Draw Media

ساڵێك دوای راگرتنی نەوت

ساڵێك دوای راگرتنی نەوت

2024-03-25 17:25:36



راپۆرت: درەو

🔻 لە (25/3/2023 – 24/3/2024) ساڵێک تێپەڕی بەسەر ڕاگرتنی نەوتی هەرێم.
🔹 پاڵپشت بە داتاکانی دیلۆیت لە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، تواندراوە بە تێکڕای مانگانە زیاتر لە (11 ملیۆن 839) بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت.
🔹 واتە لە ماوەی ساڵێکدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە سەرو (142 ملیۆن) بەرمیل نەوت.
🔹 تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی (25/3/2023 – 24/3/2024) بریتی بووە لە (82.9 دۆلار).
🔹 ئەگەر هەرێم بە داشکانی (15 دۆلار) نەوتەکەی فرۆشتبایە، وەک ئەوەی لە چارەکی دووەم، سێیەم و چوارەمی ساڵی (2022) و چارەکی یەکەمی (2023) دا رویدابوو. ئەوا؛
🔹 تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67.9 دۆلار).
🔹 کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (9 ملیارو 651 ملیۆن و 735 هەزار) دۆلار.
🔹 بەشێکی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ڕانەوەستاون لە بەرهەمهێنان و لە ساڵی (2024)دا بە تێکڕا رۆژانە (294 هەزار و 150) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن و داهاتەکەشی ناگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
🔹 لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا موچەخۆرانی هەرێم تەنها (7) موچەیان وەرگرتووە، ئەمەش دەریدەخات تەنها خەڵکی هەرێمی کوردستان باجی سیاسەتی نەوت دەدەن.

یەکەم؛ ڕاگرتنی نەوتی هەرێم و زیانە داراییەکانی
دوای نۆ ساڵ لە سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەوەی "توركیا ر‌ێكەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی 1973ی  پێشێلكردووە، بەوەی توركیا رێگەیداوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بەبێ ر‌ەزامەندیی بەغدا، لە رێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت".
دواجار ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی (277) لاپەڕەیی لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرکردووەو لە (25ی ئازاری 2023) بە فەرمی بووە هۆی كە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
بە پێی بڕیارەكەی ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا ( بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراوە.
ئێستا ساڵێک تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا نەیتواندراوە بگەن بە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی و دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکرێتەوە.
لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو زیانە داراییانەی لە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لە ماوەی (25/3/2023 – 24/3/2024) دەکەوێتەوە. بە جۆرێک؛
•    بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە چارەکی دووەم، سێیەم  و چوارەمی ساڵی (2022) و چارەکی سێیەمی (2023)، واتە هەمان ئەو ماوەیەی کە لە ساڵی (2023) و (2024) کە نەوتی هەرێمی تێدا ڕاگیراوە؛
-    حکومەتی هەرێم بە تێکڕای مانگانە (11 ملیۆن و 836 هەزار و 652) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی کردووە.
-    هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی لە ماوەی ناوبراودا بە (15 دۆلار) کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت فرۆشتووە.
-    هەر بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت (54%) داهاتی نەوت چووە بۆ خەرجی پرۆسەکەو (46%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم.
کەواتە لەسەر بنەمای هەر چوار ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت لە ماوەی وەرزەکانی دووەم، سێیەم و چوارەمی ساڵی (2022) و وەرزی یەکەمی ساڵی (2023) ئەم گریمانەنانەی لای خوارە ڕوندەکەینەوە؛
•    لە (25/3/2023 – 24/3/2024) واتە ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم تێپەڕدەبێت.
•    هەرێم دەیتوانی بە تێکڕای مانگانە (11 ملیۆن و 836 هەزار و 652) بەرمیل نەوت هەناردە بکات.
•    واتە لە ماوەی ساڵێکدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە (142 ملیۆن و 39 هەزار و 828) بەرمیل نەوت.
•    تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە (82 دۆلار و 91 سەنت).
•    ئەگەر هەرێم بە داشکانی (15 دۆلار) نەوتەکەی فرۆشتبایە، وەک ئەوەی لە چارەکی دووەم و سێیەم و چوارەمی (2022) و چارەکی یەکەمی ساڵی (2023)دا رویدابوو. ئەوا؛
•    تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67 دۆلار و 91 سەنت).
•    کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (9 ملیارو 651 ملیۆن و 735 هەزار و 255) دۆلار.
•    ئەگەر ئەو بڕەی داهات (54%) بۆ خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم رۆشتبا، ئەوا هاوتا دەبوو بە (5 ملیار و 211 ملیۆن و 937 هەزار و 22) دۆلار.
•    بەم پێیەش بڕی (4 ملیار و 417 ملیۆن و 835 هەزار و 654) دۆلاری بە رێژەی (46%) دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
خشتەی ژمارە (1) پرۆسەکە رونتر دەکاتەوە.
 

دووەم؛ بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دوای ڕاگرتنی هەناردە
لە دوای بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی پاریس لە مانگی ئازاری ساڵی (2023)دا، هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە نزیکەی سەرجەم کێڵگە نەوتییە بەرهەمهێنەکانی نەوتی هەرێم کە تا ئەو کات ژمارەیان گەیشتبووە (14) کێڵگە ڕاگیرا.
بەپێی زانیارییەکان، هەندێک لەو کێڵگانەی گەیشتبوونە ئاستی بەهەمهێنان تا ئێستاش نەیانتوانیوە دەستبەکارکردن بکەن و بێ بەرهەم ماونەتەوە، ئەوانیش کێڵگە نەوتییەکانی (تەق تەق، سارتا و بەعشیقە)یە، بەڵام بەشێکی دیکەی کێڵگە نەوتییەکان کە ژمارەیان (7) کێڵگەی نەوتییە کەوتنەوە کارکردن و توانیان ئاستی بەرهەمی نەوتی رۆژانەیان بە ڕادەیەکی باش بەرز بکەنەوە، لە ئێستادا پێکەوە نزیکەی (300 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمدەهێنن؛ کە ئەوانیش بریتین لە؛
1.    کێڵگەی نەوتی خورمەڵە کە سەرجەم پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای کار گروپ لە ئێستادا رۆژانە زیاتر لە (110 هەزار) بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنێت.
2.    کێڵگەی نەوتی تاوکێ کە هەردوو کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ و گنێڵ ئینێرجی) تێیدا پشکدارن، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمیان لە کێگەکەدا گەیشتووە بە (90 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
3.    کێڵگەی نەوتی شێخان کە هەردوو کۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن و ئێم ئۆ ئێڵ) تێیدا پشکدارن، ئاستی بەرهەمیان لە کێگەکەدا گەیشتووە بە (21 هەزار 600) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
4.    کێڵگەی نەوتی ئەتروش کە هەردوو کۆمپانیای (شاماران و تاقە) تێیدا پشکدارن لە سەرەتای ئەمساڵدا کۆمپانیای (تاقەی ئیماراتی) رایگەیان کە پشکەکانی خۆی فرۆشتووە بە کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن)، ئاستی بەرهەمیان لە کێگەکەدا گەیشتووە بە (20 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
5.    کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ کە هەردوو کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن و شاماران) تێیدا پشکدارن، ئاستی بەرهەمی ئاستی بەرهەمی کێڵگەکەیان گەیاندووە بە (36 هەزار 400) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
6.    کێڵگەی نەوتی هەولێر کە کۆمپانیای (فۆرزا پیترۆلیۆم) تێیدا پشکدار، ئاستی بەرهەم لە کێگەکەدا گەیشتووە بە (6 هەزار 500) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
7.    کێڵگەی نەوتی گەرمیان کە هەردوو کۆمپانیای (گازپرۆم و  وێسترن زاگرۆس) تێیدا پشکدارن، ئاستی بەرهەمی ئاستی بەرهەمی کێڵگەکەیان گەیاندووە بە (9 هەزار 650) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
بەڵام بەپێی زانیارییەکان هەریەک لە کێڵگە نەوتییەکانی تەق تەق کە کۆمپانیاکانی (گنێڵ ئینێرجی و ئەداکس) تێیدا پشکدارن، کێڵگەی نەوتی سارتا کە (گنێڵ ئینێرجی و شیڤرۆن) تێیدا پشکدارن هەروەهای کێڵگەی نەوتی بەعشیقە کە کۆمپانیاکانی (دی ئێن ئۆ و تی ئی سی) تێیدا پشکدارن لە ئێستادا هیچ بەرهەمێکیان نیە.
هەندێک لە کێڵگانەشی کە پێش ڕاگرتنی نەوتی هەرێم گەیشتبوونە ئاستی بەرهەمهێنان لە ئێستادا هیچ زانیارییەک لەبەردەست نە لە بارەی کردن و بەهەمهێنان تێیاندا ئەوانیش کێڵگە نەوتییەکانی (کۆرمۆر، عەین سەفنی، بەیجیل و چیا سورخ). لەم بارەیەوە بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).
 

 

سێیەم؛ دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە ساڵی ڕابردوودا
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها (7) موچەی بەسەر موچەخۆرانی هەرێم دابەشکردووە، ئەمەش دەرخەی ئەو ڕاستییەیە کە خەڵک و موچەخۆرانی باجی سیاسەتی نەوتی هەرێم دەدەن، تایبەت بە شێوازی دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بڕوانە خشتەی ژمارە (3) چارتی تایبەت بە رۆژ ژمێری دابەشکردنی موچە لە هەرێم.

 

 


سەرچاوەکان؛
1.    راپۆرتەکانی دیلۆیت لە سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان
•    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی 2022 تاکو ٣٠ی حوزەیرانی 2022.
•    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی 2022 تاکو٣٠ ئەیلوولی 2022.
•    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی ئابی 2022 تاکو31 کانونی یەکەمی 2022.
•    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی  2023 تاکو31 ئازاری 2023.
2.    درەو میدیا، گرافیك: رۆژژمێری دابه‌شكردنی موچه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=14581
3.    درەو میدیا، بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی نەوتی هەرێمی كوردستان
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=14745
4.    Crude Oil Brent US Dollars per Barrell;
https://countryeconomy.com/raw-materials/brent?year=2023

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand