فازل میرانی وەڵامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان ناداتەوە
2019-01-31 14:00:24
راپۆرتی: درەو میدیا
بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی ئاسایشی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان چونەسەر ماڵی بەرپرسێكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شارۆچكەی كۆڕێی سەربە مەسیف سەڵاحەدین.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە هێزەكەی ئاسایش چونەتەسەر ماڵەكەی ناوی (هونەر عومەر كۆڕێ)یەو بەرپرسی بازنەی مەسیف- كۆڕێی بزوتنەوەی گۆڕانە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، هونەر عومەر وتی:" هێزەكەی ئاسایش چونەتە سەر ماڵی باوكمو سوكایەتی زۆریان بە دایكم كردووەو ماڵەكەیان پشكنیوە، هێزەكە بۆ دەستگیركردنی من هاتبوون، بەڵام من لەوێ نەبووم".
لە كۆبونەوەكەی مەسیفدا باسكرا !
هونەر عومەر ماوەی چەند رۆژێكە گەڕاوەتەوە بۆ شارۆچكەكەی، وەكو خۆی دەڵێ، پێشترو لە ساڵی 2013دا ئاسایشی ناوچەكە دەستگیریان كردووەو بۆ ماوەی 42 رۆژ زیندانیان كردووە، دوای ئازادكردنی ناچاریان كردووە لە كۆڕێ دانەنیشێت.
بەپێی زانیارییەكان لە دواین كۆبونەوەی نێوان وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەبارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە مەسیف سەلاحەدین بەڕێوەچوو، باسی سزای سیاسی كراوە، لەوچوارچێوەیەدا وەفدی دانوسانكاری بزوتنەوەی گۆڕان داوایان لە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی كردووە رێگە بە (هونەر عومەر) بەرپرسی بازنەی مەسیف- كۆڕێی بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت بگەڕێتەوە بۆ شارۆچكەكەیو كاری سیاسی خۆی بكات.
لەسەر داوای وەفدەكەی گۆڕان، هونەر عومەر سەردانی فازل میرانی كردووەو میرانی لەگەڵیدا دانیشووەو ژمارەی تەلەفۆنی خۆی پێداوە بۆئەوەی ئاگاداری بكات لە هەر كێشەیەك كە دووچاری دەبێت، هاوكات فازل میرانی هێزە ئەمنییەكانی مەسیفی ئاگاداركردووە لەوەی كێشە بۆ هونەر عومەر دروست نەكەنو رێگری نەكەن لە گەڕانەوەی بۆ شارۆچكەكەی.
فازل میرانی وەڵامی تەلەفۆن ناداتەوە
دوای هەفتەیەك لەو بەڵێنە، هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە جارێكی تر چونەتەوە سەر ماڵی باوكی ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی گۆڕان.
لەدوای روداوەكەی ئەمڕۆوە، لەسەر ئەو بەڵێنەی كە پێی دراوە، هونەر عومەر چەندجارێك پەیوەندی بە فازل میرانییەوە كردووە بۆ ئەوەی ئاگاداری بكاتەوە لە رووداوی هێرشی هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر ماڵی باوكی، بەڵام میرانی وەڵامی پەیوەندییەكەی نەداوەتەوە.
هونەر عومەر بە (درەو میدیا)ی وت:" دوو ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیانییەوە چەندجارێك لەسەر دۆسیەكەی پەیوەندییان بە فازل میرانییەوە كردووە، بەڵام وەڵامی نەداوەنەتەوە".
ئەو بەرپرسەی گۆڕان پێیوایە، هۆكاری هێرشكردنەسەر ماڵەكەیو وەڵامنەدانەوەی فازل میرانی بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان، پەیوەندی بە ململانێی ناوخۆیی پارتییەوە هەیە، بەوپێیەی "فازل میرانی سەربە نێچیرڤان بارزانییەو هێزەكانی ئاسایشی ناوچەكەش لەژێر كۆنترۆڵی مەسرور بارزانیدان".
هونەر عومەر لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا كە ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بووە.
پارتیو گۆڕان لە مانگی هەنگوینیدا
لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەكانی ئاسایشی پارتی ژمارەیەك هەڵسوڕاوی تری بزوتنەوەی گۆڕانیان لە سنوری پارێزگای دهۆك دەستگیركرد، ئەم روداوانە لەكاتێكدان ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕانو پارتی بە قۆناغی "مانگی هەنگوینی"دا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، هەردوولا بۆچونەكانیان لە یەكتر نزیكە.
لە چوار ساڵی رابردوودا، پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕانو پارتی لە خراپترین دۆخدا بوو، بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوانیانەوە، پارتی وەزیرەكانی گۆڕانی لە حكومەت دەركردو رێگری كرد لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو.