Draw Media

عاكوب.. ئەو پارێزگارەی ئاو بردی 

عاكوب.. ئەو پارێزگارەی ئاو بردی 

2019-03-23 13:27:46


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف
بەهۆی روداوی نقومبوونی كەڵەكە گەشتیارییەكەی موسڵەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستێكی باڵای لە پارێزگای نەینەوا لەدەستدا، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی روباری دیجلە تەنیا سەرنشینەكانی كەڵەكەكەی لەگەڵ خۆی نەبرد، پارێزگارو جێگرەكانیشی راماڵی.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو خەڵكی عێراق شایەتحاڵی مەرگەساتێكی تر بوون، كەڵەكێكی گەشتیاری لەناو روباری دیجلە لە موسڵ نقوم بوو، بەهۆیەوە زیاتر (100) كەس خنكان، كە زۆربەیان ژن‌و منداڵ بوون.
بەپێی دواین ئاماری فەرمی، كەڵەكەكە لەكاتی روداوەكەدا زیاتر لە (219) كەسی لەسەربووە، تائێستا تەرمی (97) كەس دۆزراوەتەوەو (55) كەس رزگاركراون، (67) كەسیش بێسەروشوێنن.
موسڵ كە نازناوەكەی "ام الربیعین- دایكی دوو بەهار"ە، سەرەتای وەرزی بەهاری ئەمساڵی بە رووداوێكی كارەساتبار دەستپێكرد، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا خەڵكی ناوچەكە شۆكی "داعش" بەرینەداون.
روداوی نقومبوونی كەڵەكە گەشتیارییەكە، جارێكی تر موسڵی كردەوە بە مانشێتی میدیاكانی جیهان، سایتی گۆگڵ بە نیشانەیەكی رەش، پرسەنامەی بۆ خەڵكی موسڵ راگەیاند.
زیاتر لە ساڵێك‌و هەشت مانگە موسڵ لەدەستی چەكدارانی "داعش" رزگاركراوە، خەڵكی شارەكە نیگەرانن لە خراپی خزمەتگوزارییەكان، بەڵێنەكانیش بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە دوای وێرانبوونی لە شەڕەكانی "داعش"دا، هێشتا شتێكی ئەوتۆیان لێ سەوز نەبووە.
روداوی نقومبوونی كەڵەكەكە، جارێكی تر كەیسی ئاوەدانكردنەوەی موسڵی هێنایە پێشەوە، دوای روداوەكە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارو محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان سەردانی شارەكەیان كرد.

 

لادانی پارێزگارو جێگرەكانی
لە یەكەم هەنگاوی كردەیدا لەدوای روداوی نقومبوونی كەڵەكەكەوە، ئەنجومەتی پارێزگای نەینەوا كۆبوەوە‌و بەزۆرینەی دەنگ پارێزگارو جێگرەكانی دورخستەوە، دوای ئەوەش عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق نوسراوی لەكارخستنی پارێزگاری نەینەواو دوو جێگرەكەی ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمان كرد. 
لە نوسراوەكەیدا، عەبدولمەهدی پارێزگارو جێگرەكانی پارێزگاری نەینەوای تۆمەتباركردووە بە "كەمتەرخەمی لە كارو بەرپرسیارێتی‌و بەهەدەردانی پارەو ئیسغلالكردنی پۆستەكانیان".
هاوكات عەبدولمەهدی دەسەڵاتەكانی (نەوفەل عاكوب) پارێزگاری نەینەوای ڕادەستی لیژنەیەك كرد‌و بڕیاریدا:
* بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری پارێزگای نەینەوا، لیژنەكە پێكهاتووە لە (سەرۆكی زانكۆی نەینەوا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا).
* قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتووانی نقومبوونی كەڵەكەكە.
* پەلكردن لە لێكۆڵینەوەو سزادانی كەمتەرخەمەكان

لادانی پارێزگارو جێگرەكانی، دەرگای لەسەر ململانێیەكی سیاسی نوێ لە موسڵ كردەوە‌و پڕكردنەوەی ئەو پۆستانە لە داهاتوودا جارێكی تر مشتومڕ دروستدەكاتەوە.

كێ بەرپرسیارە ؟
روداوی نقومبوونی كەڵەكەكە لە ئاوی روباری دیجلەدا لە پاركی (جەزیرەی ئوم رەبیعەین) رویدا كە ناوچەیەكی گەشتیارییە لەناوەڕاستی روباردا‌و دەكەوێتە ناوچەی غاباتی موسڵەوە.
لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەڵێن، خاوەنەكانی ئەو پاركە گەشتیارییە بۆ دەستكەوتنی داهاتێكی زیاتر، ژمارەیەكی زۆر خەڵكی لە كەڵەكەكە باركردووە، ئەوەش بوەتەهۆی نقومبوونی.
خێرایی ئاوی روباری دیجلە، هۆكاری سەرەكی بوو بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە سەرنشینەكانی كەڵەكەكە بخنكێن.
روداوی نقومبوونی كەڵەكەكە دوای رۆژێك هات لە ئاگادارییەك كە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان بڵاویكردەوە‌و تێیدا هۆشداری دابوو بە هاوڵاتیان لەبارەی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی روبارەكە بەهۆی  كردنەوەی دەرگاكانی بەنداوی موسڵ (دەكەوێتە باكوری شارەكەوە).
زۆرینەی خەڵكی موسڵ پەنجەی تۆمەت لەو روداوەدا بۆ ئەو وەبەرهێنەرە رادەكێشن كە پرۆژەی پاركە گەشتیارییەكەی بەدەستەوەیە، بەهۆی ئەوەی گوێی بە بانگەوازەكەی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان نەداوە لەبارەی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی روبارەكە.
لیوا نەجم جبوری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی نەینەوا رایگەیاند، لەسەر روداوی نقومبوونی كەڵەكەكە، (16) كەس دەستگیركراون، بەڵام ناو و ناسنامەی دەستگیركراوەكانی ئاشكرانەكرد.
رۆژی هەینی نەوفەل عاكوب پارێزگاری نەینەوا ئاشكرایكرد، خاوەنی پاركە گەشتیارییەكە ئێستا لە دهۆكە‌و هەواڵ هەیە گەشتی توركیای كردووە.
عاكوب وتی:" خاوەنی ئەو پاركە پێشتر لەسەر گرانی نرخەكان بانگهێشتی پارێزگا كراوە‌و بانگەشەی ئەوەی كردووە كە ئەو سەربە عەسائبی ئەهل حەقە".
بەپێی قسەی پارێزگاری لەكارلابراو، خاوەنی پاركەكە سێ هێندەی توانای خۆی خەڵكی سواری كەڵەكەكە كردووە، كەڵەكەكە توانای هەڵگرتنی 45 بۆ 50 كەسی هەبووە.
 
عاكوب كێیە !
روداوی نقومبوونی كەڵەكەكە بەپلەی یەكەم بە زیانی (نەوفەل عاكوب) پارێزگاری نەینەوا‌و دوو جێگرەكەی كۆتایی هات، كە یەكێك لە جێگرەكانی ناوی (عەبدولقادر شەنگالی)یە‌و سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، جێگری دووەمیش ناوی (حەسەن عەلاف)ە‌و سەربە حزبی ئیسلامی عێراقییە. 
رۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2015 كە ئەوكات هێشتا شاری موسل    َ لەژێر دەستی چەكدارانی "داعش"دا بوو، لە ناحییەی (ئەلقوش) ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كۆبوەوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ لە شوێنی ئەسیل نوجێفی كە پێشتر تۆمەتباركرابوو بە گەندەڵی.
لە كۆبونەوەكەی (ئەلقوش)دا، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەزۆرینەی دەنگ (نەوفەل عاكوب)ی وەكو پارێزگاری نوێ هەڵبژارد، عاكوب كە سەربە فراكسیۆنی (هاوپەیمانی نەهزەی عەرەبی) بوو، بەر لە هەڵبژاردنی وەكو پارێزگار، سەرۆكی لیژنەی یاسایی بوو لەناو ئەنجومەنی پارێزگا.
عاكوب ناوی تەواوەتی (نەوفەل حەمادی سوڵتان عاكوب ئەحمەدی)یە، لەدایكبووی ساڵی (1964)ە، لە زانكۆی موسڵ بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە یاسادا وەرگرتووە، هاوكات بڕوانامەی دیپلۆمی هەیە لە بواری كارگێڕی‌و ئابوریدا.
بەر لە روخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003دا، عاكوب ماوەیەك بەڕێوەبەری ناحیەی گیارە بووە، ماوەیەكیش بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل بووە، پاشان بووە بە بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە‌و دواتر پۆستی بریكاری قایمقامی تلكێفی وەرگرتووە، دواجار بووە بە قایمقامی قەزای حەزر.

سەیروسەمەرەكانی عاكوب !
ئەم پیاوە بەمدواییە چەندینجار بوو بە باس‌و خواستی میدیا عێراقییەكان، ئەو لەسەرەتاوە كە وەكو پارێزگار هەڵبژێردرا، تۆمەتباركرا بەوەی یەكێك لەو كەسانە بووە كە تێوەگلاوە لە رادەستكردنی شاری موسڵ بە چەكدارانی "داعش"، باسلەوەشدەكرا برایەكی بەیعەتی بە رێكخراوی "داعش" كردووە.
عاكوب لەماوەی رابردوودا لە پۆستی پارێزگاری نەینەوادا هەندێك مامەڵەی كردووە كە لە میدیاكاندا كاردانەوەی لێكەوتوەتەوە.
دواین مامەڵەی عاكوب كە بەتەواوەتی خەڵكی موسڵی توڕەكرد، دیمەنێكی ئەو بوو دوای روداوی نقومبوونی كەڵەكەكە، كە لەپشت عادل عەبدولمەهدی راوەستاوە‌و پێكدەكەنێت، بەبێ گوێدانە هەستی ئەو خەڵكەی كە كەسوكاریان لە روبارەكەدا خنكاوە.


دوای كارەساتەكەی روباری دیجلە، مەرجەعیەتی شیعەكان لە نەجەف، لەڕێگەی نوێنەرەكەی خۆیەوە داوایكرد ئەو كەسانەی كەمتەرخەمبوون لەو روداوەدا دەستلەكاریكێشنەوە، نەوفەل عاكوب لەیەكەم كاردانەوەدا وەڵامی مەرجەعیەتی دایەوە‌و وتی:" من سوننیم‌و مەرجەعیەت شیعەیە، بۆیە پابەند نابم بە بانگەوازەكەیان بۆ دەستلەكاركێشانەوەم، قسەی مەرجەعیەتی شیعە تەنیا لە پارێزگاكانی باشور جێبەجێ دەبێت".
دوای ئەم لێدوانە زۆری نەخایاند، عاكوب بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا رایگەیاند" بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی كە لەم چەند رۆژەدا لەسەرمە، لەو دیدارەمدا لەگەڵ یەكێك لە كەناڵەكان كردومە، سەركەوتوو نەبووم لە قسەكردندا، ئەگەر مەرجەعیەت داوای دەستلەكاركێشانەوەم لێ بكات، یەك سات راناوەستم‌و رێز لە مەرجەعیەت ئەگرم".
عاكوب لەماوەی رابردوودا بەردەوام كامێرامانێكی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕا‌و دواتر دیمەنی چالاكییەكانی بۆ رایگشتی بڵاودەكردەوە، یەكێك لە چالاكییەكانی كە ناڕەزایەتی بەرفراوانی لەسەر ئاستی عێراق لێكەوتەوە، سوكایەتیكردنی بوو بە مامۆستایەك كە دەوترا ئەو مامۆستایە لە خوێندكارەكانی داوە.
دیمەنێكی تری پارێزگار بڵاوبوەوە كە سەردانی فەرمانگەكانی موسڵ دەكات‌و زۆر بەتوندی سەرزەنشتی فەرمانبەران دەكات، ئەو بەشێوەیەكی توند مامەڵەی لەگەڵ خەڵكی موسڵ دەكرد كە خۆیان لە بنەڕەتەوە بەهۆی توندڕەوی چەكدارانی "داعش"ەوە زۆربەیان شارەكەیان بەجێهێشتبوو.
بەمدواییە دەركەوتنێكی تری نەوفەل عاكوب لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بووە مایەی گاڵتەجاری، ئەو لەسەردانیدا بۆ یەكێك لە نەخۆشخانەكان، ئەو زەرفەی (كەپ شوز) لەسەر كردبوو، كە دەبێت لە نەخۆشخانەدا بۆ پاراستنی پاكوخاوێنی لە پێ بكرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand