Draw Media

11 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتمان راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ كردووه‌

11 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتمان راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ كردووه‌

2024-03-26 11:40:58


(دره‌و):
"11 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتمان راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ كردووه‌. مه‌سرور بارزانی و محه‌مه‌د شیاع سودانی هه‌وڵێكی نوێیان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت ده‌ستپێكردووه‌" وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌یادی یه‌ك ساڵه‌ی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتدا وا ده‌ڵێ.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لەسەر هەوڵەكانی بۆ دووبارە  هەناردنی نەوتی هەرێم بەردەوامە.
ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان تێپەڕیوە، به‌پێی قسه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان حکومەتی هەرێم لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێککەوتن، بەڵام وێڕای ئەم رێكەوتنەش هەناردەی نەوت دەستی پێ نەکردووەتەوە.
"بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆز كراوە. پیشەسازیی نەوتی هەرێم لە رێگەی وەبەرهێنانی دەرەكی و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لە یاسای بودجەدا بە هاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژمار كراوە، كە لەسەر ملیارەها دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە" وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان وا ده‌ڵێ.
وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات" ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوونی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت".
باسله‌وه‌ ده‌كات" حکومەتی هەرێم لە سونگەی نییەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە".  
راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ده‌ڵێ" نەوتی هەرێم تەنها لە (10%)ی نەوتی هەناردەكراوی عێراقی پێکدەهێنا و داهاتی ئەم نەوتە تەنها بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات بوو. هەر لە دوای ڕاگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێم، هەرێمی كوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی موچەكانی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتووە، لە کاتێکدا ئەو کات بە پارەی نەوتەوە مانگانە موچەی فەرمانبەران بەبێ دوا کەوتن دەدرا". 
له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاشكرایكردووه"‌ بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گەیشتن بە رێككەوتنێك بەڕێزان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی هەوڵەکانیان  بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش  هەردوو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم".
دوێنێ له‌ وه‌ڵامی راگه‌یه‌ندراوی گروپی پیشه‌سازی نه‌وتی كوردستان "ئه‌پیكور"دا، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، دان به‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمدا نانێت و داوای له‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان كرد ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆیی عێراقدا نه‌كه‌ن. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand