داعش.. وێستگەكانی بەر لە كەوتنی
2019-03-23 14:10:30
( درەو میدیا):
هێزەكانی سوریای دیموكرات" هەسەدە" دوای كۆنتروڵكردنی شارۆچەكەی باغۆز لە خۆرهەڵاتی سوریا سەركەوتنی كۆتایی بەسەر رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی" داعش" دا راگەیاند، بەوەش كۆتاییهێنرا بە "دەوڵەتی خەلافەت" كە لەلایەم ئەو رێكخراوە راگەیەندراو ماوەیەك رووبەرەگەی گەیشتە یەك لەسەر سێی خاكی عێراقو سوریا.
لێرەدا چەند وێستگەیەكی تایبەت بە سەرهەڵدانی ئەو رێكخراوە و گەشەكردنی و هەتا كۆتایی پێهێنانی لەرووی سەربازییەوە دەخەینەڕوو:
2004- 2011: باڵێكی جیابووەوە لەرێكخراوی قاعیدە لە عێراق دامەزراو ساڵی 2006 ناوی خۆی بۆ " رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق گۆڕی".
2011: ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی ئیسلامی لە عێراق، لەگەڵ دەستپێكردنی قەیرانی سوریادا چەند ئەندامێكی رەوانەی سوریا كرد بۆئەوەی لقێكی داعش دابمەزرێنن و لە كۆتایی ساڵی 2013دا رێكخراوەكە بە رەسمی كۆتایی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە هێناو ناوەكەی بۆ " دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراقو شام " گۆڕی.
راگەیاندنی خەلافەت
2014: رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراقو شام " داعش" شاری فەلوجەی لە عێراق و رەققەی لە سوریا داگیركردو پاشان لە حوەزیرانی ئەو ساڵەدا شاری موسڵ و تكریتی لە عێراق كۆنترۆڵكرد و لە مینبەری مزگەوتی نوری بەغدادیی دامەزراندنی خەلافەتی راگەیاند لەو ناوچانەی كۆنترۆڵیانكردووە.
ئەیلولی 2014: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پێكهێناو سەرەتا بە هێرشی ئاسمانی هەوڵیدا رێگە لە پێشڕەویی داعش بگرێت و هاوكاری یەكینەكانی پاراستنی گەل " یەپەگە"ی كرد لە هێرشی داعش بۆسەر شاری كۆبانێ.
زیاتر لە 70 دەوڵەت لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەشدارن، بەڵام ژمارەیەكی كەمی ئەو وڵاتانە سەربازو راوێژكاری سەربازییان رەوانەی ناوچەكە كردووەو ئەمریكا زۆرترین بەشداری هەیەو 5 هەزار سەربازی جێگیركردووە.
تاوانی قێزەون
لە عێراق داعش شارۆچكەی شەنگالی ئێزدییەكانی كۆنترۆڵكردو گەورەترین و قێزەونترین تاوانی ئەنجامداو هەزاران ژنۆ كچی ئێزی كردە بە كۆیلەی سێكسی.
لە رەققەش ئەو رێكخراوی چەندین تاوانو كردەوەی قێزەونی وەك سەربڕینو كوشتنی بەكۆمەڵو دەستدرێژی سێكسی و جینۆسایدی ئەنجامدا.
كۆتاییهێنان بە "خەلافەت" لە عێراق
لە 31ی ئاداری 2015 هێزەكانی عێراق شاری تكریتیان لە دەستی داعش رزگاركرد، پاشان 13ی تشرینی دووەم هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەنگالیان ئازادكرد.
لە ساڵی 2016 داعش لە شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبارو شاری فەلوجە وەدەرنرا.
لە 10ی تەمموزی 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆتایی ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراواندا كە نۆ مانگی خایاند ئازادكردنی شاری موسڵی بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیاند و لە ئابی هەمان ساڵدا هێزە عێراقییەكان شارۆچكەی تەلەعفەر و پارێزگاری نەینەوایان بە تەواوەتی كۆنترۆڵكرد.
لە 9ی كانونی یەكەمی 2017 حەیدەر عەبادی شكستپێهێنانی داعشی لە عێراق راگەیاند.
كۆتایی داعش لە سوریا
لە 26ی كانونی دووەمی 2015 شەڕڤانانی كورد بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیو هێزی پێشمەرگە داعشیان لە شاری كۆبانێ وەدەرنا.
لە ئابی 2016 هێزەكانی سوریا دیموكرات كە یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" بەشێكی سەرەكییەتی شاری مەنبەجیان لە داعش پاككردەوە.
ئازاری 2017 داعش بە تەواوەتی لە شاری تەدموری مێژوویی دەركرد كە دوای ساڵی 2015 داعش دووجار كۆنترۆڵیكردبوو.
لە 17ی تشرینی یەكەمی 2017 داعش پارێزگای رەققەی لەدەستدا و ئەو پارێزگایە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە كۆنترۆڵكرا.
لە ئەیلولی 2018دا هەسەدە هێرشی بۆسەر دوایین پێگەی داعش لە پارێزگای دێرزور لە خۆرهەڵاتی سوریا دەستپێكرد.
لە 23ی ئازاری 2019دا هەسەدە سەركەوتنی كۆتایی بەسەر داعشو خەلافەتەكەیدا لە باغۆز راگەیاند.