بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە لە هەرێم نرخی گۆشتی سور لە بەرزترین ئاستدایە

Draw Media

2024-02-27 12:05:31



 

راپۆرتی: درەو

🔻 سامانی ئاژەڵ و پێداویستی تاک و نرخ و پرۆژەکانی گۆشتی سور لە هەرێمی کوردستان؛
🔹 گرانبوونی نرخی کیلۆ گرامێک گۆشتی سور بۆ نزیک (15) دۆلار، هەرێمی پێش هەریەک لە وڵاتانی (جەزائیر، فەلەستین، تورکیا، سعودییە، مسر، ئوردن، تونس، قەتەر، ئیمارات، کوەیت، ئێران، مەغریب، عومان و لیبیا) خستووە.
🔹 هەرێمی کوردستان (19%)ی ئاژەڵانی عێراقی هەیەو خاوەنی زیاتر لە (4 ملیۆن و 705 هەزار) سەر ئاژەڵە و بە ڕێژەی (68%) مەڕ و (26%) بزن و (6%)ی مانگا پێکهێناوە.
🔹 لە پارێزگانی هەرێمی کوردستان (263) پرۆژەی (بەخێوکردنی مەڕو بزن و مانگای شیر، قەڵەوکردنی گۆلک و بەرخ) هەیەو پێکەوە توانای لەخۆگرتنی سەرو (110 هەزار) سەر ئاژەڵیان هەیە.
🔹 بەرهەمی خۆماڵی گۆشتی سور ساڵانە سەر و (75 هەزار) تەنە و (55%)ی بەکاربردنی دانیشتوان پڕ دەکاتەوەو هەر تاکێک ساڵانە پێویستی (14.4) کیلۆگرام گۆشتی سورە.
🔹 لە ساڵی (2022)دا لە سەر ئاستی (31) کوشتارگەکەی هەرێمی کوردستان، (ملیۆنێک و 34 هەزار و 358) سەر ئاژەڵ سەربڕاوە.
🔹 لە هەرێم (41) پرۆژەو کارگەی ئالیک و هەیە و توانای بەرهەمهێنانیان (887) تەن ئالیکە لە کاتژمێرێکدا.

یەکەم؛ نرخی گۆشتی سور لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە، بەراورد بە هەرێمی کوردستان
تادێت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی گۆشتی سور روو لە بەرزبوونەوە دەکات، لە ئێستادا نرخی یەک کیلۆگرام گۆشتی سور (22 – 23 هەزار) دیناری تێپەڕاندووە.
کاتێک نرخی گۆشتی سور لە هەرێمی کوردستان بەراورد دەکەین، بە (15) وڵاتی دراوسێ و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە، بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی (NUMBEO) دەبینین لەرووی بەرزی نرخی گۆشتەوە لە سەروو هەموویانەوەیەو پێش هەریەک لە (جەزائیر، فەلەستین، تورکیا، سعودییە، مسر، ئوردن، تونس، قەتەر، ئیمارات، کوەیت، ئێران، مەغریب، عومان و لیبیا) کەوتوو. لە بارەی نرخی گۆشتەوە بڕوانە ئەم چارتەی خوارەوە.
چارت

بەشی زۆری هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سور لە بازاڕەکانی و هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ؛
1.    قۆرخکاری و کۆنترۆڵ نەکردنی بازاڕ و ڕێکنەخستنی پێویست بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵ.
2.    نزیکبوونەوەی بەهار و مانگی ڕەمەزان، کە ساڵانە لەو کاتانەدا گۆشتی سور بەهۆی زیادبوونی خواستەوە نرخەکەی بەرزدەبێتەوە و هەندێ جاریش لە لایەن بازرگانانەوە بەرزدەکرێتەوە.
3.    کەمبوونەوەی ئاژەڵی خۆماڵی و زیادبوونی دیاردەی کۆچی لادێ نشینەکان بۆ ناو شارەکان.
4.    بەرزبونەوەی نرخی ئالیك و پێداویستییە تەندروستییەکانی ئاژەڵان.
5.    بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ و گۆشتی هاوردەکراو، بەهۆی ئاڵۆزیی و ناجێگیری بارودۆخی سیاسی و ناسەقامگیری جیهانییەوە.
دووەم؛ ژمارەی ئاژەڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022
پاڵپشت بە داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان/ بەشی ئامارەکانی کشتوکاڵ و ژینگەی هەرێم لەلایەک و داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کە بۆ فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نێردراوە لە لایەکی دیکەوە. لەسەر ئاستی گشتی عێراق، وڵات خاوەنی (25 ملیۆن و 128 هەزار و 655) سەر ئاژەڵە کە (4 ملیۆن و 705 هەزار و 621) سەریان بە رێژەی (19%) کەوتووەتە هەرێمی کوردستانەوە، بەجۆرێک؛
-    (19 ملیۆن و 716 هەزار و 354) سەر مەڕن بە ڕێژەی (78%).
-    (2 ملیۆن و 599 هەزار و 945) سەر بزن بە رێژەی (10%).
-    (2 ملیۆن و 148 هەزار و 271) سەر مانگا بە رێژەی (9%).
-    (461 هەزار و 991) سەر گامیش بەرێژەی (2%).
-    (202 هەزار و 94) سەر حوشتر بە رێژەی (1%).
تەنها لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) خاوەنی (4 ملیۆن و 705 هەزار و 621) سەر ئاژەڵن، بەجۆرێک؛
-    (3 ملیۆن و 195 هەزار و 627) سەر مەڕن بە ڕێژەی (68%).
-    (ملیۆنێک و 239 هەزار و 203 سەر بزن بە رێژەی (26%).
-    (270 هەزار و 791) سەر مانگا بە رێژەی (6%).
لەبارەی سامانی ئاژەڵەوە لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بڕوانە (خشتەی ژمارە (1))



سێیەم؛ پرۆژەکانی ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022
پشت بەست بە داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان/ بەشی ئامارەکانی کشتوکاڵ و ژینگەی هەرێم، لە هەرێمی کوردستان چوار جۆر پرۆژەی ئاژەڵداری بوونی هەیە، کە بریتین لە پرۆژەی (بەخێوکردنی مەڕو بزن، بەخێوکردنی مانگای شیر، قەڵەوکردنی گۆلک و بەرخ) دابەشبوونە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک؛
1.    پرۆژەکانی بەخێوکردنی مەڕو بزن، کە (75) پرۆژەن و توانای بەخێوکردنی (23 هەزار و 80) سەر ئاژەڵیان هەیە.
2.    پرۆژەکانی مانگای شیر، کە (84) پرۆژەن و توانای بەڕێوەبردنی (12 هەزار و 455) سەر مانگایان هەیە.
3.    پرۆژەکانی قەڵەوکردنی گۆلک، کە (98) پرۆژەن و توانای بەڕێوەبردنی (72 هەزار و 804) سەر گۆلکیان هەیە.
4.    پرۆژەکانی قەڵەوکردنی بەرخ، کە (6) پرۆژەن و توانای بەڕێوەبردنی (2 هەزار و 66) سەر بەرخیان هەیە.
تایبەت بە شێوازی دابەشبوونی پرۆژەکان، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بڕوانە


چوارەم؛ ژمارەی کوشتارگەو بەرهەمی گۆشتی سور و پێداویستی تاک لە هەرێمی کوردستان
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان/ بەشی ئامارەکانی کشتوکاڵ و ژینگەی هەرێم، بەرهەمی خۆماڵی گۆشتی سور ساڵانە سەر و (75 هەزار) تەنە و (55%)ی بەکاربردنی دانیشتوان پڕ دەکاتەوەو هەر تاکێک ساڵانە پێویستی بە (14.4) کیلۆگرام گۆشتی سورە. لەم بارەیەوە بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)).  
 

هاوکات لە ساڵی (2022)دا لە سەر ئاستی (31) کوشتارگەکەی هەرێمی کوردستان، (ملیۆنێک و 34 هەزار و 358) سەر ئاژەڵیان سەربڕیوە، بە جۆرێک؛ (774 هەزار و531) مەڕ و (114 هەزار و 696) بزن و (145 هەزار و 131) رەشەوڵات سەربڕاون. لەم بارەیەوە بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)).

پێنجەم؛ ژمارەی کارگەکانی ئالیک و توانای بەرهەمیان لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022
هەر بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان/ بەشی ئامارەکانی کشتوکاڵ و ژینگەی هەرێم، (41) پرۆژەو کارگەی ئالیک و هەیە و توانای بەرهەمهێنانیان (887) تەن ئالیکە لە کاتژمێرێکدا. بەجۆرێک؛
1.    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (23) پرۆژەو کارگە هەیە بە توانای بەرهەمهێنانی (602) تەن ئالیک لە کاتژمێرێکدا.
2.    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (8) پرۆژەو کارگە هەیە بە توانای بەرهەمهێنانی (135) تەن ئالیک لە کاتژمێرێکدا.
3.    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (6) پرۆژەو کارگە هەیە بە توانای بەرهەمهێنانی (77) تەن ئالیک لە کاتژمێرێکدا.
4.    لەسەر ئاستی ئیدارەی گەرمیان (4) پرۆژەو کارگە هەیە بە توانای بەرهەمهێنانی (73) تەن ئالیک لە کاتژمێرێکدا.
لەم بارەیەوە بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)).

 

 

سەرچاوەکان
-    دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، پوختەی ئاماری سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان (2014 - 2022)، بەشی ئامارەکانی کشتوکاڵ و ژینگە، ئەیلولی 2022.
-    کەرکوک ناو، نرخی كیلۆیەك گەیشتە 23 هەزار دینار)كەركوك ناو) هۆكارەكانی بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی سور بڵاودەكاتەوە؛
https://bitly.ws/3egJm
-    محمد الباقر نصیف، المواشي في محافظات العراق للأعوام   (2020 – 2021 - 2022)، مجلس النواب؛ دائرة البحوث والدراسات النیابیة، قسم البحوث، (تموز (2023).
-    NUMBEO, Price Rankings by Country of Beef Round (1kg) (or Equivalent Back Leg Red Meat) (Markets), at;
https://bitly.ws/3egJf

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand