ژمارەی هێزی کار (موچەخۆران)ی کەرتی گشتی لە عێراق و هەرێم لە ساڵانی 2006 – 2023
2024-02-22 06:38:17
درەو:
🔹 زیاتر لە (11) ساڵە دەرگای دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا، بەڕووی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان داخراوە.
🔹 سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2023) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی لەعێراق زیاتر لە (810 هەزار) پلەی وەزیفی جێگەی کراوەتەوەو بە رێژەی (25%) زیادی کردووە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان (658 هەزار و 189) پلەی وەزیفی جێگیر کراوە، بەراورد بە ساڵی (2021) (23 هەزار و 832) پلەی وەزیفی کەمکراوەتەوە بە رێژەی (3.5%).
🔹 لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2006) ژمارەی هێزی کاری حکومی تەنها (ملیۆنێک و 912 هەزار و 605) موچەخۆر بوو، بەڵام لە ساڵی (2023) گەیشتووە بە (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) موچەخۆر، واتا دەستی کار بە رێژەی (113%) زیادی کردووە.
🔹 بەڵام هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاساکانی بودجەدا لە ساڵی (2006) تەنها (557 هەزار و 32) دەستی کاری حکومی بووە، دوای تێپەڕبوونی (17) ساڵ بەسەر ئەو ماوەیەدا، لە یاسای بودجەی ساڵی (2023) بە (658 هەزار و 189) دەستی کاری حکومی هەژمارکراوە، بە رێژەی (18%) زیادی کردووە و دانیپێدنراوە، بەڵام ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە (ملیۆنێک و 255 هەزار) موچەخۆرە كە زیاتر لە (110%) زیادیكردووە، بەڵام نە عێراق دانیپێدا دەنێت، نە هەرێمیش توانیویەتی بەغدا بەو ژمارەیە قایل بکات.
🔹 لە یاسای بودجەی ساڵی (2021)دا، وەزارەتی پەروەردە (154 هەزار و 106) پلەی وەزیفی لە خۆگرتووە بەڵام لە ساڵی (2023) دەستی کار لە وەزارەتەکەدا گەیشتووە بە (963 هەزار و 949) موچەخۆر بە ڕێژەی (525%) زیادی کردووە.
سەرەتا
زیاتر لە (11) ساڵە دەرگای دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا، بەڕووی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان داخراوە، لە دوای ساڵی (2013)ەوە لە هیچ پرۆسەیەکی گشتگر و فەرمی فراواندا، رێگە خۆشنەکراوە بۆ جێکردنەوەی لانی کەمی خاوەن بروانامەکان کە بتوانن لە کەرتی گشتیدا خزمەت بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە پرۆسەی دامەزراندن لە چوارچێوەی کەرتی گشتیدا لە حکومەتی عێراق ڕانەگیراوە، ساڵانە بە ئاستێکی بەرزو تا ڕادەیەک گونجاو، دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان دادەمەزرێندرێن، نە حکومەتی هەرێم و نە نوێنەرانی کورد لە بەغدا، نەیانتوانیەوە هاوشێوەی ساڵانی پێش (2013) پشکی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەو بەشەی دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانکۆ پەیمانگاکان دەستەبەر بکەن.
هەر وەک چۆن نەیانتوانییوە حکومەتی عێراق قایل بکەن بەو ژمارەو رێژە موچەخۆرەی لە دەرەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق حکومەتی هەرێم دایمەزراندون. چونکە واقعی هەرێمی کوردستان لە رووی ژمارەی هێزی کاری حکومی و موچەخۆرانەوە تەواو جیاوازە لەو داتایانەی لە نێو یاساکانی بودجەی گشتی عێراق جێگەیان کراوەتەوە. ئەوەی لە عێراقدا دانی پێدادەنرێت نزیەکەی نیوەی ئەو هێزی کارو موچەخۆرەیە کە حکومەتی هەرێم هەیەتی و حکومەتی عێراق دانیپێدانانێت. ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە (ملیۆنێک و 250 هەزار) موچەخۆرەو بەپێی بەڵگەنامەکانیش لە حکومەتی عێراق لە (660 هەزار) موچەخۆر تێناپەڕێت.
بۆیە لێرەدا تەنها تیشک دەخەینە سەر ئەو داتاو ژمارانەی کە لە یاساکانی بودجەی گشتی عێراقدا تایبەت بە موچە خۆرانی هەرێم جێگەی کراوەتەوە، نەک ئەو واقعەی لەبارە ژمارەی موچەخۆرانەوە هەیە کە (ملیۆنێک و 200 هەزار) موچەخۆری تێپەڕاندووە
لەم بەدواداچونەدا بە گەڕانەوە بۆ ئەو ساڵانەی کە حکومەتی عێراق یاسای بودجەی هەبووە، لە نێوان (2006 بۆ 2023). تیشک دەخەینە سەر ژمارەی هێزی کار (موچەخۆران)ی کەرتی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکات بڕو ڕادەو ڕێژەی گەشەی ژمارەی موچەخۆران لە عێراق و هەرێم، وەک ئەوەی لە یاساکانی بودجەدا ئاماژەی پێدراوە.
یەکەم؛ ژمارەی هێزی کار (موچەخۆران)ی کەرتی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی پلە وەزیفییەکانیان پاڵپشت بە یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵانی 2006 - 2023
حکومەتی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2006 - 2023) پانزە ساڵ یاسای بودجەی هەبووە، جگە لە ساڵەکانی (2014، 2020 و 2022). وەک ئەوەی لەسەرجەم یاسا دەرکراوەکاندا هاتووە، سەرباری بەردوامی پرۆسەی بە خانەنشین کردنی موچەخۆرانی کەرتی گشتی، بەڵام جگە لە ساڵانی (2016، 2017 و 2018) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی دابەزیوە، بەڵام لە سەرجەم ساڵەکانی دیکەدا، ژمارەی پلە وەزیفییە جیاوازەکانی کەرتی گشتی رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، کە ئاماژەن بۆ بەردەوامی پرۆسەی دامەزراندن، بەجۆرێک؛
- لە ساڵی (2006) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (ملیۆنێک و 912 هەزار و 605) موچەخۆر بووە.
- لە ساڵی (2007) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 60 هەزار و 260) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (147 هەزار و 655) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (7.7%).
- لە ساڵی (2008) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 263 هەزار و 123) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (202 هەزار و 863) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (9.8%).
- لە ساڵی (2009) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 320 هەزار و 247) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (57 هەزار و 124) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (2.5%).
- لە ساڵی (2010) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 468 هەزار و 422) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵی (2009) (148 هەزار و 175) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (6.4%).
- لە ساڵی (2011) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 662 هەزار و 608) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (194 هەزار و 186) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (7.9%).
- لە ساڵی (2012) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 750 هەزار و 322) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (87 هەزار و 714) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (3.3%).
- لە ساڵی (2013) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 907 هەزار و 776) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (157 هەزار و 454) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (5.7%).
- لە ساڵی (2015) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (3 ملیۆن و 27 هەزار و 69) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵی (2013) وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە (119 هەزار و 293) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (4.1%).
- لە ساڵی (2016) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 905 هەزار و 226) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (121 هەزار و 843) پلەی وەزیفی کەمی کردووە بە رێژەی (4%).
- لە ساڵی (2017) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 885 هەزار و 834) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (19 هەزار و 392) پلەی وەزیفی کەمی کردووە بە رێژەی (0.7%).
- لە ساڵی (2018) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 885 هەزار و 716) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر تەنها (118) پلەی وەزیفی کەمی کردووە.
- لە ساڵی (2019) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە (2 ملیۆن و 941 هەزار و 890) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (56 هەزار و 174) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (1.9%).
- لە ساڵی (2021) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە گەیشتووە بە (3 ملیۆن و 263 هەزار و 834) موچەخۆر، بەراورد بە ساڵی (2019) (321 هەزار و 944) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (10.9%).
- لە ساڵی (2023) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە گەیشتووە بە ئاستێکی پێوانەیی و (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) موچەخۆر بووە، بەراورد بە بودجەی ساڵی (2021)، (810 هەزار و 863) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (24.8%).
بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1))
دووەم؛ ژمارەی هێزی کار (موچەخۆران)ی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵانی 2006 - 2023
پاڵپشت بە داتاو ئامارانەی دەربارەی هێزی کاری موچەخۆرانی هەرێم، لە یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2006 - 2023) هاتووە؛
- لە ساڵی (2006) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (557 هەزار و 32) موچەخۆر بووە.
- لە ساڵی (2007) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (586 هەزار و 502) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (29 هەزار و 470) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (5.9%).
- لە ساڵی (2008) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (616 هەزار و 304) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (29 هەزار و 802) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (5%).
- لە ساڵی (2009) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (616 هەزار و 302) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (2) پلەی وەزیفی کەمی کردووە.
- لە ساڵی (2010) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (625 هەزار و 849) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵی (2009) (9 هەزار و 547) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (1.5%).
- لە ساڵی (2011) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (650 هەزار و 849) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (25 هەزار) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (4%).
- لە ساڵی (2012) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (662 هەزار و 444) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (11 هەزار و 595) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (1.8%).
- لە ساڵی (2013) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (667 هەزار و 528) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (15 هەزار و 84) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (2.3%).
- لە ساڵی (2015) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (679 هەزار و 939) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵی (2013) وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە (2 هەزار و 411) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (0.4%).
- لە ساڵی (2016) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان (682 هەزار و 21) موچەخۆر بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر (2 هەزار و 82) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (0.3%).
ئەو ژمارەیەی موچەخۆرانی هەرێم لە یاساکانی بودجەی ساڵانی (2017، 2018، 2019 و 2021) بە جێگیری ماوەتەوە.
- سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2023) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی لەعێراق زیاتر لە (810 هەزار) پلەی وەزیفی جێگەی کراوەتەوە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان (658 هەزار و 189) پلەی وەزیفی جێگیر کراوە، بەراورد بە ساڵی (2021) (23 هەزار و 832) پلەی وەزیفی کەمکراوەتەوە بە رێژەی (3.5%).
بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2))
سێیەم؛ بەراوردکردنی بڕو رێژەی گەشەکردنی ژمارەی هێزی کار (موچەخۆران)ی کەرتی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵانی 2006 - 2023
وەک لە خشتەی ژمارە (3) دا رونکراوەتەوە، کاتێک ژمارەو ڕێژەی گەشەکردنی دەستی کاری حکومی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاساکانی بودجەی گشتی عێرا ڕادەمێنیت، بۆی دەردەکەوێت؛
لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2006) ژمارەی هێزی کاری حکومی تەنها (ملیۆنێک و 912 هەزار و 605) موچەخۆر بوو، بەڵام لە ساڵی (2023) گەیشتووە بە (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) موچەخۆر، بەو مانایەی (2 ملیۆن و 162 هەزار و 92) دەستی کار بە رێژەی (113%) زیادی کردووە.
بەڵام کاتێک بەتەنها هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاساکانی بودجەی گشتی عێراق وەردەگرین، ئەوا؛ لە ساڵی (2006) تەنها (557 هەزار و 32) دەستی کاری حکومی بووە، دوای تێپەڕبوونی (17) ساڵ بەسەر ئەو ماوەیەدا، لە یاسای بودجەی ساڵی (2023) بە (658 هەزار و 189) دەستی کاری حکومی هەژمارکراوە، واتە (101 هەزار و 157) موچەخۆر بە رێژەی (18%) زیادی کردووە و دانیپێدنراوە.
کاتێکش بەراوردی یاسای بودجی ساڵی (2023) دەکەین بە ساڵی (2013) و تەنانەت ساڵی (2021)یش، ئەوا بەڕوونی دەبینرێت، دەستی کاری گشتی لە حکومەتی عێراق بەڕادایەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەپێچەوانەی دەستی کاری حکومییەوە لە هەرێمی کوردستان پاشەکشەی کردووە. (خشتەی ژمارە (3)) ئەو ڕاستییە ڕوونتر دەکاتەوە.
چوارەم؛ بەراوردکردنی بڕو رێژەی گەشەکردنی ژمارەی هێزی کاری گشتی لە وەزارەتەکانی (پەروەردەو تەندروستی) عێراق بەپێی یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵانی 2021 و 2023
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا لە ساڵی (2023) ژمارەی هێزی کاری کەرتی گشتی بە گەیشتووە بە ئاستێکی پێوانەیی و (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) موچەخۆر بووە، بەراورد بە یاسای بودجەی ساڵی (2021)، (810 هەزار و 863) پلەی وەزیفی زیادی کردووە بە رێژەی (24.8%).
لە چوارچێوەی ئەو زیادبووکردنەی دەستی کاری حکومی هەردوو وەزارەتەکانی (پەروەردەو تەندروستی) عێراق پشکی شێریان بەرکەوتووە، بەجۆرێک؛
وەک لە یاسای بودجەی ساڵی (2021)دا هاتووە، وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی ناوبراودا (154 هەزار و 106) پلەی وەزیفی لە خۆگرتووە بەڵام لە یاسای بودجەی ساڵی (2023) دەستی کار لە وەزارەتەکەدا گەیشتووە بە (963 هەزار و 949) دەستی کار و (809 هەزار و 843) موچەخۆر بە ڕێژەی (525%) زیادی کردووە.
هاوکات لە یاسای بودجەی ساڵی (2021)دا هاتووە، وەزارەتی تەندروستی (116 هەزار و 451) پلەی وەزیفی لە خۆگرتووە بەڵام لە یاسای بودجەی ساڵی (2023) دەستی کار لە وەزارەتەکەدا گەیشتووە بە (488 هەزار و 550) دەستی کار و (372 هەزار و 99) موچەخۆر بە ڕێژەی (319%) زیادی کردووە.
لەم بارەیەوە بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)).
سەرچاوەکان
یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵانی (2006، 2007، 2008، 2009، 2010، 2011، 2012، 2013، 2015، 2016، 2017، 2018، 2019، 2021 و 2023).
https://www.mof.gov.iq/pages/ar/FederalBudgetLaw.aspx