Draw Media

دەستگیركراوەكانی بادینان لەبەردەم مەترسیی سزادانی قورسدان

دەستگیركراوەكانی بادینان لەبەردەم مەترسیی سزادانی قورسدان

2019-01-31 17:08:09


راپۆرتی: نیاز عەبدوڵا
هەڕەشەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 26ی كانوونی دووەم بەوەی "دەزگا پەیوەندارەكان بە وردی لێكۆڵینەوە دەكەن و هۆكارانی پشێوی و گێرەشێوێنان سزا دەدەرێن" بووە هۆكار بۆ دەستگیركردنی زیاتر لە 30 رۆژنامەوان و چالاكوانی مەدەنی لە دهۆك و دەستگیركردنی دەیان خۆپیشاندەری تر لە شێلادزێ و كۆمەڵگەی سیرێ.
یەكێك لەو دەستگیركراوانە بەدەل بەرواری چالاكوانی مەدەنی و كارمەندی رێكخراوی فریاكەوتنی میللییە لە دهۆك. ئاری كوڕی بەدەل بەرواری چیرۆكی دەستگیركردنی باوكی گێڕایەوە و بە (درەو میدیا)ی وت "ئەوان نزیكەی 10 كەسی سەر بە دەزگای ئاسایش بوون، بە ئۆتۆمبێل و جلوبەرگی مەدەنییەوە هاتنە بەردەرگامان و باوكمیان لەگەڵ خۆیان برد بەبی ئەوەی فەرمانی دادوەری پیشانبدەن یان پێشتر ئاگاداركردنەوەی لە پۆلیسەوە بۆ هاتبێت". ئاری تەمەن 26 ساڵ لەگەڵ گێڕانەوەی چۆنییەتی چیرۆكی دەستگیركردنی باوكی زوو زوو نیگەرانییەكانی دایكی و خێزانەكەی تێكەڵ بە قسەكانی دەكرد و دەیوت "دایكم زۆر نیگەرانە، چونكە ئاسایش ناهێڵێت بۆ یەك دەقیقە باوكم بیبینین یان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بكەین" و وتیشی "من باوكی خۆم دەناسم بەهیچ شێوەیەك تەنازوول بۆ شتی غەڵەت ناكات، بەڵام لەبەرئەوەی باوكم كەسێكی سەربەخۆیە لەگەڵ كەسە دەستگیركراوە سەربەخۆكانی تر كەس لە حیزبەكان بەرگری لە ئازادكردنیان ناكەن".

ئاری كوڕی بەدەل بەرواری: لەبەرئەوەی باوكم كەسێكی سەربەخۆیە لەگەڵ كەسە دەستگیركراوە سەربەخۆكانی تر كەس لە حیزبەكان بەرگری لە ئازادكردنیان ناكەن


بەپێی قسەكانی كوڕەكەی بەدەلی باوك دوای خۆیشاندانەكەی شێلادزێ و لێكەوتنەوەی شەهیدێك و 10 بریندار، لە دهۆكەوە چووە بۆ شێلادزێ بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی حوسێن رێكانی تەمەن 12ساڵ كە بە گوللەی هێزەكانی سوپای توركەكان شەهید كرا. بەڵام دوای ئەوەی لە هەژماری فەیسبوكی خۆی نووسیبووی "گروپێ خۆبەخشێن كوردستانێ دگەل گروپێ ماف ل رۆژا دووشەمبی 28-1 ل دەمژمێر 4ی ئیڤارێ ل نیڤا بازاڕێ دهۆك پاركا نەورۆز... خرڤەبوونەكێ دژی بۆمبارانكرنا خەڵكێ سڤیل ژ بالفرۆكێن توركی" ئەنجامدەدەن، خۆی و ئەو هاوڕێیانەی دەیانویست بەشداری بكەن‌ بەر لە دەستپێكردنی گردبوونەوەكە لە شوێنی جیاوازی دهۆك دەستگیركران و لە شوێنی جیاوازی زیندانەكانی ئاسایش لە دهۆك دەستگیركراون.
شێروان شێروانی رۆژنامەنووس لەگەڵ هەریەك لە هاوڕێیانی چالاكوانی رێكان بەرواری و تاكوور بە مەبەستی بەشداریكردن لە گردبوونەوەكەی پاركی نەورۆز بەڕێوە بوون، بەڵام پێش گەیشتنە شاری دهۆك لە بازگەكەی دهۆك دەستگیركران و ئێستا لە زیندانی ئاسایشی زرگا زیندانیكراون. رووگەش عیزەدین جەباری هاوژینی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، شێروان بەرلەوەی بڕوات پێیوتووە "من ئەڕۆم لەوانەیە دەستگیریشم بكەن و نەگەڕێمەوە"، رووگەشی خێزانی پێوتووە "كەواتە بۆ ئەڕۆی ئەی منداڵەكانمان؟" ئەویش وتوویەتی "ئەزانم دەمێكە چاوەڕوانی دەرفەتێكن تا بمگرن بەڵام ئەو خەڵگە غەدری لێكراوە ئەگەر بێدەنگبین ئەو خراپەیە ئەچێتە سەر".

رووگەش عیزەدین جەباری هاوژینی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی:  شێروان بەرلەوەی بڕوات پێیوتم ئەزانم دەمێكە چاوەڕوانی دەرفەتێكن تا بمگرن بەڵام ئەو خەڵگە غەدری لێكراوە ئەگەر بێدەنگبین ئەو خراپەیە ئەچێتە سەر


لەناو دەستگیركراوەكانی شێلادزێ و دهۆك، مەلا ئەمین ئورەماری و ئەیاز كەرەم و كاوە و رێكان رەشید و سەفەر شاخی و چەندین كەس هەن كە پێشتر بەشێوەی جۆراو جۆر بە ئامانج كراون لەلایەن پارتی دیموكرات و سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە. 
ویداد رەشید هاوژینی دلۆڤان زێباری دەستگیركراو كە لەشاری دهۆك نیشتەجێن، مەترسییەكانی خۆی بۆ (درەو میدیا) خستەڕوو و رایگەیاند "ئەمڕۆ لێكۆلینەوە لەگەڵ دلۆڤان و هاوڕێكانی دەستیپێكردووە و بڕیارە رۆژی یەك شەممە دادگایی بكرێن، بەڵام مەترسی و نیگەرانییەكان ئەوەن ئەوان بە رێكخستنی خۆپیشاندانەكانی شێلادزێ و تێكدانی وڵات تاوانباركراون، لەكاتێك ئەو هیچ پەیوەندی بەو خۆپیشاندانانەوە نەبووە و خەمی ئەو باشی وڵاتە نەك تێكدانی".
دوای بەدواداچوونەكانی بۆ رەوشی دەستگیركراوانی بادینان سیپان ئامێدی پەرلەمانتاری كوردستان رایگەیاند "زیاتر لە ١٠٠ كەس داواكراو بوون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە و بەشێكیشیان ئازادكراون بەشێكی دیكەش لە دەستگیركراوان مانیان لەخواردن گرتووە كە رەنگە راگرتنی زیاتری ئەوان لە زیندان مەترسی لەسەر رەوشی تەندروستییان دروستبكات".

لەناو دەستگیركراوەكانی شێلادزێ و دهۆك، مەلا ئەمین ئورەماری و ئەیاز كەرەم و كاوە و رێكان رەشید و سەفەر شاخی و چەندین كەس هەن 


سیپان ئامێدی ئەو ماددە یاساییەی كە دەستگیركراوان پێی تۆمەتباركراون روونكردۆتەوە و وتوویەتی "ئەو كەسانەی دەستگیركراون بەپێی ماددەی ١٥٦ بووە لە یاسای سزادانی عێراقی كە تایبەتە بە ئاسایشی نەتەوەیی و لە سێدارەدانی تێدایە، ئەوەش ماددەیەكی زۆر قورسە، چونكە ئەوان داوای مافێكی رەوای خۆیانیان كردووە و، داوا دەكەین پێداچوونەوە بەو ماددەیەدا بكرێت".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand