Draw Media

كەعبی: بە هێزی یاسا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكەینە دەرەوە

كەعبی: بە هێزی یاسا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكەینە دەرەوە

2019-02-03 17:18:12


( درەو میدیا):
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت دەیانەوێت هێزەكانیان لە عێراق بۆ چاودێریكردنی ئێران بهێڵنەوە و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش ئیدانەی ئەو هەڵوێستەی ترەمپ دەكات و رایدەگەیەنێت لە پەرلەمانەوە كۆتایی بە بوونی هێزە بیانییەكان و هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەهێنن.

" پارەی زۆمان خەرجكردووە"
ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی " سی بی ئێس" ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند: ویلایەتە یەكگرتووەكان پارەیەكی زۆری لە بونیادنانی بنكەیەکی سەربازیدا لە عێراقدا خەرجكردووە و  بوونی سەربازیی ئەمریكا لە عێراق گرنگە بۆئەوەی بتوانرێت چاودێری ئێران بكرێت".
ترەمپ جەختیشكردەوە، ئارەزوی ئەو بۆ هێشتنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئەوەیە دەیەوێت چاودێری ئێران بكرێت، چونكە ئەو وڵاتە كێشەیەكی راستەقینەیە و وتی:" هەموو ئەوەی دەمەوێت ئەوەیە بتوانین چاودێری بكەین، بنكەیەكی سەربازیی گرنگ و پڕ خەرجییمان لە عێراق دامەزراندووە، پێگەیەکی نمونەییە بۆ چاودێریكردنی هەموو ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئاڵۆز ئەوەش باشترە لە پاشەكشێكردن".
دەربارەی سوریاش ترەمپ لەو چاوپێكەوتنەدا بەڵێنیدا جارێكی تر هێزەكانی ئەمریكا بگەڕێنەوە بۆ سوریا، ئەگەر داعش ناوچەكانی كە پێشتر داگیری كردبوون كۆنترۆڵبكاتەوە و ئاماژەیبەوەشدا " واشنتۆن فڕۆكەی خێرای هەیە و دەتوانێت بەزووترین كات بگەڕێتەوە سوریا".
ئاشكراشیكرد بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو بنكە سەربازییەی عێراق و هەندێكیشیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەمریكا.


"بە یاسا هێزەكانی ئەمریكا دەكەینە دەرەوە"
وتەكانی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی مانەوەیان سوپای ئەمریكا لە عێراق، هاوشێوەی سەردانە كتوپڕەكەی بۆ بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە سەرەتای ئەمساڵدا بەبێ‌ بینینی هیچ بەرپرسێكی عێراقی، كاردانەوە لێكەوتەوە.
لە یەكەم كاردانەوەدا حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتەكانی ترەمپی ئیدانەكرد و رایگەیاند وتەكانی ترەمپ " پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەری و ویستی نیشتمانی و دەستوری عێراقە كە جەختدەكاتەوە نابێت عێراق ببێتە بنكەیەك بۆ دەستدرێژیكردنە سەر هیچ دەوڵەتێك".
كەعبی كە سەر بەرەوتی سەدرە لە بەیاننامەیەكدا وتی:" جارێكی تر ترەمپ یاسا و دەستوری دەوڵەتی عێراقیی پێشێلكرد دوای سەردانەكەی پێشووی بۆ بنكەی عەین ئەسەد".
جەختیشیكردەوە كە لەسەر هەموو لایەك پێویستە بە پەلە بكەونە جموجوڵ بۆ كۆتاییهێنان بە بوونی ئەمریكا و رێگەنەدان كە عێراق بكرێتە بنكەیەك بۆ بەرپاكردنی شەڕ یان چاودێریكردنی دەوڵەتێك.
لە كۆتایی بەیاننامەكەیدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكراشیكرد " پەرلەمان لە میانی وەرزی یاسادانانی داهاتوودا كاردەكات بۆ پەسەندكردنی یاسایەك كە كاركردن بە رێككەوتننامەی ئەمنیی لەگەڵ ئەمریكا كۆتایی پێدەهێنێت لەگەڵ كۆتاییهێنان بە بوونی راوێژكار و راهێنەرە سەربازییەكانی ئەمریكا و بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق.


"پێویستە عەبدولمەهدی و بەرهەم ساڵح بێنە دەنگ"
هاوكات پەرلەمانتار سەباح ساعدی، سەرۆكی كوتلەی چاكسازی و بونیاتنان داوای لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كرد كە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەی ترەمپ و پاراستنی سەروەریی عێراق .
ساعدی لە بەیاننامەیەكدا داواشی لە عادل عەبدولمەهدی كرد هەتا ئەو كاتەی پەرلەمان پرۆژە یاسایەك بۆ كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق پەسەنددەكات، رێوشوێنی پێویست بۆ سنورداركردنی جموجوڵی هێزەكانی ئەمریكا و هێزە بیانییەكان لە عێراق بگرێتەبەر.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand