Draw Media

پەرلەمان پرساندن بۆ وەزیری نەوت دەكات

پەرلەمان پرساندن بۆ وەزیری نەوت دەكات

2024-09-15 14:37:11


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
وەزیری نەوتی عێراق لە ئەمریكایەو نەشتەرگەیی قەستەرەی دڵی بۆ كراوە، لە بەغداد پەرلەمانتارانی سەربە حزبەكەی خۆی (دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی) هەوڵەكانیان بۆ پرساندن و وەرگرتنەوەی متمانە لێی چڕكردوەتەوە، حەیان عەبدولغەنی هەر لەناو حزبەكەی خۆی نا، لەلای حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمیش خۆشەویست نییە، تەنانەت كۆنگرێسمانەكانی ئەمریكاش لێی ناڕازین. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

پرساندنی وەزیری نەوت
ئەحمەد سەلال بەدری پەرلەمانی عێراق لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، قۆناغی داهاتوو چەند پرۆسەیەكی پرساندنی وەزیرەكان لەژێر چەتری پەرلەماندا بەخۆوە دەبینێت. بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارەی سەربە نوری مالیكی، یەكەمین وەزیر كە رووبەڕووی پرساندنی پەرلەمان دەبێتەوە (حەیان عەبدولغەنی) وەزیری نەوتە.
حەیان عەبدولغەنی لەسەر پشكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا پۆستی وەزیری نەوتی وەرگرتووە، قسەكردن لەبارەی پرساندنی ئەم وەزیرە لەلایەن پەرلەمانتارێكی سەربە دەوڵەتی یاسا، لەكاتێكدایە ئێستا وەزیری نەوت بەسەردانێك لە ئەمریكایەو لەوێ دۆخی تەندروستی تێكچووەو قەستەرەی دڵی بۆ كراوە. 
لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی محەمەد شیاع سودانییەوە (ئۆكتۆبەری 2022)، مالیكی لە حەیان عەبدولغەنی بەگومانەوەو فشار دەكات بۆ ناچاركردنی بە دەستلەكاركێشانەوە، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا زیاتر لە سێ جار هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی بڵاوكراوەتەوەو حەیان عەبدولغەنی رەتیكردوەتەوە، دواینجار رۆژی 28ی ئابی رابردوو بوو كە وەزارەتی نەوت دەنگۆیەكی تری دەستلەكاركێشانەوەی وەزیرەكەی رەتكردەوە. 
لەسەرەتاوە هۆكاری فشارەكانی نوری مالیكی بۆ گۆڕینی وەزیری نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێندرایەوە، گوایا حەیان عەبدولغەنی كەوتووە بەلای (قەیس خەزعەلی) ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق و پرۆژەكانی ئەو لە وەزارەتی نەوت رایی دەكات، هەندێكی تریش باسیان لەوە دەكرد كەسە نزیكەكانی مالیكی لەوانە (یاسر سخێڵ)و (سنێد) هەر لەسەرەتاوە وەزارەتی نەوتیان كردووە بە مەزادخانە بۆ دامەزراندن و گواستنەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان و دەستوەردانیان لە پشكە داراییەكانی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"دا كردووە، ئەمە چەند جارێك وەزیری نەوتی وا لێكردووە دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكات. 
بەپێی قسەی ئەحمەد بەدری پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، مانەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە بەتاڵی كە ماوەی چەند مانگێكە بەردەوامە، كاری لە لایەنی چاودێریی پەرلەمان كردووە، بەتایبەتیش لە دۆسیەی پرساندنی وەزیرەكانی حكومەتدا، بۆیە داوا دەكات پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلابكرێتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت كارەكانی خۆی ئەنجام بدات. 
دەوڵەتی یاسا زۆر بە پەلەیە بۆ پرساندنی وەزیری نەوت، چونكە پرساندن سەردەكێشێت بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكان، (زورغام مالیكی) كە پەرلەمانتارێكی تری ئیئتلافی دەوڵەتی یاسایە، دۆسیەی بۆ وەزیری نەوت كۆكردوەتەوەو بە ئیمزای ژمارەیەك پەرلەمانتاریشەوە داواكاری بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەبارەت بە پرساندنی حەیان عەبدولغەنی بەرزكردوەتەوە. 
دەوڵەتی یاسا زیاتر لە (60) ئیمزت بۆ پرساندنی وەزیری نەوت كۆكردوەتەوە، هاوكات ئیمزا بۆ میوانداریكردنی وەزیری گەیاندن و سەرۆكی ژمارەیەك لە دەستەكان كۆكراوەتەوە.

پرساندن یان گۆڕانكاری وزاریی؟
فشاری پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا بۆ پرساندنی وەزیری نەوت لەكاتێكدایە، جارێكی تر قسەوباس لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (كوتلەی گەورەی شیعەكان لەناو پەرلەمان) دەستیپێكردووە سەبارەت بە پێویستیی ئەنجامدانی گۆڕانكاری وزاریی لە كابینەی سودانی. 
موختار موسەوی یەكێك لە پەرلەمانتارانی سەربە چوارچێوەی هەماهەنگیی باسلەوە دەكات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران تیم و لیژنەی پیشەیی خۆی هەیە بۆ هەڵسەنگاندن و چاودێری كاری سەرجەم وەزیرەكان، سەرباری ئەمە خۆشی بە تایبەتی چاودێری كاری وەزیرەكان دەكات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا وەزارەتەكان تا چ ئەندازەیەك بەرنامەی حكومەتیان جێبەجێ كردووە. 
وەكو ئەم پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ كردووە، سەرباری هەڵسەنگاندنە تایبەتەكەی سودانی خۆی، پەرلەمانیش هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ وەزیرەكان هەیەو ئەمە دەبێت بە بنەمای هەڵسەنگاندن و ئەنجامدانی گۆڕانكارییە وزارییە چاوەڕوانكراوەكە. 
"راپۆرتەكانی چاودێری كاری وەزیرەكان، پیشەییەو هیچ بەئامانجگرتنێكی سیاسی تێدا نییە، سودانی خۆشی وەزیرە باشەكان و ئەوانەشیان كە كەمتەرخەمن لە كارەكەیاندا دەناسێت، بۆیە لە گۆڕینی هەر وەزیرێكدا خۆی سەرپشكە" موسەوی وا دەڵێ.
پێشتر سودانی خۆشی جارێك ئاماژەی بە ئەگەری ئەنجامدانی گۆڕانكاری وزاری كرد، كاتێك وتی: بەڕوونی لەگەڵ وەزیرەكان قسەم كردووە لەبارەی هەڵسەنگاندنی كارەكانیان، دەستور دەسەڵاتی ئەوەی بە سەرۆك وەزیران بەخشیوە وەزیری كەمتەرخەم لەكارەكەی ببەخشێت، بۆیە دەمەوێت گۆڕانكاری وزاریی ئەنجام بدەم و بۆ ئەمەش كاتێكی گونجاو دیاری دەكەم.
ئەوانەی لە بۆسەدان بۆ وەزیرەكان، خوازیارن لەم چەند مانگەدا سودانی گۆڕانكارییە وزارییەكەی بكات، پێیانوایە دەبوو گۆڕانكاریی وزاریی ساڵی رابردوو بكرایە، واتا دوای 6 مانگ لە دەستبەكاربوونی حكومەت، لەمەشدا تەمەنی حكومەتەكەی سودانی لە كانونی یەكەمی 2022وە ئەژمار دەكەن كە بەرنامە حكومییەكەی پەرلەمان پەسەندكراوە، نەك وادەی وەرگرتنی ئەركەكەی لە ئۆكتۆبەری 2022دا. 
هەندێك لە لایەنە شیعەكان دەڵێن بەهانەی سودانی بۆ دواخستنی گۆڕانكاری وزاری ئەوە بووە گوایە وەزیرەكان بودجەیان لەبەردەستدا نەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانیان، بەڵام حوزەیرانی 2023 یاسای بودجەی سێ ساڵی پەسەندكراوەو دەبوایە لەدوای 6 مانگ و بە دیاریكراوی لەسەرەتا ئەمساڵدا سودانی لەبەر رۆشنایی هەڵسەنگاندنی بۆ كاری وەزیرەكان، گۆڕانكاری وزاریی بكردایە. 

كوردو حەیان عەبدولغەنی
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت تەنیا لەلایەن ئیئتیلافەكەی خۆیەوە (دەوڵەتی یاسا) رووبەڕووی فشار نەبوەتەوە، حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمیش لە مامەڵەی ئەم پیاوە ناڕازین.
لەسەردەمی ئەم وەزیرەداو لە دیاریكراوی لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری 2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راوەستا، ئەمەش لەسەر بنەمای سكاڵایەكی كۆنی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر توركیا سەبارەت بە بەكارهێنانی بۆری نەوتی عێراق لەناو خاكی توركیا بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی حكومەتی بەغداد، لەسەر ئەم سكاڵایە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لەبەرژەوەندی عێراق بڕیاریداو ئەمە توركیای ناچاركرد هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت، لەوكاتەوە ئیتر حكومەتی هەرێم رێژەی نزیكەی 80%ی داهاتی خۆی لەدەستداو ئەمە ناچاری كرد لە بودجەی 2023دا مل بدات بۆ رادەستكردنی داهاتی نەوت و نانەوتیی خۆی بەشێوەی كاش بە بەغداد، تەنیا لەبەرامبەر زامنكردنی موچەی موچەخۆرانیدا.
لەماوەی رابردوودا، چەند جارێك كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم نامەی ناڕەزایەتییان ئاڕاستەی كۆنگرێسی ئەمریكا كردووە سەبارەت بە راوەستانی هەناردەی نەوت، لەسەر ئەم بابەتە ئەمریكییەكان چەند جارێك داوایان لە وەزیری نەوتی عێراق كردووە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان بكات لەپێناو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام تائێستا هەموو گفتوگۆكان بێ ئاكام بوون. 
بەر لە سەردانی ئەمدواییەی حەیان عەبدولغەنی بۆ ئەمریكا، ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا نامەیەكیان ئاڕاستەی جۆ بایدنی سەرۆكی وڵاتەكەیان كرد، تێیدا حەیان عەبدولغەنییان تۆمەتباركرد بەوەی تێوەگلاوە لە یارمەتیدانی ئێران لە خۆدزینەوەی لە سزاكانی ئەمریكا، ئەمەش لەرێگەی تێكەڵكردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی عێراق لە دەریادا.
ئەم نامەی كۆنگرێسمانەكان وەزارەتی نەوتی عێراقی ناچاركرد رونكردنەوەیەك بۆ رەتكردنەوەی هەموو ئەو تۆمەتانە بڵاوبكاتەوە، كە لە نامەكەدا بۆ بایدن نوسرا بوو. 

حەیان عەبدولغەنی كێیە ؟
ناوی تەواوەتیی (حەیان عەبدولغەنی عەبدولزەهرە)یە، لەدایكبووی 1958ی بەسرەیە، ساڵی 1979 بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاریی میكانیكی لە زانكۆی بەسرە بەدەستهێناوە، دواترو لە هەمان زانكۆ بڕوانامەی ماستەری لە ئەندازیاریی میكانیزی بەدەستهێناوە. 
بەر لەوەی پۆستی وەزیری نەوت وەربگرێت، حەیان عەبدولغەنی ئەم پۆستانەی بەدەستەوە بووە: 
•    بەڕێوەبەری بەشی دیزاین لە كۆمپانیای نەوتی باشوری (ساڵی 2000)
•    بەڕێوەبەری دەستەی پرۆژەكان لە كۆمپانیای نەوتی باشور (2008- 2003)
•    بەڕێوەبەری دەستەی پرۆژەكان، بریكاری یەكەمی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتی باشور (2012- 2008)
•    یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مۆڵەتپێدان، بریكاری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی باشور ( 2012- 2015)
•    بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی باشور (2015- 2017)
•    بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیای غازی باشور و سەرۆكی ئەنجومەنی ئیدارە (2017)
•    سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیدارەی كۆمپانیای غازی بەسرە (2017)

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand