Draw Media

عێراق گرێبه‌ستی پێنج ساڵه‌ی غازی له‌گه‌ڵ ئێران ئیمزا كرد

عێراق گرێبه‌ستی پێنج ساڵه‌ی غازی له‌گه‌ڵ ئێران ئیمزا كرد

2024-03-28 08:57:56


(دره‌و):
به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی وه‌رزی هاوین و زیادبوونی خواست له‌سه‌ر كاره‌با، وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای نیشتمانی ئێران ئیمزا كرد بۆ هاورده‌كردنی 50 ملیۆن پێ سێجا غاز به‌شێوه‌ی رۆژانه‌، ئه‌مه‌ گرێبه‌ستێكه‌ كه‌ تاران ده‌توانێت بیقۆزێته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ بڕی غازی دابینكراو به‌گوێره‌ی پێویستی سیسته‌مه‌كه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت.
عێراق گرێبه‌ستێكی نوێی له‌گه‌ڵ ئێران ئیمزاكرد بۆ هاورده‌كردنی غاز بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكه‌ كه‌ ده‌كرێت رۆڵی هه‌بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی بچڕانی به‌رده‌وامی كاره‌با نیشتمانی له‌ عێراق، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی وه‌رزی هاویندا. 
زیاد عه‌لی فازل وه‌زیری كاره‌بای عێراق گرێبه‌ستی هاورده‌كردنی غازی له‌ كۆمپانیای نیشتمانی ئێران بۆ ماوه‌ی (5 ساڵ) ئیمزا كرد، به‌بڕی (50 ملیۆن) پێ سێجا له‌ رۆژێكدا. 
رێككه‌وتنه‌ نوێیه‌كه‌ بڕگه‌یه‌كی تێدایه‌ كه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی هاورده‌كردنی غاز له‌ ئێرانه‌وه‌، چونكه‌ له‌و بڕگه‌یه‌دا نوسراوه‌ بڕی غازی دابینكراو به‌گوێره‌ی پێویستی سیسته‌مه‌كه‌ ده‌گۆڕێت، ئه‌مه‌ش بابه‌تێكه‌ كه‌ تاران ده‌توانێت بیقۆزێته‌وه‌. 
ئامانجی رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌رده‌وامیدانه‌ به‌ كاری وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌  عێراق، به‌جۆرێك بتوانن هاوتا له‌گه‌ڵ زیادبوونی خواست له‌سه‌ر كاره‌با كاری خۆیان بكه‌ن، تا ئه‌وكاته‌ی پرۆسه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كێڵگه‌كانی غاز له‌ عێراق ته‌واو ده‌بن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی كه‌رتی كاره‌با. 

عێراق و غازی ئێران    
په‌مپكردنی غازی ئێران بۆ عێراق دیارترین ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ بووه‌ كه‌ كه‌رتی كاره‌با له‌ ساڵانی رابردوودا روبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ تاران ناو به‌ناو هه‌نارده‌كردنی غازی راگرتووه‌، ئه‌مه‌شی بۆ چه‌ندین هۆكار گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ زیادبوونی خواست له‌سه‌ر غاز له‌ ناوخۆی ئێران و دواكه‌وتنی پێدانی پاره‌ی غازی هه‌نارده‌كراو له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌. 
زیاد عه‌لی فازل وه‌زیری كاره‌بای عێراق رایگه‌یاند، سوته‌مه‌نی به‌ یه‌كێك له‌ دیارترین ئاڵنگارییه‌كان داده‌نرێت كه‌ روبه‌ڕووی وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌بێته‌وه‌ بۆ كارپێكردنی وێستگه‌كان، حكومه‌ت ئیراده‌ی هه‌یه‌ بۆ كۆتایهێنان به‌م قه‌یرانه‌. 
حكومه‌تی به‌غداد به‌مدواییانه‌، رێككه‌وتنی  كردووه‌ بۆ هاورده‌كردنی (20 ملیۆن) مه‌تر سێجا غاز له‌ توركمانستانه‌وه‌، ئێستا له‌گه‌ڵ عێراق دانوستان ده‌كرێت بۆ به‌كارهێنانی تۆڕه‌كانی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م بڕه‌ له‌ غاز، ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌كرێت پێداویستی عێراق بۆ غاز دابین بكات له‌حاڵێكدا ئه‌گه‌ر هاورده‌ی غازی ئێران راوه‌ستا. 
پێشتر وه‌زیری كاره‌بای عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تاران ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ كه‌وتوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئێران رۆژانه‌ نزیكه‌ی (51 ملیۆن) مه‌تر سێجا غاز به‌ عێراق ده‌دات، ئه‌مه‌ش بڕێكه‌ كه‌ به‌شی پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ناوخۆی عێراق ده‌كات ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام دابین بكرێت. 
له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا، به‌غداد روبه‌ڕووی چه‌ندین ئاڵنگاری بووه‌ته‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی هاورده‌كردنی غازی ئێرانیدا، چه‌ندجارێك پچڕانی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، هه‌ندێكجار په‌یوه‌ندی به‌ هۆكاری ته‌كنیكییه‌وه‌ هه‌بووه‌، هه‌ندێكجاری تر په‌یوه‌ندی به‌هۆكاری داراییه‌وه‌ هه‌بووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی عێراق شایسته‌ی دارایی ئێرانی له‌ هاورده‌كردنی غازدا نه‌داوه‌. 
تاوه‌كو مانگی ته‌موزی رابردوو، عێراق بڕی (12 ملیارو 12 ملیۆن) دۆلاری قه‌رزاری ئێران بوو، ئه‌مه‌ وای له‌ ئێرانییه‌كان كرد به‌ڕێژه‌ی 50% هه‌نارده‌كردنی غازی خۆیان بۆ عێراق كه‌مبكه‌نه‌وه‌.
به‌ڵام ساڵی رابردوو عێراق و ئێران رێككه‌وتنێكیان كرد بۆ كۆتایهێنان به‌ قه‌یرانی پچڕانی كاره‌با، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی گۆڕینه‌وه‌ی نه‌وتی عێراق به‌ غازی ئێرانی له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پێدانی پاره‌ به‌ ئێران كه‌ كه‌وتوه‌ته‌ ژێر سزاكانی ئه‌مریكاوه‌. 

كاره‌با له‌ عێراق
وه‌زیری كاره‌بای عێراق ده‌ڵێ جه‌ختمان خستوه‌ته‌سه‌ر زیادكردنی كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌با له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكان، به‌وپێیه‌ی له‌ماوه‌ی ساڵێكدا (5 هه‌زار) مێگاوات كاره‌با زیادی كردووه‌و پێشینی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن له‌م ساڵدا بڕی (3 هه‌زار بۆ 3500) مێگاوات كاره‌با زیاد بكات، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنی له‌سه‌ر كاتژمێره‌كانی دابینكردنی كاره‌با ده‌بێت. 
وه‌كو وه‌زیر باسی ده‌كات، دۆسیه‌ی كاره‌با له‌ عێراق گرنگترین دۆسیه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی هاوڵاتیان هه‌یه‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی جه‌ختی خستوه‌ته‌سه‌ر چه‌ند بوارێكی سه‌ره‌كی له‌وانه‌ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌رێگه‌ی ئاماده‌كردنی پلانێكی خێرا به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ خواستی داواكراودا بگونجێت، كه‌ له‌ وه‌زیری هاویندا ده‌گاته‌ نێوان 40 بۆ 42 هه‌زار مێگاوات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand