Draw Media

درەو: کەمال چۆمانی- كوردستان تایمز دەبێ چی رویدابێ کاتێک سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ جێگرەکەی مایک پێنس و وەزیری دەرەوە مایک پۆمپێیۆ دەنێرێتە لای ئەردۆغان تا چەندان سەعات کۆبونەوە بکەن؟ دەبێ بۆچی پۆمپێیۆ هەوڵی دابێ دەرگای کۆبونەوەکەی ئەردۆغان و مایک پێنس بشکێنێ؟ دەبێ چی رویدابێ کاتێک لە توڕەیی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا هاکان فیدان و قسەکەری ئەردۆغان لە ژوری رۆزفێڵتی کۆشکی سپی لە واشنتن لە توڕەیییاندا کۆبونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەجێدەهێڵن؟ دەبێ سەرکردەکانی کورد چۆن لە سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق بڕوانن؟ دەبێ کوشتنی قاسم سولەیمانی چۆن بڕیاری لێ درابێ؟ ئەی چی دەبێ ئەگەر هەمو ئەمانەی سەرەوە پەیوەست بن بە کوردەوە؟ وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریکا مایک پۆمپێیۆ وەک خۆئامادەکردنێک بۆ خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ٢٠٢٤، هەفتەی رابردو یاداشتەکانی لە کتێبێکی ٤٦٤ لاپەڕەییدا بە ناوی  `هەرگیز واز لە ئینجێکیش مەهێنە؛ شەڕکردن بۆ ئەمریکایەک کە خۆشمدەوێ` بڵاوکردەوە. پۆمپێیۆ کەسایەتییەکی سیاسی و هەواڵگری و دیپلۆمات و بزنسمانی ناسراوی ئەمریکیییە، سەرکردەیەکی ناسراوی کۆمارییەکانە. ئەو لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠١٨ بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بو لەژێر سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ. دواتریش لە ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢١ بو بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ یەکەم کەسە لە ئەمریکا ئەو دو پۆستە گرنگەی بەڕێوەبردبێ. پۆمپێیۆ لە کاتێکدا بەڕێوەبەری سی.ئای.ئێی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بو کە کورد لە عێراق و تورکیا و سوریادا لە هەمو ساتێکی دیکەی مێژوی خۆیدا هەم لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیا، سوریا، و عێراق و هەمیش لەسەر ئاستی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، کاریگەرییەکەی گەییشتە لوتکە بە هۆی شەڕی داعش بونە بەشێک هاوپەیمانێتیی بۆ لەناوبردنی داعش، هەم بە هۆی ئەو روداوانەی لەدوای شەڕی داعش رویاندا لە وێنەی داگیرکارییەکانی تورکیا لە رۆژئاڤای کوردستان، هەروەها بە هۆی نەوت و گازیشەوە، بو بە رۆژەڤی سیاسەت لە ناوچەکە و دونیا. تورکیا بە زانیاریی و سەرنجەکانی پۆمپێیۆ دەربارەی تورکیا توڕە بوە. وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشۆغلۆ دژ بە یاداشتەکان گوتی: «ئەوەی ئەو دەربارەی تورکیا دەیڵێت، هەڵەزانیارییە. دیبلۆماسییانە قسەدەکەم. دەتوانی بڵێی درۆی رونن.» لە بارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەکانی عەرەب، دیسان زانیاریی سەرنجڕاکێشی تێدان، بەتایبەت پەیوەست بە نزیکبونەوەی وڵات و سەرکردەکانی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل. لە زۆر روداودا کورد چەقی بابەتەکان و ململانێکانی ئەمریکایە لەگەڵ تورکیا، عێراق، و سوریا، کەمتر ئێران چونکە ململانێی ئەمریکا و ئێران کەمتر پەیوەستە بە کوردەوە. کورد بە رادەیەک کاریگەر بوە بەسەر سیاسەتەکانی ئەمریکادا پۆمپێیۆ و جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتۆنەوە بەرەو ئەنقەرە دەفڕن تا بتوانن رێ لە ئەردۆغان بگرن بۆ هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاڤا، بە رادەیەک پۆمپێیۆ هەستدەکات لە دانیشتنی نێوان مایک پێنس و ئەردۆغاندا ژیانی مایک پێنس لەوانەیە لە مەترسیدا بێ و بۆیە بە هەڕەشەوە دەچێتە ناو کۆبونەکەوە. لێرەدا هەوڵدەدەم چەند وتە و روداوێک کە باسی کورد و تا رادەیەک ناوچەکەیان تێدایە، بەتایبەت کوشتنی قاسم سولەیمانی، وەربگێڕمە سەر کوردی. #لاپەڕە ٧٩ یەکەم ناوهێنانی کورد لە لاپەڕە ٧٩یە [ئەو کتێبەی من بۆ ئەو خوێندنەوەیە پشتم پێ بەستوە ئیبوکە و لاپەڕەکانی بونەتە ٨٤٥ چونکە بەپێی قەبارەی کاتی خوێندنەوە ئیبوک لاپەڕەکان دەگۆڕێ]. لێرەدا باسی داعش و هەوڵەکانە بۆ لەناوبردنی داعش لە عێراق و سوریا و پشتیوانیکردنی سەربازی و هەواڵگری بۆ هێزەکانی شەڕکەر دژ بە داعش لەڕێی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شکاندنی داعش. ئەو رەخنە لە ئیدارەی ئۆباما دەگرێ کە «درەنگ خەبەریان بوەوە» لە مەترسیی داعش و کاتێکش خەبەریان بوەوە «هێندەیان نەکرد» بۆ وەستاندنی داعش تا ئیدارەی ترامپ. پۆمپێیۆ دەنوسێ: «لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتوەکان بەردەوام بو بۆ ئامادەکاریی هەواڵگری، سەربازی، و راهێنان و پشتیوانیی ئاسمانیی، شەڕڤانە کوردییەکان لە هێڵی پێشەوە شەڕیان دەکرد بۆ بەرگریکردن لە ماڵەکانیان. بەم جۆرە، بەردەوام بوین لە تێکشکاندنی دوژمنەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان. وەرچەرخانێکی خێرا لە شکستەوە قەرەبوی کردینەوە.»  #لاپەڕە ٢٨٩ پۆمپێیۆ باسی سەردانێکی کتوپڕی دەکات بۆ عێراق. لە وەسفی سەردانەکەدا وەک بڵێی کەسێک فیلمێکی ئاکشنی ئەمریکیت بۆ دەگێڕێتەوە بە رادەیەک پێشمەرجیی ئاساییشی گیراونەتەبەر چونکە ئەو سەردانی وڵاتێکی کردوە کە «زۆر کەس دەیانەوێ بیکوژن» و «ساروخ بگرنە ئەو فڕۆکەیەی کە لەسەری نوسراوە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.» هەروەها وڵاتێک تێیدا «بەرپرسانی ئێرانی بە کەیفی خۆیان تێیدا دەسوڕێنەوە. ئەوەش هەمو شتێکت پێ دەڵێت کە بزانی دەربارەی کێ بەرپرسە.» دوای گەییشتنی، پۆمپێیۆ خۆی دەگۆڕێ بە جلوبەرگی گولەنەبڕ و بەرەو ناوەڕاستی بەغداد بەڕێدەکەوێت بۆ دیداری سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق بەرهەم ساڵح و سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق عادل عەبدولمەهدی. لەبارەی ئەو دو کەسایەتییەوە دەنوسێ: «بەرهەم ساڵح لە ناوەندە رۆژئاواییەکان زۆر ناسراوە. سەرکردەیەکی لێهاتوی کوردی عێراقە، ئەو وریا [بە خۆپارێزییەوە] بو، بەڵام هەمیشە رون بو دەربارەی ئەوەی گونجاو بو و ئەوەی پڕ مەترسی بو. عادل عەبدولمەهدی، بە پێچەوانەوە، ئامرازێکی ئێرانی بو، هیچ حەزێکی لە ریسکی سیاسیی نەبو تا سەرمایەگوزاریی سیاسیی پێوە بکا. کاتم لەگەڵیدا نزیک بو وەک ئەو دیدارانەم لەگەڵ ئێرانییە راستەقینەکاندا.» پۆمپێیۆ بیری بەرهەم ساڵح و عادل عەبدولمەهدی دەخاتەوە کە ئازاردانی سەربازە ئەمریکییەکان و کێشە دروستکردن بۆ ئەمریکا وا دەکات ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە، شتێک کە کەسیان نەیدەویست، هەروەها هەر روداوێک دژ بە ئەمریکا لە عێراق ئەوا راستەوخۆش ئێران بە بەرپرسیار دەزانن. پۆمپێیۆ ئاماژە بەوە دەکات کە عادل عەبدولمەهدی لەو دیدارەدا ئاماژەی خراپی بەجێهێشتن. هەروەک بینیشمان دواتر خۆپیشاندانەکان کابینەکەی عەبدولمەهدییان ناچارکرد دەستلەکاربکێشێتەوە. #لاپەڕە ٢٨٧ بەشێکی زۆر تەرخانکراوە بۆ کوشتنی سەرۆکی سوپای قودس قاسم سولەیمانی و «تامکردنی تۆڵەی ئەمریکی لەلایەن قاسم سولەیمانی»یەوە. پۆمپێیۆ باس لەوە دەکات کە چۆن قاسم سولەیمانی تەنگی بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەڵچنیبو، بەڵام لە کوشتنی ئەمریکییەکانەوە ئارامیی ئەمریکا دەگاتە لوتکە و پۆمپێیۆ قەناعەت بە ترامپ دەکات کە بڕیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی بدەن. ئەمەش بێ کاریگەریی نەبوە لەسەر ژیانی کە تا ئێستاش ناتوانێ بێ بۆدیگاردی نهێنی سەردانی شوێنە گشتییەکان بکات، تەنانەت منداڵەکانیشی و ئەمەش کۆی ژیان و شێوەی ژیانی گۆڕیوە. ئەمریکا بۆ چاوترساندنی نەیارەکانی، سیاسەتێکی هەیە پێی دەگوترێ Deterrence Policy، واتا سیاسەتی چاوترساندن. بەڵام ئەو دەڵێ ئەمریکا خەریک بو ئەو سیاسەتەی بەرامبەر ئێران بێ کاریگەریی دەبو، بۆیە بڕیاری کوشتنی قاسم بڕیارێکی کاریگەر بوە بۆ گێڕانەوەی شکۆی ئەمریکا و سەقامگیریش بۆ ناوچەکە لەگەڵ ئەوەشدا کە مەترسی و دەرەنجامەکانی کوشتنێکی وایان زانیوە. هەر لەو بەشەدا کە باسی کوشتنی قاسم سولەیمانی دەکات، باسی سەردانێکی خۆیی و مایک پێنس دەکات بۆ تورکیا بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩. ئەو سەردانە دەبێ چ پەیوەندییەکی بە کوشتنی قاسم سولەیمانییەوە هەبوبێ؟ ئەو دەنوسێ: «لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا، سەرۆکی تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان قەناعەتی بە سەرۆک ترامپ هێنا بۆ لابردنی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری تورکیا-سوریا نەوەکو ببنە قوربانیی پێشکەوتنی هێزەکانی تورکیا بۆ دەرکردنی کوردەکان کە شەڕی داعشیان دەکرد.» «سەرۆک من، جێگری سەرۆک پێنس، و راوێژکاری ئاساییشی نیشتیمانی ئۆبرینی وەک تیمێک نارد بۆ ئیستانبول بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەرێمی ململانێ [واتا هەرێمی شەڕ و پێکدادان لە سوریا]. ئەمە کردەیەکی باڵانس راگرتن بو. ئامانجی ئێمە ئەوە بو سەربازە ئەمریکییەکان نەکەونە مەترسییەوە بەڵام بێئەوەییش تەسلیم بین بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو هێزە کوردییانەی کە سەری رمەکە بون لەدژی داعش. ئێمە لە هەرو بەرەی چەپ و راستەوە تۆمەتبارکراین بە پشتگوێخستنی کوردەکان. ئەمە راست نەبو، بەڵام ئێرانییەکان ئەوەیان وەک کشانەوە تەرجومە کرد. ئەوان هەڵە بون بەڵام گۆش بوبون.» واتا، ئێرانییەکان وا ئەو روداوانەی سوریایان لێکدایەوە کە ئەوە کشانەوەی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، بۆیە قاسم سولەیمانی زیاتر کەوتە جوڵە، ئەمریکاش سیاسەتی چاوترساندنەکەی بۆ ئاستی هەرەباڵا و مەترسیدار خستەگەڕ. لەو ماوەیەدا ئەمریکا هێزی ئاسمانی بەکارهێنا بۆ لێدانی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا و عێراق، دواتریش هێرشی رۆکێتی میلیشیاکان و کوشتنی کارمەندێکی ئەمریکی لە کەرکوک بەدوداهات. بۆیە پۆمپێیۆ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو روداوانە وای کرد هێزی ئەمریکا باشتر نیشانبدرێ. ئەو دەنوسێ: «ئێمە پێویستە ئەو دەرفەتە بەکاربێنین کە بیری سەرکردەکانی ئێرانی بخەینەوە کە هەر هێرشێک لەلایەن ئەوانەوە، یان لەلایەن هێزە پرۆکسییەکانیانەوە لەژێر هەر ناسنامەیەک، کە ئەمریکی و هاوپەیمانەکانمان ئازار بدا، یان  زیان بە بەرژەوەندییەکانمان بگەیەنێت، وەڵامدەدرێنەوە بە وەڵامێکی چارەنوسسازی ئەمریکی.» پۆمپێیۆ لە ٢٧ی دیسێمبەری ٢٠١٩ بەرەو مارلاگۆ دەفڕێ بە هاوڕێیەتی ئیسپەر و میڵی بۆ دیدار لەگەڵ ترامپ بۆ بڕیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی کاتێک دەزانن لە لوبنانەوە بەرەو عێراق دەفڕێ. روداوی کوشتنەکەی قاسم سولەیمانی هەر لە فیلمێکی ئاکشن دەچێ لە دورایی شەش هەزار مایلەوە بڕیار لە کوشتنی سەرکردەیەکی ئێرانی دەدرێ کە لەڕی تەکنەلۆژیای ئەمریکییەوە پێ-بە-پێ هەنگاوەکانی هەڵدەگرن هەر کە لە ناوچەکانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەجوڵێتەوە و دەچێتە دیمەشق و دواتریش لەڕێی فڕۆکەیەکەوە بەرەو بەغداد. پۆمپێیۆ دەڵێ قاسم سولەیمانی زۆری دەزانی بەڵام: «کەمی دەزانی لەبارەی درۆنێکی MQ-9 Reaperی ئەمریکی کە هەمو جوڵەکانی لەسەرەوەڕا هەڵدەگرت. هەر کە تڕومبێلەکەی سولەیمانی فڕۆکەخانەی بەغدادی بەجێهێشت و هاتە سەر جادە، موشەکی Hellfire [ئاگری دۆزەخ] بە هاوارەوە بارینە خوارەوە. هێزی ئەمریکی، تەکنەلۆژیای ئەمریکی، و عەدالەتی ئەمریکی خۆیان بە تڕومبێلەکەیدا دا. چاوترساندنی ئەمریکی لێیدا، و چیتر سولەیمانی هەرگیز هیچ کەسێک ئازار نادات.» #لاپەڕە ٦١١ پۆمپێیۆ باسی مانۆرە نوێیەکانی ئەمریکا دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کورد وەک هێزێکی دۆست دەبینێ. ئەو دەنوسێ: «من هاوپەیمانی باشترم هەبون لە هەندێک ئەندامانی کۆنگرێس لە سپاردەی دروستکردنی عێراقێکی زیاتر سەربەخۆ و سەروەردا. سەرۆک بەرهەم ساڵحی عێراق یەکێک بو لەوانە. و هەروەها بارزانییەکانیش لە باکوری کورد [ی عێراق] باش بون. سەرکردایەتیکردنی کوردەکان لەناو عێراق شتێکی پڕ ئالنگارییە. کوردەکان لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی ئێراندان، بەڵام ئەو ئیشەی ئەوان لەگەڵ ئێمەیان کرد، نایاب بو. هەندێک شەڕڤان و هاوڕێی باشتر هەن بۆ ئەمریکا. بێگومان، هیچ شتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاسان نییە. لە کۆتاییدا، ئێمە بەردەوام بوین لە لەدەستدانی زەمین بۆ ئێران لە ناوخۆی عێراق، و تا ئەمڕۆش ئەو شەڕی ئازادی و سەربەخۆیییە بۆ خەڵکی عێراق بەردەوامە.» لێرەدا رون نیشانیدەدات کە هەم سیاسەتی ئەمریکا بۆ سەربەخۆی و سەروەریی عێراقە، بەرهەم ساڵح زۆر بەباشی لەوە تێگەییشتوە بۆیە سەرەڕای دۆستایەتییەکەی لەگەڵ ئێران، هەمو هەولێکیشی داوە بۆ بەدیهێنانی ویستی ئەمریکییەکان بۆ عێراقێکی سەربەخۆ و سەروەر، هەروەک چۆن دیارە بارزانییەکانیش لە دیداریان لەگەڵ پۆمپێیۆ شتێکی جیاوازیان نەگوتوە. #لاپەڕە ٦١٤ پۆمپێیۆ ئەوە روندەکاتەوە کە هەر لە سەرەتاوە ئیدارەی ترامپ «ستراتیجێکی بەهێزی وەگەڕخەر» یان سەبارەت بە تورکیا نەبوە. رەخنەی ئەوە لە ئەردۆغان دەگرێ کە لە ٢٠١٦ەوە «کۆدێتا» رویدا ئەردۆغان بو بە «ئیسلامیی تاکڕەوی تەواو.» پۆمپێیۆ چەندان سەعاتی لەگەڵ ئیبراهیم کالین و هاکانفیدان بەسەربردوە بۆ گفتوگۆکردنی کێشەکان، هەروەها ئەردۆغان بەبەردەوامی تەلەفۆنی لەگەل ترامپ دەکرد و گلەیی ئەوەیان دەکرد کە «زۆر پشتیوانیی کورد دەکەن و رەتیش دەکەنەوە کە فەتحوڵا گولەن بگێڕدرێتەوە تورکیا.» پۆمپێیۆ رەخنە لە ئۆباما دەگرێ کە لاوازیی ئیدارەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وای کرد ئەردۆغان بەهێز بێ و بتوانێ بەو جۆرە مامەڵە بکا هەروەک چۆن «کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق وای کرد داعش سەرهەڵبدا و دەرگایەکیشی کردەوە بۆ هەژمونی ئێران، تا دوایی.»   #لاپەڕە ٦١٥ بۆ ئەمریکا و ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ترامپ، وەک پۆمپێیۆ رونیدەکاتەوە، گرنگترین پرسی بەپەلەی ئەوکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەرهەڵدانی داعش بو. پۆمپێیۆ بۆ روبەڕوبونەوەی داعش و لەناوبردنی، هەروەها بۆ ئەوەی داعش نەگاتە ئەوروپا و ئەمریکا و ئیسرائیل، دو بژاردەیان هەبو. لە ناوخۆیاند گفتوگۆ دەکەن، واتا سوپا و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری و هەواڵگری و کۆشکی سپی، بژاردەی یەکەم لەگەڵ هێزە کوردییەکان ناسراو بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک یان بژاردەی دوەم کە تورکەکان خستیانە بەردەمی ئەمریکا کە خۆیان لەگەڵ هاوپەیمانیی ناتۆ کارەکە ئەنجامبدەن. پۆمپێیۆ بەو جۆرە بژاردەکان هەڵدەسەنگێنێ: «ماکماستەر و من هەردوکمان بەگومانەوە پلانی تورکیامان بینی، چونکە پلانەکەیان بەخراپی وەک سڕینیەوەی نەژادیی کوردەکان بو. ئەردۆغان ئەو دەرفەتەی بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی خەونی لەمێژینەی خۆی بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لە تەواوی سوریا بەدەستبێنێ بە پشتیوانیی ئەمریکا. ئەردۆغان و هاکان فیدان چەندبارە تەلەفۆنیان بۆ دەکردم کە جەختیان دەکردەوە کە چۆن پەکەکە -هێزێک لەناو لیستی تیرۆری ئەمریکا دایە- جیاواز نییە لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک. ئەوان دەیانگوت ئەگەر پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بەردەوام بێ، ئەوا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا تێکدەچن.» ئەو هەروەها باسی بەدگومانیی ماتیس و دەنفۆردیش دەکات کە پێیانوابو تورکیا نەیدەتوانی شەڕی داعش بکا. تورکیا رێی دەگرت کە ماتیس ئەو هێزە ببینێ تورکیا بۆ شەڕی داعشی ئامادەکردبو، کاتێکیش بینی، هیچ جێی هیوا نەبوە. دواتر ئەوان پلانێکی ستراتیجی ئامادە دەکەن بۆ کارکردن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک چونکە نیشانیانداوە کە چەندە کاریگەرن، بەمەش سەرۆک ترامپ رازیدەبێ. وەک خۆی ئاشکرایدەکات، دوای قبوڵکردنی پرۆژەکە لەلایەن سەرۆک ترامپەوە، کاتی راگەیاندنی پلانەکە هاتبو بە تورکیا، «ئەو شتەی تورکیا نەیدەویست بیبیستێت ئێستا بە دیپلۆماسییانە دەبێ پێیان رابگەیەنم.» دواتر ئیبراهیم کالین و هاکان دیدارێکیان لەگەڵ پۆمپێیۆ و ماکماستەر دەبێ لە ژوری رۆزڤێڵت لە کۆشکی سپی. پۆمپێیۆ دەڵێ: «پێمان گوتن کە ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی تورکیا بۆ شەڕکردنی پەکەکە، بەڵام بۆ لەناوبردنی داعش لەگەڵ کوردەکانی سوریا کاردەکەین. هەرگیز توڕەیی وا خێرا بتەقێتەوە لە ژورێکدا نەمبینیوە. کالین و فیدان تەقینەوە و ئینجا بەخێرایی بەجێیانهێشت. شتێکی باش نەبو بۆ پەیوەندییەکانمان، بەڵام ویلایەتە یەکگرتوەکان بڕیارە راستەکەی دابو کە کێ هاوپەیمان بێ لەگێلیدا بۆ تێکشکاندنی خەلافەت. ئەو کۆنسێپتە هەمو شتێکی جیاواز کرد. لە سەرەتای ٢٠١٩، سوریا و عێراق لە ئاڵای رەشی پاوانخوازیی ئیسلامیستی رزگاریان بو. لەجیاتی رێگا ترادیشناڵەکە بگرینە بەر بۆ هاوپەیمانیکردن لەگەڵ سوپایەکی نیشتیمانی، ئێمە لەگەڵ کوردەکان رۆییشتین، و ئەمریکییەکانیش قازانجیان کرد.»   #لاپەڕە ٦٥١ روداوەکان پەیوەست بە کورد و ناوچەکەوە زۆرن، بەڵام وا هەستەدەکەم بابەتەکە زۆر درێژ بۆتەوە. من دامنابو ١٠٠٠ وشە بنوسم کەچی وا نزیکبۆتەوە لە ٢٠٠٠ وشە، بۆیە پرسەکان کورتتر دەکەمەوە. هەر پەیوەست بە داعشەوە، کێشەیەک دەکەوێتە نێوان وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و کۆشکی سپییەوە. ترامپ بڕیاردەدات لە سوریا بکشێتەوە بێ پرسکردن بەو کەسانەی بەرپرسی ئەو فایلە بون. وەزیری بەرگری بڕیاردەدات بە هۆی «خیانەتکردن لە کوردەکانەوە» دەستلەکاربکێشێتەوە. بەڵام پۆمپێیۆ دەڵێ: «سەرۆک ترامپ لە ١٩ی دیسێمبەری ٢٠١٨ تویتێکی کرد کە ئەمریکا لە سوریا دەکشێتەوە. ماتیس تۆمەتباریکرد بە خیانەتکردن لە هاوپەیمانە کوردەکانمان، کە راست نەبو، و ماتیس زو دەستیلەکارکێشایەوە. دواجار سەرۆک پەشیمان بویەوە و دو هەزار سەربازی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەجێهێشت، بۆ هۆکارێکی باش. تا ئەمڕۆش، گروپی بچوکی داعش ماون و پەرشوبڵاوبەنەتەوە بە تەواوی باکور و رۆژهەڵاتی سوریادا. تازە جارێکی تر ناتوانن ببنەوە هێزێکی دیکەی جیهادیستی کاریگەر.» #لاپەڕەکانی ٦٥٢ و ٦٥٣ دوای ئەوەی تورکیا بێهیوا دەبێ لەوەی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی بوەستێ، تورکیا هەمو سنورەکان دەبەزێنێت و بڕیاری هێرشدەدات بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. وەک پۆمپێیۆ دەڵێ کە بێجیاوازیکردن لەنێوان ئەو کوردانەی هەڕەشەن بۆ تورکیا و ئەوانەی هەڕەشە نین، تورکیا خۆی ئامادەکرد بۆ «قەتڵوعامێکی سەرتاسەری کوردەکان لە باکوری سوریا.» ئەمە وا دەکات ترامپ پۆمپێیۆ و جێگرەکەی مایک پێنس بنێرێ بۆ گەیاندنی پەیامی ئەمریکا بە ئەردۆغان و تورکیا کە ئەمە «قبوڵکراو نییە.» ئەمە سەیرترین دانیشتنی دیبلۆماسییانەیە و بەو جۆرە باسیدەکات: «گەشتەکە ئالنگارییەک بو. کاتێک گەییشتینە کۆشکەکەی ئەردۆغان، ئەو داوایکرد کە دیدارێکی یەک-بە-یەکی لەگەڵ جێگری سەرۆک پێنس دەوێ بۆ `چەند دەقیقەیەکی کەم.` دوای نیو سەعاتێک، بە خانەخوێکانم گوت کە پێویستە جێگری سەرۆک مایک پێنس ببینم. هیچ ئاماژەیک نەبو. دوای رۆییشتنی بیست دەقیقەی تر، من ئیرادەم گرت. بێ مۆڵەت، بە هۆڵەکەدا چومە خوارەوە و هەوڵمدا دەرگاکە پاڵدەم تا بیکەمەوە کە ژوری ئەردۆغان بو و لەگەڵ مایک پێنس تێیدا دانیشتبو. داخرابو. ئینجا بە هاوتاکەم گوت کە ئێمە دەرگاکە دەشکێنین بۆ ئەوەی بچینە ژورەوە -من نیگەران بوم کە لەوانەیە مایک پێنس روبەڕوی هەمان دۆخ بوبێتەوە کە من ناچارکرام ڤیدیۆیەکی سێ سەعاتی تەماشابکەم لەبارەی کۆدێتاکەی ٢٠١٦ لە یەکەم سەردانم بۆ تورکیا وەک بەڕێوەبەری سی.ئای.ئێی لە ٢٠١٧. ڤیدیۆکە ئەوەندە درێژ و بێزارکەر بو کە من وەک نەخۆشییەکی دەرونیی دامنا. ئێمە پێویستیش بو تەواوی مەسەلەکان لە کاتی خۆیدا باسبکەین کە وای پێویست دەکرد هەمو گروپەکە لە کۆبونەوەکە بن.» دواتر رێیان دەدرێت و هەموان لەگەڵ ئەردۆغان دادەنیشن. پۆمپێیۆ دەڵێ: «چەند سەعاتێک دانیشتین و گەیشتینە رێککەوتنێک. ئەردۆغان رازیبو ئاگربەست رابگەیەنێت. رێیدا هێزە ئەمریکییەکان و وڵاتییان لەسەر سنوری تورکیا بکشێنەوە. تورکیا هەرێمی زیاتری کەوتە بن دەست کە لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدا بو. هاوبەشە کوردەکان بەبەردەوامی لە پەیوەندییدا بون لەگەڵ بەدرێژایی دیدارەکان و بەدودڵی و نیگەرانییەوە گەییشتنە ئەنجام کە دەتوانن لەگەڵ ئەو `ئاگر بەست`ەدا ژیان بکەن. باشترین ساتمان نەبو، بەتایبەت کە روسییەکان کە لەوانەیە سود لەوە ببینن، بەڵام هەمو لایەنەکان تێگەییشتن کە سنوری هێزیان چەندە لەو دۆخەدا.» «دانوستانەکانمان ئێمەی بۆ دۆخێکی چاوڕاکێش برد. لە ساتێکدا، لەسەر مێزەکە نەخشەکانمان بڵاوکردبوەوە، و ئاماژەمان بەو شوێنانە دەدا کە هێزە ئەمریکییەکان تێیدا جێگیر بوبون. ئەردۆغان پرسیاریکرد کە ئێمە دڵنیاین لە شوێنەکانمان. کاتێک دڵنیاییمان دا، چاوێکی لە تیمەکەی کرد بە نیگایەکەوە کە دەڵێ `ئێوە درۆتان لەگەڵم کرد.` تیمەکەی داوای پشویەکی کورتیان کرد.» لەمەدا پۆمپێیۆ وانەیەک وەردەگرێ: «لەوەدا وانەیەک هەیە؛ سەرکردە عەسکەرییەکان کە لەژێر سەرکردایەتیی دیکتاتۆرەکان خزمەت دەکەن زۆربەی جار راستییەکان لە سەرکردەکانیان دەشارنەوە. من دڵنیام پوتین هەمان ئەنجامی من بەدەستدەهێنێت بە روناکی خستنە سەر ئەو بەرخۆدانە بێوێنەیەی ئۆکرانییەکان.»


درەو:  ئامادەکردنی یادگار سدیق -  روونبین                               ڕێکخراوت ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت (روونبین) لەم ڕاپۆرتەدا بە پێی ئەو داتایانەی لە بەردەستیدایە  ئەوبڕە پارانەی بەشێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت  لە حکومەتی هەڕیم وەریان گرتووە لە گەڵ ئاستی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکان بڵاو دەکاتەوە.   لەم ڕاپۆرتەدا کۆی ئەوپارەیەی لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە وەرگیراوە لە ٨ کێڵگە لە کۆی  ١٠ کێڵگەی وەبەرهێنی نەوتی هەڕێم کە  لەلایەن ١١ کۆمپانیاوە وەرگیراوە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا  بریتی بووە لە ٣ملیار و ١١٥ ملیۆن و  ٨٠٠ هەزار دۆلار. •    حکومەتی هەرێم لە بەرواری ١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە هەستاوە بە  هەموارکردنەوەی  ئەو برگەیە لە گرێبەستە نەوتییەکان کە تایبەتە بە دیاریکردنی نرخی نەوت و ئەو بنەما و پێوەرەی کەنرخی نەوتی لەسەر دیاری دەکرێت. نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای  بێنچمارکی برێنت دیاری دەکرا  کە بنەمایەکی جیهانیە، بەڵام لە دوای ئەم هەموارەوە کە کۆمپانیاکان ئیمزایان کردووە ئەو پێوەرەی کە نرخی نەوتی پێ دیاری دەکرێت بۆ، کوردستان بلێند (KTB)دەگۆڕێت. وەکو کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێن: هەموارەکە بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئێستای بازاڕ بۆ فرۆشتنی نەوت لە بەندەری جەیهان، لەگەڵ ڕێکخستنی پێویست بۆ کوالیتی نەوتی خاو بەهۆی گۆڕانی پێوەرەکانی دیاری کردنی نرخی نەوتی خاوەوە.                                             کۆمپانیاکان دەڵێن" دەرئەنجامی کۆتایی و کاریگەری لەسەر نرخە بەدیهاتووەکان تا ئێستا نادیارە و نوێکاری زیاتر بەپێی پێویست پێشکەش دەکرێت".    شایستەکان بەم شێوەیەی خوارەوە وەرگیراوە:    •    کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNO ASA  ناوچەی گرێبەستی تاوکی ( کێڵگەی تاوکی – پیشخاپور)  و بەعشیقە   کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNO لە ماوەی  ساڵی ٢٠٢٢ دا بڕی ٨٥٨.٧ملیۆن دۆلاری لە حکومەتی هەرێم وەرگرتووە، لەمبڕە  ٦٢٥.٣ ملیۆن دۆلار شایستەی نەوتی فرۆشراوی ٣مانگی کۆتای ٢٠٢١ و ٧ مانگی یەکەمی ٢٠٢٢، هەروەها ٨٢.٦ ملیۆنی بریتیبووە لە داهاتی ٣٪ ی بەرهەمی ناوچەی گرێبەستی تاوکی (قەرزی پێش ٢٠١٧) و ١٥٠.٨ ملیۆن دۆلاریش شایستەی دواخراوی کۆمپانیاکە بووە (قەرز). تەنها لە چارەکی چوارەمی ٢٠٢٢ دا بڕی ١٦٧.٣ ملیۆن دۆلاری لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە لەم بڕە ١٤٧ ملیۆنی بۆ شایستەی فرۆشی نەوتی خاوی کۆمپانیاکە بووە لە هەریەکە لە تاوکی و بەعشیقە بۆ مانگەکانی حوزەیران و تەمووز . ئەوەی دەمێنێتەوە کە دەکاتە ٢٠.٣ ملیۆن دۆلار بریتیبووە  لە داهاتی ٣٪ی کۆی بەرهەمی ناوچەی گرێبەستی تاوکی (بە پێی ڕیکەوتنێک لە  مانگی ئابی  ٢٠١٧ دا کۆمپانیاکان لەگەڵ هەرێم کردویانە، لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی لەیەکێک لە بڕگەکانیا مافی ئەوە دەدات بە گەنێڵ ئەنێرجی و دی ئێن ئۆ ٧,٥٪ کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ ماوەی  ٥ ساڵ وەربگرن [ ٣٪ بۆ دی ئێن ئۆ و ٤,٥٪ بۆ گەنێڵ] لەبری ئەو قەرزانەی لای حکومەت هەیان بووە تا پێش ئابی ٢٠١٧ )١ .   پێشتر حکومەتی هەرێم و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە مانگانە بڕێک پارەی قەرزی کۆمپانیاکەی وەکو شایستەی دواخراوەی مانگەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ تا شواباتی ٢٠٢٠ دەدایەوە کە پشکی دی ئێن ئۆ لەو ماوەیەدا بریتی بوو لە ٢٤٠ ملیۆن دۆلار و لە چارەکی سێی ٢٠٢٢ دا تەواوی ئەوپارەیە دراوەتەوە٢. کۆی بەرهەمی ئەو دوو ناوچەی گرێبەستە بەیەکەوە لە چارەکی چوارەمدا  تێکڕا ١٠٧ هەزار و ٨٢٢ بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە لەم بڕە پشکی دی ئێن ئۆ ٢٥ هەزار و ٦١٨ بەرمیل بووە.  بەرهەمی رۆژانە لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٢دا لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی (فیشخاپور و تاوکی)  ١٠٨،٩٤٨ بەرمل بووکە کە فیشخاپور  ٦٢.٠٠٣ بەرمیل و تاوکی ٤٦،٤٧٨ بەرمیل بووە ( لە چارەکی سێهەمی ساڵی ٢٠١٥ دا تەنها بەرهەمی کێڵگەی تاوکی بەبێ فیشخاپور ١٤٥،٢٠٠ بەرمیلی رۆژانەبووە واتە لەماوەی ئەم ٧ساڵەدا رۆژانە ٩٨،٧٢٢ بەرمیل تەنها لەبەرهەمی ئەم کێڵگەیە کەمی کردوووە) و بەرهەمی بەعشیقەش بەتێکرا لە چارەکی سێهەمدا ٦٠٠ بەرمیلی رۆژانەبووە بە پێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ.  کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی DNO نەرویجی پشکی  ٧٥٪ و ئەوی دەمێنێتەوە کە دەکاتە ٢٥٪ پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکییە لەناوچەی گرێبەستی تاوکی. هەروەها لە بەعشیقە کۆمپانیاکە ٦٤٪ پشکی هەیە و کۆمپانیای تی ئی سی TEC( کۆمپانیای وزەت تورکی ١٦٪ و هەرێمی کوردستان  ٢٠٪ی  پشکەکانیان هەیە٣. پرۆژەی گازی فیشخاپور- تاوکی  کە بە بری ١١٠ ملیۆن دۆلار لە ناوەراستی ساڵی ٢٠٢٠ دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە بڕی ٧.٦ ملیار پێ سێجا گازی گلداوەتەوە لە فیشخاپور و بە هێڵێک گواستویەتییەوە بۆ کێڵگەی تاوکی و داخڵی حەشارگەکەی کردووەتەوە کە بەرانبەرە بە ٤٦١،٥٠٠ تۆن گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن CO2 کە پێشتر ئەو گازە لە کێڵگەکە دەسوتێنرا.  تێچووی بەرهەمهێنان٤ لە تاوکی بریتییە لە ٣،٤ دۆلار بۆ بەرمیلێک لە کاتێکدا لە دەریای باکور تێچووی بەرمیلێک بۆ کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە نێوان ١٧.٥ بۆ ٢١.٩ دۆلاردایە  کە ٥ بۆ ٦ هێندەی کوردستانە. •    کۆمپانیای گنێڵ ئەنێرجی ئەم کۆمپانیایە لەچەند کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستان بەرهەم هێنانی هەیە لە گەڵ کۆمپانیایی دی ئێن ئۆ یەکێکن لە کۆنترین کۆمپانیاکانی بواری نەوت کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان دەکەن. گەنێل لە هەریەک لە کێڵگەکانی تەق تەق، تاوکی فیشخاپور و سەرتە نەوت بەرهەم دەهێنێت.   گەنێڵ ئەنێرجی لەساڵی ٢٠٢٢ دا کۆی ٤٧٣ ملیۆن دۆلاری لە هەرێم وەرگرتووە  لە کاتێکدا لەساڵی ٢٠٢١ دا بڕی ٢٨١ ملیۆنی لەهەرێم وەرگرتووە کە ١٩٢ ملیۆن دۆلار بەراورد بەساڵی پێشوو داهاتی زیادی کردووە  کە رێژەی زیادەکە نزیەکی ٦٨٪ ی ساڵی ٢٠٢١ دەبێت. کە هۆکارەکە بۆ بەرزی نرخی نەوت دەگەرێتەوە . هەروەها لەو ماوەیەدا کۆمپانیاکە بڕی ١٢٤ ملیۆن دۆلاری وەکو داهاتی ٤.٥٪ی کۆی بەرهەمی ناوچەی گرێبەستی تاوکی لەبری ئەو قەرزانەی لای حکومەت هەیان بووە تا پێش ئابی ٢٠١٧ (بەهەمان شێوەی دی ئێن ئۆ )وەرگرتووە. وە بڕی ٩٤ ملیۆن دۆلار وەکو شایستەی دواخراوی مانگەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ تا شواباتی ٢٠٢٠. بە پێی میکانیزمێک کە حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازاری٢٠٢١ەوە پەیڕەوی دەکات بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان کاتێک نرخی نەوتی برێنت لەسەرو ٥٠ دۆلارەوەبێت بۆ هەر سەنتێکی زیادە ٢٠٪  بۆ ئەو شایستە دوا خراوانە دەبێت بدرێتەوە. پێشتر لەدوو مانگی سەرەتای ٢٠٢١دا ئەم رێژەیە ٥٠٪ بووە  .      کۆمپانیاکە بری ١٤٠ ملیۆن دۆلار سەرمایە گوزاری کردووە لەهەرێم کە کەمترە لەوەی کە دانرابوو ئەویش بە هۆی ئەوەی سەرمایەگوزاری بۆ لێدانی بیر لە کێڵگەی تەق تەق دواخراوە. لە تاوکی گەنێل ٤٧ ملیۆن دۆلار و لە سەرتە بڕی ٤٧ ملیۆن دۆلار سەرمایە گوزاری کردووە.    شایستەی گەنێڵ لە تاوکی: کۆی ئەو پارانەی گەنێڵ بۆ تاوکی وەری گرتووە بریتی بووە لە ٤١١.٦ ملیۆن دۆلار لەم برە  ٢٠٠ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار وەکو شایستەی فرۆشی نەوت، ١٢٤.١ ملیۆن دۆلار کۆی ٤،٥٪ ی داهاتی ناوچەی گرێبەستی تاوکی ( لەبری قەرزی پێش ساڵی ٢٠١٧ ) هەروەها بڕی نزیکەی ٨٧ ملیۆن دۆلار وەکو شایستەی مانگاکانی تشرینی دوومی ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠ وەرگرتووە.  •    شایستەی تەق تەق) گەنێڵ ئەنێرجی و ئاداکس پەترۆلیۆم) کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا کۆی ٣١.١ ملیۆن دۆلاری وەکو پشکی خۆی بۆ ئەم کێڵگەیە وەرگرتووە کە بڕی ٢٣،٦ ملیۆن دۆلاری شایستەی فرۆشی نەوت بووە و بڕی ٧.٥ ملیۆن دۆلاریش وەرگرتنەوەی شایستە دواخراوەکانە(قەرز) وەلە سەر بنەمای پشکی کۆمپانیاکان و بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم ئەوا کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم کە هاوبەشی دووەمە نزیکەی ٢٥.٥ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە  کە بڕی ١٩.٣ ملیۆن شایستەی فرۆشی نەوتی ئەو ١٠ مانگەیە لەساڵی ٢٠٢٢ دا وەرگیراوە و بڕی ٦.١٣ ملیۆن دۆلار شایستەی ئەومانگانەیە کە دواخراوە( قەرز).  واتە کۆی ئەو پارەیەی کۆمپانیاکان لەساڵی ٢٠٢٢ دا وەریان گرتووە لە کێڵگەی تەق تەق بریتی بووە لە ٥٦.٥٣ ملیۆن دۆلار.   کێڵگەی تەق تەق یەکێک بوو لە کێڵگەگەورەکانی هەرێم کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی ٤٤%  پشکی کێڵگەکەیەو هەروەها کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٦% هەیە و هەرێمیش ٢٠٪ . گەنێڵ ئەنێرجی لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە گرێبەستی لەم کێڵگەیە هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێـم. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ دا ئاستی بەرهەم گەشتە ١٤٨،٢٠٠ بەرمیل لەرۆژێکدا پاشان لەنیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ دا ئاستی بەرهەمی کەمبویەوە بۆ  ١٢٨،٩٠٠ بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و لە و کاتە بەدواوە بەردەوام ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لەکەم بووندایە تا وەکو ئێستا ئاستی بەرهەمی ٣،٩٧٠ بەرمیلە ، هۆکارەکەشی بۆ راکێشانی ئاو Coning بۆ ناو حەشارگەکە دەگەڕێنرێتەوە,شارەزایان هۆکاری ئەم کێشەیە بۆ زۆر فشارکردنە لە بیرەکان و زیاتر لەو برەی کە دەبێت بەرهەم بهێنرێت دەگێرنەوە.  •    شایستەی سەرتە(گەنێڵ ئەنێرجی و شیڤرۆن)  لە ساڵی ٢٠٢٢ دا کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی  بڕی ٣٠.٣ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. هەروەها بەپێی پشکەکان کۆمپانیای شیڤرۆن بڕی ٥٠.٥ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە( پشکی شیڤرۆن لەسەر بنەمای پشکی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکە وەرگیراوە).. لەم کێڵگەیەدا شایستەی دواخراو نییە چوونکە ئەم کێڵگەیە لە مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٠ بەفەرمی وەک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنی بازرگانی ڕاگەیەنرا.  یەکەم جار  کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی  و شێڤرۆن شایستەی دارایی ئەم کێڵگەیان وەرگرت لە مانگی کانونی یەکەمی٢٠٢٠دا بوو..    سەبارەت بە کەمبونەوەی بەرچاوی بەرهەمی  کێڵگەی سەرتە و ئایا هەمان سەرئەنجامی تەق تەق` چاوەڕێی سەرتەش دەکات، لە کەم بوونەوەی بەرهەم؟ کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی پێی ڕاگەیندین " سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە ئێستا بەرهەم  قازنج بکات، پاشان هەر وەبەرهێنانێکی سەرمایە ی زیادە پەیوەستە بە هەریەک لە قازانجی ناوچەی گرێبەستەکە و ئاستی متمانە بەوەی کە وەبەرهێنانێکی لەوجۆرە چەندە داهات زیاد دەکات". سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەم  دەڵێت" رێنماییەکانی بەرهەم هێنانمان لەسەرتە هیچ باشترکردنی بەرهەم لەخۆناگرێت". بەرهەمی کێڵگەکە سەرەتا ٥٠٠٠ بەرمیل بوو پاشان بۆ  زیاتر لە ١٠٫٠٠٠ بەرمیل نەوت بەرزبوویەوە، بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە بەرێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە لە نیوەی دووەمی ٢٠٢٢ ە وە ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە لە ٣،٩٦٠ بەرمیلی رۆژانەدایە. لەم کێڵگەیەش دیسان کێشەی راکێشانی ئاو هەیە بۆ بیرەکە ،Water coningبەهۆی هاتنی ئاو بۆ ناوبیرەنەوتییەکان بەرهەم کەمی کردوو .  کێڵگەی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە. •    کێڵگەی قەرەداغ (گەنێڵ ئێنێرجی و شیڤرۆن) گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم PSAی قەرەداغ لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ کۆتای هاتووە. لەوەڵامی پرسیاری ڕوونبیندا سەبارەت بە ناوچەی گرێبەستی قەرەداغ  گەنێڵ ئێنێرجی بە ڕوونبینی ڕاگەیاند" ئێستا گرێبەستی PSA ی قەرەداغ بەسەرچووە و لەدەستی حکومەتی هەرێمدایە، لەگەڵ ئەوەشدا گفتووگۆ سەبارەت بە ئایندەی ناوچەی گرێبەستەکە لە ئارادایە" . گەنێڵ لەساڵی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند لەمساڵدا هەڵکەندنی بیری قەرەداغ ٢ بڕی ٣٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، بەڵام نازانرێت دوای چەند ساڵ کارکردن چەندیان خەرج کردووە. وەسەبارەت  خەرجی کۆمپانیاکان لە وکێڵگەیە وتەبێژی گەنێڵ بەروونبینی ووت" کۆی گشتی خەرجی ناوچەی گرێبەستەکە ئاشکرا نەکراوە". لە ئێستاشدا بەپێی زانیارییەکانی ئێمە و بەدواداچوونەکانمان کۆمپانیای گەنێڵ هەموو ستافەکەی و نوسینگەکەی سلێمانیشی کشاندووەتەوە هەموو ئاماژەکان بەوئاراستەیەن کە کێڵگەکە رادەست بکاتەوە و سودی ئابووری نەبێت بۆ کۆمپانیاکە. هەروەها کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە پێگەی فەرمی خۆی کێڵگەی قەرەداغی لابردووە کە تا پێش چەند هەفتەیەک وەکو کێڵگەیەک  کە لە قۆناغی پێش بەرهەمهێناندایە pre-production   دانراوو. کێڵگەی نەوتی قەرەداغ کەوتووەتە ناوچەی قەرەداغی سلێمانییەوە و کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی پشکی ٤٠٪ ی پشکەکانی هەیە و کۆمپانیای شیڤرۆنێش ٤٠٪ و هەرێمی کوردستانیش ٢٠٪.   قەرەداغ بەپێی ڕاپۆرتەکانی شیڤرۆن و گەنێڵ ئەنێرجی ناوچەیەکی جیۆلۆجی ئاڵۆزە. کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا رایگەیاند کە حکومەتی هەرێم رەزامەندی نیشانداوە لەسەر کرینەوەی بەشێک لە پشکەکانی شیڤرۆن و لەو کاتەوە وەکو کۆمپانیای سەرکار گەڕان و پشکنین دەکات و خەریکی هەڵکەندنی بیری قەرەداغ ٢ بوو و چەندین جار کێشەی بۆ دروست بوو کاری هەڵکەندن هەڵدەسەپێردراو  ڕادەگیرا و جارێکی تر دەستی پێدەکردەوە تاوەکو ئەوەبوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ کۆمپانیا رایگەیاند کە سەرکەوتوو نەبوون و جارێکی تر لە گەل هاو کارەکانیاندا هەڵسەنگاندنی بۆدەکەنەوە. شیڤرۆن یەکێکە لەکۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە بواری گاز و نەوت و سەبارەت بەهەرێمی کوردستان دەڵێت " شێڤرۆن تەکنۆلۆجیای زۆر پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت لەهەرێمی کوردستان بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزەدا" بەڵام وادیارەمەترسی و ئاڵۆزییە  جیۆلۆجییەکان نائومێدی کردوون. بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم PSA گەر کۆمپانیا لەماوەی گەڕان و پشکنیندا نەگەشت بە بەرهەمی بازرگانی مافی وەرگرتنەوەی هیچ خەرجییەکی نییە. بۆیە ئەگەری هەیە حکومەتی هەرێمیش گرێبەستەکە بۆ کۆمپانیاکە درێژنەکاتەوە گەر ئەوە بکات ئەوا لە ماوی کەمتر لە ساڵێکدا ٣ کێڵگە لە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی وەردەگیرێتەوە.  •    کێڵگەی میران و بنەباوی:  کێڵگەی بنەباوێ و میران  دوو کێڵگەی گازین و ١٠٠٪ ی پشکەکانی ئەم دوکێڵگەیە هی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بووە. دوای ئەوەی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە بەرواری ٢٠ ی ئابی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند کە لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە ئاگادار کراوەتەوە کە حکومەتی هەرێم دەیەوێ کۆتایی بهێنێت بە گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم لە کێڵگەی بنە باوی ومیران  کۆمپانیاکە لە بەرواری ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ رایگەیاند بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمەوە ئاگادار کراوەتەوە  کە حکومەتی هەرێم گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم کۆتایی پێ دێنێت. دوای ئەوەی هەرێم گرێبەستی گەنێڵ ئێنێرجی لە هەردوو کێڵگەی گازی بنەباوێ و میران هەڵوەشاندەوە بۆردی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە رایگەیاند “گەشتینە ئەو دەرەنجامەی هیچ بژاردەیەکی کردەیمان لە بەردەم دا نییە جگە لە رازی بوون بە کۆتایی هێنان بە گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەم  وە کو دەرەنجامێک بۆ کۆتایی پێکهێنانی گرێبەستەکە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، وە داوای قەرەبوو لە حکومەتی هەرێم بکات”. بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەردەست روونبیندایە دادگای ناوبژیوانی لەندەن London Courts of International Arbitration مانگی شوباتی ٢٠٢٤ی دیاری کردووە وەکو وادەی دادبینیکردنی بۆ کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی. لە داواکەدا کۆمپانیاکە داوای قەرەبووکردنەوەی زۆر دەکات، بۆ ئەوزیانە گەورەیەی لێی کەوتووە لە ئەنجامی کۆتای هێنان بەگرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم بۆ هەردوو کێڵگەی بنەباوێ و میران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، گەنێڵ وادەڵێت. لە بەرانبەردا وەزارەتی سامانە سرشتییەکان دەڵێت“حکومەت نیگەرانە  لەوەی کە گەنێل شکستی هێناوە لە پێشکەشکردنی هەر پێشنیارێکی باوەڕپێکراو بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی و گازی بنەباوی و میران و تێبینی ئەوەش دەکات کە ئەم شکستە بەشێوەیەکی بەرچاو توانای حکومەتی دواخستووە بۆ پێشخستنی ئەو کێڵگانە لە کاتی خۆیدا”. هەروەها دەڵێت"حکومەت توندی ڕەتی دەکاتەوە کە گەنێل مافی هەر قەرەبووکردنەوەیەکی هەبێت.  حکومەت بە توندی بەرگری لە هەر داوایەک دەکات کە لەلایەن گەنێلەوە دژی کراوە، وە بەنیازە دژەداوی هەبێت بۆ قەرەبوکدنەوەی لەسەر ئەوەی کە گەنێڵ دەستی لە گرێبەستی هاوبەشیکردنی بەرهەم هەڵگرتووە". کێڵگەی بنەباوێ ٣٠٠ کم لەسنووری تورکیاوە دورە وە ٦٠ کم لە هەولێرە وە . یەکەم گرێبەست لەساڵی ٢٠٠٦ کراوە. یەدەگی نەوتی بنەباوێ مەزەندەکراوە بە ٣٤ ملیۆن بەرمیل نەوت لە جۆری زۆر سوك API 45 و هەروەها یەدەگی گازیش بە ٨٫٢ ترلیۆن مەتر سێجا مەزەندەکراوە.و لەساڵی دا ٢٠٠٧ یەکەم بیر لێدراوە و تا ساڵی ٢٠١٤ شەش بیر لێدراوە و تەواو بووە ، هەر لەو ساڵەدا ڕاگەیەنرا کە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە کەمە بەڵام گازێکی زۆری هەیە. چاوەڕێ دەکرا بەرهەمی گازی بنەباوێ بەدوو قۆناغ لە ٣٥٠بۆ ٧٠٠ ملیۆن پێ سێجا ڕۆژانە بێت. یەکەم ماوەی بنیات نان و دووەمیش ماوەی سەقامگیری بەرهەم کە پێدەوترێ (Plateau period). پاشتر بەپێی گرێبەستی کرین Lifting Agreement کە لە مانگی شوباتی ٢٠١٧ دا ئیمزاکراوە، حکومەتی هەرێم گازی بنەباوێ دەکرێت بەنرخی ١,٢$ بۆ هەر هەزار پێ سێ جایەك. بەپێی رێکەوتنەکە پەرەپێدان بە دوقۆناغ دەکرا، قۆناغی بنیاتنان کە دوساڵە و قۆناغی دوەم ١٠ ساڵ دەبێت. کێڵگەی گازی میران دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانییەوە، ڕووبەری گرێبەستی میران 293 میل چوارگۆشەیە و یەدەگی گازی سروشتی مەزەندە دەکرێت بە ٦.٨ بۆ ٩.١ تریلیۆن پێ سێجا (نزیکەی لە نێوان ١٩٢ بۆ ٢٥٧ ملیار مەتر سێجا) غازی سروشتی و 95 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە. •    گۆڵف کیستۆن Gulf Keystone و ئێم ئۆ ئێڵ MOL کێڵگەی شێخان     لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی و ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری پێکەوە  وەبەرهێنان دەکەن. لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا هەریەک کۆمپانیاکانیتری نەوتی هەرێم گۆڵف کیستۆن و ئێم ئۆ ئێڵ  بە ١١ گوژمە شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە. کۆی ئە پارەیەی گۆڵف کیستۆن لەو ماوەیەدا وەری گرتووە بریتیی بووە لە ٤٥٠.٩ ملیۆن دۆلار بووە، لە فرۆشی نەوت ٤١٠ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە و قەرزیش ٤٠.٩ ملیۆن دۆلار. قەرزەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ وتا شوباتی ٢٠٢٠،  پە پێی ڕاگەیاندنی گۆڵف کیستۆن لە گەڵ ئەو گوژمەیەی لە مانگی ئایاردا بۆ شایستەکانی شوباتی ٢٠٢٢  وەرگیراوە کۆتایی هاتووە و کۆمپانیا هەموو قەرزەکانی وەرگرتووەتەوە. هەروەها کۆمپانیای ئۆ ئێم ئێڵ OML بڕی ١٢٥.١ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە لەم بڕە ١١٣.٧ ملیۆن دۆلار بۆ فرۆشی نەوتی ئەو ماوەیە بووە و ١١.٤ ملیۆن دۆلاریش بۆ قەرزەکان و ئێستا هەردوو کۆمپانیاکە تەواوی قەرزەکانیان وەرگرتووەتەوە.    لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە ٤٦،٨٠٠بەرملی رۆژانەبووە بەڵام لە کۆتایی ساڵدا کۆتایی ئاستی بەرهەمی  شێخان بریتی بووە لە ٤٠٠ ,٤٤ بەرمیل نەوت ئەویش بۆ هەندێ کێشەی تەکنیکی دەگەڕێتەوە بەدیاریکراوی شۆرتی کارەبا لە یەکێك لە بیرەکاندا.                   کۆمپانیاکە پێشتر لەساڵی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند بڕیارە لە لە چارەکی چواری ٢٠٢١ دا بەرهەمی کێڵگەکە بگاتە ٥٥ هەزار بەرمیل نەتی ڕۆژانە بەڵام  ئێستا ئاستی بەرهەم هەمان ئاستی ٢ساڵ پێش ئێستایە. تێچووی بەرمیلێک نەت لە نێوان ٢،٩ بۆ ٣.٣ دۆلاردابووە.  کێڵگەی شێخان  دەکەوێتە پارێزگای دهۆک،کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ) پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. ئەم کێڵگەیە لە مانگی ئابی ٢٠٠٩ دا نەوتی تیا دۆزرایەوە  و لە مانگی تەموزی ٢٠١٣ دا دەست بە بەرهەم هێنانی نەوت کرا تێیدا. قەرزەکانی گۆڵف کیستۆن ٧٣ ملیۆن دۆلار و ئێم ئۆ ئێڵ ٢١ ملیۆن دۆلار بووە بۆ ئەو ماوەیە.  کێڵگەی شێخان ١٧ بیری تێدا هەڵکەنراوەو ٢ یەکەی چارەسەری تێدایە PF-1-2 . کێڵگەکە لەڕیی بۆرییەوەبە بۆری بەهێڵی بۆری هەرێمی کوردستانەوە بەسراوەتەوە.   تا ئێستا کۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە نزیکە ١١٥ ملیۆن بەرمیل دەبێت. یەدەگی نەوتی کێڵگەکەبەم شێوەیە:  •    یەدەگی سەلمێنراو  1P reserves: 224 MMstb  •    یەدەگی ئەگەری 2P( Probable): 2P reserves: 489 MMstb   جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە قورسە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە داشکانی ٢٣.٣ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە هەربەرمیلێک نەوت فرۆشراوە  لەکاتێکدا لەساڵی ٢٠٢١ دا بەداشکاندنی ٢١.٢ دۆلار فرۆشراوە.   •    شاماران ShaMaran  کۆمپانیای شاماران لە دوو کێڵگەی نەوتی گرێبەستی هەیە و نەوت بەرهەم دەهێنێت.ئەوانیش کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگە. کێڵگەی ئەتروش ( شاماران و تاقە)  کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگەی ئەتروش  لە٢٠٢٢ دا وەریانگرتووە  بریتی بووە لە ٤٥٣.٧٦ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای شاماران کە پشکی ٢٧,٦%کێڵگەکەی هەیە بڕی ١٦٧،٤٤ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە و کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە بڕی  ٢٨٦.٣٢ ملیۆنی وەرگرتووە. تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی ئەتروش  لە ساڵی ٢٠٢٢ دا   لە  ١١ بیری بەرهەم هێنەوە بریتی بووە لە ٣٦ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و تا ٣١/١٢/٢٠٢٢ کۆی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکە بریتی بووە  ٦٧ ملیۆن بەرمیل. کۆمپانیای شاماران لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە لە کێڵگەی ئەتروش وەبەرهێنان دەکات.  کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە لە گەڵ وەرگرتنی شایستەی دارایی مانگی ئازاردا دوا گوژمەی قەرزەکانی دوو مانگی کۆتایی ٢٠١٩ و سەرەتای ٢٠٢٠ یان وەرگرتووەتەوە.  کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەی ئەتروش.   •    سەرسەنگ ( شاماران و ئێچ کەی ئێن ) شاماران لەم کێڵگەیە نوێ یە پێشتر کۆمپانیا تۆتاڵی فەرەنسی وەبەرهێنانی تێدا دەکرد بۆیە لەسەر بنەمای پشکەکان داهاتی شاماران و توتاڵ دیاری دەکەین، لە بەرئەوەی پێشتر تۆتاڵ زانیاری لەسەر داهاتەکانی لەهەرێم و بڕی شایستەکانی بڵاونەکردووەتەوە لەسەر بنەمای پشکەکان بەنزیککراوەیی داهاتی کۆمپانیاکە دەردەکەین.  لە کێڵگەی سەرسەنگ هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێنی HKN  ئەمەریکی  خاوەنی ٦٢٪ی پشکەکانە و کۆمپانیای شامارانی کەنەدی ١٨٪ ی پشکەکان (کۆمپانیای شامارانی کەنەدی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە پشکاکانی  تۆتاڵی فەرەنسی کریوەتەوە، بەمەش شاماران لە هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ خاوەن پشکە).  کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن HKN لەماوەی ئەوساڵەدا ١١ گوژمە پارەی وەرگرتووە بە کۆی  بڕی ٤٠٧  ملیۆن دۆلار ی لە حکومەتی هەرێم وەرگرتووە ولەم بڕە ٣٦٧  ملیۆن دۆلار  وەکو داهاتی فرۆشی نەوتی کێڵگەکە  یە و ٤٠ ملیۆن دۆلاریش قەرزی وەگرتووەتەوە. هەروەها تۆتاڵ و پاشان شامران پێکەوە ١٢٥،٣ ملیۆن دۆلارینا وەرگرتووە لەم بڕەش ١١٣.١٣ ملیۆن دۆلار وەکو فرۆشی نەوتی ئەو ماوەیە و ١١.٥٧ ملیۆن دۆلاریش قەرزی وەرگرتووەتەوە. لەمانگی شوباتی ٢٠٢٢ دا هەموو قەرزی ئەو چوارمانگە دواخراوەی ساڵی ٢٠١٩ و٢٠٢٠ وەرگرتووەتەوە. 12 کۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە تاوەکو ٣١/١٢/٢٠٢٢ بریتی بووە لە ٥٤.٣ملیۆن بەرمیل نەوت.  . پشکی شاماران لە بەرهەمهێنان لەساڵی ٢٠٢٢ بە رێژەی ٦٠٪ زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ ئەوەش بەهۆی کرینەوەی پشکەکانی کۆمپانیای تۆتاڵ لە کێڵگەی سەرسەنگ  کە ١٨٪ ی پشکی کێڵگەکەیە. کۆی بەرهەمی هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ تا کۆتا رۆژی ٢٠٢٢ بریتی بووە لە ١٢١ ملیۆن بەرمیل نەوت. کۆی ئەو شایستە دارایینەی کۆمپانیاکە بۆ مانگی ئاب تا کۆتایی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ناردویەتی بۆ حکومەت و هێشتا وەری نەگرتووە وەکو لە خشتەکی خوارەوەدا دیارە ٢١٦ ملیۆن و ٦٧ هەزار دۆلارە، لەم بڕەش ١٦٧ ملیۆن و ٤٥٢ هەزار دۆلاری پشکی ئێچ کەی ئێنە و شامارانیش ٤٨ ملیۆن و ٦١٥ ملیۆن دۆلار. بڕیارە لە پاش ٩٠ رۆژ کۆمپانیاکان شایستەیان وەربگرن بۆ هەرمانگێک   نەوتی سەرسەنگ کوالیتی بەرزە و API لە نێوان ٣٧- ٣٩ یە وە پێشتر  نرخی بەرمیلێک نەوتی بە داشکاندنی ٧ دۆلار لەژێر نرخی رۆژی برێنتەوە دیاری دەکرا،و کۆمپانیاکانی نەوت لە ناویانیشیانا ئێچ کەی ئێن HKN دەڵێن دڵنیا نین و نازانن نرخەکان بەم پێوەرە نوێیە چۆن کاریگەردەبێت لەسەریان.  ئەوەی جێی سەرنجە نرخی بەرمیلێک نەوتی ئەم کێڵگەیە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ ەوە  واتە لەوئەوبەروارەی کە کە پێوەری KTB  ( بلێندی کوردستان) لەبری برێنت بۆ دیاری کردنی نرخ دەستنیشان دەکرێت لە نێوان ١٧ بۆ ١٩ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت فرۆشراوە.  ئایا ئەم داشکاندنە زۆرە بۆ ؟ ئەگەر هەیە هەرێم کێشەی بەبازاڕکردن و فرۆشتنی  بۆ درووست بووبێت ئەم هەنگاوەی  بۆ راکێشانی سەرنجی کڕیارانی نەوتبێت. پێدەچێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ و ئەو رێوشووێنانەی حکومەتی فیدراڵ دژی سەکتەری نەوت گرتویەتییەبەر سەرئێشە و کێشەی بۆ هەرێم دروستکردبێت لە فرۆشی نەوتەکەی. لە ڕاگەیاندنی کۆمپانیاکانی نەوتدا هاتووە هەرێم ئەم هەنگاوەی کە ناوێتی لە دیاریکردنی نرخی نەوت لەسەر بنەمای KTB  نەک برێنت بۆ وەڵامدانەوانەی ئەوڕێوشوێنانەیە کە لە بەندەری جەیهان گیراوەتەبەر و پێداویستی بازاڕە ئەوا دەکرێت تا ئەوکاتەی رونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەبێت بە گەڕانەوەیە بۆ دواوە لێکبدرێتەوە. لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس  دژی تورکیا ئەوکات گورزێکی گەورە تر بەر هەرێم دەکەوێت و  سەرئێشەکانی زیاتر دەبێت.  هەروەها  کشانەوە کۆمپانیا ترافیگورای بازرگانی نەوت کە گرێبەستی لەگەڵ هەرێم هەبوو بۆ بەبازاڕکرنی بەشێک لەنەوتی هەرێم،گورزێکی ترە    لە توانای بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێم دکەوێت. کشانەوەکەشی بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی هەرێمەوە  هەرێم ئامادە نەبووە دانوستانی لەگەڵ بکات.  کێڵگەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆکە و تێکڕا ئاستی بەرهەمی لە  ٢٠٢٢ دا  رۆژانە بریتی بووە لە ٣٣٫٠٠٠ بەرمیل نەوت.   •    کۆمپانیای فۆرزا هەولێر   لە کێڵگەی هەولێر و کۆمپانیای فۆرزا پێترۆلیۆم  کاردەکات و پشکی ٦٥٪ لە کێڵگەکەدا هەیە، لە ئێستادا شایستەکانی ٩مانگی یەکەمی ٢٠٢٢ ی راگەیاندووە و بڕی ٢٦٦.٣ دۆلاری وەرگرتووە  بۆ ٢،٦٢٩،٣٠٠ بەرمیل نەوت.  لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٢ دا بڕی ٨٢.٤ ملیۆن دۆلار وەرگیراوە لە لایەن کۆمپانیای فۆرزاوە،  لە ناویدا بڕی ٦٩ ملیۆن دۆلار شایستەی دارایی نەوتی فرۆشراوی فۆرزا بووە لە وچارەکەدا کە بڕی ٨٥١،٠٠٠ بەرمیل نەوت  بەنرخی ٨١.٠٧ دۆلار بۆ هەربەرمیلێک نەوت فرۆشراوە. داهاتی چارەکی یەکەمی ٢٠٢٢ بە بڕی ٤٦.٦ ملیۆم دۆلار زیادی کردووە بە بەراورد بەهەمان ماوەی ٢٠٢١.                       زیادکردنی داهات ٨٢٪ی بۆ  بەرزی نرخی نەوت و ٢٦٪ ی بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەم دەگەرێتەوە.   ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لە چارەکی یەکەمدا  ١٤٫٦٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا بەڵام لە مانگی نیساندا بۆ ١٠٠،١٥ بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەتەوە واتە رێژەی ١٠٪ی بەرهەم زیادی کردووە .  لەچارەکی دووەم دا داهاتی کۆمپانیاکە ٩٨.٨ ملیۆن دۆلار بووە لەم بڕەش ١٦ ملیۆنی خەرجی بووە.  و نرخی نەوتی کێڵگەکە بە ٨٢.٠٧ دۆلار بووە بۆ بەرمیلێك و کۆی ٨٧٧،٥٠٠ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە وەک پشکی فۆرزا.  لە چارەکی سییەمدا داهاتی کۆمپانیاکە ٨٥.١ ملیۆن دۆلار بووە لەم بڕاش ١٣.٨ ملیۆن دۆلاری خەرجی بووە. نرخی نەوت لەم چیکرارەکەدا ٧٩.١١$ دۆلار بووە و پشکی کۆمپانیاکە لەنەوتی بەرهەم هاتووی کێڵگەکە ٩٠٠.٨٠٠ بەرمیل بووە. تێکڕای بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە لە چارەکی دووەم و سێیەمدا بریتی بووە لە ١٥هەزار و ١٠٠ بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.    کۆمپانیای فۆرزا لە پێش مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دا  لە ژێر ناوی Orex Petroleum  دا کاری دەکرد و لە ٢٧ ی تشرینی دووەم ناوەکەی گۆڕی بۆ  Forza Petroleum ئێستا لەژێر ئەو  ناوەدا کاردەکات. زانیارییە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کۆمپانیای کار  بەشێکی زۆری پشکەکانی کۆمپانیای فۆرزای کڕیوە و خاوەندارێتی دەکات، باس لە سەر و ٩٠٪ ی پشکەکان دەکرێت. ئەو کۆمپانیانەی شایستە و زانیاریان لەسەر کێڵگە نوتییەکان بڵاو ناکەنەوە •    کـــار گروپ (خورمەڵە) کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە کار دەکات و گرێبەستی لە گەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەیە بۆ پەرەپێدن لە کێڵگەکەدا. جۆری گرێبەستی ئەم کۆمپانیایە تائێستا ڕانەگەیەنراوە، بەڵام ئەم کێڵگەیەی کاری تێدا دەکات کێڵگەیەکی ئامادەبووە و لە بەرهەمدابووە کاتێک کۆمپانیاکە وەریگرتووە. ئاستی بەرهەم لەکێڵگەی خورمەڵە لە ئێستادا بە١٤٥ بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت، نزیکەی ٣٧٪ ی هەموو بەرهەمی نەوتی کوردستانە. کۆمپانیاکە تا ئێستا هیج ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاستی بەرهەم و شایستە داراییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە. ڕوونبین تا ئێستا هیچ هۆکارێکی پەیوەندی کردنی دەستنەکەوتووە بۆ پەیوەندیکردن بە کۆمپانیای کارەوە بۆ دەستخستنی زانیاری و کۆمپانیاکەش هیچ پێگەیەکی ئەلەکترۆنی نییە بۆ چالاکییەکانی.  ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە و کارکردنی لە بواری نەوتدا نوێ یە و لە گەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا کار ئاسانی بۆ کراوە، ئێستا بە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا ناوخۆییەکانی بواری وزە دادەنرێت لە هەرێم. کۆمپانیای کار ئێستا لە گەڵ کۆمپانیای رۆسنەفتی روسیدا خاوەندارێتی  بۆری گواستنەوەی هەرێمیش دەکات و  پشکی ٤٠٪ ی هەیە و کۆمپانیا روسییەکەش ٦٠٪ . کرێی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بەم بۆرییەدا لە ناو خاکی کوردستاندا بە پێێ ڕاپۆرتی دیلۆیت کە لە ٢٨/٦/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە  ٤ دۆلار و ٨٦ سەنت بووە لە چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا، لە کاتێکدا کرێی گواستنەوە  و ئەمبارکردنی بەرمیلێک نەوت لە ناو خاکی تورکیادا ١ دۆلار  و ٢٨ سەنت بووە بەپێی هەمان ڕاپۆرت.  هەروەها کۆمپانیای کار خاوەندارێتی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە رۆژانە نزیکەی ٢٥ هەزار بەرمیل نەوت بۆ وەزارەتی سامانە سرو شتییەکان دەپاڵێوێت بە ڵام دیسان دیار نییە ئێستا بەچ نرخێک نەوت دەپاڵیوێت، بەڵام لە ڕابوردوودا بەپێی ئەو پارانەی لەحکومەت وەریانگرتووە بۆ پاڵاوتن بە دوو هێندەی ئەو نرخە مەزەندە دەکرێت کە پاڵاوگەکە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقی دەپاڵێوێت! •    گازپرۆم و وێستێرن زاگرۆس کێڵگەی گەرمیان ئەم کێڵگەیە کەو تووەتە ناوچەی گەرمیانەوە هەریەک لە کۆمپانیای گازپرۆم روسی  و وێستێرن زاگرۆسی کەنەدی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و هەریەکە خاەنی ٤٠٪ ی پشکەکانن. ڕوونبین پەیوەندی بەهەردوو کۆمپانیاکەوە کردووە بۆ دەستخستنی زانیاری نوێ بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتە هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوتووە. ئەم کێڵگەیە ئێستا ئاستی بەرهەمی لە  ٣٣ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ ١٤ هەزر بەرمیل دابەزیوە. هۆکارەکەشی بۆ راکێشانی ئاو بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە دەگەرێتەوەو ڕاکێشانی ئاو لەگەڵ نەوتەکەدا بەرێژەیەکی زۆرە کە جیاکردنەوەی قورسە هەندێک جار، هەروەک لە تەو تەو و سەرتە و پێشتریش لە تاوکی ڕویدا.  جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتێکی سوک و شیرینە وAPI  یەکەی لە ٤٥ دایە.  بیرە نەوتییەکانی گەرمیان کە لە ئێستادا ژمارەیان چوار بیری نەوتە . بیرە نەوتی سەرقەڵا یەکی گەرمیان، دەکەوێتە گوندی حەسیرەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا دوو لە گوندی ملە سورەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا سێ دەکەوێتە گوندی کەواچەرمووەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا چواریش لە گوندی کارێزەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا پێنجیش کە خەریکە شکست دەهێنێت، دەکەوێتە گوندی ملە سورەوە، سەرجەم گوندەکانیش لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی سەرقەڵای سنوری قەزای کفریین. بەهەمان شێوەی کۆمپانیای کار ئەو کۆمپانیایەنەی کە لێرە کاردەکەن شایستە داراییەکانیان ڕانەگەیاندووە بەڵام ساڵی چەند جرێک زانیاری لەسەر چالاکی و ئاستی بەرهەمیان ڕادەگەیاند، ماوەیەکە ئەو زانیاریانەش بوونی نەماوە.  تائێستا چەند جارێک کێشە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئەم کێڵگەیە دروست بووە، وەکو ناڕەزایی لە لایەن شۆفێری گواستنەوەی نەوت و خەڵکی ناوچەکەوە. پوختەی ئەوپاراناەی ١١ کۆمپانیای نەوتی لە ٨ کێڵگەی بەرهەم هێنی نەوتی هەرێم وەریان گرتووە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا  کە بەسەریەکەوە ٣ ملیار و ١١٥ ملییۆن دۆلاریان وەرگرتووە. بەیەکەوە رێژەی ٦٠٪ی بەرهەمی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنن •     کەم کردنی بەرهەمی کێڵگەکان : •    لە ماوی ٧ ساڵدا بەرهەمی کێڵگەی تاوکی لە ١٤٥ هەزارەوە بۆ  ٤٦ هەزار دابەزیوە. •    لەماوەی ٧ساڵدا بەرهەمی تەق تەق لە ١٤٨ هەزارەوە بۆ ٣٩٧٠ بەرمیل دابەزیوە •    لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بەرهەمی سەرقەڵا لە گەرمیان لە ٣٣ هەزارەوە بۆ ١٤ هەزار دابەزیوە. •    هەر لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بەرهەمی کێڵگەی سەرتە لە زیاتر لە ١٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٣٩٦٠ بەرمی دابەزیوە.  •    زانیاری نا فرمیش دەڵێن کێڵگەی خورمەڵە بەرهەمی گەشتبووە ١٧٠ هەزار بەرمیی رۆژانە بەڵام ئێستا لە نێوان ١٤٥ بۆ ١٥٠ هەزاردایە. •     زیادکردنی بەرهەمی کێڵگەکان:  هەر لەماوەی ٧ ساڵی ڕابوردوودا:  •    کێڵگەی فیشخاپور کەوتە بەرهەم ئێستا ئاستی بەرهەمی  ٦٢ هەزار بەرمیلە.  •    کێڵگەکانی سەرسەنگ، ئەتروش و شێخان بەرهەمیان زیادی کردووە بەشێوەی قۆناغبەندی. •     لەساڵی ٢٠٢١ دا دوو کێڵگەی گازی  بنە باوێ و میران لە  کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی وەرگیرایەوە، کەیسەکە لە دادگای ناوبژیوانی لەندەنە، کۆمپانیای گەنێڵ داوای قەرەبوو دەکات.  •    لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ دا گرێبەستی ناوچەی گرێبەستی قەرەداغ کۆتایی هات بە بێ ئەوەی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و شیڤرۆن نەوتی لێ بەرهەم بهێنن، هەموو ئاماژەکان بەرەو هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە دەڕوات. •    هەر لە چارەکی  کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دا نرخی نەوتی هەرێم لە ١٠ دۆلار داشکاندنەوە بۆ ١٧ تا ١٩ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت دەفرۆشرێت . پەراوێزەکان: ١ - رۆژی ٢٤/٨/٢٠١٧ هەریەک لە حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دی ئێن ئۆ و گنێل ئێنێرجی رایان گەیاند کە گەشتوونەتە رێکەوتن لە سەر ئەو قەرزەی لە ماوەی رابوردوودا کەوتووەتە سەر هەرێم بەشێوەیەک هەرێم واز لە پشکی خۆی کە 20٪ بێنی بۆ دی ئێن ئۆ وە بۆ ماوەی 5 ساڵ ٠٣٪ کۆی داهاتی کێڵگەکە کە لە ١/٨/٢٠١٧٧ تا ٣١/٧/٢٠٢٢ بدرێت بە دی ئێن ئۆ و بڕی لە سەدا ٤.٥ی کۆی داهاتی کێڵگە کەش بدرێت بە گنێل ئێنێرجی هەروەها کۆمپانیا ببەخشرێ لە 150 ملیوندۆلاری پرۆژەی پالفتەی ئاو ،لە هەمان کاتدا پرۆژەی پەرەپێدانی تواناکان لەماوەی هەموو گرێبەستەکەدا بەخشراون لە و ئیلتزامە و شیرینی بەرهەمیش نادەن. بڕیار بوو لە سەرەتای ئابی ٢٠٢٢ ەوە ئەم رێکەوتنە کۆتایی بێت و ئەو رێژەی ٧.٥٪ کۆی بەرهەمی کێڵگەکە بگەڕیتەوە بۆ هەرێم بەڵام تا ئێستاش هەردوو کۆمپانیاکە ئەو رێژەیە لەداهات وەردەگرن.  ٢ – بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و نەناردنی بوجەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دا حکومەتی هەرێم نەیتوانی شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت بدات بۆیە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠دا حکومەتی هەرێم بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند شایستەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم ٢٠١٩ و کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٠ دوادەخات تا ئەوکاتەی نرخی نەوتی برێنت دەگاتە ٥٠ دۆلار.   کۆمپانیا نەوتییەکان لە گەڵ شایستەی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا یەکەمین بڕی شایستە دواخراوەکانیان وەرگرتەوە و مانگی شوباتی ٢٠٢٢ش دواهەمین گوژمەی شایستە دواخراوەکانیان وەرگرتەوە. حکومەت دوای ٦٠ ڕۆژ  شایستەی دارایی کۆمپانیاکان دەدات.  بەم میکانیزمەش شایستە دواخراوەکان(قەرزەکانی دەدایەوە):  کاتێک نرخی نەوتی برێنت لەسەروو ٥٠ دۆلارەوەیە تەنها رێژەی ٢٠٪ ی ئەو  زیادەی نرخە دەدرێتەوە بەقەرزی کۆمپانیاکان لە کاتێکدا لە مانگەکانی سەرەتادائەم رێژەیە ٥٠٪ بوو.  ٣- زۆر جار هەڵە تێگەشتنێک هەیە بەوەی کەدەوترێت هەرێم پشکی ٢٠٪ یان ٢٥٪ی کێڵگە نەوتییەکانی هەیە ، ئەمە چۆنە؟  کۆمپانیا نەوتییەکان بەپێی گرێبەستییە نەوتییەکانی هەرێم خەرجی ماوەی گەڕان و پشکنین تا دۆزینەوە و بەرهەم هێنانی نەوتیان دەکەوێتە ئەستۆ ( ئەگەر نەوت دۆزرایەوە و بەرهەمی بازرگانی ڕاگەیەنرا ئەو کات مانگانە بەشێک لەو خەرجیانەوی وەردەگرێتەوە ،بەڵام ئەگەر نەوت نەدۆزرایەوە یان ئەوەندە نەبوو کە بگاتە بەرهەمی بازرگانی یان هەر هۆکارێکی تر کێڵگەکەی  بەجێ بێڵێت ئەاو هەرێم هیچ  خەرجییەک ناداتەوە بە کۆمپانیا نەوتییەکە.  کاتێک کێڵگەیەک دەگاتە بەرهەم ئەوکات لە کۆی بەرهەم ١٠٪ ی وەکو موڵکانە حکومەت وەری دەگرێت پاش ئەوە کۆمپانیاکە لەو ٩٠٪ی ماوەتەوە تا ئاستی ٤٠٪ و لە هەندێ کێڵگە تا ٤٥٪ی ئەو بڕەی ماوەتەوە بۆ خەرجی کۆمپانیاکنن دەچێت ( ئەو خەرجیانەی لەماوەکانی گەران و پشکنین خەرجی کردووە ، ئەو خەرجیانەش خەرجی زەبەلاحن).  ئەو پارە یان نەوتەی دەمێنێتەوە پێی دەوترێت نەوتی قازانج  بەپێی هاوکێسەیەکی بیتکاریانە دابەش دەکرێت لە نێوان ئکومەت لە لایەک و کۆمپانیا نەوتییەکان لەلایەکی تر لە باری نمونەیدا ٨٥٪ بۆ حکومەت ١٥٪ بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان و لە سەرەتاشدا ٧٠٪ بۆ ئکومەت و ٣٠٪ بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان دەبێت. لە ئەو پشکەی کۆمپانیا نەوتییەکان حکومەتی هەرێم لیڕەشدا بەناوی کۆمپانیی نەوتی کوردستانەوە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک خەرج بکات پشکی ٢٠٪ی ئەو قازانجەی کۆمپانیاکانیش وەردەگرێت.( پشکی ٢٠ی قازانجی کۆمپانیاکان وەردەگرێ پاش ئەوەی ٧٠٪ یان ٨٥٪ ی قازانجی خۆشی وەرگرتووە.  ٤- تێچووی بەرهەمهێنان بریتییە لە تێچووی کارپێکردن و پاراستنی بیرەکان و ئامێر و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە بەرهەم دەهێنرێت دوای دۆزینەوەی نەوت و پەرەپێدان و بەرهەم هێنان. بەمانایەکی سادە هەموو ئەو خەرجیانەیە کە رۆژانە بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نوەت لە کێڵگەکە خەرج دەکرێت.  


 (درەو): بافڵ تاڵەبانی لە جوڵەكانی لاهور شێخ جەنگی بەگومانە، فشارەكانی بۆسەر "لالەزار" توندتر كردووەتەوە، خستویەتیە بەردەم دوو بژاردە: چونەدەرەوە لە كوردستان یاخود جوڵاندنی هێز بە ئاڕاستەی "لالەزار". شەوی چوارشەممەی رابردوو هێزێك هەوڵی رفاندنی (رەنج شێخ خالید) ئەفسەرەی سەربازی لە لالەزار، بەڵام لە هەوڵەكەیان سەركەوتوو نەبوون. شەوی رابردوو هێزێكی دیكەی ئەمنی چووە سەر ماڵی (رێبوار حامید حاجی خالید) فەرماندەی سەربازی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی، بەپێی زانیارییەكان، كەلوپەلی سەربازییان لە ماڵەكەیدا گرتووە، بەڵام نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی دەڵێن" ئەو هێزە كۆمەڵێك بۆمب‌و TNTیان بردووەو وێنەو ڤیدیۆیان گرتووە، دەیانەوێت بە تۆمەتی تیرۆر هەوڵی گرتنی بدەن". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، هۆكاری فشارەكانی ئەمدواییەی بافڵ تاڵەبانی بۆسەر هۆتێل "لالەزار" كە شوێنی نیشتەجێبوونی لایەنگرەكانی لاهور شێخ جەنگییە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ماوەیەكە لاهور شێخ جەنگی جوڵەكانی دەستپێكردووەتەوە لەپێناو وەرگرتنەوەی پۆستی هاوسەرۆكی یەكێتیی لەڕێگەی دادگاوە لە هەولێرو بەغداد.  لاهور شێخ جەنگیی دەیەوێت سەرجەم بڕیارەكانی دوای رووداوەكانی (8)ی تەمووزی 2021 هەڵوەشێنێتەوەو دەسەڵاتەكانی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیی وەربگرێتەوە.  سێشەممەی رابردوو لاهور شێخ جەنگی لەڕێگەی پارێزەرەكانیەوە لە دادگای هەولێر سكاڵایەكی بردەوە، كرۆكی سكاڵاكە ئەوەیە یەكێتی نیشتمانی بەناوی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگییە، سكاڵاكە پۆستی   "هاوسەرۆك"ی بۆ لاهور شێخ جەنگی گەڕاندووەتەوە، لە هەمانكاتدا لەڕێگەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە لاهور شێخ جەنگی لە هەوڵی بردنەوەی سكاڵاكەیەتی، بۆ ئەمەش سێ ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی (چەتۆ ساڵح، پەروین كاكە حەمە، سەردار هەركی) لە كۆمسیۆن شایەتییان بۆداوە، لیژنەی پەیوەندیدار لە فەرمانگەی پارت‌و رێكخراوە سیاسییەكان لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی پرۆژەیەكیان گەڵاڵە كردووەو خستویانەتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كە لە (9) دادوەر پێكهاتوون، بڕیارە هەفتەی داهاتوو بڕیاری كۆتایی لەسەر كەیسەكەی لاهور شێخ جەنگی بدەن. نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی دەڵێن بڕیارەكە لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی دەردەكرێت‌و نزیكەكانی بافڵ تاڵەبانیش باسلەوە دەكەن بڕیارەكە لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی نابێت. ئەم جوڵەو هەنگاوانەی لاهور شێخ جەنگی لەكاتێكدایە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەوپەڕی خراپیدایە، هەرچەندە بڕیارە سبەی پارتی‌و یەكێتی كۆبنەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، كۆبوونەوەكە هیچ ئەنجامێكی نابێت‌و تەنیا بۆ هێوركردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەكانە كە داوا دەكەن یەكێتی‌و پارتی كۆببنەوە. پارتی گومانی لە بافڵ تاڵەبانییە، پێیوایە لەڕێگەی بەغدادوە هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ تا لە پرسی بودجەو نەوت و غازدا پشكی پارێزگای سلێمانی جێ بكاتەوە، بافڵ تاڵەبانی‌و یەكێتیش ئومێدێكیان نەماوە بتوانن لەگەڵ پارتی رێكبكەون. بافڵ تاڵەبانی گومانی لە جوڵەكانی لاهور شێخ جەنگی هەیە، بەتایبەتیش میدیاكانی نزیك دەباشان لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار دەكەن بەوەی لە مەسرور بارزانی نزیكبووەتەوە‌و پێكەوە فشارەكانیان لەسەر دەباشان زیاتر كردووە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە دوو رۆژی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی پەیامێكی تری بۆ لاهور شێخ جەنگی ناردووە، كرۆكی پەیامەكە ئەوەیە وڵات جێبهێڵێت، ئەگەر نا هێز دەچێتە سەر "لالەزار". پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو هەفتەیەكی سەخت بێت بۆ كێشەكانی نێوان لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی، چونكە لەلایەكەوە تا رۆژی سێشەممەی داهاتوو پرسی سكاڵاكانی لاهور شێخ جەنگی لە هەولێرو بەغداد یەكلادەكرێنەوە، لەلایەكی تریش بافڵ تاڵەبانی فشارەكانی لەسەر لاهور شێخ جەنگی تونددەكاتەوەو چاوەڕوان دەكرێت هێزی زیاتر بجوڵێنێت لە دژی "لالەزار".


 درەو: دادگای نێودەوڵەتی لەپاریس حوكمی كۆتایی خۆی لەسەر كەیسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە رێگای توركیاوە دەكرد، ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن بڕیارەكە لەبەرژەوەندی عێراق بێت. محەمەد حوسێن، توێژەر لە ناوەندی عیراقی بۆلێكۆڵینەوە و شیكاریە سیاسییەكان بە (درەو)ی راگەیاند:  دادگاكەی نێودەوڵەتی لە پاریس حوكمی كۆتایی خۆیدا لەسەر كەیسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگای توركیاوە, هەرچەندە هێشتا ووردەكاری حوكمەكە بڵاو نەكراوەتەوە، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن هەواڵی خراپ بۆ هەرێم و توركیا بەڕێوەبێت و لەبەرژەوەندی عێراق حوكمەكەی دەركردبێت. حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لە 2015 كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، كەیسەكە لەسەر ئەوەیە توركیا رێگای داوە نەوتی هەرێم بە بۆری عێراق لەناو خاكی توركیاوە بۆ بەندەری جەیهانی بگوازرێتەوە، عادل عەبدولمەهدی 2019 پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرت‌و دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیا‌و هەرێمی كوردستان. دەرچوونی حوكمی دادگای پاریس دوای چەندین ساڵ دواخستن هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق  بۆ پاریس و هاوكات سەردانی كتوپڕی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەنكەرەو كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە كەیسی وزە. رۆژی چوارشەمەی رابردوو دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی ناردنی هەر بڕە پارەیەك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان، لەدوای بڕیارەكەی مانگی شوباتی 2022 بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم و ناچاركردن هەرێم بە رادەستكردنی نەوت و غازەكەی بە بەغداد، بڕیارەكەی چوارشەمە قورسترین بڕیاری دادگای فیدراڵی بوو دژی هەرێم، بڕیارێك كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی چواندی بە بڕیارەكانەی دادگای شۆڕش (محكمة الثورە)ی بەعس. 


راپۆرت: درەو  مەسرور بارزانی بەمدواییە كە لە بەغداد گەڕایەوە گەشبین بوو، بەڵام دوێنێ رەشبینی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی باڵی بەسەر پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغدادا كێشایەوە، دوای بڕیارەكەی بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی عێراق، دادگای فیدراڵی ناردنی هەر بڕەپارەیەكی لە بەغدادەوە بۆ هەرێم راگرت، ئەم دۆخە نوێیە رەنگە پەسەندكردنی بودجەی 2023ی عێراق دوابخات‌و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد بباتە قۆناغێكی نوێوە، بەتایبەتیش هێشتا كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەسەر مێزی دادگایە‌و كۆتایی ئەم مانگە یەكلادەكرێتەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.   كورد لەناو ناكۆكییەكانی شیعەدا  هەرێمی كوردستان لەبەردەم شەپۆلێك بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقدا خەریكە  بەتەواوەتی لە  پەلوپۆ دەخرێت.  سەرەتای جوڵەكانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی كوردستان لەوكاتەوە دەستیپێكرد كە بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراقی دوای كەوتنی سەددامدا، پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو لایەنی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بوون بە بەشێك لە كێشەو ناكۆییەكانی ناو ماڵی شیعە.  ئۆكتۆبەری 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیی لە عێراق بەڕێوەچوو، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ماڵی شیعەی دابەشكرد بەسەر  دوو جەمسەردا، جەمسەری (موقتەدا سەدر) وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن‌و  جەمسەری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەممار حەكیم+ حەیدەر عەبادی)، جەمسەری یەكەم بە ئاڕاستەی دووركەوتنەوە لە ئێران‌و رۆیشتن بەرەو خولگە عەرەبییەكە، جەمسەری دووەمیش هاوپەیمانی نەریتی ئێران‌و مانەوە لەسەر هێڵە كۆنەكە.  دابەشبوونەكەی ناو ماڵی شیعە، هەزوو كوردیشی دابەشكردەوە، پارتی لەگەڵ سەدرو یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی رۆیشتن.  لەسەرو بەندی ئەو جەمسەرگیرییەدا كە پرۆسەی سیاسی لە عێراق پەكخستبوو، دادگای باڵای فیدراڵی دوای 10 ساڵ راگرتن، بەشێوەیەكی كتوپڕ حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵایەك یەكلاكردەوە كە وەزارەتی نەوتی عێراق لە ساڵی (2012)دا سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تۆماریكردبوو.  دادگای فیدراڵی لە رۆژی 15ی شوباتی 2022دا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان‌و پابەندكردنی هەرێم بە رادەستكردنی نەوت‌و غازەكەی بە بەغداد.  لەدوای كەوتنی سەددامەوە، ئەمە گەورەترین گورز بوو كە دادگای فیدراڵی لە حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەشاند، دادگایەك كە بەپێی دەستور ناتوانرێت تانە لە بڕیارو حوكمەكانی بدرێت.  بەهۆی دابەشبوونی پارتی‌و یەكێتییەوە بەسەر ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعەدا، لەماوەی (40) رۆژداو لەنێوان 25ی كانونی دووەمی 2022وە بۆ 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی (7) بڕیاری دەركرد كە (4) بڕیان بە دیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و لەرێگەی پارتیشەوە هەرێمی كوردستانی كردە ئامانج، بەتایبەتیش بڕیارەكەی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم. نامەكەی مەسرور بارزانی بۆ بایدن  حكومەتی ماوەتەوابووی مستەفا كازمی لەرێگەی وەزارەتی نەوتەوە دەستیكرد بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان. دوای چەند چەندجارێك گفتوگۆ لەگەڵ وەفدی هەرێم لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیی، رۆژی 24ی ئازاری 2022 وەزارەتی نەوت پرۆژەیەكی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كرۆكی پرۆژەكە بریتی بوو لە:  •    دروستكردنی كۆمپانیایەك بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیاكە ناوی لێبنرێت (KROC)، حكومەتی فیدراڵ خاوەندارێتی لێبكات، بەڵام بارەگا سەرەكییەكەی لە هەولێر بێت، لە یەكێك لە بانكە نێودەوڵەتییە متمانەپێكراوەكان حسابێك بكرێتەوە‌و داهاتی نەوت‌و غازی هەرێم بخرێتەسەر ئەو حساب بانكییە، بەپێی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا، لەو حساب بانكییە پارە بە هەرێمی كوردستان بدرێت.   دوای ئەوەی هەرێم پرۆژەكەی رەتكردەوە، وەزارەتی نەوت دەستیكرد بە ناردنی ئیمێڵ بۆ ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی كوردستان كاریان دەكرد، داوای لێكردن گرێبەستی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق نوێ بكەنەوە، ئەگەر نا حكومەتی عێراق دەیانخاتە لیستی رەشەوە.  ئیمێڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خستە ژێر فشاری كۆمپانیاكانی نەوتەوە، مەسرور بارزانی لە تەموزی 2022دا بە ناچاری نامەیەكی بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا نوسی (لەوكاتەدا بایدن بە گەشتێك هاتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست).  نامەكەی مەسرور بارزانی كاریگەریی بەجێهێشت، لەسەر داوای ئەمریكییەكان حكومەتی مستەفا كازمی رێوشوێنەكانی دژی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان راگرت، تا ئەوكاتەی هەولێرو بەغداد لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023دا چارەسەر بۆ بڕیارەكەی شوباتی دادگای فیدراڵی دەدۆزنەوە، واتە ئەوەی ئێستا روودەدات كێشەیەكی چارەسەرنەكراوی پێشترە كە لە بەغدادەوە زیندوكراوەتەوە. نەوتی هەرێم لەنێوان عێراق‌و توركیادا   بابەتەكە تەنیا پەیوەندیدار نییە بە هەرێمی كوردستانەوە، لەم پرسەدا توركیاش تێوەگلاوە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە دادگای پاریسی نێودەوڵەتی سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە‌و تۆمەتباری كردووە بەوەی بەبێ مۆڵەتی حكومەتی عێراق بۆری عێراق- توركیای لەناو خاكی توركیا بەكارهێناوە بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، رەنگە توركیا هۆكارە سەرەكییەكە بێت كە ئەمریكییەكان دەستوەردانیان كرد بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تا ئەوكاتەی بەرێككەوتن كێشەكە یەكلادەكرێتەوە. رۆژی 23ی ئایاری 2022 هەوڵەكانی حكومەتی عێراق دژی هەرێمی كوردستان گەیشتە ئاستێك، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی پێشووی عێراق، باڵیۆزی توركیای بانگهێشت كرد‌و پێی وت" ئەگەر توركیا پابەند نەبێت، ئەوا داوا یاساییەكەی 2015ی بۆ زیندوو دەكرێتەوە كە عێراق لە دادگای پاریس لە دژی توركیا تۆماری كردووە".  حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، دۆسیەكە لە دادگا لە یەكلایبوونەوەی نزیكبوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرت‌و دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیا‌و هەرێمی كوردستان، بەڵام كەیسەكە دانەخراوە‌و هەڕەشەیە لەسەر توركیا. بەرپرسانی توركیا دەیانەوێت هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر توركیا بكێشێتەوە‌و رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)‌و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت موچە لەدوای نەوت ! دوای جڵەوكردنی نەوت‌و غازی هەرێم بە بڕیارەكەی ناوەڕاستی شوباتی 2022، دوێنێ دادگای فیدراڵی بە بڕیارێكی نوێ، ناردنی بەشە بودجە‌و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بە بڕیارێكی تر جڵەو كردو رایگرت، ئەمە دووەم گورزی یاسایی بوو لە بەغدادەوە ئاڕاستەی هەولێر كرا.   لەسەر سكاڵای مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (خۆی وەكو پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ دەناسێنێت، بەڵام دەوترێت نزیكە لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی)، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە (نادروستبوونی) بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، بەو بڕیارەشەوە كە تایبەتە بە (200 ملیار) دینارەكەی پشكی هەرێمی كوردستان.  ئەم هەنگاوەی دادگای فیدراڵی لەكاتێكدایە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی سەبارەت بە پشكی هەرێم لە بودجەی 2023ی عێراقدا‌و بڕیارە مانگی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەكە بگاتە پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنی.  بەمدواییە فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بڕی (400 ملیار) دیناری پشكی هەرێم بۆ دوو مانگ خەرج بكات، بەڵام تائێستا پارەكە نەگەیشتووە‌و پێدەچێت بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە كێشەی زیاتر بۆ ناردنی پارەكە دروست ببێت‌و پێشبینی دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەی 2023 لەئارادایە. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی نەوت‌و بەشە بودجەی هەرێمەوە لەگەڵ حكومەتی ناوەند ناكۆكە، ئەم ناكۆكییە چەند ساڵێكە بووە بە تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدادو لە بایەخی كەیسی ناوچە كێشە لەسەرەكانی كەمكردوەتەوە.  لێكەوتەكانی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"  لە ساڵی 2014وە هەرێمی كوردستان دەستیكرد بە جێبەجێكردنی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"، لەچوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا، دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداد، حكومەتی هەرێم دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ، لەوكاتەوە بەرپرسانی عێراقی لەدژی هەرێم كەوتنە جوڵەو دەڵێن هەرێم بەپێی دەستوری مافی ئەوەی نییە بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت.  حكومەتی هەرێم دان بە بڕیارەكەی مانگی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵیدا نانێت‌و بە بڕیارێكی "سیاسی" ناوی دەبات، بڕیارەكەی دوێنێی داگاكەشی رەتكردەوە.  كێشەی نەوت‌و بودجەی هەرێم یەكێكە لەو كێشانەی كە بە میرات بۆ كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی بەجێماوە.  پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بەشدارن لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق‌و بەپێی ئەو رێككەوتنەی لایەنە بەشدارەكانی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی كردویانە، دەبێت لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی كابینەكە، یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی، محەمەد شیاع سودانی دەڵێ من لەتوانامدا نییە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەدژی هەرێمی كوردستان هەڵوەشێنمەوە، بۆیە تاكە چارەسەر ئەوەیە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەربچێت‌و لەو یاسایەدا دەسەڵاتی هەریەكە لە حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم بەسەر سامانی نەوت‌و غازدا دیاری بكرێت.  نیوەی ئەو كاتەی كە بۆ ناردنی یاساكە بۆ پەرلەمان دیاریكراوە، تەواو بووە‌و هێشتا كابینەی محەمەد شیاع سودانی رەشنوسی یاساكەی ئامادە نەكردووە.  بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكی لایەنەكانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا كە پێكهێنەرەكانی حكومەتن، گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ كرا، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) لەو كۆبونەوەیەدا سەرەتای ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەبارەی یاساكە دەركەوتووە، یەكێتی داوا دەكات لە یاساكەدا مافی ئەوە بە پارێزگاكان بدرێت مامەڵەی سەربەخۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەنددا بكەن. پارتی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی دەستی هەبووە لە دەركردنی بڕیارەكەی دوێنێی دادگای فیدراڵیدا سەبارەت بە راگرتنی ناردنی پارە لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان، جگە لە یەكێتیی، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دادگای فیدراڵی بەوە تۆمەتبار دەكات بڕیارەكانی "ئێران" لەدژی هەرێم جێبەجێ دەكات.    هەرێم لەبەردەم چەند بڕیارێكی تری دادگادا  رادەستكردنی نەوت‌و راگرتنی ناردنی بودجە لە بەغدادەوە دواین‌و كۆتا حوكم نییە كە لە دادگای فیدراڵییەوە دژی هەرێمی كوردستان دەربچێت، چەند كەسێكی تر سەبارەت بە هەرێم لەسەر مێزی دادگای فیدراڵییە‌و رۆژانی داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدات، لەوانە:  •    سكاڵایەكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و (یوسف محەمەد سادق) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی ئەم سكاڵایەوە دواخستووە بۆ رۆژی (31)ی ئەم مانگە‌و پێشبینی دەكرێت دادگا دژی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بڕیار بدات‌و ئەمەش هێندەی تر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد ئاڵۆز دەكات.  •    سكاڵایەك كە بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی ماددە خۆراكییەكان لەسەر (كەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە (پێدانەدانەوەی پارەی فرۆشتنی كۆبونی خۆراك لە ساڵی 2014وە بۆ 2021)، دادگا یەكلاكردنەوەی ئەم كەیسەی لەسەر هەرێمی كوردستان بۆ رۆژی 30ی ئەم مانگە دواخستووە‌و لەحاڵەتی یەكلاكردنەوەیدا رەنگە هەرێمی كوردستان بخاتە ژێر قەرزێكی نوێی بەغدادەوە، ئەمەش هێندەی تر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد ئاڵۆز دەكات.    


(درەو):  دوای بڕیارەكەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان، لە گورزێكی نوێدا ، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بۆ ناردنی پارەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە (نادروست) لێكدایەوە.  لەسەر سكاڵای مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە (نادروستبوونی) بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، بەو بڕیارەشەوە كە تایبەتە بە (200 ملیار) دینارەكەی پشكی هەرێمی كوردستان.  ئەم هەنگاوەی دادگای فیدراڵی لەكاتێكدایە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی سەبارەت بە پشكی هەرێم لە بودجەی 2023ی عێراقدا‌و بڕیارە مانگی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەكە بگاتە پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنی.  بەمدواییە فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بڕی (400 ملیار) دیناری پشكی هەرێم بۆ دوو مانگ خەرج بكات، بەڵام تائێستا پارەكە نەگەیشتووە‌و پێدەچێت بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە كێشەی زیاتر بۆ ناردنی پارەكە دروست ببێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی نەوت‌و بەشە بودجەی هەرێمەوە لەگەڵ حكومەتی ناوەند ناكۆكە، ئەم ناكۆكییە چەند ساڵێكە بووە بە تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدادو لە بایەخی كەیسی ناوچە كێشە لەسەرەكانی كەمكردوەتەوە.  شوباتی ساڵی رابردوو كاتێك پارتی‌و یەكێتی دابەشبوون بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكانی ناو ماڵی شیعەدا، دادگای فیدراڵی دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، بەشێوەیەكی كتوپڕ حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵایەكەوە دەركرد كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوەی لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم تۆمار كرابوو.  بەپێی ئەو حوكمە، دادگای فیدراڵی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە‌و داوا دەكات هەرێم نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات.  لە ساڵی 2014وە هەرێمی كوردستان دەستیكرد بە جێبەجێكردنی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"، لەچوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا، دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداد، حكومەتی هەرێم دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ، لەوكاتەوە بەرپرسانی عێراقی لەدژی هەرێم كەوتنە جوڵەو دەڵێن هەرێم بەپێی دەستوری مافی ئەوەی نییە بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆششێت.  حكومەتی هەرێم دان بە بڕیارەكەی مانگی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵیدا نانێت‌و بە بڕیارێكی "سیاسی" ناوی دەبات، ئەمە یەكێكە لەو كێشانەی كە بە میرات بۆ كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی بەجێماوە.  پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بەشدارن لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق‌و بەپێی ئەو رێككەوتنەی لایەنە بەشدارەكانی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی كردویانە، دەبێت لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی كابینەكە، یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی، محەمەد شیاع سودانی دەڵێ من لەتوانامدا نییە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەدژی هەرێمی كوردستان هەڵوەشێنمەوە، بۆیە تاكە چارەسەر ئەوەیە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەربچێت‌و لەو یاسایەدا دەسەڵاتی هەریەكە لە حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم بەسەر سامانی نەوت‌و غازدا دیاری بكرێت.  نیوەی ئەو كاتەی كە بۆ ناردنی یاساكە بۆ پەرلەمان دیاریكراوە، تەواو بووە‌و هێشتا كابینەی محەمەد شیاع سودانی رەشنوسی یاساكەی ئامادە نەكردووە.  بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكی لایەنەكانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا كە پێكهێنەرەكانی حكومەتن، گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ كرا، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) لەو كۆبونەوەیەدا سەرەتای ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەبارەی یاساكە دەركەوتووە، یەكێتی داوا دەكات لە یاساكەدا مافی ئەوە بە پارێزگاكان بدرێت مامەڵەی سەربەخۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەنددا بكەن.    


درەو: یاسین تەها/ گۆڤاری ئایینناسی/ سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی دەستپێك: مەرجەعیەت دامەزراوەیەكی ئایینی هەڵسوڕێنەرە لە ناو پەیڕەوانی شیعە، سروشتی پێكهاتەكەشی وەهایە تاكە كەسێكە لە شێوەی دامەزراوە، هەروەها بە جوگرافیا و وڵاتێكی دیاریكراویشەوە پەیوەست نییە، بەڵام فاكتەرە مێژویی و جیۆپۆلەتیكییەكان لە سەردەمی جیاوازدا سەنگ و قورسایی بە هەندێكیان بەسەر ئەوی تردا بەخشیوە. ئەم بابەتە هەوڵێكە بۆ هەڵوێستە لەبارەی چەمكی مەرجەعیەت و جوگرافیای دابەشبوونی لە نێوان هەردوو حەوزەی نەجەف و شاری قوم. بۆشایی مەهدی بیرۆكەی مەرجەعیەت لە ئایینزای شیعەدا بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئیمامی دوازدەیەمی كۆتا زنجیرەی ئیمامەتی شیعەیە (المهدي)، كە بەپێی بیروباوەڕی ئەم تائیفەیە لە ئێستادا پەنهان و غەیبە، تا ئەو كاتەشی سەر لەنوێ دەردەكەوێتەوە، ئەوە پەیڕەوانی شیعە له‌سه‌ریان فه‌رزه‌ بۆ ڕاییكردنی كاروباری ئایینی خۆیان بگەڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شه‌رعزانانه‌ی پله‌ی موجته‌هیدیان هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵهێنجانی حوكمەكانی شه‌ریعه‌ت، یان ئه‌وانه‌ی مۆڵەتیان هەیە بۆ فەتوادان و پلەكەیان «عەللامە» و «ئایەتوڵڵا» یە. لە سەرچاوە عەقیدەییەكانی شیعەدا، ئیمام مەهدی ڕابەر و پێشەوای كۆتاییە لە زنجیرەی ئیمامەت، غه‌یب بوونیشی دوو قۆناغی هەیە؛ یەكێكیان كاتی و بچووك بووە (الغیبة الصغری)، ئەوی تر درێژخایەن و تا كۆتایی دنیایە (الغیبة الكبری)، لە غەیب بوونە بچووكەكەشدا پەیڕەوانی شیعە گەڕاونەتەوە بۆ سەر چوار كەسایەتی كە بانگەشەی بریكاری و نوێنه‌رایەتی ئیمام مه‌هدی كوڕی حەسەنی عەسكەری-یان كردووە و بە «السفراء الأربعة» لە ناو شیعەدا ناسراون (1)، ئه‌م چوار كەسە (عثمان سعید العمری، محمد عثمان سعید العمری، الحسین روح النوبختی، وعلی محمد السمری)، نزیك له‌ حه‌فتا ساڵ مەرجەعی شوێنكەوتەكانی ئایینزای شیعە بوون، ئەویش لە پاش مردنی ئیمام حه‌سه‌ن عه‌سكه‌ریی باوكی مەهدی ساڵی 260 ك _ 874ز له‌ عێراق و ئه‌سپه‌رده‌كردنی له‌ سامه‌ڕا‌، كە شیعەكان باوەڕیان وایە ژەهرخوارد كراوە. (2) مه‌رگی كۆتا كه‌س له‌و چوار نوێنەرەش ساڵی‌ 329 ك_ 941، قۆناغی باڵیۆزەكانی مەهدی كۆتایی دێت، ئەمەش بوو بە دەستپێك و سەرەتای سەرهەڵدانی مەرجەعیەت له‌ناو جیهانی شیعه‌، كه‌ بریكار و نوێنه‌ری ئیمامی زەمانن (المهدي)، بەڵام بەشێوەیەكی دوورتر لە نوێنەرایەتی و نامەبەریی ڕاستەوخۆ (3). چونكه‌ پاش بزربوونی بچووك، بزربوونی گه‌وره‌ و یه‌كجاریی مه‌هدی ده‌ستپێده‌كات و ساڵی 329 ك_ 941ز دەستپێدەكات و تا ئه‌وكاته‌ درێژە‌ ده‌كێشێت كه‌ مه‌هدی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی لە كۆتایی دونیا بۆ «به‌رپاكردنی دادگه‌ری»(4)، ئەم گەڕانەوەیەش هاوكات دەبێت لەگەڵ كۆتاییهاتنی دنیا، ئەمەش بیرۆكەی ڕزگاركەر (المخلص) و چاوەڕوانی كردنییەتی لە ئاسمانەوە. هەرچەندە مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی مەرجەعیەت و ده‌زگا ئایینییه‌كانی شیعە‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچی/ ده‌یه‌می زایینی له‌ به‌غدا، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كاندا له‌ ئێران له‌ سه‌ده‌ی شانزه‌دا زیاتر په‌ره‌یسه‌ندووه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ لوتكه‌ و به‌ر له‌ سه‌رده‌می سه‌فه‌وی مێژووی مه‌رجه‌عیه‌ت ناڕوون و تێكه‌ڵ و پێكەڵە و وێنەیەكی ڕوون نادات بە دەستەوە. سەرهەڵدانی مەرجەعیەت مەرجەعەكان، كە جێگرەوەی نوێنەرەكانی مەهدی (السفراء)ن، بە گوێرەی ئاست و شارەزایی و پێگەكەیان، نازناوی تایبەت بەخۆیان هەیە، كە لە نێوان «ئایەتوڵڵا» و «ئایەتولڵای عوزما»، مێژووی بەكارهێنانی ئەم زاراوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەغۆلەكان و بۆ یەكەمجار بۆ رێبەر و لێكۆڵەری شیعە «ابن المطهر الحلي» بەكارهاتووە كە لە سەدەی چواردەیەمی زایینی ژیاوە (م. 1325ز) (5)، بەم پێیەش سەرهەڵدانی شتێكی تازە و نوێیە لە سەردەمی ئیمامەكانی شیعەدا نەبووە. شوێنكەوتنی مەرجەع و تەقلیدكردنی فەتواكانی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ نییه و ناچارییە‌، به‌ پێی گێڕانه‌وه‌كانی شیعه‌ هه‌ركه‌س لاری لێی هه‌بێت ئه‌وه‌ تانه‌ی له‌ حوكمی خوا داوه‌ (6)، ئەم شوێنكەوتنەش نامۆ نییە بە كولتووری مەزهەبە ئیسلامییەكان كە سەردەمێكی زۆر شوێنكەوتنی سەرمەزهەبەكانیان بە واجب و پێویست زانیوە، بەو پێیەی هیچ كەس ناتوانێت راستەوخۆ لە ئەحكامەكانی شەریعەت بگات بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕاڤە و هەڵهێنجانی ئەو پێشەوایانە، بەڵام لەناو شیعەدا زیاتر جەختی لێ كراوەتەوە و بەبێ ئەوە ئایینداری و خەرجكردنی زەكات و مافە شەرعییەكان جێبەجێ ناكرێت. لە ئایینزای سووننەدا شەرعزانەكان زۆرجار لایەنگری دەسەڵاتدارن، یان لانیكەم لەگەڵیدا هەڵدەكەن و خۆیان بەدوور دەگرن لە بەریەككەوتنی، بەم جۆرەش زۆركەم وەك ڕكابەر، یان سەربەخۆ لە دامەزراوەی حوكمڕانی دەردەكەون، بەڵام لە ناو شیعەدا مەرجەعەكان خاوەن شوناس و تایبەتمەندی و تەنانەت ئابووری سەربەخۆی خۆشیانن، چونكە ئەوان جگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕۆحی، پاره‌ی خومس و مافه‌ شه‌رعییه‌كان (كەفارەتی سوێند و خێر و نەزر) له‌ خه‌ڵكی باوه‌ڕداری شیعه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه، لەوانیشەوە جارێكی تر بەسەر هەندێك لەو چین و توێژانەدا دابەش دەبێتەوە كە شایستەن، یان هەژارن، بەم هۆیەشەوە باكیان به‌ ده‌وڵه‌ت نییه‌ و سه‌ربه‌خۆ و ده‌ستكراوه‌ن له‌ هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌كردن (7) سروشتی مەرجەعیەتیش وەهایە كە یەكگرتوو نییە، بەو مانایەی دەكرێت لەیەك كاتدا چەند مەرجەعێك لە گۆڕەپانی شیعیدا هەبن، ئەم حاڵەتەش ئەگەرچی لە ڕووی تیۆرییەوە زۆر پەسەندكراو نییە، بەڵام بەو پێیەی بووەتە واقیع، سەدان ساڵە بە ناچاری مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، هەندێك لە شەرعزانە شیعەكانیش هەوڵیان داوە لایەنە ئه‌رێنییه‌كانی ئه‌م فره‌ مەرجەعییە زەق بكەنەوە‌، وه‌ك رێگری له‌ پیرۆزكردنی تاكە كەس و به‌ مه‌عسوم زانینی مەرجەعێك، كه‌ڵك وەرگرتن لە جیاوازی دیدگا و بیركردنه‌وه‌ جیاوازەكان بۆ گەیشتن به‌ بڕیاری دروست، به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چوون له‌ بڕیار و حوكمه‌ گرنگەكان و هەر ئەم فرەییەشیان بە هۆكاری زیندوو مانەوەی فیقهی ئیمامی داوەتە قەڵەم (8)، بەڵام ئەمە زیاتر وەك پاساو هێنانەوەیە، ئەگەرنا گوتاری یەكدەنگی و یەك ڕەگی سیمایەكی زاڵتر لە هەردوو ئەدەبیاتی شیعە و سوونەدا بەرمەبنای ئەو دەقی ئایەت و فەرموودانەی كە باس لە یەكێتی و یەكڕیزی و دووركەوتنەوە لە پەرتەوازەیی دەكەن. مەرجەكانی مەرجەعیەت ئەوانەی سیفەتی مەرجەعیان پێدەدرێت و خەڵك شوێنیان دەكەون، پێویستە چه‌ند مه‌رجێكیان تێدا بێت، له‌وانه‌ش شيعەی ئیمامی بوون، نێر بوون بەو مانایەی ژن نابێت، عه‌داله‌ت،‌ ئیجتیهاد كه‌ كۆشش كردنه‌ بۆ هه‌ڵهێنجانی حوكمی شه‌رع، له‌گه‌ڵ مه‌رجی زانایی له‌ ئه‌حكامی دین و له كاتی زۆریی ژمارەی مه‌رجه‌عه‌كانیشدا زاناترینیان ده‌بێته‌ سه‌ر مه‌شق و ڕێبه‌ر و باڵا (9)، بەڵام بەهۆی ئەوەی دیاریكردنی زاناترین و پێوەرەكانی ئەو دیاریكردنە شتێكی كۆنكرێتی نییە و ڕاجیایی زۆر هەڵدەگرێت، بەتایبەت كە لقەكانی شەرعزانی و عەقیدە زۆرن، هەمیشە جیاوازی لەنێوان پەیڕەوانی شیعەدا هەیە بۆ دیاریكردنی زاناترین و هەر ئەمەش هۆكاری پەرتەوازە بوونیانە بە سەر چەند مەرجەعیەتێكی جیاوازدا، كە هەریەكە لەوانە بانگەشەی زاناترین دەكەن و هەر كۆمەڵە كەسێكیش شوێن یەكێك لە مەرجەعە دڵخوازەكانی خۆیان دەكەون و ئەوانەیان پێ زاناترینە. مه‌رجه‌عه‌كان له‌ ئایینزای شیعه‌دا وه‌ك ئیمامه‌كان، مه‌عسوم نین و ده‌شێت بكه‌ونه‌ هه‌ڵه‌وه،‌ به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا ڕە‌خنه‌ لێگرتن و هێرشكردنه‌ سه‌ریان كارێكی ڕە‌وا و ڕێگه‌ پێدراو نییه‌، مه‌گه‌ر ڕە‌خنه‌كان كۆمه‌ڵێك مه‌رجیان تێدا بێت، كه‌ بریتین لە: بابه‌تی بوون، شه‌رعی بوون، شایسته‌یی و لێوه‌شاوه‌یی كه‌سی ڕە‌خنه‌گره،‌ به‌ جۆرێك ئاستێكی هه‌بێت له‌ مه‌سه‌له‌ شه‌رعییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئایینزای شیعه، له‌ كۆتاییشدا دەبێت ڕە‌خنه‌كه‌ له‌ ئه‌دای مه‌رجه‌عه‌كه‌ بگیرێت، نه‌ك فه‌تواكه‌ی، چونكه به‌پێی سه‌رچاوه‌ شیعییه‌كان‌ فه‌توا و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاری شه‌رعزانه‌كانه‌، نه‌ك ڕخنه‌گران و چاودێران(10) بە كورتییەكەی مەرجەعەكان جۆرێك لە پارێزبەندیان هەیە و ڕەخنەلێگرتنیان هەروا كارێكی سانا نییە و لەبەردەم زۆرینەی خەڵكدا كراوە نییە. به‌ر له‌ سه‌رده‌می سه‌فه‌وی مێژووی مه‌رجه‌عیه‌ت ناڕوون و تێكه‌ڵ و پێكەڵە و وێنەیەكی ڕوون نادات بە دەستەوە دەسەڵاتەكانی مەرجەع سه‌رجه‌م سه‌رچاوه ‌و ئاڕاسته‌ شیعییه‌كان كۆك و یه‌كده‌نگن له‌سه‌ر  كارایی ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعزانه‌ مه‌رجه‌عه‌كان، به‌ڵام له‌سه‌ر سنوری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ ناكۆكی و جیاوازیان هه‌یه‌. هه‌ندێكیان لایه‌نگری ویلایه‌تی تایبه‌ت و سنوردارن و په‌یوه‌ستن به‌ هه‌ندێك بواری ته‌قلیدی ئایینییه‌وه (الولایة المقیدة)‌، هه‌ندێكی تریان له‌گه‌ڵ ویلایه‌تی ڕە‌ها و گشتگیردان (الولایة المطلقة)، ئەمەش له‌ ئێراندا په‌یڕەو ده‌كرێت و مه‌رجه‌عی باڵای وڵات خاوه‌ن دوا قسه‌ی كاروباری سیاسی و حكومی و رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامییه (11)ئەم پرەنسیپەش لە دەستووری ئێرانیدا جێگیر كراوە و جگە لە عەقیدە هێزی یاسایی هەیە. سنورەكانی دەسەڵاتی مەرجەع و شەرعزان لە فیقهی شیعیدا جێگەی مشتومڕن لە نێوان هەر دوو تێزی ویلایەتی فیقهی ڕەها و ویلایەتی سنوردار، بەڵام سه‌رچاوه‌ شیعییه‌كان به‌ گشتی سێ ئه‌ركی سه‌ره‌كیان بۆ شه‌رعزانی هه‌ڵگری مه‌رجه‌كانی مه‌رجه‌عیه‌ت دیاریكردووه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌: فه‌توادان، قه‌زاوه‌ت كردن و چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كانی خه‌ڵك، ویلایه‌ت كه‌ كاروباری كارگێڕی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ده‌گرێته‌وه(12).‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ی كار و سنوری جموجۆڵی مه‌رجه‌عه‌ شیعه‌كانی ئێستایه‌ و سه‌رجه‌میان به‌پێی ده‌سه‌ڵات و ژماره‌ی لایه‌نگرانیان موماره‌سه‌ی ئه‌و ئه‌ركانه‌ ده‌كه‌ن كە زۆرجار لەگەڵ سنورەكانی دەوڵەتدا تێكەڵ دەبن. شوێنكەوتنی مەرجەع و تەقلیدكردنی فەتواكانی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ نییه و ناچارییە‌، به‌ پێی گێڕانه‌وه‌كانی شیعه‌ هه‌ركه‌س لاری لێی هه‌بێت ئه‌وه‌ تانه‌ی له‌ حوكمی خوا داوه مەرجەعیەتی نەجەف مێژووی دروستبوونی حەوزەی ئایینی نەجەف و مەرجەعەكەی وابەستەی مێژووی مەزهەبی شیعەیە، چونكە جگە لەوەی شارەكە پایتەختی دەسەڵاتی ئیمام عەلی بووە (35_40ك/ 656_661ز)، نزیكە لە پیرۆزترین پێگەكانی شیعەشەوە، وەك ئارامگای ئیمام عەلی و ئیمام حوسێن و ئیمام عەباسی كوڕی، هەرەوەها لە نزیك مەڵبەندی غەیببوون و دووبارە دەركەوتنەوەی ئیمام مەهدی دایە لە ژێر زەمینێكی شاری سامەڕا كە پایەیەكی بنەڕەتی عەقیدەی شیعەگەرییە(13)، بەشی زۆری ئەو رووداوە مێژوییانەشی تان و پۆی مەزهەبی شیعە پێكدەهێنن هەر لە عێراق ڕوویانداوە لە شەڕەكانی ئیمام عەلی لەگەڵ نەیارانی و پاشان كوژرانی حسێن و تۆڵەكردنەوەی، هەروەها مەرگی گوماناوی ئیمام موسای كازم لە بەغدا و چیرۆكی مەرگی باوكی مەهدی، كە حەسەنی عەسكەرییە.(14) مێژووی حەوزەی ئایینی نەجەف دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی كۆچی/ دەیەمی زایینی، لەم كاتەدا بەشی زۆری مەلا و رێبەرە شیعەكان بە هۆی باڵادەست بوونی توركە سەلجوقییە سوننەكانەوە لە بەغدای پایتەخت بارگە و بنەی خۆیان پێچایەوە بۆ شاری نەجەف. ئەم كۆمەڵە مەلایەی شیعە كە شێخی تائیفەكە (أبو جعفر الطوسي) گەورەیان بوو،ە پەنا و سایەی گڵكۆی ئیمام عەلیان كردووەتە پایتەختی رێبەرایەتی ئایینی خۆیان و لەوێ دەستیان كردووە بە وانە خوێندن و پیادەكردنی سرووتەكانی شیعەگەری(15)، ئەمەش بەرەنجامێكی ئاسایی تێڕوانینی شیعەكانە بۆ شارەكە، چونكە بەپێی گێڕانەوەكانیان، نەجەف پێگەیەكی زۆر گرنگی هەیە و پێیانوایە پیرۆزترین خاكە بە لای خوداوە، هەر لەبەر ئەمەش نازناوی «الأشرف»ی پێ بەخشراوە، تەنانەت گێڕانەوە شیعییەكان باس لەوە دەكەن ناشتن و بەخاك سپاردن لە گۆڕستانی ئەم شارە، مردووەكە دەپارێزێت لە سزای ناو گۆڕ، هەر لەبەر ئەمەشە گەورەترین گۆڕستانی لێیە كە ناوی «وادی السلام»ـە و موسڵمانی شیعە لە هەركوێی دنیادا بمرن ئاوات بەوە دەخوازن لە نەجەف ئەسپەردە بكرێن.(16) مەرجەعەكان جۆرێك لە پارێزبەندیان هەیە و ڕەخنەلێگرتنیان هەروا كارێكی سانا نییە و لەبەردەم زۆرینەی خەڵكدا كراوە نییە پێگە ئایینی و مێژووییەكەی نەجەف بە درێژایی چەندین سەدە كردویەتی بە مەڵبەندێكی گرنگی شیعەگەری و قوتابخانەیەك بۆ پێگەیاندن و دروستكردنی مەرجەع، لە مێژووی نوێ و هاوچەرخیشدا دوو لە گەورەترین مەرجەعەكانی شیعەی دنیا كە موحسین ئەلحەكیم (1970 مردووە) لەگەڵ ئەبوقاسم ئەلخوئی ( 1992 مردووە)ن، هەر لە شاری نەجەف بوون، لەسەر دەستی ئەوانیش كۆمەڵێك مەرجەع و پیاوی ئایینی شیعە دەرچوون، كە تا هەنووكە كاریگەریان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان هەیە، دیارترین ئەوانەش سیستانی خوێندكاری نزیكی خوئییە.   پێگەی قوم ئەم حەوزەیە لە پەنا ئارامگای فاتیمەی كچی ئیمام موسای كازمی حەوتەم ئیمامی شیعەكان و خوشكی ئیمامی هەشتەمی شیعە عەلی كوڕی موسا (الرضا) دامەزراوە، ریشەی خوێندنگا ئایینییەكەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆچی عەشیرەتی ئەشعەری کوفی عێراقی بۆ قوم (سەدەی 1ك/7ز) و دامەزراندنی شارەكە، بەم شێوەیە قوم شانبەشانی کوفە و بەغدا یەکێکە لە سێ کۆنترین مەدرەسە ئایینییەكانی شیعە لە مێژوودا. بەڵام قۆناغی درەوشانەوەی مەدرەسەی قوم لە سەدەی چوارەمی کۆچی/ دەیەمی زایینی، لەسەر دەستی شێخ «محمد بن علي البابویه» بووە كە بە «الشیخ الصدوق»یش دەناسرێت و یەكێكە لە گەورە شەرعزان و لێكۆڵەرەكانی شیعە. لە مێژووی نوێشدا شێخ عەبدولکەریم حائیری دەرچووی حەوزەی نەجەف لە ساڵی 1919ز ڕووی کردە قوم و لەوە بەدوا شارەكە بە تەواوی بووەتە ناوەندێکی سەرکردایەتی مەزهەبی شیعە.(17)   پێگە ئایینی و مێژووییەكەی نەجەف بە درێژایی چەندین سەدە كردویەتی بە مەڵبەندێكی گرنگی شیعەگەری جگە لە باكگراوندە ڕۆحییەكەشی، بەهۆی دەسەڵاتی سەفەوییەكانەوە گرنگی زۆر بە شاری قوم دراوە، هەر لەم میانەیەدا كاتێك سەفەوییەكان لەسەرەتای سەدەی 16 زاینی كۆنترۆڵی ئێرانیان كرد و شیعەگەرییان كردە مەزهەبی سەرەكیی دەوڵەتەكەیان، مەلا و بانگخواز و شەرعزانی زۆری شیعەیان لە باشووری لوبنانەوە برد بۆ قوم بە مەبەستی زیاتر پەرەپێدانی(18)، لە سەردەمی پەهلەویشدا بە هۆی ئەوەی لە عێراق دەسەڵات بە دەست زۆرینەی سوننەوە بووە، حەوزەی نەجەف دەرفەتی ئەوەی نەبووە وەك قوم گەشە بكات و لەم میانەشدا جاری وەها هەبووە ڕێبەرایەتی شیعەی جیهان بە عێراقیشەوە كەوتووەتە شاری قوم لە نموونەی سەید حسێن بروجردی، كە تا كۆتایی ژیانی لە 1961 بۆ ماوەی 15 ساڵ مەرجەعی بێ ركابەری شیعەی دنیا بووە.(19)  لەپاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و زاڵبوونی تەواوەتی خومەینی بەسەر شۆڕشەكەدا (1979)، دەرفەتی زیاتر ڕەخسا بۆ بووژانەوەی قوم، لە كاتێكدا لە بەری عێراق رژێمی بەعس سەرقاڵی سەركوت و داپڵۆسینی شیعە و قوتابخانەی نەجەف بوو،  لەم میانەیەشدا دەكرێت ئاماژە بەوە بكرێت ژمارەی ئەندامانی حەوزەی نەجەف ساڵی 1967  نزیکەی 16 هەزار فەقێ و مامۆستای ئایینی بوون، ئەم ژمارەیەش تا ساڵی 1991 کەم بووەتەوە بۆ تەنها 500 كەس، واتە ڕژێمی بەعس زیاتر لە 90%ی حەوزەی نەجەفی لە ماوەی 24 ساڵدا پووكاندووەتەوە، ئەگەر ئەوە نەبوایە ڕەنگە لە ئیستادا كارمەندانی حەوزەی نەجەف لە سەروو 50 هەزار كەس بوونایە(20) ئەم سیاسەتی بچووككردنەوەیەش حەوزەی نەجەفی داڕنی لە یەكێك لە سەروەرییەكانی، كە فێرخوازە بیانییەكانن، پاكتاوە هاوشێوەكانی تری شارەكەش لە ڕاپەینی 1991 و ساڵانی دواتر وایكرد رێگا بۆ حەوزەی قوم خۆش ببێت، كە ببێتە جێگرەوە و بەدیلی گونجاو بۆ حەوزەی نەجەف. تا ئەو كاتەشی سەدام ڕووخا (2003) ژمارەیەكی زۆری مەرجەع و كەسایەتییە ڕاوەدونراوەكانی شیعە لە شاری قوم گیرسانەوە و تا ئێستاش هەر لەوێ نیشتەجێن لە چەشنی شیرازییەكان و كەمال حەیدەری و ئایەتوڵڵا حائیری، كە سەرجەمیان بە ڕەچەڵەك عێراقین و لایەنگر و شوێنكەوتەی زۆریشیان لە وڵاتی دایكی خۆیاندا هەیە. جیاواز لە باكگراوندی مێژوویی و پێگەی رۆحی، بە هۆی كارتێكەرە نەتەوەیی و سیاسییەكانەوە، دەكرێت بوترێت كێبڕكێیەكی سیاسیی بێدەنگ لە نێوان هەردوو حەوزە و مەرجەعیەتی نەجەف و قومدا هەیە، هۆکاری ئەم ڕكابەرییەش  بۆ چەند شتێك دەگەڕێنەوە، وەك: تێزی ویلایەتی فەقیهـ كە لە قوم زاڵە و لە نەجەفدا دەسەڵاتی شەرعزان لەوان بەرتەسكترە لە ڕووی تیۆرییەوە، هەروەها لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پانتاییانەی دەكرێت ببنە مەیدانی جموجوڵ ڕا جیاییان هەیە، بە تایبەتی کاتێک هەندێک لە قەیرانەکان لەو وڵاتانەدا سەرهەڵدەدەن کە موسڵمانانی شیعە لەخۆدەگرن و دید و تێڕوانینی جیاواز دەهێننە كایەوە بۆ چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵیاندا، هەروەها مەرجەعیەتی نەجەف لە كێشمەكێش و هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی ڕۆڵی مێژوویی ڕۆحی خۆی بپارێزێت و سەربەخۆیی خۆی بە كردەیی پیادە بكات، بەڵام مەرجەعیەتی قوم بەهۆی دەوڵەتی ئێران و ئاوێتە بوونی لەگەڵ ویلایەتی فەقیهـ ئامادەیی زیاتری لە كایەی سیاسیدا هەیە و دەرفەتی زیاترە بۆ دروستكردنی كاریگەریی.(21) پەراوێز و سەرچاوەكان (1)عامر العیدي: السفراء الأربعة، موسوعة أهل البيت، 2004، ص ص 2_5. (2)سید مهدی ایت الهى: الامام حسن العسكری، ترجمه كمال السید، مؤسسة أنصاريان، قم، ص 22 (3)  فاضل المالكی: الغیبة الصغرى والسفرا‌ء الأربعة، مركز الأبحاث العقائدية، قم، 1420 هـ، ص 45. (4) صالح الكرباسی: ما هی مراحل غیبه‌ الامام المهدی؟ مركز الاشعاع الإسلامی للدراسات والبحوث، https://bit.ly/3WA67wj . (5) جودت القزوینی: المرجعیة الدینیة‌ العلیا عند الشیعة‌ الإمامیة‌، دراسة‌ فی التطور السیاسي والدیني، دار الرافدین، 2005، ص 354. (6) الحر العاملي: وسائل الشیعة إلى تحصیل مسائل الشریعة‌، تحقیق ونشر: مؤسسة أهل البیت لإحياء التراث، قم، ط2، 1402، ج 27، ص 136 _ 137 (7) جودت القزوینی: المرجعیه‌ الدینیه‌ العلیا، ص 366 (8) محمد سعيد الحكيم: المرجعية الدينية وقضايا اخرى، نشر: دار الهلال، 2010، ج1» ص ص 46_47. (9) محمد تقي بهجت، توضيح المسائل، انتشارات شفق، بيروت، ص 8. (10)  ضياء الخباز (9/ 5/ 2018)، هل يصح للناس نقد المراجع، https://aldiaa.net/qa78/ (11) صالح الكرباسي: ما الفرق بين ولاية الفقيه الخاصة و ولاية الفقيه العامة، https://bit.ly/3T8lU2G . (12) معهد الخوئي، الكلام في ولایة الفقیه، https://bit.ly/3ThsmEM (13) العتبة العسكرية، السرداب المقدس، http://www.askarian.iq/pages?id=11 (14) ديوان الوقف الشيعي، دليل المزارات، https://bit.ly/3DZhQwj (15) الذهبی: سیر أعلام النبلاء، مؤسسە الرسالة، 2001، ج 18، ص 335. (16) مركز الرصد العقائدي، الدّفنُ فِي النّجفِ يُنجِي مِن حسابِ البرزخِ، https://bit.ly/3NFijIj (17) علي المؤمن، الحوزة العلمية الشيعية بين النجف وقم، https://bit.ly/3t2XYDq (18) فراس حمیة، هل أصبح شیعة لبنان تابعین لإیران، https://bit.ly/3fDmBDr (19) المعرفة: حسين البروجردي، https://bit.ly/3zJPaGg (20) على المؤمن، سەرچاوەی پێشوو. (21) علاء حمید، الصراع الصامت بين مرجعية النجف وقم، https://bit.ly/3UwmSae


(درەو):  بەبێ (كۆمەڵ‌و یەكگرتوو و نەوەی نوێ) پارتی‌و یەكێتیی‌و گۆڕان رێككەوتوون یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوە‌و هەڵبژاردن بە (4) بازنە بەڕێوەبچێت (بەپێی وتەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی).  لەبارەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبووەوە، فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵی دادگەریی+ یەكگرتوو+ نەوەی نوێ) بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد، ئەم فراكسیۆنانە پێشتر بەهۆی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، بایكۆت یاخود كشانەوەی خۆیان لە پەرلەمان راگەیاندووە. ئەو لایەنانەی كە بەشداری كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیان كرد بریتی بوون لە فراكسیۆنەكانی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان+ پێكهاتەكان)، ئەم لایەنانە پێكەوە دەنگیاندا بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تا كۆتایی ئەمساڵ‌و دواخستنی هەڵبژاردن.   زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) سەبارەت بە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا هەموو لایەنەكان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەمواربكرێتەوە‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمیش كارا بكرێتەوە‌و هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێت، واتە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ.  سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتی:" بەپێی ئەوەی رێككەوتنمان لەسەر كردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان شێوازی هەڵبژاردن بە چوار بازنە دەبێت‌و بایۆمەتری هەڵبژاردنی 2021ی عێراقیش وەكو بنەمای تۆماری دەنگدەران وەردەگیرێت.    


درەو: پارتی دیموكراتی كوردستان جگە لە پرسی پێكهاتەكان بە هەموو پرسەكانی دیكە رازیە (فرە بازنە یان یەك بازنە، هەمواری یاسای هەڵبژاردن، شێوازی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن). رۆژی چوارشەممەی رابردوو مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكراوە لەسەر پرسی هەڵبژاردن و رایانگەیاندووە كە دەبێت لەمساڵدا پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و چیتر دوانەخرێت. سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان رازی بووە لەسەر هەموو هەنگاوەكانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن، (فرە بازنەبێ یان یەك بازنە) یاسای هەڵبژاردن هەموار دەكرێتەوە یان وەك خۆی دەبێت، شێوازی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی، بەهەموو ئەوانە رازیە، تەنیا رازی نیە بە دەستكاریكردنی كورسی پێكهاتەكان. بڕیارە سبەینێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆببنەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و گفتوگۆكردن لەسەر شێوازی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.  لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی هەڵبژاردن لەسەر چەند خاڵێك ناكۆكن: •    هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەن هەموار بكرێتەوەو هەندێك لەگەڵ ئەوەیە بە هەمان یاسا بكرێت. •    تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەن بە هەمان تۆمار بكرێت و هەندێكیشیان لەگەڵ ئەوەن بە تۆماری بەغداد بكرێت •    شێوازی هەڵبژاردن  هەندێك لایەن لەگەڵ فەر بازنەن، هەرێمی كوردستان دابەشبكرێت بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەندێكیشیان لەگەڵ ئەوەن وەك پێشتر بەیەك بازنەی هەڵبژاردن بكرێت. •    كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی كە وادەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن بەسەرچووە، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەن بە هەمان پێكهاتە كارا  بكرێتەوە، هەندێك لەگەڵ ئەوەن هاوشێوەی بەغداد ژمارەیەك دادوەر دابنرێن، هەندێكیشیان لەگەڵ ئەوەن ئەندامانی نوێ دابنرێن لە كۆمسیۆن.  •    پرسی كورسی پێكهاتەكان، كە بەشێك لەلایەنەكان لەگەڵ ئەوەن شێوازی هەڵبژاردن و كورسی پێكهاتەكان دەستكاری بكرێت و شوێنی جوگرافیایان و پێكهاتەی تریش كورسی پێبدرێت، بەڵام هەندێكیان لەگەڵ ئەوەن نابێت كورسی پێكهاتەكان دەستكاری بكرێت.   


درەو: نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقی كرد بۆ هەولێر، بانگهێشتەكە شكستیهێنا، ئومێد خۆشناو رایگەیاند دووشەممە لە یاریگای فرانسۆ هەریری پێشوازیان لێدەكەین، دواتر پۆستەكەی سڕیەوە.  دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق كردوو بانگهێشتی كردن بۆ هەولێر، ئەوانیش رەزامەندیان نیشاندا بە بانگهێشتەكە.  ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە" پیرۆزبایی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق دەكەین و رۆژی دووشەمە كاتژمێر (2:30 ) لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر بە ئاهەنگێك پێشوازیان لێدەكرێت". دوای چەند كاتژمێرێك ئومێد خۆشناو دەقی نوسینەكەی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك سڕیەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە داڤۆسەوە نیگەرانی لەو بانگهێشتە دەربڕیوەو رایگەیاندووە نابێت پێشوازی و ئاهەنگ بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق. هەربۆیە شوێنی پێشوازی لە یاریزانان لە یاریگای فەەنسۆ هەریری هەڵوەشایەوەو، دواتر شوێنی پێشوازیەكە گۆڕدرا بۆ بەردەم قەڵای هەولێر، دواتر بڕیاردراوە بانگهێشتەكە هەڵبوەشێندرێتەوەو پێشوازی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق نەكرێت. سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند نێچیرڤان بارزانی زۆر توڕەو نیگەرانە لەوەی بانگهێشتیی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقی كردووەو بانگهێشتەكە هەڵوەشاوەتەوە، مەسرور بارزانی و مەسرور بارزانیش توڕەیە لە بانگهێشتی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ هەولێر، بەبیانووی ئەوەی جەماوەر و لایەنگرانی پارتی نیگەرانن لە پێشوازی لە یاریزانانی عێراق و هەڵكرتنی ئاڵای عێراق لە هەولێری پایتەخت و بەتایبەتیش لە یاریگای فرەنسۆ هەریری كە شوێنی ئاهەنگی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017 بووە. سبەینێ وادەی بانگهێشتەكەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقە بۆ هەولێر، تا ئێستا لەسەر شێوازی پێشوازیەكە رێكنەكەوتوون، تەنانەت باس لەوەش دەكرێت رەنگە بانگهێشتەكە هەر هەڵبوەشێتەوە چونكە تا ئێستا مەسرور بارزانی رەزامەندی نەنواندووە لەسەر ئەوەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بێنە هەولێر. 


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   هیچ کۆمەڵگایەک نییە تەنها یەکجۆر ئەخلاق و یەکجۆر تێڕوانینی ئەخلاقیی تێدابێت. ھەرکاتێک باسی کۆمەڵگامان کرد، باس لە مرۆڤ وەک تاکەکەس ناکەین، بەڵکو باس لە مرۆڤەکان دەکەین بە کۆ، مرۆڤەکان بەیەکەوە. ئەمەش وادەکات کۆمەڵگا یەکسانبێت بە بوونی خەڵکانی جیاواز و زمانی جیاواز و ڕوانینی جیاواز و دونیابینی جیاواز. هەموو بە تاککردنێکی کۆمەڵگا و هەموو وێناکردنێکی کۆمەڵگا وەک تاکەکەسێکی گەورە، واتە وەک وەک گشتێکی لێکچوو، بە ناچاریی بەرەو پەڕگیریی و توندوتیژیی و سڕینەوەی جیاوازەکانمان دەبات. بە کورتیی کەی باسی کۆمەڵگامان کرد باسیی جیاوازیی دەکەین، یان لانیکەم باسکردنی جیاوازیی یەکێک دەبێت لە بابەتە ھەرەسەرەکییەکانی باسکردنی کۆمەڵگا.  بەڵام لە هەموو کۆمەڵگایەکدا ھەندێک مەناخ و کەش و ھەوای گشتیش ھەیە، لەوانە بوونی «مەناخێکی ئەخلاقیی» کە هێڵە زۆر گشتییەکانی دەستنیشانکردنی ئەخلاقی گونجاو لەو کۆمەڵگایەدا، نیشانئەدات. دەستنیشانکردنی ئەم ھێڵە گشتییە ئەخلاقیانە، دەشێت، بۆ نموونە، لە ڕێگای دینەوە بێت، واتە ئەخلاقیاتێکی دینیی گشتیی بێ، بەڵام دەشێت لە ڕێگای دیدگای  ترەوەبێت کە نادینیی بن و بەمەش «ئەخلاقیاتێکی نادینیی گشتیی» دروستببێت، کە بۆ نموونە لەسەر بنەمای «مافەکانی مرۆڤ»، «ئەخلاقیاتی چاکەکاریی»، «ئەخلاقیاتی بەرپرسیارێتیی» ، یاخود «ئەخلاقیاتی زوڵم لەکەس نەکردن“ و ”دادپەروەرانە مامەڵەکردن»، کاربکات. لە هەموو ئەم دۆخانەدا، ئەوەی گرنگە مامەڵەنەکردنی نایەکسانیی مرۆڤە جیاوازەکانە، وێنانەکردنی ئەمیانە وەک بوونەوەرێکی کەمتر و نزمتر لەویتریان، یان پێناسکردنی ئەمیان وەک کەسێکی کەم مافتر و بێنرختر لەویتریان. جەوهەری ئەخلاق وێناکردنی مرۆڤە وەک مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتیشی وەک مرۆڤ. ھەموو سیستمە سیاسییەکانیش لە ”مەناخێکی ئەخلاقیی“ تایبەتدا دروستدەبن. دیموکراسیەت لەناو مەناخێکی ئەخلاقیدا لەدایکدەبێت و کاردەکات کە ڕێزی پلورالیزم و جیاوازیی بگرێت، مرۆڤەکان وەک بوونەوەری یەکسان و خاوەن ماف ببینێت و مامەڵەبکات. ھەرچی فاشیزمە منداڵی مەناخێکی ئەخلاقییە لەسەر سڕینەوەی جیاوازییەکان و پەکخستنی مافەکان و سڕینەوەی یەکسانکردنی مرۆڤەکان بەیەکتری، کاردەکات. لە ئەڵمانیای سەردەمی نازیزمدا پێناسی مرۆڤبوون لەسەر بنەمای نەژاد دەستنیشاندەکرا. نەژادە جیاوازەکانیش نرخ و بەهای جیاوازیان هەبوو، هەندێکیان لەوانیتریان بەرزتر و هەندێکیشیان تەواو کەمنرخ و نزمتربوون. باوەڕیشیان وابوو پەیوەندیی نێوان نەژادەکان بریتییە لە ململانێ و پێکدادانی بەردەوام تا ئەو شوێنەی نەژادە باڵاکان بەسەر نەژادە نزمەکاندا سەردەکەون. لەم نەخشە نەژادییەدا «نەژادی ئاریی» وەک بەرزترین نەژاد و سەرجەمی نەژادەکانی تر وەک نەژدای کەمتر و نزمتر دەبینران و مامەڵەدەکران. ئەو مەناخە ئەخلاقییەی لەپاڵ ئەم ڕوانینە فاشستیەدا بۆ مرۆڤ دروستکرا، بریتیبوو لە مەناخی ”پاراستنی پاکژیی نەژادی ئاریی“ و ”ڕێگرتن لە تێکەڵبوونی بە نەژادەکانی تر“. هەروەها لەناوبردن و سڕینەوەی ئەو نەژادانەی لەناو ئەم مەناخە ئەخلاقیەدا بە نزمتر و کەمتر وێنادەکران و وەک مەترسیی بە کۆمەڵگا نیشانئەدران. ئەم ڕوانینە ملیۆنەها مرۆڤی جیاوازی خزاندە ناو کامپە زۆرە ملێکانەوە و بە شێوەیەکی سیستماتیکیش کوژران و لەناوبران، زۆرینەی ئەوانەی لە کامپەکاندا کۆکرابوونەوە جولەکە و قەرەجەکان بوون، بەڵام کۆمۆنیست و مرۆڤە چەپگەرەکانیش لەناو ھەمان کامپی کوشتنی بە کۆمەڵدا کۆکرابوونەوە.   وەک ووتمان ئەو ”مەناخە ئەخلاقیی“ەی نازیزمی لەناودا دروستبوو پێی لەسەر پاراستن و پاکژڕاگرتنی نەژادی ئاریی دادەگرت، کە گوایە لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوندایە. ئەم پاراستن و پاکژڕاگرتنە وەک تاکە کارێکی ئەخلاقیی راستەقینە و تاقە کارێکی بەرپرسیارانە، وێنادەکرا. لەناو ئەم مەناخە ئەخلاقیەدا لە سەر زۆرێک لە جامخانە و دەرگای چاخانە و چێشتخانە و شوێنە گشتییەکان تابلۆ دادەنرا، کە لەسەری نووسرابو: «هاتنەژوورەوە بۆ جولەکە یاساغە». دواتریش یاسایەک دەرکرا رێی لەو کەسانە دەگرت کە گوایە نەخۆشی بۆماوەیی تایبەتیان هەیە نەھێڵن منداڵیان ببێت و نەوە بخەنەوە. بۆ نموونە کەسانێک نەخۆشی پەرکەم، یان نەخۆشی شیزۆفرینا، یان کوێربوون و کەڕبوونی بۆماوەیی، یان نەخۆشیی خەمۆکی. بە پێی ئەم یاسایە لە نێوان ساڵانی ١٩٣٥ بۆ ١٩٤٠ زیاد لە نیو ملیۆن مرۆڤ بەزۆر خەسێندران. ھەر لە ساڵی ١٩٣٥ دا پاراستنی پاکژیی نەژادی ئاریی و «خوێنی ئەلمانی» بە یاسا پارێزرا، یاساکەش ناونرابوو «یاسای پاراستنی خوێن و شەرەفی ئەڵمان». بەپێی ئەو یاسایە تەنها ئارییەکان دەیانتوانی هاوڵاتی دەوڵەتی ئەڵمان بن. یاساغیش کرابوو ژنی ئەڵمان شوو بە پیاوانی نەژادە نزمەکان بکەن، یان پەیوەندیی خۆشەویستیان لەگەڵدا، دروستبکەن. دەرەنجامی دروستکردنی ئەم مەناخە ئەخلاقییە ئەوەبوو مافی هاوڵاتیبوون لەوانە بسێندرێتەوە کە بە نەژاد ئاریی نەبوون، لەوانەش جولەکەکان. لە دوای ئەم یاسایەوە ئیتر نەژادە نائارییەکان لە فەرمانگە فەرمییەکانی دەوڵەت دەرکران و کارەکانیان لێسەندرایەوە. ژنە ئەڵمانیەکانیش بۆیان نەبوو لای ئەو جولەکانە کاربکەن کە دوکان و بازاڕ و کارگەی تایبەت بەخۆیان هەبوو.   ئەوەی لەو مەناخە ئەخلاقییەدا سردرابووەوە بەرپرسیارێتی تاکەکەسەکان خۆیان بوو لەوەدا چۆن مامەڵەی ئەو دۆخە بکەن کە نازییەکان دروستیناکردبوو. گۆڕینی ئەوەی ڕوویئەدا گۆڕانی تاکەکەسبوو بۆ بوونەوەرێکی بێئیرادە و بێھەڵبژاردن و بێبڕیاری شەخسیی سەربەخۆ. نازیزم ”سیاسەتێکی خودسازیی“ ھەبوو کە تیایدا خود لە دەرەوەڕا دروستدەکرا، نەک ئەوەی کەسەکان خۆیان خۆیان دروستبکەن و خۆیان بچنە پەیوەندیەکی تایبەتەوە لەگەڵ خودی خۆیاندا. بەم کارەش نازیزم دژ بە جەوھەری ئەخلاق وەک ئەخلاق کاریدەکرد. بە مانایەکی دیکە نازیزم لەکاتێکدا ”مەناخێکی ئەخلاقیی“ تایبەتی دروستدەکرد کە بکرێت ئەو ھەموو تاوانەی لەناودا ئەنجامبدرێت، لە ھەمانکاتدا ئەو مەناخە ئەخلاقییە ئیشی ئەوەبوو نەھێڵێت ئەخلاق بە مانا ئینسانیی و تاکەکەسیەکەی، لەدایکببێت.  ئەخلاق بەر لەوەی پەیوەندیی کەسێک بێت بەو دەوربەر و ژینگە و ناوەندە کۆمەڵایەتییەوە کە لەناویدا دەژیی، واتە بەر لەوەی پەیوەندییەک بێت مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا دروستیبکات، پەیوەندییەکە مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا دروستیدەکات. پەیوەندییەکە وا لە مرۆڤێک دەکات بەر لە ھەمووشتێک لە خەمی دروستکردنی خۆیدابێت وەک بوونەوەرێکی بەرپرسیار. بەم مانایە ئەخلاق لە ھەنگاوی یەکەمدا پەیوەندیی کەسەکانە بە خودی خۆیانەوە، پەیوەندەیی خودە بە خود خۆیەوە، مرۆڤە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دونیا ناوەکییەکەی خۆیدا. ئەخلاق لەم ڕوانینەدا ئیشکردنی ھۆشیارانە و ئامانجدارنەی مرۆڤە لەسەر کەسایەتی خۆی، بە مەبەستی ئەوەی کەسایەتی خۆی لەپاڵ کۆمەڵێک پرنسیپی ئەخلاقیدا دروستبکات. ئەخلاق چالاکیی بەرپرسیارانەی تاکەکەسە بۆ دروستکردن و داھێنانی خۆی وەک بوونەوەرێکی تایبەت و بەرپرسیار، نەک پەیڕەویکردنی ئەو ڕەچەتانەی کە چاوساغە دەرەکییەکان بۆی دروستدەکەن و چاوەڕواندەکەن پیادەیانبکات. بەم مانایە پەیوەندییەکی گەورە و بنەڕەتیی بە ئازادییەوە ھەیە. لە ڕاستیدا ئەخلاق مانایەکی نامێنێت کاتێک پیادەکردنی ئازادیی بنەما و کۆڵەکە سەرەکییەکەی، نەبێت. ئەگەر ئەخلاق کۆمەڵێک یاسا بێت و بەزۆر بەسەر مرۆڤەدا بسەپێنرێت، ئەگەر مرۆڤ ناچاربێت و نەتوانێت لێیاندەربچێت، ئیتر لەوە دەکەوێت ئەخلاق بێت. ئەخلاق کاتێک ئەخلاقە کە کەسەکان لە بڕیار و ھۆشیاریی و ھەڵبژاردنی تاکەکەسیی خۆیانەوە دروستیدەکەن و پێیدەگەن، نەک کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا کە کۆمەڵێک چاوساغ لە دەرەوەڕا بەسەریدا بسەپێنن. دۆخی سەپاندنی ئەخلاق مانایەک بۆ ئەخلاق ناھێڵێتەوە. ئەخلاق کاتێک دەبێت بە ئەخلاق کە مرۆڤ خۆی ئازادانە ھەڵیبژرێرێت بەو ھەڵبژاردنەشی خۆی بەر لە ھەموو کەسێکی تر خۆی وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی ببینێت.  دیوێکی تری ئەخلاق پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەوەوە ھەیە مرۆڤ نەترسێت لەوەی ئەوەی بە ڕاستی دەزانێت بیڵێت و ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی بەو شێوەیە وەسفبکات و بەو شێوەیە بناسێنێت، کە ئەو باوەڕی وایە بەو شێوەیەیە. ژینگەی ناشیرن و خراپ و خنکێنەر بە ناشیرین و خراپ و خنکێنەر ناوبنێت و ئەزموونی دژەئینسان و دژەماف بە دژەئینسان و دژەماف ناونووس بکات. واتە ئەوەی لە ئەخلاق چاوەڕواندەکرێت ئەوەیە مرۆڤ بەردەوام ڕاستیی بڵێت، ئەو شتەش ئەنجامبدات کە بەڕاستیی دەزانێت. بوێربێت و ھەقیقەت بڵێت، عەقڵی خۆی نەداتە دەستی ئەو چاوساغانەی پێیدەڵێن ھەقیقەت چییە و ئەخلاق چییە و مرۆڤ کێییە و پێویستە چۆن بژیی. ئەرکی یەکەمی ئەخلاق ھەڵسەگاندن و ڕەخنەکردن و دەسکاریکردنی ئەو سنوورانەیە کە ساتەوەختێکی مێژوویی لەبەردەم ئازادییەکانی مرۆڤ و کەسەکاندا دروستیدەکات، بۆئەوەی نەتوانن خۆیان خۆیان بەو شێوەیە دروستبکەن و دابھێنن کە پێیانوایە بوونی ڕاستەقینە و قووڵی ئەوان، نمایش و بەرجەستەدەکات.  فاشیزم و نازیزم ئەو دوو شێوازەی ئەزموونی سیاسیین کە ھەموو ئازادییەکی خودسازیی و خۆناساندن لە مرۆڤ دەسێننەوە و ئەوان لە دەرەوەڕا پێیدەڵێن ئەو کێیە و کێ نییە، چ بەھا و نرخێکی ھەیە و پێویستە چ ئەرکێکیشی لەسەرشان بێت. ئەم جۆرە ڕوانینە بۆ مرۆڤ، مرۆڤ بەر لە ھەمووشتێک، وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی لەناودەبات. بەر لە ھەمووشتێکیش ئەخلاق بە مانا ڕاستەقینەکەی دەسڕێتەوە.  ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا پێویستە ڕووبدات سەندنەوەی ئەخلاقە لەو سوپا گەورەیە لە چاوساغی ئەخلاقیی کە لە پازدە بیست ساڵی ڕابوردودا دروستبووە. سوپایەک ئیشی ئەوەیە مرۆڤی کۆپیکراو دروستبکات.


 درەو: بەم دواییانە چەندین دراوی وڵاتانی عەرەبی ڕوبەڕوی زیانی توندبونەتەوە,  ئەوەش بووەتە هۆكاری سەرهەڵدانی قەیرانی بژێوی و ئابوری بۆ وڵات و گەلەكانی بەهەمان ئاست, هەندێك لەوڵاتان ناچاربوون دراوەكەیان (تعویم) بكەن, واتە بەهای دراوەكەیان بەرامبەر بەدراوی بیانی ئازادبكەن و خواست و خستنەڕوو لەبازاڕدا بەهاكەی دیاریبكات و, حكومەت لەڕێی بانكی ناوەندییەوە هیچ دەستوردانێك نەكات, وڵاتێكی وەك عێراقیش كە خاوەنی گەورەترین یەدەگی دراوی بیانیە لەناوچەكەو 100 ملیارد دۆلاری تێپەڕاندووە, تائێستا ڕێوشوێنەكانی حكومەت و بەڵێنەكانی بانكی ناوەندی, سەركەوتوو نەبووە لەدانانی سنورێك بۆ بەرزبونەوەو هەڵبەزو دابەزی بەهای دۆلار.   درەو: دیارترین ئەو دراوە عەرەبیانەی كە گەیشتونەتە ئاستی مەترسی داڕمان: یەكەم: جونەیهی میسری بانكی ناوەندی میسر لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016وە, چوارجار بەهای دراوەكەی بەرامبەر دراوی بێگانە ئازادكردووە, كە دووجاریان لەساڵی 2022دا بووەو, لەمساڵیشدا جارێك. ساڵی 2022 بۆ جونەیهی میسری پێوانەیی بوو, جونەیه  بەداشكان لە 15.75وە دەستیپێكرد بۆ 18 جونەیه بەرامبەر یەك دۆلاری ئەمریكی, دوای بڕیاری بانكی ناوەندی بە ئازادكردنی بۆ نرخی بازاڕ لەمانگی ئازاری 2022, كە بەوەش 15% بەهاكەی لەدەستدا.  لەمانگی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ جارێكی تر بەتەواوی ئازادكرا بەوەش جونەیه 57% بەهاكەی لەدەستداو گەیشتە 24.7  جونەیه بەرامبەر یەك دۆلار.   لەمانگی كانونی 2023 جارێكی تر  بەهای جونەیه ئازادكرا, لەچوارچێوەی دانوستانەكانی حكومەت لەگەڵ سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی قەرزێكی نوێ‌ بە بەهای 3 ملیار دۆلار لەماوەی چوارساڵی داهاتوودا, بەپێی ڕێككەوتنەكە حكومەتی میسر پابەندبوو بە ئازادكردنی جاری چوارەمی جونەیه, بەوەش گەیشتە نزمترین ئاست و 32 جونەیهی بەرامبەر یەك دۆلار تۆماركرد, پێش ئەوەی نرخەكەی كەمێك باشبێت و بگرێتەوە 29.6 بۆ جونەیه . دووەم: لیرەی سوری لەكۆتایی ساڵی 2022دا, لیرەی سوری دابەزینێكی گەورەی بەخۆوەبینی, بەجۆرێك بەهاكەی گەیشتە 7200 لیرە بۆ هەر دۆلارێك, دوای ئەوەی سەرەتای ئەو ساڵە نرخەكەی 3500 لیرە بوو لەبازاڕی ڕەشدا, كە بەوەش 50% بەهاكەی لەدەستداو, نرخەكان بەرێژەی 50% بەرزبونەوە, كە وای لەسورییەكان كرد, ساڵی 2022 بە خراپترین ساڵی گوزەران وەسفبكەن لەدوای ساڵی 2011وە. لەسەر ئاستی فەرمیش, بۆ 3000 هەزار لیرە دابەزی بۆ دۆلارێك, لەبری 2500, هەروەك نرخی لیرە پاشەكشێی كرد لەنرخی بڵاوكراوەی تایبەت بە بانك و نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە 3015 لیرەوە بۆ 4522 لیرەو, نرخی كڕینی دۆلاریش بۆ ڕادەستكردنی حەواڵە هاتووەكان لەدەرەوە بە لیرەی سوری لە 3000 هەزار لیرەوە بۆ 4500 لیرەی سوری.  سێیەم: لیرەی لوبنانی بانكی ناوەندیی لوبنان لە 27ی كانونی یەكەمی ساڵی 2022دا, دابەزاندنی نرخی لیرەی لەسەر سەكۆی ئاڵوگۆڕی دراو ڕاگەیاند, بۆ 38 هەزار لیرە بەرامبەر یەك دۆلاری ئەمریكی, لەهەوڵێكدا بۆ دانانی سنورێك بۆ دابەزاندنی نرخی لیرە لەبازاڕی ڕەشدا. بانكەكە لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: بانكی لوبنان لیرەی لوبنانی دەكڕێت و دۆلار دەفرۆشێت بە نرخی 38 هەزار لیرە بۆ یەك دۆلار, كەسەكان و دامەزراوەكان دەتوانن بەبێ‌ دیاریكردنی ژمارە, لەسەرجەم بانكەكانی لوبنان ئەو پرۆسەیە ئەنجامبدەن.  ئەو هەوڵە شكستی هێناو, نرخی دۆلار لەلوبنان گەیشتە 50 هەزار لیرە بۆ یەك دۆلار, كە تائێستاش بەو نرخەیە. لیرەی لوبنانی دووچاری داڕمانی بەردەوامبووە لەساتەوەختی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەساڵی 2019وە, كە پێشتر نرخی یەك دۆلاری ئەمریكی 2000 لیرە بوو, بەوەش نزیكەی 94%ی بەهاكەی لەدەستدا تا كۆتایی ساڵی 2022. دیناری تونسی دیناری تونسی لەكۆتایی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردودا دابەزی و نرخەكەی گەیشتە 3.309 بۆ هەر دۆلارێك, بەوەش بەڕێژەی 15% بەهاكەی لەدەستداوە بەبەراورد بەهەمان كات لەساڵی 2021دا. "موحسین حەسەن" شارەزای دارایی و وەزیری پێشوی بازرگانی دەڵێت: پاشەكشێی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار, ئاماژە دەكات بەوەی بانكی ناوەندی بەئاڕاستەی ئازادكردنی ڕانەگەیەندراوی دراو هەنگاودەنێت. ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەو ئاستەنگە ئابورییەی ڕوبەڕوی یەكێتی ئەوروپا بووەتەوە, كاریگەری لەسەر دراوی تونسی دروستكردووە, بەهۆی ئەو پەیوەست بونە گەورەیەی لەنێوان ئابوری تونس و وڵاتانی ناوچەی یۆرۆدا هەیە.  پێنجەم: دیناری عێراقی هێشتا نرخی دیناری عێراقی لەهەڵبەزودابەزدایە, سەرەڕای بەڵێنەكانی بانكی ناوەندی عێراقی بە ڕاگرتنی بەهای دراو, دیناری عێراقی لە 26ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردودا بۆ 1560 بۆ هەر دۆلارێك دابەزی, بەر لەوەی كەمێك هەڵكشێتەوەو, بگاتە 1535 لە 29ی هەمان مانگدا. ئاژانسی هەواڵی عێراق لەزاری ئیحسان یاسری ڕاوێژكاری بانكی ناوەندییەوە بڵاویكردووەتەوە: بانكی ناوەندی كۆمەڵێك ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ دابینكردنی دراوی بیانی, ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی بەهای ئاڵوگۆڕ لەبازاڕە ناوخۆییەكاندا. شەشەم: دیناری لیبی هاوڵاتیانی لیبیا باجی دابەزینی بەهای دینار دەدەن, كە نرخەكەی لەسەرەتای ساڵی 2021دا بەڕێژەی 70% دابەزی لە 1.5 دینارەوە بۆ 4.83 دینار بۆ هەر دۆلارێك, بەپێی پلانێكی زەمەنی بۆ ماوەی 3 ساڵ كە حكومەتی لیبی دایڕشتووە. قەیرانی دینار قوڵتربوەوە, بەجۆرێك بەهاكەی لە 4.48وە بەرزبوەوە 4.99 بۆ هەر دۆلارێك لە 25ی ئەیلولی 2022, لەكاتێكدا نرخەكەی لەبازاڕی ڕەشدا لە 5.22 دینار جێگربووە. لەمانگی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ, ئەنجومەنی ئیدارەی بانكی ناوەندی لیبیا نرخی دراوی هەمواركردەوەو, بووە 4.23 لەبری 4.48 بۆ هەر دینارێك. "مەراجع غەیس" ئەندامی ئەنجومەنی ئیدارەی بانكەكە ڕایگەیاندووە: نرخی دۆلار لە 4.23 دینار دەبێت, هەر سێ‌ مانگ جارێك پێداچونەوەی بۆ دەكرێت تاگەیشتنە نرخێكی هاوسەنگ, ئاماژەی بەوەشداوە, نرخە نوێیەكە لەسەر بنەمای دیراسەیەكی ئابوری داڕێژراوە كە ئەندامانی ئەنجومەنی ئیدارەی بانكی ناوەندی تاوتوێیان كردووە. حەوتەم:ڕیاڵی یەمەنی ریاڵی یەمەنی لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2022 پاشەكشێی تۆماركرد, كە بەگەورەترین دابەزین دادەنرێت لەماوەی 8 مانگدا, سەرچاوە بانكییەكان لەشاری تەعز ڕایانگەیاندوە: ریاڵی یەمەنی داڕمانێكی گەورەی تۆماركردووەو گەیشتوەتە 1225 ریاڵ بۆ یەك دۆلار لەمامەڵەكانی ڕۆژی 21 كانونی یەكەمی 2022دا, ئەوەش دوای ئەوەی بەشێوەیەكی ڕێژەیی لە 1100 و 1160 ریاڵ بۆ هەر دۆلارێك جێگیرببوو. ریاڵ زنجیرەیەك داڕمانی لەبەهاكەیدا بەخۆوە بینی و, بووەتە دراوی دووەمی مامەڵەكردن دوای دۆلار, بەشێكی زۆری بازرگان و خاوەنی خانوبەرەو زەوی و كەرتە فراوانەكانی كار, مامەڵەكردن بەریاڵ یەمەنی رەتدەكەنەوەو مامەڵە بەدۆلار دەكەن.  سەرچاوە: العربی الجدید


راپۆرت: درەو نەدیم زەهاوی وەزیرە كوردەكەی حكومەتی بەریتانیا گەندەڵییەكی نوێی ئاشكرابوو، خۆی لە پێدانی باج دزیوەتەوە، پارتی كرێكاران داوای دورخستنەوەی دەكات، نەدیم یاخود ناوە راستەقینەكەی (نازم) هاوڕێی نزیكی بارزانییەكانە، دەستی لەناو نەوتی هەرێمی كوردستاندایە‌و لە كۆڕەوەكەی 1991ی كوردستانەوە دەستیكردووە به‌ پارە كۆكردنەوە‌و ئێستا دەوڵەمەندترین وەزیرە لە بەریتانیا، نازم زەهاوی كێیە ؟ چۆن دەوڵەمەند بوو ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  "5 ملیۆن پاوەند" نەدیم زەهاوی وەزیرە كوردەكەی حكومەتی بەریتانیا روبەڕووی شەپۆلێكی گەورەی رەخنەو ناڕەزایەتی بوەتەوە، میدیاكانی بەریتانیا دەڵێن دەركەوتووە خۆی لە پێدانی باج دزیوەتەوە.  نەدیم وەزیری دەوڵەتە‌و سەربە پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداری بەریتانیایە، دەركەوتووە خۆی لە پێدانی باج دزیوەتەوە‌و دوای ئەو لێكۆڵینەوانەی لەگەڵیدا كراوە، ناچاربووە بڕی (5 ملیۆن) پاوەند پارەی باج بۆ دامەزراوەی داهات‌و گومرگی بەریتانیا بگەڕێنێتەوە.  بەپێدانەوەی ئەو بڕە پارەیە، نەدیم هەموو ئەو قسەوباسانەی پشتڕاستكردەوە كە پێشتر لەسەری هەبوون‌و تۆمەتبار دەكرا بە خۆدزینەوە لە پێدانی باج. بەهۆی ئەو دۆخەی تێی كەوتووە، سەرۆكی پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن داوای لە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كردووە، نەدیم لە حكومەت دوربخاتەوە.  هەندێك لە بەرپرسانی پارتی پارێزگاران هێشتا پاڵپشتی لە نەدیم دەكەن‌و دەڵێن ئەو شەفاف بووە‌و پارەكەی گەڕاندوەتەوە‌و كێشەكەی چارەسەر كردووە، دۆخی نەدیم زەهاوی پارتی پارێزگارانیشی لەبەردەم رایگشتی بەریتانیادا توشی شەرمەزاری كردووە.  نەدیم زەهاوی كێیە ؟ نەدیم زەهاوی، ناوە راستەقینەكەی (نازم)ە، ئەو تەمەنی 56 ساڵە، كوردی عێراقە، لە ساڵی 1976وە چووەتە بەریتانیا. وەكو ئەوەی باسدەكرێت باپیری نازم بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی عێراق بووە‌و كاتی خۆی دراوی عێراقی ئیمزای پاپیری ئەوەی بەسەرەوە بووە.  باوكی نازم پیاوێكی دەوڵەمەند بووە، ساڵی 1979 كاتێك سەددام حوكمی گرتوەتە دەست، ترساوە لەوەی دەستگیری بكەن، بۆیە بڕیاریداوە عێراق بەجێبهێڵێت. نازم دوای ئەوەی چوەتە بەریتانیا، لە ناوچەی "ساسكس" ژیاوە‌و لە خوێندنگەی تایبەتی خوێندویەتی، بەڵام بەرلەوەی بگاتە زانكۆ، خێزانەكەی دوچاری كارەساتێكی دارایی بووە‌و یەكێك لە پرۆژە بازرگانییەكانی باوكی توشی داڕمان هاتووە، بەوهۆیەشەوە خێزانەكە مایەپوچ بوون‌و وەكو خۆی دەیگێڕێتەوە جگە لە ئۆتۆمبیلێكی جۆری "ڤۆكسهۆل" هیچ شتێكیان نەماوە، نازم ئەو ئۆتۆمبیلەی وەكو تاكسی بەكارهێناوە بۆ ئەوەی قوتی خێزانەكەی دابین بكات.  دایكی نازم بڕیاریداوە ئاڵتونەكانی خۆی بفرۆشێت بۆ ئەوەی كوڕەكەی بتوانێت خوێندنی زانكۆ تەواو بكات‌و ناچار نەبێت ئەوان بەخێو بكات، نازم چوەتە كۆلیژەوە لە لەندەن، ئەندازیاری كیمیایی خوێندووە، پاش تەواوكردنی خوێندن رووی لە جیهانی پارەو كار كردووە، كۆمپانیایەكی تایبەت بە فرۆشتنی بەرهەمەكانی "تیلیتابیز"ی منداڵانی دروستكردووە، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا ئەم بەرنامەیە زۆر بەناوبانگ بوو، جیفری ئارچەر كە یەكێك لە گەورە سیاسەتمەدارانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بوو، لە كۆمپانیاكەدا لەگەڵ نازمدا كاری دەكرد.  لەرێگەی ئەو ئاهەنگ‌و بۆنانەی كە ئارچەر رێكی دەخست بۆ میوانەكانی، نازم ئاشنای ژمارەیەكك لە سیاسەتمەدارانی بەریتانیا دەبێت بەتایبەتی لەناو پارتی پارێزگاراندا، لە دیارترینیشیان مارگرێت تاچەر سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا.  نازم لە 1994دا بووبە ئەندامی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا لە ئەنجومەنی شارەوانی (واندسوورس) لە باشوری لەندەن، دوای سێ ساڵ خۆی بۆ پەرلەمان كاندید كرد، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. ساڵی 2010 جارێكی تر خۆی دایەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی‌و ئەمجارەیان سەركەوت.  نازم بۆ ماوەی 10 ساڵ زیاتر ئەندام پارلەمانی بەریتانیا بووە لەسەر پارتی پارێزگاران، بەم ساڵانەی دوایش چەندین پۆستی وزاری وەرگرتووە لەوانە وەزیری بزنس‌و ڤاكسین‌و بەمدواییەش بۆ ماوەیەك پۆستی وەزیری پەروەردەو دواتریش وەزیری دارایی بەریتانیای وەرگرت.  "لیمۆی كوردی" نازم خۆی بە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان دەزانێت‌و دۆستایەتییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ بارزانییەكان هەیە. ئەو بە دەوڵەمەندترین وەزیرو پارلەمانتار لە مێژووی بەریتانیادا دادەنرێت، ئەوەی دەزانرێت خاوەنی زیاتر لە (100 ملیۆن) پاوەندی ئاشكرایەو، موڵك‌و ماڵیكی زۆریشی هەیە كە كردوویەتی بەناوی (لانە سائیب)ی ژنیەوە، ئەمە جگە لە سەروەتێكی زۆری نادیار كە هاوشێوەی زۆرێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە دورگەكانی "كەیمان" دایناوە. لەبارەی چیرۆكی چۆنیەتی دەوڵەمەندبوونی نەدیم زەهاوی، دكتۆر (دانا حەمەعەزیز) لە وتارێكدا باسلەوە دەكات" بەهاری 1991 لەكاتی كۆڕەوەكەی كوردستاندا، نەدیم لەگەڵ (بروسك سائیب)ی ژنبرای‌و (جێفری ئارچەر)، بڕی (57 ملیۆن) پاوەندیان بەناوی ئاوارەكانی كۆڕەوەوە كۆكردەوە، لەم پارەیە، تەنها (250 هەزار) پاوەندی گەیشتوەتە ئاوارەكان".  "لە پرۆسەی ئەم پارە كۆكردنەوەیەدا، جێفری ئارچەر (نەدیم)ی ناونابوو (لیمۆی كوردی)و بروسك-یشی ناونابو (فاسۆلیای كوردی). دیارە ئارچەر سزای خۆی وەرگرت، بەڵام لیمۆو فاسۆلیا وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچون‌و بوون بە ملیۆنێر". كۆتاییەكانی ساڵی 2021، رۆژنامەی میرەری بەریتانی لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكردبوو، نەدیم زەهاوی سەروەت‌و سامانێكی زۆر لەڕێگەی كۆمپانیایەكی نەوت لە كوردستان كۆدەكاتەوەو پرۆژەیەكی هاوبەشی هەیە لەگەڵ سیروان بارزانی برازای مەسعود بارزانیدا. راپۆرتەكە ئاشكرایكردبوو" زەهاوی 1.3 ملیۆن پاوەندی لە كۆمپانیایەكی نەوت دەستكەوتووە لە كاتێكدا كە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا بووە، بەڵام توانیویەتی داهاتەكانی ئیشی دووەمی بەشاراوەیی بهێڵێتەوە لەژێر پەردەی كاری پەرلەمانتارییدا". زەهاوی ئەوكاتەی دەستیكردووە بە كاركردن لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستاندا، لەگەڵ كۆمپانیای (گاڵف كیستۆن) كە خاوەنی كێڵگەی نەوتی (شێخان)ە لە كوردستان، بۆ هەر سەعاتێك بڕی 1000 پاوەندی وەرگرتووە.  رۆژنامەی میرەر دەڵێ" پاپیری زەهاوی سیاسییەكی باڵای عێراق بوو بەڵام لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا خێزانەكەی لە دەستی رژێمی سەدام هەڵهاتن. لە 2012 دا زەهاوی لە لێدوانێكدا دەڵێت كاتێك خێزانەكەی گەیشتنە كەناراوەكانی بەریتانیا تەنها 50 پاوەندیان پێبوو".


شیكاری:درەو پوختەی بەهای نەوتی (عێراق و هەرێم) لە ساڵی (2022)دا 🔹 بە تێکڕا تێچووی بەرمیلێک نەوت لە هەرێم زیاتر لە (49) دۆلار و لە عێراق (13.38) دۆلار بووە، بەمانایەکی دیکە (56%) داهاتی نەوتی هەرێم چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە و لە عێراقیش (14%) تێچووی پرۆسەکە بووە. 🔹 ئەگەر هەرێمی کوردستان بەو نرخ و تچووەی سۆمۆ نەوتی فرۆشتبا، ئەوا لە بەرمیلێکدا لەبری (38.6) دۆلار، (82.16) دۆلاری بۆ دەمایەوە، واتە لە بری ئەوەی ئێستا تەنها (5 ملیار و 625 ملیۆن) دۆلار پوختەی داهاتی نەوتەکەی بێت، ئەوا پوختەی داهاتەکەی زیاتر لە (11 ملیار) دۆلار دەبوو. یەکەم: بەراوردی بەهای نەوتی هەرێم و عێراق لە ساڵی (2022) بەپێی شیکارییەکان حکومەتی عێراق لە ساڵی (2022)دا، لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (95.54) دۆلار فرۆشتووەو کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە (115 ملیار و 466 ملیۆن و 245 هەزار) دۆلار. بەپێی لێدوانی (دورەید عەبدوڵا – توێژەر و شارەزا)؛ "کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت پشکیان لە دەرهێنانی (70%)ی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەڕێژەی (20%) هەیە" بەپێی زانیارییەکانی ناوبراو "عێراق لەساڵی رابردوو پێویستە (16.1 ملیار) دۆلار وەک حەق دەستی کۆمپانیاکان و تێچوی بەرهەمهێنان نەوت خەرج بکات".  پاڵپشت بەو لێکدانەوەیە ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی نەوتی عێراق (86%) بووەو بڕی (%14)ی چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. بە مانایەکی دیکە لە هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی عێراق بە تێکڕا (82.16) دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق و (13.38) دۆلار خەرجی بەرمیلێک نەوت بووە. بەڵام ئەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاست نیە! چونکە بەپێی لێکدانەوەکان حکومەتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا، لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە، بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (87.58) دۆلار فرۆشتووەو کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە (12 ملیار و 784 ملیۆن و 353 هەزار و 956) دۆلار، بەڵام بڕی (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلاری خراوەتە سەر داهات و خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم (وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سروشتییەکان). بەم پێیەش ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی نەوتی هەرێم (44%) بووەو بڕی (%56)ی چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. بە مانایەکی دیکە لە هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بە تێکڕا تەنها (38.65) دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و (49.2) دۆلار خەرجی بەرمیلێک نەوت بووە. بڕوانە (خشتەو گرافیکی ژمارە (1)) گرافیکی ژمارە (1) خشتەی ژمارە (1) دووەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پێش لێدەرکردنی خەرجییەکان) بەپێی زانیاریەکان دیلۆیت و بەدواداچوونەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی بە بۆری نەوتی کوردستان و لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵەکەدا بریتی بووە لە (100.78) دۆلاری ئەمریکی، بەڵام حکومەتی هەرێم نەوتەکەی لە بازاڕدا بە نزیکەی (13) دۆلار کەمتر فرۆشتووە بۆیە ئەو نرخانەی لە (خشتەی ژمارە (2)) دانراوە بە هەر بەرمیلێکی فرۆشراوی کوردستان بە تێکڕا (12.94) دۆلار کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت و حکومەتی هەرێم لە ساڵەکەدا تێکڕای بەرمیلێک نەوتی بە (87.85)دۆلار فرۆشتووە. بۆیە دەبینین کۆی ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵەکەدا هەناردەی کردووە بەبێ هیچ خەرجییەک بەهاکەی دەکاتە (12 ملیارو 784 ملیۆن و 353 هەزار و 956) دۆلاری ئەمریکی. بەڵام ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە لە ساڵی (2022)دا لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندی و کۆمپانیا بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە هەناردە بکرایە جیاوازییەکەی چی دەبوو؟ بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای سۆمۆ لە ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (95.54) دۆلار فرۆشتووە، واتە، ئەو بڕە نەوتەی حکومەتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشتوویەتی، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕی بخستایە، بەهاکەی بریتی دەبوو لە (13 ملیارو 920 ملیۆن و 120 هەزار و 423) دۆلاری ئەمریکی، بەم پێیەش بەگشتی نەوتی هەرێم بڕی (1 ملیارو 135 ملیۆن و 766 هەزار و 467) دۆلاری ئەمریکی بە هەرزانتر فرۆشراوە لە ساڵی (2022)دا. بۆ وردەکاری تەواوی مانگەکانی ساڵی (2022) و جیاوازی داهات لە نێوان هەردوو ڕێگاکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) سێیەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پاش لێدەرکردنی خەرجییەکان) بەپێی وتەی بەرپرسانی پەیوەندیدار بە پرسی نەوتی هەرێم و وردبینی و ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت (56%)ی داهاتی نه‌وتی هەرێم ده‌درێت بە كۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجی به‌رهه‌مهێنانی نەوت. بۆیە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەی نەوت و هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە فرۆشتنی (145 ملیۆن و 511 هەزار و 745) بەرمیل نەوت لە ساڵی (2022)دا دەکاتە (5 ملیار و 625 ملیۆن 115 هەزار و 741) دۆلار، واتە بە تێکڕا لە ماوەی ساڵەکەدا هەر بەرمیلێک نەوت تەنها (38.65) دۆلار ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمە لە کاتێکدایە لەسەر بنەمای هەمان گریمانەی پێشوو، ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە، کۆمپانیای بەبازاڕ کردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردەی بکردایە، بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک بەتێکڕا لە ساڵی (2022) دا حکومەتی هەرێم بڕی (37.77) دۆلاری دیکەی بۆ دەمایەوەو بە کۆی گشتی دەیکردە (5 ملیارو 510 ملیۆن و 980 هەزار و 598) دۆلاری ئەمریکی. بەمایەکی دیکە حکومەتی هەرێم لە بری (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلار، زیاتر لە دوو هێندەی ئەو بڕەی دەستدەکەوت کە بریتی دەبوو لە (11 ملیار و 136 ملیۆن 96 هەزار و 339) دۆلاری لە فرۆشی نەوتی هەرێمەوە دەستدەکەوت. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). تێكڕای ئەو داهاتەی كە گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت (44%) بەبێ خەرجی كۆمپانیاكان  پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین لەسەر بنەمای لێدوانی (دورەید عەبدوڵا)، پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە نەوتی فرۆشراوی عێراق (20%)ە بۆ لە (%70) بەرهەمی نەوتی عێراق نەک سەرجەم بەرهەمەکەی، چونکە (30%)ی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە لایەن کۆمپانیا خۆماڵییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە ئەگەر ئەو ڕێژەیەی پشکی کۆمپانیا بیانییەکان بەسەر کۆی گشتی داهاتی عێراق بخەمڵێنین، ئەوا پشکەکان دەگەنە (14%) لە کۆی گشتی داهاتی بەرهەمدا. بەڵام ئەمە بۆ هەرێم ڕاست دەرناچێت، چونکە سەرجەم کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی هەرێم بیانین، بۆیە گریمانەی ئەوەمان کردووە (20%) داهاتی نەوتی هەرێم بچوایە بۆ خەرجی پرۆسەکە ئەگەر لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرایە نەک (14%). خشتەی ژمارە (3) سەچاوەکان -    درەو میدیا، هەناردە، نرخ و داهاتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11799 -    درەو میدیا، هەناردە، نرخ، داهات، خەرجی و نەوتی بارکراوی هەرێم لە ساڵی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11806 -  سومریة نیوز، لماذا يدفع العراق 16 مليار دولار للشركات المستخرجة للنفط؟.. أسباب واحصائيات؛ https://www.alsumaria.tv/news/%D8%A7%D9%82%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%AF/444111/%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%A7-%D9%8A%D8%AF%D9%81%D8%B9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-16-%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%B1-%D9%84%D9%84%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B3%D8%AA%D8%AE%D8%B1%D8%AC%D8%A9


"بۆ پرسی هەڵبژاردن و ئازادی رادەربڕین" درەو: بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی هەڵبژاردن و ئازادای رادەربڕین و رۆژنامەگەری، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان سەردانی (درەو)ی كرد. ریكاردۆ رۆدریگێز، بەرپرسی نوسینگەی یونامی لە ھەرێمی كوردستان و كاروان بابەكر بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی یۆنامی، سەردانی ئۆفیسی (درەو)یان كرد لە شاری سلێمانی. سەردانەكە بەمەبەستی گفتوگۆكردن بوو لەسەر پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand