موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ بڕیاری دادگای فیدراڵیدا

Draw Media

2024-02-29 14:15:55





راپۆرت: دره‌و
له‌پاڵ بڕیاره‌كه‌یدا بۆ گواستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بۆسه‌ر بانكه‌ فیدراڵییه‌كان، دادگای فیدراڵی عێراق نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ ناده‌ستوری ناوده‌بات و نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ به‌غداد كه‌ له‌م كابینه‌یه‌دا دروستكراوه‌، بێ رۆڵ ده‌كات، پشتبه‌ست به‌ نوسراوی وه‌زاره‌تی نه‌وت ئاشكرایده‌كات هه‌رێمی كوردستان له‌دوای ده‌رچوونی یاسای بودجه‌وه‌ بڕی (7 ملیۆن و 920 هه‌زار) به‌رمیل نه‌وتی راده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق كردووه‌، ورده‌كاری بڕیاری دادگای فیدراڵی له‌م راپۆرته‌دا.

سكاڵاكاره‌كان كێن و داوای چیان كرد ؟
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رۆژی 21ی ئه‌م مانگه‌ بڕیاری خۆی له‌باره‌ی ئه‌و سكاڵایانه‌ راگه‌یاند، كه‌ سه‌باره‌ت به‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان تۆماركرابوون.
سكاڵاكاره‌كان له‌م دۆسیه‌یه‌دا (دوای یه‌كخستنی هه‌ردوو سكاڵاكه‌) بریتی بوون له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ (عه‌داله‌ت ره‌حیم محه‌مه‌د- بوخاری جه‌میل عه‌لی- حه‌یده‌ر محه‌مه‌د عوسمان) پارێزه‌ری ئه‌م سكاڵاكارانه‌ پارێزه‌ر (به‌كر حه‌مه‌سدیق) بوو، سكاڵاكاره‌كانی تریش بریتی بوون له‌ (ره‌عد ره‌فعه‌ت محه‌مه‌د- ئاكۆ محه‌مه‌د مه‌حمود- به‌ده‌ل عه‌بدولباقی- عه‌لی ئه‌حمه‌د بابان).
ئه‌م دوو گروپه‌ سكاڵاكاره‌، سكاڵاكانیان له‌دژی هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران تۆماركردبوو.
سكاڵاكاره‌كان له‌ سكاڵاكه‌یاندا باسیان له‌وه‌كردبوو، ده‌رچوونی یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌ی عێراق (2023-2024-2025) كه‌ رۆژی 26ی حوزه‌یرانی 2023 له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قایعی عێراق بڵاوكرایه‌وه‌ (واتا چووه‌ بواری جێبه‌جێكردن)، ژماره‌یه‌ك كێشه‌ی بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه‌و، ئه‌وان وه‌كو سكاڵاكار به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ زه‌ره‌رمه‌ند بوون و بێبه‌شكراون له‌ موچه‌ی مانگه‌كانی (ته‌موزو ئابی) ساڵی 2023و، به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌، ئه‌و زه‌ره‌ره‌یان به‌ركه‌وتووه‌.
سكاڵاكاره‌كان له‌ سكاڵاكه‌یاندا په‌نایان بردووه‌ بۆ هه‌ردوو یاسای (خزمه‌تی شارستانی ژماره‌ 24ی ساڵی 1960ی هه‌مواركراو)و یاسای (موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت و كه‌رتی گشتیی ژماره‌ 22ی ساڵی 2008)، ده‌ڵێن ئه‌م یاسایانه‌ رێگه‌ به‌ جیاكاری ناده‌ن له‌نێوان فه‌رمانبه‌رانی عێراق و ناكرێت قوتی هاوڵاتی ببێت به‌ قوربانی ململانێی سیاسی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و، فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم باجی ئه‌م ململانێیانه‌ ده‌ده‌ن و بێبه‌شده‌كرێن له‌ وه‌رگرتنی موچه‌كانیان كه‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی بژێوییانه‌و خێزانه‌كانیان به‌ده‌ست ئه‌م بێبه‌شكردنه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و له‌ وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نددا بوون به‌ قوربانییه‌كی راسته‌قینه‌.
سكاڵاكاره‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسیارێتیی بێبه‌شكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌و مافانه‌ ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ كه‌ یاسا ده‌یانپارێزێت، بۆیه‌ داوا له‌ دادگای باڵای فیدراڵی ده‌كه‌ن بڕیارێكی سالاریی (ولائی) ده‌ربكات بۆ ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگه‌كانی (ته‌موزو ئاب)ی ساڵی 2023، سه‌رباری ئه‌مه‌ ناكۆكی نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان یه‌كلابكاته‌وه‌، كه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی ژماره‌ (13)ی ساڵی 2023 جێبه‌جێ نه‌كرێت، هه‌روه‌ها داوایانكردووه‌ دادگا هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ پابه‌ند بكات به‌وه‌ی له‌ داهاتوودا هاوشێوه‌ی فه‌رمانبه‌رانی تری عێراق، موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ن و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دوربخه‌نه‌وه‌ له‌ هه‌ر ناكۆكییه‌كی سیاسی كه‌ له‌ داهاتوودا رووبدات.

بۆچونی حكومه‌تی فیدراڵ له‌باره‌ی سكاڵاكه‌
له‌م سكاڵایه‌دا محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ڕێگه‌ی دوو راوێژكاری یاساییه‌وه‌ به‌ناوه‌كانی (قاسم سحێب شكور)و (حه‌یده‌ر عه‌لی جابر) چووه‌ ناو دانیشتنه‌كانی دادبینی.
رۆژی 11ی ئۆكتۆبه‌ری 2023 بریكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی خۆی له‌باره‌ی سكاڵاكه‌ پیشكه‌شكردووه‌، تییدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، داواكاری سكاڵاكاره‌كان به‌گوێره‌ی مادده‌ی (93)ی ده‌ستوری عێراق، له‌ تایبه‌تمه‌ندی دادگای باڵای فیدراڵی ده‌رده‌چێت، چونكه‌ ئه‌م دادگایه‌ كاری چاودێریكردنی ته‌نیا له‌ بابه‌تی ده‌ستوریبوونی یاساكاندا كورتده‌بێته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نییه‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن پابه‌ندبكات به‌ ئه‌نجامدانی كارێكی دیاریكراو، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی ئه‌ركی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا نییه‌و به‌گوێره‌ی یاسای بودجه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌.
بریكاره‌كه‌ی سودانی له‌ گه‌ڵاڵه‌نامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، له‌ مادده‌ی (12/ دووه‌م/ه)ی یاسای بودجه‌دا هاتووه‌ (وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ پابه‌نده‌ به‌ پێدانی شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌ی مانگانه‌، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی هه‌رێم بڕگه‌كانی (ا-ب-ج-د)ی ئه‌م مادده‌ی جێبه‌جێكرد، كه‌ ئه‌وه‌ش ناردنی نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی كێڵگه‌كانی هه‌رێمه‌ بۆ ئه‌مباره‌كانی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ" له‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا به‌بڕێك كه‌ كه‌متر نه‌بێت له‌ (400 هه‌زار) به‌رمیلی رۆژانه‌، هه‌روه‌ها راده‌ستكردنی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان به‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌گوێره‌ی (یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی فیدراڵ).
پارێزه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ڵێ" حكومه‌تی هه‌رێم تائێستا پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ راده‌ستكردنی نه‌وت و داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانه‌وه‌"، بۆیه‌ داوای له‌ دادگا كردووه‌ سكاڵاكه‌ ره‌تبكاته‌وه‌.

لایه‌نی سێیه‌م!
دادگای باڵای فیدراڵی داواكارییه‌كانی بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی سكاڵای موچه‌خۆرانی هه‌رێم ره‌تكردوه‌ته‌وه‌، بۆ وه‌رگرتنی رونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌باره‌ی كه‌یسه‌كه‌، لایه‌نی سێیه‌می بۆ پرۆسه‌ی دادبینی زیادكردووه‌، لایه‌نی سێیه‌م بریتی بووه‌ له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ (وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ+ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان+ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم).
بریكاری وه‌زیری دارایی فیدراڵ سێ گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی له‌باره‌ی پرسیاره‌كانی دادگا سه‌باره‌ت به‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم پێشكه‌شكردووه‌، گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی یه‌كه‌م له‌ رۆژی 28ی تشرینی دووه‌می 2023دا بووه‌، گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی دووه‌م له‌ رۆژی 16ی كانونی دووه‌می 2024و گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی سێیه‌میش له‌ رۆژی 18ی شوباتی 2024دا بووه‌.
له‌ گه‌ڵاڵه‌نامه‌كانیدا، بریكاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كه‌ ناوی (عامر عه‌باس قادر)ه‌، باسی له‌وه‌كردووه‌، پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی كارو به‌رپرسیارێتی فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێمدایه‌و په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵه‌وه‌ نییه‌، سه‌رباری ئه‌مه‌ وتویه‌تی: پێنه‌دانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێم یان هه‌ر لایه‌نێكی تر له‌ هه‌ریم له‌چوارچێوه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی دادگای فیدراڵیدا نییه‌.
سه‌باره‌ت به‌ پرسیاری دادگا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 پاره‌ی بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و ئه‌و كه‌سانه‌ ناردووه‌ كه‌ چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌یانگرێته‌وه‌ ؟ بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق وتویه‌تی: ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ی كه‌ له‌ بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا دیاریكراوه‌، ره‌وانه‌ی هه‌رێم كراوه‌.
دادگا له‌باره‌ی پێدانی قه‌رز به‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ناویاندا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و خانه‌نشینان و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی پرسیاری كردووه‌، بریكاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌و به‌هه‌مان شێوه‌ی وه‌ڵامی پرسیاری پێشتر وتویه‌تی: به‌پێی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ بووه‌.
دادگای له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی ژماره‌ حسابی له‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بۆ دانانی داهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان تێیدا پرسیاری كردووه‌، بریكاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌و وتویه‌تی به‌ڵێ دوو حساب به‌ دۆلارو دینار له‌ بانكی فیدراڵی كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچ جۆره‌ داهاتێكی هه‌رێمیان تێدا دانه‌نراوه‌.  
له‌باره‌ی پرسیاری دادگا سه‌باره‌ت به‌ تۆماری داهاته‌ نه‌وتیی و نانه‌وتییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ راده‌ستی خه‌زێنه‌ی گشتیی عێراق نه‌كراوه‌ به‌پێی ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێم هه‌روه‌ها ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن بانكه‌ حكومییه‌كانی عێراقه‌وه‌ (بانكی رافیده‌ین- بانكی ره‌شید- بانكی بازرگانی عێراق) دراوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان و خستنه‌ڕووی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌م قه‌رزانه‌ یاسایی بوون یاخود نا، بڕیاری دادگای فیدراڵی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات یاسای بودجه‌ی گشتیی ژماره‌ 13ی ساڵی 2023 له‌ 26ی حوزه‌یرانی 2023دا كه‌وتوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن، به‌ر له‌ ده‌رچوونی ئه‌م  یاسایه‌، مادده‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان  به‌ركارنه‌بوون تا هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند بێت پێیانه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌ركردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێم خه‌رجبكرێت، به‌ڵام له‌دوای 26ی حوزه‌یرانه‌وه‌ كه‌ یاسای بودجه‌ كه‌وتوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن، هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆی بووه‌، نه‌یتوانیوه‌ هه‌موو ده‌قه‌كانی یاسای بودجه‌ جێبه‌جێ بكات، له‌وانه‌ به‌هۆی ده‌رچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسه‌وه نه‌یتوانیوه‌‌ نه‌وت هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا بكات.
سه‌باره‌ت به‌ ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌ی ساڵی دارایی 2023  بۆ ماوه‌ی (1/1/2023) تا (30/12/2023) داهاتی نه‌وتی هه‌رێم گه‌یشتوه‌ته‌ (2 ترلیۆن و 936 ملیار) دینار، داهاتی نانه‌وتیش بریتی بووه‌ له زیاتر له‌‌ (3 ترلیۆن و 171 ملیارو 206 ملیۆن) دینار.
بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای سێ نوسراوی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق كه‌ نوسراوی یه‌كه‌میان مێژووه‌كه‌ی بۆ (15ی ئابی 2023) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و دووه‌میان مێژووه‌كه‌ی بۆ (25ی تشرینی یه‌كه‌می 2023)و سێیه‌میان له‌ (28ی كانونی یه‌كه‌می 2023)دا ده‌رچووه‌، باسله‌وه‌ ده‌كات له‌و ماوانه‌دا كه‌ له‌ نوسراوه‌كاندا هاتوون، حكومه‌تی هه‌رێم بڕی (7 ملیۆن و 920 هه‌زار) به‌رمیل نه‌وتی راده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق كردووه‌.
له‌باره‌ی ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ی كه‌ به‌گوێره‌ی فه‌رمانه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ له‌  (22ی حوزه‌یرانی 2023)و (2ی ئابی 2023)، حكومه‌تی فیدراڵ به‌ هه‌رێمی كوردستان داوه، بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق وتویه‌تی بڕه‌ پاره‌كه‌ بریتی بووه‌ له‌ (598 ملیار) دینارو (400 ملیار) دینارو وه‌زاره‌تی دارایی له‌ ساڵی 2023دا بڕه‌ پاره‌ی تری به‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌داوه‌.‌
هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای پرسیاری دادگای فیدراڵی، بریكاری دیوانی چاودێری دارایی عێراق دوو گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی رونكردنه‌وه‌ی پێشكه‌شی دادگا كردووه‌، یه‌كه‌میان له‌ 21ی كانونی دووه‌م و ئه‌وی تر له‌ 18ی شوباتی ئه‌مساڵدا، تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌:
•    دیوانی چاودێری فیدراڵ له‌ 16ی ئابی 2023دا ئه‌نجامی كاری چاودێریی و وردبینی داهات و خه‌رجییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ماوه‌ی (1/1/2023) تا (30/6/2023) ئاڕاسته‌ی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌، هه‌روه‌ها له‌ 19ی تشرینی یه‌كه‌می 2023دا ئه‌نجامی كاری چاودێریی و وردبینی بۆ ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشین و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگی حوزه‌یرانی 2023 ئاڕاسته‌ی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌، تا ئه‌وكاته‌ هیچ وه‌ڵامێكی له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ تێبینییه‌كان له‌باره‌ی وردبینییه‌كانه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌.
•    دیوانی چاودێری دارایی به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ یاسای بودجه‌دا هاتووه‌ (مادده‌ی 12/ یه‌كه‌م)، له‌ رۆژه‌كانی 23ی ئاب، 7ی تشرینی دووه‌م، 28ی تشرینی دووه‌می 2023 داوای له‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان (مه‌به‌ستی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غداد كه‌ فارس عیسا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات) كردووه‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان و تۆمارو ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌ی پێبدات، به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ وه‌ڵامی نه‌دراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ دیوانی چاودێری نه‌یتوانیوه‌ كاره‌كانی خۆی بكات.
•    به‌گوێره‌ی مادده‌ی (12/دووه‌م/ا)ی یاسای بودجه‌، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم داتاكانی نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی له‌ كێڵگه‌كانی هه‌رێم و ئه‌و نه‌وته‌ی باركراوه‌ بۆ ئه‌مباره‌كانی كۆمپانیای "سۆمۆ" له‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا، نه‌داوه‌ به‌ دیوانی چاودێری دارایی بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی بكات.  
•    سه‌باره‌ت به‌ مادده‌ی (12/دووه‌م/ د)ی یاسای بودجه‌، هه‌رێمی كوردستان داهاتی نانه‌وتیی راده‌ستی خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیوانی چاودێری دارایی وردبینی تێدا بكات.
•    سه‌باره‌ت به‌ مادده‌ی (12/ دووه‌م/هـ)ی یاسای بودجه‌، تیمێك پێكهێنرا بۆ وردبینی له‌ ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌و خه‌رجی و داهاته‌ نه‌وتیی و نانه‌وتییه‌كان له‌ماوه‌ی 1/1 بۆ 30/6ی 2023، راپۆرتی هاوبه‌ش ده‌رچوو، ره‌وانه‌ی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كرا، بۆ وردبینیكردنیش له‌ ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی (7/1 تا 31/12/2023) دوای ئه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێم ره‌وانه‌ی دیوانی چاودێری دارایی بكرێت، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ داوای له‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم كرد ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌ی مانگه‌كانی (10 و 11و 12ی 2023)ی بۆبنێریت هاوپێچ له‌گه‌ڵ خشته‌و شیكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و داهاته‌كانی هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ ده‌ست به‌ پرۆسه‌ی وردبینی بكرێت، به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ وه‌ڵام نه‌درایه‌وه‌.

پارێزه‌ره‌كه‌ی هه‌رێم داوای مۆڵه‌ت ده‌كات !
دادگای فیدراڵی له‌ بڕیاره‌كه‌ی خۆیدا ئاماژه‌ی به‌ گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌كی بریكاره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ كردووه‌، كه‌ رۆژی 11ی ئه‌م مانگه‌ پێشكه‌شیان كردووه‌، بریكاره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ گه‌ڵاڵه‌نامه‌كه‌یاندا ده‌ڵێن:
•    حكومه‌تی فیدراڵ تایبه‌تمه‌ند نییه‌ به‌ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆو دوور له‌ پشكی هه‌رێم، ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی مادده‌ی (121/ سێیه‌م)ی ده‌ستور.. بۆیه‌ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه‌ پێویستی ده‌ستوه‌ردانی یاسایی هه‌یه‌.
•    یاسای بودجه‌ی 2023 پرۆسه‌ی پێدانی ته‌رخانكراوه‌ داراییه‌كانی به‌مشێوه‌یه‌ رێكخستووه‌:
-    پاكتاوی شایسته‌ داراییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ساڵانی 2004 تا 2022 دوای وردبینی له‌لایه‌ن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم.
-    حكومه‌تی هه‌رێم به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی فیدراڵ پابه‌نده‌ به‌ناردنی نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی گێڵگه‌كانی هه‌رێم بۆ كۆمپانیای "سۆمۆ" له‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا، به‌بڕێك كه‌ له‌ (400 هه‌زار) به‌رمیلی رۆژانه‌ كه‌متر نه‌بێت.
-    ئه‌گه‌ر نه‌توانرا له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه‌ نه‌وت هه‌نارده‌ بكرێت، حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌ راده‌ستكردنی نه‌وته‌كه‌ به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ.
-    وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ ده‌گرێته‌ئه‌ستۆ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم راده‌ستی ده‌كات.
-    حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌ راده‌ستكردنی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان به‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌گوێره‌ی مادده‌ی (22/ب)ی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی فیدراڵ، به‌و مه‌رجه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به‌ هه‌ماهه‌نگیی دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی له‌ داتاكانی ئه‌و داهاتانه‌دا بكات.
-    وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ پابه‌نده‌ به‌وه‌ی مانگانه‌ شایسته‌كانی هه‌رێم بدات، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی هه‌رێم بڕگه‌كانی (ا،ب،ج،د)ی مادده‌ی (12/دووه‌م)ی یاسای بودجه‌ جێبه‌جێ ده‌كات....
-    پاكتاوی پاره‌كانی بانكی بازرگانی عێراق له‌لای حكومه‌تی هه‌رێم به‌شێوه‌ی قیستی مانگانه‌ له‌ پشكی هه‌رێم ده‌بڕدرێت...
-      داهاتی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو و فرۆشراوی ناوخۆی هه‌رێم له‌ ژماره‌ حسابییه‌كدا داده‌نرێت كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ له‌ بانكی ناوه‌ندیی ده‌یكاته‌وه، هه‌موو حساب بانكییه‌كانی تر داده‌خرێن و ئه‌و پارانه‌ی كه‌ ده‌چێته‌ ناو ئه‌م حسابه‌وه‌ بۆ هیچ مه‌به‌ستێك لێبڕینی لێ ناكرێت.
-    دوای ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی جێبه‌جێ كرد كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ هاتوون، ئه‌وكاته‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم ده‌دات..
دوای ئه‌وه‌ی بریكاره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌م گه‌ڵاڵه‌نامه‌یان پێشه‌شكردووه‌، بریكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌بوو گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی خۆی پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام داوای له‌ دادگا كردووه مۆڵه‌تی پێبدات بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی خۆی پێشكه‌ش بكات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی جارێكی تر مۆڵه‌تی پێداوه‌، بۆیه‌ دادگای فیدراڵی داواكاری پارێزه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی ره‌تكردوه‌ته‌وه‌و دواتریش بڕیاریداوه‌ كه‌سانی سێیه‌م له‌ دۆسیه‌كه‌ بكاته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی رونكردنه‌وه‌كانیان كۆتایی هاتووه‌. به‌مشێوه‌یه‌ دادگاكه‌ ده‌رگای دادبینی داخستووه‌و بڕیاری خۆی له‌سه‌ر سكاڵاكه‌ ده‌ركردووه‌.

بڕیاری دادگا چی ده‌ڵێ؟
دادگای فیدراڵی له‌ بڕیاره‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به‌ سكاڵای موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم، به‌ر له‌وه‌ی كورته‌ی بڕیاری خۆی رابگه‌یه‌نێت، پشتبه‌ست به‌ مادده‌كانی ده‌ستور لێكدانه‌وه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌و به‌پێی حوكمه‌كانی مادده‌ی (117)ی ده‌ستور، هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌كو هه‌رێمێكی فیدراڵی ناساندووه‌، كه‌ ده‌بێت پشكێكی دادپه‌روه‌رانه‌ی له‌ داهاته‌ فیدراڵییه‌كان بۆ ته‌رخان بكرێت، كه‌ به‌له‌به‌رچاوگرتنی ژماره‌ی دانیشتوان، به‌شی ئه‌وه‌ بكات هه‌رێم به‌ به‌رپرسیارێتییه‌كانی خۆی هه‌ڵسێت.
هاوكات دادگای فیدراڵی پشتبه‌ست به‌ ده‌ستور، واجبی كردووه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان پارێزگاری له‌ یه‌كێتیی و سه‌لامه‌تی و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ریی عێراق و سیستمه‌ دیموكراتییه‌ فیدراڵییه‌كه‌ی بكات.
دادگا له‌ بڕیاره‌كه‌یدا باس له‌وه‌ ده‌كات، ده‌ستور مافی ئه‌وه‌ی هه‌ر پارێزگایه‌ك یان زیاتر داوه‌ هه‌رێم دروست بكات، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای داواكاری یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئه‌و پارێزگایانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌رێم دروستبكه‌ن یاخود له‌سه‌ر داوای 10%ی ده‌نگده‌ران له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك، به‌ڵام هاوكات ده‌ستور تایبه‌تمه‌ندییه‌ تاقانه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی‌ فیدراڵی (مادده‌ی 110)و تایبه‌تمه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كاندا (مادده‌ی 114) دیاریكردووه‌، هه‌روه‌ك ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و پارێزگا نارێكخراوه‌كانیشی له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمدا دیاریكردووه‌ (مادده‌ی 115).
دادگا ده‌ڵێ (دیاریكردنی سیاسه‌تی دارایی و گومرگی، ده‌ركردنی دراو، رێكخستنی سیاسه‌تی بازرگانی له‌ سنوری هه‌رێم و پارێزگاكان، دانانی بودجه‌، سیاسه‌تی نه‌ختینه‌، دروستكردنی بانكی ناوه‌ندیی و به‌ڕێوه‌بردنی) ده‌سه‌ڵاتی تاقانه‌ی حكومه‌تی فیدراڵه‌، له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ستور هه‌موو مافێكی به‌ حكومه‌تی هه‌رێم داوه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خۆی، به‌مه‌رجێك له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ تاقانه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵدا دژ نه‌بێت، ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی هیچ یه‌كێكیان سنوری تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆی نه‌به‌زێنێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌كه‌وینه‌ به‌رده‌م پێشێلكردنی ده‌ستورییه‌وه‌.

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی هه‌رێم
دادگای فیدراڵی ده‌ڵێ: نابێت ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان له‌ ئاستی ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كاندا بن له‌ڕووی پێكهاته‌و پسپۆڕییه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ ده‌ستور واجبی كردووه‌ كه‌ (دیاریكردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی و دانوستان له‌باره‌ی په‌یماننامه‌و ریككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و سیاسه‌تی قه‌رزكردن و ئیمزاكردنی و سیاسه‌تی ئابوری و بازرگانی و ده‌ره‌كی) له‌ تایبه‌تمه‌ندی تاقانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كانن، به‌مه‌ دادگای فیدراڵی به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ هه‌موو نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ وڵاتان به‌ ناده‌ستوری ناوده‌بات.

موچه‌و نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غداد
دادگای فیدراڵی له‌ بڕیاره‌كه‌یدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌كات به‌ كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆ موچه‌ی (فه‌رمانبه‌ری سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان و پارێزگاكان و لایه‌نه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ری لایه‌نه‌ حكومییه‌كانی ترو خانه‌نشینان و سودمه‌ندانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تیی) له‌و بانكه‌ حكومییه‌ فیدراڵییانه‌ی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن.
به‌پێی بڕیاره‌كه‌، پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان ببڕدرێت كه له‌ یاسای بودجه‌دا هاتووه‌.
له‌پاڵ ئه‌مه‌دا، دادگای فیدراڵی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له‌ هه‌رێمی كوردستان‌ ناویان هێنراوه‌ هه‌روه‌ها فه‌رمانگه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری هه‌رێم پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگیی راسته‌وخۆ بكه‌ن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بۆ جێبه‌جێكردنی گواستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ‌بۆسه‌ر بانكه‌ فیدراڵییه‌كان، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، مه‌به‌ست له‌ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غداد كه‌ (فارس عیسا) له‌ پشكی پارتی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و له‌سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌مدا ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌ دروستكراوه‌، پێشترو به‌ر له‌ ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی، هه‌موو نوسراوێك كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی دامه‌زراوه‌ فیدراڵییه‌كان ده‌كرا، ده‌بوو بچێته‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌ی فارس عیساوه‌، ئه‌مه‌ هه‌ندێك سه‌رئێشه‌ی بۆ خه‌ڵك و داموده‌زگاكانی هه‌رێم دروستكردبوو، له‌ریگه‌یه‌وه‌ حكومه‌تی مه‌سرور بارزانی كۆنترۆڵی هه‌رجۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌ كوردستانه‌وه‌ به‌ به‌غداد كردبوو‌، به‌ڵام بڕیاری دادگای فیدراڵی به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌و سه‌رجه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستانی له‌ وڵاتان راگه‌یاند.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌، دادگای فیدراڵی له‌ بڕیاره‌كه‌یدا، سه‌رجه‌م بانكه‌كانی سه‌ربه‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق پابه‌ندكردووه‌ به‌وه‌ی ئاسانكاری بكه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و گرتنه‌به‌ری سه‌رجه‌م رێگا پێویسته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆیان سودمه‌ند ببن له‌ موچه‌كانیان، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی ئه‌و په‌نجه‌ره‌ بانكییانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێم هه‌ن یان ئه‌و بانكانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێم كراونه‌ته‌وه‌و له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه‌ مۆڵه‌تیان پێدراوه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا، دادگا به‌رپرسی باڵای ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ناویان هێنراوه‌ له‌ وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م پێكهاته‌ حكومییه‌كان ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیی دروستیی ئه‌و داتایانه‌ی كه‌ ره‌وانه‌ ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌و پله‌و بڕی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆیان له‌ بانكه‌ فیدراڵییه‌كان.
دوای كردنه‌وه‌ی حساب بانكیی بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، دادگای فیدراڵی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پاره‌دار بكات و ئاگاداری ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی چیتر  نابێت به‌ قه‌رز پاره‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێرێت.
سه‌رباری ئه‌مانه‌، بۆ پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی ژماره‌ حسابی بانكه‌ فیدراڵییه‌كانه‌وه‌، به‌پێی بڕیاری دادگا:  
•    حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌ پابه‌ندكراوه‌ به‌ پێشكه‌شكردنی ته‌رازوه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی (میزان مراجعه‌)ی مانگانه‌ له‌و واده‌ی كه‌ فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری له‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ له‌ مانگی دواتردا دیاری ده‌كات له‌كاتی داواكردنی پاره‌ هاوشێوه‌ی وه‌زاره‌تی فیدراڵییه‌كان.
•    پابه‌ندكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌ نه‌وتیی و نانه‌وتییه‌كانی به‌ حكومه‌تی فیدراڵ (خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت)، به‌گوێره‌ی یاسای ئیداره‌ی دارایی فیدراڵ، به‌و مه‌رجه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی له‌و داتایانه‌ بكات كه‌ تایبه‌تن به‌و داهاتانه‌وه‌، ئه‌مه‌ پشتبه‌ست به‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی (12)ی یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی 2023ی بودجه‌ی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق بۆ ساڵه‌كانی (2023-2024-2025).
•     پابه‌ندكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی بكه‌ن له‌و حساب بانكییانه‌ی كه‌ بۆ هه‌رێم ده‌كرێنه‌وه‌ له‌ بانكی ناوه‌ندیی هه‌روه‌ها وردبینی بكرێت بۆ لیستی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و سوندمه‌ندانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان.  

 

دەقی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand