Draw Media

عێراق و ئوردن.. نەوت بەرامبەر كارەبا

عێراق و ئوردن.. نەوت بەرامبەر كارەبا

2019-02-03 11:18:41


 ( درەو میدیا):
رۆژی شەممە پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی عێراق بۆ ئوردن لە رێگەی تانكەر و دەروازەی ترەیبیلەوە دەستیپێكرد و سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی هەردوو وڵاتیش لەو تاكە دەروازە سنورییەی نێوان هەردوو وڵات كۆبوونەوە و چەند رێككەوتننامەیەكیان بۆ پەرەپێدانی بازرگانی نێوانیان ئیمزاكرد.
عێراق و ئوردن تەنها یەك دەروازەی سنوریی لە نێوانیاندا هەیە، لە دیوی عێراقەوە بە "ترەیبیل" و لە دیوی ئوردنەوە بە "كەرامە" ناودەبرێت و دەروازەكە 370 كلیۆمەتر لە عەممانی پایتەختی ئوردن و 570 كیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختی عێراقەوە دوورە و ئەم دەروازەیە لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی شەڕی داعشەوە داخرا و كۆتایی ئابی 2017 كرایەوە.

نەوتی كەركوك بە هەرزان
لەو دەروازە سنورییە لە هۆڵێكی كۆبوونەوەدا كە لەناو خێمەیەكی سپیدا پێكهێنرابوو، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و هاوتا ئوردنییەكەی عومەر رەزاز و وەفدێكی باڵای نێوان هەردوو وڵات كۆبوونەوە.
هەردوولا رێككەوتن كە عێراق رۆژانە لە رێگەی تانكەرەوە 10 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك بداتە ئوردن بەرەچاوكردنی تێچوی گواستنەوەی و جیاوازی كوالێتی نەوتەكە لە رووی نرخەوە.
هەروەها هەردوو وڵات رێككەوتن كە دەستبكەن بە لێكۆڵینەوە بۆ بونیادنانی هێڵێكی گواستنەوەی نەوت لە بەسرەوە بۆ ناوچەی حەدیسە و لەوێوە بۆ بەندەرەی عەقبەی ئوردن و شارەزایان ئاماژە بەوەدەدەن كە عەممان زۆری بەلاوە گرنگە لە رێگەی ئەو بۆریەوە پێداویستی خۆی لە سوتەمەنی پێبگات.
هەر بە گوێرەی ئەو رێككەوتنە حكومەتی ئوردن و عێراق رێكەوتوون كە ئوردن كارەبا بە عێراق بدات و كاربكرێت بۆئەوەی لە ماوەی سێ مانگدا پرۆژەی بەستنەوەی كارەبای عێراق بە ئوردنەوە جێبەجێ بكرێت و چاوەڕوانیش دەكرێت لە ماوەی كەمتر لە دوو ساڵدا ئوردن دەستبكات بە هەناردەكردنی كارەبا بۆ عێراق.
عێراق ئێستا بۆ دابینكردنی كارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت و حكومەتی بەغدا دەیەوێت سەرچاوەكانی بەدەستهێنانی كارەبا زیادبكات و كۆتایی ساڵی 2018 واشنتۆن عێراقی لە سزاكانی سەر ئێران بەخشی و ئێستا بەغدا دەیەوێت جگە لە ئێران، كارەبا لە ئوردن و كوەیت و توركیا بكڕێت.
پرسی فرۆشتنی نەوتی عێراق بە كەمتر لە نرخی بازاڕەكانی جیهان لە ناوخۆی عێراق و بە تایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كاردانەوە و ناڕەزایەتی لێكەوتوەتەوە و تائێستاش حكومەتی عێراق ئامادە نییە ئەو نرخە ئاشكرابكات كە لەسەری رێككەوتون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand