قەرزەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە ( ٨ ملیارو ٧٣٣ ملیۆن دۆلار) دانراوە

Draw Media

2024-03-25 10:23:34



درەو:

راپۆرتی دیوانی چاودێری عێراق و هەرێم- سۆران عومەر

پاش بەدواداچوون بۆ چۆنێتی جێبەجێکردن و ھۆکاری جێبەجێ نەکردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥ لەڕێگەی پرسیاری پەرلەمانیی بۆ دیوانی چاودێری دارایی ئیتحادی، لە ١٣/٣/٢٠٢٤ بەنوسراوی ژمارە (١/١/٣/٧٠٧٣) تەواوی وردەکاری بابەتەکەمان کرا لەڕێگەی سەرۆکی پەرلەمانەوە، ئەمە پوختەکەیەتی:
١-  تایبەت بە (بڕگەی یەکەم لە مادەی ١٢)ی یاسای بودجە، دیوانی چاودێری دارایی بە ٣ نوسراو داوای بەڵگەو تۆمارو موازینی مراجعەی ھەرێمی کردووە وەڵام نەدراونەتەوە.
٢-  تایبەت بە (بڕگەی دووەم/ڕ لەمادەی ١٢ ) وەزارەتی سامانە سروشتیەکان داتاو زانیاری پێ نەداون ھی نەوتی خامی بەرھەمھاتوو لەکێڵگە نەوتیەکان کە شەحن کراوە بۆ بەندەری جیھان بۆ عەمبارەکانی سۆمۆ.
٣-  تایبەت بە (بڕگەی دووەم /د لەمادەی ١٢) ئەو ھەژمار بانکیەی حکومەتی ھەرێم لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندی کردویەتیەوە بۆ داھاتی غەیرە نەوتی تاکو وردبینی بکرێت، ھیچ داھاتێکی تەسلیم نەکردووە.
٤-  تایبەت بە (بڕگەی دووەم/ە لەمادەی ١٢) تیمێک دروست کراوە بۆ وردبینی موازینی مراجعەو خەرجی و داھاتی نەوتی و نانەوتی لە ١/١ تاکو ٣٠/٦/٢٠٢٣ ئەم کارە ئەنجام دراوەو وێنەیەکی ڕاپۆرتی وردبینیەکە دراوتە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ١٦/٨/٢٠٢٣.
٥-  لیژنەیەکی دیکە پێکھێنرا بۆ وردبینی خەرجی و داھاتی نەوتی و نانەوتی لە (١/٧/٢٠٢٣ تاکو ٣١/١٢/٢٠٢٣) بەڵام حکومەتی ھەرێم لە ١٥/٢/٢٠٢٤ داوای کردووە جارێ چاوەڕوان بن بۆ دەست بەکاربوونی لیژنەکە، لە ٢٥/٢/٢٠٢٤ دەستیان بەکارەکانیان کردووە.
٦-  بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق ( ژمارە ٢٣٥٢٠ لە٢٠٢٣) تایبەت بەوردبینی ژمارەی فەرمانبەران و سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و خانەنشینان، لە ١٩/١٠/٢٠٢٣ ڕاپۆرتێکیان ئاراستەی سەرۆک وەزیران کردووە.
وردەکاری و بەڵگەکانی ھەردوو ڕاپۆرتەکە دەخەمە ڕوو :
لەبواری نەوت
١-  وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ھیچ گرێبەستێکی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی نەداوە بە لیژنەکە، ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کەرتی تایبەت کردویانە پەیوەست بە کەرتی نەوت و وزە.
٢-  بەپێی میزان مراجەعەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ داھاتی گشتی ھەرێم (٥ ترلیۆن و ١٩ ملیار دینار) بووە.
٣-  خەرجی لەو شەش مانگەدا (٨ ترلیۆن و ٥٥٥ ملیار دینار) بووە.
٤-  ئەوەی لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەستیان کەوتووە لە میزان مراجەعەی بەڕێوەبەرێتی گشتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی دەستیان کەوتووە، لەوەشیدا میزان مراجەعەی مانگەکانی ٤ و ٥ و ٦ی نەناردووە.
٥-  وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دوو حسابی ھەیە بۆ تەشغیلی و حسابێکی تایبەت بۆ فرۆشی نەوت و غاو بەرھەمە نەوتیەکان کە ئەمەش بۆ پرۆسەی چاودێری و وربینی نابێت.
٦-  بەپێی سیستمی ژمێریاری چالاکیە داراییەکان تۆمارنەکراون بە سجل و مستندی دەفتەری بەڵکو لەسەر بەرنامەی ئێکسڵ داھات و خەرجی و قەرزیان تۆمارکردووە!
٧-  وەزارەتی سامانە سروشتیەکان حساباتی لە (٥) بانک ھەیە کە یەکێکیان مێرف ابوڤبی ئیسلامیە، ئامادە نەبوون حسابی ئەو پێنج بانکەی وەزارەتمان بدەنێ.
٨-  لە مانگەکانی (١،٢،٣ی ساڵی ٢٠٢٣) بەپێی ئەو داتای وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پێشکەشی کردووە (٣٢ ملیۆن و ١٩٤ ھەزارو ٤٢٦ بەرمیل نەوتی خاو)ی ھەناردەی بەندەری جیھانی تورکی کردووە! بەڵام بەپێی بەڵگەکانی کۆمپانیای سۆمۆ (٣٢ ملیۆن و ٧٢٨ ھەزارو ٣٢٤ بەرمیل نەوت)ی ھەناردە کردووە واتە (٥٣٣ ھەزارو ٨٩٨ بەرمیل نەوت) کەمتری حساب کردووە ھەرێم!
-  فرۆشی بەرمیلێک نەوت لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە بە بازاڕی ئەوروپا بۆ مانگی (١) بە (٦٦ دۆلارو ٥٥٩ سەنت) بووە، ھەمان مانگ سۆمۆ نەوتی لەھەمان بەندەری جیھانەوە بەبازاڕی ئەوروپا فرۆشتووە بە (٨٢ دۆلارو ٧٧٧ سەنت) واتە ھەرێم ھەر بەرمیلێک نەوتی بە (١٦ دۆلارو ٢١٨ سەنت) کەمتر فرۆشتووە!
-  بۆ مانگی (٢) ھەرێم بەرمیلێک نەوتی بە (٧٠ دۆلار) فرۆشتووە بەڵام سۆمۆ بە (٨٢ دۆلارو ٤٨٦ سەنت) فرۆشتووە واتە ھەرێم بە (١٢ دۆلارو ٤٨ سەنت) کەمتر بەرمیلێک نەوتی فرۆشتووە.
-  بۆ مانگی (٣) ھەرێم بەرمیلێک نەوتی بە (٦٥ دۆلارو ٧٤٨ سەنت) فرۆشتووە، سۆمۆ بەرمیلێکی بە (٧٨ دۆلارو ٥٦ سەنت) فرۆشتووە، واتە ھەرێم ھەر بەمیلێک نەوتی لە (١٢ دۆلارو ٨١٢ سەنت) کەمتر فرۆشتووە.
-  بۆ مانگی (١) بە بڕی ١٨٧ ملیۆن دۆلار نەوتی بەکەمتر فرۆشتووە
-  بۆ مانگی (٢) بە ١٥٠ ملیۆن دۆلار نەوتی بەکەمتر فرۆشتووە.
-  بۆ مانگی (٣) بە ١٠٩ ملیۆن دۆلار نەوتی بەکەمتر فرۆشتووە بەراوردی نرھی سۆمۆ.
٩-   یەک حساب بانکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە بانکی منارەو ئاڕتی بانک وردبینی کراوە لە تەحویلی دۆلار بۆ دینار لەبانک جیاوازی ھەیە لەیەکێککیان ٣٠ ھەزار دۆلار لەوی دیکەیان ٤٦ ھەزار دۆلار!
١٠-  ئەوەی پێیان داون تاکو ٣١/٣/٢٠٢٣ داھاتی فرۆشی نەوتی خاوو (٢ ترلیۆن و ٩٣٥ ملیار دینار) بووە، ئەوەی سەرف کراوە بەناوی خەرجی بەرھەمھێنانی نەوتی خاو (٢ ترلیۆن و ٩ ملیار دینار) بووە! بەڵام دوای وردبینی دەرکەوتووە ئەو خەرجیە بۆ بەرھەمھێنانی نەوتی خاو نەبووە بەتەنھا بەڵکو بەکۆی گشتی (٦١٩ ملیارو ٣٧٣ ملیۆن) دیناری خەرجی تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت نەبووە بەڵکو بەم جۆرە سەرف کراوە:
-  (١٢٩ ملیار و ٨١٥ ملیۆن دینار)ی دراوە بە ماس ئینێرجی و ماس کۆمپانی بۆ بەرھەمھێنانی کارەبای مانگەکانی ١ و ٢ و ٣ی ساڵی ٢٠٢٣.
-   (٨ ملیارو ٨١٦ ملیۆن دینار)ی دراوە بەچەندین کۆمپانیا بۆ کرێی گواستنەوەی بەرھەمە نەوتیەکان بۆ وێستگەکانی کارەبا بۆ مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣!
-  (٥٦٨) ھەزار دۆلاری بۆ مانگی (١)ی ٢٠٢٣ دراوە بە پرۆفیشناڵ سێرڤس بەبێ دیاریکردنی ئەوەی ئەم خزمەتگوزاریە چییە!
-  (١٨٦) ملیاری لەمانگی (٢)ی ٢٠٢٣ دراوە بە کۆمپانیای (ترافیگورا ئێڵ تی دی لیمیتد)ی ئیتاڵی لەبەرامبەر لێ وەرگرتنی پارەی پێشەکی بۆ فرۆشتنی نەوت لەئایندەدا، ئەم بڕە پارەش لەقەرزەکانی کەم نەکراوەتەوە.
-  (١٨٧ ملیارو ٧٦٥ ملیۆن دینار) بۆ کڕینی مادەیەک تاکو تێکەڵی نەوتی خاوی بکەن کەبەبۆری ناردویانە! ھەروەھا بۆ کڕینی غازی وشک لەکۆمپانیای پێراڵ پترۆلیۆم بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی بەرھەمھێنانی کارەبا!
-  (١١٤ ملیارو ٢٣٢ ملیۆن دینار) کرێی بەرھەمھێنانی نەوتی خاوی ساڵانی پێشوو دراوە بە کۆمپانیایەکی عێراق و کۆمپانیایەکی چینی!
١١-  لەناو داھاتە نەوتیەکان دا ئەو داھاتەی نەوتی خاوی تێدا نەبووە کە دراوە بەپاڵاوگەکان لە ماوەی ئەو شەش مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣، لەو ماوەدا (١٠٢٠٠٥٢٤) دە ملیۆن و دوو سەد ھەزارو پێنج سەدو بیست و چوار بەرمیل نەوتی خاو دراوە بە پاڵاوگەکانی (کارو لاناز) بەبڕی (٣٠٩ ملیارو ٩٦٧ ملیۆن دینار).
١٢-  قەرزەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان تاکو ٣١/٣/٢٠٢٣ بە ( ٨ ملیارو ٧٣٣ ملیۆن دۆلار) دانراوە کە دەکاتە (١٢ ترلیۆن و ٦٤٨ ملیار دینار) گوایە (١٢ ترلیۆن و ٢٣٨ ملیار دینار)ی ھی ساڵانی پێشووە!
١٣-  ئەو (١٢ ترلیۆن و ٢٣٨ ملیار دینار)ەی قەرزی ساڵانی پێشوو بەم جۆرە ڕونکراوەتەوە:
-  (١١١ ملیارو ٩٦٠ ملیۆن دینار)ی کرێی گواستنەوەی عەمبارکردنی بەرھەمە نەوتیەکان بووە بۆ کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی کارەبا!بۆ ساڵەکانی (٢٠١٥ -٢٠٢٢.
-  (٥ ترلیۆن و ٣١٠ ملیار دینار)ی پارەی پێشەکی بووە وەریان گرتووە لەکڕیارانی نەوت.
-  (٣٠٢ ملیار و ٥١٠ ملیۆن دینار)ی دراوە بە کۆمپانیای پیراڵ پترۆلیۆم لەبەبرامبەر بەرھەمھێنانی غاز بۆ کارەبا.
-  (١ ملیار و ٤ ملیۆن دۆلار)یش دەربێتە بیدەنەوە بە کۆمپانیای (KNOC) کۆری بۆ ساڵەکانی (٢٠١٩ و ٢٠٢٠ ) لەبەرامبەر قەرەبوو کردنەوەی پاشەکشەی لە تەنازول کردن لەمافەکانی لەتێچووی دەرھێنانی نەوتی خاوو بەم جۆرەش پارەکەی دەدەنەوە:
-  ساڵی ٢٠٢٣ بڕی ١٤٩ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلار.
-  ساڵی ٢٠٢٤ بڕی ١٤٢ ملیۆن دۆلار.
-  ساڵی ٢٠٢٥ بڕی ١٤٢ ملیۆن دۆلار.
-  ساڵی ٢٠٢٦ بڕی ١٤٢ ملیۆن دۆلار.
-  ساڵی ٢٠٢٧ بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار.
-  ساڵی ٢٠٢٨ بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار.
-  ساڵی ٢٠٢٩ بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار.
-  ساڵی ٢٠٣٠ بڕی ١٢٨ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلار.
ئەمە جگە لەوەی شریکاتی نەوت و کرێکارە بیانیەکان لەو بوارەدا لەباج بەخشراون کەبەپێی یاسای یاسای ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠١٠ پێویستە %٣٥ ی داھاتی دەستکەوتوو لەعێراق باج بدەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand