Draw Media

( درەو میدیا): ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی رایدەگەیەنێت كە رێژەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا لە كەركوك لە 50% زیاتربووە. عەلاوی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەڵێت :" رێژەی ئەو ساختكارییەی پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان لە كەركوك ئاشكراشیكردووە لە 50% تێپەڕیكردووە و ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەم هەڵبژاردنەی دوایی گاڵتەجاڕییەكی گەورە و تاوانێك بوو دژ بە مافی گەل و ناكرێت لێی بێدەنگ بین".  


(درەو میدیا): بەپێی خشتەیەك كە كەناڵی "بلاسیرفیلی" لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا بڵاویكردەوە، ناوچەی حسێن لە بەسرە لەسەر ئاستی جیهان بەرزترین پلەی گەرمای تۆماركردووە. بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو كەناڵە، پلەی گەرمی لە ناوچەی حسێنی بەسرە گەیشتوەتە (52) پلە، لەدوای ئەویش گەرمترین ناوچەی جیهان ناوچەی "موتریبە"ی كوەیتە كە پلەی گەرمی تێیدا گەیشتوەتە (51.8). بەشێوەیەكی گشتی كەناڵەكە پێنج شاری عێراق و نۆ شاری كوەیت و شارێكی ئێرانی وەكو گەرمترین ناوچەی جیهان لەم وەرزەدا دەستنیشان كردووە.  


(درەو میدیا): بەیانی ئەمڕۆ بە تاوانی هاوكاریكردنی رێكخراوی "داعش"، دەسەڵاتدارانی ئێران حوكمی لەسێدارەدان بەسەر (8) كەسدا جێبەجێ كرد. بەپێی راگەیەندراوی دادگای تاران، ئەو (8) كەسە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەڕووی دارایی و چەكەوە یارمەتی چەكدارانی داعشیان داوە لە هێرشكردن بۆسەر بینای پەرلەمانی ئێران و مەزارگەی ئیمام خومەینی. ئەو (8) كەسە بەهاری ئەمساڵ لە ژوری 15ی دادگای شۆڕش لە تاران بە سەرۆكایەتی ئەبولقاسم سەڵەواتی، حوكمی لەسێدارەدانیان بۆ دەركرا. رۆژی 7ی حوزەیرانی رابردوو لە یەك رۆژدا ژمارەیەك چەكدار هێرشیانكردەسەر بینای پەرلەمانی ئێران لە تارانی پایتەخت و مەزارگەی ئیمام خومەینی، لەو هێرشانەدا 17 كەس كوژران. لە سێدارەدراوەكان كوردن و خەڵكی سنوری پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستانن. میدیای ئێران بەمشێوەیە ناو و تاوانی لەسێدارەدراوەكانی بڵاوكردەوە:  1- سلێمان موزەفەری: ساڵی 2015 لە ئێران چوەتەدەرەوە و بوەتە ئەندامی رێكخراوی "داعش"، ساڵی 2017 گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و بەناوێكی خوزراوەوە لە شاری كرماشان نیشتەجێ بووە. 2- ئیسماعیل سۆفی: برای فەرەیدون سۆفی یەكێك لە چەكدارانی رێكخراوی "داعش"ە كە لە هێرشەكەی بینای پەرلەماندا لە تاران كوژرا، زانیاری لەبارەی خاڵە سنورییەكان بە یەكدارانی داعش داوە و شوێنی مانەوەی بۆ دابین كردوون. 3- رەحمان بهروز: تاوانباركراوە بەوەی بەیعەتی بە "كەتائیبی كوردستان" كردووە و یارمەتی هێرشی چەكدارانی داعشی داوە بۆسەر بینای پەرلەمانی ئێران و چەك و تەقەمەنی بۆ چەكدارەكان ئامادە كردووە. 4- سەید ماجید مورتەزایی: ساڵی 2015 بەیعەتی بە یەكێك لەسەركردەكانی داعش كردووە و خۆكوژەكانی بۆ هێرشەكەی تاران ئامادەكردووە. 5- سیروس عەزیزی: بەیعەتی بە رێكخراوی داعش كردووە و بەشێوەیەكی بەردەوام بەشداری كۆبونەوەكانی ئەو رێكخراوەی كردووە لە شاری پاوە (رۆژهەڵاتی كوردستان). 6- ئەیوب ئیسماعیلی: كەسی باوەڕپێكراوی داعش بووە و بە ئۆتۆمبیلەكەی خۆی چەكدارەكانی لە سنورەوە گواستوەتەوە بۆ شاری سەرپێڵی زەهاو. 7- خەسرەو رەمەزانی میرئەحمەدی: ئەندامێكی دێرینی "كەتائیبی كوردستان" ە و شوێنی مانەوەی بۆ چەكدارانی داعش ئامادەكردووە و لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر گواستونیەتەوە. 8- عوسمان بهروز: برای رەحمان بهروزە، چەكی لە عێراقەوە گواستوەتەوە بۆ چەكدرانی داعش لەناو ئێران.  


گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدوڵڵا مانگی شوباتی ئه‌م ساڵ له‌ درێژه‌ی سزاكانی دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلول و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاته‌ فیدڕاڵییه‌كانی حكومه‌تی عێراق، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی عێراق به‌ بڕیارێك نزیكه‌ی 50 مه‌رزی لاوه‌كی له‌ سنووری ئیداری پارێزگای سلێمانی له‌ راپه‌ڕین و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان داخست. (دره‌و میدیا) بۆ ده‌ستخستنی زانیاری له‌باره‌ی هێزی كار و سه‌رچاوه‌ی داهاتی مه‌رزه‌كان و هه‌وڵه‌كانی به‌ فه‌رمی ناساندنیان، گفتۆگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڕه‌حمان عه‌لی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و ئاودێری و به‌نداوه‌كان و لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافه‌كانی به‌كاربه‌ر.   دره‌و میدیا: نه‌خشه‌ی دابه‌شبوونی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان چۆنن و تاچه‌ند پابه‌ندبوون به‌ بڕیاری داخستنیان هه‌بووه‌؟ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: چوار ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تیمان هه‌یه‌ كه‌ هاوسنوورن له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران.، سێ ده‌روازه‌یان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی و یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ توركیایه‌ و‌ بریتین له‌ مه‌رزه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران و باشماخ و په‌روێزخان له‌گه‌ڵ ئێران و ئیبراهیم خه‌لیل له‌گه‌ڵ توركیا.  جگه‌ له‌ مه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ كاڵا و شمه‌كی لێوه‌ هاورده‌ و هه‌نارده‌ ئه‌كرێت پێنج مه‌رزی دیكه‌مان هه‌یه‌ له‌ نێوان نێوده‌وڵه‌تی و لاوه‌كین، واتا فه‌رمین و كاڵا و شمه‌كیان‌ لێوه‌ هاورده‌ و هه‌نارده‌ ئه‌كرێت، ئه‌وانیش مه‌رزه‌كانی سه‌یران به‌ن له‌ پێنجوێن، كێلێ له‌ قه‌ڵادزی، سه‌رته‌ك له‌ گه‌رمیان، شوشمێ له‌ هه‌ورامان، سه‌ردێر له‌ زاخۆ. جگه‌ له‌ مانه‌ ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رزی لاوه‌كیمان هه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ 40 مه‌رزه‌، ئه‌م مه‌رزانه‌ به‌ شێوازی قاچاغ كاڵا و شمه‌كی لێوه‌ ئه‌هێندرێت و هه‌نارده‌ و هاورده‌ ئه‌كرێت بۆ وڵاته‌كانی ده‌وروبه‌ر به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران. ئه‌م مه‌رزانه‌ له‌ 26ی ئه‌یلول،‌ رۆژێك دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم به‌ فه‌رمی له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه ده‌روازه‌ لاوه‌كییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داخران. به‌ڵام هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور ئلتیزامیان نه‌كرد به‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی عێراقی هه‌تا مانگی شوبات، له‌ كۆتایی مانگی شوبات به‌ فه‌رمی حكومه‌تی عێراق برووسكه‌ی كرد بۆ هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور كه‌ پێویسته‌ به‌ زووترین كات له‌ ماوه‌ی 48 كاتژمێر هه‌موو ئه‌و ده‌روازه‌ لاوه‌كیانه‌ دابخرێن. ‌بۆیه‌ پاسه‌وانانی سنوور راسته‌وخۆ بڕیاره‌كه‌یان جێبه‌جێ كرد و مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان داخران. دره‌و میدیا: كاریگه‌ری داخستنی ئه‌م مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ له‌سه‌ر هێزی كار و ریژه‌ی بێ كاری چه‌ند بووه‌؟ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: داخستنی ئه‌م مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ بۆته‌ هۆكارێكی به‌هێز بۆ زۆربوونی رێژه‌ی بێ كاری، ئه‌توانم بڵێم 40 بۆ 50 هه‌زار هاوڵاتی به‌ شێوازێكی گشتی بێ كار بوون له‌ كاری مه‌رزه‌كان له‌و هاووڵاتیانه‌ی كاری حه‌مباڵی و شوفێری و چایخانه‌ و خواردنگه‌یان هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ له‌ شوێنێكی وه‌ك قه‌زای پێنجوێن كه‌ نزیكه‌ی 150 كیلۆمه‌تر هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ئێران نزیكه‌ی 9 مه‌رزی لاوه‌كی تیا بووه‌، له‌و ژماره‌ی مه‌رزانه‌ 2500 بۆ 3000 هاووڵاتی له‌و سنووره‌ پێوه‌ی سه‌رقاڵ بووه‌، به‌هۆی داخستنیشیانه‌وه‌ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ بێ كاربوون. عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی :40 بۆ 50 هه‌زار هاوڵاتی به‌ شێوازێكی گشتی بێ كاربوون له‌ مه‌رزه‌كان  دره‌و میدیا: له‌ رووی سه‌رچاوه‌ی داهاته‌وه‌ داخستنی مه‌رزه‌كان چه‌ند كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بوودجه‌ی هه‌رێم هه‌بووه‌؟ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: له‌و كاته‌ی مه‌رزه‌كان داخراون زه‌ره‌رێكی گه‌وره‌ به‌ر داهاتی هه‌رێم كه‌وتووه‌ و داهاتی هه‌رێم كه‌می كردووه‌. بۆ نموونه‌ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ داهاتی له‌ مانگی یه‌ك و دوو 35 بۆ 36 ملیار دینار بووه‌، به‌ڵام له‌ مانگی سێ و چوار كه‌ مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان داخراون داهاته‌كان دابه‌زیونه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ 20 ملیار دینار. هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كاڵا و شمه‌كانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان‌ به‌شێكیان ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ خاكی ئێران، كه‌ دێته‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌روازه‌ی باشماخ گومرگ ئه‌كرێن به‌ رێژه‌ی 5% تا 25% كه‌ دێت له‌ سلێمانیش به‌ فه‌رمی له‌ 1بۆ3% گومرگ ئه‌كرێت، دیسانه‌وه ‌جارێكی تر به‌شێك له‌م كاڵا و شمه‌كانه‌ له‌ رێی ده‌روازه‌ لاوه‌كییه‌كانه‌وه‌ به‌ كۆڵبه‌ر و ئاژه‌ڵ ئه‌م كاڵا و شمه‌كانه‌ ئه‌چنه‌وه‌‌ دیوی ئێران، ئه‌مه‌ ئێستا وه‌ستاوه‌. ئه‌توانین بڵێن داخستنی ئه‌و ده‌روازه‌ لاوه‌كیانه‌ ته‌نیا له‌ مه‌رزێكی نێوده‌وڵه‌تی وه‌كو باشماخ ئه‌وه‌ ده‌ر ئه‌خات له‌ ماوه‌ی دوو مانگ داهاتی هه‌رێم 30 ملیار دینار كه‌می كردووه‌. عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: ته‌نیا له‌ مه‌رزێكی نێوده‌وڵه‌تی وه‌كو باشماخ له‌ ماوه‌ی دوو مانگ داهاتی هه‌رێم 30 ملیار دینار كه‌می كردووه دره‌وه‌ میدیا: داخستنی مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان چه‌ند كاریگه‌رییان له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی شمه‌ك هه‌یه‌، كه‌ له‌ رێگای باجه‌وه‌ زیاد ده‌بێت؟ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: كاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ مانگی ره‌مه‌زان كاریگه‌ری زۆرتر بوو، چونكه‌ پێداویستییه‌كان زیاتر بوون و باج و رسومات له‌ مه‌رزه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌درێت به‌مه‌ش نرخ به‌رزتر ئه‌بێته‌وه‌. به‌ڵام مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان نه‌ك ئێستا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌و كاته‌ی كه‌ به‌ فه‌رمی ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داخران ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ نه‌بوونایه‌ و كاڵا و شمه‌ك له‌وێوه‌ نه‌هاتایه‌ته‌ هه‌رێم نرخی شمه‌ك له‌و چه‌ند مانگه‌ی داخستنی ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رز ده‌بوونه‌وه‌ و گرانی له‌ هه‌رێم سه‌ری هه‌ڵده‌دا. دره‌و میدیا: چ هه‌نگاوێكی نوێ له‌باره‌ی بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێراق‌ هه‌یه‌ بۆ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان و مه‌رزه‌ نیمچه‌ فه‌رمییه‌كان؟  عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: ئه‌و مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ی له‌ نێوان نێوده‌وڵه‌تی و لاوه‌كی دان، ئه‌مانه‌ ده‌سته‌یه‌ك یاخود لیژنه‌یه‌ك له‌ ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌ هاتبوو و سه‌ردانی هه‌موو ئه‌و ده‌روازانه‌یان كردووه‌، وه‌كو سه‌یران به‌ن و كێلێ و سه‌رته‌ك و شوشمێ و سه‌ردێر. لیژنه‌كان راپۆرتی ته‌واوی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رزانه‌ نووسیوه‌ كه‌ تاچه‌ند شیاون بۆئه‌وه‌ی بكرێن به‌ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی و راپۆرتیان داوه‌ته‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، بۆیه‌ مه‌رزی پشته‌ كرایه‌وه‌. پێشتریش پارێزگاری سلێمانی سه‌ردانی به‌غدادی كردووه‌ و یه‌كێك له‌ بابه‌ته‌كان كه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كردووه‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ بووه.‌ بڕیاردراوه‌ 7 له‌و مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ی كه‌ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی هه‌ن بكرێنه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ وه‌كو پێش پرۆسه‌ی ریفراندۆم كه‌ هه‌بووه‌ و خه‌ڵك كاریان تیادا كردووه‌ به‌رده‌وامبن‌. عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ داهاتی له‌ مانگی یه‌ك و دوو 35 بۆ 36 ملیار دینار بووه‌، به‌ڵام له‌ مانگی سێ و چوار كه‌ مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان داخراون داهاته‌كان دابه‌زیونه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ 20 ملیار دینار دره‌و میدیا: رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ داخستنی ئه‌م مه‌رزانه‌ چ زیانێكی به‌رده‌كه‌وێ؟ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: له‌ داخستنی ئه‌م ده‌روازانه‌ جگه‌ له‌ زۆربوونی رێژه‌ی بێ كاری له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ دیوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ویش ناڕه‌زایی ئیجگار گه‌وره‌ی دروست كردووه‌ و به‌و هۆكاره‌ ناڕه‌زایی و مانگرتن گیراوه‌ته‌ به‌ر، بۆیه‌ ئێرانیش له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ زیانه‌كانی داخستنی ئه‌و مه‌رزانه‌ چین و ئه‌ویش له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردن دایه‌.       


(درەو میدیا): بڕیارە ئەمشەو وەفدێكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكاتە بگاتە شاری هەولێر. بڕیارە وەفدەكەی ئیتئلافی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق. سەردانی وەفدی دەوڵەتی یاسا دوای چەند كاتژمێرێك دێت لە گەیشتنی وەفدی هاوپەیمانی فەتح (كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات) بۆ شاری هەولێر. وەفدی هاوپەیمانی فەتح عەبدولهادی ئەنساری سەرۆكایەتی دەكات و بڕیارە دوو رۆژ لە هەرێمی كوردستان بمێنێتەوە و لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆببێتەوە. پێشبینی دەكرێت لەم سەردانەیاندا بۆ هەرێمی كوردستان، دەوڵەتی یاسا و هاوپەنی فەتح لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق لەگەڵ لایەنە كوردییەكان گفتوگۆ بكەن.  


( درەو میدیا): مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا ئەمڕۆ هەینی شەشی تەمموز لەگەڵ سەرنوسەرانی ئاژانسی ئەنادۆڵ باسی لە ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان  و پەیوەندیی پەكەكە و یەكێتی و گۆڕان و رەوشی عێراق كرد. چاوشۆغڵۆ تیشكی خستەسەر ئەوەی پێشبینییەكانی توركیا بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە، وەدیهاتوون و جەختی لەوەكردەوە ئەمڕۆ دەردەكەوێت كە هۆشدارییەكانیان لەوبارەیەوە لەجێگەی خۆیدا بووە و وتی: "هەوڵماندا بۆیان روون بكەینەوە كە ریفراندۆم كارێكی زۆر هەڵەیە". وەزیری دەرەوەی توركیا وتیشی هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای ریفراندۆمەكە پیلانیان لەدژی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەسعود بارزانی گێڕاوە و ئێستا ئەو دوو حزبە باجی ئەو رێككەوتنە دەدەن. ئۆغڵو ئاشكراشیكرد لەگەڵ یەكێك لە بەرپرسەكانی یەكێتی كۆبوەتەوە پێی راگەیاندووە كە پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە" لە ناو یەكێتیدا خاوەنی هەژمون و بڕیارە. لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند ناتۆ پرۆگرامێكی مەشقكردنی بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەیە و توركیا رۆڵێكی كارای تێدادەبێت. راشیگەیاند دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق لەگەڵ عێراقدا هەنگاوی هاوبەش دەنبێن بۆ پاككردنەوەی خاكی عێراق لە پەكەكە و ئاماژەیبەوەشدا وڵاتەكەی دەیەوتێت باشترین پەیوەندی لەگەڵ عێراق هەبێت و لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا چەند هەنگاوێك لە بواری بازرگانیدا دەنێن و یەكێكیان كردنەوەی دەروازەی سنوریی " ئوفا كۆی" یە لەگەڵ عێراقدا.  


( درەو میدیا): رۆژنامەی فەرمیی توركیا رۆژی پێنجشەممە جگە لە ئەنجامی رەسمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی توركیا، سامان و موڵك و ماڵی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بڵاوكردەوە كە هەفتەی داهاتوو خولێكی نوێی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە سایەی سیستمی سەرۆكایەتیدا دەستپێدەكات. بە گوێرەی رۆژنامەكە ئەردۆغان خاوەنی 6 ملیۆن و 347 هەزار لیرەی توركییە ( ملیۆنێك و 300 هەزار دۆلار)ەو لە سێ‌ بانكدا دانراون. هەروەها ئەردۆغان خاوەنی دوو دۆنم زەوییە لە ویلایەتی ریزە كە بەهاكەی دەگاتە 10 هەزار لیرەی توركی ( 2600 دۆلار ) و خانویەكیشی لە شارۆچكەی " ئۆسكودار"ی سەر بە ئیستانبوڵ هەیە بەبەهای 4 ملیۆن لیرە ( ملیۆنێك و 200 هەزار دۆلار). رۆژنامەی فەرمیی توركیا رونیشیكردەوەتەوە كە ئەردۆغان ئۆتۆمبیلێكی جۆری ئاودی " Audi A8 " هەیە كە بەهاكەی 234 هەزار لیرەی توركییە ( 50 هەزار دۆلار) رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیایە و لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 24ی حوزەیراندا 52%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا و بۆ خولێكی پێنج ساڵەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرا.  


درەو میدیا پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكانی كەركوك لە رۆژی سێیەمیدایەو ئەمڕۆ نزیكەی 185 سندوقی دەنگدان ئەژماركردنەوەی دەستیان بۆكرا، چاودێری لایەنێكی كوردستانی كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە درەو میدیای راگەیاند، زۆرینەی سندوقەكان كە ئەمرۆ 5/7/208 ئەژماری دەستیان بۆ كراوە دەنگەكان جیاوازی زۆریان نەبووە. پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە هۆڵێكی وەرزشی ناوەڕاستی شاری كەركوك بەڕێوەدەچێت و 40 فەرمانبەر و هەشت دادوەر كە بۆ ئەو ئەركە دیاریكراون پرۆسەكە بەڕێوەدەبەن و دادوەرێكی سەر بە یەكێك لە كەمایەتییە ئاینییەكان سەرۆكایەتییان دەكات. ئەو چاودێرە رایگەیاند هەر سندوقێك كە جیا دەكرێتەوە، راستەوخۆ هەڵدەواسرێت و چاودێرەكان ئەتوانن سەیری بكەن، درەو میدیا داوای لەو چاودێرەكرد دەنگی ئەژماركراوی چەند وێستگەیەك بگوازێتەوە، رایگەیاند، ناتوانین مۆبایلی كامێرا ببەینە ژوورەوە بۆیە ئەتوانم بۆتانی بخوێنمەوە بۆیە بەم شێوەیە ناوی بنكەو وێستگانەی خوێندەوە بەتایبەت ناوی ئەو لیستانەی خوێندەوە كە بەلای درەو میدیاوە گرنگ بووە. لە وێستگەی ژمارە 2 بنكەی قوتابخانەی سەرگەران لە قەزای دبس دەنگەكان بەم شێوەیە بووە، درەو میدیا زانیاریەكانی كردووە بە خشتە بەم شێوەیە:   ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوەشكرد كە 185 سندوق هەر لەسەرەتاوە هێلی سوریان پێوە بووەو ئەنجامەكە نەچۆتە بەغداد بۆیە ئەوانە ئەژماركراونەتەوەو تەنها ئەنجامەكەی راگەیەنراوە بەم شێوەیە: -    وێستگەی ژمارە 1 لە بنكەی قوتابخانە تەریفە لەگەڕەكی رەحیماوای كەركوك. لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان  126 دەنگ  لیستی نیشتیمان 35 دەنگ  لیستی سۆسیالیست 12 دەنگ  لیستی نەوەی نوێ 34 دەنگ بەرەی توكمانی  دەنگی نەبووە  هاوپەیمانی عەرەبی دەنگی نەبووە -    وێستگەی ژمارە 7 لە بنكەی قوتابخانە وتەن لەگەڕەكی خاسەی كەركوك. لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان  23 دەنگ  لیستی نیشتیمان 3 دەنگ      لیستی سۆسیالیست 1 دەنگ  لیستی نەوەی نوێ 1 دەنگ بەرەی توكمانی   33 دەنگ  هاوپەیمانی عەرەبی  70 دەنگ -    وێستگەی ژمارە 9 لە بنكەی قوتابخانە نیشتیمان لە قەزای دبس لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان  12 دەنگ  لیستی نیشتیمان 6 دەنگ      لیستی سۆسیالیست 3 دەنگ  لیستی نەوەی نوێ 5 دەنگ بەرەی توكمانی   8 دەنگ  هاوپەیمانی عەرەبی  58 دەنگ لیستی نەسر 28 دەنگ-    وێستگەی ژمارە 6 لە بنكەی قوتابخانە پێشەوا لە قەزای داقوق لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەژماری دەستی  48 دەنگ لە ئەژماری پێشوو 48 دەنگ واتا هیچ گڕانكاریەكی تیا نەبووە  لیستی یەكگرتووی ئیسلامی ئەژماری دەستی 1 دەنگ پێشتر هیچی بۆ ئەژمار نەكرابوو لیستی نیشتیمان ئەژماری دەستی 2 دەنگ پێشتریش هەر 2 دەنگی هەبووە  لیستی نەسر ئەژماری دەستی 9 دەنگ پێشتریش هەر 9 دەنگی هەبووە . لیستی سۆسیالیست ئەژماری دەستی 3 دەنگ پێشتر  2 دەنگیان بۆ ئەژمار كرابوو    -    وێستگەی ژمارە 6 لە بنكەی قوتابخانە زمناكۆ لە قەزای داقوق لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەژماری دەستی  156 دەنگ لە ئەژماری پێشوو 156 دەنگ واتا هیچ گڕانكاریەكی تیا نەبووە  لیستی یەكگرتووی ئیسلامی ئەژماری دەستی 2 دەنگ پێشتر 2 دەنگی هەبووە  لیستی نیشتیمان ئەژماری دەستی 3 دەنگ پێشتریش هەر 3 دەنگی هەبووە  لیستی نەسر ئەژماری دەستی 2 دەنگ پێشتریش هەر 2 دەنگی هەبووە . لیستی سۆسیالیست ئەژماری دەستی 2 دەنگ پێشتر  2 دەنگیان بۆ ئەژمار كرابوو ئەوەی تا ئێستا لە ناوەندی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكانی كەركوك خراوەتە روو جیاوازیەكی ئەو تۆ لە دەنگەكان نیە لە نێوان ئەژماری دەستی و ئەژماری ئەلكترۆنی، كە هەندێك پێیان وایە ئەو لایەنانەی ساختەكاریان كردووە چارەسەری ئەو كێشەیەیان كردووە بۆیە دەنگەكان هیچ جیاوازی نیە.  لەلایەكی تر دادوەرێك كە داوایكردووە ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە رۆژنامەی " العربی الجدید"ی قەتەری راگەیاندووە  لەو چەند سندوقەی لە دوو رۆژی رابردوودا دەنگەكانیان بەدەستی ئەژماركراونەتەوە، جیاوازییەكی زۆر گەورە هەیە لە نێوان ئەنجامی ئەلیكترۆنی و ئەنجامی ئەژماری دەستی دەنگی سندوقەكان و ئەوەش رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی دەنگی هەموو سندوقەكانی كەركوك ئەژماربكرێنەوە. بەوتەی ئەو دادوەرە زۆرترین پرۆسەی ساختەكاریی بۆ حزبە دەسەڵاتدارە كوردییەكان كراوە لەسەر حسابی حزبی توركمانی و عەرەبییەكان لە ناوچە جیاجیاكانی وەك دووز، پردی و ناوەندی كەركوك. دەشڵێت بۆ نمونە لە وێستگەیەكی دەنگدانی خوێندنگەی " الاخا‌و: لە داقوق، 209 دەنگ بە شێوەی ئەلیكترۆنیی بۆ كاندیدێكی كورد ئەژماركراوە، بەڵام لە راستیدا 109 دەنگی هێناوە،  لە وێستگەیەكی تردا لە دەنگدانی ئەلیكترۆنیدا 10 دەنگ بۆ كاندیدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیادكراوە لە كاتێكدا یەك دەنگی بەدەستهێناوە، ئەوەش لە جیاكردنەوەی دەستیی دەنگی سندوقەكاندا ئاشكرابووە. لای خۆشیەوە جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانیی، حەسەن تۆران لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " العربی الجدید" رایگەیاندووە ئەنجامی جیاكردنەوەی دەستی لە دوو رۆژی رابردوودا دەریخستووە كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئەنجامی ئەلیكترۆنیی و جیاكردنەوەی دەستیدا هەیە. تۆران دەڵێت:" بە داخەوە پرۆسەیەكی ساختكاریی زۆر ئاشكرا هەیە و بە زمانی ژمارە، بەڵام پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان بە شێوەیەكی شەفاف و ئاسان بەڕێوەدەچێت و ئێمە خۆشحاڵین پێی، و هیوادارین دەنگی هەموو بنكەكانی دەنگدانی كەركوك كە ژمارەیان 2500ە  بەدەستی جیابكرێنەوە نەك تەنها 500 بنكە كە ئێستا جیاكردنەوەی دەستی بۆ دەكرێت و دەركەوتووە كە ساختەكاریی گەورە لە كەركوك كراوە". هاوكات خالد ئەسەدی سەركردە لە هاوپەیمانی نیشتمانی دەسەڵاتدار دەڵێت:" جیاوازی لە ئەنجامی ئەلیكترۆنیی و جیاكردنەوەی دەستی قەبارەی ئەو ساختەكارییە ئاشكرادەكات كە لە كەركوك كراوە". بەڵام لایەنە توركمانەكان ئامارێكی تری قوتابخانەی پێشەوایان لە داقوق بڵاوكردۆتەوەو رۆژنامەی ( العربی الجدید) پشتی پێبەستووەو جیاوازیەكی زۆر لە دەنگەكاندا هەیە.


راپۆرت: محەمەد رەئوف ئەمرۆ 26 ساڵ تێپەڕی بەسەر پێكهێنانی یەكەم كابینەی حكومەتی لە هەرێمی كوردستان، حكومەتێك كە هێشتا دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و تەزووی كارەباو ئاوو خزمەتگوزاریە گشتیەكان، بەرۆكی بەرنەداوە. رۆژی 19/5/ 1992 یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، ئەوكات پەرلەمانی كوردستان ناوی "ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بوو". سەرەتای ئەزموونی فیفتی بە فیقتی سێ رۆژ دوای هەڵبژاردن یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی (50+50)، یان ئەوەی ناوی لێنرا "فیفتی بە فیفتی". رۆژی 22/5/1992 هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە شەقڵاوە كۆبوونەوە، دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە و ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی بڕیاریاندا: ئەنجو‌ومەنی نیشتیمانی پێكەوە لە نێوان هەردوولا بە یەكسانی پێكبێت، بەمشێوەیە: •    سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی پارتی بێت و جێگرەكەی یەكێتی •    سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن یەكێتی بێت و جێگرەكەی پارتی •    ئەنجومەنی بەڕێوەبەردن بە یەكسانی دابەشبكرێت •    دژی یەكتر هیچ جۆرە تەحالوفێك نەكەن یەكەمین كۆبونەوە پەرلەمانی كوردستان لە ماددەی (46)ی یاسای ژمارە (1)ی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستاندا هاتووە:" ئەنجو‌ومەن یەكەمین كۆبونەوەی خۆی لە سەعات 10ی دەیەمین رۆژی بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەبەستێت". دوای رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی، لە كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی رۆژی 4/6/1992 پەرلەمانی كوردستان یەكەمین كۆبونەوەی خۆی سازكرد. یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندام (حەسەن كانەبی بڵباس) بەڕێوەچوو، كە كەسایەتییەكی بێلایەن بوو لە لیستی یەكێتیدا. دانانی حەسەن كانەبی بڵباس وەكو سەرۆكی یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان بەپێی ماددەی (47)ی یاسای ژمارە یەكی ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستان بوو، كە دەڵێ" ئەنجومەن یەكەمین كۆبونەوەی خۆی بەسەرۆكایەتی پیرترین ئەندام دەبەستێت و ئەندامان ئەم سوێندە دەخۆن: سوێند دەخۆم بەخوای گەورە پارێزگاری بكەم لە یەكێتی خاكی كوردستانی عێراق و بەرژەوەندییە باڵاكانی".  دواتر بەپێی ماددەی (48)ی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی، سەرۆك و جێگر و سكرتێری ئەنجو‌ومەنی نیشتیمانی هەڵبژێردران، هەروەك لە ماددەكەدا هاتووە" ئەنجومەن لە دانیشتنی یەكەمیدا بە رێگای دەنگدانی نهێنیی سەرۆك و جێگری سەرۆك و سكرتێر بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی هەڵدەبژێرێت". ئەنجومەنی نیشتیمانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی سكرتێری سەرۆكی هەڵبژارد، بەمشێوەیە:   •    جەوهەر نامیق سالم - سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتیمانی - پارتی دیموكراتی كوردستان •    محەمەد تۆفیق رەحیم - جێگری سەرۆكی ئەنجومەن - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان •    فرسەت ئەحمەد عەبدوڵا - سكرتێری سەرۆكی ئەنجومەن - پارتی دیموكراتی كوردستان دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پێكهێنانی پەرلەمانی كوردستان نزیكەی دوو هەفتەی خایاند، دانان و هەڵبژاردنی كاندیدەكان لە دەستی حیزبەكان خۆیاندا بوو. لە یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان (105) كورسی بوو، كە بەمشێوەیە بەسەر حزبەكاندا دابەشبوو: •    پارتی دیموكراتی كوردستان: (50) كورسی، یەكێكیان ئافرەت بوو، (10) ئەندامی حیزبی بوون و (40) كەسیان سەربەخۆ بوون •    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان: (50) كورسی، (4)كەسیان ئافرەت بوون، (27)یان ئەندامی حیزب بوون و (20)یشیان سەربەخۆ بوون، (3) كورسیش بۆ حیزبی زەحمەتكێشان تەرخانكرابوو •    بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشووری: (4) كورسی •    یەكێتی مەسیحییەكانی كوردستان: (1) كورسی پێكهێنانی یەكەم كابینەی حكومەت لە دووەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، كە لە رۆژی 6/6/1992 بەسترا، ئەنجومەنی نیشتیمانی ئەم كەسانەی راسپارد بە پێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكومەت لە هەرێمی كوردستان: •    فوئاد مەعسوم/ بۆ سەرۆكی حكومەت لە لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان •     رۆژ نوری شاوەیس/ لە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت رۆژی  4/7/1992 یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد، كە لە 16 وەزیر پێكهاتبوو بەمشێوەیە:  •    پارتی دیموكراتی كوردستان: 6 وەزیر •    یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 6 وەزیر •    حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان: یەك وەزیر •    حزبی شیوعی: یەك وەزیر •    بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری: یەك وەزیر •    یەك وەزیر بۆ كەسایەتییەكی سەربەخۆ حیزبی (گەل) و (سۆسیالیست) كە پێش دروستبوونی كابینەی حكومەت یەكیانگرتبوو، (2) كورسی وەزارەتیان پێدرا، بەڵام نەیانویست، بەپێی زانیارییەكانی ئەوكات داوای (3) كورسیان كردووە، حیزبی گەل رایگەیاند، بەلای ئەوانەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ئەوەندە فێڵاوییە، كە ئەمان بەهیچ شێوەیەك نایانەوێت پەیوەندیان پێوە هەبێت.  شۆڕكردنەوەی "فیفتی بە فیفتی"  لەبەرئەوەی یەكێتی و پارتی رێككەوتبوون لەسەر دابەشكردنی سەرجەم پۆستەكان بەشێوەی "فیفتی بە فیفتی" بۆیە ئەو شێوازە دابەشكارییە تەنیا لە پۆستە باڵاكاندا نەمایەوە و شۆڕ بووەوە بۆ پۆستەكانی خوارەوەش. یەكێتی و پارتی لە پێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكومەتدا، سەرباری ئەوەی پۆستەكانیان بەشێوەی (50+50) دابەشكرد، بۆ هەر وەزیرێكیش جێگرێكیان دانا، بەشێوەیەك ئەگەر وەزیرەكە یەكێتی بێت جێگرەكەی لە پارتی بێت، بە پێچەوانەشەوە. فوئاد مەعسوم دەستیلەكاركێشایەوە دوای كەمتر لە ساڵێك لە پێكهێنانی، یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان روبەڕووی چەندین كێشەی كەڵەكەبووی ئابوریی و سیاسیی بو‌وەوە، هاوكات دەستوەردانی حیزبی فشاری گەورەی دروستكرد لەسەر كابینەی یەكەمی حكومەت، فۆئاد مەعسوم كە سەرۆكی حكومەتەكە بوو دەستی لەكاركێشایەوە. فوئاد مەعسوم لە چاوپێكەوتنێكدا بەمشێوەیە باسی دەستلەكاركێشانەوەكەی دەكات:" پارتی منی بە نهێنگیریی تۆمەتبار دەكرد، تەنانەت یەكێتیش منی بەوە تۆمەتبار دەكرد، ئەوان ئاڕاستەی تەكنۆكراتی منیان بە دڵ نەبوو، وایان پێباش بوو لە پۆستەكەمدا زیاتر سیاسییانە مامەڵە بكەم".  فوئاد مەعسوم باسلەوەدەكات" حكومەت لە سەرەتاوە یەك دیناری نەبووەو گومرگ و سەرچاوەی دارایی لای بەرەی كوردستانی بووەو دوای شەش مانگ ئینجا رادەستی حكومەتی هەرێمی كردووە، لەو كاتەدا ماوەی چوار مانگ موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان نەدرا".    كابینەی دووەمی حكومەت رۆژی 4/4/ 1993 كابینەی دووەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) و  (رۆژ نوری شاوەیس) جێگری سەرۆكی حكومەت، پێكهات. لە كابینە نوێیەكەدا چەند وەزیرێكی نوێ دانران و هەندێك لە وەزیرەكانی كابینەی یەكەمیش لە كابینەی نوێدا مانەوە. لە كابینەی یەكەمدا بودجەو موچە دیار نەبوو، سەرچاوەی دارایی بەشێكی لای حزبەكان بوو، بەشێكی دەگەیشتە دەستی حكومەت، بەڵام لە كابینەی دووەمدا بودجەی حكومەت زیادی كرد، بەشی زۆری ئەو داهات و سامانەی كە هاتوەتە خەزێنەی حكومەتەوە پشكی گەورەی بۆ حیزبەكان بووەو بەشێكی كەمی دراوەتە هاوڵاتیان. بەپێی بەڵگەنامەی نەوشیروان مستەفا كە لەوتارێكدا بەناوی (حیزب و حوكم، ئەزمونی كوردستان) لە سایتی (سبەی)دا بڵاویكردوەتەوە: •    لە مانگی 10ی 1994دا، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان (86 ملیۆن و 450 هەزار) دیناری سویسری بووە •     هاوكات ئەو پارەیەی كە لەو كاتەدا دراوە بە یەكێتی و پارتی (80 ملیۆن ) دینار بووە، واتا نزیكەی نیوەی كۆی بودجەی حكومەت دراوە بە یەكێتی و پارتی.    سەرچاوە/ كتێبی هەڵبژاردن لە كوردستان 1992-2014 نوسنی محەمەد رەئوف


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت نزیكەی ساڵێك و دوو مانگە نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كردووە، لەدوای خۆی بزوتنەوەیەكی بەجێهێشتووە، كە ئێستا رۆژ لەدوای رۆژ كێشە ناوخۆییەكانی بەرەو لوتكە هەڵدەكشێن، كرۆكی كێشەی ناوخۆیی گۆڕان خۆی دەبینێتەوە لە پرسی خاوەندارێتی بزوتنەوەكە، رەنگە نەوشیروان مستەفا پێش مردنی پێشبینی ئەوەی نەكردبێت دۆخەكە بەم ئاستە بگات. بەم دواییانە بەتایبەتیش دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی ژوورە تاریكەكاندا هاتنە دەرەوە و ئێستا هەر كەسێك ئەتوانێت لە روپەڕی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و تەنانەت لە لێدوانە فەرمییەكانیشدا هەست بەو كێشە قوڵانە بكات.  بڕیاربوو بەر لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایار، بزوتنەوەی گۆڕان لەناو خۆیدا كێشەكان تاوتوێ بكات، بەڵام بەهۆی نزیكبونەوەی وادەی هەڵبژاردن، هەموان بێدەنگییان لێ كرد. رەگ و ریشەی ناكۆكییەكان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی گۆڕان، واتە ئەو كاتانەش كە نەوشیروان مستەفا لەژیاندا بوو، پرسی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە هەر لە سەرەتاوە پرسێكی گەرم بوو، بەڵام لە  تارمایی كاریزمایی نەوشیروان مستەفادا دیار نەبوون، بەڵام بە رۆیشتنی نەوشیروان مستەفا چیتر تارماییەك بەسەر كێشەكانەوە نەماوە. ناكۆكییەكان كەی تەقینەوە ؟ سەرەتای تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكان گۆڕان بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە كە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا هەواڵی تاپۆكردنی گردی زەرگەتە (مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی) لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا (نما و چیا) لە میدیاكانەوە بڵاوبوەوە. تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە، گومانی هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد بە یەقین، چونكە ئەوان تاپۆكردنی گردی زەرگەتەیان هێندە وەك هەوڵێك بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی كاری سیاسی بزوتنەوەكە و تەوریسكردنی دەسەڵات لەناو بزوتنەوەكە بینی، هێندە وەكو هەوڵێك بۆ رێكخستنەوەی كاروبارەكان دوای نەوشیروان مستەفا تەماشایان نەكرد، بۆ ئەمەش بەڵگەی ئەوەیان هێنایەوە كە " دەكرا دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا ئەو موڵك و ماڵانە وەكو رەمزێك هەر بە ناوی خۆیەوە بمێنێتەوە و لەڕووی یاساییشەوە هیچ كێشەیەك دروستناكات" یاخود بەڵگەی ئەوەیان دەهێنایەوە كە "پرۆسەی تاپۆكردنەكە بە شێوەیەكی نهێنی و دوور لە پرەنسیبی حزبی بەڕێوەچووە و دامەزراوەكانی گۆڕان هیچیان ئاگاداری ئەو بابەتە نەبوون"، هەندێكیش باسیان لەوە دەكرد تەنانەت لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە دروست نەبوو بەر لە زەردبونی كفنەكەی نەوشیروان مستەفا ئەو موڵكانەی كە بۆ پرۆژە سیاسییەكانی وەریگرتبوو، دابەشبكرێن. تاپۆكردنی تەواوی ئەو موڵك و ماڵانە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا تەنیا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان ناڕەزایەتی دروستنەكرد، لە دەرەوەی بزوتنەوەكەش ئەوكات ژمارەیەك نوسەر ئەو هەنگاوەیان وەكو هەوڵێك بۆ "تەوریسی سیاسی و بە بنەماڵەیكردنی بزوتنەوەی گۆڕان ناوبرد"، ئەوكات مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح وەكو دوو كەسایەتی  بیرمەند و پشتیوانی پرسی گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان و تەحەداكانی بەردەمی" لەبارەی تاپۆكردنی موڵك و ماڵی بزوتنەوەكە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، نوسییان:" ئەمە مەترسیی دروستبوونی مەرجەعییەتی خێزانیی دەباتە ئاستێك كە دژ بە پایە هەرە سەرەكییەكەی بزوتنەوەكەیە و هیچ پاساوێكی یاسایی و سیاسیی و ئەخلاقییشی لەناو بزوتنەوەكەدا بۆ نییە". بەگوێرەی زانیارییەكان هەر لەو سەردەمەدا، ژمارەیەك لە كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیر سەردانی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایان كردووە و ئاگادارییان كردوون لە مەترسی كاردانەوەی تاپۆكردنی گردی زەرگەتە و هەر هەنگاوێكی سیاسی كە لە داهاتوودا دەینێن، بەڵام دواجار كاریگەری ئەوانە سەركەوت كە لە دەوری كوڕەكانن و بۆ ئەو هەنگاوانە پشتیوانیان دەكەن. لە پرسی تاپۆكردنی موڵك و ماڵەكاندا، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بە تەنیا نەبوون، هەفتەیەك دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا زۆرێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەكە پشتیوانی ئەوەیان كردووە كە موڵك و ماڵەكان بخرێنەسەر ناوی كوڕەكان، ئەمەشیان وەكو مافێكی رەوا زانیوە، ساماڵ سەردار وەزیری بازرگانی هەرێمی كوردستان كە بەر لەوەی ببێت بە وەزیر، پارێزەری فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، سەرپەرشتی پرۆسەی تاپۆكردنی گردی زەرگەتەی كرد لەسەر كوڕەكان. كوڕەكان بۆئەوەی ئەم هەنگاوەیان بەبێ كێشە تێپەڕێت لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند، تەنانەت ئەگەر ئەو دەزگایانەش بخرێنەوەسەر كۆمپانیای وشە، بەڵام هەر لە خزمەتی بزوتنەوەی گۆڕاندا دەمێننەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی ناڕازییەكان بوو، كوڕەكان لە بەیاننامەكەیاندا لەبری ئەوەی بنوسن"موڵك و ماڵەكان هی بزوتنەوەی گۆڕانن" نوسییان "موڵك و ماڵەكان لە خزمەتی گۆڕاندا دەبن". "سێ سینەكە" لەسەرەتایی دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، هەمیشە نەوشیروان مستەفا لە كۆڕو كۆبونەوە تایبەتەكاندا لەگەڵ هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی سەرچاوەی دارایی بزوتنەوەكەوە ئاماژەی بۆ "سێ سین" دەكرد: •    سینی یەكەم: سواڵ •    سینی دووەم: سەدەقە •    سینی سێیەم: سەرانە بەڵام سەرباری ئەو "سێ سینە" نەوشیروان مستەفا بەر لە مردنی كاری كردبوو بۆ دابینكردنی سەرچاوەی دارایی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوەش دروستكردنی كارگەیەكی گەورە بوو بۆ بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ وەكو كۆمپانیایەكی هاوبەش بەناوی "كارگەی گاسن"، لەگەڵ چەند پرۆژە و موڵك و ماڵێكی تر. بەپێی زانیارییەكان، كارگەی گاسن كاتێك كەوتوەتە بەرهەم كە بە رێكەوت لە دوا مانگەكانی تەمەنی نەوشیروان مستەفادا بووە، بۆیە هێندە مشتومڕ لەسەر داهاتی ئەو كارگەیە دروست نەبووە، وەكو ئەوەی ئێستا و دوای مەرگی ئەو كێشەی دروستكردووە. داهاتی (گارگەی گاسن) روون نیە، بەڵام بەپێی هەندێك زانیاری كە لەچەند كەسێكی ئاگاداری ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، سەرەتای مانگی ئازاری 2018، كۆمپانیای وشە وەكو لایەنێكی پشكدار، بڕی (2 ملیۆن و 150 هەزار) دۆلاری داهاتی گارگەی گاسنی وەرگرتووە. گۆڕان نیو ملیار دۆلاری لای حكومەتە نەوشیروان مستەفا بەر لە مردنی هەوڵیدا سەرچاوەیەكی دارایی تر بۆ بزوتنەوەی گۆڕان فەراهەم بكات، بۆ ئەوەش بەلایەوە گرنگ بوو یاسای پارتە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان پەسەند بكرێت، كە هاوشێوەی زۆر وڵاتی جیهان حكومەت بەگوێرەی دەنگ و قورسایی سیاسییان لەناو پەرلەمان، بودجەیەكی دیاریكراو بۆ پارتە سیاسییەكان دابین بكات تاوەكو پارتەكان پەنا بۆ پشتیوانی دەرەكی نەبەن. دواجار پەرلەمانی كوردستان كە سەرۆكەكەی سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو (یوسف محەمەد)، پرۆژەیاسای "پێدانی بودجەی حزبەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراق" خستە دەنگدانەوە، سەرباری ناڕەزایەتی یەكێتی و پارتی، یاساكە پەسەندكرا، بەڵام بڕگەیەك بۆ یاساكە زیادكرا و بەپێی ئەو بڕگەیە خەرجكردنی پارە بۆ پارتە سیاسییەكان راگیرا تا ئەو كاتەی قەیرانی دارایی كۆتایی دێت، هەندێك لە پەرلەمانتارانی گۆڕان پشتیوانی زیادكردنی ئەو بڕگەیان كرد. بزوتنەوەی گۆڕان بەر لە پەسەندكردنی ئەم یاسایە، لەو سەردەمەی كە بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەت بوو، مانگانە بڕی (500 ملیۆن) دیناری لە حكومەت وەكو سلفە وەرگرتووە، بەڵام بە پەسەندكردنی ئەو یاسایە، گۆڕان ئەم سەرچاوە داراییەشی لەدەستدا. لەسەر پێداگری بزوتنەوەی گۆڕان یاسای "پێدانی بودجەی حزبەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراق" بەشێوەیەك نوسرایەوە كە (اپر رجعی)ی هەبێت، واتە بەپێی ئەو یاسایە ئێستا حكومەتی هەرێم نزیكەی ( 500 ملیۆن دۆلار) قەرزاری بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەمە دوای لێدەكردنی ئەو سولفەیەش كە گۆڕان بەر لە پەسەندكردنی یاساكە لە حكومەتی وەرگرتووە. ئەم پارەیەش وەكو كارتێكی سیاسی بەهێزە لەناو مشتومڕە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، چونكە ئەو لایەنەی كە جڵەوی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێتە دەست، لە داهاتوودا خاوەندارێتی ئەو سەرچاوە داراییە گرنگە دەكات. گۆڕان 12 ملیۆن دۆلار قەرزارە بەر لە پەسەندكردنی یاسای "پێدانی بودجەی حزبەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراق"، بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی ساڵی 2013 كۆنگرەی كرد. لە راپۆرتی دارایی یەكەم كۆنگرەی بزوتنەوەكەدا ئەندامانی كۆنگرە ئاگاداركران لەوەی بزوتنەوەكەی (12 ملیۆن دۆلار) قەرزارە. روون نییە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان ئەم قەرزانەی داوەتەوە یاخود نا. رێككەوتنی سیاسی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی رۆژی 17-5-2016 بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی بە ئامادەبوونی هەریەكە لە جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ریككەوتنێكی سیاسییان ئیمزا كرد. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەپێی یەكێك لە پاشكۆكانی ئەو رێككەوتنە كە تائێستا بڵاونەكراوەتەوە، یەكێتی نیشتمانی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە مانگانە وەكو سەرەتایەك بڕی (500 هەزار دۆلار) خەرجی بزوتنەوەی گۆڕان بگرێتەئەستۆ. تاوەكو مەرگی نەوشیروان مستەفا مانگانە یەكێتی نیشتمانی ئەو پارەیەی بە بزوتنەوەی گۆڕان داوە، بەڵام لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە ئەو پارەیە وردە وردە كەمبوەتەوە. بەهۆی ناكۆكیی ناوبەناوی یەكێتی و گۆڕانەوە چەندینجار ناردنی ئەم پارەیە كێشەی تێكەوتووە یاخود هەڕەشەی راگرتنی كراوە، بەڵام تائێستا ناردنی پارەكە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوامە و رانەوەستاوە. تا ئەو كاتەی نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بووە، بزوتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی رێككەوتنی سیاسیدا تەماشای ئەو پارەیەی كردووە لە یەكێتی نیشتیمانی وەرگرتووە، بەڵام ئێستا یەكێتی وەكو "سەدەقە" پارەكە بە گۆڕان دەدات. یەكێتی بەو پارەیەی كە مانگانە بە بزوتنەوەی گۆڕانی دەدات، دەمی بزوتنەوەكەی داخستووە، میدیای گۆڕان كە بەردەوام رەخنەی توند لە لایەنە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەگرێت، بە ئاشكرا خۆی دەبوێرێت لە رەخنەگرتن لە ماڵباتی تاڵەبانی، لەكاتێكدا ئێستا ئەوان دەسەڵاتدارانی فیعلی دەڤەری سلێمانین. یەكێتی پارەكەی گۆڕانی زیاد كرد بەپێی ئەو زانیاریانەی بۆ ئەم راپۆرتە كۆكراوەتەوە، لە سەرەتای ساڵی 2018 ەوە مانگانە بزوتنەوەی گۆڕان بڕی (170 هەزار) دۆلاری لە یەكێتی وەرگرتووە. لە كۆبونەوەیەكی ئەمدواییەی سەركردایەتی یەكێتیدا دوای ئاڵۆزبونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، پێشنیازی ئەوە كرا یەكێتی "یارمەتییە دارایی"ەكانی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان رابگرێت، بەڵام بۆ دڵڕازیكردنی گۆڕان و رەواندنەوە ئەو بارگرژییانەی كە دوای هێرش بۆسەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شەوی 12ی ئایاردا رویدا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە بری بڕینی پارەكە، یەكێتی بڕە پارەكەی گۆڕانی لە (170 هەزار) دۆلارەوە بۆ ( 250 هەزار) دۆلار زیادكردووە. یەكێتی پارە بە گۆڕان دەدات یان باروت ؟ ئەو پارەیەی كە یەكێتی مانگانە بە گۆڕانی دەدات خەریكە وەكو بەرمیلە باروت ماڵی گۆڕان دەتەقێنێتەوە، سەڕەرای ئەوەی لە بنەڕەتەوە هەندێك لە سەركردەكانی گۆڕان دژی وەرگرتنی ئەو پارەیەن، رادەستكردنی پارەكەش لەلایەن یەكێتییەوە بە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا هێندەی تر دۆخەكەی ئاڵۆز كردووە. ئەوكاتەی كە نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو، مانگانە ژووری كارگێڕی و دارایی بزوتنەوەی گۆڕان پارەكەی لە یەكێتی وەردەگرت، بەڵام لەدوای كۆچی دوایی ئەو، ئێستا یەكێتی پارەكە راستەوخۆ رادەستی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەكات، ژوری كارگێڕی و دارایی بزوتنەوەی گۆڕانیش گشت سەرچاوە داراییەكانی تری روبەڕوی كوڕەكان كردوەتەوە، ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم زانیارییانەی بۆ (درەو میدیا) پشتڕاستكردەوە. رادەستكردنی ئەو پارەیە لەلایەن یەكیێتییەوە بە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، لەلایەن هەندێك لە سەكردەكانی گۆڕانەوە وا لێكدەدرێتەوە "یەكێتی دەیەوێت لەم رێگەیەوە هەژمونی كوڕەكان بەسەر بزوتنەوەی گۆڕاندا زاڵ بكات و بزوتنەوەی گۆڕان هاوشێوەی خۆی بەرەو حوكمی بنەماڵەیی ببات". نەوشیروان مستەفا كە رۆژانێك نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی بە "هەژمونی سیاسی" خۆی باڵەكانی ناو یەكێتی راگرتبوو، ئێستا دوای كۆچی دوایی ئەو، یەكێتی دەیەوێت بە "پارە" گەمەی سیاسی ناو بزوتنەوەكەی بەڕێوەدەبات. میدیا.. سەرچاوەیەكی تری كێشەكان  بزوتنەوەی گۆڕان بەرلەوەی بەشێوەی سیاسی دامەزراندنی خۆی رابگەیەنێت، بەشێوەیەكی میدیایی دەستیپێكرد، كرۆكی پرۆژەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆمپانیا وشەوە دەستیپێكرد، ئەم كۆمپانیایە پێكهاتبوو لە سێ دامەزراوەی میدیایی (رۆژنامەی رۆژنامە- سایتی سبەی- تەلەفزیۆنی KNN). لە سەرەتاوە نەوشیروان مستەفا دەیویست ئەم دەزگایانە لە حزب بەدووربگرێت، بەڵام كاتێك بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاند، بەهۆی زۆری میدیای لایەنە ركابەرەكانی ناچاربوو میدیاكانی كۆمپانیای وشە بخزێنێتە ناو شەڕە سیاسییەكەوە، لەوكاتەوە ئیتر ئەو میدیایانە مۆركی حیزبیبونیان بەسەردا بڕاو چیتر تەنانەت وەكو میدیایەكی سێبەریش نەمانەوە. رۆژی 1ی ئازاری 2015 نەوشیروان مستەفا بە نوسراوێك بەتەواوەتی حیزبیبونی میدیاكانی سەربە كۆمپانیای وشەی یەكلاكردەوە و (ژووری رۆژنامەوانی- سایتی سبەی- رادیۆی گۆڕان- تەلەفزیۆنی KNN)ی لەژێر ناوی "میدیای گۆڕان"دا چەسپاند. ئەم هەنگاوەی نەوشیروان مستەفا ئێستا لەلایەن بەرەی ناڕازی بزوتنەوەی گۆڕانەوە وا لێكدەدرێتەوە كە نەوشیروان مستەفا ویستویەتی تەواوی موڵك و ماڵەكان لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان تاپۆبكرێن. بەڵام دوای كۆچی دوایی خۆی، كوڕەكانی ئەم هاوكێشەیەیان هەڵوەشاندەوە، بەوپێیەی خاوەندارێتی كۆمپانیای وشەیان خستەسەر ناوی خۆیان، دوایانكرد ئەو دەزگایانەی كە سەربە كۆمپانیای وشەن، لە حزب جیابكرێنەوە و بخرێنەوە سەر كۆمپانیا، لەمەشدا زیاتر مەبەستیان لە (تەلەفزیۆنی KNN و سایتی سبەی) بوو، چونكە (رادیۆی گۆڕان) لەڕووی خاوەندارێتییەوە لە بنەڕەتەوە سەربە كۆمپانیای وشە نەبوو، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئێستا رادیۆی گۆڕانیش لەلایەن ستافی كۆمپانیای وشەوە بەڕێوەدەبرێت. دوای سەركەوتنی هەنگاوەكەیان، كوڕەكان لە یەكەم هەوڵدا بۆ كۆنترۆڵكردنی میدیا، (عەبدولڕەزاق شەریف) بەڕێوەبەری كەناڵی KNN یان لابرد و (ئاكۆ حەمە كەریم) یان لە شوێنی دانا كە كەسێكی نزیك بوو لە خۆیانەوە. جگە لە گۆڕینی بەڕێوەبەر، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بەڕێوەبەری كارگێڕی (KNN) یشیان گۆڕی و (شۆڕش عەلی سەعید)یان دانا كە خاڵی خۆیانە. سەرباری ناڕەزایەتییەكان، بەپێچەوانەی پرسی تاپۆكردنی گردی زەرگەتە، تاڕادەیەك گۆڕینی بەڕێوەبەرو بەڕێوەبەری كارگێڕی KNN و بەپێی پرەنسیپی حزبی بەڕێوەچوو، چونكە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئیمزای لەسەر گۆڕانكارییەكە كرد، واتە پشتیوانی هەنگاوی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفای كرد. سامانە مەعنەوییەكەی نەوشیروان مستەفا پایەیەكی تری بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێستا چارەنوسی یەكلابوەتەوە، مافی خاوەندارێتیكردنی سامانە مەعنەوییەكەی نەوشیروان مستەفایە. لە رۆژی راگەیاندنی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە، هێندەی كوڕەكانی وەكو خاوەن سامانە مەعنەوییەكەی نەوشیروان مستەفا مامەڵەیان لەگەڵدا كرا، هێندە مامەڵە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا نەكرا، ئەگەر چی هەندێك كەس ئەمە بۆ بابەتێكی كۆمەڵایەتی دەگێڕنەوە، بەڵام هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان باسلەوە دەكەن، یەكێتی و پارتی بە ئەنقەست لە دوای مردنی نەوشیروان مستەفاوە زیاتر مامەڵە لەگەڵ كوڕەكانی دەكەن، نەك بزوتنەوەی گۆڕان، بەبۆچونی ئەوان "پارتی و یەكێتی لەم رێگەیەوە دەیانەوێت بزوتنەوەی گۆڕان بەرەو حوكمی بنەماڵەیی ئاڕاستە بكەن و بەوەش دیمەنی نەوشیروان مستەفا لە مێژودا وەكو كەسێكی دژ بە حوكمڕانی بنەماڵەیی بشێوێنن". سەرباری یەكێتی و پارتیش باڵیۆزخانە و كونسولگەری وڵاتانی بیانیش لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە زیاتر مامەڵەیان لەگەڵ كوڕەكانی كرد بەتایبەتیش ئەمریكا و بەریتانیا، ئەمەش لەكاتی خۆیدا هەندێك نیگەرانی دروستكرد. ململانێ لەسەر سامانە مەعنەوییەكەی نەوشیروان مستەفا، تەنیا بزوتنەوەی گۆڕانی نەگرتوەتەوە وەكو قەوارەیەكی سیاسی، ململانێكە گەیشتوەتە ناو بنەماڵەی نەوشیروان مستەفاش. بەپێی زانیارییەكان" لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە، كوڕەكانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسە نزیكەكانی ناو خێزانەكەیان پەیوەندییان ساردو سڕبووە".   هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا، رۆژی 25ی تەموزی 2017 هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو. بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان، ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی دەنگدانەوە (7) كەسیان بۆ خانەی راپەڕاندن هەڵبژارد. خانەی راپەڕاندن كە لە دەستوری بزوتنەوەی گۆڕاندا بڕیار لە پێكهێنانی درا، تاوەكو نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو، دروست نەكرا. بەپێی دەستوری گۆڕان، خانەی راپەڕاندن پێكدێت لە (رێكخەری گشتی، سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی، سەرۆكی جڤاتی گشتی، سكرتێری باژێڕوانەكان، سكرتێری ژوورەكان، سكرتێری فراكسیۆنەكان و سكرتێری كاروباری خەڵك). كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەم پرۆسەییەدا بێ كاریگەری نەبوون، محەمەد تۆفیق رەحیم رێكخەری ئەوكاتی ژووری دیپلۆماسی كە زاوای نەوشیروان مستەفا و پشتیوانی سەرسەختی كوڕەكان بوو، خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سكرتێری ژوورەكان كاندید كرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو پێش ئەو عوسمان حاجی مەحمود خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردبوو. دوای مشتومڕێكی زۆر عوسمان حاجی مەحمود بۆ محەمەد تۆفیق رەحیم كشایەوە و لەبری سكرتێری ژوورەكان خۆی بۆ سكرتێری كاروباری باژێڕوانەكان كاندید كرد. سەرباری كشانەوەی عوسمان حاجی مەحمود لە ركابەرێتیكردنی محەمەد تۆفیق رەحیم، بەڵام راوەستانی محەمەد تۆفیق رەحیم لەبەرامبەر عوسمان حاجی مەحمود وەكو هەوڵێكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لێكدرایەوە بۆ دەرپەڕاندنی ئەو سەركردانەی گۆڕان كە رەخنەیان لە سیاسەتی بزوتنەوەكە هەیە. قادر حاجی عەلی وەكو یەكێك لە كەسایەتییە كاریگەرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە سەرەتاوە رەخنەی لە ئەدای كاری بزوتنەوەكە هەیە، خۆی بۆ هیچ پۆستێك كاندید نەكرد، بەڵام هیچ نیگەرانییەكی ئەوتۆشی لە بەڕێوەچونی پرۆسەكە بەوشێوەیە نیشان نەدا. دیارترین رەخنە لە روبەڕوی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن كرایەوە ئەوە بوو كە خانە نوێیەكە گەنج و ژنی تێدا نییە، لەكاتێكدا بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە نامەیەكی نەوشیروان مستەفا خوێندرایەوە كە تێیدا داوا دەكات خانە نوێیەكە لە خەڵكانی بە ئەزمون و گەنجەكان پێكبهێنرێت. ئەوەی لە پشت پەردەوە بەڕێوەچوو، زیاتر رێككەوتنی سیاسی بوو وەك لە بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن، چونكە زۆرینەی پۆستەكانی خانەی راپەڕاندن بەبێ ركابەرێتی راستەقینە و بە هەڵبژاردنی یەك كاندید پڕكرانەوە. هەڵبژاردنی رێكخەر پرۆسەی پڕكردنەوەی شوێنی نەوشیروان مستەفا هاوشێوەی خانەی راپەڕاندن بێ كێشمەكێش بەڕێوەنەچوو، عومەر سەید عەلی بەبێ هیچ ركابەرێتییەك وەكو رێكخەری نوێ هەڵبژێردرا. نەبوونی كاندیدی ركابەر لەبەرامبەر عومەر سەید عەلی، یەكێك بوو لەو رەخنانەی كە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی رێكخەری نوێی بزوتنەوەی گۆڕان گیرا، لەمەشدا تەنیا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا و لایەنگرەكانیان بەرپرس نەبوون، ئەوانەشی كە رەخنەیان هەیە بەهەمان شێوە بەرپرسیارێتی كەوتە ئەستۆیان، چونكە بێدەنگ بوون لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بەوشێوەیە، بەوپێیەی هەڵبژاردنی رێكخەر بەشێك بوو لەو رێككەوتنە ژێربەژێرەی كە لەبارەی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندنەوە كرا. "رێكخەری سێبەر" بەپێی ئەوەی باسدەكرێت كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا پشتیوانی سەرسەختی كاندیدبونی عومەر سەید عەلییان كردووە، هەندێك لەوانەی نزیكن لە بڕیاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانەوە باسلەوەدەكەن، پشتیوانی كاندیدبوونی عومەر سەید عەلی لەلایەن كوڕەكانەوە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نەنوسراودا بووە، ئەمەش هۆكارەكەیە كە دوای هەڵبژاردنی وەكو رێكخەر، عومەر سەید عەلی بێدەنگە لە ئاست جموجوڵە سیاسی و ئیدارییەكانی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەناوخۆ و دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان. هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردون، لەوە زیاتریش دەڕۆن و دەڵێن "ئێستا چیا نەوشیروان مستەفا رێكخەری سێبەری بزوتنەوەی گۆڕانە و بەبێ فەرمانی ئەو عومەر سەید عەلی هیچ هەنگاوێك نانێت".  ئەوەی ئێستا بووەتە سەرچاوەی نیگەرانی لەناو هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە وەكو خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەخنە دەگرن، بزوتنەوەكە سەرێكی دیاریكراوی نییە تاوەكو ناڕەزایەتی و گلەییەكانی خۆیانی پێدا هەڵواسن. سەرچاوەی دارایی و میدیایی و مەعنەوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا یەكلابوەتەوە، ئەگەر رێكخەری داهاتووی بزوتنەوەكە یەكێك لە كوڕەكان نەبێت، بەدڵنیایی هەركەسێكی تر ئەو پۆستە وەرگرێت دەبێت ملكەچی فەرمانەكانی ئەوان بێت. دواین زانیارییەكان باسلەوە دەكەن، مستەفا سەید قادر رەنگە رێكخەری داهاتووی بزوتنەوەی گۆڕان بێت، ئەو كە هیچ پلەیەكی حزبی نییە، ماوەیەكە بەشداری كۆبونەوەكانی خانەی راپەڕاندن دەكات، بەمدواییەش كە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی گەشتی دەرەوەی وڵاتی كرد، مستەفای سەید قادر كە نزیكترین كەسە لە كوڕەكانەوە، كارەكانی رێكخەری گشتی بەڕێوەبردووە نەك هیچ یەكێك لە ئەندامە هەڵبژێردراوەكانی خانەی راپەڕاندن. نەوەكانی نەوشیروان مستەفا نەوشیروان مستەفا وەكو یەكێك لە كاریگەرترین سیاسەتمەدارانی باشوری كوردستان رۆژی 19-5-2017 كۆچی دوایی كرد، لەدوای خۆی دوو كوڕ (نما- چیا) و كچێك (چرا)ی بەجێهێشت. ئەوەی جێگەی سەرەنجە لە رووداوە سیاسییە ناوخۆییەكانی دوای مەرگی نەوشیروان مستەفادا زیاتر ناوی كوڕەكانی درەوشانەوە نەك تاقانە كچەكەی، ئەمە لەكاتێكدایە نەوشیروان مستەفا بەوە ناسرابوو، هیچ جیاوازییەكی لەنێوان منداڵەكانیدا نەكردووە.


(درەو میدیا): پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكانی پارێزگای كەركوك بە سەرپەرشتی دادوەرەكانی كۆمسیۆن و بە ئامادەبوونی چاودێری قەوارە سیاسییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان بەردەوامە. بەوتەی چەند لێپرسراوێكی عێراقی لە بەغداد و كەركوك، جیاوازییەكی زۆر لە ئەنجامی دەنگی 32 بنكەی هەڵبژاردندا هەیە، كە رۆژی سێشەممە و چوارشەممە جارێكی تر بە شێوەی دەستیی ئەژماركراونەتەوە و پێشبینیشدەكەن زیاتر لە 80 كارمەند و لێپرسراوی لقی كەركوكی كۆمسیۆن بە تۆمەتی ساختەكاری رەوانەی دادگا بكرێن. پرۆسەكی چۆن بەڕێوەدەچێت؟ پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە هۆڵێكی وەرزشی ناوەڕاستی شاری كەركوك بەڕێوەدەچێت و 40 فەرمانبەر و هەشت دادوەر كە بۆ ئەو ئەركە دیاریكراون پرۆسەكە بەڕێوەدەبەن و دادوەرێكی سەر بە یەكێك لە كەمایەتییە ئاینییەكان سەرۆكایەتییان دەكات، ئەوەش وەك هەنگاوێك بۆ سەلماندنی بێلایەنی و پاكێتی پرۆسەكە. لە پرۆسەكەدا رێگەی بە یەك بریكاری حزبەكان دراوە لە دوورەوە چاودێری پرۆسەكە بكات و مافی دەستوەردانی نییە، جگە لەوانیش ژمارەیەك راگەیاندنكار و چاودێرانی كۆمەڵی مەدەنی و چاودێرانی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغداد " یۆنامی" چاودێری پرۆسەكە دەكەن، و رێگە بە میدیاكانی عێراق و میدیا بیانییەكانیش نادرێت مۆبایل یان كامێرا ببنە ناو هۆڵەكەوە و پەیامنێران یان رۆژنامەنوسان هاوشێوەی بریكاری قەوارە سیاسییەكان تەنها رێگەیان پێدەدرێت دەفتەرێكی بچوك و قەڵەمێك بەرنە ژوورەوە. ئەنجامەكان چی دەڵێن؟ ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی چەند سندوقێكی كەركوك، دەریخستووە كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان دەنگی سندوقەكان و ئەنجامە راگەیەنراوەكاندا هەیە و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی ئەوەی كە دەنگی هەموو سندوقەكانی كەركوك بەدەستی ئەژماربكرێنەوە. دەربارەی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان، دادوەرێك كە داوایكردووە ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە رۆژنامەی " العربی الجدید"ی قەتەری راگەیاندووە  لەو چەند سندوقەی لە دوو رۆژی رابردوودا دەنگەكانیان بەدەستی ئەژماركراونەتەوە، جیاوازییەكی زۆر گەورە هەیە لە نێوان ئەنجامی ئەلیكترۆنی و ئەنجامی ئەژماری دەستی دەنگی سندوقەكان و ئەوەش رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی دەنگی هەموو سندوقەكانی كەركوك ئەژماربكرێنەوە. بەوتەی ئەو دادوەرە زۆرترین پرۆسەی ساختەكاریی بۆ حزبە دەسەڵاتدارە كوردییەكان كراوە لەسەر حسابی حزبی توركمانی و عەرەبییەكان لە ناوچە جیاجیاكانی وەك دووز، پردی و ناوەندی كەركوك. دەشڵێت بۆ نمونە لە وێستگەیەكی دەنگدانی خوێندنگەی " الاخا‌و: لە داقوق، 209 دەنگ بە شێوەی ئەلیكترۆنیی بۆ كاندیدێكی كورد ئەژماركراوە، بەڵام لە راستیدا 109 دەنگی هێناوە،  لە وێستگەیەكی تردا لە دەنگدانی ئەلیكترۆنیدا 10 دەنگ بۆ كاندیدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیادكراوە لە كاتێكدا یەك دەنگی بەدەستهێناوە، ئەوەش لە جیاكردنەوەی دەستیی دەنگی سندوقەكاندا ئاشكرابووە. لایخۆشیەوە جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانیی، حەسەن تۆران لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " العربی الجدید" رایگەیاندووە ئەنجامی جیاكردنەوەی دەستی لە دوو رۆژی رابردوودا دەریخستووە كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئەنجامی ئەلیكترۆنیی و جیاكردنەوەی دەستیدا هەیە. تۆران دەڵێت:" بە داخەوە پرۆسەیەكی ساختكاریی زۆر ئاشكرا هەیە و بە زمانی ژمارە، بەڵام پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان بە شێوەیەكی شەفاف و ئاسان بەڕێوەدەچێت و ئێمە خۆشحاڵین پێی، و هیوادارین دەنگی هەموو بنكەكانی دەنگدانی كەركوك كە ژمارەیان 2500ە  بەدەستی جیابكرێنەوە نەك تەنها 500 بنكە كە ئێستا جیاكردنەوەی دەستی بۆ دەكرێت و دەركەوتووە كە ساختەكاریی گەورە لە كەركوك كراوە". هاوكات خالد ئەسەدی سەركردە لە هاوپەیمانی نیشتمانی دەسەڵاتدار دەڵێت:" جیاوازی لە ئەنجامی ئەلیكترۆنیی و جیاكردنەوەی دەستی قەبارەی ئەو ساختەكارییە ئاشكرادەكات كە لە كەركوك كراوە". ئەسەدی لە بەیاننامەیەكدا دەشڵێت:" دەركەوتنیئەو رێژە زۆرەی دەستكاریكردن، ئاماژەیە بۆ گەورەیی قەبارەی ئەو پرۆسەی ساختەكارییەی لە هەموو پارێزگاكانی عێراقدا كراوە". ئەسەدی راشیگەیاندوووە كە ئەو پرسە هەموو بەرپرسانی عێراق و خاوەن بڕیار  لە دادگای فیدراڵی و دەسەڵاتی  دادوەریی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مێژوویی بۆ جێبەجێكردنی یاسا و پابەندكردنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بە ژماردەنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەموو پارێزگاكانی عێراق. بەوتەی ئەسەدی بەهۆی ئاشكراكردنی ساختەكاری ژمارەیەكی زۆر لە بنكەكانی دەنگدان بە تایبەتی لە پارێزگاكانی باشوور لە نێویشیاندا بەسرە و میسان و زیقار، پێویستە ویستی هاوڵاتیان جێبەجێ بكرێت و دەنگی هەموو سندوقەكان بە دەستی جیابكرێتەوە و دەنگ بۆ ئەوانە بگەڕێتەوە كە هاوڵاتیان متمانەیان پێكردون لە هەڵبژاردندا دەنگیان پێداون. داواشی لە هاوڵاتیان كرد داوای مافەكانیان بكەن و بێ دەنگ نەبنن چونكە بێی دەنگی بەوە لێكدەدرێتەوە كە ئەوان قایلن بەو دەستكارییە گەورەیەی لە هەڵبژاردنی 2018 دا كراوە. ژماردنەوەی هەموو سندوقەكان سەركردەیەكی دیاری كوتلەی عەرەبیی لە كەركوك بە رۆژنامەی " العربیی الجدید" راگەیاندووە كە توركمانەكان و پارتە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكان بەڵێننامەیەكیان ئیمزاكردووە و داوادەكەن ئەگەر رێژەی جیاوازی نێوان ئەنجامی ئەلیكترۆنیی و جیاكردنەوەی دەستی زیاتر بوو لەسدا 40 زیاتر بوو، ئەوا دەنگی هەموو سندوقەكانی كەركوك بە دەستی جیابكرێتەوە. ئاشكراشیكرد سەركردە سیاسییەكانی عەرەب و توركمان و هێزە شیعییەكان لە بەغداد دیاترینیان " فەتح و نەسر" تەوافقیان كردوووە لەسەر ئەوەی كە ئەگەر جیاوازییەكە زۆر بوو، ئەوا دەنگی هەموو سندوقەكانی كەركوك بە دەستی جیابكرێتەوە و بەوتەی ئەو پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان لە كەركوك زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەكرا دەخایەنێت. سەرچاوە: رۆژنامەی " العربی الجدید"  


( درەو میدیا): بە تۆمەتی یاریكردن بە ئابوریی وڵات، پۆلیسی ئێران كەسێكی دەستگیركرد كە دوو تۆن دراوی زێڕی كۆكردوەتەوە و بە " سوڵتانی دراوە زێڕەكان" ناودەبرێت. لیوا حسێن رەحیمی، فەرماندەی پۆلیسی تاران، ناوی ئەو كەسەی ئاشكرانەكرد و رایگەیاند تەمەنی 58 ساڵە و لەگەڵ چەند هاوكارێكیدا لە ماوەی 10 مانگدا نزیكەی 250 هەزار دراوی زێڕی كۆكردووەتەوە. بەوتەی رەحیمی لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو كەسە گومانلێكراوەدا چوار مانگی خایاندووە و بۆیان سەلمێنراوە كە ئەو كەسە بە ئارەزووی خۆی یاری بە بازاڕ كردووە و نرخەكانی بەرز یان نزمكردوەتەوە. ئەو بڕە دراوە زێڕەی ئەو كەسە كۆیكردووەتەوە لە یەدەگی چەند وڵاتێك تێپەڕدەبێت، بۆ نمونە لە گوێرەی داتاكانی ئەنجومەنی زێڕی جیهانی بۆ مانگی حوەزیران، یەدەگی یەمەن و ئەلبانیا و سلڤادۆر تەنها 1.6 تۆن زێڕە. لە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران و گەڕاندنەوەی سزاكان لە مانگی ئایاری رابردوودا، هاوڵاتیانی ئێران  روویان لە كڕینی دراوی زێڕ كردووە و دراوی ئێرانیش بە شێوەیەكی بەرچاوە بەهای لەدەستداوە و قەیرانێكی ئابوریی ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە و لە چەند رۆژی رابردووشدا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بازاڕەكانی ئێرانی لێكەوتەوە.  


" منیش ئەو پرسیارەم لەدڵی خۆمدا كرد، بۆ ئەو كۆگایانە بەشەو دەتەقنەوە؟ لەكاتێكدا لەڕۆژدا پلەی گەرمی بەرزە!" ئەمە وتەی جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی هێزەكانی حەفتای پێشمەرگەی  كوردستانە كە لە بارەی ئاگركەوتنەوە لەكۆگایەكی چەك و تەقەمەنی هێزەكەی( هێزەكانی ٧٠ی پێشمەرگە) بۆ دەنگی ئەمریكا دوواوە.   بەرپرسی هێزەكانی حەفتای پێشمەرگە پێی وانیە تەقینەوەی كۆگاكانی تەقەمەنی دەستی لە پشت بێت" من خۆم ئەوەی لێتگەیشتووم دورە لەكاری گێرەشێوێنی و دەستێك، بەڵكو پەیوەندی هەیە بەو پلە گەرمیە بەرزەی كە ڕۆژی پێشوتر زیاتربوو لە(٤٢) پلەی سەدی." سەبارەت بە جۆری تەقەمەنیەكانی  كۆگاكەی تاسڵوجەی هێزەكانی 70، جەعفەر شێخ مستەفا ئەوە دەخاتەروو كە "  هەموو جۆرە تەقەمەنیەكی تێدابوو بەڵام ژمارەكەی ئەوەندە زۆر نیە چونكە كۆگایەكی بچوك بوو كە تەقیەوە." بەرپرسی هێزەكانی حەفتای پێشمەرگە  ڕاشیگەیاند" هەوڵ دەدەین خەڵكی شارەزا بهێنین سەردانی ئەو كۆگایانە بكەن تا بزانین گرفتەكە لەكوێدایە تا چارەسەری بكەین."  


( درەو میدیا): رێكخراوی داعش كوژرانی كوڕێكی ئەبوبەكر بەغدادیی سەرۆكی رێكخراوەكەی لە شاری حمسی سوریا راگەیاند. ئاژانسی " ئەعماق" ی سەر بە داعش لە تێلیگرام هەواڵی كوژرانەی كوڕەكەی ئەبوبەكر بەغدادیی بڵاكردەوە و بە ناونیشانی " كاروانی شەهیدان" ئاژانسەكە لەسەر زاری والی ویلایەتی حمسی رێكخراوەكە رایگەیاند " حوزەیفە بەدری" كوڕی ئەبوبكر بەغدادی لە وێستگەی حەرای حمس كوژراوە. هەروەها ئاژانسەكە وێنەیەكی كوڕەكەی ئەبوبەكر بەغدادیشی بڵاوكردەوە كە جلی ئەفغانی لە بەردایە و كڵاشینكۆفێكە بە دەستەوەیە. هەرچەندە رێكخراوی داعش لەمدواییانەدا لە عێراق و سوریا رووبەڕووی شكست بوەتەوە، بەڵام هێشتا چارەنوسی ئەبوبەكر بەغدادی نادیارە و ئەفسەرێكی هەواڵگری عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند دەزگاكەیان شوێنی بەغدادیی دیاریكردووە و بەمزوانە هێرشیدەكەنەسەر. تا ئێستا چەندین جار هەواڵی كوژرانی سەرۆكی رێكخراوی داعش بڵاوكراوەتەوە، بەڵام بە تەواوەتی كوژرانی نەسەلمێنراوە واشنتۆن بڕی 25 ملیۆن دۆلاری وەك خەڵات دیاریكردووە بۆ هەر كەسێك شوێنەكەی ئاشكرا دەكات یان دەیكوژێت. گریمانە دەكرێت كە بەغدادیی لە ژنی یەكەمی چوار منداڵ و لە ژنی دووەمیشی كوڕێكی هەبێت. سەرچاوە: رۆیتەرز، فرانس پرێس  


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ رەزوان فایدی بە رەگەز جەزائیری ئەو كەسەیە كە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا و پۆلیسی ئەو وڵاتەی گیرۆدە كردووە، دوای ئەوەی رۆژی یەكشەممەی رابردوو بۆ دووەمجار لە ماوەی پێنج ساڵدا بە شێوازی پاڵەوانەكانی سینەمای هۆڵیود لە زیندان هەڵات. رەزوان فایدی فەرەنسیی بە رەگەز جەزائیری كە تەمەنی 46 ساڵە، خۆی بە یەكێك لە بەناوبانگترین مافیاكانی فەرەنسا دەناسێنێت و مێژوویەكی دووردرێژی لە تاوان ودزی هەیە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسادا. رەزوان فاید رۆژی یەكشەممەی رابردوو، بە هاوكاری چەند كەسێكی چەكدار توانی لە زیندانێكی باكوری پاریس بە هێلیكۆپتەرێك هەڵبێت و وەزارەتی دادی فەرەنساس دان بەوەدا دەنێت كە ئەو زیندانە كەموكوڕی تێدابووە و ئەوەش پرۆسەی هەڵاتنی رەزوان فایدی ئاسان كردووە. هەرچەندە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا سێ‌ هەزار پۆلیس و كارمەندی هەواڵگری بڵاوەپێكردووە بۆ دەستگیركردنەوەی، بەڵام هێشتا رەزوان بە زیندوویی لە نێو خاكی فەرەنسادایە، ئەوەش بەوتەی دەزگا هەواڵگرییەكانی فەرەنسا. بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی " نەهار"ی لوبنانی، رەزوان كە خاوەنی خەیاڵ و فانتازیایەكی كەموێنەیە، بەهۆی تێوەگلانی لە پرۆسەیەكی دزیكردنی شكستخواردوو ساڵی 2010 كە ئەفسەرێكی پۆلیسی فەرەنسای تێدا كوژران سزای 25 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرابوو. رۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە كە ئەوە یەكەمجار نەبوو رەزوان فاید لە زیندان هەڵبێت، بەڵكو لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووشدا دوای راكردنی لە زیندان سێ‌ ساڵی لە هاتن و چون لە نێوان سویسرا و ئیسرائیل بەسەربردووە بۆئەوەی نەكەوێتە دەست پۆلیس. بەڵام هەڵاتنی رۆژی یەكشەممەی رەزووان لە زیندانێكی باكوری فەرەنسا، زۆر سەرنجڕاكێش و دراماتیكی بوون لە پرۆسەیەكی چەكداریی كە تەنها چەند خولەكێكی خایاند و بەبێ‌ دەستگیركردنی هیچ بارمتەیەك و بێ‌ كوژران و برینداربونی هیچ كەسێك، ژمارەیەك لە ئەندامانی گروپەكەی دەستدەگرن بەسەر هێلیكۆپتەرێكدا و لەناو گۆڕەپانی زیندانەكەدا دەنیشنەوە و رەزوان رزگاردەكەن، گۆڕەپانی زیندانەكە تاكە شوێنە كە بەهۆی ئەوەی بۆ پێشوازیكردن لە میوانە گەورەكان و كەسایەتییە رەسمییەكان تەرخانكراوە تۆڕی دژە تیرۆری تێدا دانەنراوە. وادەردەكەوێت كە هاوكارەكانی رەزوان زۆر بەباشی شارەزای شوێنەكە بوون و لەكاتی گەیشتنیاندا دەستبەجێ‌ بۆمبی دوكەڵیان فڕێداوەتە گۆڕەپانەكە و دەرگایەكی زیندانەكەیان كردوەتەوە و دوو دەرگای تریان شكاندووە و چونەتە ناو هۆڵی زیندانەكەوە لەوێ‌ رەزوان و یەكێك لە براكانی چاوەڕوانیان بوون. " دزە نوسەرەكە" بە گوێرەی راپۆرتەكەی رۆژنامەی " نەهار" رەزوان فاید خاوەنی جەماوەر و رێزێكی زۆرە لە نێو تاوانباران و مافیاكاندا لە ناوچە میللییەكانی فەرەنسادا، هەتا لە نێو دزە پیشەگەرەكانیشدا و پیاوانی پۆلیس نازناوی " دزە نوسەرەكە" یان لێناوە بەهۆی ئەوەی ساڵی 2009 كتێبێكی نوسیوە و تێیدا باس لە ئەزمونی گەشەكردنی دەكات لە كۆڵانە پەراووێزخراو و میللیەكانی پاریسدا، كە تاوان و یاسای دارستان و دەسەڵاتی مافیاكان تێیاندا بڵاوە. رەزوانی دز و تاوانباری نامۆ ناوبانگێكی بەرفراوانتری بەدەستهێنا، كاتێك لە شاشەی زۆربەی تەلەفزیۆنەكانی فەرەنساوە دەركەوت بۆ باسكردنی  كتێبەكەی و ئەزمونی خۆی لە جیهانی تاوانكاریدا  لە نێو پەراوێزخراوەكان و بێ‌ سەرپەرشتانی پاریسدا. رەزوان كە لە دایك و باوكێكی كۆچبەری جەزائیری لەدایكبووە و زۆر كاریگەرە بە سینەما، لە كتێبەكەیدا باس لەوەدەكات كە چۆن هاوشێوەی فیلمێكی سینەمایی دزی لە بانكێك كردووە و چۆن لەسەر شێوازی فیلمی " Reservoir dogs " دزی لە بارهەڵگرەكان كردووە. لە چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنییەكەیدا ئەو دزە شیك پۆشە بانگەشەی ئەوەیكرد كە چیتر ناگەڕێتەوە جیهانی مافیاكان و دزی و تاوان و جەختیشیكردەوە كە داوای لە لێبوردن ناكات لەو تاوانانەی كردونی چونكە ئەوەی رۆی رۆیشت، هەروەها وتیشی كە كارێكی لە بواری بازرگانیدا دەستكەوتووە و ژیانی بۆ كوڕەكەی تەرخاندەكات، بەڵام ئەو بە رێگایەكی زۆر قەناعەتپێكەرانە درۆی كرد، چونكە هەر لە هەمان ساڵدا و بەدیاریكراوی لە 20 ئایاری 2010دا  لە ئوتۆسترادی خێرا خۆی و گروپەكەی دەسترێژی گوللەیان لە كاروانێكی هێزەكانی ئاسایشی فەرەنسا كرد و چەند كەسێكی مەدەنیان برینداركرد، لە نیسانی 2018شدا دادگای بەرایی لەسەر ئەو كردوەیە و هەوڵێكی دزی  كە ئەفسەرێكی پۆلیسی تێدا كوژرا، رەوزانی تاوانبار كرد. هەروەها ساڵی 2017ش دووجار سزای بەسەردا سەپاند، سزای 10 ساڵ زیندانیكردن بەهۆی هەڵاتنی لە زیندانی لیل لە ساڵی 2013 ەو سزای 18 ساڵ زیندانیكردن بەهۆی هێرشكردنەسەر بارهەڵگرێك لە بادو كالیە لە ساڵی 2011دا و ئەویش تانەی لە هەردوو بڕیارەكەی دادگا دا. لە 13ی نیسانی 2013 رەزوان دوای لە نیو كاتژمێردا دوای گرتنی چوار پاسەوان و بەكارهێنانیان وەك قەڵغانی مرۆیی لە زیندانی لیل سكیدان هەڵات و پێنج دەرگای تەقاندەوە پێش ئەوەی بگگاتە ئۆتۆمبیلێك كە چاوەڕوانی دەكرد و هەڵاتنەكەی چەند هەفتەیەكی خایاند. یەكێك لەو پاسەوانانەی كە لە نزیكەوە لە زینداندا رەزوانی ناسیوە دەڵێت لە یەكێك لە گۆشەكانی مێشكیدا رەزوان هەرگیز دەستبەرداری بیرۆكەی هەڵاتن بۆ جیهانی ئازادی و تاوان نەبووە، لە پشت رەفتارەكانی ئەم كەسەوە كە زۆر عاقڵ دەردەكەوێت، هەمیشە گەمە و پلانە جەهەننەمییەكان خۆیان حەشارداوە. هەروەها یەكێك بە شارەزایانی پزیشكی دەروونیی فەرەنسا لە یەكێك لە دادگاییكردنەكانیی رەزواندا ساڵی 2016 وتی كە رەزوان " دڕەندەیەكی كۆمەڵایەتی" یە و سیفاتە كەسییەكان و سیحر زیرەكی و ئازایەتی و كاریگەریی بۆ كۆنترۆڵكردنی كەسانی تر بەكاردەهێنێت ئەوە دەستكەوتنی ئەوەی دەیەوێت و ئارەزووی دەكات. سەرچاوە: رۆژنامەی نەهار  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand