چارەنوسی كەسایەتییە نزیكەكانی خومەینی دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران
2019-02-01 17:02:05
( درەو میدیا):
كاتێك دەڕوانیتە وێنەی روحوڵا خومەینی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئێران دوای بەسەربردنی 15 ساڵ لە تاراوگە، دەبینیت بە ژمارەیەك لە نزیكترین هاوپەیمان و دۆستەكانی دەورەدراوە، ئێستا ئەو كەسانە لە كوێن و چیان بەسەرهاتووە؟
كاتێك دەگەڕێیت بە دوای چارەنوسی ئەو كەسانەدا, دەردەكەوێت كە زۆرینەیان ساڵانی دوای گەڕانەوەیان مردون، یان كوژراون.
ئەو كەسانە لە ساتی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا ساڵی 1979 لە سەركەوتووەكان بوون، بەڵام وەك دەوترێت هەمیشە شۆڕشەكان سەری رۆڵەكانیان دەخۆن، ژمارەیەكی زۆر لەوانە بە ماوەیەكی كورت دوای گۆڕانكارییەكانی شۆڕشەكە لە شانۆی سیاسی دووركەوتنەوە و دیارنەمان و تەنها یەكێكیان مایەوە.
لەم راپۆرتەدا هەوڵدەدەین چارەنوسی ئەو كەسانە بخەینەڕوو كە 40 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ خومەینیدا گەڕانەوە بۆ ئێران.
1- مورتەزا موتتەهری:
موتتەهری كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ئایدیۆلۆژی كۆماری ئیسلامی هەبوو، یەكێك بوو لە تیۆرسێنەكانی شۆڕشەكە و یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی شورای شۆڕشی ئیسلامی پێش روخانی رژێمی شا، بەڵام یەكی ئایاری 1979 لە تاران تیرۆركرا، و گروپێكی ئیسلامیی بەناوی " فرقان" بەرپرسیارێتی خۆیان لە تیرۆركردنی راگەیاند، ئەم گروپە دژی گروپی كۆماری ئیسلامیی بوون و لێكدانەوەیەكی تریان بۆ ئیسلام هەبوو، كە هەندێك بە زۆر توندڕەو وەسفیدەكەن.
2- حەسەن لاهوتی ئەشكوری:
ئەشكوری هاوپەیمانێكی نزیكی ئایەتوڵا خومەینی بوو، بەڵام دوای شۆڕش راستەوخۆ نزیك بوەوە لە ئەبولحەسەن بەنی سەدر سەرۆك كۆماری ئێران، ناكۆكی لەگەڵ خومەینیدا هەبوو كە ببوە فەرماندەی باڵای كۆماری ئیسلامیی، دوو ساڵ دواتر ئەشكوری رەوانەی كونجی زیندان كراو دوای چەند رۆژێك تێیدا گیانی لەدەستدا و خێزانەكەی دەڵێن كە ژەهرخوارد كراوە.
3- ئەحمەد خومەینی:
كوڕی ئایەتوڵا خومەینی بوو، بە دەستەڕاستی دادەنرا, ئازاری 1995 بەهۆی نەخۆشی دڵەوە كۆچی دواییكرد، باوەڕوایە كە خێزانەكەی خومەینی لە رووی سیاسییەوە لە باڵی ریفۆرمخوازەكانەوە نزیكن.
4- سادق قوتبزادە:
وەزیری دەرەوەی ئێران بوو دوای شۆڕش هەتا ئابی 1980،دوای تۆمەتباركردنی بە پیلانگێڕی بۆ تیرۆركردنی ئایەتوڵا خومەینی و نەهێشتنی كۆماری ئیسلامی ئەیلولی 1982 لەسێدارەدرا.
5- ئەبولحەسەن بەنی سەدر:
یەكەم سەرۆك كۆمار دوای شۆڕشی ئیسلامی، لە ئێران هەڵات و ئێستا لە تاراوگە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەژی، پەرلەمانی ئێران رۆژی 21ی حوەزیرانی 1981 بەبێ ئامادەبوونی خۆی متمانەی لە بەنی سەدر سەندەوە و لە پۆستەكەی دووریخستەوە، بە تۆمەتی نزیكبوونەوە لە گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامی.
6- سادق تەباتەبائی:
زاوای ئەحمەد خومەینی بوو, دوای شۆڕشی ئیسلامیی چەند پۆستێكی حكومی گرتەدەست، لەوانە جێگری سەرۆك وەزیران لە حكومەتەكەی مەهدی بازرگان، بەڵام دواتر خۆی لە سیاسەت بەدوورگرت و شوباتی 2015 بە شێرپەنجەی سییەكان لە ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد كە لە ساڵانی دوایی تەمەنیدا نیشتەجێی ببوو.
7- داریوش فروهەر:
دەوترێت ئەویش لە وێنەكەدایەو ئەو كەسەی كە لە دواوە بەشێكی سەری دەركەوتووە، فروهەرە، دژی پێكهێنانی حكومەت بوو لە پیاوانی ئاینی و ساڵی 1998 خۆی و هاوسەرەكەی لەلایەن چەند كەسێكەوە تیرۆركران كە وەزارەتی ئیتیڵاعاتی ئێران بە " كەسانی هەڵگەڕاوە" وەسفكران.
زۆرینەی ئەوانەی لەسەرەوە باسمانكردن, نزیك و هاوڕێی خومەینی بوون و لەو فڕۆكەیەدا بوون كە یەكی شوباتی 1979 خومەینی لە پاریسەوە گەیاندەوە تارانی پایتەختی ئێران, ئەو كەسانە بوونە قوربانی پێشهاتە سیاسییەكانی دواتر، دوانیان تیرۆركران و یەكێكیان لە سێدارەدرا و یەكێكی تریان لە بارودۆخێكی تەمومژاویدا كوژرا و یەكێكیشیان ئێستا لە تاراوگە دەژی.
ئەوەی مایەی سەرنجە زۆرینەی ئەوانە لە نێویشیاندا خانەوادەكەی خومەینی دواتر خۆیان لەدەستەبژێری فەرمانڕەوای ئێران بەدوورگرت و ئێستا ئێران لەلایەن گروپێكی جیاوازەوە بەڕێوەدەبرێت كە هیچ كامیان نزیك نین لە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری ئێستای ئێران كە ئەویش لە وێنەكەدایە لەگەڵ خومەینی.
سەرچاوە: بی بی سی