Draw Media

دۆخی نه‌وتی هه‌رێم له‌ راپۆرتی چاودێری دارایدا

دۆخی نه‌وتی هه‌رێم له‌ راپۆرتی چاودێری دارایدا

2024-03-24 16:04:29




راپۆرت: دره‌و
وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم له‌ناو به‌رنامه‌یه‌كی (ئێكسڵ)دا پرۆسه‌ داراییه‌كانی نه‌وتی هه‌ڵگرتووه‌و به‌شێوه‌ی ده‌فته‌ریی تۆماری نه‌كردووه‌، خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای تێكه‌ڵ به‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كردووه‌، پاره‌ی بۆ خزمه‌تگوزاری پرۆفیشناڵ ته‌رخانكردووه‌و ناڵێ چ جۆره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كه‌، زیاتر  له‌ 10 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی به‌ كۆمپانیاكانی (كار)و (لاناز) داوه‌و وه‌كو داهات تۆماری نه‌كردووه‌، راپۆرتی هاوبه‌شی وردبینی هه‌ردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هه‌رێم وا ده‌ڵێن. زانیاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا.

وردبینی نه‌وتی هه‌رێم
ئه‌نجامی وردبینی هاوبه‌شی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هه‌رێم بۆ (داهات و خه‌رجی)یه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی 1/1 بۆ 30/6/2023 هه‌ندێك ورده‌كاری نوێ له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌رده‌خات.
دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ رۆژی 13ی شوباتی ئه‌مساڵ، له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی (سۆران عومه‌ر) ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، ورده‌كاری كاری هاوبه‌شی خۆی بۆ وردبینیكردن له‌ داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتیی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی 1/1 بۆ 30/6/2023 خستوه‌ته‌ڕوو.

وردبینی له‌ داهاتی نه‌وت
به‌گوێره‌ی وردبینییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی هه‌ردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و چاودێری دارایی هه‌رێم، لە بواری نەوتدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هه‌رێم ھیچ گرێبەستێکی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی نەداوە بە لیژنە هاوبه‌شه‌كه‌، واتا ئەو گرێبەستانەی كه‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان لەگەڵ کەرتی تایبەت کردویەتی پەیوەست بە کەرتی نەوت و وزە.
بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2023، لیژنه‌ی هاوبه‌شی وردبینی، ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌ (میزان المراجعه‌) مانگه‌كانی (4و 5و 6)ی هه‌رێمی كوردستانی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمه‌وه‌ پێنه‌دراوه‌.
راپۆرتی هاوبه‌شی چاودێری دارایی ده‌ریده‌خات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هه‌رێم دوو حسابی تێكه‌ڵ كردووه‌‌، حسابی به‌كارخستن و حسابی چالاكی نه‌وتی خاو و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان و غاز، چاودێری دارایی تێبینی له‌سه‌ر ئه‌مه‌ هه‌یه‌و ده‌ڵێ ده‌بێت حسابی به‌كارخستنی وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ حسابی تایبه‌ت به‌ چالاكی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و به‌بازاڕخستنی نه‌وتی خاو و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان و غاز له‌ یه‌كتر جیابكرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت چاودێری و كۆنترۆڵ بكرێت.

نه‌وتی هه‌رێم له‌ناو Excelدا
راپۆرته‌كه‌ ده‌ریده‌خات، له‌ تۆماركردنی پرۆسه‌ داراییه‌كانی تایبه‌ت به‌ نه‌وت و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان و غازدا، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا پشت به‌ سیسته‌می ژمێریاری نه‌به‌ستراوه‌و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیییه‌كان خه‌رجی و داهات و قه‌رزه‌كانی له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی (Excel) تۆماركردووه‌و نه‌ك به‌شێوه‌ی ده‌فته‌ریی.
 
ژماره‌ حسابییه‌كانی نه‌وتی هه‌رێم
راپۆرتی هاوبه‌شی دیوانی چاودێریی ده‌ریخستووه‌ له‌ مانگی یه‌كی 2023دا، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم حسابی له‌ (5) بانك هه‌بووه‌، یه‌كێك له‌ حسابه‌كان له‌ (بانكی ئه‌بوزه‌بی ئیسلامی) بووه‌، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاماده‌ نه‌بووه‌ باڵانسی ناو ئه‌و ژماره‌ حسابییانه‌ به‌ چاودێری دارایی بدات.
دوای به‌ركاربوونی یاسای بودجه‌ی عێراق له‌ كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023دا، ئیتر داهاتی نه‌وتی هه‌رێم (ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌) ده‌بێت راسته‌وخۆ بگه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ژماره‌ حسابی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌ بانكی فیدراڵ، واتا له‌ یاسای بودجه‌دا داهاتی نه‌وت له‌ حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ندرایه‌وه‌، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا بۆ حساباته‌ نه‌وتییه‌كانی تریش، به‌هۆی ئه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ بۆ ته‌واوه‌ی ساڵی دارایی 2023 ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌بێت له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2023وه‌‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ پێوه‌ره‌كانی یاسای بودجه‌ی فیدراڵ مامه‌ڵه‌ بكات.  

تێكه‌ڵكردنی خه‌رجی نه‌وت و كاره‌با
راپۆرتی چاودێری دارایی باسله‌وه‌ ده‌كات، له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌ تاوه‌كو 31ی ئازاری 2023، باڵانسی حسابی به‌شداریكردن له‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو له‌ هه‌رێم گه‌یشتوه‌ته‌ زیاتر له‌ (ملیارێك و 487 ملیۆن) دۆلار، چاودێری دارایی تێبینی كردووه‌ له‌ناو ئه‌م حسابه‌دا هه‌ندێك بڕی پاره‌ هه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ نییه‌، له‌وانه‌:
•    زیاتر له‌ 92 ملیۆن دۆلاری خه‌رجی كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت (كۆمپانیای ماس و كۆمپانیای كار) بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌م خشته‌یه‌دا هاتووه‌:
 


•    نزیكه‌ی (7 ملیۆن) دۆلار بۆ كۆمپانیاكان تایبه‌ت به‌ خه‌رجی گواستنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با له‌ مانگی ئازاری 2023دا.
•    بڕی (568 و 980) دۆلار له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می 2023دا بۆ خه‌رجی (خزمه‌تگوزاری پرۆفیشناڵ) به‌بێ روونكردنه‌وه‌ی جۆری خزمه‌تگوزارییه‌كه‌.
•    بڕی زیاتر له‌ (143 ملیۆن) دۆلار له‌ مانگی شوباتی 2023دا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره‌ی نه‌ختینه‌ بۆ كۆمپانیای (Trafigura LTD Limited)ی ئیتاڵی له‌به‌رامبه‌ر گرێبه‌ستی فرۆشتن له‌ داهاتوودا، گرێبه‌ستێك كه‌ له‌ ساڵانی پێشوودا كراوه‌.
•    بڕی زیاتر له‌ (131 ملیۆن) دۆلار بۆ كڕینی مادده‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی تێكه‌ڵكردنی له‌گه‌ڵ نه‌وتی خاوی هه‌نارده‌كراوی هه‌رێم و هه‌روه‌ها كڕینی غازی وشك له‌ كۆمپانیای پێرل پترلیۆم بۆ كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنانی كاره‌با (كه‌رتی تایبه‌ت).
•    بڕی زیاتر له‌ (84 ملیۆن) دۆلار بۆ خه‌رجی تێچووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاوی هه‌رێم له‌ ساڵانی رابردوودا بۆ هه‌ردوو كۆمپانیا كه‌ له‌ خشته‌كه‌دا دیاریكراوه‌:
 
 
داهاتێكی نادیار!!
راپۆرتی چاودێری دارایی ده‌ڵێ: لەناو داھاتە نەوتییەکانی هه‌رێمی كوردستاندا ئەو داھاتەی نەوتی خاوی تێدا نەبوو كه‌ له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می 2023دا بە پاڵاوگەکان دراوه‌.
راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، له‌و شه‌ش مانگه‌دا بڕی (10 ملیۆن و 200 هه‌زارو 524) به‌رمیل نه‌وتی خاو به‌ پاڵاوگه‌كانی كۆمپانیای (كار)و (لاناز) دراوه كه‌ به‌هاكه‌ی زیاتر له‌ (309 ملیار) دیناره‌.
 

500 هه‌زار به‌رمیل كه‌متری لێداوه‌ !
راپۆرتی چاودیری دارایی باس له‌ بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا، له‌ سه‌ره‌تای 2023وه‌ تاوه‌كو راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ 25ی ئازاری 2023دا.
بەگوێره‌ی ئەو داتایه‌ی كه‌ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هه‌رێم پێشكه‌شیكردووه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌رێم بڕی (23 ملیۆن و 194 هه‌زارو 426) به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ كردووه‌، به‌ڵام به‌ڵگه‌ی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ" ده‌ریده‌خات بڕی هه‌نارده‌كراوی نه‌وتی هه‌رێم له‌و ماوه‌یه‌دا (32  ملیۆن و 728 هه‌زارو 324) به‌رمیل بووه‌، واتا هه‌رێم بڕی (533 هه‌زارو 898) به‌رمیل كه‌متری حساب كردووه‌ كاتێك داتای خۆی پێشكه‌ش به‌ چاودێری دارایی كردووه‌‌.
 


هه‌رێم به‌ كه‌متر فرۆشتویه‌تی !
به‌گوێره‌ی راپۆرتی هاوبه‌شی چاودێری دارایی، به‌ر له‌ راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ 25ی ئازاری 2023دا، له‌ مانگی یه‌كی 2023دا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی بۆ بازاڕی ئه‌وروپا به‌ بڕی (66 دۆلارو 559 سه‌نت) فرۆشتووه‌، هه‌مان مانگ، كۆمپانیای سۆمۆ نه‌وتی عێراقی له‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوه‌ بۆ بازاڕی ئه‌وروپا به‌ بڕی (82 دۆلارو 777 سه‌نت) بۆ هه‌ر به‌رمیلێك فرۆشتووه‌، واتا هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌مان به‌نده‌رو بۆ هه‌مان بازاڕ (ئه‌وروپا) هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی به‌ بڕی (16 دۆلارو 218 سه‌نت) كه‌متر له‌ عێراق فرۆشتووه‌.
له‌ مانگی دووی 2023دا، حكومه‌تی هه‌رێم به‌رمیلێك نه‌وتی به‌ (70 دۆلار) فرۆشتووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بووه‌ سۆمۆ به‌ (82 دۆلارو 486 سه‌نت) فرۆشتویه‌تی، واتا هه‌رێم به‌ به‌راورد به‌ عێراق به‌ كه‌متر له‌ (12 دۆلارو 48 سه‌نت) نه‌وتی خۆی فرۆشتووه‌.
له‌ مانگی سێی 2023دا واتا تا 25ی ئازار كه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت به‌رده‌وام بووه‌، هه‌رێم  هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی خۆی به‌ بڕی (65 دۆلارو 748 سه‌نت) فرۆشتووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بووه‌ كه‌ سۆمۆ به‌رمیلێكی به‌ (78 دۆلارو 56 سه‌نت) فرۆشتووه‌، واتا له‌م مانگه‌شدا هه‌رێم به‌ به‌راورد به‌ عێراق هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی خۆی به‌ (12 دۆلارو 812 سه‌نت) كه‌متر فرۆشتووه‌.
به‌گشتی بۆ سێ مانگی یه‌كه‌می سه‌ره‌تای 2023، به‌به‌راورد به‌ عێراق، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی خۆی به‌مجۆره‌ فرۆشتووه‌:
*   له‌ مانگی یه‌كی 2023دا هه‌رێم به‌ بڕی (187 ملیۆن) دۆلار نه‌وتی خۆی به‌ كه‌متر له‌ نه‌وتی عێراق فرۆشتوه‌.
*   له‌ مانگی دووی 2023دا هه‌رێم به‌ بڕی (150 ملیۆن) دۆلار نه‌وتی خۆی به‌ كه‌متر له‌ نه‌وتی عێراق فرۆشتوه‌.
*   له‌ مانگی سێی 2023دا هه‌رێم به‌ بڕی (109 ملیۆن) دۆلار نه‌وتی خۆی به‌ كه‌متر له‌ نه‌وتی عێراق فرۆشتوه‌.

سامانه‌ سروشتییه‌كان چه‌ند قه‌رزاره‌ ؟
راپۆرتی هاوبه‌شی چاودێری دارایی عێراق ده‌ریده‌خات ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه‌ كه‌وتونه‌ته‌ سه‌ر شانی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كورستان تاوه‌ك  رۆژی 31ی ئازاری 2023 بڕی (8 ملیارو 733 ملیۆن) دۆلار بووه‌، كه‌ به‌ دیناری عێراقی ده‌كاته‌ (12 ترلیۆن و 648 ملیار)، وا باسكراوه‌ كه‌ بڕی (12 ترلیۆن و 238 ملیار) دیناری ئه‌م قه‌رزه‌ بۆ ساڵانی پێشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و به‌مشێوه‌یه‌:
•    بڕی (111 ملیارو 960 ملیۆن) دیناری كرێی گواستنه‌وه‌و عه‌مباركردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان بۆ كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ماوه‌ی ساڵانی 2015 بۆ 2022.
•    بڕی (5 ترلیۆن و 310 ملیۆن) دینار پاره‌ی وه‌رگیراوی پێشه‌كی له‌ كڕیارانی نه‌وت.
•    بڕی (302 ملیارو 510 ملیۆن) دینار بۆ كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم به‌مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانی غاز بۆ كاره‌با.
•    بڕی (ملیارێك و 4 ملیۆن) دۆلار بۆ كۆمپانیای (KNOC)ی كۆری وه‌كو قه‌ره‌بووی كشانه‌وه‌ له‌ سازشكردن له‌ مافه‌كانی تێچوونی ده‌رهێنانی نه‌وت.
راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ حكومه‌تی هه‌رێم به‌مجۆره‌ قه‌رزه‌كانی خۆی له‌ كه‌رتی نه‌وتدا ده‌داته‌وه‌:
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand