لە ڤەنزوێلا چی روودەدات؟
2019-02-01 19:49:28
راپۆرتی: درەو میدیا
هەڵاوسانی ئابوری و بڕینی بەردەوامی وزەی كارەبا و كەمی خۆراك و دەرمان، قەیرانێكی سیاسی مەترسیداری لە ڤەنزوێلا دروستكردووە.
بەهۆی ئەو قەیرانەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەرفراوان ئەو وڵاتەی گرتەوە و خوان گوایدۆ، سەركردەی ئۆپۆزسیۆن خۆی وەك سەرۆكی كاتی و نەیاری سەرەكی نیكۆلاس مادۆرۆی سەرۆكی سۆسیالیستی وڵات راگەیاند و قەیرانە سیاسییەكە ئێستا قوڵتربوەتەوە.
باسلەوەدەكرێت كە لە دەستپێكی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانەوە لە 21ی كانونی دووەمەوە تائێستا لانیكەم 40 كەس كوژراون و نەتەوە یەكگرتووەكانیش هۆشداریدا لەوەی كە دۆخەكە خراپتر دەبێت و لە كۆنترۆڵ دەردەچێت ئەگەر چارەسەری پێویستی بۆ نەدۆزرێتەوە.
بەهۆی ئەو قەیرانە ئابورییە سەختەی چەند ساڵێكە ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە زیاتر لە سێ ملیۆن كەس بەهۆی برسیەتی و نەبوونی چاودێری تەندروستی و بێكاری و بڵاوبوونەوەی تاوانەوە ڤەنزوێلایان بەجێهێشتووە.
با لە رێگەی چەند داتایەكەوە بڕواینە دۆخەكە لەو وڵاتەدا:
1-هەڵاوسانی ئابوریی گەیشتوەتە قۆناغێكی تۆقێنەر:
گەورەترین كێشە كە هاوڵاتیان ڤەنزوێلا لە ژیانی رۆژانەیاندا رووبەڕووی دەبنەوە خۆی لەو هەڵاوسانە زەبەلاحەدا دەبینێتەوە كە ئابوری ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە.
رێژەی هەڵاوسانی ئابوری لەدوای هەڵبژاردنی نیكۆلاس مادۆرۆوە بەشێوەیەكی خێرا و زۆر گەورە بەرزبووەتەوە، بە گوێرەی توێژینەوەیەك كە ئەنجومەنی نیشتمانی ئامادەیكردووە و ئۆپۆزسیۆن تێیدا باڵادەستە، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتوەتە لە سەدا 1300000و لەو 12 مانگەی پێش تشرینی دووەمی 2018 و بە هاتنی كۆتایی ساڵی رابردوو نرخی شمەك و كەلوپەل رۆژانە 19 جار زیادبووە، ئەوەش وایكرد ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا تەنها عەوداڵی ئەوەبن پێداویستییە بنەڕەتییەكانی وەك خۆراك و دەرمان و چارەسەریان دەستبکەوێت.
هەروەها بەهای دراوی نیشتمانی " پۆلیڤار" بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی بە شێوەیەكی لە رادەبەدەر دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
2- بەرهەمی ناوخۆ لە داڕماندایە:
ڤەنزەوێلا یەكێك بوو لە دەوڵەمەندترین ئابوری لە ئەمریكای لاتینی بەهۆی یەدەگی نەوتەوە كە دەوترێت گەورەترین یەدەگە لە جیهاندا، بەڵام لە سایەی حكومی سەرۆكی كۆچكردووو هۆگۆ چاڤێز - ساڵی 2013 كۆچی دواییكرد- پاشان نیكۆلاس مادۆرۆ جێگەی گرتەوە، گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن و قەرزی زۆر بوونە هۆی داڕمانی ئابوری وڵات.
هۆگۆ چاڤێز، سەرۆكی كۆچكردوو، بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لە ساڵەكانی هەزارەی دووەمدا قۆزتەوە بۆئەوەی قەرزێكی زۆر بكات، هەروەها خەرجی حكومەتیش بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكرد و دوای ئەوەش لەمیانی خولی یەكەمی سەرۆكایەتی مادۆرۆدا، ئابوری ڤەنزوێلا داتەپی.
خەڵكانێكی زۆر لۆمەی مادۆرۆ و حكومەتە سۆسیالیستییەكەی دەكەن و بەرپرسیارێتی خراپی دۆخی وڵاتەی دەخنە ئەستۆ، بەڵام مادۆرۆ دەیخاتە ئەستۆی وڵاتە ئیمپریالیستەكانی وەك ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا و تۆمەتباریان دەكات بەوەی جەنگێكی ئابورییان دژی ڤەنزوێلا بەرپاكردووە، بەهۆی ئەوەی سزایان بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكومەتەكەیدا سەپاندووە.
هەروەها دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی 2016 دا رۆڵی هەبوو لە گەورەتربوونی قەیرانی ڤەنزوێلا، بە تایبەتی ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
3- دانیشتوان بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن:
هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن و لە راپرسییەكی ساڵانەدا بۆ دۆخی گوزەران (Enconvi 2017) لە كۆی 10 كەس كە رایان وەرگیراوە، 8 كەسیان دەڵێن كە بەهۆی نەبوونی خۆراكەوە بڕێكی زۆر كەم خۆراك دەخۆن، هەروەها لە كۆی 10 كەس، شەیان دەڵێن كە بەهۆی بەئەوەی توانای كڕینی خۆراكیان نییە بە سكی خاڵی و برسیەوە دەخەونو رۆژدەكەنەوە.
بێگومان كەمی خۆراكیش ئەنجامی نەرێنی لە رووی تەندروستی گشتییەوە لێدەكەوێتەوە و زۆرینەی هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا ( 64.3% ) دەڵێن كێشی لەشیان لە ساڵی 2017دا بە تێكڕای 11.3 كیلۆگرام كەمیكردووە، چینە هەژارەكانیش زۆرترین قورسایی ئەو دۆخە ناخۆشەیان كەوتوەتە سەرشان.
هەروەها توێژینەوەی ( Econvi 2017) ئەمانەی لەخۆگرتووە:
* خۆراكی سەرەکی لەڕووی بڕ و جۆرەوە كەمدەبێتەوە.
* لە كۆی 10 كەس 9 كەس لە دانیشتوان ناتوان رۆژانە ئەوەی پێویستیانە بیكڕن.
* 8.2 ملیۆن هاوڵاتی ڤەنزوێلا لە رۆژێكدا تەنها دەتوانن دوو ژەم یان كەمتر نان بخۆن.
* ئەو خۆراكەی كە هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا دەیخۆن ئاسن و ڤیتامینەكان و مادە سەرەكییەكانی تێدا نییە.
لەئەنجامی ئەوە هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا پەنا بۆخواردنی سەوزەكەنی و خۆراكی لەبیركراو بەرن كە لە رابردوودا بە " خۆراكی هەژارەكان" ناسرابوون و بەرهەمی رووەكی " ئەلیوكا"ی نرخ هەرزان، جێگەی پەتاتەی گرتوەتەوە و دەكرێت ئەلیوكا بكوڵێندرێت یان سوربكرێتەوە، و كۆمپانیای ماكدۆناڵدزیش ساڵی 2015 لە ڤەنزوێلا پەنای بۆ ئەوە برد كاتێك ئەلیوكا جێگەی پەتاتەی گرتەوە.
4- كەمی دەرمان:
ڤەنزوێلا لەم ساڵانەی دواییدا بەدەست بڵاوبوونەوەی زۆری نەخۆشی مەلاریاوە دەیناڵاند، لە كاتێكدا ئەو نەخۆشییە لە زۆرێك لە وڵاتانی دراوسێیدا بەرەو نەمان دەچێت.ڤەنزوێلا ساڵی 1961 یەكەمین وڵات بێت كە نەمانی نەخۆشی مەلاریا رابگەیەنێت، بەڵام ئێستا لانیكەم لە 24 ویلایەتەكەی لە 10 ویلایەتی توشبوون بەو نەخۆشییە تۆماردەكرێت و رێكخراوی كەنەدی ناحكومی " ICASA " دەڵێت بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی دزەپێكراوی حكومەت ئاشكرایكردووە كە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە جۆری " پلازمۆدیۆن ڤیڤاكس" لەخۆدەگرێت كە چارەسەری گران و قورسە.
هەروەها رەوانگەی چاودێری تەندروستی ڤەنزوێلاش دەڵێت كە دەرمان و چارەسەری نەخۆشی مەلاریا بە هەموو جۆرەكانییەوە زۆر كەمبوەتەوە.
خۆسێ فیلیكس ئۆلیستا، پزیشكی پسۆری نەخۆشییە گوازراوەكان و وەزیری پێشووی تەندروستی دەڵێت پێشبینیدەكرێت كە ژمارەی توشبوان بە مەلاریا ساڵی 2018 بگاتە دوو هێندەی ژمارەی توشبوانی ساڵی 2017.
ئەو وەزیرەی پێشوو دەڵێت:" ئەگەر حاڵەتەكە وەك ئەوەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت، ئەوا ژمارەی توشبوان لە ساڵێكدا دەبێتە بە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس، ئەو ژمارەیەش ئەوەیە كە لە سەرەتاكانی سەدەی بیستدا لە ڤەنزوێلا هەبوو، بڵاوبوونەوەی مەلاریا لە ڤەنزوێلا لە كۆنترۆڵ دەرچووە".
5- دابەزینی نرخی نەوت:
ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا، و نەوت گەورەترین سەرچاوەی داهاتی ئەو وڵاتەیە، بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی 2003ەوە دوای راگەیاندنی مانگرتنی گگشتی هەتا 2008 ئاستی پارێزگاری لە ئاستی خۆی كردبوو، كاتێك نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتە ئەوپەڕی.
ئامارەكانی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت " ئۆپیك" ئاماژە بەوەدەدەن كە ڤەنزوێی لەو ساڵەوە 60 ملیار دۆلار قەرزیكردووە.
بەڵامم دابەزینی نرخی نەوت لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014- ساڵێك دوای مردنی هۆگۆ چاڤێز بە نەخۆشی شێرپەنجە- گورزێكی جەرگبڕی لە دەستكەوتەكانی ئابوری وڵات وەشاند كە لە بنچینەدا پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت.
بەهۆی ئەوەوە قەیرانێكی زۆر مەترسیدار ئەو وڵاتەی گرتەوە و كۆی بەرهەمی خۆماڵی بەرێژەی لەسەدا شەش كەمبوەوە و رێژەی هەڵاوسان بە شێوەیەكی گەورە بەرزبووە و لەو كاتەوە بەرهەمێنانی نەوت لە ڤەنزوێلا كەمبوەتەوە.
ڤەنزوێلا بۆ هەناردەكردنی نەوت پشت بە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەبەستێت و 41%ی كۆی بەرهەمی بۆ ئەو وڵاتە هەناردە دەكرد و لە 29ی كانونی دووەمی رابردوەوە، ئەمریكا سزای بەسەر كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ڤەنزوێلا " PDVSA " دا سەپاند و رایگەیاند داهاتی فرۆشی نەوتی ڤەنزوێی لە داهاتوودا بلۆكدەكرێت و رێگە نادرێت بگاتە دەست حكومەتی سەرۆك مادۆرۆ، بەڵاك وەزیری گەنجینەی ئەمریكا ستیڤن مەنوچین وتی كە كۆمپانیاكە دەتوانێت خۆی لە سزاكان رزگاربكات كە ئەگەر دان بە سەرۆكایەتی خوان گوایدۆی سەركردەی ئۆپۆزسیۆندا بنێت.
6- ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان وڵات بەجێدەهێڵن:
ریكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت لە ساڵی 2014ەوە نزیكەی سێ ملیۆن لە هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا وڵاتەكەیان بەجێهێشتووە و ژمارەیەكی زۆریان روویان لە كۆڵۆمبیای دراوسێ كردووە و بەشێكیشیان چونەتە ئیكوادۆر، پیرۆو چیلی و ژمارەیەكیشیان چونەتە بەرازیل.
بەڵام دیلسی رۆدریگز، جێگری سەرۆكی ڤەنزوێلا تانە لەو داتایەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەدات و دەڵێت ئەو ژمارانە زیادەڕەوییان تێداكراوە لەلایەن" وڵاتێكی نەیارەوە" زیادكراوە كە هەوڵدەدات بۆ دەستوەردانی سەربازی دژی ڤەنزوێلا پاساو بهێنێتەوە.
7- وڵاتانی جیهان دەربارەی ڤەنزوێلا دابەشبوون:
هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و زیاتر لە 10 وڵاتی ئەمریكای لاتینی و كەنەدا پشتیوانی خۆیان بۆ سەركردەی ئۆپۆزسیۆن " خوان گوایدۆ" سەرۆكی هەڵبژێدراوی ئەنجومەنی نیشتمانی ڤەنزوێلا راگەیاندووە و ئەوەش كێشەی بۆ دەسەڵاتی سەرۆك مادۆرۆ دروستكردووە كە كەمتر لە مانگێكە خولی دووەمی سەرۆكایەتی دەستپێكردوووە.
هەریەك لە ئیسپانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا هەفتەی رابردوو رایانگەیاند دان بە سەرۆكایەتی گوایدۆدا دەنێن ئەكەر لە ماوەی هەشت رۆژدا بانگەواز بۆ هەڵبژاردنێكی نوێ نەكرێت.
بەڵام روسیا پشتیوانی دەرەكی بۆ گوایدۆ ئیدانەكرد و رایگەیاند ئەو كارە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییەو رێگایەكی راستەوخۆیە بۆ خوێنڕشتن، هەروەها هەریەك لە چین و مەكسیك و توركیا و ئێران پشتیوانی لە نیكۆلاس مادۆرۆ دەكەن.