نرخی دادپەروەرانەی نەوت چەندە ؟

Draw Media

2024-09-14 12:08:56



نەبیل مەرسومی- شارەزای ئابوریی

بۆچی ئۆپێك سیستەمی پشكی بەرهەمهێنان ناگۆڕێت؟

پێدەچێ ئەو سیستەمەی كە لە ساڵی 1986ەوە ئۆپێك پەسەندی كردووە، كە خۆی دەبینێتەوە لە دیاریكردنی پشكی وەبەرهێنان بۆ هەموو وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە، كاریگەریی لەسەر پارێزگاریكردن لە نرخی دیاریكراوی نەوت كەمبووبێتەوە.
ئەمە بەهۆی پابەند نەبوونی تەواوەتی وڵاتانی ئەندام بە پشكی وەبەرهێنانی خۆیان (هەناردەكردن + بەكاربردنی ناوخۆیی)، هەروەها سەختیی چاودێریكردنی بەكاربردنی ناوخۆیی لە هەموو وڵاتێك.
سەرباری ئەمە، لەگەڵ زیادبوونی پلەكانی گەرما لە وەرزی هاویندا، زۆرێك لە وڵاتانی ئۆپێك نەوت بەكاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی كارەبای زیاتر، بەمەبەستی كارپێكردنی فێنككەرەوەكان. 
لەبەر رۆشنایی كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی ئێستای نەوت، بەرهەمهێنانی نەوت لەهەمان رێژە بەردەوام دەبێت، بەڵام بەكاربردنی ناوخۆیی كەمدەبێتەوە، بۆیە زیادەیەك دەبێت، بازرگانەكانیش لە بازاڕدا سەیری ئەم زیادەیە دەكەن، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت هەناردەكردن زیاد دەبێت.
هەمیشە ئەوەی بۆ جیهان گرنگە هەناردەكردنە نەك بەرهەمهێنان، پاشان ئەم هەناردەكردنانە دەبنە هۆی دابەزینی نرخی نەوت، بۆیە پێویستە واز لە پشكی بەرهەمهێنان بهێنرێت و لە بری ئەوە سیستەمێكی نوێ پەیڕەو بكرێت لەسەر بنەمای دیاریكردنی پشكی هەناردەی هەر دەوڵەتێك بەگوێرەی هەندێك ئاماژەی دیاریكراو، لە گرنگترینیان توانای وەبەرهێنانی بەردەست و یەدەگی سەلمێندراو لە هەموو وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك پڵەس. 

نرخی دادپەروەرانەی نەوت چەندە ؟
ئەو نرخەیە كە بەیەكەوە بەرژەوەندی بەرهەمهێن و بەكارهێن بەدی دەهێنێت، ئەو نرخەیە كە داهاتی دارایی باش بۆ بەرهەمهێنەران بەدی دەهێنێت كە بتوانن بەشێكی ئەو داهاتە بگەڕێننەوە بۆ نوێكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوت و زیادكردنی، هەروەها بەكارهێنەرانیش بتوانن بە نرخێكی گونجاو نەوت بەدەستبهێنن كە گەشەی ئابورییان ئاسان بكات.
دەكرێت بڵێین نرخ لە خانەی حەفتاكاندا نرخێكی دادپەروەرانەیە بۆ هەردوولا، بەڵام كاتێك نرخ بۆ خوار 70 دۆلار دادەبەزێت، ئەوە بەرژەوەندی بەكارهێنەران بەدی دەهێنێت، چونكە وایان لێدەكات وزە بە تێچووی هەرزان بەدەستبهێنن، بەمەش نرخی كەرەستەی وەبەرهێنان دادەبەزێت و توانای كێبركێی كاڵا وەبەرهێنراوەكانیان زیاتر دەبێت، بەڵام لە لایەكی ترەوە زیانبەخش دەبێت بۆ وڵاتانی وەبەرهێن، چونكە داهاتە نەوتییەكانیان كەمدەبێتەوەو سەرمایەگوزاریی لە پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوتدا لەبار دەبات، بەپێچەوانەشەوە كاتێك نرخ 80 دۆلار بەرەو سەرەوەیە، ئەم نرخە زیانبەخشە بۆ گەشەی ئابوری لە وڵاتانی بەكاربەری نەوت، لە درێژمەودا دا خواست لەسەر نەوت كەمدەكاتەوە، هەرچەندە داهاتی گەورە بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بەدی دەهێنێت.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand