئەم كێڵگەیە درێژكراوەی كێڵگەی كەركوكە، لەلایەن كۆمپانیای (كار گروپ)ەوە سەرپەرشتی دەكرێت، ساڵی 2007 كەوتوەتە دەست حكومەتی هەرێم. ناوەڕاستی ئایاری 2022، كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێم زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگەی (خورمەڵە). حكومەتی فیدراڵ بە وەرگرتنەوەی ئەم كێڵگەیە، لە شادەماری ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات، چونكە بەپێی داتاكانی 2022ی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان: • داهاتی فرۆشی نەوتی ئەم كێڵگەیە مانگانە (525 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەتی هەرێم دابین دەكات، لەكاتێكدا تێكڕای داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم (ملیارێكو 260 ملیۆن) دۆلارە. • لەكۆی (421 هەزار) بەرمیل نەوت كە رۆژانە هەرێم هەناردەی دەرەوەی دەكات بڕی (175 هەزار) بەرمیلی بەتەنیا لە كێڵگەی (خورمەڵە) بەرهەم دەهێنرێت، بەمەش رێژەی 42%ی تێكڕای نەوتی هەناردەكراو و داهاتی نەوتی هەرێم لە (خورمەڵە)وە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام بەپێی راپۆرتێكی چەند رۆژی رابردووی ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە" كێڵگەی خورمەڵە ئێستا رۆژانە 50 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش كەمبونەوەیەكی زۆرە بەبەراورد بە مانگێك لەمەوبەر كە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل بووەو بەر لە راوەستانی بۆرییەكە كە رۆژانە 135 هەزار بەرمیل بووە". كەمبونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی خورمەڵە دوای ئەوە دێت بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ، لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریسدا، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی لەرێگەی بۆرییەوە راگرت. لەدەستدانی كێڵگەی خورمەڵە زیانی گەورەتری دەبێت، چونكە بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لە كێڵگەی (خورمەڵە)ەوە دەستپێدەكات، رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك دەچێتە خورمەڵەو لەڕێگەی بۆری نەوتی كوردستانەوە رەوانەی توركیا دەكرێت، داهاتی ئەم نەوتەی كەركوك بۆ حكومەتی عێراق بوو، بەڵام كۆمپانیای (كار) كرێی بۆرییەكە لە عێراق وەردەگرتو بۆ هەناردەكردنی هەر بەرمیلێك بڕی (10) دۆلاری دەستدەكەوت، كە بەتێكڕا مانگانە داهاتەكەی (27 ملیۆن) دۆلار بوو، بەڵام ئەگەر كێڵگەی خورمەڵە بكەوێتە دەست كۆمپانیای نەوتی باكور، چیتر كۆمپانیای (كاریش) ئەم قازانجەی دەستناكەوێت. كۆمپانیای كار لە كێڵگەی خورمەڵە كار دەكات، كە گەورەترین كۆمپانیای خۆماڵییە لە بواری وزەدا، كۆمپانیاكە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەیە بۆ پەرەپێدان لە كێڵگەكەدا. بەڵام جۆری گرێبەستی ئەم كۆمپانیایە هێشتا نەزانراوە، كۆمپانیای كار كاتێك كێڵگەی (خورمەڵە)ی وەرگرتووە، كێڵگەیەكی ئامادە بووەو بەرهەمی هەبووە، زۆربەی بەرهەمی ئەم كێڵگەیە دەچێت بۆ پاڵاوتن لە پاڵاوگەی (كار)، بڕێكیشی بە تانكەر هەناردەی توركیا دەكرێت. بەمدواییە كە هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە بۆ توركیا راوەستا، پێشنیازێك هەبوو بۆ ئەوەی كۆمپانیای (كار) ئاستی هەناردەی نەوت بۆ توركیا بە تانكەر بەرزبكاتەوە. كۆمپانیای كار، جگە لە كێڵگەی خورمەڵە، لەگەڵ كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسیدا خاوەندارێتی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمیش دەكاتو پشكی 40%ی لە بۆرییەكەدا هەیە، لەپاڵ ئەمەشدا (كار) خاوەنی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی كوردستانە كە رۆژانە نزیكەی (25 هەزار) بەرمیل نەوت بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەپاڵێوێتو بەپێی زانیارییەكان، كۆمپانیای كار بە دوو هێندەی نرخ نەوت بۆ حكومەتی هەرێم دەپاڵێوێت بە بەراورد بە عێراق. كۆمپانیای (كار) واناسراوە، لە لوتكەی دەسەڵاتی زۆنی زەردەوە نزیكە، بۆیە بە لەدەستدانی كێڵگەی خورمەڵە، كۆمپانیاكە زیانی گەورەی دارایی بەردەكەوێتو ئەمەش بەواتای لێدان دێت لەیەكێك لە سەرچاوە بەهێزەكانی ئابوری پارتی دیموكراتی كوردستان. كۆرمۆر.. نەوتە پاكژەكەی یەكێتیی كێڵگەی كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتا لەسەر پارێزگای كەركوك ئەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی قادر كەرەم لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كراوەو خراوەتەسەر قەزای چەمچەماڵ. كۆرمۆر تاوەكو ساڵی 2003و بەر لە رووخانی رژێمی سەددام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بوو، دوای روخانی سەددام كێڵگەكە كەوتەوە دەست حكومەتی هەرێم، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوتو گازی لە هەردوو بلۆكی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ)ی بەو دوو كۆمپانیایە بەخشی، لە 2015دا غاز لە كێڵگەكە بەرهەمهێنرا، بە بۆری گواسترایەوە بۆ وێستگەی كارەبای چەمچەماڵو هەولێر. بەرهەمی ئێستای كێڵگەكە بەمشێوەیە: • گازی سروشتی: رۆژانە (452 ملیۆن) پێ سێجا • كۆندێنسەیت: رۆژانە (22 هەزار) بەرمیل، بەتانكەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی خورمەڵەو تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی • گازی شل (LPG): بڕی (1050) تۆن، ئەمە داناگاز خۆی دەیفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، بۆ هەر تەنێك بڕی (315) دۆلار وەردەگرێت، كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەیكڕێتو دەیگوازێتەوە. بەپێی ئەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پرۆژەی بودجەی 2023دا پەسەندی كردووە، دەبێت حكومەتی هەرێم بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە رابگرێت، بەڵام بڕگەكە ئاماژەی بە غاز نەكردووە. نەوتی ئەم كێڵگەیە (كۆندێنسەیت) لەماوەی رابردوودا یەكێك لە چەكە بەهێزەكانی یەكێتیی بوو دژ بە پارتی، چونكە بەم نەوتە كوالیتی نەوتی كێڵگەكانی تری هەرێم بەرزدەكرایەوە، كە زۆرینەیان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوون، واتا بە راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی (كۆرمۆر) چیتر یەكێتیش ئەم كارتەی بەدەستەوە نامێنێت، بەڵام ئەمە لەكاتێكدا روودەدات كە پرۆسەی نەوتی هەرێم بە گشتی لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمدا نامێنێتو دەكەوێتە دەست حكومەتی فیدراڵ. كێڵگەی (كۆرمۆر) كە گەورەترین كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستانو پێداویستی غازی ماڵان لەناوخۆو وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات، بەهەمان شێوە كێشەی لەسەرەو عێراق داوای دەكات. شوباتی 2022، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو وێنەیەكی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڵاوكرایەوە، دوای دیدارەكەی، ئەوكات ئەردۆغان لەرێگەی گەشتێكیدا بۆ ئۆكرانیا بە رۆژنامەوانانی وت: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لەبارەی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گفتوگۆم كرد. ئەم قسەیەی ئەردۆغان بەس بوو بۆ ئەوەی دواتر هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر فشارێكی بەهێزی حكومەتی ناوەندی عێراقو ئێرانەوە، بەتایبەتیش لەو رۆژانەدا بوو كە بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانەغاز) لێدوانێكی داو وتی: دەتوانین بە غازی چەمچەماڵ سوتەمەنی بۆ عێراقو توركیاش دابین بكەین. هەر لەو مانگەدا كە نێچیرڤان بارزانی گەشتەكەی كرد بۆ توركیا (شوبات)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕو دوای (10) ساڵ سڕكردنی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە یەكلاكردەوەو یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو حوكمیدا بەوەی دەبێت هەرێم نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات. ئیتر لەدوای ئەم بڕیارەوە، حكومەتی فیدراڵ زیاتر دەستی كرایەوە تا ئەوەی سكاڵاكەی دادگای پاریسی دژی توركیا لە بەرژەوەندی خۆی یەكلاكردەوەو بەمەش بەتەواوەتی جڵەوی نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی كرد، واتە ئەوەی ئێستا لە پرۆژەیاسای بودجەدا روودەدات، بەرەنجامی ئەم گۆڕانكارییانە بووە كە تێیدا پێگەی هەولێر لاوازو پێگەی بەغداد بەهێزتر بوو. ئازاری 2022 دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئێران ماڵەكەی (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای (كار)ی لە هەولێر موشەكباران كرد، چونكە كۆمپانیاكەی شێخ باز ئەركی پەرەپێدانی هێڵی بۆری هەناردەی غازی كۆرمۆری بۆ توركیا پێ سپێردرا بوو، ئەوكات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسی عێراقو ئەمریكیو توركییەوە رایگەیاند، لەماڵەكەی شێخ بازدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی ناردنەدەرەوەی غازی كوردستان بۆ توركیاو ئەوروپا، بەرپرسانی ئەمریكیو ئیسرائیلی بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا، ئەمە ئێران توڕە كردووە، چونكە ئێران خۆی هەناردەكاری غازە بۆ عێراقو توركیاو نایەوێت هەرێمی كوردستان ببێت بە بەدیلی ئەو لە ناوچەكەدا. غازی كێڵگەی كۆرمۆر لەنێوان دوو پرۆژەدا گیری خواردووە، یەكەمیان پرۆژەی پارتییە بۆ هەناردەكردنی بۆ توركیا، دووەمیان پرۆژەی یەكێتییە كە بریتییە لە راكێشانی غازەكە بە بۆری بۆ ماڵانو كارگەكان لەناوخۆدا. ناوەڕاستی 2022 بڕیاربوو كۆمپانیای (كار) بچێتە كێڵگەی كۆرمۆرو دەست بەكاركردنی خۆی بكات بۆ راكێشانی بۆری غاز، هەندێك لەبەرپرسانی یەكێتیی ئەوكات باسیان لەوە دەكرد، راكێشانی بۆرییەكە بۆ گواستنەوەی غازە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك، چونكە دابینكردنی سوتەمەنی ئەم وێستگەیە خەرجییەكی زۆری خستوەتەسەر شانی حكومەت، بەڵام هەندێكی تر گومانیان هەبوو، دەیانوت" راكێشانی بۆرییەكە بۆ هەناردەكردنی غازی كۆرمۆرە بۆ توركیا". ئەوكات ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی بۆ ئاسایشی سلێمانی كردبوو، داوای كردبوو ئاسانكاری بكەن بۆ كاركردنی كۆمپانیای (كار)، بەڵام یەكێتیی رێگری كرد. رۆژی 28ی نیسانی 2022 بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانو رێكخراو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكاندا كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی هەناردەكردنی غازی كوردستانەوە وتی:" روونو ئاشكرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت". ئەوەی حەشد نەیكرد، بودجە دەیكات ! حكومەتی فیدراڵی عێراق گەورەترین كێڵگەی (غاز)ی هەرێمی كوردستان كە كێڵگەی (كۆرمۆر)ە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیو گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێم كە كێڵگەی (خورمەڵە)یە لە سنوری دەسەڵاتی پارتی، بە هی خۆی دەزانێت. حوزەیرانی 2022 چەندجارێك بە كاتیۆشا هێرش كرایەسەر كێڵگەی (كۆرمۆر)، پەنجەی تۆمەت لەم هێرشانەدا بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی راكێشرا. لەو رۆژانەدا كە موشەكەكان ئاڕاستەی (كۆرمۆر) كران، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی چووە (تەوێڵە)و لە باخەكەی (جەمیل هەورامی) چەند بەرپرسێكی ئێرانی بینی، ئەم گفتوگۆیە هێشتا بەنهێنی ماوەتەوە، دیارنییە ئایا باسی هێرشەكانی كۆرمۆرو خورمەڵەی تێدا كراوە یاخود نا. دوابەدوای هێرشەكانی (كۆرمۆر)، هێزەكانی حەشدی شەعبی خۆیان كۆكردەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی كێڵگەی (خۆرمەڵە)، بەوپێیەی ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵ، دوان لە گەورە دەسەڵاتدارانی ناو حەشد كە هەریەكە لە (هادی عامریو قەیس خەزعەلی) بوون، ئەوكات جەختیان دەكرد لە كۆنترۆڵكردنی (خورمەڵە)، ئەمەشیان بە راشكاوی بە چەند بەرپرسێكی كورد وتبوو. رۆژی 23ی حوزەیرانی 2022 چەند گروپێكی حەشدی شەعبی هێزیان بەرەو نزیكی مەخمورو خۆرمەڵە جوڵە پێكرد، شەوەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەیاننامەیەكی دەركردو رایگەیاند" وەزیرانی كاروباری پێشمەرگەو ناوخۆم راسپاردووە هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتیو دامەزراوەكانی نەوتو گاز.. رێككەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەكە. لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێكاری زیاتر دەگرینەبەر". دۆخەكە گەیشتە ئاستی ئەوەی شەوی 23ی حوزەیران، مەسرور بارزانی پەیوەندی بە (برێت مەكگۆرك) رێكخەری كۆشكی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقاوە كردو بڕیاریشیدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارودۆخەكە ئاگادار بكاتەوە، لەسەر زەویش مەسرور هێزێكی لەشكری (گوڵان)و زێرەڤانی بەرەو كێڵگەی خورمەڵە جوڵە پێكرد. ئەگەر حەشد دەستی بەسەر كێڵگەی خورمەڵەدا بگرتایە، جگە لەوەی شادەماری ئابوری هەرێمی دەبڕێت، بوونی هێزەكانی لەم ناوچەیەدا لەڕووی ئەمنییەوە دەبوو بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی هەولێر، چونكە خورمەڵە تەنیا 25 كیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە. ئەوەی حەشدی شەعبی نەیكرد، ئێستا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەبێ ناردنی هێزو لەرێگەی زیادكردنی بڕگەیەك بۆ رێككەوتنی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ كردویەتیو هەرێم پابەند دەكات كێڵگەكە رادەستی بەغداد بكاتەوە. ئەمە هۆكارەكەیە كە حكومەتی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێ:" ئەو گۆڕانكاریانەی لەلایەن بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێككەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی كوردستان، لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریینو دژی ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵیەو هەروەها دژی پرەنسیپەكانی ڕێككەوتنی حكومەتی ئیدارەی دەوڵەتو بەرنامەی ئەو كابینەیەیە كە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە. ئێمە وەك حكومەتی هەرێم، بەهیچ شێوەیەك، ئەم ستەمكاریو پێشێلكردنەی مافەكانی خەڵكی كوردستان قبوڵ ناكەینو پابەندی هیچ بڕیارێكی تریش نابین جگە لەو ڕێككەوتنەی پێشتر لەگەڵ حكومەتی بەڕێز سودانی كراوە". راپۆرتی پەیوەندیدا - كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی پارتیو یەكێتیدا گیری خواردووە - دوكەڵ لە (كۆرمۆر)و ئاگر لە (خورمەڵە)یە - یەكێتی غاز رادەستی بەغداد دەكات
درەو: راپۆرتی: رۆیتەرز رۆژی یەك شەممەی داهاتوو(28)ئایار, هاوڵاتیانی توركیا لەگەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەنگدەدەن, بۆ یەكلایەكردنەوەی كێبڕكێی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ, ئەم راپۆرتە, زانیاری لەبارەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن و پرسە سەرەكیەكان لەخۆدەگرێت, وێڕای چۆنیەتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە (14)ی ئایاری رابردوو. درەو: هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هاوڵاتیانی توركیا سەرۆكێك هەڵدەبژێرن, كە ماوەی ویلایەتەكەی بۆ پێنج ساڵە, لەگەڕی یەكەمی دەنگدان كە لە (14)ی ئایار بەڕێوەچوو, ئەردۆغان(49.5٪) دەنگەكانی بەدەستهێنا, ئەوەش كەمێك كەمتربوو لەو زۆرینەیەی پێویستە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەچێتە خولی دووەم, لە پرۆسەیەكدا كە وا تەماشا دەكرێت راپرسیبێت لەسەر دەسەڵاتە پاوانخوازیەكەی ناوبراو. كڵیچدار ئۆغلۆ, كاندیدی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن كە شەش پارت لەخۆدەگرێت, (44.9٪) دەنگەكانی بەدەستهێنا, سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی (ئەتا) بە بەدەستهێنانی(5.2٪) دەنگەكان, پلەی سێیەمی بەدەستهێناو لەكێبڕكێكە دورخرایەوە. ئەنجامی هەڵبژاردنەكە, پێشبینی رێكخەرانی راپرسیەكانی توشی شڵەژان كرد, كە كڵیچدار ئۆغلۆیان كردبووە براوەی یەكەم. كاندیدەكان سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای زیاتر لە (20)ساڵ لەگەیشتنی ئەردۆغان و پارتی دادو گەشەپێدان بۆ دەسەڵات, دەیەوێت ماوەی ویلایەتەكەی درێژبكاتەوە, كە دەبێتە یەكەم دەسەڵاتدار لەسەردەمی توركیا هاوچەرخدا, ماوەی دەسەڵاتەكەی هێندە درێژەی كێشابێت. توانایەكی بەهێزی نواند لە(14)ی ئایاردا, كاتێك توانی دەنگدەرە موحافیزكارەكان كۆبكاتەوەو روبەڕوی پێشبینیەكانی ئاوابونی خۆری سیاسی ببێتەوە. سەركەوتن دەبێتە هۆكاری چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەم رابەرە, كە توركیای گۆڕی, سەرلەنوێ ئەو دەوڵەتە سیكۆلارە پێكدەهێنێتەوە كە (100) ساڵ لەمەوبەر دامەزرا, بۆ ئەوە هاوتەریبی تێڕوانینە ئاینیەكانی بێت و دەسەڵاتەكان لەدەستی خۆیدا كۆبكاتەوە, كە رەخنەگرەكانی بەڕۆیشتن بەرەو سەركوتكاریی دادەنێن. ئەردۆغان ئەم هەفتەیە پشتیوانی نەتەوەپەرستی توندڕەو سینان ئۆغانی بەدەستهێنا, ئەوەش ئاستەنگەكانی بەردەم كڵیچدار ئۆغلۆی سەختتركرد, كە لەگەڕی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردندا روبەڕی دەبێتەوە. لە دەنگدانی پەرلەماندا كە رۆژی (14)ی ئایار بەڕێوەچوو, پارتی دادو گەشەپێدان بە حەوت خاڵ پاشەكشێیكرد, كە ساڵی (2018) رێژەی (42.6٪) دەنگەكانی بەدەستهێنا, بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانێتیەكەی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا, ئەردۆغان داوا لەدەنگدەران دەكات پشتیوانی بكەن لەپێناو زامنكردنی سەقامگیری سیاسی. كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ كڵیچدار ئۆغلۆ, كاندیدی ئۆپۆزسیۆنەو سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریە, كە مستەفا كەمال ئەتاتورك_دامەزرێنەری توركیای هاوچەرخ دروستیكردووە. پرۆگرامێكی گشتگیری خستە بەردەم دەنگدەران و بەڵێنی سەرلەنوێ بەدیموكراسیكردنی توركیایدا, بە گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانیی و سەربەخۆكردنی دەسەڵاتی دادوەری, كە رەخنەگرانی دەڵێن ئەردۆغان بۆ سەركوتكردنی نەیارەكانی بەكاریهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا, گوتارەكەی لە (14)ئایارەوە ئاراستەیەكی توندی وەرگرتووە, بەجۆرێك دەستی بۆ دەنگدەرە نەتەوەپەرستەكان درێژكردووە بۆ سەركەوتن بەسەر ئەردۆغانداو, بەڵێنیداوە بەگێڕانەوەی ملیۆنەها پەنابەر. پارتەكانی لایەنگری كورد لەتوركیا, پشتیوانیان بۆ كڵیچدار ئۆغلۆ لەگەڕی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردندا دووپاتكردەوە, بەبێ ناوهێنانی, ئەوەش دوای رۆژێك لەدەربڕینی توڕەییان لەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی سەركەوتنی راستڕەوی توندڕەو ئەنجامیدا, كە دژی كۆچبەرانن. رۆژی چوارشەممە, ئومیت ئۆزداغ سەرۆكی پارتی (ZP) پشتیوانی پارتەكەی بۆ كڵیچدار ئۆغلۆ دەربڕی, كە رەنگە پاڵپشتیەك بێت بۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری, بۆ روبەڕوبونەوەی كاریگەری پشتیوانی سینان ئۆغان بۆ ئەردۆغان, پارتی(ZP) لە(2.2٪) دەنگەكانی لەهەڵبژاردنی پەرلەماندا بەدەستهێناوە. مەترسییەكان چین؟ پرۆسەی دەنگدان تەنها بڕیار لەسەر ئەوەنادات كێ سەركردایەتی توركیا دەكات, كە دەوڵەتێكی ئەندامە لە ناتۆو ژمارەی دانیشتوانەكەی (85)ملیۆن كەسە, بەڵكو دەنگدانیشە لەسەر ئەوەی چۆن حوكم دەكرێت, ئابوریەكەی بەچ ئاڕاستەیەكدا دەڕوات, لەنێوەندی قەیرانی قوڵی گرانی بژێوی و شێوازی سیاسەتی دەرەكی. ئەوانەی رەخنە لە ئەردۆغان دەگرن, دەڵێن: حكومەتەكەی دەمی ئۆپۆزسیۆنی گرتووەو مافەكانی زەوتكردون و دەسەڵاتی دادوەری خستووەتە ژێر هەژمونی خۆیەوە, بەرپرسانی توركیاش ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە. ئابوری توركیا بوارێكی ترە كە سەرنجەكانی لەسەرە, ئابوریناسان دەڵێن: سیاسەتە نا نەریتیەكانی ئەردۆغان, كە خۆی لە دابەزاندنی نرخی سوددا دەبینێتەوە, سەرەڕای بەرزبونەوەی نرخەكان, هۆكار بووە بۆ ئەوەی رێژەی هەڵئاوسان لەساڵی پاردا بۆ (85%) بەرزبێتەوەو لیرە بگاتە یەك لەسەر دەی بەهاكەی بەرامبەر بە دۆلار, لەماوەی دەیەی رابردوودا. كڵیچدار بەڵێیندا بە گەڕانەوە بۆ سیاسەتێكی ئابوری كە زیاتر نەریتی بێت, لەگەڵ گێڕانەوەی سەربەخۆیی بۆ بانكی ناوەندی توركیا. لەكاروباری دەرەوەشدا, لەسایەی دەسەڵاتی ئەردۆغان, توركیا نمایشی هێزی سەربازی كردووە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەیدا, پەیوەندیەكی توندوتۆڵتری لەگەڵ روسیا دامەزراندووە, پەیوەندیەكانی لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاش بەشێوەیەكی بەرچاو ئاڵۆزبووە. هەروەك توركیاو نەتەوەیەكگرتوەكان نێوەندگیریان كردووە لەنێوان مۆسكۆ و كیێڤ بۆ هەناردەكردنی گەنمی ئۆكرانیا, ئەردۆغان هەفتەی رابردوو درێژكردنەوەی رێككەوتنەكەی بۆ دوومانگی تر راگەیاند. راپرسی زیاتر لە (64) ملیۆن هاوڵاتی توركیا مافی دەنگدانیان هەیەو نزیكەی (192000) ناوەندی دەنگدان هەیە, بە زیاتر لە (6)ملیۆن دەنگدەریش كە بۆ یەكەمجار لەهەڵبژاردنی (14)ی ئایار مافی دەنگدانیان هەبووە, لەگەڵ (3)ملیۆن و (400)هەزار دەنگدەری دەرەوە, كە لەنێوان (20 بۆ 24)ی ئایار دەنگیاندا. ناوەندەكانی دەنگدان لەتوركیا, رۆژی (28)مانگ لە كاتژمێر (8)ی بەیانی دەكرێنەوە, كاتژمێر (5)ئێوارە دادەخرێن, رۆژی هەڵبژاردن فرۆشتنی مادە كهولیەكان قەدەغە دەكرێت. رێژەی بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی توركیا بەشێوەیەكی گشتی بەرزە, لە (14)ئایاردا, رێژەی بەشداری گەیشتە(87.04٪)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە, بەرێژەی (88.9٪) لەناوخۆی توركیاو (49.4٪) لەدەرەوە. ئەنجامەكان بەگوێرەی رێساكانی هەڵبژاردن, بڵاوكردنەوەی هەواڵ و پێشبینیكردن و كۆمێنتدان لەبارەی هەڵبژاردن, قەدەغەكراوە تا كاتژمێر شەشی ئێوارە, دەزگاكانی راگەیاندن لەكاتژمێر (9)ی شەوەوە بۆیان هەیە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بڵاوبكەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا, دەستەی باڵای هەڵبژاردنی توركیا دەتوانێت رێگە بە میدیاكان بدات راپۆرت لەبارەی ئەنجامەكان بڵاوبكەنەوە لەكاتێكی زووتردا, زۆربەی كاتیش ئەمە دەكات. پێدەچێت ئێوارەی یەك شەممە, ئەنجامەكان لەكاتێكی زووتردا دەربكەون بە بەراورد بە هەڵبژاردنی (14)ئایار, بە لەچاوگرتنی ئاسانی جیاكردنەوەی كارتەكانی دەنگدان. سەرچاوە: رۆیتەرز
درەو: بەپێی مادەی (14) لە پرۆژە یاسای پەسەندكراوی لیژنەی دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی نەوتی هەرێم لەلایەن تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقەوە بە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەدات، لەژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە. ماددەی 14: یەكەم: وەزارەتی دارایی حكومەتی ناوەندی عێراق داهاتی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەژمارێكی بانكیدا لە بانكی ناوەندیی دادەنرێت بە بی ئەوەی هیچ لێبڕینێك، بۆ هەر مەبەستێك ئەنجامبدرێت، وەزارەتی درایی لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجكردن دەداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم یان هەر كەسێك كە خۆی دەسەڵاتی بداتێ,ئەم هەژمارە لە لایەن دیوانی چاودێری داراییەوە وردبینی تێدا دەكرێت، لیژنەیەكی شارەزای دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی ناوەندی ئەم كارە دەكات و هەموو هەژمارە هاوشێوەكانی تر دادەخرێت
درەو: لیژنەی دارایی ئەو بڕگانەی پەسەند كرد كە لە مادەكانی (13-14)ی یاسای بودجەی گشتی عێراقدا هاتوون و تایبەتن بە پشكی هەرێم و ئیلتیزاماتی هەرێم، بڕیارە رۆژی شەممە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت. ماددەی 13: یەکەم: پاکتاوی حساباتی ساڵەکانی 2004 بۆ 2022 لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمدا ئەنجام بدرێت. دووەم: ٲ-حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆ یاخود بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، داهاتەکەشی وەکو داهاتی کۆتایی گەنجینەی فیدراڵی تۆمار دەکرێت. ب-حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە ناردنی داهاتە نانەوتییەکان بۆ خەزێنەی حکومەتی فیدراڵی. ج-حکومەتی ناوەند پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم. د-حکومەتی هەرێم پابەند دەکرێ کە قەرزەکانی بانکی بازرگانی عێراقی(TBI) بداتەوە بە قیستی مانگانە کە لای بانکە حکومی و ئەهلییەکانەوە هەیە بە قیستی مانگانانە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لە م ساڵەوە بۆ ماوەی (٥ ) ساڵ. ماددەی 14: یەکەم: داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکیدا لە بانکی ناوەندی عیراق دادەنرێت بەبێ هیچ لێبڕینێک، سەرۆک وەزیران و وەزارەتی درایی لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجکردن دەداتە سەرۆکی حکومەتی هەرێم . دووەم: دیوانی چاودێری دارایی عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان، وردبینی لەو هەژمارەدا دەکرێت کە لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە. سێ یەم: لە لایەن کۆمپانیایەکی وردبینی نێودەوڵەتییەوە وردبینی لەو هەژمارەدا دەکرێت کە لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە، ئەو کۆمپانیایە راپۆرتی خۆی پیشکەش بە دیوانی چاودێری دارایی عیراق و هەرێم دەکات. چوارەم: وردبینی لە داتا داراییەکانی ساڵانە، 6 مانگی، مانگانە بە ئیمزای وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم و چاودێرێکی ژمێریاری سەربەخۆی نێودەوڵەتی دەکرێت و وێنەیەک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت. پێنجەم: لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا پێداچوونەوە بۆ ماوەکانی پێشوو لە کەرتی نەوت و غاز و پەیوەندییەکانی وەزارەتی نەوتی ناوەند و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکات، پاشان بە روانگەیەکی هاوبەش و پەسەندکراو بەپێی دەستوور لە لایەن هەردولاوە پاکتاوی ماوەکانی پێشوو دەکرێت. شەشەم: هەموو ئەم بڕگانە جێبەجێدەکرێت لە بەرواری دەرچوونییەوە تا دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز. حەوتەم: لە هەبوونی هەر ناکۆکییەک لە نێوان حکومەتی ناوەندو حکومەتی هەرێم لەسەر ماف و پابەندییەکان، یان پابەند نەبوون، شایستە داراییەکانی هەرێم دەبڕدرێت و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کاردەکرێت. هەشتەم: کوردستان پابەندە کە دوای وردبینی دیوانی چاودێری حکومەتی ناوەند زانیارییەکان لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی، سەربازی) بدات بە وەزارەتی دارایی عێراق. نۆیەم: حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە پێی ئەو پێوەرانەی لەو بودجەیەدا هاتووە بە دادپەروەری شایستە داراییەکان لەنێوان پارێزگاکان دابەش دەکات بە بێ جیاوازی، بە پێچەوانەوە حکومەتی فیدڕاڵی پشکی پارێزگای ناڕازی لە بودجە دەبڕێت و ڕاستەوخۆ دەیداتە پارێزگا ناڕازییەکە. دەیەم: حکومەتی عێراق پابەند دەکرێ بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بە ڕێگری کردن لە دەرهێنانی نەوتی کێڵگەکانی کەرکوک و موسڵ کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێمن بۆ کاتی ئێستا. یانزەیەم: حکومەتی عێراق پابەند دەبێ بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەروازە سنووریەکان بەڕێوە بەرێت و سەرپەرشتی بکات. دوانزەیەم: حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە گەڕاندنەوەی (10%)ی پاشەکەوتی مووچەی ساڵانی پیشوو و کە لێبڕینی تێدا کراوە و بەردەوام ئەو گوژمەیە پارەیە دەدات تاوەکو تەواوی شایستە داراییەکان دەداتەوە.
شیكاری: درەو رۆژی (22ی ئایاری 2023) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ چارەکی یەكەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر لە (29 ترلیۆن و 352 ملیار) دینار بووە، کە (96.2%)ی داهاتی نەوت و(3.8%)ی داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (16.5%) و زیاتر لە (4 ترلیۆن 568 ملیار) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە چارەکی یەکەمی (2023)دا؛ 🔹 عێراق زیاتر لە (294 ملیۆن و 413 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 271 هەزار) بەرمیل. هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (75.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. 🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەوماوەیەدا (28 ترلیۆن و 252 ملیار و 445 ملیۆن و 810 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.9%) گەڕاوەتەوە بۆ وەزارتی دارایی. تەوەری یەکەم؛ داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە چارەکی یەکەمی (2023)دا وەک لە (خشتەی ژمارە (1))دا رونکراوەتەوە، پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهای (30 ترلیۆن و 416 ملیار و 963 ملیۆن و 974 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق کە لە (22ی ئایاری 2023) بڵاوی کردووەتەوە، ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (28 ترلیۆن و 252 ملیار و 445 ملیۆن و 810 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.9%). بە جۆرێک؛ 1. داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە کانونی دووەمی (2023)دا پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە کانونی دووەمی (2023)دا بە بەهای (11 ترلیۆن و 112 ملیار و 492 ملیۆن و 600 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 285 ملیار و 546 ملیۆن و 454 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.6%). 2. داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە شوباتی (2023)دا پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە شوباتی (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 471 ملیار و 86 ملیۆن و 64 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 921 ملیار و 993 ملیۆن و 308 هەزار) دینار بە ڕێژەی (94.2%). 3. داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە ئازاری (2023)دا پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی ئازاری (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 833 ملیار و 385 ملیۆن و 310 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 44 ملیار و 906 ملیۆن و 47 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92%). تەوەری دووەم؛ داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی (2023)دا رۆژی (22ی ئایاری 2023) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) لە (22ی ئایاری 2023) بڵاوی کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (29 ترلیۆن و 352 ملیار و 144 ملیۆن و 85 هەزار و 823) دینار، بەجۆرێک بڕی (28 ترلیۆن و 252 ملیار و 445 ملیۆن و 810 هەزار و 436) دیناری بەڕێژەی (96.2%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (ترلیۆنێک و 99 ملیار و 698 ملیۆن و 275 هەزار و 387) دینار، بەڕێژەی (3.8%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بڕی (2 ترلیۆن و 115 ملیار و 930 ملیۆن و 623 هەزار) دیناری لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیە) کورتی هێناوە و بە پوختی (27 ترلیۆن و 236 ملیار و 213 ملیۆن و 462 هەزار و 818) دینار کۆی داهاتی وەزارەتی دارایی بووە. سەبارەت بە وردەکاری هەرسێ مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات و ئازاری (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، دوو و سێی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (22 ترلیۆن و 668 ملیار و 192 ملیۆن و 310 هەزار و 454) دینار، بەجۆرێک بڕی (19 ترلیۆن و 768 ملیار و 192 ملیۆن و 257 هەزار و 797) دیناری بەڕێژەی (87.5%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (2 ترلیۆن و 900 ملیار و 52 هەزار و 657) دیناری بەڕێژەی (12.5%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەرسێ مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات و ئازاری (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (2 ترلیۆن و 900 ملیار و 52 هەزار و 657) دیناری بەڕێژەی (12.5%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ بڕی (362 ملیار و 302 ملیۆن و 237 هەزار و 988) دیناری بە ڕێژەی (12.5%) بۆ خەرج کراوە. 2. کەرتی پیشەسازی بڕی (334 ملیار و 203 ملیۆن و 92 هەزار و 795) دیناری بە ڕێژەی (11.5%) بۆ خەرج کراوە. 3. کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (725 ملیار و 880 ملیۆن و 130 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (25%) بۆ خەرج کراوە. 4. کەرتی بیناسازی و ڕێگاوبان بڕی (ترلیۆنێک و 115 ملیار و 706 ملیۆن و 658 هەزار و 197) دیناری بە ڕێژەی (38.5%) بۆ خەرج کراوە. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (361 ملیار و 907 ملیۆن و 933 هەزار و 669) دیناری بۆ بە ڕێژەی (12.5%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (22 ترلیۆن و 668 ملیار و 192 ملیۆن و 310 هەزار و 453) دینار. لە کاتێکدا کۆی پوختەی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (27 ترلیۆن و 236 ملیار و 213 ملیۆن و 462 هەزار و 818) دینار. واتە بڕی (4 ترلیۆن و 568 ملیار و 21 ملیۆن و 152 هەزار و 365) دیناری بەڕێژەی (16.5%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات و ئازاری ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (2 ترلیۆن و 376 ملیار و 124 ملیۆن و 776 هەزار و 543) دینار. بە جۆرێک؛ 1. ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (128 ملیار و 597 ملیۆن و 460 هەزار) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (46 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2. سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (11 ملیار و 927 ملیۆن و 721 هەزار) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3. ئەنجومەنی وەزیران بڕی (2 ترلیۆن و 235 ملیار و 599 ملیۆن و 595 هەزار) دیناری خەرجکردووە، بڕی (ترلیۆنێک و 542 ملیار و 533 ملیۆن و 513 هەزار و 892) دیناری بە ڕێژەی (69%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (693 ملیار و 66 ملیۆن و 81 هەزار و 228) دیناری بە ڕێژەی (31%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (6)). تەوەری سێیەم؛ داهاتی نەوتی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (7)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕی (294 ملیۆن و 413 هەزار و 732) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 271 هەزار و 264) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (22 ملیار و 132 ملیۆن و 893 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەتێکڕا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 367) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (30 ترلیۆن و 416 ملیار و 963 ملیۆن و 974 هەزار) دینار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2023) بڕی (101 ملیۆن و 245 هەزار و 95) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 265 هەزار و 971) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.695) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.5) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.8) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 663 ملیۆن و 788 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 450) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 112 ملیار و 492 ملیۆن و 600 هەزار) دینار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2023 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2023) بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 294 هەزار و 843) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.556) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.59) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.03) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 62 ملیۆن و 704 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەتێکڕا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەتێکڕا بەرامبەر (هەزار 341) دینار بووە _لە هەفتەی یەکەمدا بەهای دۆلارێک (هەزار و 450) دینار بووە بەڵام دوای ئەوە دەبەزێندراوە بۆ (هەزار و 310)دینار_، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 471 ملیار و 86 ملیۆن و 64 هەزار) دینار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2023) بڕی (100 ملیۆن و 913 هەزار و 27) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 255 هەزار و 259) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (74.385) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (78.43) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (4) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 506 ملیۆن و 401) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 310) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 833 ملیار و 385 ملیۆن و 310 هەزار) دینار. سەرچاوەکان؛ یەکەم؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق - حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة دووەم؛ ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2023، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1419 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1455 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1480 سێیەم؛ بەهای فرۆشتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراق (1/1/2023 – 31/) - البنک المرکزي العراقي، نتائج نافذة بيع العملة الأجنبية، مزادات سابقة؛ https://cbi.iq/currency_auction/all
راپۆرت: درەو بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستان كۆبێتەوە، ئەگەر ئەندامانی (یەكێتی+ گۆڕان+ كۆمەڵ+ یەكگرتوو) بەشدار نەبن، نیسابی كۆبونەوەكە تەواو نابێت، چونكە كۆمسیۆن لەسەر بنەمای پشكپشكێنەی حزبی دروستبووەو نیسابی یاسایی كۆبوونەوەی كۆمسیاران پێویستی بە (5) ئەندامە لە كۆی (9) ئەندام، ئەگەر دوو ئەندامەكەی گۆڕان بەشدار بن لەگەڵ سێ ئەندامەكەی پارتی، نیسابی كۆبوونەوە تەواو دەبێت. نوسراوەكانی سەرۆكو جێگر لەدوای كۆبوونەوەكەی رۆژی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمان، كێشمەكێش دروستبووە لەبارەی یاسایبوون یان نەبوونی بڕیاری ژمارەی (10)ی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن. سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەو بڕیارەكە بە نایاساییو ناپەیڕەوی دەزانێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش بە یاسایی و پەیڕەوی ناوی دەبات. لەدوای دانیشتنەكەی پەرلەمان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نوسراوێكی ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم كردووەو داوا دەكات بەردەوام بن لە كاركردنو كارا كراونەتەوە، دواتر رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانیش كوردستان نوسراوی ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووەو دەڵێت "دانیشتنی پەرلەمان نەكراوەو هەر نوسراوێك واژۆی سەرۆكی پەرلەمانی لەسەر نەبێت نایاساییو نا پەیڕەوییە". هەر دوێنێ نوسراوەكەی هێمن هەورامی كە بە بڕیاری ژمارە (10) پەرلەمان ناسراوە، لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە، بە بڵاوكردنەوەشی راستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەم نوسراو و بڕیارانە كێشمەكێشمەكەی تەواو نەكردووە، بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رابگەیەنێتو كۆتایی بە ناكۆكیی پارتیو یەكێتیی لە پەرلەمان بهێنێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی بۆ رۆژی 30 مانگ دواخست. ئەگەر رۆژی 30 مانگ، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەو رۆژەوە نادەستورییە كە درێژكراوەتەوە، ئەوا هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی كە لەدوای درێژكردنەی تەمەنی پەرلەمانەوە (واتا لە 6ی تشرینی دووەمی 2022)وە دەرچوون، هەمویان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێن، بە بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە، بەڵام ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاریدا تەنیا درێژكردنەوەی پەرلەمان دەستورییە بەبێ دیاریكردنی كات، ئەوا لە رۆژی دەرچوونی حوكمی دادگاوە پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت، لەم حاڵەتەدا دانیشتنەكەی 22ی مانگ بە یاسایی ئەژماردەكرێت مەگەر یەكێتیی تانەی یاسایی لەسەر دانیشتنەكە تۆمار بكات. كۆمسیۆن دابەشبووە ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەپێی حزبەكانیان دابەشبوون، ئەوانەی لە پشكی یەكێتین دەڵێن پەیوەستین بە بڕیاری سەرۆكی پەرلەمانەوە (واتا پێیانوایە كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوە، ئەوانەشی لە پشكی پارتی پەیوەستن بە بڕیارەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە (واتا كۆمسیۆن كارا كراوەتەوە)، لەم نێوەندەدا (كۆمەڵی دادگەرییو یەكگرتووی ئیسلامیو بزوتنەوەی گۆڕان) كە نوێنەریان لە كۆمسیۆن هەیە، هێشتا بەفەرمی خۆیان یەكلانەكردووەتەوە. • هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆن لە پشكی پارتی دەڵێت، ئێمە پابەندی بڕیارەكەی پەرلەمانینو كارا كراوینەتەوە. • سلێمانی مستەفا حێگری سەرۆكی كۆمسیۆن لە پشكی یەكێتیی دەڵێت "پەیوەستین بە بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمانو كۆمسیۆن كارا نیەو ئێمە ماوەمان بەسەرچووە". چۆن نیساب تەواو دەبێت؟ بڕیارە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەفتەی داهاتوو كۆببێتەوە، كۆمسیاران چاوەڕێی بانگهێشتی سەرۆكی كۆمسیۆنن بۆ كۆبوونەوە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، تائێستا كۆمسیاران بانگهێشتی كۆبوونەوە نەكراونو هێشتا نازانرێت نیساب تەواو دەبێت یان نا؟ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو ڕاپرسی هەرێم ژمارە (1)ی ساڵی 2015، نیسابی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەزۆرینەی رەهایە (50+1)، واتا لەكۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەبێت (5) ئەندامی ئامادەبێت ئەوكات نیساب تەواو دەبێت، بەڵام لەكاتی بڕیاردان لەسەر بابەتێك ئەگەر ژمارەی دەنگەكان یەكسان بوون، ئەوا دەنگی سەرۆكی كۆمسیۆن لە كام لا بوو، ئەو لایە براوە دەبێتو بۆچونەكەی دەبێت بە بڕیار. پێكهاتەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم بەمشێوەیە: • هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە • رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە • سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە • شیروان زرار- كۆمسیارو وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە • ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە • عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە • جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمەو ئەگەر دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا عەلی ساڵح مەحمود لە شوێنەكەی دانراوە) • نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانەو سەربە یەكێتییە • سەیاح عەبدوڵا قاسم- كۆمسیار، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانەو لەلایەن پارتییەوە دانراوە (ئەم پیاوە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، ئەگەر دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنەكەی دانراوە) بەپێی دابەشكارییە، پشكی حزبەكان لەناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەمشێوەیە: • پارتی: 3 ئەندام • یەكێتی: 2 ئەندام • گۆڕان: 2 ئەندام • كۆمەڵ: 1 كورسی • یەكگرتوو: 1 كورسی سیناریۆكانی بەردەم كۆبونەوەی كۆمسیۆن ئەندامانی كۆمسیاران بەسەر (5) حزبدا دابەشبوون: • پارتی: سەرۆكی كۆمسیۆنو دوو ئەندام بەمەرجێك یەكێك لە ئەندامەكانی لە پێكهاتەی توركمان بێت. • یەكێتیی: جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنو ئەندامێكی دیكە بەمەرجێك لە پێكهاتەی مەسیحی بێت. • گۆڕان: سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردنو ئەندامێكی دیكە، بەمەرجێك یەكێكیان ژن بێت. • كۆمەڵ: ئەندامێكی كۆمسیۆن كە وتەبێژی كۆمسیۆنە • یەكگرتوو: ئەندامێكی كۆمسیۆن. سیناریۆكان بەم شێوەیە بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران: • تەواوی ئەندامانی كۆمسیۆن بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن، ئەگەری جێبەجێبوونی ئەم سیناریۆیە دوورە، چونكە یەكێتیی دژی كاراكردنەوەكەیە. • پارتیو گۆڕان پێكەوە بەشدار بن، لەم حاڵەتەدا ژمارەی بەشداربووانی كۆبونەوەكە دەكاتە (3 + 2)، لەم حاڵەتەدا لەكۆی (9) ئەندامی كۆمسیۆن (5) ئەندام ئامادە دەبنو بەمەش نیسابی كۆبونەوەكە تەواو دەبێتو رێژەی 50+1 پێكدێت، بەڵام تا ئێستا گۆڕان بە فەرمی راینەگەیاندووە بەشدار دەبێت. • ئەندامانی (كۆمەڵ+ یەكگرتوو+ پارتی) بەشدار بن ، لەم حاڵەتەدا نیساب تەواو دەبێت، چونكە (1+1+3) دەكاتە (5) ئەندام، واتا (50+1) پێكدێتو كۆبوونەوە دەكرێت. • سناریۆیەكی تریش لەئارادایە، دەوترێت گۆڕان (1 بە 1) دەكات، واتا لەكۆی دوو ئەندامەكەی لە كۆمسیۆن یەكێكیان دەنێرێت بۆ كۆبونەوەی ئەوەی تریان نانێرێت، لەم حاڵەتەشدا نیسانی یاسایی تەواو نابێت، چونكە هاوكێشەكە دەبێت بە (3+1) واتە (4) ئەندام ئامادە دەبنو رێژەی 50+1 پێكنایەت. ئەگەر گۆڕان ئەم بژاردەیە پەیڕەو بكات، واتە (1 بە 1) بكات، هەم دڵی یەكێتیی رادەگرێت كە لە ئەنجومەنی خۆجێی سلێمانیدا پێكەوەن، هەم دڵی پارتی رادەگرێت كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا پێكەوەن، بەڵام دەرەنجام ئەم هەنگاوە لەبەرژەوەندی یەكێتیی دەشكێتەوە، چونكە نیسابی كۆبونەوەی كۆمسیۆن تەواو ناكات. • ئەندامێكی گۆڕان، لەگەڵ ئەندامێكی كۆمەڵ یان یەكگرتوو، لەگەڵ سێ ئەندامەكەی پارتی (3+1+1) نیسابی كۆبوونەوە تەواو دەكات. دەرەنجامی ئەم سیناریۆیانە دەریدەخات، نیسابی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بە (یەكێتی+ پارتی) یان (گۆڕان+ پارتی) یان (پارتی + یەكگرتوو+ كۆمەڵ) پێكدێت.
درەو: جێگری پێشووی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) دەڵێت: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم كارا نەكراوەتەوە، ئێمە پەیوەستین بە نوسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە كە ئاراستەی كردووین. سلێمان مستەفا جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی و راپرسی هەرێمی كوردستان كە خۆی دەڵێت ماوەیان بەسەرچووەو جێگری پێشووە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو) دەڵێت: دوێنێ دوو نوسراو ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان كراوە، یەكێكیان لە لایەن رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوەو ئەوی تریان لەلایەن هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە بووە. نوسراوەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان باس لە فەرمانی ژمارە (10) دەكات و دەڵێت كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە. نوسراوكیش لەلایەن د. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە ئاراستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی "ماوەتەواوبوو" كراوە. سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە نوسراوەكەیدا باس لەوە دەكات" ئاگاداری بەرێزتان دەكەینەوە، كە هیچ بڕیارێكی پەرلەمانیی بە ژمارە (10)ی ساڵی 2023 لە پەرلەمانی كوردستان دەرنەچووە لەبەر ئەوەی لە دانیشتنی چواری رۆژی 22/5/2023 لەبڕگەی (3) لە مادەی (18) ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ئاماژەكراوی دواخستووەو كۆتایی پێهێناوە بەرمەبنای بڕگەی (11) لە مادەی (18)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان واژۆكردنی سەرجەم نوسراوەكان تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە و بەرێزیان ئەو دەسەڵاتەی بە كەسی تر نەداوە پیادەی بكات، هەر نوسراوێك بە بێ واژۆی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت هیچ بایەخێكی یاسایی نابێت . سلێمان مستەفا دەڵێت: ئێمە لە كۆمسیۆن پابەندی دەقی نوسراوی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەبین لەبەر ئەوەی بەرێزیان تاكە دەسەڵاتی رێپێدراوە كە موخاتەبەی جیهاتی فەرمی بكات بەتایبەتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، ئێمە پەیوەستین بە نوسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و پابەند دەبین بە نوسراوەكەیەوە كە تاكە دەسەڵاتی موتڵەقە لە ئاگاداركردنەوەی كۆمسیۆن لەوەی كارا دەكرێتەوە یان كارا ناكرێتەوە. سلێمان مستەفا دەڵێت" ئێستا من وەكو جێگری پێشووی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان قسە دەكەم و ئێمە كارا نەكراوینەتەوە"