ژمارەو موچەی موچەخۆران لە ژێر وردبینی دەزگا چاودێرییەکانی عێراق
2024-03-25 22:20:18
درەو:
🔻 بەپێی ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم؛
🔹 جیاوازی هەیە لە ژمارەی میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی (2023) بەپێی ئەو داتایانەی هەردوو فەرمانگەی بودجە و فەرمانگەی ژمێژیاری حکومەتی هەرێم کە پێشکەش بە لیژنەکە کراوە،
🔹 دواین جار کە موسادەقە لە سەر میلاکاتی فەرمانبەران کراوە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵی (2013)بووە، کە ئەمەش پێچەوانەیە ماددەی (8)ی یاسای میلاکاتی ژمارە (25)ی ساڵی (1960)ی بەرکارە.
🔹 ناهاوتایی لە ژمارەی فەرمانبەرانی (هەمیشەیی + گریبەست) هەیە بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی بودجە و فەرمانگەی ژمێریاری هەرێم لەسەر ئاستی (33) وەزارەت و دامەزراوەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکان.
🔹 لەبارەی خانەنشینانەوە، سەرەڕای پێشکەشکردنی داواکاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینانی هەرێمەوە داتای پێویست نەخراوەتە بەردەست لیژنەکە. کار بەیاسای خانەنشینی ھەڵوەشاوەی ژمارە (27ی ساڵی 2006) دەکرێت و سەرەڕای ڕاگرتنی خانەنشینی سندوقی خانەنشینی لە هەرێم تا ئێستا چالاک نەکراوە، جیاوازی هەیە لە ژمارەو کۆی موچەی خانەنشینان.
🔹 سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەپێی بایۆمەتری (163 هەزار و 91) کەسە، بەپێی داتاکانی بەشی ژمێریاری (76 هەزار و 535) کەم ئەندامە، ئەوەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی خستویەتیە ڕوو ( 76 هەزار و 788).
🔹 بەپێی بایۆمەتری ژمارەی شەھیدان و کەسوکاری ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیاوی (96 هەزار و 779)یە، بەپێی ئەو لیستەی خراوەتەڕوو (83 هەزار و 413) کەس موچەیان هەیە.
دەستپێک
تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی ئیتحادی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (23520)ی 2023، بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەکان و هەماهەنگی نێوان هەردوو دەزگاکە، پشت بەست بە حوکمەکانی یاسای دیوانی چاودێری دارایی ئیتحادی ژمارە (31)ی ساڵی (2011)ی بەرکار و یاسای دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ژمارە (2)ی ساڵی (2008) هەستاون بە وردبینی کردن لە ژمارەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی چاودێری کۆمەڵاتی و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مانگی (حوزەیرانی 2023) بە پێوەر وەرگیراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیداڵ و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، کە ئەنجامی کاری چاودێری و وردبینی ژمارەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی چاودێری کۆمەڵاتی و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023 خراوەتەڕوو.
1. پشت بە ژمارەی میلاکات و موچەی مانگی حوزەیرانی (2023)ی وەزارەت و دەزگاکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکانی هەرێم بەستراوە.
2. لە ساڵی (2013)ەوە ڕاستاندن (مصادقە) لەسەر میلاکاتی هەرێمی کورستان نەکراوە، وەک ئەوەی لە یاداشتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە و بەرواری (16/10/2023)ی لەسەرە.
3. وردەکاری ملاکاتیان لەبەردەست نەبووە (تەنها ژمارە) نەبێت، کە لە (33) وەزارەت و دەزگا نەبەستراوەکانی بەوەزارەت، لەلایەن فەرمانگەی بودجەی هەرێم خراوەتە بەردەستیان، کۆی ژمارەکەش بریتی بووە لە (682 هەزار و 141) فەرمانبەر.
4. تیمەکە بۆ مەبەستی وردبینی پشتیان بە داتاکانی هەردوو فەرمانگەی (بودجەو ژمێریای) وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کورستان بەستووە.
5. فەرمانگەی بودجە تەنها ژمارە و میلاکاتی (سەرۆکایەتی هەرێم و دەزگا ئەمنییەکان)ی پێداوە بە تیمە هاوبەشەکە، داتاکانیش بەم جۆرە بوونە. بڕوانە خشتەی ژمارە (1).
تێبینییەکان
یەکەم: میلاکاتی فەرمانبەران
1. دواین جار کە موسادەقە لە سەر میلاکاتی فەرمانبەران کراوە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵی (2013)بووە، کە ئەمەش پێچەوانەیە ماددەی (8)ی یاسای میلاکاتی ژمارە (25)ی ساڵی (1960)ی بەرکارە.
2. ژمارەی میلاکاتی هەرێم هاوتا نیە لە نێوان ئەو داتایانەی فەرمانگەی بودجەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم پێی داون لەگەڵ ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراق ژمارە (13)ی ساڵی (2023) هاتووە. (23 هەزار و 952) فەرمانبەر جیاوازی ھەیە. بڕوانە خشتەی ژمارە (2).
3. ناهاوتایی لە ژمارەی میلاکاتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پلە وەزیفییەکان وەک ئەوەی فەرمانگەی بودجەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم پێی داون لەگەڵ ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراقداهاتووە. بڕوانە خشتەی ژمارە (3).
4. جیاوازی هەیە لە ژمارەی میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی (2023) بەپێی ئەو داتایانەی هەردوو فەرمانگەی بودجە و فەرمانگەی ژمێژیاری حکومەتی هەرێم کە پێشکەش بە لیژنەکە کراوە. وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (4) خراوەتەڕوو .
بەپێی نوسراوی ژمارە (8189) وەزارەتی کارەبای هەرێم لە 17/10/2023 ئەو جیاوازییە ئەوەیە کە پۆلیسی کارەبای هەرێم سەر بە وەزارەتی ناوخۆیەو وەزارەتی کارەبا موچەیان بۆ خەرجدەکات.
5. جیاوازی هەیە لە کۆی موچەی بەشێک لە دامەزراوە حکومییەکانی لە مانگی حوزەیرانی 2023دا و وەک ئەوەی لە لیستەکانی موچەدا هاتووە لەگەڵ ئەوە ئەو تەمویلەی کە فەرمانگەی ژمێری هەرێم خستوویەتییە بەردەست، وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (5)دا هاتووە.
6. ناهاوتایی لە ژمارەی فەرمانبەرانی (هەمیشەیی + گریبەست) هەیە بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی بودجە و فەرمانگەی ژمێریاری هەرێم لەسەر ئاستی (33) وەزارەت و دامەزراوەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکان.
7. ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە مانگی (حوزەیرانی 2023) بە پێی پسپۆڕی و بڕوانامە جیاوازەکان (26 هەزار و 889) فەرمانبەرن و کۆی موچەکەیان (12 ملیار و 394 ملیۆن و 596 هەزار) دینارە، بەپێی داتاکانی فەرمانگەی ژێریاری هەرێم. وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (6)دا رونکراوەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە جیاوازی هەیە لە ژمارەی گرێبەستەکان لە نێوان داتاکانی هەردوو فەرمانگەی و بودجە و فەمانگەی ژمێریاری وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (7)دا هاتووە.
دووەم: خانەنشینان
کۆی ژمارەی خانەنشینان لە مانگی (حوزەیرانی 2023) بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەریەتی گشتی خانەنشینانی هەرێم لەسەر ئاستی (14) بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاکانی هەرێم موچەکانیان وەردەگرن، ژمارەیان (245 هەزار و 104) خانەنشینەو کۆی موچەکەیان بریتییە لە (119 ملیار و 79 ملیۆن و 909 هەزار) دینار، موچەی خانەنشینی پێشمەرگە لە لقەکانی (هەولێر و سلێمانی) کە لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی کراوە بریتییە لە (55 ملیار و 352 ملیۆن و 459 هەزار) دینار، وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (8) دا هاتووە.
ئەوەی تێبنی دەکرێت؛
1. کار بەیاسای خانەنشینی ھەڵوەشاوەی ژمارە (٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦)
2. سەرەڕای پێشکەشکردنی داواکاری، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینانی هەرێمەوە داتای پێویست نەخراوەتە بەردەست لیژنەکە.
3. سەرەڕای بوونی یاسا و ڕاگرتنەکانی خانەنشینی موچەخۆران، سندوقی خانەنشینی لە هەرێم تا ئێستا چالاک نەکراوە.
4. جیاوازی هەیە لە ژمارەو کۆی موچەی خانەنشینان لە نێوان داتاکانی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینان وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (9)دا هاتووە.
سێیەم: تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی
سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەپێی بایۆمەتری (163 هەزار و 91) کەسە، (59 هەزار و 600) کەسی سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتین، (64 هەزار و 605) ی کەم ئەندامن، (8 هەزار و 851)ی کەم ئەندامی سەنگەرن، ئەوەی خستویانەتە بەردەست بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی بەشی ژمێریاری (76 هەزار و 535) کەم ئەندامە، ئەوەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی خستویەتیە ڕوو ( 76 هەزار و 788) واتە (253) کەم ئەندام جیاوازییە. لە خشتەکانی ژمارە (10 و 11) جیاوازییەکان رونکراوەتەوە.
سێیەم: شەهیدان و ئەنفال
بەپێی بایۆمەتری ژمارەی شەھیدان و کەسوکاری ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیاوی (96 هەزار و 779) یە، بەپێی ئەو لیستەی خراوەتەڕوو (83 هەزار و 413) کەس موچەیان هەیە و کۆی موچەکەیان (36 ملیار و 377 ملیۆن و 465 هەزار) دینارە. وەک لە خشتەکانی ژمارە (12 و 13) رونکراوەتەوە.