د. ئارام گەڵاڵی وەك داهێنەر لە ئەمریكا دەستنیشانكرا
2024-02-24 13:12:34
درەو:
دامەزراوەیەكی ئەمریكی (100) كەسایەتی داهێنەر و تازەگەری دەستنیشانكرد، یەكێكیان د. ئارام گەڵاڵی پزیشكێكی كوردەو خەڵكی شاری سلێمانیە، لە بواری شێرپەنجەو جیناتدا وەكو داهێنەر لە ئەمریكا دەستنیشانكراوە.
دامەزراوەی ( Marquis Who's Who)ی ئەمریكی لە ساڵی 1899 ەوە دامەزراوەو ساڵانە رێزلێنان و خەڵات بەو كارەكتەرە دیارانە دەدات كە داهێنەرن لە بواری خۆیاندا، بۆ ئەمساڵ پزیشك و مامۆستایەكی كوردی زانكۆی هارڤاردی خەڵات كردووەو دەستنیشانی كردووە وەك (100) كەسایەتی ئەمریكی كە ئەویش (د. ئارام گەلاِڵی)یە.
پ. ی. د. ئارام گڵاڵی لە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكا بە (درەو)ی راگەیاند: ئەم دامەزراوەیە ساڵانە كەسانی بەهرەمەند و داهێنەر و تازەگەر لە بواری خۆیان هەڵدەبژێرن، كە لە كۆمەڵگەی ئەمریكیدا دیارن و داهێنەرن، رێزلێنانێكە بۆ ئەوكەسانەی دەركەوتوون خەڵاتەكەی من لە بواری شێرپەنجە و بایۆتەكنەلۆژیا.
من لە ئێستادا لە زانكۆی هارڤارد پرۆفیسۆری یاریدەدەرم، لە پەیمانگای كارۆلینیسكا توێژەرو پرۆفیسۆری یاریدەدەرم و لە نەخۆشخانەی بۆستنی منداڵان راوێژكاری پزیشكەكانم.
خەڵاتەكەی د. ئارام گەڵاڵی لە دوو بواردایە:
• بواری یەكەم (Oncology) ئۆنكۆلۆژی پسپۆڕییەكی پزیشكییە كە تایبەتە بە لێكۆڵینەوە و دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی ئەو كەسانەی كە تووشی شێرپەنجە بوون یان گومانی توشبونیان لێدەكرێت.
• بواری دووەم (Biotechnology) بایۆتەكنەلۆژیا بریتییە لە بەكارهێنانی بایۆلۆجی بۆ پەرەپێدانی بەرهەم و شێواز و زیندەوەری نوێ كە مەبەست لێی باشتركردنی تەندروستی مرۆڤ و كۆمەڵگایە.
دامەزروەكەی ئەمریكا لە سایتی خۆی بەم شێوەیە باسی (د. ئارام گەڵاڵی) كردووە:
دكتۆر ئارام گەڵاڵی ڕاهێنەرەو ئەندامی فاكەڵتییە لە كۆلێژی پزیشكی هارڤارد، كە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە زانیاری دەبەخشێت و بەشداری لە بواری ئۆنكۆلۆژیدا كردووە.
لە ساڵی ٢٠١٧ەوە وەك توێژەری پۆست دكتۆرا لە كۆلێژی پزیشكی هارڤارد كاری كردووە تا ساڵی ٢٠٢١، كە گرنگی بە توێژینەوە پێشكەوتووەكان دەدات.
لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ لە پەیمانگای كارۆلینسكا لە سوید وەك توێژەری پۆست دكتۆرا كاری كردووە.
گەشتە ئەكادیمییەكەی دكتۆر گەڵاڵی هەم سەرنجڕاكێشە و هەم بناغەیە بۆ دەستكەوتە پیشەییەكانی.
لە ساڵی ٢٠١٩دا زەمالەی پۆست دكتۆرای لە ئۆنكۆلۆژی و دیزاینی دەرمان لە كۆلێژی پزیشكی هارڤارد تەواو كردووە،
بەهۆی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و خواستی جێبەجێكردنی بیرۆكەی داهێنەرانە، پلانی هەیە بەردەوام بێت لە هەنگاوە بەرچاوەكان لەڕێگەی دامەزراندنی تاقیگەی تایبەتی خۆی بۆ توێژینەوەی سەربەخۆ.
وەك ڕێزلێنانێك بۆ بەشدارییە ناوازەكانی لە بواری ئۆنكۆلۆژی و بایۆتەكنەلۆژیا، گەڵاڵی بە درێژایی ژیانی پیشەیی بە پێنج خەڵاتی بەناوبانگ ڕێزی لێگیراوە.