باسی بەشداری كۆمەڵ لە حكومەت نەكرا
2019-01-31 09:29:20
(درەو میدیا):
دوای ماوەیەكی زۆر چاوەڕەوانی كۆمەڵی ئیسلامی، دواجار وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی كۆمەڵی كردو لە بارەگای ئەمیری كۆمەڵ لە شاری هەولێر هەردوولا پێكەوە كۆبونەوە.
لەدوای دەستپێكردنی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە یەكەمینجارە وەفدی پارتی سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی دەكات.
كۆمەڵی ئیسلامی كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا (7) كورسی بەدەستهێناو كورسییەكانی زیادی كرد، تائێستا یەكلانەبووەتەوە بۆ ئەوەی ئاخۆ بەشداری لە كابینەی نوێی دەكات یاخود بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەبێتە ئۆپۆزسیۆن.
(درەو میدیا) لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان وەفدی پارتیو كۆمەڵی ئیسلامیدا بەهیچ جۆرێك باسی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو بەشداری كۆمەڵ لە كابینەكەدا نەكراوە.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، كۆبونەوەكە دوای دەستپێشخەرییەك هاتووە كە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی خستویەتیەڕوو بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كۆمەڵو پارتی.
لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا تەنیا باسی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب كراوە، كە لە چوار ساڵی رابردوودا تاڕادەیەك بە قۆناغێكی گرژدا تێپەڕی.
دوای كۆبونەوەكە عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" پارتی مێژویەكی درێژی هەیە لە خەباتدا، ئێستاش پێگەو رێگەی بەرچاوی هەیەو دەبێت ئەوان زیاتر بەرپرسیارانەتر مامەڵە بكەن، پارتی دەبێت باخەڵفەراحانەتر مامەڵە بكات".
لەبەرامبەردا فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی وتی:" ئێمە پێمان وایە هەمومان بیر لەوە بكەینەوە كە دوێنێ نەمان كردووە بۆ ئەم میللەتو ئەم وڵاتە، ئەمڕۆ هەوڵبدەین بیكەین، ئایا هیچ نەكراوە، بەڵێ كراوە، ئایا هەمو شتێك كراوە، نەخێر نەكراوە".