Draw Media

دوای دزینی، پاڵاوگه‌ی بێجی كه‌وته‌وه‌كار

دوای دزینی، پاڵاوگه‌ی بێجی كه‌وته‌وه‌كار

2024-02-23 13:29:00


(دره‌و):
دوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پارچه‌ دزراوه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئه‌مڕۆ پاڵاوگه‌ی (بێجی) ده‌ستی به‌كاركرده‌وه‌، رۆژانه‌ زیاتر له‌ 150 به‌رمیل ده‌پاڵێوێت و (4 ملیۆن) لیتر به‌نزین به‌رهه‌مده‌هێنێت، به‌پێی قسه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ ده‌ستبه‌كاربوونه‌وه‌ی ئه‌م پاڵاوگه‌یه‌ عێراق پێداویستییه‌كانی خۆی بۆ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان پڕده‌كاته‌وه‌و پێویستی به‌وه‌ نابێت له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌یان بكات.
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پاڵاوگه‌ی (شیمال)ی له‌ بێجی كرده‌وه‌، ئه‌م پاڵاوگه‌یه دوای 10 ساڵ له‌كاركه‌وتنی، نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌. سودانی له‌ وتارێكدا به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی پاڵاوگه‌كه‌ رایگه‌یاند، زۆرێك له‌ هاوڵاتیانی عێراقی چاوه‌ڕوانی ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ گرنگه‌ بوون، دوای وێرانكردنی پاڵاوگه‌كه‌، ئاماژه‌ی به‌و كه‌سانه‌ كرد كه‌ له‌ شه‌ڕی به‌رگیركردن له‌ پاڵاوگه‌كه‌ شه‌هیدو برینداربوون و پاڵاوگه‌ی بێجییان له‌ ده‌ستی چه‌كدارانی داعش رزگاركردووه‌. 
ئه‌ندازیاران و كرێكارانی كۆمپانیای پاڵاوگه‌كانی باكور پاڵاوگه‌ی بێجییان نۆژه‌نكردوه‌ته‌وه‌. "زۆر كه‌س گومانیان هه‌بوو له‌وه‌ی پارچه‌كانی ئه‌م پاڵاوگه‌یه‌ بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ هه‌ماهه‌نگی حكومه‌تی هه‌رێم گه‌ڕێندرانه‌وه‌" سودانی وای وت، ئه‌مه‌ وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ دزینی پاڵاوگه‌كه‌، كه‌یسێك كه‌ رایگشتی عێراق و ته‌نانه‌ت میدیا جیهانییه‌كانیش باسیان لێوه‌كردو حكومه‌تی سودانیش تائێستا ناوی ئه‌وانه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه‌ كه‌ له‌ پشت دزینی پاڵاوگه‌كه‌وه‌ بوون، ته‌نیا ناوی ئه‌و هاوڵاتییه‌ی هێنا (باران ئه‌حمه‌د یونس) كه‌ به‌هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستپێشخه‌ری كردووه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پارچه‌كانی پاڵاوگه‌كه‌. 
به‌پێی قسه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی پاڵاوگه‌ی بێجی وا ده‌كات تا ناوه‌ڕاستی ساڵی داهاتوو، عێراق له‌ دابینكردنی ته‌واوه‌تی پێداویستی خۆی بۆ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان نزیك ببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی راگرتنی هاورده‌ی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌و ملیاران دۆلار بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.
سودانی وتی: حكومه‌ت له‌ماوه‌ی 15 مانگی ته‌مه‌نی خۆیدا، كه‌رتی نه‌وت و غازی خستوه‌ته‌ سه‌رووی ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی خۆیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌یه‌ك بۆ وه‌به‌رهێنانی ئه‌م سامانه‌، به‌جۆرێك باشترین داهات به‌دی بهێنێت. 
"سه‌رباری ئه‌وه‌ی عێراق رۆژانه‌ زیاتر له‌ 4 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنێت، به‌ڵام هێشتا به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان هاورده‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكه‌ كه‌ ده‌یان ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌".
پاڵاوگه‌ی بێجی گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵگه‌ی پاڵاوتن و پیشه‌سازی نه‌وته‌ له‌ عێراق، له‌ ته‌موزی 1978دا دروستكراوه‌، پاڵاوگه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین. ئێستاو دوای ده‌ستبه‌كاربوونه‌وه‌ی، ئه‌م پاڵاوگه‌یه‌ رۆژانه‌ زیاتر له‌ 150 هه‌زار به‌رمیل ده‌پاڵێوێت.
رێكخراوی داعش ساڵی 2014 ده‌ستی به‌سه‌ر پاڵاوگه‌كه‌دا گرت، دواتر هێزه‌ عێراقییه‌كان ئۆپۆراسیۆنێكیان ئه‌نجامدا بۆ رزگاركردنی پاڵاوگه‌كه‌و، دوای وه‌رگرتنه‌وه،‌ پاڵاوگه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌و فرۆشرا به‌ وه‌به‌رهێنێك له‌ هه‌رێمی كوردستان، وه‌به‌رهێنه‌كه‌ به‌ر له‌ مردنی به‌ چه‌ند رۆژێك وه‌سێتنامه‌یه‌كی بۆ كه‌سوكاره‌كه‌ی نوسی بوو، داوایكردبوو پارچه‌كانی ئه‌و پاڵاوگه‌یه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌، له‌ ئابی 2023دا كه‌سوكاره‌كه‌ی پارچه‌كانی پاڵاوگه‌كه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌. 
تا ساڵی 2022 توانای پاڵاوتنی پاڵاوگه‌كانی عێراق له‌ رۆژێكدا زیاتر له‌ 700 هه‌زار به‌رمیل بوو، دوای كردنه‌وه‌ی پاڵاوگه‌ی كه‌ربه‌لا به‌توانای 140 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ له‌ ساڵی رابردوودا، هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ی پاڵاوگه‌ی بێجی له‌ ئه‌مڕۆدا كه‌ تواناكه‌ی 150 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌یه‌، هه‌روه‌ها به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای پاڵاوتنی هه‌ندێك له‌ پاڵاوگه‌كانی باشور، هه‌موو ئه‌مانه‌ وایانكرد له‌ماوه‌ی ساڵێكدا توانای پاڵاوتن زیاتر له‌ 300 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ زیاد بكات. ئه‌مه‌ واده‌كات توانای پاڵاوتن له‌ عێراق بۆ زیاتر له‌ (یه‌ك ملیۆن) به‌رمیلی رۆژانه‌ زیاد بكات، واتا توانای پاڵاوتنی پاڵاوگه‌كانی عێراق به‌رێژه‌ی نزیكه‌ی 40% به‌رزبووه‌ته‌وه‌. 
سه‌رباری ئه‌وه‌ی توانای پاڵاوتنی پاڵاوگه‌ی بێجی هاوتای توانای پاڵاوتنه‌ له‌ پاڵاوگه‌ی كه‌ربه‌لا، به‌ڵام ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیای كه‌ له‌ پاڵاوگه‌ی كه‌ربه‌لا به‌كارهێنراوه‌ گه‌وره‌ترو نوێتره‌ له‌وه‌ی پاڵاوگه‌ی بێجی كه‌ كه‌لوپه‌له‌كانی كۆنن، ئه‌مه‌ واده‌كات پاڵاوگه‌كانی تری عێراق له‌دوای پاڵاوگه‌ی كه‌ربه‌لاوه‌ بن، له‌كاتێكدا پاڵاوگه‌ی كه‌ربه‌لا رۆۆژانه‌ (8 ملیۆن) لیتر به‌نزین به‌رهه‌مده‌هێنێت به‌ پاڵاوتنی 140 هه‌زار به‌رمیل، پاڵاوگه‌ی بێجی ناتوانێت زیاتر له‌ (4 ملیۆن) لیتری رۆژانه‌ به‌رهه‌مبهێنێت به‌ پاڵاوتنی 150 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی بۆ كۆنی و بێتوانایی كه‌لوپه‌له‌كانی بێجی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. 
به‌رله‌وه‌ی پاڵاوگه‌ی كه‌ربه‌لا بڕی (8 ملیۆن) لیتر به‌نزینی رۆژانه‌ زیاد بكات، عێراق رۆژانه‌ (15 ملیۆن) لیتر به‌نزینی به‌رهه‌م ده‌هێنا، بۆیه‌ كه‌ربه‌لا بڕی به‌نزینی به‌رهه‌مهێنراوی عێراقی بۆ (23 ملیۆن) لیتر به‌رزكرده‌وه‌، به‌ (4 ملیۆن) لیتر به‌نزینی پاڵاوگه‌ی بێجی كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌ستبه‌كاربوو، تێكڕای به‌نزینی به‌رهه‌مهێنراوی عێراق له‌ رۆژێكدا بۆ (27 ملیۆن) لیتر به‌رزده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و بڕه‌یه‌ كه‌ رۆژانه‌ عێراق پێویستی پێیه‌تی، به‌ڵام گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێجار به‌تایبه‌تیش له‌ وه‌رزی هاویندا كه‌ به‌كارهێنانی به‌نزین زیاد ده‌كات یان به‌قاچاخبردنی به‌نزین رووده‌دات، پێداویستی رۆژانه‌ی عێراق بۆ به‌نزین ده‌گاته‌ (30 ملیۆن) به‌رمیل. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand