Draw Media

40 ساڵ بەسەر گەڕانەوەی خومەینیدا بۆ ئێران تێدەپەڕێت

40 ساڵ بەسەر گەڕانەوەی خومەینیدا بۆ ئێران تێدەپەڕێت

2019-01-31 12:52:44


نوسینی: جۆن سمپسۆن/ بی بی سی 
( درەو میدیا):

چل ساڵ لەمەوبەر، ئایەتوڵا خومەینی كەسایەتی ئاینی ئێرانی رۆژی یەكی شوبات بۆ بەرپاكردنی شۆڕشی ئیسلامیی لە تاراوگەوە گەیشتەوە وڵاتەكەی، جۆن سمپسۆن رۆژنامەنوسی بی بی سی لەو فڕۆكەیەدا بوو كە خومەینی گەیاندەوە تاران.
هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە گوندی نۆفیل لۆچاتۆ، لە دەرەوەی پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا رووینەداوە، سەرەڕای ئەوەی كە بارەگای خومەینی دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران تەقێندرایەوە، بەڵام لەو دەیان ساڵەدا گۆڕانكاری زۆر لە جیهانی دەرەوەی گوندەکە روویانداوە، ئەوەی لەو شوێنە ئارامە روویدا رۆڵێكی گرنگی گێڕا لە رووداوەكانی دواتردا.


هەڵسەنگاندێكی خراپ
كاتێك ئاڵۆزییەكان لە ئێران لە ساڵی 1978دا روویاندا، ئایەتوڵا خومەینی لە شاری نەجەفی عێراق لەژێر چاودێرییەكی تونددا بوو، ئەوكاتە سەددام فەرمانڕەوایی عێراق بوو، پاشان شای ئێران داوایلێكرد كە خومەینی دەربكات، ئەوە لێكدانەوەیەكی خراپ و كارەساتبار بوو، خومەینی چووە فەرەنساو لەوێوە كتوپڕ دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا قسە بۆ هەموو جیهان بكات و بەهۆی توندیی و رازی نەبوون بە چارەسەری مامناوەندیی، خومەینی پێگەیەكی بەرزی لە هەموو جیهاندا بەدەستهێنا.
كاتێك كانونی دووەمی 1979 شای ئێران لە كۆتایی رووداوەكاندا ئێرانی بەجێهێشت، رێگە بۆ خومەینی خۆش بوو بگەڕێتەوە بۆ ئێران و رژێمی شاهەنشایی بڕوخێنێت.
توانیم دوو بلیتی گەشتی ئەو فڕۆكەیە بەدەستبهێنم، كە خومەینی گەیاندەوە ئێران، یەكێكیان بۆ خۆم و ئەوی تر بۆ وێنەگرەكە.
بی بی سی رێنمایی بۆ دەركردم كە گەشتەكە نەكەم، بەڵام نەمتوانی بەرگری ئەو ئارەزووەم بكەم و سەرەڕای ئەوە رۆیشتم، بە خێرایی بڕیارەكەم وەك بڕیارێكی خراپ دەركەوت، لەمیانی گەشتەكەدا یەكێك لە پیاوەكانی خومەینی رایگەیاند هێزی ئاسمانی ئێران، كە هێشتا سەربە شایە، پلاندادەنێت بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە بە گەیشتی بۆسەر ئاسمانی ئێران.
رۆژنامەنوسەكانی ناو فڕۆكەكە توشی دڵەڕاوكێ بوون، بەڵام چالاكوانە شۆڕشگێڕەكان، كە زۆرینەی كورسییەكانی فڕۆكەكەیان گرتبوو، بە حەماسەتەوە هاواریان كرد و " پێشوازیان لە شەهید بوون" كرد.


دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی
روومانكرە پێشەوەی فڕۆكەكە بۆئەوەی وێنەی خومەینی بگرین كە لە كورسییەكانی ریزی نمرە یەكدا دانیشتبوو، لە پەنجەرەكەوە دەیڕوانیە دەرەوە و گوێی بە ئێمە نەدا، هەتا كاتێك یەكێك لە ئێمە پرسیاری لێكرد دەربارەی هەست و سۆزی دوای چەند ساڵێك مانەوە لە تاراوگە، لە وڵاتەمدا وتی:" هیچ شتێك".
فڕۆكەكەمان نەخرایە خوارەوە، بەڵكو فڕۆكەكەمان بەردەوام بوو لە فڕین لەسەر تاران و لەسەر زەویش دانوستانی كۆتایی لەگەڵ دەسەڵاتداراندا درێژەی كێشا، هەتا دووچاری سەرئێشە بووین.
پاشان فڕۆكەكە نیشتەوە و خومەینی لە لایەن زۆترین جەماوەرەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پێشوازی لێكرا، كۆماری ئیسلامی لە ئێران دامەزرێندرا، ئەوەش وایكرد رای گشتی ئیسلامی لە جیهاندا بایەخی زۆری پێبدات هەروەها رۆڵی گێڕا لە پێكهێنانی بەرەكی دژ بە لیبراڵی خۆرئاوا.
هەموو ئەوەی روویدا لە گوندێكی كپ و بێدەنگی فەرەنساوە پلانی بۆداڕێژرا، كە قەرەباڵغی هاتوچۆ، یان بەفربارین، بۆ چەند رۆژێك تێیدا دەبێتە قسەو گفتوگۆی خەڵكی.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand